وتوێژ لەگەڵ ژیل ڤۆبۆنت
ر.ج: ئێمە ئەمڕۆ ڕوبەڕووی مەسەلەی جیهانگیری بوینەتەوە کە وتوێژی کلتوورەکانیش دەگرێتەوە. جیهانگیری پێداوستی یەکێتی کۆمەڵگاکان لەگەڵ خۆی دێنێت. ئایا بڕواتان وایە ئەمجۆرە جیهانگیریە بەمانای لەناوبردنی چونیەکیەکان و نەریتەکانە، یان ئەوەی فرەیی کلتوورەکان دەتوانێت بەشداری لە درووستکردنی کۆمەڵگایەکدا بکات کە خەڵک ژیانێکی باشیان لەناویدا هەبێت؟
ژ. و: هەستدەکەم هەردووکی ڕاست بێت هەندێکجار جیهانگیری لە ئاستی یەک شارستانێتیدا ڕوودەدات و گۆڕانێکی کلتووری درووست دەکات. لێرەدا جیاکاریەک لەنێوان شارستانێتی و کلتووردا دەکەم. بە بڕوای من شارستانێتی بەمانای ڕێکخستن تەکنیک، زانست و لێهاتووی دێت (بەمانایەکی تر باڵادەستی بەسەر سروشت و دنیادا). هەستدەکەم لەم دیدگایەوە بەرەو چونیەکیەکی زۆر زیاتر لەجاران دەچین. چونکە خەڵکی لە هەموو شوێنێکی دنیا ئوتومبیل و کۆمپیوتەریان دەبێت. ئەمە پێشکەوتنە و ناکرێت ڕێگەی لێ بگیرێت. بەڵام بۆ خەڵکێک کە دەیانەوێت کەسایەتی کلتووری خۆیان بپارێن، چەندان سنووردارێتی درووست دەبێت. من بڕوام وایە جیاوازی خەڵکی لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا لە ئاستی ئاماژەکان و شێوەی تێگەیشتنی دنیادا دەبێت. لێرەوە ئێمە هەروەها بەرەو جۆرێک جیاوازی گەورەی کلتوورەکان و سەلماندنی بەهای هەریەکێکیان دەڕۆین. ئایا دەزانن روت بندیکت چ پێناسێکی بۆ کلتوور کردووە؟ ئەو دەلێت (کلتوور شێوازی جیاکردنەوەی خودە لەوانی دی). لەبەرئەوە من بڕوام وایە ئەم دوو دیاردەیەی کلتوور و شارستانی، بەیەکەوە دەبن. هەستدەکەم جیاوازی نێوان جیهانگیری و فرەیی کلتووری لە دنیای ئێمەدا بەم نموونەیە ڕوون دەبێتەوە: لەهەموو شوێنێک ئوتومبیل هەیە، بەڵام شێوازەکانی لێخۆڕین جیاوازە، و ئوتومبیل وەک ناساندنیێکی کۆمەڵایەتی، یەک کرداری. بۆ نموونە لەدوو وڵاتی وەک ئەڵمانیا و هندا نیە.
ر. ج: کەوابوو دەتوانرێت بگووترێت ئەوەی زۆرتر بەجیهانی دەبێت، عەقڵئامێری یان تەکنیکیە، نەک عەقڵی ڕەخنەگرانە. بە دەربڕینێکی دی لە دنیای ئەمڕۆدا خەڵک زیاتر و زیاتر مل بۆ عەقڵئامێری دەدەن تاکو ناسین و زانینی مۆدێرن کە سەرچاوە و بناغەی عەقڵئامێریە؟
ژ. ڤ: بەڵێ ڕاستە. گووتمان کە کارکردنە مرۆییەکان لەئاستی جیهانیدا زیاد لە جاران هاوکاتی عەقڵانیەتە، بەڵام عەقڵانیەت دەتوانێت بە شتی جیاواز کۆتای بێت. پێشتر خەڵکی لەگەڵ فەلسەفەی ڕۆشنگەریدا هاوڕا بوون و دەیانگووت گەر هەمووان بەپێی حوکمێک لەسەر بنەمای عەقڵ کار بکەن، هەموو خەڵکی ڕەفتاری یەکسانیان دەبێت. لەکاتێکدا هەستدەکەم عەقڵی یەکسان دەتوانێت ڕەفتاری زۆر جیاواز پێشکەش بکات.
ڕ. ج: بۆ نموونە وەک چی؟
ژ. ڤ: بۆ نموونە دەتوانین باسی زانست بکەین. ئێمە دەتوانین لە سیستەمێکدا جێگەی جیاوازمان بۆ عەقڵانیەت هەبێت. بۆ نموونە لە سیستەمێکدا کە هەموو شتێک لەسەر بناغەی عەقڵانیەتە، دین جێگەی خۆی هەیە. لەکاتێکدا لەسەردەمی رۆشنگەریدا وادەزانرا کە دین لەبەرامبەر عەقڵدا هیچ جێگەیەکی نابێت.
