“ئیسلام له سه‌ده‌ی بیستویه‌ك” یادی ئیبن توفه‌یل ده‌كاته‌وه
نووسینی: هاشم ساڵح
و له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع

رابیته‌ی ئیسلام له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، له میانه‌ی سازكردنی سیمینار و كۆنگره‌كانه‌وه، به تایبه‌ت له میانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆڤاره وه‌رزییه‌كه‌ی كه هه‌مان ناوی هه‌یه، واته گۆڤاری: (ئیسلام له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك)، به‌رده‌وامه له هه‌ڵكشانی كاروانه‌كه‌ی. به‌م دواییانه و پێش چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، له پاریس ژماره چواری گۆڤاره‌كه بڵاوبووه‌وه. ده‌ستپێكی گۆڤاره‌كه، بریتییه له پێشه‌كییه‌كی تاڕاده‌یه‌ك دوور و درێژی سه‌رۆكی ڕابیتهكه دكتۆر سادق بلوسیف، ئه‌م پێشه‌كییه پڕ پڕه له ئایدیا و شیكردنه‌وه‌ی جدیی.
دكتۆر سادق بلوسیف، بیرمه‌ندێكی به ئه‌سڵ جه‌زائیرییه و له هه‌مان كاتدا یه‌كێكه له پزیشكه گه‌وره‌كانی فه‌ره‌نسا. له‌مه‌شدا مه‌سه‌له‌كه سه‌یر و عاجبایه‌تی نییه، چونكه به درێژایی مێژوومان، فه‌یله‌سوفی پزیشك یان پزیشكی فه‌یله‌سوفمان هه‌بووه. له‌وانه ده‌كرێت ناوی ئیبن سینا بێنین كه نازناوی شێخی گه‌وره/ الشیخ الرئیس بوو. ئیبن سینا له یه‌ك كاتدا، پزیشكێكی مه‌زن و فه‌یله‌سوفێكی گه‌وره بوو، ئه‌و بلیمه‌تی بلیمه‌ته‌كان بوو. هه‌مان قسه بۆ گه‌وره فه‌یله‌سوفی ئه‌نده‌لوسی ئیبن باجه ڕاسته. هه‌روه‌ها بۆ بۆ ئیبن توفه‌یل خاوه‌نی ڕۆمانی (حی بن يقظان) ڕاسته. بگره ته‌نانه‌ت ئیبن ڕوشد كه قوتابی ئیبن توفه‌یل بوو، به ته‌نها فه‌یله‌سوف نه‌بوو، به‌ڵكو پزیشكیش بوو. ده‌ی مه‌سه‌له‌كه هه‌رچۆنێك بێت، دكتۆر سادق بلوسیف، له نه‌خۆشخانه‌ی زانكۆ له شاری “ئامیان”ی فه‌ره‌نسی، سه‌رۆكی به‌شی بێهۆشكردن و چاودێرییه. له هه‌مان كاتدا، له فه‌ره‌نسا ئه‌ندامی (كۆمه‌ڵه‌ی پزیشكانی موسڵمانه). ئاخۆ ده‌بێت له پێشه‌كی ئه‌م ژماره چواره‌ی گۆڤاره‌كه‌دا، چی وتبێت و باسی له چی كردبێت؟
ئه‌و شتێكی ئاوامان پێده‌ڵێت: ڕۆژنامه‌ی “نیۆیۆرك تایمز” له‌و ژماره‌یه‌یدا كه له به‌رواری 7 مانگی نیسانی ڕابردوو بڵاوبووه‌ته‌وه، لاپه‌ڕه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی بۆ بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب، ئیبن توفه‌یل، به‌م ناونیشانه ته‌رخانكردووه: “ئه‌و بیرمه‌نده موسڵمانه‌ی ئیلهامی به‌خشییه نووسه‌ری ئینگلیز دانیال دیفۆ تاكو ڕۆمانه به‌ناوبانگه‌كه‌ی بنووسێت: ڕۆبنسۆن كرۆزۆ”.
ئاشكرایه ڕۆمانی ڕۆبنسۆن كرۆزۆ له سه‌ده‌ی هه‌ژده و له ساڵی 1719 بڵاوبووه‌ته‌وه. واته له گه‌رمه‌ی سه‌ده‌ی رۆشنگه‌ری. ڕۆمانه‌كه‌ی دانیال دیفۆ بریتییه له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆمانه فه‌لسه‌فییه‌ی كه ئیبن توفه‌یل، له سه‌ده‌ی دوانزه نووسیبووی، واته شه‌ش سه‌ده پێش ڕۆمانه‌كه‌ی دانیال دیفۆ. ئه‌مه‌ش ئه‌و مهسافهیهیه كه ده‌كه‌وێته نێوان ڕۆشنگه‌ری عه‌ره‌بی و ڕۆشنگه‌ری ئه‌وروپی. ئه‌مه مانای وایه رۆشنگه‌ری، یه‌كه‌مجار عه‌ره‌بی ئیسلامی بووه، به‌ر له‌وه‌ی ببێت به ئه‌وروپی. مانای گوزارشته قووڵه‌كه‌ی ڕێجس دۆبریه-ش ئا لێره‌دایه: عه‌ره‌ب به پێچه‌وانه‌ی ئێمه‌وه، پێش سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستیان، ڕۆشنگهرییهكهی خۆیان بینیوه. به‌و مانایه‌ی عه‌ره‌ب به درێژایی شه‌ش سه‌ده‌ی یه‌كه‌م، له ته‌مه‌نی شارستانییه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی، به قۆناغی ڕۆشنگه‌ریدا تێپه‌ڕیون، واته تا ساته‌وه‌ختی مردنی ئیبن ڕوشد له ساڵی 1198.
