ئه‌گه‌ر دۆخی كتێبی عه‌ره‌بی به‌م جۆره بێت، ئاخۆ ده‌بێت دۆخی كتێبی كوردی چۆن بێت!
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
ئه‌م نووسینه‌ی خواره‌وه كه زیاتر له ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌وانی ده‌چێت، باس له دۆخی كتێب و بڵاوكردنه‌وه‌ی، مافی نووسه‌ر و وه‌رگێڕ ده‌كات له جیهانی عه‌ره‌بیدا، كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر له دۆخی لای خۆمان ده‌چێت. لێره‌وه به باشم زانی پوخته‌یه‌كی باشی وه‌ربگێڕم، به‌و هیوایه‌ی سودی هه‌بێت.
وه‌شانخانه‌كانی لوبنان: خوێنه‌ر متمانه‌ی به نووسه‌ری عه‌ره‌ب نه‌ماوه و جێگره‌وه‌كه‌ی بریتییه له وه‌رگێڕه‌كان. هه‌ندێك ده‌زگای بڵاوكردنه‌وه له سه‌دا70%ی به‌رهه‌مه‌كانی، وه‌رگێڕانه له زمانه بیانییه‌كانه‌وه.
پێشوازیكردنی خوێنه‌ری عه‌ره‌ب، به شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رفراوان، له كتێبه وه‌رگێڕدراوه‌كان، دیارده‌یه‌كه وه‌شانخانه‌كان نكۆڵی لێ ناكه‌ن و ڕهتیناكهنهوه. به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌ی، لێكدانه‌وه‌ی خۆی بۆ ئه‌و دیارده‌یه و ڕه‌هه‌نده‌كانی و هۆكاره‌كانی هه‌یه، ئه‌گه‌رچی كه‌سیان به دیارده‌یه‌كی باش و ته‌ندروستی نازانن. به گوێره‌ی قسه‌كانی خاوه‌نی وه‌شانخانه‌ی “دار الاداب” بێت، خه‌لیجییه‌كان زۆرترینی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه به‌رهه‌مه وه‌رگێڕدراوه‌كان ده‌كڕن، به‌ڵام له‌م ڕووه‌وه میسرییه‌كان و خوێنه‌رانی مه‌غریبی عه‌ره‌بی و عێراق-یش، پێیان گه‌یشتوونه‌ته‌وه. هه‌ر بۆیه ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه، هیچیان پێناكرێت، ئه‌وه نه‌بێت حه‌ز و ئاره‌زووی خوێنه‌ر به‌دیبێنن، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانی باشترین ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی به زمانی بیانی ده‌رده‌چن، تا ئه‌و كاته‌ی مه‌زاج و حه‌ز و ئاره‌زووی خوێنه‌ر گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت.
ته‌نانه‌ت كار گه‌شتووه به‌وه‌ی فرۆشی ڕۆمانه وه‌رگێڕدراوه‌كان، بووه‌ته ئامرازێك بۆ پاڵپشتی كردن له كتێبی عه‌ره‌بی كه خوێنه‌رێكی ئه‌و تۆی نه‌ماوه. له‌م باره‌یه‌وه “ڕه‌نا ئیدریس” خاوه‌نی وه‌شانخانه‌ی “دار الادب” ده‌ڵێت: “ئێمه به نیازین نۆ ڕۆمانی عه‌ره‌بی بڵاوبكه‌ینه‌وه، له ئێستادا ناتوانین قه‌ره‌بووی ئه‌و زه‌ره‌ره بكه‌ینه‌وه كه له چاپكردنی ئه‌و كتێبانه لێماندهكهوێت، ته‌نها به فرۆشتنی ڕۆمانه وه‌رگێڕدراوه‌كان نه‌بێت. ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ی دواییان، به به‌راورد به كتێبی عه‌ره‌بی، تێچووی زیاتره، چونكه ئێمه ده‌بێت پاره‌ی مافی بڵاوكردنه‌وه و مافی وهرگێڕهكهش بده‌ین”.
