هەندێک تێڕامان دەربارەی بابەتی جیاوازیی مێژوویی لە نێوان عەرەب و خۆرئاوا

نووسینی: هاشم ساڵح

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە زۆر ئاڵۆزە، ئەمەی خوارەوە دەڵێم: لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تاکو سەدەی حەڤدەهەم، مەسیحییە ئەوروپییەکان، خەڵکانێکی دەمارگیر و تاریکبین بوون. لە فەرەنسا و ئیتالیا و ئیسپانیا و لەو وڵاتانەی دی کە زۆرینەیان کاسۆلیک بوون، جگە لە ئاینی مەسیحی و مەزهەبی کاسۆلیک، ڕێگەیان بە هیچ ئاینێکی دیکە نەدەدا. وای لە حاڵی مرۆڤی پرۆتستانت بە خۆی و کەمینە مەزهەبییەکەیەوە. سزای بێباوەڕیی یان سوکایەتی کردن بە پیرۆزییەکان و بە ئاینەکان، زۆر بە ئاسانی بریتی بوو لە ملپەڕاندن لەژێر مەقسەڵەکەدا.

لێرەوە نابێت وێنەی ئەوروپا لە ئێستادا؛ کە وێنەیەکی زۆر مۆدرێن و زۆر عەلمانییە و خاڵییە لە هەمو سەرکوتکردنێکی ئاینی یان تائیفی، لەخشتەمان بەرێت. بۆ ئەوەی بزانین ئەوروپا چۆن بووە و چۆن ئاوای لێهاتووە، پێویستە چەند سەدەیەک بگەڕێینەوە بۆ دواوە. ئەمە یارمەتیمان دەدا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو دیدگایەی کە لە گۆشەنیگای “تاریکبینەوە” لە ئیسلام دەڕوانێت. گۆشەنیگایەک کارە پەڕگیرەکان و توندڕەویی ئاینی، تابێت بەهێزتر و جێگیرتری دەکەن. ئەمەش لە ڕێگەی تێفکرین و بەراورد کردنەوە دەبێت. پێویستە بزانین فەیلەسوفی گەورە “جیۆردانۆ برینۆ” ساڵی 1600، باجێگی گەورەی دا، چونکە سەرکۆنەی تاریکبینی مەسیحی کرد و هەندێک ڕاستی عەقیدەی تیۆلۆژی/ لاهوتی ڕەتکردەوە، بۆ نمونە وەک پاکیزەیی بوونی مریەم. سەرەتا زمانیان بڕی، پاشان بە زیندویی فڕێیاندایە نێو ئاگری ئەشکەوتە تاریکەکانی ڤاتیکانەوە. بەمەش مردنەکەی بووە یەکێک لە قێزەونترین مردنەکان و کۆتاییەکی ترسناک بۆ یەکێک لە گەورەترین زاناکانی ئەوروپای ئەو ڕۆژگارە. لەو سەردەمەدا، تاریکبینی مەسیحی، زەندەقی هەمو بیرمەندەکانی بردبوو، دروست وەک تاریکبینی ئیسلامی لە ئێستادا.

