توحفەی ناسری؛ ئاوڕێک لە مێژوو و جوگرافیای کوردستان و ئیمارەتی ئەردەڵان
بابەتی ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییە و شۆڕبوونەوەیە بۆ ڕابردوویەکی دێرین و جوگرافیا و هەڵکەوتەی کوردستان و یەکێک لە ئیمارەتە گەورە و کاریگەرە نەتەوەییەکانی کورد، کە ئەویش ئیمارەتی ئەدەڵانە، ئەم کتێبە لە لایەن میرزا شوکوروڵڵا سەنەندەجی نووسراوە و لە لایەن ڕەفعەت مورادی، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.
ئەم کتێبە دابەش کراوە بەسەر چەندین بەش و تەوەر و بابەت و قۆناغی جیاجیادا کە گرنگترینیان بریتییە لە: سەبارەت بە ئایین زمان و ڕەچەڵەکی کورد، نەژادی کورد، ئەو ئەفسانانەی لەمەڕ کورد و ڕەچەڵەکییەوە وتراون، مێژوو و بناغەی زمانی کوردی، لقەکانی زمانی کوردی، لقە ئایینییەکانی ئەهلی سوننە و جەماعەت، ڕێبازەکانی سۆفیگەری لە کوردستاندا، بڵاوبوونەوەی ڕێبازی نەقشی لە کوردستاندا، شێوازی سۆفیگەری لە ڕێبازی نەقشیدا، مێژوو و جوگرافیای سنە، خێڵ و عەشیرەتەکانی جاف، ئایین و ئایینزای ئەردەڵانییەکان، حوکمڕانیی ئەدەڵانی ئەردەڵانییەکان لە کوردستاندا، حکومەتی کرماسان وکوردستان و چەندین بەش و بابەت و ناونیشانی دیکە، کۆی لێکۆڵینەوە مێژووییەکە پێکدەهێنن.
لەم کتێبەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە توحفەی ناسری بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگ و بەنرخەکانی مێژوو و جوگرافیای کورد بە گشتی و بەسەرهاتی ئیمارەتی ئەردەڵان بە تایبەتتر دادەنرێت: لەم ڕووەوە بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی سیاسی لەسەر کوردستان و حوکمڕانیی ئەدەڵانییەکان، نووسەر و ڕۆشنبیری کورد دەبێت ئاوڕ لەم سەرچاوە گرنگە بداتەوە.
لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا بە ناوی(سەبارەت بە ئایین و زمان و ڕەچەڵەکی کورد)باس لەوە کراوە کە لێکۆڵینەوە لەمەڕ ڕیشە و ڕەچەڵەکی کورد، بە ڕادەیەک ئاڵۆزە کە ناتوانرێت لەم کورتە باسەدا بە تەواوەتی باسی لێوە بکرێت، ئەوەی هەندێ لە لێکۆڵەران لەمەڕ نەژادی کورد هەوڵیانداوە ئەم گەلە ببەستنەوە بە نەژادی تورانی، سامی و کلدانی، یان پاشماوەکانی گوتی، لۆلۆ و کاسی، یان هۆزەکانی تری ماد و پارت، مەسەلەیەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە لێکۆڵەران و نووسەرانی کۆن و نوێ لەسەر ئەوە کۆکن کە بەر لە هاتنی هۆزە کوردە ئێرانییەکان بۆ وڵاتی کوردستان، هۆزێکی بە ڕەچەڵەک ئاریایی بە ناوی کاردۆ لەم ناوچەیەدا خاوەنی شارستانیەتێکی تا ڕادەیەک گرنگ بووە و دواتر لەگەڵ هاوڕەگەزەکانی تریاندا تێکەڵ بوون و لەناو یەکتردا توانەوە.
