ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک لە دیدی نووسەرانەوە

ئا: سەردەم

ڕۆمانی (منداڵانی گەڕەک)ی نووسەر و شاعیر (هیوا قادر) یەکێک بوو لە پڕفرۆشترین کتێب و تامەزرۆیی خوێنەر بۆ ئەم ڕۆمانە چەندین چاپی تازەی بەدوات خۆیدا هێنا، هاوکات لە لایەن نووسەرانەوە سەرنجی جیاجیا لەبارەیەوە خرایە ڕوو، لێرەدا پەختەی سەرنج و بۆچوونی هەندێک لەو نووسەرانە دەخەینە ڕوو.
بە بۆچوونی نووسەر و ڕووناکبیری ناوداری کورد (شێرزاد حەسەن) لەم رۆمانەدا شوێن بە مانا کۆن و باوەکەى “هەستى هاونیشتمانی” تێدا نییە، بەڵکو جوگرافیایەکە بۆ جەنگ و ململانێ و سەرگەردانى، بەڵام زەمەن و شوێن وەک هەڵگرى رۆحى لۆکاڵى بوونى هەیە. وەک ئەوەی گەر ئەو شوێن و کاتە نەبێت، بوونى وەها کارەکتەر و ڕووداوگەلێک مەحاڵە: واتا ئێمە یادەوەریمان ئامادە دەکەین بۆ خوڵقانى ژینگەیەکى پڕ لە توندوتیژى، باوەجوو.. چەندە واقیعییە، ئەوەندەش خەیاڵئامێزە. زەمەنێک و گۆڕەپانێکە بۆ پەڕینەوە لە زمانى دایکەوە بۆ زمانى باوک، واتا لە شکستى زمانى دایکەوە بۆ زاڵبوونى زمانى ستەمکارانەى باوک، زمانێکى زبر و بارگاوى بە هەموو میراتى ستەم و چەوساندنەوە و مەرگدۆستى، کە درێژکراوەى هەمان قۆناغى منداڵی و هەرزەییە.
لە نووسینیکی دورودرێژی خۆیدا سەبارەت بە ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک، شێرزاد حەسەن پێی وایە ه بە گشتی دیاردەى “نامێژوویی” بۆ خۆى لە ئەدەبی داستانئامێزى ئێمەدا لە کەم ئەزموونییەوە بووە، لەپاڵ ئاشنانەبوون بە یاسا و رێساکانى هونەرى داستاننووسی کە خودى مێژووەکە ڕەسمى ئەو پەیوەندییە دەکات لە نێوان پارچەکانیدا، ژمارەیەکى کەمى رۆمان و چیرۆکمان دەست دەکەوێت کە بکەوێتە دەرەوەى ئەو هەڵاوێردکردنە، نووسەر ناچار نییە بەوەى رێز لە شوێنە راستەقینەکانى ناو جوگرافیایەکى دیاریکراو بگرێت، مافی رەواى نووسەرە کە لەو لەیەکچوونە نزیک بێتەوە یان دوور بکەوێتەوە، کە لەم رۆمانەدا هەوڵێکی شێلگیرانە بەم ئاراستەیەدا هەیە و دەشڵێت: شوێن لەم رۆمانەدا بۆ خۆى ڕووهەڵمالینە لەسەر کەسانێکى پەراوێزخراو نەک دیار و پایەدار. ڕادەى کاردانەوەى خودى گەڕەکە میللییەکە وەک ژینگەى ڕۆمانەکە کاردانەوە و کاریگەرى خۆى داناوە لەسەر هەر جووڵە و ڕەفتارێکى هەرزەکار و تۆڵازەکان. کەواتە ئێمە بە تەنیا ماجەراى منداڵانى گەڕەک ناخوێنینەوە.
لە لایەکی دیکەوە نووسەری دیاری کورد مامۆستا (حەمەفەریق حەسەن) لە نووسینێکی چڕ و پڕ لە وردەکارییدا سەبارەت بە ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک گوتویەتی: دەکرێت ئێمه‌ وه‌ك ڕۆمانی مێژوویی له‌ (منداڵانی گه‌ره‌ك)ی هیوا قادر بڕوانین. له‌ ڕۆمانی مێژووییشدا، ڕۆماننووس بۆی هه‌یه‌ میر، پادشا، سه‌ركرده‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان وه‌لا بنێت و سه‌ربازێكی ساده‌، كاره‌كه‌رێكی كۆشك یان له‌له‌یه‌ك، هه‌ڵبژێرێت و بیكات به‌ (ئه‌ی كاره‌ته‌ر) و هه‌ر له‌ ڕێی ئه‌م مرۆڤه‌ سادانه‌وه‌، ڕاستگۆیانه‌تر له‌ مێژوونووس و به‌ زمانی ئه‌ده‌ب مێژووی سه‌رده‌مێكی جه‌نجاڵی وڵاتێك بگێڕێته‌وه‌. له‌ حاڵێكدا خودی مێژوونووسان لا له‌م جۆره‌ كاره‌كته‌ره‌ په‌راوێز خراوانه‌ ناكه‌نه‌وه‌ و ڕۆڵیان به‌ گرینگ نازانن. مێژوونووس، كه‌ خۆی هه‌رده‌م میوانی سه‌ر خوانی سه‌ركرده‌وه‌ و پادشا بێ، هه‌ر له‌ دید و چاوی ئه‌وانیشه‌وه‌ ڕووداوه‌كان ده‌بینێت و تۆماریشیان ده‌كات.