بەڵام خۆشبەختانە، ئەوروپا دوای ئەوە، سێ شۆڕشی زانستی و فەلسەفی و ڕۆشنگەریی ئاینی بەخۆیەوە بینی و ڕزگاری بوو. ئەوروپا لە دۆزەخی دەمارگیریی کوێرانەی ئاین هاتەدەرەوە. شۆڕشی یەکەم لەسەر دەستی کۆپەرنیکۆس، جیۆردانۆ برینۆ، گالیلۆ، دیکارت، کلێبەر، نیوتن و ئەوانی دیکە هاتە ئاراوە. هەرچی شۆڕشی فەلسەفییە، قۆناغی یەکەمی لەسەر دەستی دیکارت، لایبنتز، سپینۆزا، مالبرانش دەستی پێکرد. پاشان هەمان ئەم شۆڕشە فەلسەفییە، لەسەر دەستی کانت و هیگڵ و مارکس… هتد، بەردەوام بوو. وەلێ شۆڕشی ڕۆشنگەریی ئاینی، لەسەر دەستی ڤۆڵتێر، دیدرۆ، ئینسایکلۆپیدییەکان، سپینۆزا، کانت… هتد، هاتەئارا. ئەم سێ شۆڕشە، لەنێوان خۆیاندا، بەشێوەیەکی تووند بەیەکترەوە گرێدراون. تەنانەت کار گەشت بەو ئاستەی یەکێکیان بڵێت: ئەگەر نیوتن نەبوایە، کانت نەدەبوو! مەبەست لەو قسەیە ئەمەیە: ئەگەر شۆڕشی زانستی نەبوایە، شۆڕشی فەلسەفی نەدەبوو. ئاخر ئەولەویەت بۆ زانستی فیزیایی ماتماتیکی گەردونی قابلی کەشف و دۆزینەوە، دێت. (واتە دۆزینەوە زانستییەکانی فیزیای ماتماتیکی گەردوونی، پێش دۆزینەوەکانی دی دێت.و-ک)، دوای ئەو زانستانە، فەلسەفە دێت، تاکو لە پەراوێزی ئەو زانستانەدا، تیۆریزەکانی/ تەنزیراتی خۆی بخاتەڕوو. یان لە دۆزینەوە زانستییەکاندا، پەند و عیبرەت هەڵهێنجێنێت.

ئەم سێ شۆِشە بوو، وایکرد ئەوروپا لە ڕووی شارستانییەتەوە، باڵ بگرێت و وەک ڕۆکێت دەرپەڕێت و بۆڕی هەمو کەلتورەکانی دیکە بداتەوە، لە پێش هەمویانەوە کەلتوری عەرەبی ئیسلامی. لەو کاتەدا کەلتوری عەرەبی ئیسلامی، نوقمی تاریکییە بەسەرچووەکانی سەڵتەنەتی عوسمانی بوو، ئەو تاریکییەی بەسەردا پراکتیزە دەکرا. بەڵام فەلسەفەی ڕۆشنگەریی ئەوروپی، نەیتوانی بارودۆخی تاریکبینی دەمارگیر، لە ڕەگ و ڕیشەوە دەربێنێت، تەنها دوای تێپەڕبوونی چوار سەدە لە تێکۆشان و شەڕکردن دژ بە کڵێسا نەبێت. واتە لە سەدەی شانزەهەمەوە تا سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. ئەمە گەورەترین بەڵگەیە، لەسەر ئەوەی ڕوبەڕووبوونەوەی ئاین یان تاریکبینی ئاینی، چەند مەترسیدارە. مەسەلەکە هەرگیز سادە و ئاسان نییە، شتێکی سووک و سانا و فشقیات نییە. هەروەها گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی، گۆڕینی لێکدانەوەی تاریکبین بۆ ئاین و جێگرتنەوەی بە لێکدانەوەیەکی ڕۆناک یان ڕۆشنگەر، گۆڕانکارییەکی هێجگار قورسە. لەبەر ئەوە، هەڵە دەکات ئەو کەسەی پێیوایە، پرۆسەکە لە جیهانی عەرەبی یان لە کۆی جیهانی ئیسلامی، بە سووک و سانایی جێبەجێ دەکرێت. هەڵە دەکات ئەو کەسەی پێیوایە، لە شەو و ڕۆژێکدا ڕوودەدات. ئەمە چیرۆکێکی دوور و درێژە، چیرۆکی چیرۆکەکان و کێشەی کێشەکانە.