دامه‌زرێنه‌ری “ده‌زگای ڕۆشنگه‌ری” له بێروت “حه‌سه‌ن یاغی”، باس له‌وه ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌و قسه‌یه ڕاست نییه كه ده‌وترێت ئه‌و كتێبانه‌ی له زمانه بیانییه‌كانه‌وه، ده‌كرێن به عه‌ره‌بی، مافی نووسه‌ر و بڵاوكاره‌كه‌ی نادرێت. ئه‌و له‌م باره‌یه‌وه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه ده‌كات و ده‌ڵێت: “له‌م بواره‌دا زه‌مه‌نی فه‌وزا تێپه‌ڕی و بازاڕ ڕێكخراوه. ئێستا فشارێكی زۆر هه‌یه و وه‌شانخانه‌كه ناچاره مافی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی بیانی بكڕێت. ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی نووسه‌ر و بڵاوكارهكهیه و سنورێك بۆ فه‌وزا داده‌نێت، هه‌روه‌ها سنورێك بۆ ئه‌و وه‌رگێڕانه خراپانه داده‌نێت كه ده‌یبینین”. ئه‌م خاوه‌ن وه‌شانخانه‌یه، له درێژه‌ی قسه‌كانیدا و سه‌رباره‌ت به مافی نووسه‌ری بیانی ده‌ڵێت: “مافی كڕینی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی بیانی، یه‌ك نرخ یان یه‌ك تێچوونی نییه. هه‌یانه هه‌زار یان دوو هه‌زر دۆلار ته‌كلیف ده‌كات، هه‌یان ده‌گات به ده هه‌زار دۆلار. بۆچی؟ چونكه كتێب هه‌یه ساده‌یه (عادییه) و كتێب هه‌یه داوای له‌سه‌ره و كتێب هه‌یه به‌ناوبانگه و فرۆشی زۆره، كتێبیش هه‌یه بۆ وه‌رگرتنی مافی بڵاوكردنه‌وه‌كه‌ی، كێبڕكێیه‌كی زۆری له‌سه‌ره، لێره‌وه وه‌شانخانه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی بێنێت، له‌سه‌ریه‌تی پاره‌یه‌كی زۆر بدات. ئێمه له بازاڕی جیهان داین، له‌به‌رژه‌وه‌ندی وه‌شانخانه‌كه نییه، مافه‌ی بڵاوكار و نووسه‌ر نه‌دات، چونكه ئه‌مه وا ده‌كات جووڵه‌ی نووسینی كتێب پاشه‌كشه بكات. نووسه‌ر چه‌ندین ساڵی دوور و درێژ خه‌ریكی نووسینی كتێبه‌كه‌یه‌تی، كه‌چی دوای ئه‌وه یه‌كێك دێت و وزه و تواناكانی ده‌دزێت. ئه‌مه هۆكاری یه‌كه‌مه بۆ لاوازبوونی جووڵه‌ی بڵاوكردنه‌وه”.
وه‌شانخانه‌كان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چه‌ندین لایه‌ن و وڵاتانی جیاواز ده‌كه‌ن، كه هه‌ر یه‌كه‌یان بنه‌ما و شێواز و ڕێنمای تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. ڕه‌نا ئیدریس، ئه‌و ڕۆمانانه‌ی ده‌زگاكه‌ی بڵاویان ده‌كاته‌وه، له چه‌ندین زمانی جیاوازه‌وه، وه‌رگێڕدراون. به‌لای ئه‌و خانمه‌وه كاری وه‌رگێڕانه‌كه تێچووی زۆره و ده‌ڵێت: “كاتێك ناونیشانی ڕۆمانێكی گرنگم به‌رده‌ست ده‌كه‌وێت، پێشه‌كی 15 بۆ 20 هه‌زار دۆلار ده‌ده‌م، پاشان نزیكه‌ی 5 هه‌زار دۆلار ده‌ده‌م به وهرگێڕهكه، بێگومان دوای ئه‌وه هه‌ڵه‌بڕی و سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه و پێداچونه‌وه دێت، ئه‌وه‌ش هه‌ر هه‌موی پاره‌ی ده‌وێت و ناتوانی خۆتی لێ ڕزگار بكه‌یت. با بڵێن من مافی وه‌رگێڕانی كتێبێكی مۆراكامی-م وه‌رگرت، پێویسته 10 بۆ 15 هه‌زار دۆلار بده‌م به بڵاوكاره‌كه، پاشان ده‌بێت پاره‌ی وهرگێڕهكهش بده‌م، ئه‌مه جگه له تێچووی هه‌ڵه‌بڕی و وردبینی و پێداچوونه‌وه و چاپ و به‌رگ و چه‌ندان شتی دیكه”.