ڕ. ج: ئایا بڕواتان وایە بنەمای پێشکەوتن کە ڕۆشنگەری هێنایە پێشێ، لە دنیای ئەمڕۆشدا بایەخی هەبێت؟
ژ. ڤ: هەندێک لە چەمکەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری هێشتا بایەخیان هەیە، بەڵام بە بڕوای من چەمکەکانی پێشکەوتن و گۆڕان، کە لە گۆرانگاریەکانی مۆدێرنەدا جێگەی هەیە، دەبێت ڕەخنە و تاوتوێ بکرێن. هەستدەکەم نابێت هەموو شتێک واز لێ بێنین، و تەنیا دەبێت ئەوە ببینین کە چ خاڵێک لە بیرکردنەوەی بیریارانی سەردەمی ڕۆشنگەریدا پۆزەتیڤە. چونکە لەسەرەتای مرۆڤایەتیەوە تا هەنوکە گۆڕان و گۆرانکاری هەبوو و گۆڕانکاریش هەمیشە نیگەیتڤ نەبووە.
ڕ. ج: کەوابوو ئێوە هەڵوێستێکی دژ بە پۆستمۆدێرنتان هەیە لە شێوازی سەیرکردنتان بۆ کلتوور؟
ژ. ڤ: پۆستمۆدێرن یانی چی؟ هەستدەکەم ئێمە ئەمرۆ بە ئەستەم مۆدێرنین.
ر. ج: ئەگەر ڕۆژئاوا بە ئەستەم مۆدێرنە، کەوابوو لەبارەی وڵاتەکانی جیهانی سێهەمەوە چی بڵێین؟
ژ. ڤ: هەستدەکەم مۆدێرنەیەک هەیە کە ئایدیالە، بەڵام بڕوا ناکەم سەرزەمینێک هەبێت لەسەدا سەد پرۆژەی مۆدێرنەی جێبەجێ کردبێت. بۆ نموونە یەکێک لە بەهاکانی مۆدێرنە واتە سەربەخۆی تاکەکەس لەبەرچاو بگرین. لە فەڕەنسا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سەربەخۆی تاکەکەس بە کامڵی بەدی نەهاتووە. ڕاستە لە خۆرهەڵاتی نزیک تاکەکان کەمتر سەربەخۆن، بەڵام لە ڕۆژئاوای مۆدێرنیشدا سەربەخۆی کامڵ بوونی نیە
ڕ: ج: ئێوە لە عەقڵانیەتی مۆدێرندا فرەیی کلتوورەکان لەکوێدا دادەنێن؟
ژ. ڤ: من یەکەم جار لەسەر نەخشەی جوگرافیا دایدەنێم. چونکە سەڕەرای ئاڵوگۆڕ و هێنان و بردنەکانی مۆدێرن، فرەیی کلتووری پێش هەموو شتێک جوگرافیە. بەڵام نامەوێت بڵێم ئەم شتە بەناچار بە پەیوەندیەکی زۆر لەنێوان خەڵکدا کۆتایی دێت. ئەمە لای من وەک فرەیی کلتوورە کە بە زیادبوونی پەیوەندی کامڵ دەبێت و دەکرێتن ناوی بنێین (نێوان کلتووری). واتە ئەوەی کلتوورەکان شکڵیان دەگۆڕێت، چونکە هۆکارەکانیان دەگۆڕێت، زیاد لە جاران دەکەونە ژێر کاریگەری یەکەوە. باسکردنی کلتوورە جێگیر و سەقامگیرەکان کێشەیە، چونکە کلتوور پرۆسەیەکی دینامیکیە. کلتوورێک کە بتوانرێت لە پاکەتێکدا کۆی کەیتەوە و وەک شتێکی دیاریکراو پێناسی بکەیت، هەرگیز بوونی نیە. ئەگەر بمانەوێت وا بکەین، ئەوا لە واقعیەت نەگەیشتووین. لێرەوە کلتوورەکان لە جوڵە و بزاوتی هەمیشەیدان. هەستدەکەم ئەمە لە کلتووری ڕۆژئاوادا بەشێکە لە خودی دینامیکەیەتی ڕۆژئاوا. بە واتە ئێمە لە کلتوورێکەوە کە شێوەی دەستەبژێری هەبوو، بەرەو کلتوورێکی یەکپارچە گەیشتووین. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەگەزەکانی کلتووری ڕۆژئاوا هەمیشە بکەوێتە ژێر پرسیار. بەمانایەکی دی کلتووری ڕۆژئاوا، کلتورێکی ڕەخنە قەبوڵکەرە.
ڕ. ج: ئایا ئێوە ڕۆژئاوا وەک یەکەیەکی نێوان کلتووری تەماشا دەکەن کە بە کەماڵ گەیشتووە؟
ژ. ڤ: کلتووری ڕۆژئاوا لەگەل ئەوەدا کە بە کلتووری مۆدێرنی ناودەبەین تەبایە. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نیە وڵاتە ئەورپیەکان کلتووری جیاوازیان نیە. هەر گروپێک لە ڕۆژئاوا کلتووری خۆی هەیە. لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین کلتورێک لە ئاستی جیهانیدا، کلتوورێک لە ئاستی ئەوروپادا، کلتوورێک لە ئاستی ناوخۆی هەر نەتەوەیەکی ئەوروپیدا هەیە. وەک دەشزانن لەناو هەر نەتەوەیەکی ئەوروپیدا گەلی جیاواز هەن (گەلانی باسک،برتۆن، کەتالۆنیا و هتد) هەروەها کۆمەڵەی وەک کۆمەڵەی موسڵمانان و کۆمەڵەی بوداییمان هەیە. هەموو ئەم کلتوورانە هەندێکجار لەیەک سەرزەمین و هەندێکجار لەیەک ئایدۆلۆژیا و هەندێکجار لە یەک بەشی ئابوریدا بوونیان هەیە کە تێکچڕژاوون.