لە هەمان بەشدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە کوردەکان لقێکن لە نەژادی ئێرانی کە لە ڕووی زمان، دابونەریت و ئایینەوە لەگەڵ نەتەوەکانی تری ئێراندا لە زۆر بواردا هاوچەشنن، بەڵام هەڵکەوتەی جوگرافیایی و ڕووداوە مێژووییەکان لە بەرجەستەکردنی تایبەتمەندی و خەسڵەتە نەتەوەیی و نەژادییەکانیان کاریگەریی هەبووە: لە ئاکامی ئەو فاکتەرانە، لە ڕووی زاراوە و فدابونەریت و ئایینییەوە جیاوازییان لێ کەوتووەتەوە، ئەم جیاوازییانە بوونەتە هۆی ئەوەی تا ڕاددەیەک لێکۆڵینەوەی زانستی سەبارەت بەم نەتەوەیە دژوار بێت، بەم پێیە هەندێ لە توێژەران و لێکۆڵەرانی بواری ڕەچەڵەکناسی لە سەدەکانی نۆزدە و بیستی زایینیدا سەبارەت بە مەژادە ئێرانییەکان، ئەو ئەرکەیان بەجێهێناوە و باسی نەژادی کوردیان کردووە.
هاوکات نموونەی وتەیەکی (ڕیچ) کە بیرمەندێکی بواری ڕەچەڵەکناسییە دەهێنێتەوە کە لە توێژینەوەیەکیدا سەبارەت بە مەژادی کورد وتویەتی: لە ڕووی پێکهاتە و فۆنکشنەوە کوردەکان بە دوو دەستە پۆڵێن دەکرێن، دەوارننشینان و جووتیارانی گوندنشین، دەوارنشینەکان خەڵکانێکی جەنگاوەرن، کە پیشەی سەرەکییان شوانییە و بە (ئەسیرتا) بەناوبانگن، بەڵام جوتیارەکان کە سەرقاڵی کوشتوکاڵن، بە (گۆران) ناویان دەرکردووە.
لە بابەتێکی دیکەی ئەم لێکۆڵینەوە مێژووییەدا بە ناوی (حیکایەت و گێڕانەوە زارەکییەکان) ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئەو چیرۆکانەی بە شێوەی پەخشان نووسراونەتەوە، بەشێکی زۆر لە چیرۆکە حەماسییەکان و دووبەیتییەکان، هەروەها ئەو درامانەی کە لەمڕ عەشق و دڵداری بە زمانی کوردی وتراون، لەوانە: چریکە یان بەیت، ئەو هەڵبەست و هۆنراوانەنە کە سەبارەت بە عەشق و قارەماێتی بە زاراوەی کرمانجی موکریانی وتراون و بێژەرانی ئەو جۆرە هەڵبەستانە بە گۆرانیبێژ، یان گۆرانیچڕ و بەیتەوان بەناوبانگن، هاوکات باس لەوەش دەکات چریکە لە ڕوانگەی گێڕانەوە و ئاهەنگ و ناوەڕۆکەوە زۆر دەوڵەمەندە، چریکە لە دڵی پاک و بێگەردی کوێستانەکانی کوردستاندا هەڵقوڵاوە.
لە بەشێکی دیکەدا کە سەبارەت بە ئایین و ئایینەکانی کوردە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە نووسەرانی مێژووی کورد و ئەو لێکۆڵەرانەی کە سەبارەت بە کورد و کودستان نووسیویانە، وێڕای لێکۆڵینەوە و دەربڕینی بیر و بۆچوونی خۆیان لەمەڕ ڕەچەڵەک، زمان و پێشینەی مێژوویی کورد، ئامەژەیان بە دابونەریت و بیروباوەڕی ئایینی کوردان داوە و لەم بارەوە کۆدەنگن کە هۆزە ئێرانییەکان هەر لە کۆنەوە هەتا سەرهەڵدانی ئیسلام سەر بە یەک ئایین بوون و ئەگەر هەندێ جیاوازیی لە بیروباوەڕی ئایینی ئەواندا بینراوە، ئەوە تەنیا دانیشتوانی سەرسنوورەکان دەگرێتەوە، کە تا ڕادەیەک کولتووری دراوسێکانیان کاری لێ کردووەن، دواتر ئەوەش ڕووندەکاتەوە کە بە سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام، هۆزە کوردەکان لە سەدەی یەکەمی کۆچیدا پاش بەربەرەکانێیەکی زۆر دواجار ناچار بوون ئایینی ئیسلام قبووڵ بکەن و بە هۆی دراوسێیەتییەوە لەگەڵ عەرەبە موسڵمانەکاندا و نزیکبوونەوەیان بە ناوەندی خەلافەتەوە ڕێبازی سووننە هەڵبژێرن و ببنە لایەنگری خولەفای ڕاشدین: دواتر بە هۆی ئەوەوە کە سووننەکان بوون بە چوار لقەوە، کوردەکان بە زۆری بوون بە شوێنکەوتووی ئیمام شافیعی، کە لە سەردەمی سەلجووقییەکاندا سەرتاسەری وڵاتی ئێرانی خستبووە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
