رۆژی جیهانیی وەرگێڕان

لەبەر ئەم هۆکارانە، بەم نزیکانە پیشەی وەرگێڕان مەترسی لەناوچوونی لەسەر نییە.

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: باوکی رەهەند

ساڵانە لە بەرواری 30 ئەیلول، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی نێودەوڵەتی وەرگێڕەکان، لەو بەروارەدا، یادی رۆژی جیهانی وەرگێڕان دەکەنەوە. لە ئێستادا ململانێیەکی توند هەیە لە نێوان وەرگێڕەکان، لەگەڵ ئەو ئامێرانەی کاری وەرگێڕان دەکەن. پێش چەند ساڵێک لەمەوبەر، گۆگڵ سیستمی وەرگێڕانی ئالی ناسراو بە (GNMT)راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، وەرگێڕانی ئالی بەم سیستمە، هیچی کەمتر نییە لەو وەرگێڕانەی مرۆڤەکان ئەنجامیدەدەن. لێرەوە ئەو بیرۆکەیە یان ئەو بڕوایە هاتەئارا کە ئەم پیشە رەسەن و کۆنە، لەسەر دەستی ئامێرەکان، بەرەو پوکانەوە و لەناوچوون دەچێت.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پێناچێت بەڵێن و گفتی (بەرمەجەکاران/ المبرمجین)، بەوەی بەربەستە زمانەوانییەکان  و دوورخستنەوەی کەسانی وەرگێڕ، بەدیهاتبێت. پێش چەندین دەیە لەمەوبەر، کاتێک یەکەم کاری وەرگێڕانی ئالی، لەلایەن کۆمپیوتەرەکانەوە ئەنجامدرا، نەبووە هۆی دوورخستنەوەی وەرگێڕە مرۆڤەکان کە تا ئێستاش لە هەمو بوارەکاندا، کاری وەرگێڕان ئەنجامدەدەن. لەوانە بواری سیاسی، بازرگانی، میدیا، گەشتوگوزار، ئابوری و تەنانەت لە فەرمانگە حکومییەکانیشدا. هەر بۆیە تابێت ئەو دیدە یان ئەو بڕوایە لە زیادبوندایە کە پێیوایە، سودی وەرگێڕانی ئالی، وەک ئامرازێکی یاریدەدەر بۆ یارمەتیدانی وەرگێڕە مرۆڤەکان، لەهەڵکشان و زیادبووندایە. نەک ئەوەی ببێت بە جێگرەوە. واتە وەرگێڕانی ئالی نابێت بە جێگرەوە و بەدیلی وەرگێڕە مرۆڤەکان، بەڵکو دەکرێت مرۆڤە وەرگێڕەکان، وەک ئامێرێک سودی لێوەربگرن و لە هەندێک حاڵەتدا پەنای بۆ ببەن. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە: بۆچی ئامێرەکان یان وەرگێڕانی ئالی، لە ئێستادا، ناتوانن ببن بە جێگرەوەی وەرگێڕەکان؟ دەکرێت بەم شێوەیە، وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە.

وەرگێڕانی وشە یان فیکر؟

بەشی زۆری وەرگێڕەکان، پێیانوایە ئامێرەکان، تەنها وشەکان وەردەگێڕن، بەڵام وەرگێڕە مرۆڤەکان، ئەو فیکر و بیرۆکانە وەردەگێڕن کە ئامێرە بەرمەجەکراوەکان، ناتوانن وەریبگێڕن بۆ زمانە جیاوازەکان. هەمو ئەوەی ئامێرەکان دەیکەن، بریتییە لە گواستنەوەی وشە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دی، لە رێگەی فەرهەنگ و بنەماکانی رێزمان و زمان. بەڵام وەرگێڕان تەنها بریتی نییە لە گواستنەوەی وشە، لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دی. ئا لێرەدا ناتەواوییە گەورەکەی ئامێرەکان دەردەکەوێت، چونکە ئامێرەکان ناتوانن لەو فیکر و بیرۆکانە تێبگەن کە لە پشتی تێکستەکانەوەیە. هەروەها ئامێرەکان سەرکەوتوونین لە گواستنەوەی ئەو “تۆنە/ النبرە” مرۆڤانەیەی لە تێکستەکاندا هەیە. بەمەش تێکستەکان دەگۆڕن بۆ قسەی رووکەشی بێ رۆح.