ڕ. ج: لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەوروپا خۆی بە سیاسی ئابووری پیشان دەدات، بەڵام کاتێک لە نزیکەوە سەیری مەسەلەکە دەکەین خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە دیاردەی نێوان کلتووری لە ڕەفتار و رۆحیات یان لە ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی ئاسای ئەوروپادا ڕەنگی نەداوەتەوە. هێشتا ئالۆزیەکانی شوناس و مانیفیستی (خود) کە لەبەرامبەر مانیفیستی ئەوی دیدا دروست دەکرێت، بوونی هەیە.
ژ. ڤ: بەڵێ بێگومان. جگەلەمە من دڵنیا نیم کە بکرێت لە ئەوروپادا بەکلتوورێک بە بەهای هاوبەشەوە بگەین. چونکە گەر بمانەوێت ئەوروپا لەڕووی کلتووریەوە یەکپارچە بکەین، کلتوورەکان نەزۆک دەکەین. دینامیکیەت لە کلتوورێکەوە سەرچاوە ناگرێت کە خۆی دەپارێزێت، بەڵکو سەر بە کلتوورێکە کە ڕێگە دەدات کلتوورەکانی دی کاری لێبکەن. بەمشێوەیە گەر بمانەوێت لە یەکێتی ئەوروپادا یەکێتی کلتووری درووستبکەین، کلتووری ئەوروپی بەتەواو نەزۆک دەبێت. دەبێت کلتووری ئەوروپی ڕێگە بدات کلتوورەکانی دی وەک کلتووری ئەمەریکی یان چینی کاری لێبکەن. بە بڕوای من لە زەمینەی شارستانێتیدا وڵاتە ئەروپیەکان دەبێت لەیەک نزیک ببنەوە، دیارە تێبینی ئەوەم کردووە کە لە زەمینەی تەکنەلۆژیا و دیموکراسیشدا دەبێت لەیەک نزیک بنەوە. نەک تەنیا لە ئاستی بەهاکاندا.
ڕ. ج: ئایا دەکرێت بگوترێت فرەیی کلتوورەکان شێوازێکە بۆ ئاشتکردنەوەی کلتوووری جیهانی لەگەڵ کلتووری خۆماڵیدا؟
ژ. ڤ: بەڵێ، چونکە لە دیاردەی نێوان کلتووریدا هەرکەس دەتوانێت ڕەوتی هەڵبژێراوی خۆی هەڵبژێرێت، چونکە ئەم ڕەوتە بە ناچاری پەرەسندنئامێزە. واتە هیچ کەس ناتوانێت لە کۆمەڵگادا بوونی هەبێت، مەگەر ئەوەی ڕەگەزەکانی تری کلتووری کە لەدەرەوە بۆی هاتوون، دەستی تیایدا نەبێت. ڕەگەزە کلتووریەکان زۆر دەوڵەمەندن، بەڵام هەر کەسێک دەتوانێت بەپێی دینامیکیەتی خۆی سوودی لێ وەربگرێت. لەلایەکی دیەوە ئەم شێوازە بۆ بەدیهاتنی کلتووری جیهانی لە ئاستی ڕێزگرتنی بنەماکانی پەرەسەندنە. واتە ئەگەر مرۆڤ پێش نەکەوێت و بەردەوام لەپەیەوەندی بەوانی دیەوە خۆی دەوڵەمەند نەکات، ناتوانێت وەک مرۆڤێک بژی. کلتوووری جیهانی زۆرتر سیستەمێکی دینامیکی و ئاراستەدارە، تاکوو بەشداربوون و هاوبەشی کردن لەم یان ئەو بەهادا.
ڕ. ج: کەوابوو تێگەیشتنی ئێوە بۆ جیهانگیری زۆرتر لە چوارچێوەی فەلەسەفەی هیگڵدایە تا بیرکردنەوەی کانت. ئایا ئێوە دیاردەی نێوان کلتووری لەپرۆسەی مێژووی مرۆڤایەتیدا دادەنێن؟
ژ: ڤ: بەڵێ. بەڵام بەو جیاوازیەوە کەمن هەستناکەم ئەم پرۆسەیە لە دەرەوە ئەنجام بدرێت، بەڵکو ئەم پرۆسەیە لە جەوهەری مرۆڤدا دەبینم، بەپێچەوانەی تیورەی هیگڵەوە کە بڕوای وایە زیهن یان ڕۆح دەتوانێت ڕابەرایەتی مێژوو بکات.