به‌ڵام “به‌سام شبارۆ” سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی “دار العربیة للعلوم و النشر”، سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر بابه‌تێكی دیكه، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه، هه‌ندێك وڵات هه‌یه، هانی وه‌رگێڕان له زمانی وڵاته‌كه‌وه بۆ زمانه‌كانی دیكه ده‌دات. بڕێك بودجه ده‌دات به‌و وهشانخانهیهی ئه‌و كاره ده‌كات. ئه‌مه‌ش ئه‌ركی وه‌شانخانه‌كه ئاسان ده‌كات و به‌شێك له خه‌رجییه‌كانی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه. بۆ نمونه حكومه‌تی توركی و ڕوسی و كۆری، یارمه‌تی پرۆسه‌ی وه‌رگێران ده‌ده‌ن. به‌ڵام پشت به‌ستن به فرۆش، سودی نییه. چونكه له هه‌مو حاڵه‌ته‌كاندا كه‌مه و به‌س نییه. له‌م ڕووه‌وه شبارۆ ده‌ڵێت: “من 35 ساڵه له‌م كاره‌دا ئیشدهكهم. جاران له قۆناغی یه‌كه‌مدا و وه‌ك تاقیكردنه‌وه، 5 هه‌زار نوسخه‌مان له كتێبێك چاپده‌كرد، دواتر دیسانه‌وه چاپمان ده‌كرده‌وه. به‌ڵام له‌مڕۆدا له هه‌زار نوسخه زیاتر چاپ ناكه‌ین، هه‌ندێك وه‌شانخانه ته‌نها 500 نوسخه چاپ ده‌كات. نه‌ته‌وه‌یه‌ك دانیشتوانه‌كه‌ی 350 ملیۆن كه‌سه، كه‌چی ناتوانین له‌وه زیاتری بۆ چاپ بكه‌ین، زۆرجار ئه‌و نوسخه كه‌مانه‌ش به‌سه‌ر یه‌كدا كه‌ڵه‌كه ده‌بن و نافرۆشرێن. میله‌تی ئێمه سه‌رقاڵی ڤیدیۆ و مۆبایل و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه، بۆیه میله‌تی ئێمه ناخوێنێته‌وه و كتێب به‌كارناهێنێت و یارمه‌تی جووڵه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كتێب نادات”.
ئایا ڕه‌واجی فرۆشی ڕۆمانی وه‌رگێڕدراو له بازاڕه عه‌ره‌بییه‌كان، مانای ئه‌وه‌یه ڕۆمانی عه‌ره‌بی پاشه‌كشه‌ی كردووه و ڕۆمانه‌كانی دی جێگای گرتووه‌ته‌وه كه له زمانه‌كانی دیكه‌وه وه‌رده‌گێڕدرێن؟ حه‌سه‌ن یاغی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: “ڕۆمانی عه‌ره‌بی نه پاشه‌كشه‌ی كردووه و نه پێشكه‌وتووه. ئاخر ڕۆمانی عه‌ره‌بی ڕۆژێك له ڕۆژان نه‌گه‌شتووه به ئاستێكی به‌رز و ناوێكی وای به‌رهه‌م نه‌هێناوه كێبڕكێی جیهانی بكات، به مانای ڕاسته‌قینه‌ی وشه‌كه. نا، بگره له‌وه‌ش زیاتر، نووسین له جیهانی عه‌ره‌بی زۆر لاواز بووه، به تایبه‌ت له كایه‌ی فیكر، دوای كتێبه‌كانی نه‌سر حامد ئه‌بو زێد و عه‌بدوڵڵا ئهلعهرهوی و ئه‌وانی دیكه، ئاستی نووسینی ئه‌كادیمی و به شێوه‌یه‌كی گشتی خوێندن و به‌رهه‌می زانستی، سه‌ره‌وخوار بووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها مه‌زاج و حه‌زی خوێنه‌ریش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، خوێنه‌ر چیتر حه‌ز به خوێندنه‌وه‌ی كتێبی فیكری قورس ناكات و حه‌ز به خوێندنه‌وه‌ی كتێبی فه‌لسه‌فی سوك و ئاسان و رۆمانی سه‌رگه‌رمكردن ده‌كات”.
