بۆسۆئە؛ پێوەری هەڵە، گۆڕانکاریە

(لە: مێژووی گۆڕانکاریەکانی کەنیسەی پرۆتستانت)

بەرگی یەکەم، بەرهەمی بۆسۆئە

و: ڕێبین هەردی

 

بۆسۆئە لە شەشەم ئاگادارکردنەوە بۆ پرۆتستانەکان، بەشێوەیەکی بڕاوە، دژی هەموو جۆرە لێکبوردنێکە: (من مەزهەبی کاسۆلیک بە جدیترین و کەم لێبوبردەترین مەزهەب دەزانم). لێکبوردن جگە لە سستیەکی ترسنۆکانە لەبەرامبەر دین لادەراندا نیە. ژەهرێکە دەبێت لێی دوورکەوینەوە، چونکە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەحوکمە شەرعیەکاندا، مەزهەب لاواز دەکات. بۆسۆئە جیاوازی نێوان لێکبوردنی شەرعی ولێبکبوردنی زەمینیانە قەبوڵ ناکات: لێکبوردنی زەمینی تەنیا بەهانەیەکە بۆ لێکبوردنی شەرعی بەمەبەستی ڕێگەدان بە گۆڕانکاریەکان، واتە درووستکردنی لادانی دینی کە نیشانەی ئاشکرای ڕاکردن لە هەقیقەت و گۆڕانی حوکمە دۆگما ڕاستەکانە. نالێبوردەیی دێرینەی کەنیسە، ئاماژەی ڕاستەقینەی هەقیقەتی باوەڕ و ڕەوایەتی دەسەڵاتی کەنیسەیە لە هەموو شتەکاندا.

ئامانجی کتێبی (مێژووی گۆڕانکاریەکانی کەنیسەی پرۆتستانت)، ڕونکردنەوەی مێژووی لادان لە دین و کەرتبوونەوەکانە، و دەیەوێت دەریبخات کە ئەم مێژووە، مەزهەبی کاسۆلێکی نالەرزێنێ و نایگۆڕێت، و لەڕاستیدا ئەو مێژووە بەڵگەی لەسەر ڕاستبوون و ئاماژەی ئاشکرای نەمری و گشتگیری ئەم مەزهەبەیە. دیارە دەکرێت ئامانجی مێژوو لە بنەڕەتدا بە دەرخستنی ئەم هەقیقەتە بزانین: (ئەگەر سەردەمی دێرینی مەزهەب تا ئەم ڕادەیە لەگەڵ دەسەڵاتی مەزهەبدایە، بەردەوامی بێ دابران و نەگۆری لەسەرتاسەری سەدەکادا، لەگەڵ هەموو ئەو ڕێگرانەی لەبەردەمیدا بووە، بەئاشکرا پیشانی دەدات کە دەستی خوداوەند دەیپارێزێت). سیستەمی مێژوو دەرئەنجامی ویستێکە کە مەزهەبی کاسۆلیکی بپارێزێت (کە لە سەرەتای دنیاوە هەمیشە بەیەک شکڵ بووە، یان باشتر بڵێم هەمیشە هەمان شت بووە)، و لەبەرئەوە یەکێتی دۆگماکانی، لە یەکێتی دەزگایەکدا دەردەکەوێت، واتە لە کەنیسەدا. کەنیسە هیچ شتێک فێر ناکات، جگە لەوەی لە خوداوە گوێی لێ بووە و ئەمەش هەمان وەحی خوداییە کە گوێزەرەوەی پێغەمبەران و حیواریەکان و پاش ئەوانیش پاپەکان بوون، و ئەو وەحیانەیان بە باوەڕداران گەیاندووە. نەریت هەقیقەت دەپارێزێت و دەیگوێزیتەوە: بۆسۆئە نمونە و ڕێسایەکی هەقیقەت دەدات بەدەستەوە کە ناگۆڕێت، هەمیشە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە کە هەبووە و بە بەردەوامی یەک دەزگا (کەنیسە) نەوە بە نەوە دەگوێزرێتەوە. هەقیقەت بەرهەمی پرۆسەیەکی مێژوویی نیە تا بەهۆیەوە درووست ببێت، بەڵکو پێدراوێکە تەواو کامڵ، لەسەرەتای مێژوەوە، مێژوویەک کە ماناکەی پاراستنی ئەو ڕاستیە ڕوونە دەبێت، بێ هیچ جۆرە گۆران و چاککردنێک . کەنیسە وەک پارێزەری هەقیقەت، دەرکەوتەی یەکێتی نەریت و حوکمەکانی شەرعە و لە سەرەتاوە کامڵە. گەردوونی بوونی خۆی (کاسۆلێک لە ڕووی زمانەوە بە مانای (گەردوونی) بە ڕەزامەندی (ستایش ئامێزی) مرۆڤەکان جێبەجێ دەکات کە (بێ پەیمان بەستن) لەگەڵ یەکدا رێککەوتوون.