ئێمە هەنووکە دەستمان پێکردووە، سەرەتاکەی دەبینین، وەلێ کۆتاییەکەی نابینین. لە ئەوروپا ئەم دەستکەوتە قارەمانانەیە، دەستکەوتێکی توولانی بوو. تابڵێیت سەخت و دژوار بوو. بگرە خوێناویش بوو. بەڵام لە دواجاردا سەرکەوت، هەر ئەوەش گرنگە. بەم جۆرە گەلانی ئەوروپا، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا، لە زوڵم و ئاگری ستمگەریی تیۆلۆژیا و ئوسوڵییەتی ئاینی ڕزگاری بوو. ئیدی بۆیان هەبوو بە ئاشکرا سوکایەتی/ الاستخفاف بە پیاوانی ئاینی بکەن و ڕەخنە لە عەقیدە ئاینییە دۆگماتیزمە چەق بەستووەکان بگرن. بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا، مافی هەر کەسێک بوو، بیویستایە وەک کەسێکی ئیماندار بمێنێتەوە. ئەگەر حەزی بکردایە، دەیتوانی وەک کەسێکی ئیماندار درێژە بە ژیانی بدات. ئا ئەمەیە دیموکراسی: بیروڕا و بیروڕای پێچەوانە، پێکەوە و شان بەشانی یەک هەڵدەکەن. ئیماندار و کافر، هەدووکیان بوونیان هەیە. دواتر بەشی زۆری گەلانی ئەوروپا، بوونە خەڵکانی نا دینی و خۆیان بە جێبەجێکردنی سروت و ڕێوڕەسمە ئاینییەکانەوە سەرقاڵ ناکەن. لەمەشدا پێچەوانەی خەڵکانی سەدەکانی ناوەڕاست و لە ئێستاشدا پێچەوانەی گەلانی عەرەبی و ئیسلامین. بگرە وزە و تواناکانی خۆیان، بۆ کارکردن و بەرهەمهێنان و ئەفراندن تەرخان کردووە. تەنانەت ئەو کەمینەیەش کە بە ئیمانداریی ماوەتەوە، بە بەراورد کردن بە ڕابردوو، بوونەتە کەمینەیەکی ڕوناکبین و ڕۆشنگەر.

لێرەوە ئەو شۆڕشە زانستییەی لە ئەوروپا و لە سەدەی حەڤدەهەم، هاتەئارا، دەستیکرد بە  لێکدانەوەیەکی عەقڵانی، نەک غەیبانی، بۆ جیهان. ئەمەش پێچەوانەی ئەو لێکدانەوە غەیبانییە بوو کە لێکدانەوەی ئاین، بۆ جیهانی دەکرد. شۆڕشی زانستی لە ڕێگەی تێبینی بینراو، تاقیکردنەوەی پراکتیکی، لۆژیکی ماتماتیک یان لۆژیکی حساباتی وردەکاریییەوە، لێکدانەوەی بۆ جیهان دەکرد. ئەم شۆڕشە بوێریی ئەوەی هەبوو لێکدانەوەکانی بۆ جیهان یان بۆ دیاردەکانی جیهان، لە دەرەوەی کاریگەرییەکانی بڕوا دۆگماییە ئاینییەکان، ئەنجامبدات کە خۆیان وەک لێکدانەوەی ئیلاهی سەپاندبوو، بەو پێیەش بە شێوەیەکی ڕەها دەبوایە گەلانی ئەوروپا پێیانەوە پابەندبن. ڕزگاربوون لەم هەژمونە ستەمگەرییەی ئاین و پیاوانی ئاینی، گەورەترین ڕووداوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. چونکە تا حاڵی حازر، کەس بوێری ئەوەی نەکردووە، جگە لە کۆمەڵگای ئەوروپای خۆرئاوا نەبێت، وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئینگلتەرە…هتد. هەرچی کۆمەڵگاکانی ئەوروپای خۆرهەڵاتە، تا ئێستاش زۆر زۆر ئیماندارن.

