جۆن لۆک؛ هەر کەنیسەیەک، گروپێکی مونشەقە

وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی

نامەیەک لەبارەی لێکبوردنەوە کە بەرهەمی جۆن لۆکە  و لە ساڵی ١٦٨٩دا بە بێ ناوی نووسەرەکەی بڵاوکرایەوە، دەیەوێت ئەرکەکانی دەوڵەت و کەنیسە و هەروەها ئەو ئامرازانەی یاسا خستوێتیە بەردەستیان، بە گونجاو لەگەل ئەو ئامانجەی هەریەکەیان بەدوایەوەن، لەیەک جیا بکاتەوە.  لەبنەڕەتدا  ئەرگۆمێنتی لۆک بۆ لێکبوردن ئەرگۆمێنتێکی سیاسیە، نەک تیۆلۆجیانە Theology. بەڵام نامەیەک لەبارەی لێکبوردنەوە هەروەها بیرکردنەوەیە لەبارەی ماهیەتی باوەڕی مەزهەبی. لۆک لەم بەرهەمدا بەرگری لە ئازادی ویژدان بۆ دەستنیشان کردنی مەزهەبی ڕاستەقینە و باوەڕی ڕاستەقینە دەکات. بنەمای ئەم مافە وەک پییر بیل، پەیام و ئەرکێکی بنەڕەتیترە. چونکە دەرئەنجامی خودایبوونی ویژدانە، حوکمی ویژدان لە هەموو هەلومەرجێکدا ناچاریە (مولزەمە) و تەنیا ئەو کەسە بە ڕزگاری رۆحی دەگات کە پەیڕەوی لێبکات.

دەستپێکی ئەرگۆمێنتی لۆک تاوتوێکردنی تێزەکانی کتێبی پیرۆزە، لەوڕووە کە ئەم کتێبە لە بارەی حوکمە تیوریە بڕاوەکان، کەمترین حوکمی داوە، کەوابوو ناکرێت هیچ شتێک کە پەیوەندی بە باوەڕەوە هەیە بەشێوەیکی بڕاوە بە نەگۆڕی بزانرێت. لەبەرئەوە هەرکەس ئازادە لەوەی ملکەچی ویژدانی خۆی بێت، تەنانەت گەر حوکمی ویژدان هەڵەش بێت، دیسان حوکمی ویژدان مولزەمە. وەک چۆن سەلماندنی هیچ شتێک لەبواری مەسەلە تیوریەکاندا مومکین نیە، جیاکاری لەنێوان ویژدانی رۆشنبین و ویژدانی گومڕاهدا مومکین نیە. لۆک چەند ئەنجامگیریەک لەم باسەوە وەردەگرێت کە یەکەمیان ئەنجامگیریە لەبارەی شکڵی باوەڕەوە، نەک ناوەڕۆکەکەی: لۆک بە سەلماندی ئەوەی گەر باوەڕ ڕاستگۆیانە نەبێت، ڕزگارکەر نیە، مەسەلەی ڕاستگۆیی لە باوەڕدا، دەخاتە جێگەی مەسەلەی هەقیقەت و لە کێشەی باوەڕەوە، بە کێشەی نیەت باشی دەگات. ئامانجی لۆک لەم جێگرتنەوەیە ئەوەیە مافی یەکسان بە هەموو حوکمێکی ویژدان بدات، بەدەر لەوەی ناوەڕۆکەکەی چی بێت و بەرگری لە جیاوازی مەزهەبەکان بکات. ئەگەر ڕزگاری ڕۆحی بەسترا بێت بە ڕاستگۆی باوەڕ و کرداری پاکژانە و ئیلهامی دەروونی ویژدانی مرۆڤەوە، کەوابوو دەکرێت ئەوە قەبوڵ بکرێت کە ڕێگەکانی ڕزگاری ڕۆحی جیاواز دەبن. جیاوازی مەزهەب، ڕێگە لە ڕزگاری دەروونەکان ناگرێت. ئەم قسەیە بەمانای ئەوە نیە شکڵی مەزهەب لەلای پەیڕەوانی ئەو مەزهەبە گرنگ نیە، بەمانای ئەوەش نیە لۆک بڕوای بە شکڵگەری مەزهەبی هەیە. ئەرگۆمێنتی نایەقینی هەموو مەزهەبەکان کە لۆک ڕوونی کردۆتەوە، ناکۆک نیە بەوەی یەکێک لە مەزهەبەکان ڕاست بێت، بەڵکو دەیەوێت ڕێگری لەوە بکات بەو بیانوەوە پاساو بۆ لێکنەبووردن بهێننەوە: هیچ کەس نازانێت کام مەزهەبە ڕاستە و یان کێیە کە بتوانێت بڵێت کام مەزهەبە ڕاستە و چۆن دەبێت ئیشی پێ بکرێت. تەنیا خودا دەتوانێت بزانێت کام مەزهەبە ڕاستە و تەنیاش خوداوەندە دەتوانێت ویژدانەکان بپشکنێت و ڕاستگۆ بوونیان تاقیبکاتەوە.