پاشان دوای ئه‌وه، چوونه‌ته ناو سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و سه‌ده تولانییهكانی دواكه‌وتنه‌وه، ئه‌مه دوای كوژانه‌وه‌ی ڕوناكی فه‌لسه‌فه و فیكری عه‌قڵانی له خۆرهه‌ڵاتی عه‌ره‌بییه‌وه بۆ خۆرئاوای عه‌ره‌بی، به هه‌مان ئاست. سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی ئێمه، تا سه‌ده‌ی ده‌یه‌م به‌رده‌وام بوو: مێژووی ده‌ستپێكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ سه‌ده‌ی ڕێنیسانسی شكۆدار. هه‌رچی ئه‌وروپییه‌كانه، ئه‌وان به درێژایی هه‌زار ساڵ، له قۆناغی تاریكی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا ژیاون، تا ئه‌و كاته‌ی له سه‌روبه‌ندی ڕێنیسانسه بهناوبنگهكهی ئیتالیا له سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م، ده‌ستیان پێكرده‌وه. دوای ئه‌وه ئه‌وروپییه‌كان، به ته‌واوه‌تی له قۆناغی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست هاتنه ده‌ره‌وه و فتوحاته زانستی و فه‌لسه‌فییه گه‌وره‌كانیان به‌دیهێنا و ڕۆشنگهرییهكهیان تاكو ئه‌مڕۆ له هه‌ڵكشاندایه.
دواتر بلوسیف به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ: فیكری مۆدێرنی ئێمه، باش له‌و گفتوگۆ گه‌وره‌یه تێگه‌شتووه؛ كه له نێون عه‌قڵ و ئیمان یان له نێوان دین و فه‌لسه‌فه له ئارادابووه. ئا له‌م گۆشه نیگایه‌وه، ئیبن توفه‌یل ڕێك و ڕاست بیرمه‌ندێكی ده‌ستپێشخه‌ر و پێشه‌نگ بووه. چونكه له سه‌ده‌ی دوانزهههمهوه، ئه‌و پرسیارانه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو و ڕێگای بۆ بیرمه‌نده ئه‌وروپییه‌كان ڕوناك كردووه‌ته‌وه، له نمونه‌ی دانیال دیفۆ كه له ڕێگه‌ی ڕۆمانه به‌ناوبانگه‌كه‌یه‌وه “ڕۆبنسۆن كرۆزۆ”ه‌وه، لاسایی ئیبن توفه‌یل-ی كردووه‌ته‌وه.
به‌راوردكردنی ئه‌م دوو ڕۆمانه جیهانییه له‌گه‌ڵ یه‌ك، به دروستی ئاسۆكان فراوانتر ده‌كات و بۆمان ده‌سه‌لمێنێت كه خه‌م و خه‌فه‌تی مرۆڤایه‌تی، یه‌ك شته یان له دواجاردا له‌یه‌ك ده‌چن. ئه‌مه مانای وایه سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی “حی بن يقظان”ی فه‌لسه‌فی و ڕۆمانی “ڕۆبنسۆن كرۆزۆ”ی ئه‌ده‌بی كه دوای ئه‌و هاتووه، یارمه‌تیمان ده‌دات له‌م گفتوگۆ فه‌لسه‌فی و میتافیزیكییه گه‌وره‌یه تێبگه‌ین. ئه‌وه گفتوگۆیه‌كه تا ئه‌مڕۆش، جیهانی ئێمه‌شی سه‌رقاڵ كردووه. ئه‌و گفتوگۆیانه زه‌مه‌نی ئێمه‌ی سه‌رقاڵ كردووه، زه‌مه‌نێك پڕه له دڵه‌ڕاوكه و توڕه‌یی و ناڕه‌زایی. هیچ ڕۆشنبیرییه‌ك له جیهاندا نییه، پرسیاری جه‌وهه‌ری له‌م جۆره نه‌خاته‌ڕوو: ئێمه كێین؟ له كوێوه هاتووین؟ چاره‌نووس به‌ره‌و كوێیه؟ وه‌ڵامه‌كانی ئیبن توفه‌یل، حیكمه‌تی كه‌لتوره گه‌وره‌كه‌ی ئیسلامی و حیكمه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی كه له‌و ڕۆژگاره‌دا له ئه‌نده‌لوس زۆرباش ناسرابوو، پێكه‌وه كۆده‌كاته‌وه. بگره خودی ئیبن توفه‌یل، یه‌كێك بوو له گه‌وره چاودێریكارانی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی.