زاناکان لە سەرەتادا، ناچار بوون قەناعەت بە دەسەڵاتی هەژمونگەری کڵێسا بکەن؛ کە زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، نەک بە پێچەوانەوە. ئەوە لەو ڕۆژگارەدا، بە کوفر دادەنرا، چونکە لەگەڵ ئەوەی لە کتێبی پیرۆزدا هەبوو، نەدەگونجا. ئاشکرایە کڵێسا ئەم تیۆرەیەی کۆپەرنیکۆس-ی ڕەتکردەوە و تەنها دوای تێپەڕبوونی چەندین سەدە، ئینجا ددانی پێدانا. وەک زانراویشە کڵێسا هەڕەشەی لە گالیلۆ دەکرد و زەندەقی ئەو زانا گەورەیان بردبوو. وەلێ ئەو شتەی کە زۆر ناسراو نییە، ئەوەیە کڵێسا ترس و بیمی خستبووە دڵی دیکارت-ەوە، هەر بۆیە دیکارت دوای ئەوەی گوێی لێبوو چی بە گالیلۆ کراوە، لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی پاشگەز بووەوە، هەوڵیدا لانی کەم بۆ ماوەیەکی کاتی، ژیانی خۆی ڕزگار بکات. ئاشکرایە دیکارت تابڵێی ئاگاداریی خۆی بووە، هەزار حسابی ورد و درشتی بۆ هەژمون و ستەمی پیاوانی ئاینی کردووە. دواتر ڤاتیکان لە سەدەی نۆزدەهەم، تیۆرەکەی داروین-ی ڕەتکردەوە و پێیوا بوو پێچەوانەی ئەوەیە کە لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە، بە تایبەت ئەوەی لە (سفر التکوین) دا سەبارەت بە گەردون و جیهان و مرۆڤ هاتووە. بە ڕاستی و بە دروستی ئەوە وایە. بەڵام لەگەڵ ئەو هەمو ناڕەزاییەی تووندەی دەسەڵاتە ئاینییەکەی قەشە و مەترانەکان، کەچی لە دواجاردا ڕۆحی زانستە تازەکە، توانی سەرکەوتن بەدەست بێنێت و خۆی بسەپێنێت. ئیدی دوای ئەوە، یان بە فەزڵی ئەو پێشکەوتنە زانستییە، لەمڕۆدا شتگەلێکی زۆر سەرسوڕهێنەر دەزانین، سەبارەت بە چۆنیەتی دروستبوونی گەردوون و سروشت و چۆنیەتی دەرکەوتنی مرۆڤ لەسەر زەوی.

دواتر شۆڕشی زانستی، ڕێگای خۆشکرد بۆ شۆڕشی تەکنەلۆژیا و بەدیهێنانی دەستکەوتی هێجگار نایاب. ئەگەر شۆڕشی تەکنەلۆژیا نەبوایە، ئەوا نەماندەتوانی هەنووکە، چێژ لە مۆبایل، تەلەفزیۆن، ساردکەرەوە/ براد، جلشۆر، ئۆتۆمۆبێل و دەیان داهێنانی دی وەربگرین. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ، سواری شەمەندەفەر و فڕۆکە دەبین و سود لە ڤاکسینی دژ بە نەخۆشییە زۆرەکان وەردەگرین و لە سکانی جەستەمانەوە، دەزانین لە کوێی جەستەماندا کێشەمان هەیە. ئەوە هەر هەموی، دەگەڕێتەوە بۆ فەزڵی ڕۆحی زانست یان دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی تەکنەلۆژیا کە لە ئەوروپادا، سەرکەوت بەسەر تاریکبینیی ئاینی و غەیبانییەت و خورافات و پەرجووی نابەجێ کە هیچ مەبەست و ئامانجێکیان نییە، ئەوە نەبێت یاساکانی سروشت پێشێل بکەن! تا ئەو یاسایانە بە چڕی و زۆرتر پێشێل بکەن، ئیمانی ئیمانداران و سەرسامیان پێیان زیاتر دەبێت. بۆ نمونە، بیرمە لە منداڵی و مێرد منداڵیمدا، زۆر چێژم لەو چیرۆکە وەردەگرت کە دەڵێت ئیمامی عەلی، دەرگای خەیبەری کردەوە و بەدەستی لە بنەوە دەرگاکەی دەرهێنا و بە پەنجە تووتەی بەرزیکردەوە، وەک ئەوەی پەڕێکی سووک بێت، هەرچەندە کێشی دەرگاکە نزیکەی هەزار تەن بوو! من ئەمە لە یادەوەرییەوە دەگێڕمەوە، بۆیە لەبەر ئەوە نازانم ڕاستە یان نا؟ بەڵام فیکرەی چیرۆکەکە شتێی لەو جۆرە بوو.