ڕ. ج: کەوابوو لە دنیای ئەمڕۆدا کام هێزی مەعنەوی بناغەی فرە کلتووری بەرەو پێش دەبات؟ دین یان مرۆڤ بوون؟
ژ: ڤ: هەستدەکەم دیسان لێرەدا لە چوارچێوەی مانای مرۆڤدا ڕاوەستاوین، دیارە نەک بە شێوازی کانت کە لەدیدی ئەودا عەقڵی مرۆڤ لە خودی خۆیدایە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئێمە پێکەوە دەژین. بەو مانایەی ژیانی تاکەکەسی بە بێ ئەودی دی بوونی نیە. بە بڕوای من مەسەلەی (ئەوی دی) بە ئەندازەی مەسەلەی شوناس گرنگە. نۆربرت ئەلیاس لەبارەی پەیوەندی کەس و کۆمەڵگاوە، زۆر کاری کردووە. بەپێی تیورەکەی ئەو کۆمەڵگا لەدەرەوەی (ئێمە) نیە، بەڵکو لە (دەروون)ماندایە. هەستدەکەم هەریەک لە ئێمە نەخشەگەلێکمان وەرگرتووە کە بەیەکەوە تێکئاڵاون و لەپەیوەندی بەوانی دیەوە گۆڕاوون. لە کلتوورەکانی دیشدا نەخشەی وا هەن کە بەهۆی کەس و گروپە جیاوزەکانەوە تێکئاڵاون. لەپەیوندیدا بە نێوان کلتووری جیاوازەکانی خەڵکەوە دەتوانین هەوڵبدەیەن تێبگەین چ نەخشەگەلێک لەیەکەوە ئاڵاون. نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە: من هەنوکە کار لەسەر مەسەلەی سەربەخۆی دەکەم. لەسەردەمی ئامراز بەدواوە چەندان هەوڵ دراوە بۆ سیستماتیک کردنی کۆمەڵگا بە تیورە گەورەکان. لە فەلسەفەی ێۆناندا جێگەی عەقڵ و ڕەخنەگرتن پێش ئەوەی لە هیچ کۆمەڵگایەکی دیدا هەبوو بێت، بوونی هەبووە، پێش سوقرات قوتابخانەی سۆفیستەکان هەبوو. لە سەردەمی ڕینسانسدا ئەم بنەمایە سەرتاسەری ئەوروپای گرتەوە و سەرەتا سەربەخۆی زانستەکان لە دین درووست بوو. لە قۆناغی دووهەمدا پاش سەردەمی ڕۆشنگەری سەربەخۆی تاکەکەس لە پەیوەندیدا بە کۆمەڵگاوە پەیدا بوو کە دواجار لە ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە هۆی تاکگەری. دواجار بەهۆی چوون و هاتنی خەڵکەوە کە بە هۆی کۆچکردنەوە دروست بوو، تێبینی ئەوەم کرد لەو ڕەخنانەی کۆچبەران لە فەڕەنسیەکانی دەگرن ئەوەیە کە فەڕەنسیەکان تاکگەرن. لەڕاستیدا کاتێک سەیری ئەم تاکگەریە دەکەین، دەبینین کە سەربەخۆی بوونی نیە، چونکە کۆمەڵگا ناخاتە بەرچاو. لەبیرکردنەوەی کەسێکی وەک ڕۆسۆدا تاک لەپلەی یەکەمدا دێت، دەبێت چاوەڕێی دۆرکهایم بکەین بۆ ئەوەی جارێکی دی کۆمەڵگا بۆ بیریارانی فەڕەنسی گرنگی پەیدا بکات.
ڕ. ج: کەوابوو ئایا دەتوانین تاکگەری دیموکراتی بەراورد بکەین بە تاکگەری خۆویستانە؟
ژ. ڤ: بەڵێ ڕێک وایە. بەڵام ئەوەی نیگەرانم دەکات، بڵاوبوونەوەی تاکگەریە، بە بڕوای من کۆمەڵگەری گۆراوە بۆ نەریتێکی تاکەگەریانە. خاڵێکی جێگەی سەرنج کە لە نێوان کلتووریدا هەیە، ئەوەیە تاکگەر دەبێت هەوڵبدات بۆ ئەوەی کۆمەڵگەری پەیدا بکات. بەو مانایەی ئەو نەخشانەی لە زیهنی تاکدا هەیە لەپەیوەندیدا بە تاکگەری و کۆمەڵگەری شکڵیان بگۆڕێت. بەبڕوای من تێکەڵبوونی کلتووریی جەوهەر و بناغەی ئەم گۆڕانکاریانەیە.
ڕ. ج: بەدەربڕینێکی تر بە پێی قسەکەی ئێوە ئەگەر نێوان کلتووری لەسەر بناغەی سەربەخۆی نەبێت، ناتوانێت بوونی هەبێت؟
ژ. ڤ: بە بڕوای من سەربەخۆی خەسڵەتێکە لە هەردووکیان. سەربەخۆی جۆرێک نێوان کلتووریە چونکە ئێمە دەتوانین ئەم مەسەلەیە لە زۆرێک لە رەگەزەکان و بەهاکانی تردا وەک هەقیقەت بەکار بهێنین. بۆ ئێمەی ڕۆژئاوایی هەقیقەت، زانستیە. بۆ موسڵمان شتێکە کە وەحی دروستکردووە، بۆ ئەفریقاییەک هەقیقەت ئەوەیە کە بوونی خەڵکی لەبەرچاو بگرێت. لە چیندا هەقیقەت ڕێکەوتنی ڕاکانە. لەبەرئەوە ئێمە دیدە جیاوازەکان بۆ هەقیقەت لەیەک دەئاڵێنین و لە نێوان کلتووریدا دەتوانین بیان بینین. بەڵام نێوان کلتووری خوازیاری ئەوەیە ئەم جیاوازیە هەمەکیانە و پێگەکان بدۆزینەوە. فەیلەسوفێک لە مەغریب هەبوو دەیگووت نێوان کلتووری هونەرێکە. هونەرێک کە خۆی پەرە پێدەدات. کەوابوو دەبێت ڕێگەیەک بۆ ناو نەخشەی زیهنەکانی دی بدۆزرێتەوە.