لە بەشێکی تردا سەبارەت بە ناحیە و شار و شارەدییەکانی کوردستان، واتە سنە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە شاری سنە لە هەژدە بلۆک یان ناوچەی نیمچە دەسەڵات پێکهاتووە، کە چوار ناوچەی ئەو شارە چوار شارەدێی بەناوبانگیان لەخۆ گرتووە، ناوچە جۆراوجۆرەکان و شاخ و داخ و ڕووبار و عەشیرەتەکانی ئەم وڵاتە بە شێوەیەکی بەم جۆرەی خوارەوەیە؛
ئەسفەندئاوا، ئەمیرئاوا، پاڵنگان، بیلاوەرات، کەڵاتەرزان، کردوز، تیلەکۆ، کەرەفتو، سەقز و چەندینی تر.
دواتریش دێتە سەر باسی ڕووبارەکان ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەو ڕووبارانەی سەرچاوەکەیان لە کوردستاندایە، بریتین لە: ڕووباری شاری سنە، ژاوەرۆ، پاڵنگان، گاران، سوورگوڵ، مەتریوان، زەلان، ئەم ڕووبارە گەورانە لەگەڵ ڕووباری دیجلە یەک دەگرنەوە و بە ئاڕاستەی بەغدادا تێدەپەڕن، باس لەوەش دەکات کە سێ ڕووباری جحاتو، سەقز، خوڕەخوڕ دەڕژێنە ناو دەریای سوورتەسووج، کە هەمان دەریاچەی ورمێیە، ڕووباری قەزەل ئۆزەن، کولە، تلوار، حاجی چا، بەرەو دەریاچەی ڕەشت بەڕێ دەکەون، هەردوو روباری ڕوانسەر، زەڕین جۆ و شیروانە، دەڕژێنە ناو قەرەسووی کرمانشان.
ڕەفعەت مورادی وەرگێڕ، لە پێشەکییەکی کورتدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە دەمێ ساڵە پچڕپچڕ دەستی بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە کوردووە بۆ سەر زمانی کوردی: خۆشبەختانە ساڵی ٢٠١٩ هەوڵ و ماندووبوونەکەم هاتە بەر و توانیم ئەم ئەرکە سەختە بگەیەنمە ئامانج.
بێگومان ئێستا کتێبەکە لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە و پێویستە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و کاریگەری مێژووی تەماشای بکرێت و بخوێنرێتەوە، هەندێک ڕاستی و دروستیی مێژوویی لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو، هاوکات هەندێک زانیاری بەسوودی تێدایە کە دەکرێت وەک سەرچاوە ببنە بنەمای دەیان توێژینەوەی زانستی لەمەڕ مێژووی کورد، چونکە ئەم لێکۆڵینەوە مێژووییە هیچ بوارێکی ئەوتۆی نەهێشتۆتەوە تیشکی نەخستبێتە سەری، هەر لە دابونەریت و ڕەچەڵەکەوە بگرە تا دەگات بە جەگرافیا و ئایین و تەریقەتەکان، هاوکات پەردەی لەسەر زۆرێک لەو ڕاستییە مێژووییانە هەڵداوەتەوە، کە چەندین ساڵ بە نهێنی ماونەتەوە یاخود تۆزی گومان نیشتووەتە سەریان، لێرەدا ناکرێت کۆی لایەنە هەمەجۆرەکانی کتێبەکە بدەینە بەر باس و ناسین، باشتر وایە خوێنەر و نووسەری کورد خۆیان گوێ بۆ کتێبەکە ڕادێرن تا چیرۆک و حیکایەتە مێژووییەکەیان بۆ بگێڕێتەوە.
ڕانانی: سەردەم