من زۆر بە ڕاستی باوەڕم بەوە کردبوو، چرکەساتێک دەژیام وەسف ناکرێت. چرکەساتی سەرسامبوون و ڕێزلێنان و پیرۆزکردن و ڕەتکردنەوەی تەواوەتی عەقڵ. من لەو کاتەدا، چرکەساتێک دەژیام، تێیدا هاوارم دەکرد، دەگریام، پێدەکەنیم و بە جۆرێک دەتوامەوە، عەقڵ تەسەوری ناکات. تا عەقڵ زۆرتر ڕەتبکرایەتەوە و پەرجووەکە/ موعجیزەکە قەبەتر بوایە و لە سنووری کۆنترۆڵ دەرچوایە، چێژم زیاتر دەبینی. بەڵام ئایا یەک زەڕە عەقڵ، لەم پەروەردە ئاینییە تاریکبینە دواکەوتووەی سەدەکانی ناوەڕاستدا هەیە؟ بەڵێ من پێشتر کەسێکی فێندەمێنیتاڵیستی خورافی بووم، ئەمە پێش ئەوەی ببم بە کەسێکی مۆدێرنی ڕۆشنگەر، لە بەرزترین ئاستیدا. خوا کاروبارەکانی خۆی باش دەزانێت.

ئێستا با بگەڕێینەوە بۆ لای چیرۆکی وێنە کاریکاتێرییەکە. ئایا دەزانین لە فەرەنسا، ڕۆژنامەی سوک و چروک/هزیل، پێشتر لە نمونەی (هارا کیری) و لە ئێستادا شارلی هیبیدۆ، زۆر زیاتر لە سیمبولی هەمو ئاینەکانی دیکە، سوکایەتییان بە سیمبولەکانی ئاینی مەسیحی کردووە. وێنەی مەسیح-یان بە شێوەیەکی زۆر قێزەون دروست کردووە. هەروەها وێنەی مریەمی پاکیزەیان، بەشێوەیەکی زۆر ناشرین کێشاوە و وێنەیەکی زۆر بەناوبانگیشە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ مەسیحییەکی کاسۆلیک، جنێوی بە کاریکاتێریستەکان نەدا، ئەمە چ جای ئەوەی سەریانبڕن! بگرە مەسەلەکەیان بە ڕۆحێکی فەلسەفی وەرگرت، بۆ ساتێک، مەسافەیەکیان لە نێوان خۆیان و عەقیدە خۆشەویستەکەیاندا دانا و بە پێکەنینێکی گاڵتەئامێزی لێبوردەییەوە، پێشوازییان لە هەمو ئەو وێنانە کرد. هەمو ئەو وێنانە و ئەو جۆرە یارییانە، هەرگیز کاریگەری نەبوو لەسەر پەرۆشی ئەوان بۆ عەقیدە و ئیمانەکەیان. وەلێ کێشەکە ئەوەیە، هەر ئەم مەسیحیە کاسۆلیکییە، پێش دوو سەد ساڵ لەمەوبەر، خاوەنی ئەو خۆرە کاریکاتێرەیان دەکوشت. ئەمە مانای وایە، ئاستی هوشیاری موسڵمانی ئێستا، بەراورد ناکرێت بە ئاستی هوشیاری مەسیحییەکی ئەوروپی لە ئێستادا، بەڵکو بەراورد دەکرێت بە ئاستی باو باپیرانی پێش دوو سەد یان سێ سەد ساڵ لەمەوبەر.

هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، موسڵمان دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخسا، تاکو ئەم شۆڕشە زانستی و فەلسەفی و ئاینییە ڕۆشنگەرە هەزم بکات. وەک ئەوەی بۆ هاوشانە مەسیحییە ئەوروپییەکەی ڕەخسا. ئایا ئەو نەزانانەی لای ئێمە، دەزانن ئەو وێنە کاریکاتێرییانە، تەنها وەک وێنەیەکی کاریکاتێری دەمێننەوە و ناگەن بە پێغەمبەرەکان؟ ئەو وێنانە زۆر لەوە بچوکترن بگەن بە پاژنەی پێیان. ناتوانن تەنانەت سومعەیان بڕوشێنن. لە بەرامبەردا، ئایا دەزانین گەورەترین کارەسات کە بەسەر پێغەمبەرەکان و پەیامەکەیاندا بێت، ئەوەیە تاوانباران و چەتەکان و خەواڵووەکان بەرگریان لێبکەن، لە نمونەی ئەم چیچانییە بەد ناوە. داعشەکان ملیۆن جار لە وێنە کاریکاتێرییەکان زیاتر، خراپەی بۆ سومعەی ئیسلام هەبووە. ئەوە کردەوە تاوانکارییەکانی داعشەکان بوو، وێنەی ئیسلامی لە سەرتاسەری گۆی زەوی شێواند و لەکەداری کرد.

من ئەمەشی بۆ زیاد دەکەم، بەرپرسانی فەرەنسا، لەسەرو هەمویانەوە ماکرۆن، بەهیچ شێوەیەک لە شێوەکان، دژ بە ئیسلام نین. ئەوان چەندینجار ڕایانگەیاندووە ئیسلامی میانڕەوی لێبوردە، لە فەرەنسا جێگای شیاوی خۆی هەیە. لە وڵاتی ڤۆڵتێر و مۆلێر، زیاد لە 1500 مزگەوت هەیە. بەڵام ئەو بەرپرسانە دژ بە گروپەکانی ئیسلامی سیاسی دوژمنکار و ئاژاوەگێڕەکانن، لە نمونەی ئیخوان موسلمین. ئایا ئەمەش قەدەغەیە؟ ئەوانە گروپگەلێکن، خەڵکانی دی بە کافر دادەنێن و ڕقیان لە ئاینەکانیانە و بە چاوێکی سوک تەماشاین دەکەن و وتی وتی و کێشە لە نێو کۆمەڵگادا دەنێنەوە.

دواجار لە ساڵی 1766، دەسەڵاتی کڵێسا، سەری “فرانسوا دۆلابار”ی گەنجی تەمەن بیست ساڵی لێکردەوە، چونکە تۆمەتبار کرابوو بەوەی لە گوندەکەیدا، پەیکەرێکی مەسیحی شکاندووە. دوای ئەوەی سەریان لێکردەوە، کتێبی فەرهەنگی فەلسەفی ڤۆڵتێریان لەسەر لاشەکەی دانا، پاشان هەردووکیان پێکەوە سووتاند. ئاشکرایە ئەوان ئەو کتێبەیان لە ماڵەکەیدا دۆزیبوەوە، ئەوەیان بە گەورەترین بەڵگە دانا کە ئەو کافر و زەندیقە. جیهانی عەرەبی تا ئێستا ئا لێرەدایە. جیهانی ئیسلامی تا ئێستا لێرەدا گیریخواردووە و چەقیوە، واتە تا ئێستا لە ساڵی 1766 دایە: واتە پێش دوو سەدە و نیو. ئەمەش ئەو جیاوازییە مێژوییەیە کە دەکەوێتە نێوان عەرەب- خۆرئاوا. ئێمەش لەسەر کۆمەڵێ وێنەی کاریکاتێری سەخیف کە هەرگیز هیچ بەهایەکی نییە، سەری خەڵکی دەپەڕێنین. بگرە وێنەکان لە ڕووی هونەرییەوە زۆر فاشیل و ئاست نزمە. ئەگەر گەمژەیی ئێمە نەبوایە، ئەو وێنانە لەسەر خاکی خۆیان دەمردن و شوێنەواریان نەدەما.

سەرچاوە

الشرق الاوسط، دوو شەممە، 2 تشرینی دووەم، 2020