وتووێژ لەگەڵ نعۆم چۆمسکی

Loading

و. ڕێبین هەردی

ڕ. ج: بۆچی؟ دەزانن ئەمە پرسیارێکە لە سەردەمی ڕوداوەکەی یازدەی سپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١وە تا هەنوکە لەسەر زمانی خەڵکی ئەمەریکایە. بە بڕوای ئێوە بونیاد، بیروڕا و پاڵنەرەکانی دەبنە هۆی دەرکەوتنی ئەم ڕووداوە، چی بووە؟ چ شتێک پاڵ بە گەنجە موسڵمانەکانەوە دەنێت یان تەنانەت ئارەزوومەندی ئەوەیان دەکات تا کردەی خۆکوژی ئەنجام بدەن؟ چی وایکردووە ئەم خەڵکە بەو ئاستە لە ڕقی قوڵ و توندوتیژ ئامێز بەرامبەر بە ئەمەریکا بگەن؟ ڕەگ و ڕیشە، ئەخلاقیات و هۆکارە فکری و سیاسیەکانی ئەو توندوتیژیەی لەو ڕووداوەدا بینیمان چین؟ پسپۆر و شیکەرەوە ئەمەریکی و ئەروپایەکان بۆ دۆزینەوەی وەڵام، ئەم پرسیارەیان هێناوە و بردووە. بەڵام پێدەچێت وەڵامەکانیان یەکلایەنە و بەتەواوی نامۆ بێت بە مەسەلە و گرفتە ڕۆژانەییەکانی خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ن. چ: زۆر باشە. ئەو پسپۆرانەی ئێوە باسی دەکەن ئەرکێکیان پێ سپێراوە کە ئەویش ئەوەیە ئەمەریکا بخەنە جێگەیەک کە ڕاست دەکات و جێگەی هاوسۆزیە. وا پیشانی بدەن ئەو کەسانەی دژین، ناڕاستن و هەڵەن. لێرەوە دیدی باو ئەوەیە ڕقیان لە ئێمەیە چونکە هێشتا لە مێژووی مرۆڤەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا دەژین و لێی نەهاتونەتە دەرەوە. یان ڕقیان لە ئێمەیە چونکە ئێمە خاوەنی ئازادی و دەستکەوتە درەوشاوەکانین و لەمڕوەوە لە باشترینەکانین. دیارە ئەمانە هەمووی قسەی پڕوپوچن و ئەو پسپۆرانە خۆشیان ئەمە دەزانن. ئەوان وەڵامەکە زۆر باش دەزانن، بەڵام حەزناکەن کە بە ئێوەی بڵێن. لە ڕاستیدا ئێوە دەتوانن وەڵامەکە لەناو بەڵگە پۆلێنکراوەکانی ناوخۆ لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا بدۆزنەوە. ئەمانە پرسیاری تازە نین، بەڵکو لە پەنجا ساڵ لەمەو پیشەوە دەکرێن. لەم ناوەدا من ئاماژە بۆ ساڵی ١٩٥٨ دەکەم کە بە ساڵێکی گرنگ لە مەسەلەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەنرێت. ئەمە ئەو ساڵەیە کە ئەمەریکا سوپای بۆ بەیروت نارد، عێراق لە ڕێکەوتننامەی نەوتی ئەنگلۆ-ئەمەریکی هاتە دەرەوە و جەمال عەبدولنار بە هەڕەشە ئەژمار دەکرا. هەموو ئەم ڕووداوانە کە ئەو سەردەمە بە نهێنی لە کابینەی ئایزنهاور و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیدا باس دەکران، ئەمرۆ ئیدی ئاشکرا بوون. من ئەمانەم دە ساڵ پێش ئەوەی ئاشکرا بکرێن خوێندۆتەوە. لەم بەڵگانەدا هەمان پرسیار دەهێنرێتە ئاراوە و ئایزنهاور بە هاوکارانی دەڵێت (لە خۆرهەڵاتی ناوەراست ڕەوتێک هەیە کە دەبێتە هۆی وروژاندنی ڕق لە ئێمە. ئەم ڕەوتە نەک لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵکو لە لایەن خەڵکی ئەوێوەیە). ئەم مەسەلەیە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کە باڵاترین دەزگای بەرنامەڕێژیە لە دەوڵەتی ئەمەریکادا، دەخرێتە بەر باس. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی هوشیار دەبێت بەوەی ئەم هەستە لەو ناوچەیەدا هەیە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەبەر پاراستنی بەرژەوەندیە نەوتیەکانی خۆی، بەرگری لە دەوڵەتە هەبووەکان دەکات، کە هەموویان گەندەڵ و سەرکوتکەر و ڕێگرن لە پەرەسەندن و دیموکراسی و گەشەکردنی وڵاتەکانی خۆیان. کەوابوو بە پێی داننانەکانی دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمە ڕەفتارێک بووە کە ئێمە لە ڕابردوودا لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچەیەدا هەمانبووە، و وەڵامێکە بۆ ئەوەی دەبێت ئێستا چی بکەین. چونکە لەو ڕەشەبایەی خۆمان چاندوومانە، توفانێک درەو دەکەین و تەماشای ڕق لە خۆمان دەکەین. ئەمە وەڵامێکی سەرەکیە. بەڕێزان لە پەنجا ساڵ پێشەوە ئەم وەڵامەیەن دەزانی، بڵاوکراوەی وال ستریت جورناڵ پاش ڕووداوەکانی ١١ی سپتەمبەر ڕاپرسیەکی لەناو بانکدار و بەڕێوبەرانی کارخانە فرە نەتەوەیەکان ئەنجامدا، کە ئەنجامەکەی چونیەکی ئەم وەڵامە بوو. کەوابوو هیچ شتێک نەگۆڕاوە. مەبەستم ئەوەیە گەر پرۆفیسۆر برنارد لویس لە پررینستۆن حەزدەکات وا پیشانی بدات هیچ لەم بارەیەوە نازانێت، لێگەڕێ وابێت. هەر کەس بەرژەوەندی خۆی باشتر دەزانێت لە چیدایە. بەڵام ئەو دواجار گەر وەک هەر کەسێکی تر گەر زەحمەتی سەیرکردنی بەڵگەکانی ناوخۆی دەوڵەتی ئەمەریکا بە خۆی بدات، یان تەنانەت گەر ئەم ئامارە سادانەی بەخۆی دابێت، دەبێت هەندێک زانیاری هەبێت. بەڕێوبەرانی کارخانە فرە نەتەوەییەکان و بانکدارەکانی عەرەبستانی سعودیە دژی ڕووداوەکانی جهیانی بوون نین. ئەوان دژی ئەوە نین ببن بە بەشێک لە کلتووری رۆژئاوا. ئەوان تا ئەو کاتەی بتوانن پارەکانی خۆیان لە بانکەکانی لەندەندا دانێن، بەشێک دەبن لە کلتووری ڕۆژئاوا. من بیردەکەمەوە مەسەلەکە هەرگیز نەگۆڕاوە. تا ئەوکاتەی ئەمەریکا ڕێگری لە ئازادی و دیموکراسی، نوێبونەوە و سەربەخۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، و تا ئەوکاتەی ویلایەتە یەکگرتوەکان ڕێگرە لە ناسێۆنالیزمی سەربەخۆ و سیاسەتی تایبەتی وەک دەستوەردان لە ئێران لە ساڵی ١٩٥٣ و درێژە بە سیاسەتەکانی ئەمڕۆی دەدات، لەبەرامبەر کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، ڕەوتی زیادبوونی دژایەتی و دروستکردنی نەیار لەناو خەڵکی ئەو ناوچەیەی جیهاندا بەردەوام دەبێت. ئەگەر ئەمەریکیەکان زەحمەت بە خۆیان بدەن و سەردانی لادێ و وێرانیەکانی ژیانیان بکەن، ئەو کات لە نهێنی ئەو ڕق و نەیارێتیە دەگەن، بەڵام گەرموگوڕتر لەوەی چاوەڕێی بوون. چونکە خەڵکی تێناگەن بۆچی سامانی ئەو ناوچەیە لەبری ئەوەی بۆ خەڵکی خۆیان بێت، دەبێت بۆ ڕۆژئاوا بێت. دیارە ئەوان بە باشی دەزانن ئەمە بۆچی وایە، و ڕێک ڕەوتی ڕق لێرەوە سەرچاوە وەردەگرێت. هەر لێرەوەیە زۆرێک لە باسەکان سەردەردێنن. بۆ نموونە سەیری فەڵەستین بکەن. ئەوەی لە مەسەلەی داگیرکردنی سەرزەمینی فەڵەستینیەکاندا جێگەی سەرنجەو گرنگی هەیە، ئەوەیە کە خەڵکی ئەوێ دیدێکی بەرکار (مونفەعل) و ئینفعالیان بۆی هەیە. مەبەستم ئەوەیە بۆ سی وچوار ساڵە هیچ بەرگریەک نابینرێت. سی و چوار ساڵی ڕێک داگیرکردن و دەستدرێژی، بە خوێناویترین و دوژمنانەترین شێوەکانی. یەکەم کاردانەوەی ڕۆژئاوا بە ڕووداوی راپەرینی یەکەم دەرکەوت. کردەی خۆکوژی دیاردەیەکی تەواو تازە بوو لە خەباتی فەڵەستینیەکاندا بۆ سەربەخۆی. بۆ نموونە سەیری جەنین بکەن: پێش ئەوەی یەکەم کردەی خۆکوژی پەیدا ببێت، لە جەنین بەدرێژای ڕاپەڕینەکە چل کەس کوژران. مەبەستم ئەوەیە خاڵی سەرسوڕهێنەر لەم داگیرکردنە سەربازیەدا ئەوەیە بۆچی بەرگری تا ئەو ئەندازەیە کەم بووە. تەنانەت بەکردەوە لەبەرامبەر ئیسرائیلیەکاندا بەرگریەک نەدەکرا و ئەگەر بەرگریش دەکرا، لە دەرەوە بووە و پەیوەندی بە سەرزەمینە داگیرکراوەکەی ناوەوە نەبووە. هەنووکە ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەسوتێنێت، ئەوەیە کە چیدی ئەوان پاوانی توندوتیژیان لەبەردەست نیە. ئەوان گەرچی لە توندوتیژیدا تا ئێستا دەستێکی باڵایان هەیە، بەڵام چیدی پاوانی ئەوان نیە. ئەمە ئەو شتەیە کە پسپۆرانی ئەمەریکیەکانیشی سوتاندووە. دیارە ئەمە تاوانێکی ترسناک بوو، بەڵام ئایا ئەو بەڕێزانە هیچیان لەمبارەیەوە نەدەزانی؟. ئەگەر ئێوە سەفەر بۆ دەوروبەری جیهانی سێهەم بکەن، تێدەگەن هەستی ئەو خەڵکە لەبەرامبەر نادادپەروەری ڕۆژئاواییەکان بە چ شێوەیەکە. بەڵام ئەوەی خەڵکی ڕۆژئاوای ڕاچڵەکاندا ئەوەبوو کە پاش سەدان ساڵ، بۆ یەکەمجار بینیان کە خۆیان لاوازن و قابیلی لێدانن. سەیرێکی مێژووی ئیمپریالیزنی ئەمەریکا و ئەوروپا بکەین. ئەوان دەڵێن ئێمە ئەم کارانە لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتانەدا دەکەین، بەڵام ئەوان نابێت لە وڵاتەلانی ئێمەدا شتی وا بکەن. هەستدەکەم یانزەی سپتەمبەر زیهنی زۆرێک لە خەڵکی پارێزگاری رۆژئاوای ناچار بە پرسیارکردن کرد، کە ئەمەش خۆی دیاردەیەکی پیرۆزە.