هەڵەکان و سۆز

جگە لەو خاڵەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئامێرەکان ناتوانن ئەو هەڵانە بدۆزنەوە یان دەستنیشانی بکەن کە لە تێکستە ئەسڵییەکەدا هەیە. جیاواز لە هەڵەی رێنووس و هەڵەی چاپ، ئامێرە بەرمەجکراوەکان، ناتوانن هەڵەکانی نێو تێکستەکان بدۆزنەوە، ئەوان لە بنەڕەتدا درک بەو جۆرە هەڵانە ناکەن. بۆ نمونە بەروارێکی هەڵە، زاراوەیەک، ئامارێک، ناتوانن راستبکەنەوە، بەڵکو تەنها وەک خۆی دەیگوازنەوە، چونکە لە ئەساسدا هەست ناکەن ئەو بەروارە هەڵەیە. راستکردنەوەی ئەو جۆرە هەڵانە، تەنها وەرگێڕە مرۆڤەکان درکی پێدەکەن و توانای راستکردنەوەیان هەیە. لە راستیدا ئەم خاڵە، بۆ پرۆسەی وەرگێڕان گرنگە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت و نابێت بە هەند وەرنەگیرێت. ئەمە پاراستن و پارێزگاریکردنە لە بەرواریی رووداوە سیاسی و مێژووییەکان کە نابێت هەڵەی تێدا بکرێت.

جگە لەوە ئامێرەکە، هەست و سۆز ناخوێنێتەوە، توانای ئەوەی نییە مامەڵە لەگەڵ ئەو هەستە سۆزدارییە مرۆڤانەییەدا بکات، کە لە تێکستەکاندا هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە، وەرگێڕە بە سەلیقە و پیشەوەرەکان (المحترفون)، توانای وەرگێڕان و گواستنەوەی ئەو هەست و سۆزانەیان هەیە کە لە تێکستەکەدان، بۆ تێکستەکانی دی. وەرگێڕی بەسەلیقە و کارامە، دەتوانێت بونیادی رستەکە یان تەواوی پەرەگرافەکە، بە کۆمەڵێ وشەی دیکەی جیاواز لەوەی لە تێکستەکەدا هەیە، دروست بکەنەوە، بێ ئەوەی کار لە مانا راستەقینەکەی تێکستەکە بکات. ئەمەش بۆ ئەوە دەکات، بتوانێت ئەو وزە سۆزدارییەی لە تێکستە ئەسڵیەکەدا هەیە، بگوازێتەوە بۆ خوێنەرانی ئەو زمانەی تێکستەکەی بۆ وەرگێڕدراوە. بێگومان ئەم جۆرە وەرگێڕان و گواستنەوەیە، کارێکی هەروا ئاسان نییە. گواستنەوەی سۆز و ریتم و ئاوازی وشەکان، گواستنەوەی ئەو رۆحە مرۆییەی لە تێکستەکاندا هەیە، بۆ زمانی دووەم، کارێکی سەخت و قورسە. پێویستی بەوەیە وەرگێڕ، نەک تەنها بە قووڵی شارەزایی لە هەردوو زمانەکەدا هەبێت، زمانی تێکستە ئەسڵییەکەی و زمانی بۆ وەرگێڕدراو. بەڵکو لەپاڵ ئەوەشدا، پێویستە شارەزاییەکی باشی هەبێت لەو کەلەپورەی لە پشتی زمانەکانەوە بوونیان هەیە. هەرچەندە پرۆسەی وەرگێڕانی ئالی، گەشەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام توانای درککردن بە فیکر و سۆز و سیاقی رستەکان، هێشتا لەبەردەم ئامێرەکان، توانایەکی زۆر سنوردارە.