ئەم نووسەرە ناودارەی کورد لە درێژەی نووسینەکەیدا باس لەوەش دەکات کە ژیان له‌ ناو خێزانی گوڵ محه‌مه‌دی منداڵدا، كه‌ خاوهن‌ی سێ پووری قه‌یره‌یه‌ له‌سه‌ر ماڵ، ئاسایی ده‌ڕوات. حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌یان جێی جریوه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی چه‌ندان باڵنده‌ی ده‌سته‌مۆیه‌، كه‌ بێ ترس ئه‌وێیان كردووه‌ به‌ لانه‌ و بانه‌. تا ئه‌و ڕۆژه‌ی (به‌ڵام ئه‌و به‌یانییه‌ زووه‌ی باڵداره‌كان به‌ گویلێبوون له‌ ته‌په‌ی قورس و له‌پڕی باڵی كونه‌په‌پوویه‌ك له‌سه‌ر ئاسمانی ماڵی ئێمه‌، هه‌موویان پێكه‌وه‌ فڕین، پووره‌كانم وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ یه‌كه‌وه‌ كاره‌با گرتبنی له‌ جێگه‌ی خۆیاندا سپی سپی بوون. ده‌ستیان شل بوو.)
تۆ له‌وه‌یان گه‌ڕێ كه‌ كونه‌په‌پوو هیچ ده‌نگی باڵی نایه‌ت. هه‌ر ئه‌و بێده‌نگییه‌شه‌، كه‌ یارمه‌تیی ئه‌م باڵنده‌یه‌ ده‌دات له‌ ڕاوی نێچیره‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بێت: وه‌لێ له‌ زه‌ینی ئێمه‌ی كورد و زۆر له‌ گه‌لانی ناوچه‌كه‌شدا، كونه‌په‌پوو باڵدارێكی شوومه‌، نه‌گبه‌تی و ماڵوێرانی له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت و كه‌لاوه‌ ده‌خاته‌وه‌. بۆیه‌ به‌ ده‌ركه‌وتنی ئه‌م باڵنده‌یه‌، ئیتر هه‌م باڵنده‌كان لانه‌واز ده‌بن و هه‌میش نه‌گبه‌تی ڕوو له‌و ماڵه‌ و له‌ منداڵانی گه‌ڕه‌كیش ده‌كات. ئه‌م ئاماژه‌یه‌ی نووسه‌ر هیوا قادر، له‌ خۆیدا به‌گه‌ڕخستنی ئه‌فسانه‌یه‌ و له‌ جێی خۆیدایه‌. نووسه‌ر هه‌ر به‌و چه‌ند ڕسته‌یه‌، به‌ خوێنه‌ری وریا ده‌ڵێت (كاره‌سات به‌ڕێوه‌یه‌! ئه‌وه‌ بۆیه‌ پووره‌كانی گوڵ محه‌مه‌د به‌ ده‌ركه‌وتنی كونه‌پووه‌كه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیاندا سپی سپی ده‌بن!)
بە بۆچوونی مامۆستا حەمەفەریق حەسەن، كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌، منداڵانی گه‌ره‌كه‌ میللییه‌كانی شارن، هه‌ر خۆشیانن، كه‌ له‌ شار و له‌ شاخیش مێژوویه‌كی خوێناوی ده‌خوڵقێنن و ده‌یشیگێڕنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی وا ده‌یگێڕنه‌وه‌ مێژوویه‌كی زۆر كۆن نییه‌. ره‌نگه‌ هه‌ندێكمان به‌شێ له‌و كاره‌كته‌رانه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ بناسین و له‌ناو ئه‌و ڕووداوه‌نه‌شدا ژیابین.