ڕ. ج: ١١ سپتمبەر هەروا ئەوەی پیشانداین کە تا چ ئەندازەیەک دەزگا دیموکراسیەکانی رۆژئاوا دەتوانن بشکێن و زیانیان پێ بگەیەنرێت. بەڵام بە بڕوای من ئەرکی نوێ جیهانی پاش ١١ سپتەمبەر خەریکە لەبری ئازادی، جێگەی یەکەم بە ئاسایش دەدات و ئەمەش ڕەنگە پێوەرەکانی ستەمکاری بەسەر هاوسەنگیە دیموکراسیەکاندا زاڵ بکات. وەک ڕاستیەک هەستدەکەم نایەکسانی جیهانی بەلوتکەیەکی چاوەڕواننەکراو گەیشتووە؟
ن. چ: گومانی تیا نیە حکومەتە ڕۆژئاواییەکان حەزدەکەن ملکەچیەکی زیاتر بەسەر خەڵکی وڵاتەکانی جیهانی سێهەمدا بسەپێنن، و ئەمەش ئاساییە. مەبەستم ئەوەیە بەردەوام حکومەتەکان ئارەزوو دەکەن خەڵک بەرکار و ناچالاک و ملکەچ بن. بەگشتی هەموو حکومەتەکان لە جیهاندا سوودیان لە ١١ سپتەمبەر وەک بەردە بازێک وەرگرتووە و بۆ گەیشتن بە مەبەستی خۆیان، لە دەروبەریدا قسەیان کردووە. من هەستدەکەم لە وڵاتانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان کاریگەری ئەوتۆی نەبووە، هەستدەکەم خەڵکی ئەمەریکا بە پلەیەکی باڵای ئازادی گەیشتوون و هیچ حەز ناکەن لە دەستی بدەن. لەبەرئەوە فشارەکە بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر خەڵکی کۆچکردوو و کەسانێکە کە بۆنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان لێ دێت. بەڵام بە بڕوای من زوربەی ئەمەریکیەکان خراپ بەکارهێنانی جدی و وازهێنان لە ئازادیە مەدەنیەکان ڕەنگیان تیا ناداتەوە، ئەگەر تەماشای یاسا مەدەنیەکان بکەن، زۆر هەڕەشە ئامێزە. بەڵام من هەستدەکەم ئەوان ناتوانن جێبەجێی بکەن. لەلایەکی دیەوە، دەوڵەتی ئەمەریکا ئەو هەلە دەخاتە بەر حکومەتەکانی جیهانی سێهەم تا ئەو شوێنەی دەشێت سەرکوتکەر و سەختگیرتر بن. ڕاستیەکەی ئەوەیە من بەم دواییانە سەردانی وڵاتانی تورکیا و کۆلۆمبیام کرد. لەم وڵاتانە بە فرتوفێڵ ستەم و غەدر لە خەڵکی دەکرێت. ئەم ستەمکریانە زۆرتر پاش ڕووداوەکانی ١١ سپتەمبەر توندتر بوون، چونکە حکومەتەکانی جیهانی سێهەم ئەو هەستەیان هەیە کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە مۆڵەتی توندکردنی سەرکوتکردنیان وەرگرتووە، هەمان ئەم ڕووداوە لەلایەن ڕوسیاوە لە چیندا ڕوودەدات. دیارە ئەمە خراپترە لە مۆڵەتی ١١ سپتەمبەر، چونکە رووسەکان وابیر دەکەنەوە کە خۆیان بژاردەی ئەم سەرکوتکردنەیان لە دەستدایە. ئەم شتە قابیلی تێگەیشتنە. گروپەکانی دەسەڵات ڕووبەڕووی بومەلەزرەیەک بوونەتەوە، کە ئەو هەلەیان بۆ دەڕەخسێنێت تا چەندان کار ئەنجام بدەن. تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە نایەکسانی جیهانیەوە هەیە، ڕەنگە لە هەموویان خۆشتر پێشبینی ئیدارەی زانیاری ویلایەتە یەکگرتووەکان بێت لە ساڵی ڕابردوودا و پێش ڕوودانی ١١ سپتەمبەر. پێشبینی ئەوان بۆ ئاسۆی ١٥ ساڵ کە خۆیان ناویان نابوو بەرنامەیەکی خۆشبینانە، ئەوە بوو کە نوسخەی ڕۆژئاوایی بەجیهانیبوون بەردەوام دەبێت و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری دارایی زیاتر و درزی گەوەرەتری ئابوورری لە جیهانی هەنوکەدا. ناسەقامگیری ئابووری، واتە خاوبوونەوەی ڕەوتی گەشەکردن و خەڵکی زیاد لە جاران فەقیر دەبن. درزی ڕوو لە گەورەی ئابووریش بەمانای نایەکسانی زیاترە. ئەمە ئەو شتەیە کە ئەوان پێشبینی دەکەن و چاوەڕێی دەکەن. بەرنامەداڕێژەرانی سەربازیش هەر ئەم گریمانانەیان هەبوو. سەیرێکی بەرنامە فەزاییەکانی ئەمەریکا لە سەردەمی کلینتۆندا بکەین. ئەوان سەرقاڵی بەرنامەڕێژی بۆ سەربازیکردنی فەزا بوون. بەرنامەیان دادەنا بۆ ئەوەی چەککردنی سەربازی لە فەزادا جێگیر بکەن. هۆیەکی تری ئەم بە سەربازیکردنە، درزی ڕوو لە گەوەرەبوونی ئابووریە، لەسەر ئەم بناغەیە خەڵکێکی پڕ ئەژماری دەوروبەری دنیا دەخرێنە پەراوێزەوە و لە ئەنجامدا بێ کۆنتڕۆڵ و یاخی دەبن. و لە ئەنجامدا پێویستە بە زۆر کۆنتڕۆڵ بکرێن. کەوابوو ئەمەش هۆکارێکە بۆ پاساوی توندوتیژی کردنی پەیمانە فەزاییەکان و بردنی چەک بۆ فەزای گەردوونی.