ئه‌و ژمارانه‌ی له‌لایه‌ن وهشانخانهكانهوه بڵاوده‌كرێنه‌وه، جێگای نیگه‌رانین، “دار العربیة للعلوم” نیوه‌ی كتێبه‌كانی وه‌رگێڕدراون و نیوه‌كه‌ی دیكه‌ی هی نووسه‌رانی عه‌ره‌بن. خاوه‌نی وشانخانهكه ده‌ڵێت: “له كۆی شه‌ش هه‌زار كتێب كه ده‌زگاكه‌مان بڵاویكردووه‌ته‌وه، نیوه‌ی له زمانه بیانییه‌كانه‌وه وه‌رگێڕدراون”. به‌ڵام “دار لاداب” ساڵانه له سه‌دا 65% رۆمانی بیانی وه‌رگێڕدراو بڵاوده‌كاته‌وه، له به‌رامبه‌ردا ته‌نها له سه‌دا 35% ڕۆمانی عه‌ره‌بی بڵاوده‌كاته‌وه. پێش ساڵی 2010 ئه‌و ڕێژه‌یه پێچهونه بوو، ڕۆمانی عه‌ره‌بی لای خوێنه‌ر له پێشه‌وه بوو. به‌ڵام داواكارییه‌كه ورده ورده گۆڕانی به‌سه‌رداهات و مه‌سه‌له‌كان زۆر به‌خێرایی گۆڕانیان به‌سه‌ردا هات، تا له ساڵی 2017 كار گه‌یشت به‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یبینین. یه‌كێك له خاوه‌ن وه‌شانخانه‌كان ده‌ڵێت: “من زۆرجار سود له كردنه‌وه‌ی پێشانگای كتێب و فرۆشتنی ڕۆمانه وه‌رگێڕدراوه‌كان، وه‌رده‌گرم و بۆ خوێنه‌ری شه‌رح ده‌كه‌م كه هه‌ندێك ڕۆمانی عه‌ره‌بی جوان هه‌یه و شایه‌نی خوێندنه‌وه و گرنگی پێدانه. واته ڕۆمانه وه‌رگێڕدراوه‌كه وه‌ك ته‌ڵه‌یه‌كی لێدێت بۆ هاندانی خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نووسه‌ره عه‌ره‌به‌كان. من بۆ نمونه به خوێنه‌ره‌كه ده‌ڵێم: بۆچی فڵانه نووسه‌ری ئافره‌ت ناخوێنیته‌وه، ئه‌و وه‌ك ئێزابێل ئه‌للیندی ده‌نووسێت، یان بابه‌تی له‌و جۆره ده‌نووسێت كه ئه‌لیف شهفهك ده‌ینووسێت”.
بارودۆخه‌كه له “دار التنویر” جیاوازتره، له‌وێ ڕێژه‌ی كتێبی وه‌رگێڕدراو، له كۆی ئه‌و كتێبانه‌ی ساڵانه بڵاویده‌كاته‌وه، ده‌گاته نزیكه‌ی له سه‌دا 70% ، كتێبی عه‌ره‌بی ته‌نها له سه‌دا 30% بڵاوكراوه‌كانی پێكده‌هێنێت. به ڕاستی ئه‌م ژماره‌یه ترسناكه. ئێمه له دامه‌زرێنه‌ری وه‌شانخانه‌كه “حه‌سه‌ن یاغی” ده‌پرسین: ئه‌مه مانای وایه كتێبی عه‌ره‌بی له‌ناو چووه، یان به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت؟ ئه‌و ئاوا وه‌ڵام ده‌داته‌وه: “به‌ڵێ، له‌وانه‌یه كتێبی عه‌ره‌بی به‌ره‌و له‌ناوچوون بڕوات. كۆمه‌ڵگا چیتر له توانایدا نییه یه‌ك نووسه‌ر ده‌ربخات، بیخوێنێته‌وه، ڕه‌خنه‌ی لێبگرێت، پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ بكات، ددانی پێدا بنێت. ته‌نانه‌ت خوێنه‌ره‌كان پێیانوایه ئه‌مازۆن، سه‌رچاوه‌ی ئه‌وانه بۆ ناسینی كتێبی باش و به‌ناوبانگ، نه‌ك سه‌رچاوه عه‌ره‌بییه‌كان. ئه‌مازۆن وه‌ك پێگه‌یه‌ك، خۆی به‌سه‌ر كۆی جیهاندا سه‌پاندووه و جێگای باوه‌ڕه و مسداقییهتیشی هه‌یه، ئاشكرایه بیروڕای خوێنه‌ر، متمانه به كڕیار ده‌به‌خشێت. ئه‌مه‌یه خوێنه‌ر به‌دوایدا ده‌گه‌رێت، ده‌یه‌وێت سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوی هه‌بێت و متمانه‌ی پێبكات”.
