ئایا بەڕاستی ئەدەبی کلاسیک لە ئەدەبی مۆدرێن باشترە؟

ئایا بە ڕاستی ئەدەبی مۆدرێن خراپە و ناگاتە ئاستی ئەدەبی کلاسیکی؟ لە ڕاستیدا ئەم مەسەلەیە، پشت بەوە دەبەستێت کە دەیخوێنیتەوە. ئەگەر تۆ لە نێوان ئەو هەزاران ڕۆمانەی لەم ساڵدا بڵاوکراونەتەوە، دوو یان سێ ڕۆمانی خراپت بەرچاوکەوت، ئەمە مانای ئەوە نییە، کۆی ئەدەبی مۆدرێن خراپە.

لەم ڕاپۆرتەدا، ماڵپەڕی “برایت ساید” هەوڵدەدات ئەو بیرۆکە باوە ڕەتکاتەوە کە لە نێو زۆرێک لە خوێنەران و ئەوانەی بایەخ بە ئەدەب دەدەن، ئەرزشی هەیە. بیرۆکەی ئەوەی گوایە ڕۆمانە کلاسیکییەکان، باشتر و دەوڵەمەندتر و قووڵتر و زمانەکەی ستاتیکیترە، بە بەراورد بەڕۆمانە مۆدێرنەکان/ تازەکان کە وەک جۆرێک لە ڕۆمانی ڕووکەش و سادە و بێداهێنان وەسف دەکرێن.

ماڵپەڕەکە دەڵێت: ئەو جۆرە دەنگۆیانە، لە بنەڕەتدا پشت بەو کتێب و ڕۆمانە تازانە دەبەستن کە ڕەواجێکی گەورەیان هەیە و ڕێژەی فرۆشتنیشیان زۆر بەرزە، ئەگەرچی وەک بەرهەمی ئەدەبی باش پۆلێن ناکرێن، وەک ڕۆمانەکانی: (خمسون ظلا من الرمادی، االشفق، مباریات الجوع). بەڵام ئەدەبی مۆدرێن/ تازە، تەنها بۆ ئەم جۆرە کتێبانە کورت ناکرێتەوە، هەروەها ئەدەبی کلاسیکیش لەسەروی ڕەخنەوە نییە.

باس لە واقیعەکەمان ناکات

ماڵپەڕەکە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات نەوە جیاوازەکان، بێ ڕەچاوکردنی فاکتەری زەمەن، لە خوێندنگاکاندا، هەمان بەرهەمە ئەدەبییە کۆنەکانیان خوێندووە، جگە لە ئاورتەیەکی دەگمەن نەبێت. ئاشکرایە بایەخ و گرنگیدانەکانی خەڵکی، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و وەک پێش چەندین دەیەی لەمەوبەر نەماوەتەوە. لەبەر ئەوە ئەدەبی کلاسیک بۆ نەوەی نوێ، بووەتە ئەدەبێکی جاڕسکەر/ ممل، ئەو ئەدەبە باس لە واقیعێکی دیکە دەکات کە تەواو جیاوازە لە ژیانی هاوچەرخ.

لەبەرامبەر ئەمەدا، ئەدەبی تازە و مۆدرێن، وەسفی واقیعی هاوچەرخ دەکات. لەبەر ئەمەیە زۆرینەی خەڵک، خوێندنەوەی ڕۆمانە تازەکانیان پێباشترە. هەرچەندە زۆرێک لە بابەتەکان، بۆ هەمو ئان و زەمانێک دەشێت، بۆ نمونە بابەتەکانی پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵ، پەیوەندی ڕۆمانسی، خۆشەویستی نیشتیمان و سروشت و گیانداران. وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا، سروشتی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان، بەشێوەیەکی گەورە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەمە مانای وایە، خستنەڕووی ئەو بابەتانە، لە قاڵبێکی تازەدا، خوێنەر زیاتر ڕادەکێشێت، تا ئەوەی لە قاڵبێکی کلاسیکیدا بخرێنەڕوو.

ئافرەت لە ئەدەبی کلاسیک دا

بەپَی ڕاپۆرتی ماڵپەڕە ئەمریکییەکە، هەندێک پێیانوایە، ئافرەت، حەز بە خوێندنەوەی ڕۆمانی خەیاڵی زانستی دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە، ئامارەکان دەریدەخەن پیاوەکان، حەزیان لە خوێندنەوەی ڕۆمانی زانستییە و لە ئافرەتان کەمتر دەخوێننەوە. هۆکاری سەرەکی ئەم جیاوازییە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژن و پیاو، لە ئەدەبدا، بۆ هەمان شت ناگەڕێن. ژنان پێیانوایە کتێب، ئامرازێکە بۆ دوورکەوتنەوە و ڕاکردن لە واقیع. بەڵام پیاوان بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییە مێژووییەکان، کتێب دەخوێننەوە.

ئەدەبی کلاسیک، لە بنچینەدا ئاراستەی پیاو کراوە، عادەتەن پیاو کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکان بووە، ئافرەت یا ئەوەتا دەرنەکەوتووە، یان دەرکەوتنی وەک پاشکۆیەک وابووە و لە هەمو شتێکدا پشتی بە پیاو بەستووە. وەلێ خوێنەر لە کاتی ئێستدا کە زۆرینەیان ئافرەتن- وەک ئەوەی ماڵپەڕەکە ئاماژەی پێداوە- بۆیە ڕۆمانە تازەکان، ڕەواجیان زیاترە و فرۆشیان زۆرترە.

زمانێکی قورس و دەستەواژەی ناڕوون

ماڵپەڕەکە دەڵێت، یەکێک لەو فاکتەرانەی وایکردووە، تای تەرازووەکە بەلای ڕۆمانە تازەکاندا بشکێتەوە، ئەوەیە زمانی ئەدەبی کلاسیک، تا بڵێی قورسە. لەوانەیە درێژی ڕستەیەک لە ڕۆمانەکانی لیۆ تۆڵستۆی، بگاتە یەک لاپەڕەی تەواو. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕۆمانە کلاسیکییەکان، پڕ پڕن لەو  دەستەواژانەی، خوێنەری ئێستا، زۆر بە زەحمەت لێیان تێدەگات. وەک ناوی پیشە کۆنەکان و جلوبەرگ و ئەو کەلوپەلانەی لەزەمەنی نووسینەوەی ڕۆمانەکەدا بوونیان هەبووە و لەم سەردەمەی ئێستاماندا بوونیان نەماوە. خوێنەری ئەمڕۆ، ئاگاداری هەندێک لەو دەستەواژە کۆنانە نییە کە لە ڕۆژگاری نووسینەوەی کارە ئەدەبییەکاند، بەربڵاوبوون. بەڵام لە ڕۆژگاری ئێستادا، باویاننەماوە یان هەر بە تەواوەتی لەناوچوون.

وەلێ سەرەڕای هەمو ئەوانە- بەپێی ماڵپەڕەکە- ئەدەبی کلاسیک، لەڕووی زمانەوە، خاوەنی زمانێکی تایبەت و دەوڵەمەند بووە و شێواز و ستاتیکای تایبەت بەخۆی هەبووە. ڕۆمانە تازەکانیش هەمان ئەو شتانە بۆ خوێنەر دابین دەکەن. لەبەر ئەوە، خوێندنەوەی ڕۆمانە کلاسیکییەکان، لەوانەیە زۆر سودبەخش بێت، بۆ دەوڵەمەندبوونی توێشوویی مەعریفی و گەشەپێدانی فیکری ڕەخنەیی.

ئاسانی نووسین وبڵاوکردنەوە

لە ڕابردوودا، پیشەی نووسین، بۆ توێژێکی دیاریکراو لە ڕۆشنبیران قۆرغکرابوو. هەروەها هۆکارەکانی بڵاوکردنەوە، هەم سەخت بوو، هەم پارەی زۆری تێدەچوو. بەڵام لە حاڵی حازردا، تۆ لەپێناو ڕیکلامکردن بۆ کتێبەکەت یان بۆ ڕۆمانەکەت، ئەسڵەن هەر پێویستیت بە بڵاوکار نییە. ئەمەش بووە هۆی دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی هێجگار زۆر لە کاری ئەدەبی، بێ بوونی هیچ جۆرە کۆت و بەندێک، وەلێ ئاخۆ دەبێت بەهای ئەم کتێب و ڕۆمانانە چۆن بێت؟

بەپێی ئەوەی ماڵپەڕەکە دەیڵێت، ژمارەیەکی زۆری نووسەرە هاوچەرخەکان، بنەمای نووسین لای ئەوان، تەنها دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونە تایبەتەکانی خۆیان. بەڵام کاتێک کۆی کتێبەکان، پشت بە ئەزمونی تایبەت دەبەستێت، بێ زیادکردنی ڕەگەزەکانی دیکەی داهێنان، وەک خەیاڵ و ڕۆمانسیییەت. ئەوا سەرجەم کتێبەکان، دەبن بە کتێبی لەیەکچوو و هەمو بەهایەکی ئەدەبی لەدەست دەدەن.

ڕۆمان و زۆری بەرهەم

ماڵپەڕەکە ئاماژە بەوە دەکات، زەحمەتی ئەوەی لە نێوان ئەو هەزاران کتێبە تازەیەدا کە بە بەردەوام لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت بڵاودەکرێنەوە، کتێبێکی باش بدۆزیتەوە، لە بنچینەدا بۆ شێوازی ڕاگەیاندن و ڕیکلامکردن دەگەڕێتەوە. چونکە ئێمە زۆرجار، ئەو کتێبانە هەڵدەبژێرین کە لە ماڵپەڕەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، پێشنیاری خوێندنەوەیان دەکرێت. بەڵام ئەم جۆرە تێبینی و پێشنیارانە، جاری وا هەیە، نووسەری کتێبەکە، پارەیەکی زۆر دەدات بەو ماڵپەڕانە، تاکو ڕیکلام بۆ بەرهەمەکەی بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە، زۆرێک لە نووسەرە باشەکان، ئەو بڕە پارە پێویستەیان نییە، لە ڕیکلامکردن بۆ کتێبەکانیان، خەرجی بکەن.

هەرچەندە لە ڕابردوودا، ژمارەی ئەو کتێبانەی بڵاودەکرانەوە، بە بەراورد بە ئێستا، زۆر کەمتر بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆمان و چیرۆکە خراپەکان، زۆر بەخێرایی لەبیردەچوونەوە. ئا لەبەر ئەم هۆکارەیە، زۆرێک پێیانوایە، ئەدەبی کلاسیک، باشتر و قووڵترە لە ئەدەبی مۆدرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک بابەتی تازە هەیە، ئەدەبی کۆن نەچووە بەلایدا یان پەی پێنەبردووە. بۆ نمونە، هەنووکە ژمارەیەکی زۆر ڕۆمانی تازە بڵاودەکرێتەوە، باس لە گۆڕانی کەش و هەوا دەکات. ئەم جۆرە ڕۆمانە لە چوارچێوەی ئەوەی پێدەوترێت: “خەیاڵی کەش و هەوا” لەسەر هەمان ڕیتمی “خەیاڵی زانستی” پۆلێن دەکرێن. ئەو ڕۆمانانە باس لە گۆڕانی کەش و هەوا و گلدانەوەی گەرما و کاریگەرییان لەسەر ژیانی مرۆڤ دەکەن.

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: باوکی ڕەهەند

سەرچاوە

بە کەمەکێک کورتکردنەوەوە:

الجزیرە نیت، 31-10- 2020