ڕ. ج: دەوڵەتی بوش نۆزدە بلێۆن دۆلاری بۆ جەنگی ئەفغانستان سەرف کرد، وبایەخی سەربازی ئەمەریکا زیاد لە جاران زیاد دەکات…
ن. چ: جەنگی ئەفعانستان هەل و بەهانەیەکی تر بوو بۆ زیادبوونی بایەخی سەربازی. ئەوەش بزانین بایەخی سەربازی ڕەهەندی تریشی هەیە. و ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ئابووری دەبەنە پێشێ. ژمارەیەکی زۆری پێشەسازی کە خاوەن تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتوون، لە بایەخی سەربازیەوە دەوڵەمەند دەکرێن. بەمە دەڵێن (ئابووری نوێ). ئەنتەرنێت، پەیوەندی دوور و سیستمەکانی کۆمپیوتەر، هەموویان لەم بایەخە سەربازیانەوە سەردەردێنن. تێچوونە سەربازیەکان ڕێگەیەکی پاک و بێ گەردە بۆ هاوکاری و بەهێزکردنی دەسەڵاتی تایبەتی، چونکە لە گیرفانی گشتیەوە دەردێنرێن. لەبەرئەوە کارخانەکان ئەوە تێچوونەنادەن و ناچار نین لەم ڕێگەیەدا ڕیسک بکەن و یان تێچونەکەی بگرنە ئەستۆ. بەمشێوەیە لێرەدا سیستەمێکی کامڵ هەیە کە لەڕاستیدا لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٤٠ و ١٩٥٠ دا ناسراوە. ئەوان لە پێشەوە دەیانزانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەمەریکا ناتوانێت لەکۆمەڵگایەکدا کە بونیادەکەی کارخانە تایبەتیەکانە، بەردەوام بێت. چونکە خۆ بە خۆ توانای زامن کردنی نیە. لەبەرئەوە زامن- دەدۆزرێتەوە و باشترین ڕێگەش هەمان بایەخی سەربازیە. ئەگەر ئێوە بتوانن خەڵک بترسێنن، ئەوکات خەڵک بۆ ئاسایشی خۆیان ئامادەن پارە بدەن. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکان بۆ بایەخە سەربازیەکان. ئەگەر ئێوە سەیرێکی مێژوو بکەن، بەکردەوە دەبینن بەشێکی سەرنجڕاکێشی پرۆسەی پیشەسازیبوون لەم رێگەیەوە بەڕێوە چووە. دیارە بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی جیهانی بەداوەوە.
ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ساڵی ١٩٠٠ ئەوە دەبینن گرنگترین مەسەلەکان لە بواری زانستی و ئەندازیاری و پێشەکەوتنی ڕاستەقینە، لەو لێکۆڵینەوانەدا بووە کە پەیوەندی بە شتگەلێکی وەک زیادبوونی دەسەڵاتی چەکەوە بووە. ئەم ئاراستەیە بۆتە هۆی دەرکەوتنی چەندان مەسەلەی ئاڵۆز لە ئەندزایاری میکانیکی و کارەبادا، چونکە ئێوە چەکێکی دێوئاساتان درووستکردووە کە لەسەر سەکۆیەکی جوڵاو نیشانەی لە ئامانجی جوڵاو گرتۆتەوە. کەوابوو ئێوە پێویستان بە ئەژمارکردنی سەرسامهێنەر و لێکۆڵینەوەی زۆر هەیە. مێژوو لەم ڕووداوە برینێکی گەورەی تێبووە. لەڕاستیدا ئەم شتە تا ئێستا بەردەوامە.
سەیرێکی بایەخی سەربازی دەوڵەتی ئەمەریکا بکەین. بودجەی پنتاگۆن لە مەسەلەی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدانی ( R & D) ڕوو لە کەمبوونەوەیە، بەڵام بودجەی دەزگا نەتەوەیەکانی تەندروستی بەتوندی رووی لە زیادکردن کردووە. هۆی ئەمە ئەوەیە بەشی ڕوو لە پێشکەوتنی ئابوری نوێ، لەسەر بناغەی بایەلۆجیە. چونکە بە گشتی خەڵک ئامادەن لەپێناو لێکۆلینەوە و توێژینەوەی زیاتر لەم بوارەددا خەرجی بدەن. ئەوان بەشێک لەکارەکانی خۆیان بەکردەوە تەرخان دەکەن بۆ مەسەلەی وەک چارەسەری شێرپەنجە، بەڵام بەشێکی تریان تایبەت کردووە بە تیرۆریسمی بایەلۆجی و میکرۆبی. هەروەها ئەوان دەبێت دڵنیا بن کە کارخانەکانی دەرمان لە ئاسۆیەکی بیست ساڵەدا تا ئێستا دەتوانن پارەیەکی زۆر پەیدا بکەن. شێوەی کاری دەوڵەتی ئەمەریکا بەمشێوەیەیە. وڵاتە تەنگدەستەکانی مۆڵەتی کارێکی لەمچەشنەیان نیە. ئەوان دەبێت پەیڕەوی لە یاساکانی ڕێکخراوی بازارگانی جیهانی بکەن- دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان هەر کارێکیان بوێت ئەنجامی دەدەن.