ڕ: ج: بەڵام بۆ گەیشتن بە سەربەخۆی لە ئاستی کۆمەڵدا دەبێت لە ئاستی مرۆڤی بیرکەرەوەشدا سەربەخۆ بیت. ئەوەی مۆدێرنە بە دنیای دەدات ئەوەیە قسە لەبارەی سەربەخۆی لە پەیوەندیدا بە دین و سیاستەوە بکات. ئێستا چون دەتوانین لە سەربەخۆی مرۆڤەوە بە سەربەخۆی لە ئاستی نێوان کلتووریدا بگەین؟
ژ. ڤ: هەردوکیان پێویستن بەڵام نازانم ئایا دەکرێت لەیەک جیا بکرێنەوە یان نا؟ بەهەرحاڵ بڕوا ناکەم بتوانین مرۆڤ لە دەرەوەی کۆمەڵگا دابنێین. و دەبێت بزانین کۆمەڵگاش لەناو مرۆڤدایە.
ڕ.ج: کاتێک ئێوە باسی دیاردەی نێوان کلتووری بەبەراوورد بە (ئەوی دی) و (ئەویدی بوون) دەکەن، وادەزانرێت کە بەردەوام ڕۆژئاوا دەوری (من)ی بە پێدانی دەوری (ئەویدی) بەوانی دی داوە. بەمشێوەیە بەردەوام دوو ڕوانین بوونی هەبووە: دیدی ڕۆژئاوا بۆ کلتوورەکانی دی و دیدی ئەوانی دی بۆ ڕۆژئاوا.
ژ. ڤ: بەڵێ، ئەوەی من لێرەدا نیگەران دەکات، نەبوونی لێکتێگەیشتنە. دیاردەیەک کە زۆر لای ئێرانیەکان نایبینین. بەڵام ئەم مەسەلەیە بەتایبەتی لەناو وڵاتە ئەفریقیەکانی کۆلنیالیزەکراودا دەبنرێت. واتە ئەوەی دیاردەی نێوان کلتووری تەنیا لە هەندێک هەلومەرجدا مومکینە و ناتوانێت هەمیشە ئامادە بێت. یان ئەوەی بەشێوەیەکی زۆر کەموکوڕانە دەبێت، ئەگەر نایەکسانی لە نێوان هاوبەشەکاندا هەبێت. من لە ڕابردوودا
لە ڕێکخراوە نادەوڵەتیەکاندا بۆ ناسینی کلتوورەکانی کەمایەتیەکان خەباتم کرد، چونکە ئەم دیاردەیە جگە لە ڕێگەی ناسینی هەردوو ئاراستەکە بەشێوەی یەکسان مومکین نیە.
دیارە لە ڕابردوودا دنیای ئەوروپی ، ئەفریقای وەک هاوبەشێک بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا نەدەناسی و دیدی خۆی بەسەریدا دەسەپاند. کەوابوو هاوسەنگیەکی سیاسی پێویستە بۆ ئەوەی گفتوگۆی نێوان کلتووری ئەنجام بدرێت. دەبێت بزانین گەنجێکی پەراوێزی شار هیچ جۆرە گرنگیدانێکی بۆ دیاردەی نێوان کلتووری نیە، چونکە تا بیەوێت کارێک یان جێگەیەک بدۆزێتەوە، پێی دەڵێن: (ناوی تۆ ئەحمەدە و فەرەنسی نیت). لەم ئاستەدا ئێمە هێشتا بە نێوان کلتووری نەگەیشتووین. تەنانەت گەر بتوانین لەبارەی نێوان کلتوریەوە لەم ئاستەدا بدوێین، کلتوور دەورێکی تایبەت دەبینێت. بەڵام لای من مەسەلەی گرنگ زەمینەی سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵگایە. کلتووریش تا ئەو شوێنە دەتوانێت دورێکی گرنگ ببینێت کە بتوانێت تاکەکان کۆبکاتەوە و دڵنیایان لەپەیوەندیان بە خۆیان و ئەوانی دیەوە پێ ببەخشێت.
ڕ. ج: بەداخەوە ئەم پێشداوەریانە ئەم ڕۆژانە لەناو نەچووە، بەڵام بە لەناوچوونی گرنگی دەوڵەتە نەتەوەییەکان و زیادبوونی شووناسە بان نەتەوەیەکان، گەمەیەکی ئاوێنەئاسا کە لەنێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا هەیە، بەرەو زەمینەی تری وەک کلتوور یان دین گۆڕڕاوە.