بەمشێوەیە لۆک بیرۆکەی (مەزهەبی ڕاست) و ئەرگۆمێنتەکەی ئەگوستین هەڵدەگێڕێتەوە کە لەسەر بناغەی سودمەندی دامەزراوە. ئەگەر باوەڕ بەرهەمی ئیرادەی کەسێتی نیە، کەوابوو ناکرێت کەسێک تەکفیر بکرێت، کە لەمەسەلە تیوریەکاندا بیروڕای جیاواز لە ئێمەی هەیە. جگە لەمەش هەمیشە تەکفیرکردن بۆ خودی مرۆڤ دەگەڕێتەوە، ئەگەر نەکرێت بە یەقینێکی تەواوەوە مەزهەبی ڕاست دیاریبکرێت، هەموو ئەو مافانەی بە کەنیسەیەک دەدرێت بۆ ئەوەی سەرکوتی ئەوانی دی بکات، دەبێت بۆ هەموو کەنیسەکانی دیش قەبوڵ بکرێت. لێرەوە گەر حوکمڕانێکی پرۆتستانت مافی ئەوەی هەبێت کاسۆلیکەکان سەرکووت بکات، ئەوا پێچەوانەکەشی ڕاستە.

بەڵام بە  قەبوڵکردنی هەڵسەنگاندنی خودا بۆ دیاریکردنی مەزهەبی ڕاست، ئەوا مافی تەکفیر بە مافی ڕەوا و تاک وتەنیای خۆی دەزانین. بەکورتی ئەرگۆمێنتی نایەقینی بوون کە لۆک پەرەی پێدەدات، بۆ سەلماندنی دژیەکیە لە کاری سەرکوتکردندا و تیورەی تەکفیریش ڕەد دەکاتەوە. هیج کەنیسە و هیچ میرێک ناتوانێت مەزهەبی ڕاست دیاری بکات، و مافی ئەوەی نیە کەسێک کە بە بڕوای ئەو کافرە، سزا بدات.

دەق:

بۆئەوەی بابەتەکە بە نموونەیەک ڕوونتر بکەینەوە با وای دابنێین لە قوستەنتینە دوو کەنیسە هەیە، کەنیسەی رۆمنتران و کەنیسەی دژ بە رۆمنتران. ئایا دەکرێت بڵێین ئەو دوو کەنیسەیە مافی ئەوەیان هەیە پەیڕەوانی کەنیسەی مونشەق (مونشەق لەبەر ئەوەی لەڕووی دۆگم  و داب و نەریتەکانەوە جیاوازی هەیە) سزا بدات، ئازادی و موڵکەکنیان لێ بسێنێت- وەک دەبینین لە جێگەیەکی دی ئەمکارە دەکرێت- یان مەحکوم بە دوورخستنەوە یان مەرگیان بکات؟ ئایا لەم حاڵەتەدا سوڵتانە تورکیەکە بێدەنگ دانانیشێت و گاڵتەیان پێ ناکات کە مەسیحیەکان بەشێوەیەکی ستەمکارانە مەسیحیەکانی دی ئەشکەنجە دەکەن و سەرکوتیان دەکەن؟ ئەگەر یەکێک لەم دوو کەنیسەیە دەبێت ئەوی دی سەرکوت بکات، من دەپرسم: کام یەک لەم دووانە و بە ج مافێک؟ بێگومان وەڵام دەدرێتەوە: ئەو کەنیسەیە مەزهەبی ڕاستی هەیە کە دژی ئەوەی هەڵەیە، واتە دژی کەنیسەی لادەر لە دین، ڕادەپەڕێت. بەڵام ئەمە تەنیا بەکاتهێنانی قسەی زل و تایبەتە بۆ هیچ نەگووتن. هەموو کەنیسەیەک لە دیدی خۆیەوە لەسەر دینی ڕاستە و لە دیدی ئەوانی دیشدا لادەر و گوناهبار. هەر کەنیسەیەک وادەزانێت  بڕواکانی خۆی هەقیقەتە و هەرکەسێکیش لەگەڵی نەبێت گومڕاهە. لەبەرئەوە کاتێک مەسەلەی هەقیقەتی حوکمە بڕواوەکان یان یەقینیەکانی مەزهەب دێتە پێشێ، ململانێکە لە هەردوولاوە یەکسان دەبێت و هیچ دادوەرێک ناتوانێت نە لە قوستەنتینە و نە لەهیچ شوێنێکی گۆی زەوی، حوکم لەمبارەیەوە بدات. بڕیاردان لەمجۆرە مەسەلانە تەنیا لەدەست داوەرێکی مەزنتر لەهەموو مرۆڤەنکادایە، و تەنیاش ئەوە کە دەتوانێت سزای گومڕاهەکان بدات. کەسانێک کە بە ئاسانی و بێ سڵکردنەوە ئەو بەندەخوایانەی سەر بە ئاغایەکی ترن، واتە ئەو بەندانەی کە موڵکی ئەو نین، سەرکوت دەکەن، نادادپەروەری نەک بۆ گوناهەکانی خۆیان، بەڵکو لانیکەم بۆ غروری خۆیان زیاد دەکەن.

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