ڕ. ج: سیاسەتی دەرەکی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ئەنجامی دەیەی ڕابردوودا بەردەوام بە ئاراستەی بەدەستهنانی باڵادەستی و زاڵبوون بووە. بەڵام بە بڕوای من دەوڵەتی بوش لەم بواردا ئاهەنگێکی توندتر و هێرشبەرانەتری هەبووە. ئاراستەیەکی ئایدۆلۆژی تازەی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا کێشاوە. بەشێوەیەک کە پاش ڕووداوەکانی ١١ سپتەمبەر وەک ئەوەی جیهان دەبێت بە دەستی ئەمەریکا و بۆ ئەمەریکا بەڕێوە ببرێت؟
ن. چ: من هەستدەکەم سیاسەتەکان هەمان شتە کە هەبووە، بەڵام هەندێک لە ئامانجەکان گۆڕاوون. ئەمڕۆکە ئیمتیازات و زاڵبوونی ئەمەریکا زۆرە، زۆر زیاترە لە ڕابردوو. تا ساڵەکانی ١٩٦٠ ویلایەتە یەکگرتوەکان گەورەترین هێزی سەربازی بوو، بەڵام دیاردەیەکیش بەناوی (ڕێگری و ئاڵۆزی داماڵینی دوولایەنەش) هەبوو. بەکردەوە بە بوونی یەکێتی سۆڤیەت هەردوو وڵات یەکدیان سنووردار دەکرد. لەساڵی ١٩٩٠وە چیدی شتێک وەک بکەری ڕێگر، بوونی نەبوو. ئەم دۆخە بە خێرای دەرکەوت. ئەگەر یەکێتی سۆڤیەت هەبوایە، ئەمەریکا هەرگیز نەیدەوێرا پێنچ سەد هەزار سەرباز لە بیابانی عەرەبستان دابەزێنێت. چونکە ئەوکاتە ئەمەریکیەکان نەیاندەزانی کاردانەوەی سۆڤیتیەکان چی دەبێت. ئێستا کە سۆڤێتیەکان نین، ئەمانە هەرچیەکیان بوێت ئەنجامی دەدەن. لەو مێژووە بەدواوە چیدی بکەرێکی ڕێگر نیە و بۆدجەی لەشکری ئەمریکاش چیدی لەژێر چاودێریدا نیە. لەڕاستیدا گەر ئێوە لەبارەی سەربازیکردی فەزاوە بخوێننەوە، دەبینن کە ئەوان لەم بوارەدا بۆشایی و ڕاشکاوییان هەیە. ستافی فەزایی کلینتۆن بە ڕاستی ڕایانگەیاند : (لە ڕابردوودا وڵاتەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی خۆیان، توانای سەرەتاییان هەبوو. بەڵام ئێستا فەزا سنوورێکی تازەیە لەم کارەدا و ئێمە بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی خۆمان سوودی لێ وەردەگرین). بەڵام لێرەدا جیاوازیەک هەیە. کاتێک ئینگلتەرا ئستولێکی دروست دەکرد، ئەڵمانیاش دەیوتوانی ئستوڵێک دروست بکات کە ڕووبەڕووی ئینگلتەرا بێتەوە. بەڵام کاتێک ئەمەریکا چوو بۆ فەزا، ئیدی هیچ وڵاتێک نەیدەتوانی ڕووبەڕوویان بێتەوە. چونکە ئەوان دەسەڵاتێکی باڵادەست و بێ ڕکەباریان بەدەستهێناوە. لێرەوە ئەمەریکا شتێکی دەبێت کە ئێمە ناوی دەنێین (دەسەڵاتی بێ پێوەری کامڵ) (full spectrum dominance). ئەو بەرنامەداڕێژەرانەی لە واشنگتۆن دانیشتوون، بڕوایان بەمە هەیە. ئەوان بڕوایان بەوە هەیە خاوەن توانای سەربازی بێ ڕکەبارن کە دەتوانن هەموو کەس ناچار بەهەر شتێک بکەن کە دەیانەوێت. ئەمەش خۆی هۆی ئەوەیە کە بۆچی تا ئەو ئەندازەیە لە ڕووداووی ١١ سپتەمبەر توڕە و شڵەژاوون. ئەو ڕووداوە پیشاندەری ئەوە بوو کە چی دەزانن. مەبەستم ئەوەیە گەر سەیرێکی گۆڤارە تەکنیکیەکانی پێش ١١ سپتەمبەرتان کردبێت، بە ڕوونی دیار بوو کە بەم تەکنەلۆژیای هەیە، گروپێکی بچوک دەتوانێت دەست بداتە چالاکیەکی توندوتیژئامێز کە تەواو وێرانکارانە بێت. لەڕاستیدا ئەم بڵاوکراوە تەکنیکیانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن پێکەوەنانی چەکێکی ئەتۆمی لەیەکێک لە ژورەکانی ئوتێل نیوێۆرک و وێرانکردنی بەشێک لە نیوێۆرک هێندە کارێکی ئەستەم نیە. ئەمکارە لەدەرەوەی تواناکانی هەندێک گروپی سیاسی نیە. ئەمە شتێکی زانراو بوو، بەڵام ڕووداوی ١١ سپتەمبەر بەتەواوی ئاشکرای کرد. خاڵی ترسناکیش لێرەدایە، چونکە بە مانای ئەوەیە ئێوە ڕەنگە خاوەن زاڵبوون و باڵادەستیەکی بێ چەندوچون بن لە دەسەڵاتدا، بەڵام بە مانای ئەوە نیە پاوانی توندوتیژی لە دەستی ئێوەدا بێت. ئێستا ئیدی هەلومەرجەکە وەک سەدەی نۆزدە نیە کە خەڵکی کۆنگۆ نەتوانن چی لە بەلجیکا بکەن یان هندیەکان لە ئینگلیزەکان زویر بن. ئێستا سەردەمێکی ترە.