ژ.ڤ: دەبێت لەگەڵ ئەم تیورەیە لەبارەی کلتوورەوە زۆر بە وریایەوە مامەڵە بکرێت و هەموو شتێک نەگەڕێنینەوە بۆ کلتور. ناکرێت کلتوور لە پەیوەندیەکانی تری: دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری جیابکرێتەوە. کلتوور قەبارەیەکە لەم پەیوەندیانە. لەپەیوەندیدا بە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە دەبێت کلتوور لەبەرچاو بگرین. بەڵام دەبێت بزانین ئێمە لەم بوارەدا تەواو لە حاڵەتی گۆڕانداین. تەماشای گۆڕانە کلتووریەکان لە چین بکەن: ئێمە لە چین لەهەمانکاتدا تاکگەری گەشەکردوو و هەروەها سیستەمی بیرۆکراتی کۆمنیستی دەبینین. ڕەنگە هەر لەبەرئەمەش بێت ئەمریکەیاکان دەتوانن مامەڵە لەگەڵ چینیەکاندا بکەن. من بۆ چین چووم، هەم ئەو کەسانەم دیووە کە دەرگیری شێوازی بیرۆکراتین و هەم ئەوانەی دەرگیری تاکگەری توندڕەو بوون. بەڵام ڕەنگە بکرێت ئەو پرسیارە بکرێت کە ئایا نەریتە ئابوریەکان جێگەی شاررستانێتیەکانی نەگرتۆتەوە؟ هەروەها دەکرێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین پاشماوە کلتووریەکان تیایدا چین؟ دیارە ئەو مەترسیە هەیە هەموو ئەمانە وەک کاردانەوەیەک بن. بۆ نموونە لە ئەورپادا شێوەی ژیانی ئەمەریکایی زۆر بەرچاو دەکەوێت، ڕەنگە سیستەمی ئەمەریکایی بگۆڕێت…
ڕ. ج: بە چ شێوەیەک؟
ژ. ڤ: هەستدەکەم لە ئاستی تێگەیشتندا بۆ کات. تێگەیشتن لە کات لە ئەمەریکادا لە ئاستێکی بەرزدایە، بەڵام لای چینیەکان لە ئاستێکی درێژخایەن تردایە بۆ کات. لێرەدا ئێمە دوو تێگەیشتنی جیاوازمان بۆ کات هەیە.
ڕ. ج: بەڵام ئایا ئەو هەقیقەتە نیە کە جیاوازیە کلتوورەیەکان داوای دەرچوون لە خۆیمان لێ دەکات؟ بەبڕوای من کۆمەڵگای نێوان کلتووری دەبێت فرەیی دیدگاکان قەبوڵ بکات، چونکە بێ ئەمە ئێمە نە دیدێکمان بۆ ئەوی دی دەبێت و نە دیدی ئەوانی دی بۆ خۆمان.
ژ. ڤ: من دوو کتێبم لەم بارەیەوە بەچاپ گەیاندووە: ڕێگرە کلتوورەیەکان لەبواری پەروەردەدا، ڕێگرە کلتووریەکان لەبواری چالاکیە کۆمەڵایەتیەکاندا.
دیارە ڕەخنەی زۆرم لێگیرا، چونکە خەڵک پێیان دەگووتم دیاردەی نێوان کلتووری جۆرێک دەوڵەمەندکردنە، نەک ڕێگری دروستکەر. بەڵام من بە پێچەوانەوە دەڵێم پەیوەندی نێوان تاکەکان بە کلتووری جیاوازەوە، پەیوەندیە لەگەڵ (ئەوی دی) و توندە و ڕەنگە لە قۆناعی دووهەمدا سەرنجڕاکێشیش بێت. کەوابوو هەوڵێکی بەردەوام بان مرۆیی لە مرۆڤە بەرپرسیارەکان داوا دەکات، بۆ ئەوەی لە قۆناعی سەرەتایی تێپەڕن و بە قۆناغی دووهەم بگەن. بەڵام ئەمە دیار نیە، چونکە تەنیا بەهۆی پەیوەندی بەوانی دیەوە کەسێک نابێت بە نێوان کلتووری. وەک گووتم دیاردەی نێوان کلتووری جۆرێک هونەری ژیانە.
ر. ج: بەڵام لەنێوان بەگەردونی بوونی شارستانێتیە ڕۆژئاواییەکان، کە پەنجە بۆ ئەوی دی وەک (دڕندەیەکی باش) رادەکێشێت، و بن بەستی دۆخی ڕێژەگەری ڕەها، ئێوە لەسەر چ بناغەیەک بڕواتان وایە دەکرێت گفتوگۆی نێوان کلتووری درووست بکرێت؟
ژ. ڤ: بە بڕوای ڕۆژە باستید ئەوە کلتوورەکان نین کە ڕووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، بەڵکو تاکەکانن کە ڕووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. هەستدەکەم دەکرێت بە زیادبوونی بەرکەوتنەکان، ئەم دژیەکیە بەجێبهێڵین. ئەمەش پێویستی بەوە هەیە دەزگاکان ڕوو لەو بیرۆکەیە بکەن و خەڵکیش قەبوڵی بکەن کە ئەم هەوڵە ئەنجامبدەن. ئەم مەسەلەیە تەنیا نیەت باشی نیە، بەڵکو مەسەلەی هەلومەرج لە ئارادایە. لە هەلومەرجێکی نائەمنیدا ئەم ووتوێژە ئەستەمترە تا ئەو کاتەی خەڵک هیچ کێشەیەکیان نیە. بە دەربڕینێکی تر گفتوگۆ بۆ ڕۆشنبیرێک کە لە خۆشگوزەرانیدا دەژی، ئاساترە بۆ گەلێک کە لە دۆخێکی ناسەقامگیردا دەژی و دەبێت بەرگری لە خۆی بکات. کەوابوو دەبینین ئاسایش بۆ گفتوگۆی نێوان کلتووری گرنگە. بەڵام لەلایەکی دیەوە نائەمنی ڕێگە دەدات کە بابەتی (ئەوی دی) بێتە پێشێ. ئەمە هەموو ئەو مەسەلانەیە کە پاش ١١ سپتمەمبەر لە ئەمریکادا ڕوویداوە. ئایا ئەم ڕووداوە وا لە ئەمریکیەکان دەکات زیاتر بکرێنەوە یان زیاتر زیهنیان دابخەن.