لە راپۆرتێکی پێشوی گۆڤاری “لی زیکو”ی فەرەنسی، سەرنج و تێبینی ژمارەیەک لە شارەزایانی بواری وەرگێڕان، دەربارەی وەرگێڕانی ئالی، وەرگیراوە. لەوێدا ئەو شارەزایانە باسیان لەوە کردووە، راستە وەرگێڕانی ئالی، لە رێگەی تەکنەلۆژیای زیرەک کە تازەترین جۆری تەکنەلۆژیایە، پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، نەیتوانیوە جێگە بە وەرگێڕە مرۆڤەکان لەق بکات. لەم بارەیەوە راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات، هەندێک کۆپلەی شیعری “شارل بۆدلێر”، لە رێگەی وەرگێڕانی ئالییەوە ئەنجامداراوە، وەرگێڕانەکە هەڵەی تێدابووە و وەک پێویست نەبووە. ئامێرەکە تەنها توانیویەتی وەرگێڕانێکی وشە بە وشە بۆ کۆپلە شیعرییەکە بکات و نەیتوانیوە ماناکان وەربگێڕێت.

کەلتور و داتاشینی زاراوەکان

ئامێرەکان ناتوانن زاراوەی تازە داتاشن کە گوزارشت بێت لە چەمک و پرۆسە تازەکان کە پێشتر بوونیان نەبووە. ئەوە تەنها فەیلەسوف و ئەدیب و رۆشنبیرەکانن، رێگای داهێنانی جیاواز دەگرنەبەر، بۆ داتاشین و ئەفراندنی وشە و زاراوە و چەمکی تازە، تاکو بتوانن لە رێگەیانەوە، گوزارشت لەو بیروڕا و فیکرە تازانە بکەن کە بە هزر و خەیاڵیاندا گوزەر دەکات. لەبەرامبەردا، ئامێرەکان ئەم پرۆگرامە داهێنەرەیان نییە کە پێویستی بە توانایەکی زۆری شیکردنەوە هەیە. بە مانایەکی دیکە، داتاشین و هێنانەئارای زاراوە و چەمی نوێ، تایبەتمەندییەکی مرۆڤەکانە و ئامێرەکان لێی بێبەشن. ئامێرەکان ناتوانن لە شاکارە ئەدەبییە مەزنەکاندا، ستاتیکا و رۆحی تێکستەکە بگوێزنەوە. جوانی و نایابی گوزارشتکردن/ تعبیر، تایبەتمەندییەکی ئەدیبە مەزنەکانە، ئەوانەیان کە توانیویانە لە رێگەی پەیڤ و وشەی ناسک و هەست بزوێنەوە، چەندین شاکاری گەورە بنووسن. بێگومان گەیشتن بەو ئاستە، دەرئەنجامی خوێندنەوەی قووڵ و بەردەوامە و کارێکی داهێنەرانەی زەحمەتە. ئەگەر ئامێرەکان، لە هەندێک بواری تایبەتدا، بتوانن جێگای وەرگێڕەکان بگرنەوە، ئەوا وەرگێڕانی شاکارە ئەدەبییەکان و گواستنەوەیان، کارێکە تەنها وەرگێڕە گەورەکان دەتوانن ئەنجامی بدەن.

ئامێرەکان دەتوانن تەنها جێگای ئەو وەرگێڕە بگرنەوە، کە بە شێوەیەکی “ئالی” و ناداهێنەرانە، وەرگێڕان دەکات. جگە لەوە ئامێرەکان، ناتوانن تێگەشتنیان بۆ کەلتورە جیاوازەکانی جیهان هەبێت. هەر بۆیە زۆرجار شکست دەهێنن، لەوەی هەست بەو ئاڵۆزییە بکەن کە لە پشت دەربڕینە کلتورییەکانەوەیە، ناتوانن بیگوازنەوە بۆ ئەو زمانەی وەرگێڕانەکەی بۆ دەکەن، ناتوانن هاوتاکەی لەو زمانەدا بدۆزنەوە. ئەمە تەنها ئیشی وەرگێڕە کارمە و مەزنەکانە. سیاقی رستە و پەرەگرافەکان، رۆڵێکی گەورە دەبینن لە تێکدانی وەرگێڕانی ئامێرەکان. کەچی وەرگێڕە شارەزاکان، بە ئاسانی دەتوانن، ئەو سیاقانە بگوێزنەوە بۆ نێو زمانی دووەم و دەتوانن ماناکانیان بە هەمان ریتم و ئاواز و سیحری وشەوە، بگوازنەوە.

سەرچاوە:

بە کەمەکێک دەستکارییەوە

عمران عبداللە، الجزیرە نیت، 29-9-2020