ڕ. ج: با بگەڕێینەوە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئێوە داهاتووی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمەریکا چۆن دەبینن؟ هاوڵاتیانی ئەم دوو وڵاتە بۆ بونیاد نانەوەی پەیوەندی نێوان دوو وڵاتەکەیان دەبێت چی بکەن؟
ن. چ: هەستدەکەم هاوڵاتیانی هەردوو وڵاتەکە بەرژەوەندی هاوبەشیان لە بەتاڵ کردنەوە و چاکسازی سیاستە زیانبەخش و ناڕاستەکانی وڵاتەکانیان هەیە. دیارە ئەوان ئەمکارە بەجۆرێک ئەنجام دەدەن کە لەتوانایاندایە. مەبەستم ئەوەیە دەتوانن بەپێی توانای خۆیان پەیوەندی بەیەکەوە ببەستن. بەبڕوای من ئێرانیەکان و ئەمەریکیەکان دەتوانن ئەمجۆرە پەیوەندیە لەڕێگەی دروستکردنی هەموو جۆرێکی پەیوەندیەوە، وەک پەیوەندی مادی، کلتووری، وەرزشی، هاتوچۆی ڕۆشنبیران، و هەروەها پەیوەندی بازرگانی و لەمجۆرە شتانەوە دروستبکەن. سیاسەتی ئەمەریکا لەمڕوەوە سەرنجڕاکێشە. واتە سیاسەتی دەرەوەی هەمیشە ڕەنگدانەوەی ڕوونی بەرژەوەندەیە ئابوریەکانێتی. بەڵام ئەم حاڵەتە پەیوەندی بە دۆخێکەوەیە کە بەرژەوەندی هەردوولا جیاوازە و لەیەکەوە دوور دەکەونەوە. لێرەوە گەر ئێوە سەیری کارخانە نەوتیەکان لە ئەمەریکادا بکەن، دەبیبن کە زوربەیان لەگەڵ ئەوەدان ئێران بێتە ناو سیستەمی باڵادەستی جیهانەوە، و هەوڵیشیان بۆ ئەمە داوە. بەڵام دەوڵەتی ئەمەریکا ڕێگریان لێدەکات و ئەمەش شتێکی زۆر نائاساییە. لە هەلومەرجی ئاساییدا ئەم دەوڵەتە بەتەواوی بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا دەکات، هەستدەکەم ئێوە بتوانن هۆکانی ئەم دۆخە بەبەراورد بە دوو حاڵەت دەرک بکەن. بنەمایەکی زۆر گرنگ لە دەزگای دەوڵەتی ئەمەریکادا هەیە کە بە بنەمای (دروستکردنی ئیعتبار) (establishing credibility) ناسراوە. ماناکەی ئەوەیە کە هەمووان دەبێت لەتۆ بترسن. مافیا بە باشی لەم چەمکە دەگات. گەر ئێوە ئەندامێکی مافیان، بۆ ئێوە ئەوە بەس نیە کە هەرچیەک دەیڵێن خەڵک گوێی لێ بگرێت، بەڵکو دەبێت لە ئێوە بترسن. بەجۆرێک گەر دوکاندارێک ئامادە نەبێت سەرانەکەی بدات، ئێوە ناچن یەکسەر پارەکەی لێوەربگرن، بەڵکو وانەیەکی دەدەنێ کە هەموو ئەوانی دی حسابی خۆیان بکەن. ئەمەش هەمان بنەمای (دروستکردنی ئیعتبارە). ئێستا گەر بەدوای هۆکانی بۆمباران کردنی سربستانەوەن، ئەوە بزانن کە هۆکانی هەر ئەم بنەمای (دروستکردنی ئیعتبارە) بووە. ئەوان خۆیان ناویان ناوە (ئیعتباری ناتۆ)، بەڵام لەڕاستیدا ناوی (ئیعتباری ئەمەریکایە). مەبەستم ئەوەیە دەبێت خەڵک بزانن کە تۆ سەرۆکیت، ئەگینا قەپۆزیان ئەشکێت. ئێستا با سەرێک لە ئێران بدەین. ئێران لەساڵی ١٩٥٣دا هەوڵیدا بۆئەوەی سەربەخۆ بێ و چاودێری بەرژەوەندیەکانی خۆی بگرێتە دەست. بەڵام شتەکەیان بە کۆدتا کۆتای هات. شا هاوبەشێکی وەفادار بوو بۆ ئەمەریکا و ئەمەریکاش خۆشی دەویست. لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا لەلایەن رۆژنامەنووسێکی نیوێۆرک تایمزەوە بڵاوکرایەوە. ئەگەر سەیری ئەم ڕاپۆرتە بکەن، دەخوێننەوە کە دەوڵەتی ئەمەریکا بڕوای وایە ساڵی ١٩٠٢ تا ساڵی ١٩٧٩ لەئێراندا هیچ پێشێلکاریەکی مافی مرۆڤ نەبینراوە. کارتەر کە لەساڵی ١٩٧٨ چوو بۆ ئێران، بە شای گووت کە زۆر کەوتۆتە ژێر کاریگەری میهرەبانی و خۆشەویستی ئێرانیەکان بۆ خودی ئەو. مەبەستم ئەوەیە ئێران تا سەردەمێک باش و نازەنین بوو، کە هاوئاهەنگ لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکادا بەڕێوە دەچوو. بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ ئێران خەتە سوورەکانی بەزاند. یاخی بوو و سەربەخۆیی وەرگرت. و لێرەوە دەبوو تەمێ بکرێت. تەنانەت گەر ریفۆرمیستەکانیش سەرکەون و بیانەوێت ئێران دوبارە بهێننەوە ناو سیستەمەکە، بە ئەگەری زۆر ڕێگریان لێدەکرێت. چونکە ئەمەرییکا دەیەوێت بەجۆرێک تەمێیی ئێران بکات کە خەڵکی دی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش حسابی خۆیان بکەن و بزانن کە نابێت لەمجۆرە کارانە بکەن. ئێوە هێڵی سوور نابەزێنن، و سەرپێچی لەفەرمانەکانی ئاغاکان ناکەن و ئەمەش ئەو ئیعتبارەیە، هەستدەکەم زۆرێک لە سیاستەکان لەژێر تیشکی ئەم مەسەلەیەدا دیاری دەکرێن. ڕوونکردنەوەی ئەم مەسەلەیە لە زەمینەکانی تردا ئاسان نیە. بۆ نموونە ئەم مەسەلەیە لە بواری ئابوریدا کاریگەری توندی دژ بە بەرهەمهێنانی هەیە.