ڕ. ج: من بیردەکەمەوە ئێوە لەگەڵمدا هاوڕان کە تەنیا یەک شێوە بیرکردنەوەی سادە لەبارەی لێکبوردنەوە بەس نیە بۆ ئەوەی فرەجۆری کلتووریمان هەبێت. دەبێت پێداویستیە تیوریەکانی بیروڕای ڕۆژئاواییەکان لەگەڵ تایبەتمەندیەکان زانیاریەکانی بە نەریتیان دەزانین، بگونجێنین. ئایا بڕواتان وانیە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی فرە کلتووری، پێش هەموو شتێک دەبێت دەوڵەمەند بێت بە فرەیی ئەبستمۆلۆجیایی؟
ژ. ڤ: دەبێ بزانین ئەوانی دی چۆن کار دەکەن و چۆن بیر دەکەنەوە. هیچ جۆرە ئالۆگۆڕی بیروڕای نێوان کلتووری نیە، بە بێ دەسگەیشتن بە دیدی دنیای(ئەوی دی). بەڵام دیدی دنیای ئەوی دی هەندێکجار لە شتە زۆر ئاساییەکانەوە بەدەست دێت. لەسەردەمی خوێندکاریدا کەلەگەڵ کرێکارانی دەرەوەدا تێکەڵ بووم، لە زۆرێک لە پەیوەندیە خێزانیەکان سەرم سوڕما (پەیوەندی نێوان ژن و مێرد، پەیوەندی نێوان باوکان و مناڵان). دیارە دەکێرت ڕوون بکرێتەوە کە بۆچی خێزانە مەغریبیەکان لەگەڵ خێزانە فەڕەسنیەکان جیاوازن، بەڵام دەکرێت پشت بەو دیدە بۆ دنیا ببەستین کە لەپشت ئەم مەسەلەیەوە هەیە. تەنانەت لە زەمینەی دینیشدا دەتوانین بەراوورد بکەین لەنێوان پێنچ بنەماکەی ئیسلام و مەسیحیەتدا. بە دەربڕینێکی تر تا ئەوکاتەی مەسەلەی نێوان کلتووری لە ئاستی میتۆدایە، مەسەلەیکی جێی سەرنج نیە. ڕۆژێک بەڕێوبەری قوتابخانەیەک پێیی گووتم ئەو ١٩٨ شێوازی کاری بۆ ئەو بازرگانانە هەیە کە دەیانەوێت سەفەر بۆ ئەمەریکا بکەن. بەڵام گەر ئەو بازگانانە بکەونە ناو هەلومەرجێک لەدەروەی ئەو ١٨ شێوازە، چی ڕوویدەدا؟ لای من شتێکی لەم جۆرە گەمژەییە.
ڕ. ج: واتە دەبێت قەبوڵبکرێت کە مانای جیهان دەرئەنجامی بونیادێکە کە بەهۆی کۆمەڵێک کلتووورەوە درووست بووە و بەتەینا بەرهەمی یەک کلتوور نیە.
ژ. ڤ: بەڵێ بێگومان. چونکە وانەبێت کارەسات ئامێزە. بەم دواییانە بابەتێکم لەسەر کلتووی چین خوێندەوە. نوسەری ئەم کتێبە دەیگووت کلتووری چین بەشێوەی زانستی نەگۆڕاوە، چونکە یەکێتیەکای یەکجار گەورە لە چیندا هەیە. واتە لە قۆناعێکی تایبەتدا چیدی هیچ جیاوازیەک لە چیندا نەبوو کە بتوانێت بیروڕاکان بەرهەمدار بکات. ئەوان هەموویان پێکەوە هاتنە ناو یەک سەدەفەوە لە سەرزەمێنێکی پانوپۆڕدا، و چین لەڕووی کلتووریەوە هیچ نەگۆڕا.
ڕ. ج: کەوابوو لەبەردەم کەسێکی وەک هانتیگتۆندا ئایا بڕواتان بەوە نیە لە دۆخی بەریەک کەوتنی شارستانیەکاندا نین، بەڵکو پتر لەبەردەم دۆخی وتوێژی کلتوورەکاندانین؟ چونکە گەر وانەبێت چۆن دەتوانین باسی گەردوونی بوون لە ئاستی مرۆییدا بکەین؟
ژ. ڤ: سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم کە ئەوە شارستانێتیەکان نین کە ناکۆکن بەیەک، بەڵکو نەتەوەکانن کە ناکۆکن بەیەک.