هاوکات نووسەر و چیرۆکنووس (فاروق هۆمەر) لە وتووێژێکی دوورودرێژ و هەمەلایەندا لەگەڵ هیواقادر، سەبارەت بە ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک گوتویەتی: ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک باس لە دوو قۆناغی کلتوریی و سیاسی ئەوروپا و کوردستان ئەکات، لەناو یەک زەمەنی مێژوویدا. کاتەکەش هەردوو دەیەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە. ئەوروپا: دوای شۆڕشی قوتابیان و شۆڕشەکانی ئازادی سێکس و هاتنی مۆسیقا جیاوازەکان و دروستبوونی گروپە هیپی و پونگ و فریشتەکانی جەهەنم. کوردستانیش: درێژبوونەوەی یاخیبوونەکان و دروستبوونی شۆڕش و ڕژانی خوێنێکی زۆر و شکستە یەک لەدوای یەکەکانی.
بە بڕوای ئەم نووسەر و چیرۆکنووسە، کەسایەتی گوڵ موحەمەد ڕۆڵی مێژوویی ئەو گەنجانە ئەبینێت کە بە هۆکارە جیاوازەکان هەم لە ناو شۆڕش و هەم لە بەرەی دژە شۆڕشدا کوژراون. کاتێک ئەبێتە پەناهەندە لە وڵاتی سوید، لە ڕێکەوتێکدا کچێک لە گروپی پونگەکان ئەناسێت کە ناوی سیسیلیایە، باوکی ئەم کچە هەم نووسەرەو هەمیش دکتۆری دەروونییە و ناوی گۆستاڤە، باوکی سیسیلیا زیاد لە بیست ساڵە ئەو و دایکی بەجێهێشتووە و بۆ جارێکیش چییە نەیبینیونەتەوە. گوڵ مەحەمەد و سیسیلیا پلانێک دائەڕێژن کە وا لە گۆستاڤ بکەن چیرۆکەکانی گوڵ موحەمەد لە ڕۆمانێکدا بنووسێتەوە، لە پای ئەوەشدا دوای زیاد لە بیست ساڵ بۆ یەکەمین جار چاوی بە سیسیلیای کچی بکەوێت. پلانەکە سەرئەگرێت و ڕۆمانەکە بڵاوئەکرێتەوە و ناوی لێ ئەنرێت منداڵانی گەڕەک.
هاوکات ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لە کۆتایدا هەموو ڕووداوەکان سەرەونگون ئەبنەوە و خوێنەر توشی جۆرێک لە هێدمە ئەبێت: دوای ئەوەی کە ئەزانێت گۆستاڤ لەلایەن وەشانخانەیەکەوە ڕاسپێراوە لەگەڵ گروپی ماتۆرسکلی فریشتەکانی جەهەنمدا بەناو ئەوروپا وتورکیا سەفەربکات، تاکو کتێبێکیان لەسەر بنووسێت، بەڵام کە ڕاپەڕین ڕووئەدات گۆستاڤ بە خۆی و ماتۆرێکەوە گروپەکە بەجێدێڵێت و لە سنووری تورکیاوە خۆی ئەکات بە کوردستاندا، لەبری نووسینی ئەو کتێبە ڕۆمانێک لەسەر رووداوەکانی کوردستان ئەنووسێت و ناوی لێ ئەنێت منداڵانی گەڕەک. ئەمە هەیکەلی گشتی ڕۆمانەکەیە بەڵام سیخناخ بە کۆمەڵێک وردەکاری زۆر و چیرۆکگەلێک کە هەموویان بە چیرۆکە گەورەکەوە پەیوەستن.
تێکهەڵکێشکردنی ئەو دوو دنیایە لەگەڵ یەکتریدا بونیادی سەرەکی چیرۆکەکان پێک ئەهێنن، هەردووکیان تەواوکەری یەکترین و بەبێ یەکتری چیرۆکەکان نەئەکرا بگێڕێنەوە. ئەگەر واش نەکرایە ئەوا ڕۆمانەکە خاڵی ئەبوو لە تەکنیک و ئەبوو بە گێڕانەوەیەکی سادەی ناهونەریی.
لە ئیستادا چاپێکی نوێی ڕۆمانی (منداڵانی گەڕەک)ی هیوا قادر لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە و هەموو ئەو خوێنەرانەی کە لە چاپەکانی پێشوودا فریای خوێندنەوەی نەکەوتن، ئێستا دەرفەت و شانسێکی باشیان لەبەردەستدایە بۆ خوێندنەوەی، لە ڕاستیدا خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە جگە لەوەی چێژێکی بێئەنداز دەدات بە خوێنەر، هاوکات ئاشناشمان دەکات بە قۆناغێکی مێژوویی ئەم وڵاتە کە رەنگە لە کەم بابەتی ئەدەبیدا بەم شێوە جوانەئاوڕ لەو قۆناغە خوێناوی و پڕ لە چیرۆک و ڕیسک و ململانێیە درابێتەوە.