ڕ. ج: ئایا ئێوە گوتاری (تەوەرەی شەتینای)ش هەر لەم زەمینەیەدا شیدەکەنەوە؟
ن. چ: گوتاری (تەوەرەی شەیتانی) گاڵتەکردنێکی بێ تامە. ووشەی تەوەر لەوڕوەوە هەڵبژێراوە کە ئاوازێکی کاریگەری هەیە و بیری یەکێتی ئەڵمانیای نازی و ژاپۆنتان دەخاتەوە. بەڵام لەنێوان ئێران و عێراقدا چ تەوەرێک دەتوانێت بوونی هەبێت؟ ئەم دوو وڵاتە بە درێژایی هەشت ساڵ جەنگیان دژ بەیەک کردووە. کوریای باکوریش هیچ پەیوەندی بەم دووانەوە نیە. لێرەوە کوریایان لەبەرئەوە لەم تەوەرەیەدا داناوە کە موسڵمان نیە و ئەمەش خۆی پاساوێک بۆ ئەمەریکا درووست دەکات، بۆئەوەی کەسانی دی نەڵێن کە ئەمەریکا تەنیا دژی موسڵمانەکان شمشێری هەڵکێشاوە. بەمشێوەیە تەوەرەیەکی ڕوون و مانادار بوونی نیە. ووشەی شەیتانیش هەر بەمشێوەیەیە و دەکرێت بۆ هەمووانی بەکار بهێنین. هەروەها بڵاوکراوەی مسری ئەلئەهرام وتارێکی بەناوی (تەوەرەی شەیتانی) چاپکرد کە تیایدا سێ وڵاتی ئەمەریکا، تورکیا و ئیسرائیلی بە پێکهێنەرانی ئەم تەوەرەیە دەزانی. هەرچیەک بێت دواجار ئەمانە یەک تەوەرەن. بەڕاستیش ئەم سێ وڵاتە لەڕووی سیاسیەوە پەیوەندیان زۆرترە لە عێراق و ئێران و کوریای باکوور. بەڵام تەوەرەی شەیتانی کە بوش باسی دەکات، هەمان ئەو وڵاتانەن کە ئەمەریکا دەیەوێت هێرشیان بۆ بکات. عێراق لەم لیستەدا ژمارە یەکە و کوریای باکوور لە خوارەوەی لیستەکەدایە. دیارە نەک لەبەرئەوەی عێراق قوڵاتێکی بێ بەرگریە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئامانجێکی ئاسان و بەردەستە. بەڵام ئێران پێشبینی ناکرێت و گۆمڕاهکەرە. مەبەستم ئەوە نیە کە ئەمرەیکا بەم زوانە هێرش بۆ ئێران دەکات، بەڵکو هەوڵدەدات ڕێگری لە تێکەڵبوونەوەی ئێران بۆ سیستەمی جیهانی بکات. بە بڕوای من هۆکانی ڕەفتاری ئەمەریکا لە جۆری (درووستکردنی ئیعتبارە). بەڵام گەر ئێوە سەیری لیستی وڵاتە تیرۆریستەکان بکەن کە ڕایانگەیاندووە، دەبینن کوبا لەپێش هەموویانەوەیە. ئەمەریکا بەم تازەییانە کوبای بەوە تۆمەتبار کردووە کە دەستی هەیە لە بەرهەمهێنانی چەکە میکرۆبیەکاندا. چیرۆکەکە چیە؟ مەبەستم ئەوەیە بۆچی نابێت کوبا بخرێتەوە ناو سیستەمەی ئەمەریکایی؟ دیسان لێرەشدا ئاراستەیەکی بازرگانە ئەمەریکیەکان هەیە و زوربەی ئەمەریکیەکان لەگەڵ تێکەڵبوونەوەی کۆبادان. کەوابوو چیرۆکەکە دیسان پەیوەندی بە هەمان (ئیعتبارەوە) هەیە. کوبا دەبوو یەکێک لە کۆلونیالکراوەکانی ئەمەریکا بێت، بەڵام ئەوان ئەم کۆتەیان پچڕاند. لەبەرئەوە وڵاتە کۆلۆنیالیکراوەکان دەبێت تێبگەن کە سەرپێچیکردن لە گوێڕایەڵی تەحەمول ناکرێت. هەر لەبەر ئەمە کوبا زیاد لە چل ساڵ ڕووبەڕووی تیرۆر و ئابڵۆقەی ئابوری بۆوە. جێگەی سەرنجە بزانین ڕۆشنبیرانی ئەمەریکا چۆن مامەلە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەکەن. تا کاتی ڕووخانی دیواری بەرلین، پاساوی ئابڵۆقەی ئابوری کوبا ئەوە بوو کە ئەم وڵاتە بورجی چاودێری ئیمپراتۆریەتی کۆمنیستیە. بەڵام کاتێک ڕووسەکان وون بوون، چیدی ئەم بەهانەیە بەکەڵک نایەت. لەبەرئەوە چیرۆکێکی دیان درووستکرد: (ئێستا لەبەر عەشق و وەفاداری ئێمە بۆ دیموکراسیە کە کوبا دەخەینە ژێر فشارەوە). ئەمە نمونەیەکی ئاشکرایە بۆ ڕەفتاری چینە خوێندەوارەکانی کە دەتوانن بێ ئەوەی هیچ شەرم بکەن لەمپەڕەوە بچن بۆ ئەوپەڕ. بەڵام من بڕوام وایە هۆی سەرەکی ئەمە ئەوەیە کوبا وڵاتێکی سەربەخۆیە. هۆیەکی تری ئەوەیە کوبا لەبەرنامەی گەشەکردنی ئابووری خۆیدا سەرکەوتوو بووە. بۆ دەوڵەتی ئەمەریکا ئەمە ڤایرۆسێکی ترسناکە کە دەشێت بۆ ئەوانی دیش بگوێزرێتەوە. کوبا نموونەیەکی سەربەخۆییە کە ئەوانی دی لە ناوچەکەدا بە دیدێکی تایبەتەوە لێی دەڕوانن. کەوابوو کاتێک هەم سەربەخۆ بێت و هەم سەرکەوتوو، بەبڕوای من مانای لە دیدی ئەوانی دیەوە ئەوەیە وەک هەڕەشەیەکی جدی ئەژمار دەکرێت. لە ڕاستیدا سەرتاسەری جەنگی سارد لەسەر بناغەی ئەم بڕوایە دامەزرابوو. ئەگەر سەیری تاک بە تاکی نموونەکانی جەنگی سارد بکەیت، دەبینیت هەمووی لەسەر ئەم بناغەیە بووە. هەرئەم شێوە بیرکردنەوەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕوسیاشدا هەیە. مەبەستم ئەوەیە رووسیا دواجار یەکەم کۆلنیالکراوی ئەوروپایی بووە. گەر بگەڕێنەوە بۆ سەدەی پانزە، ڕووسیا لەوێ جیهانی سێهەمی سەرەکی و دایک بووە، ئەورپای ڕۆژئاوا ڕوسیای کۆلۆنیالکرد و لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا زۆر دەست بەتاڵ و فەقیر بوو. ڕوسیا خاوەن کلتوورێکی دەوڵەمەند بوو، دیارە ئەمە بۆ زوربەی وڵاتانی جیهانی سێهەم ڕاستە. روسیا کۆمەڵگایەکی ڕەسەن و نموونەیەکی کۆمەڵگا کۆلنیالکراوەکان بوو. پاشان ئەم بەندەی پساند و ئەوروپیەکان ترسیان لێبیشت، نەوەکا گەشەکردنێکی سەرکەوتوو دەست پێبکات. ڕێک ساڵی ١٩٦٠ کە دنیا توشی کەسادی ئابووری بوو، خەمی سەرەکی ڕابەرانی ئەوروپا، ئاهەنگی گەشەکردن و مۆدێلی پەرەسەندن لە ڕووسیا بوو، کە بوو بووە جێی سەرنجی وڵاتانی جیهانی سێهەم . ئەوان دەبوو ئەم بونیادە وێران بکەن. واتە جەنگی سارد. مەبەستم ئەوەیە ئەوان نەیاندەتوانی سەبارەت بە ڕووسیا بەیەک شەو بە مەبەستی خۆیان بگەن، هەفتا ساڵی ویست. گەر بە دروستی ببینین هەمان ئەم چیرۆکە لەبارەی وڵاتانی وەک گواتیمالا و ئەوانی دیەوە ڕووی داوە.