لەبەرئەوە لە چ ئاستێکدا ئەم تاکە مرۆییانە بەهۆی شارستانێتیەکانی خۆیانەوە شکڵیان وەرگرتووە؟ ئەم پرسیارێکە کە دەبێت بکرێت. ئەگەر ئەم شارستانێتیە دەسەڵاتێکی ستەمکارنەی بەسەر تاکەکانەوە هەبێت، کارەساتئامێزە. دیارە هەموو تاکەکان کۆمەڵایەتی یان بە کۆمەڵایەتی نابن. دوهەم هەندێک لە پایەکانی شارستانێتیەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت. من بڕوام وایە گەورەترین جیابوونەوەکان کە ڕوودەدات، لەناو شارستانێتیەکاندا نیە، بەڵکو لەنێوان کەسانێکە کە ڕەفتاری دەسەڵاتخوازنەیان لەناو شارستانێتیەکاندا هەیە. ئەم کەسانە دژی ئەو تیورەیەن کە شارستانێتیەکان دەگۆڕێن. دیارە من بڕوام وایە ئەو سەردەمە کۆتای هاتووە. بەڵام ئەمە بۆ زۆر کەس مایەی نیگەرانیە، چونکە لای ئەوان ئەمە بەمانای لەدەستدانی مانایە. سەرنج لە تیرۆریستەکانی ئەم دەیەی دوایی بدەن. ئەوان زۆرجار کەسانی ڕۆشنبیرن، بەڵام حەسرەت بۆ ڕژێمێکی دیکاتۆری دەخۆن کە ژیانی هەموو تاکەکان دەگرێتەوە. من هەستدەکەم ئایندە لە دەستی کەسانێکدایە کە بیر لە شێوازی نێوان کلتووری دەکەنەوە و لایەنگری گفتوگۆی نێوان کلتوریەکانن، و ئاماژەکانی خۆیان لە ئاستی هوشیار بوون بە پێویستی ژیان لەگەڵ ئەوانی دیدا پەیدا دەکەن.
ر. ج: کەوابوو بە بڕوای ئێوە سەدەی بیست و یەک، سەدەی فرە کلتووری دەبێت، چونکە گەر وا نەبێت دنیا گونجاو نابێت بۆ ژیان؟
ژ. ڤ: دنیا بۆ کەسانێک کە بڕوایان بە پێویستی نێوان کلتووری نیە، گونجاو نابێت. ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست. لەسەدەکانی ناوەڕاستدا ئەوروپای خۆرئاوایی، دنیا قەشە و ئاغاکانی سیستەمی دەرەبەگایەتی بوو کە هەموو شتێکیان لەژێر دەستا بوو. ئێمە لە ڕۆژئاوا لەم دۆخە هاتوینەتە دەرێ و ناتوانین چیدی بۆی بگەڕێینەوە. ئەم ڕژێمە ستەمکاریە هێشتا لەهەندێک وڵاتدا هەیە. مەبەستی من لە ڕژێمی ستەمکاری، ڕژێمێکە کە سەرتاسەری ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ دەکات. لەهەر شوێنێک ئەم دۆخە هەبێت، لەبەرئەوەیە خەڵک لە تاکگەری و فرە کلتووری دەترسن و تەنیا سیستەمی تۆتالیتاریان دەوێت.
ڕ. ج: بەڵام ئەمە بە پێچەوانەی چارەنووسی مرۆڤایەتیەوەیە. وانیە؟
ژ. ڤ: ئەمجۆرە ڕژێمانە دەتوانن ڕەوتی ئەم پێشکەوتنە دوابخەن، کە زۆر ناخایەنێت. تەنانەت گەر هاتینگتۆن ڕاست بکات، ئەم دۆخە دوای هانتیگتۆنیش بوونی دەبێت.
ڕ. ج: واتە لە ئایندەدا هەمووان جلوبەرگی جینز لەبەردەکەن و (مەکدۆناڵد) دەخۆن و بە ئینگلیزی قسە دەکەن؟
ژ. ڤ: ڕەنگە وابێت. خەڵک بە ئینگلزی قسە دەکەن، بەڵام بە زمانێکی تریش کە بەکارهێنانی سنووردارتر و کاریگەرتریشە قسە دەکەن. ئینگلیزی دەتوانێت زمانێکی جیهانی لە زەمینەی بەکارهێناندا چالاک بێت، وەک چۆن لە فرۆکەخانەکان و بازرگانی جیهانیدا وایە. بەڵام بۆ ئەوەی بڵێین (خۆشم ئەوێیت) ئێمە ئەمە بە زمانی خۆمان دەڵێین.
ڕ: ج: کەوابوو ئێوە باسی مۆدێرنەیەکی هەمەکی و باو دەکەن کە لەگەڵ تایبەتمەندیە کلتوویەکاندا بگونجێت؟
ژ. ڤ: بەڵێ. کلتوور لە زۆر بواردا دەوری هەیە. کلتوور لە بواری بەدیهاتنی کۆمەڵگادا دەوری هەیە، تەنانەت لە بواری هەست و جوانناسیدا کاریگەری هەیە. لێرەدا چیدی یەکێتی نیە. هەموو تاکەکان یەک هەستی هاوبەشیان نیە و یەک هەستیان نابێت
ڕ. ج: وەک باسکاڵ دەیگووت، دڵ عەقڵانیەتێکی هەیە کە عەقڵ بۆ ناسینی کێشەی هەیە.
ژ. ڤ: بەڵێ وایە. بە بڕوای من شارستانیتێکان بەپێی لۆژیکی جیاواز کاریان لێدەکرێت کە هەموویان پەیوەندی بە جۆرێک عەقڵانیەتەوە هەیە. دیارە ئەم باسە پێویستی بە گفتوگۆیەکی ترە کە دەیخەینە ئایندە.
پاریس. ئۆکتوبەری ٢٠٠١
* سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: جهانی بودن: پانزە گفتگو با اندیشمندان امروز جهان-رامین جهانبگلو- تهران. نشر مرکز، چاپ دوم١٣٨٢