هه‌رچی خانمه توێژه‌ر ئیڤان جانادان-ه؛ كه كۆمیسیاری گشتی ڕابیتهكه و بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی گۆڤاره‌كه‌یه، وه‌ك پیشه‌ی هه‌مو جارێكی، سه‌رجه‌م موداخهلهكانی جوانتر كردووه، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی نووسینی پێشه‌كی بۆ هه‌ر موداخهلهیهك. ئه‌و پێشهكییانه، هه‌ر موداخهلهیهك ده‌خته ناو چوارچێوه مێژوییه بهرفراوانهكهیهوه، لێره‌وه یارمه‌تیمان ده‌دات باشتر لێی تێبگه‌ین و هه‌زمی بكه‌ین. له قسه‌كانی ئه‌و خانمه و ڕاڤه‌كردنه قووڵه‌كانی، تێده‌گه‌ین ئه‌و به دروستی پسپۆڕه له كه‌لتوری عه‌ره‌بی ئیسلامی و به شێوه‌یه‌كی ورد شاره‌زای كێشه و گرفتهكانییهتی. به‌ڵام ناونیشانی ئه‌م موداخهلانه چییه و خاوه‌نه‌كانیان كێن؟ موداخه‌له‌ی یه‌كه‌م هی دكتۆر مۆرینۆ ئهلئهعجهمییه و ئه‌مه ناونیشانه‌كه‌یه‌تی: “به‌هه‌شت و دۆزه‌خ به گوێره‌ی قورئانی پیرۆز”، ئه‌و توێژه‌ره، (واته مۆرینۆ ئهلئهعجهمی-و.ك) له‌یه‌ك كاتدا دكتۆری پزیشكی و دكتۆری زمان و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بییه. جگه له‌وه ئه‌و به پله‌ی یه‌كه‌م، پسپۆڕه له توێژینه‌وه قورئانییه‌كان.
هه‌رچی موداخه‌له‌ی دووه‌مه كه له گۆڤاره‌كه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، له نووسینی “مه‌جدی ئهلساحلی” توێژه‌ره، ئه‌م توێژه‌ره خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دكتۆرایه له بواری لێكۆڵینه‌وه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئه‌و ساڵی 2012، تێزی دكتۆراكه‌ی به ناونیشانی “ته‌سه‌وف له ڕۆمانی حی بن يقظان-ی ئیبن توفه‌یل 1110- 1185”: لایه‌نی ڕۆحی ته‌سه‌وف كه له‌ژێر لایه‌نه فه‌لسه‌فییه‌كان شاراوه‌ته‌وه، له زانكۆی ستراسبۆرگ و به سه‌رپه‌رشتی پڕۆفیسۆر ئاریك جوفروا گفتوگۆی له‌سه‌ركرا. ناونیشانی موداخهلهكهی ئه‌مه‌ی خواره‌وه بوو: ئایا حی بن يقظان، فه‌یله‌سوفه یان متهسهوفێكی عوسامییه؟
پرۆفیسۆر ئاریك جوفروا، مامۆستایه‌كی گه‌وره‌یه له زانكۆی ستراسبۆرگ، من شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م هه‌بوو یه‌كێك له كتێبه‌كانی به ناونیشانی “ئاینده بۆ ئیسلامی ڕۆحانییه”، وه‌رگێڕم بۆ زمانی عه‌ره‌بی، له بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌رگێڕان، قاهیره 2016.
له كۆتایدا خانمی توێژه‌ر ئیڤا جانادان، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌مان پێده‌ڵێت: ئه‌م شاكاره‌ی كه‌لتوری ئیسلامی، واته حی بن يقظان، گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه، نێوان سروش/وه‌حی و عه‌قڵ یان نێوان ئاین و فه‌لسه‌فه‌ی ئاشتكردووهتهوه. ئه‌مه‌یه ئه‌مڕۆ ئێمه زۆر پێویستمان پێیه‌تی. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئیمام غهزلییه كه له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا “تهافت الفلاسفه”، زۆر به تووندی هێرشی كردووه‌ته سه‌ر فه‌یله‌سوفه‌كان. ئیبن ڕوشد له كتێبه هه‌ره به‌ناوبانگه‌كه‌یدا “تهافت التهافت” وه‌ڵامی غه‌زالی ده‌داته‌وه. به‌ڵام غه‌زالی سه‌ركه‌وت، چونكه ئێمه ڕۆچوبووینه ناو سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و دواكه‌وتنه دوور درێژهكهمانهوه و ورده ورده له ناویدا نوقمبووین. تۆ بڵێی دواجار خه‌به‌رمان بووبێته‌وه و بهئاگاهاتووینهتهوه؟
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، پێنج شه‌ممه، 4 تشرینی دووه‌م 2021