ڕ. ج: ئێستا کە باسی شێوەی ژیانی رۆشنبیرانت کرد حەز دەکەم زیاتر لەبارەی ڕوانینی ئێوە بۆ ڕۆشنبیران بزانم. لە شوێنێکدا خوێندمەوە ئێوە گووتانە چینی ڕۆشنبیر ئەمریکای باکوور وا پەروەردە و فێر کراون کە بۆ گوێڕایەڵی ڕژێم پێویستیان بە بیرهێنانەوە نیە، ئایا مەبەستان ئەوەیە ڕۆشنبیران توانای خۆیان بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە دەستداوە و وەک هاوڵاتیانی ئاسایی لە ڕەوایەتی ڕژێمدا تواونەتەوە؟
ن. چ: زۆر باشە. تەنیا ووشەیەک کە کێشەم لەگەڵی هەیە، وشەی (لەدەستدانە). چونکە ئەم وشەیە ئەو مانایە دەبەخشێ کە سەردەمێک هەبووە کە وانەبوون. ڕاستان بوێت ئەم مەسەلەیە تایبەت نیە بە ئەمەریکای باکوور، بەڵکو نەریتێکی ڕۆشنبیریە کە لەزۆرێک شوێنەکاندا هەیە. دیارە گەردوونی نیە و چەندان ئاوارتن هەیە. بەشێوەیەکی گشتی بەشە خوێندەرەوارەکان خزمەتکاری دەسەڵات بوون. ئەو ڕەفتارەی لەگەڵیان کراوە، پەیوەندی بەو کۆمەڵگایەوە هەبوو کە تیایدا ژیاون. لە ئەمەریکا ئەشکەنجە نەدەکران، بەڵام لە وڵاتانی دی وا نەبوو. زۆر بە دەگمەنی ڕەفتاری نەرم و بەزەییانەیان لەگەڵدا دەکرا. کەسانێک کە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیان دەخستە ژێر پرسیارەوە، وەک حاڵەتەکەی (سوقرات) دەیانگووت خەریکی گەندەڵکردنی گەنجەکانن. بەگشتی یان دەیانکوشتن یان زیندانیان دەکردن و ئەگەر نەشیانکوشتانایە، لانیکەم گوشەگیریان دەکردن. بەڵام ڕەوتی سەرەکی ڕۆشنبیران، واتە کەسانێک کە لەلایەن ڕژێمەوە قەبوڵدەکران و بەشدرایان تیا دەکرد، بەگشتی لەلایەن دەسەڵاتی سەرکوتکەرەوە چاودێری دەکران، و پاشان بە قسەی ئێوە لە ڕژێمدا دەتوانەوە. بەڵام من هەستناکەم ئەمە تایبەت بێت بە ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

ڕ.ج: سی ساڵ پێش ئێستا گوتوتانە (بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیران ئەوەیە قسە بکەن و درۆکان ئاشکرا بکەن) ئایا ئێستاش هەمان بڕواتان هەیە؟
ن. چ: بەڵێ. دیارە من بڕوام بە بەرپرسیارێتی لەبەردەم هەقیقەتدا هەیە. ئەگەر ئێوە توانا یان ئەگەر و مەرجەکانی دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاریتان هەیە، دەبێت بە قازانجی خەڵکی دنیا سوود لەمە وەربگرن. لەمە سادەتر نابێت. لەڕاستیدا خاڵێکی ئاڵۆز نیە کە تێی نەگەین.