ڕه‌نا ئیدریس، دووركه‌وتنه‌وه‌ی خوێنه‌ر له كتێبی عه‌ره‌بی، بۆ كۆمه‌ڵێ هۆكار ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، له‌وانه: “خوێنه‌ری عه‌ره‌ب متمانه‌ی به ئاستی نووسه‌ری عه‌ره‌ب نه‌ماوه. ئه‌مه‌ش زوڵمێكه له‌و ڕۆماننووسه عه‌ره‌بانه ده‌كرێت كه له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌خوێنرێنه‌وه. به‌ڵام خوێنه‌ری زمانه‌كه‌ی خۆی، نایانه‌وێت بیخوێننه‌وه و رێز له بلیمهتییهكهیان ناگرن”. ئه‌م خانمه له‌و بڕوایه‌دایه: “ئێمه له قۆناغی بێ متمانه‌یدا ده‌ژین. متمانه‌مان به شارستانییه‌ته‌كه‌ی خۆمان یان به كه‌لتوره‌كه‌مان یاخود به نووسه‌ره‌كانمان نه‌ماوه. بگره متمانه به خودی زمانی عه‌ره‌بی نه‌ماوه، به‌وه‌ی بتوانێت ئه‌ركی خۆی به‌رمبه‌ر به ڕۆڵه‌كانی جێبه‌جی بكات. جگه له‌وه نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی جدیی له نێو رۆژنامه و گۆڤار و ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندندا كه زۆرجار ناوه‌ندێكه له نێوان خوێنه‌ر و كتێب دا، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له ڕه‌خنه‌گران، ئیشیان ته‌نها ده‌ستخۆشی و پیاهه‌ڵدانه. هه‌مو ئه‌وه به‌شداره له پاشه‌كشه كردنی كتێبی عه‌ره‌بی، له هه‌مان كاتدا ڕه‌واج به هه‌ندێك نووسه‌ری گه‌نجی ناوخۆ ده‌درێت كه له تویته‌ر هه‌ندێك ده‌رده دڵ بڵاوده‌كاته‌وه، یان بایه‌خ به‌و نووسینانه ده‌درێت ترس و تۆقاندن و وروژاندنی تێدایه و كار له‌سه‌ر حه‌ز و ئاره‌زووی خوێنه‌ر ده‌كات”.
له ڕاستیدا “به‌سام شبارۆ” نایه‌وێت له مه‌ترسی چه‌ته‌یی/ قهرصهنه كه ده‌كرێته سه‌ر كۆی به‌رهه‌می عه‌ره‌بی و به‌گشتی به‌رهه‌می وه‌شانخانه‌كان، كه‌مكاته‌وه. ئه‌گه‌ر بێت و له “گوگڵ” داوای كتێبی عه‌ره‌بی بكه‌ین، ده‌بینین به ده‌یان هه‌زار كتێبی عه‌ره‌بی له‌به‌رده‌ستدایه بۆ داگرتنیان به خۆڕایی، ئه‌مه شتێكه وڵاتانی دیكه رێگه‌ی پێناده‌ن. له‌م باره‌یه‌وه شبارۆ ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ گوگڵ ده‌ستم كرد به دانوستاند و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئهلیكترۆنیم به یاسا رێكخست و سنورێكم بۆ ئه‌م جۆره ڕه‌فتارانه دانا”. ئه‌و له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: “له ڕاستیدا، ئێمه نازانین، له قووڵایدا چی ده‌فرۆشرێت و چی نافرۆشرێت، چونكه بازاڕی ساخته و ته‌زویر، له وه‌شانخانه‌كان زۆر گه‌وره‌تره، بڵاوكراوه‌كانمان ئهتكدهكرێن، كتێبه‌كانمان به‌خێرایی ده‌دزرێن، ئێمه به په‌له په‌ل و هه‌ڵه‌داوان هه‌وڵده‌ده‌ین نزیكه‌ی 3 بۆ 4 هه‌زار دانه بفرۆشین، پێش ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه به‌خۆڕایی بڵاوببێته‌وه و خوێنه‌ر به گه‌ڕان له گوگڵ ده‌ستی بكه‌وێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ده‌ڵێین كتێبی عه‌ره‌بی ئه‌تكده‌كرێت، ئه‌مه‌یه سه‌ندیكای وه‌شانخانه‌كانی عه‌ره‌ب، هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ده‌دات، هیوادارین بتوانن له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتووبن”.
سه‌رچاوه
نووسینی: سوسن ئه‌لئه‌بته‌ح
الشرق الاوسط، دوو شه‌ممه، 20 حوزه‌یران، 2022