نەگۆڕی، بەردەوامی و سادەیی مەزهەب، پێوەرەکانی هەقیقەتن (زمانی باوەڕ سادەیە: رۆحی قودس ڕوناکی پاک  بڵاو دەکاتەوە، و هەقیقەتێک فێر دەکات کە هەمیشە یەک زمانی هەیە). فێرکاریە بێ هەڵەکانی کەنیسە ،ڕێسایەکی بۆ کەنیسە هەیە کە هەستی مرۆڤ لە ڕێگەیەوە لە هەقیقەتێکی دۆزراوەدا بە هۆی مەسیحەوە جێگیر دەبێت. دەزگا جێگەیەکی تایبەتی هەیە، کە لەگەڵ ئەم هەقیقەتەدا گونجاوە. کەنیسە چێگەی هەقیقەت و دەسەڵاتێکە کە لاوازیەکانی پەیڕەوانی کەم دەکاتەوە. پەیڕەوان دەبێت خۆیان لەگەڵ سیستەمێکدا بگونجێنن کە ئیرادە و ویستی خودا لەسەرتاسەری زەمەندا سەلمێنەرێتی. مێژوو ئەوەی وەحی ئاشکرای دەکات، دەسەلمێنێت. کەوابوو سیستەمی پایە و پلەکان دەبێت، بە سەقامگیری بمێنێتەوە، لێرەوە گۆرانکاری کردن تیایدا، گەندەڵ کردنی (سادەیی دێرینەی مەسیحیەت) دەبێت.

 بۆسۆئە بەمشێوەیە جیاوازی نێوان لێکۆڵیارانی دین نەک وەک وتوێژێکی بەرهەمهێن، بەڵکو وەک (ڕێکەوتنی ناچاری)، (خاڵبەندی پوچ) و (یاریکردن بە ووشە) تەفسیر دەکات. سەرجەم ئاراستەی بۆسۆئە ئەوەیە گۆڕینی بێ کۆتایی لادەرانی دین، لەبەرامبەر چونیەکی دۆگماکانی کاسۆلیکیدا دادەنێت. ووشەی (گۆڕین) بە بێ مەبەست بەکار نەهاتووە، بەڵکو ئاماژە بۆ تاکە هەقیقەتێک دەکات کە دەوری ناوەندێکی ڕێنمایکەر دەبینێت. لادان لە دین لەڕوانگەی ئەم ناوەندەوە نەک تەنیا دوورکەوتنەوە لە هەقیقەت و هەڵەیە، بەڵکو گومڕاهی و لەدەستدانی ڕێنمایکەرە. (سەرجەم کەنیسە تازە دروستکراوەکان بە بیانووی ڕاکردن لە دەسەڵات، خۆیان لە ڕێکخستن بێ بەری کردووە و نەیانتوایووە چونیەکی  بپارێزن. بەڵام گەر هەمووان پەیڕەوی هەقیقەتیان دەکرد، وەک هەمووان شانازی پێوە دەکەن، تەنیا دەبوو بەشداری بیرکردنەوەی مەزهەبی بکەن کە بەزەیی خودا یەکەم هەقیقەتی لەو مەزهەبەدا دەربڕیووە، بۆ ئەوەی بەمشێوەیە هەمووان لە یەک مەزهەبدا یەکێتی خۆیان دەهێنایە دی. لادانی دینی ناسەقامگیریە لە قەبوڵکردنی هەقیقەتدا و کەرتبونێکی دوو ڕەهەندییە: جیابوونەوە لە کەنیسەی کاسۆلیکی و دواتر بەش بەش بوونیان لەناو خۆیاندا: لادەرانی دین خۆیان جۆراوجۆرن و ئەم هەموو کەرتبونەوە لاناو کەنیسەی ریفورمخوازدا، بەڵگەی هەڵەکانی گرووپە نارازییەکانە. ناسەقامگیری ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیرادە و ویست دەگۆڕێت، هەر لەبەرئەمەش لە ڕێگەی ڕاستیدا نیە. نامەی ٢٧ دیسامبەر ١٦٨٢ کە بۆ پلیسۆن نوسراوە، بە ئاراستەی ئەم بۆچونەیە: (لادەری دین کەسێکە کە بڕوایەکی بۆ خۆی هەیە، ئەمەش هەمان مانای ووشەی باوەڕە. بڕوا چیە؟ بڕوا پەیڕەکردنی بیروڕا و هەستی خۆتە. بەڵام کاسۆلیک، کاسۆلیکە، واتە گەردوونیە و هەستێکی تایبەتی نیە و بێ دوودڵی پەیڕەوی کەنیسە دەکات). ئەگەر لادەری دین کەسێکە کە هەستی خۆی لە کەنیسە بۆ گرنگترە، کەوابوو هەر ئەندامێکی کەنیسەی ڕیفۆرمخواز، کەتبوونی یەکەم دووبارە دەکاتەوە. لادان لە  دین، هەمووی تەڵەکەبازی و فێڵزانیە: لایانگرانیان نهێنیکارن. بۆسۆئە دەیەوێت (ئەوەی ئەوان ویستویانە، بە بیروڕای خۆیان بیگۆڕن) پیشان بدات. خاڵی بەرامبەر ناسەقامگیری لادەرانی دین، سەقامگیری کەنیسەی کاسۆلیکیە، کە لەبەرامبەر هەموو لادەرانی دیندا یەک قسە زیاتری نیە، گۆرانکاری پێوەری هەڵەیە. وەک چۆن سەقامگیری ئاماژەی قابیلی هەڵەنەبوونی هەقیقەتە.

بۆسۆئە کەنیسەی بێ مێژوو، بەمانای تایبەتی ئەم ووشەیە، لەبەرامبەر مێژوو ، واتە لەبەرامبەر گۆرانی بەردەوامی لادەرانی دیندا دادەنێت. لەگەڵ ئەمەشدا کە خەسڵەتی بێ لادەرانی دین ئەوەیە کە هەموویان لەگەڵ یەکدا جیاوازن، بەڵام جەوهەری هاوبەشیان، یەکێتیەکیان تیا درووست دەکات: مێژووی گۆڕانکاریەکان، دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە لادەرانی دین دووبارە دەبنەوە. پرۆتستانتەکان جگە لە دووبارە بوونەوەی لادەرە دینیە دێرینەکان کە پێشتر مەحکوم کراوون، هیچی تر نیە (ئاریانیسم*، ئالبیژوایی**، ڤاندوا***، پلاژیانیسم****، سوسینیانیس****م*…هتد)..بەمشێوەیە مەزهەبی پرۆتستانت نە یەکەم لادانی دینیە و نە هەقیقەتێکی تازەی هێناوە. ئەم مەزهەبە بەشێکە لە زنجیرەیەک لە لادانە دینیەکان کە هەمویان یەک بەهای یەکسانیان هەیە. بۆسۆئە مەزهەبی پرۆتستانت بە بەشێک لە مێژوویەکی پێکەوە گرێدراو دەزانێت، و هیچ تایبەتمەندیەکی بۆ دانانێت. مەزهەبی پرۆتستانت وەک هەموو لادانە دینیەکانی دی، ناچونیەکە، بەردەام ڕێسای تازە درووست دەکات. هەر تازەگەریەکی، تازەگەریەکیەکی دی بەدوادا دێت، و گۆمڕاهیەکەی بێ کۆتاییە. لادانی دینی بەردەوام شتێکی تازە دادەهێنێت، بەڵام ماهیەتەکەی ناگۆڕێت، لەبەرئەوە لە دەستەیەک زیاتر نین. دەستەکان بەش بەش و جۆراوجۆرن، لەکاتێکدا مەزهەبی هەقیقی یەکێکە و سەقامگیرە و بڕاوەیە و گەردوونیە.

بۆسۆئە بەمشێوەیە بە شازادەی فەڕەنسا تیورەیەک دەڵێتەوە کە لەسەر بناغەی چاودێری تەواو و کامڵە. کتێبی مێژووی جیهان کە ئەو خوێنەری دەبێت، وێنەیەکی وەحی خوداییە کە لەڕێگەی سەرکەوتنی  کەنیسەی کاسۆلیک جێبەجێ دەکرێت، و گۆرانکاریەکان، وەک جیابوونەوە، سەرگەردانی و هەڵەیەکی گوناهئامێز پیشان دەدات، کە هەرگیز هەقیقەت لێبوردوو نابێت لەگەڵیدا. ئەگەر ئامانجی مێژووی گۆڕانکاریەکان، لەناوبردنی هەقیقەتی کەنیسەیە، ئەوا لەهەمانکاتد سەرنج لە ئاشتکردنەوەی دوو لایەنی وتوێژکە دراوە، بەڵام وەک هیومنایستەکان بڕوایان پێ بوو، پێناس و قەبوڵکردنی لانیکەمی بنەمای زانستی و لەمەش زیاتر لێکبوردن لە جیاوازەکان لە ئارادا نیە. لادەرانی دین دەبێت هەقیقەتی یەکتا قەبوڵ بکەن، و ببنە بەشێک لە سیستەمێک کە بە بەڵگەیی مێژوویی، لە ئیرادەی خوداوەندەوە هاتووە. کەنیسە جێگەی هەقیقەتە و لە هەمانکاتدا بناغەیەکی هەقیقەتە و مەرجەعێکە کە ئەگەری لێکۆڵینەوەی مێژووی مەزهەبەکانی تر دەڕەخسێنێت. ئەگەر لادەرانی دین ناچونیەک و جیاوازن، لەبەرئەوەیە کە بەسەر دیدی خۆیاندا باڵادەست نین، هەر لەبەرئەوەشە دییدیان لە پەیوەندیدا  بە کەنیسەوە قابیلی تێگەیشتنە. ریفۆرمخوازە دینیەکان، مانای قسەکانی خۆیان تێناگەن. هەقیقەتی مەزهەبی ئەوان لە مەزهەبێکی تردایە: مانای مێژووی ئەم ڕیفۆرمخوازانە بە بێ گەڕانەوە بۆ مێژووی کەنیسە، یان ووردتر بڵێین جگە بە سەرنجدان لەوەی مێژوویەکی نیە، قابیلی تێگەیشتن نیە.

دەق

١- بیری سەرەکی مەزهەبی پرۆتستانی و ئەم کتێبە.

ئەگەر پرۆتستانەکان بە قوڵی دەیانزانی کە مەزهەبەکەیان چۆن درووست بووە و بڕواکانیان بەچ گۆرانکاری و ناسەقامگیریەکدا تێپەڕیوە و چۆن سەرەتا لە ئێمە  و پاشان لەناو خۆشیاندا جیابوونەوە، بە چ فێل و خواروخێچی و ئالۆزیەک ئامادەکاریان بۆ جیابوونەوەکەی خۆیان کرد، و چۆن لایەنگرە پەرشوبڵاوەکانی بزووتنەوەی ڕیفۆرمی خۆیان کۆکردەوە، هەرگیز ئەم شانازییان بەم بزووتنەوەیەوە نەدەکرد و بەختەوەری نەدەکردن – بۆ ئەوەی هەموو قسەی خۆم کردبێت- جگە لە هەستی شەرمەزاری، هەستیان بە هیچ نەدەکرد. لەبەرئەوە دەمەوێت مێژووی ئەم گۆڕانکاری و فێل و ئالۆزیانە بنوسمەوە.

٢- گۆڕانکاریەکانی باوەڕ و بەڵگەی بڕاوە بۆ هەڵەبونیان(…) ڕادیکالیەتی کەنیسەی کاسۆلیک.

کاتێک لەناو کاسۆلیکەکاندا گۆڕانکاریەک لە دیاردەکانی باوەڕدا دەبنینرا، هەمیشە وەک شتێکی ناڕاست و پەشێوی زیهنی (ڕێگەم بدەن ئەم دەربڕینە بەکار بهێنم) لە ئاییندا دەیانبینی. زمانی باوەڕ سادەیە: رۆحی قودس ڕۆناکی پاکی پەخش دەکات و هەقیقەتێک فێر دەکات، کە هەمیشە بەیەک زمان قسە دەکات. ئەگەر شارەزای مێژووی کەنیسە بین، دەزانین کەنیسە لەبەرامبەر لادانی دینیدا، ڕوونکردنەوەی ڕوون و ڕاشکاوی هەبووە کە هەرگیز نەگۆڕاوە، و ئەگەر لەو دەربڕینانە وورد بینەوە کە لەبارەی لادەرانی دینەوە بەکارهاتووە، دەبینین کە ئەم دەربڕینانە لە کورترین و سەرڕاسترین ڕێگاکانەوە، هێرشی بۆ سەرچاوەی هەڵەکە بردووە. لێرەوە هەرچیەک بگۆڕێت، هەرچیەکە بە زمانێکی گومانلێکراو و ئالۆزەوە بگوترێت، نەک هەڵخەڵێتێنەرە، بەڵکو بەشێوەیەکی ڕەها ناڕاستە، چونکە ئاماژەیە بۆ ناسەقامگیری کە هەقیقتەت لێی بێ بەریە.

٢٧- ئەم مێژووە بۆ ناسینی هەقیقەت، گەلێک سوودی هەیە.

دیارە نامەوێت چیرۆکی ووشک و بێگیانی گۆڕانکاریەکانی ڕیفۆرمخوازان بگێڕمەوە، بەڵکو دەمەوێت هۆکانی دیاری بکەم. من پیشانی دەدەم کە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا  نەهاتووە، گەر ئاماژە بۆ کێشەیەک لە مەزهەبکەیاندا نەکات، و لە ئەنجامدا بۆی پێویست نەبووبێت. گۆڕانکاریەکانی ئەوان، وەک گۆرانکاری ئارینەکان، ئاشکراکەری ئەو شتانەیە کە ئەوان دەیانویست پاساوی بۆ بهێننەوە یان کامڵی بکەن….وتوێژ و ناکۆکی و ئاڵۆزیەکانیان، بەڵگەی  لەسەر ڕاستبوونی مەزهەبی کاسۆلیکیە. بەمشێوەیە پێویستە کە جار جار ئەم ڕاستیە وەک چۆن هەیە واش بناسرێنێت، بۆ ئەوە دواجار دوژمنەکانی ناچار بن لێی نزیک بنەوە.

بەمشێوەیە لەناو ئەو هەموو دەمەقاڵێ و کێشەکانی بزووتنەوەی تازەی ڕیفۆرمی دینی، هەقیقەتی کاسۆلیکی وەک خۆرێکی قەشەنگ کە لەپشت هەورەکانەوە سەر دەردێنێت، لەهەموو شوێنێک دەدرەوشێتەوە، و ئەم پەیامەش گەر بەو شێوەیە بنوسم کە خودا ئیلهامی پێ کردووم، سەرەڕای ئەوەی ئاشکراکەری دادپەروەرانە بوونی بەڵگەنەویستی ویستی ئێمە دەبێت، پشت بە کۆمەڵێک بنەما دەبەستێت، کە واقعی نەگۆڕن بۆ هەردولایەنی وتوێژکەر.

(…)

٢٩- ئەوەی دەبێت ئەم مێژووە بۆ کاسۆلیکەکانی ئەنجام بدات.

بەڵام کەسێکی کاسۆلیک بەردەوام ستایشی خودا دەکات، لەبەر ئەو پارێزگاریەی لە کەنیسەکەی دەکات، و لەبەر پاراستنی سادەیی و ڕاستی ئەو کەنیسەیە لەبەرامبەر ئەو فێڵانەی هەقیقەتی ئەنجیل تەماوی دەکەن. خراپەکاری لادەرانی دین بۆ دڵپاکان نمایشێکی گەورەیە، فێر دەبن کە ئەو قسە زانیە سەرسوڕهێنەرەی ئەوان بە زانینێک کە بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە، بەهیچ بزانن. کاتێک ئەو هەموو فزوڵیە بێ هودەیە، ئەو هەموو خواروخێچەیەی زانایان، ئەو هەموو خۆدەرخستنانە، ئەو هەموو لە خۆبایبوون و کەلەڕەقی وەهمە ترسناکانەی لەو کەسانە هەیە کە ناویان نووسەرانە، دواجار ئەو هەموو غروور و توڕەییە، و پاشان ئەو هەموو سەرگەردانیە ئاشکرا  و زۆرەیان لە کەسانێکدا دی کە لەبەرئەوەی خەڵک بەدوای خۆیان دەخەن، گەورە دەردەکەون، ئەوکاتە هەموو ئەو شایستەیەی هەمووان ستایشی دەکەن، بەهیج دەژمێرن. بۆ دەروون هەژارەکانیش ئەسەف دەخۆن وتێدەگەن تەنیا دەرمانی ئەو هەموو ئازارە گەورەیە، توانای مرۆڤە بۆ جیابوونەوە لە هەستەکانی خۆی. چونکە جیاوازی نێوان کاسۆلوکێک و لادەرێکی دین لەمەدایە. خەسڵەتی لادەری دین، واتە کەسێک کە بڕوایەکی بۆ خۆی هەیە، پابەندبوونێتی بە بڕواکانی خۆیەوە، بەڵام خەسڵەتی کاسۆلیکێک، واتە کەسێک کە گەردوونیە، پێش خستنی هەستی هاوبەشی گشتی کەنیسەیە بەسەر هەستەکانی خۆیدا، ئەم بەزەییە خواییەش بۆ هەموو گومڕاهەکان دەخوازین.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