ڕ. ج: ئایا ئێوە خۆتان بە ڕۆشنبیر دەزانن؟
ن. چ: من زۆر سوود لەم وشەیە وەرناگرم. بەڵام وەڵامەکەی ئێوە پۆزەتیڤە. من هەوڵدەدەم ڕۆشنبیر بم. ئەوەی دەمێنێتەوە پەیوەندی بەوانی دیەوە هەیە کە چۆن من هەڵدەسەنگێنن. هەر کەسێک بانگەشەی ئەوە دەکات هەقیقەت دەڵێت و لەبەرامبەریدا بەرپرسە. بەڵام ئەوانی دین کە داوەری دەکەن. ئایا ئەو ڕاستدەکات یان نا.

ڕ. ج: واتە ڕێک وەک سوقڕات هەوڵدەدەن ڕۆڵی مامۆستایەکی ئەخلاقی ببینن و لە شتەکاندا بە دوای ئەو بابەتانەوە بن کە دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلە مرۆییەکان؟
ن. چ: جیاوازی نیە ئێوە ڕۆشنبیر بن یان لێخوڕی تاکسیەک یان دوکاندارێک. ئێمە هەمومان چونیەک لەبەردەم هەقیقەتدا بەرپرسیارین، و هەموو دەبێت هەوڵبدەین وەک فێرکاری ئەخلاق کاری پەیوەندیدار بە مرۆڤ و مرۆڤانە ئەنجام بدەین. دەبێت هەوڵبدەین بەڕاستی و شەرەفمەندانە بژین، و ئەگەر ئێوە هەلی ئەوەتان بۆ ڕەخساوە کە ڕۆشنبیر بن، لەم حاڵەتەدا بەرپرسیاری ئێوە زیاترە. زۆرێک لە ڕۆشنبیران بە ناهوشیارانە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی دەسەڵات دەکەن، و وا دەزانن کارێکی ڕاست و شەرەفمەندانە ئەنجام دەدەن. بە بروای من ڕۆشنبیران دەتوانن هەم قوربانیەکانی ڕژێمێک بن و هەم ئەندازیارەکانی.

ڕ. ج: دەوری میدیا لە دروستکردنی ئەم سیاسەتی سازش و تەسلیمبوونی ڕۆشنبیراندا چیە؟ بە بڕوای من گەر ڕۆشنبیران بیانەوێت نوێنەری ڕاستەقینەی ئەخلاق بن، دەبێت بە جۆرێک دژی درۆکان یان ئەو نیمچە ڕاستیانە بن کە میدیا دروستی کردوون؟
ن. چ: دەبێت وا بێت. بەڵام من زۆر بیر لەو مرۆڤانە دەکەمەوە لەناو میدیاکاندا کار دەکەن و خەباتیش دژی دەکەن. هەستدەکەم لە دەوروبەری جیهان رۆژنامەنووس و رۆژنامەگەری بە شەرەف زۆرن. زۆرێک لەمانە زۆر لەکەسانی وەک من زیاتر ڕەخنەیان لە میدیاکان هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەن لە چوارچێوەی سنووردارێتیەکاندا کاری خۆیان بکەن. هەوڵ دەدەن بە شەرەفێکی پیشەییەوە کار بکەن. دەیانەوێت کە لەناوەوەیدا، گۆڕانکاری ئەنجامبدەن. کەسانی وەک منیش هەوڵدەدەین شیکارێکی ڕەخنەی بۆ میدیاکانی ئەمەریکا پێشکەش بکەین و فشار لە میدیاکان بکەین بۆئەوەی دۆخێکی باشتر درووست بکەن. ئەمە ڕێگەیەکە دەتوانێت هاوکاری پەرەسەندنی ئازادی بدات..

ڕ. ج: بەڵام کاتێک ئێوەیان نەوێت و ڕێگەتان پێنەدەن لەڕێگەی تەلەفیزێۆنەوە قسە لەگەڵ خەڵی ئەمەریکا بکەن، چۆن دەتوانن کارێکی وا ئەنجامبدەن؟
ن. چ: لێرە و لەوێ من وتاربێژی زۆر پێشکەش دەکەم. بابەت بە بڵاوکراوەی جیاواز دەدەم. وتوێژەکانی وەک ئەم چاوپێکەوتنەش دەرفەتێکی باشە بۆ پەیوەندیکردن بە خەڵکی دەرەوەی ئەمەریکا. هەستدەکەم لە وڵاتێکی ئازادی وەک ئەمەریکا، دەتوانیت ڕێگەی جیاواز بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە خەڵکەوە بکەیت و دیدی و بۆچونەکانی خۆت بڵێیت. تەنانەت لە وڵاتە داخراوەکانی وەک تورکیا و کۆلۆمبیا کە بەم دواییانە بینیوومن، فەزای وا هەیە کە بتوانیت بیروڕای خۆتی تیا دەربڕیت. دیارە ئەم فەزایانە ئیمتیازێکە. لە ئێستادا کۆلۆمبیا ئەم ئیمتیازەی نیە. ئەو ناتوانێت دژی ڕەوتی بەجیهانیبوون بیروڕای خۆی بڵێت. بەڵام رۆشنبیرانی جیهانی سێهەم ئیمتیازاتی زیاتر لەمەیان هەیە و خاوەن چەند جۆرێک پارێزبەندیشن. لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکاندا پارێزبەندیەکی زۆر بۆ ڕۆشنبیران هەیە. بەجۆرێک ئەوان دەتوانن هەلی جۆراوجۆر و جیاجیا بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان بدزۆنەوە. من لەو سەفەرانەی بۆ وڵاتانی دی کردوومە، هەلی زۆرم بۆ هەڵکەوتووە، بەڵام بە داخەوە ناچار بووم هەموو رۆژێک کاتژمێرێک بۆ ڕەدکردنەوەی بانگهێشتەکان تەرخان بکەم.

ڕ. ج: داوا لە ئێوە دەکەم سەردانی ئێرانش بکەن و ئەم شانازیەش بە ئێمە بدەن. من دڵنیام بیریارانی ئێران لە دانیشنن و وتوێژ لەگەڵ ئێوەدا خۆشحاڵ دەبن.
ن. چ: سوپاس بۆ بانگهێشتکردنەکەتان، من ناتوانم بەڵێنی کاتێکی دیارکراوتان پێبدەم. ئاسان نیە ئەم بانگهێشتە سەرنجڕاکێشە بۆ هەموو ئەو کارانە زیاد بکەم کە بەدەستمەوەیە. بەڵام درەنگ یان زوو بە دڵنیایی دێم بۆ ئێران.
بۆستن، حوزەیرانی ٢٠٠٢

* سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: جهانی بودن: پانزە گفتگو با اندیشمندان امروز جهان-رامین جهانبگلو- تهران. نشر مرکز، چاپ دوم١٣٨٢

ناردن: