به‌ڕاست كێ مرۆڤی به ئه‌خلاقه؟
نووسینی: هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
سه‌ره‌تا و به‌ر له هه‌رشێك، با ئه‌م پرسیاره ساویلكانه‌یه بكه‌ین: ئه‌خلاق چییه؟ پێده‌چێت وه‌ڵامه‌كه‌ی ئاسان بێت یان بڕابێته‌وه یاخود لای هه‌موان زانراوبێت. ئه‌خلاق بریتییه له‌وه‌ی دزی نه‌كه‌یت، درۆ نه‌كه‌یت، كه‌س نه‌كوژیت…هتد، ده فه‌رمایشته‌كه یان ئه‌خلاقه جوان و به‌رزه‌كانی ئیسلام. به‌ڵام به ڕاست مه‌سه‌له‌كه تا ئه‌م ئاسته ساده و ساكار و ئاسانه؟ ئاخر تۆ له‌وانه‌یه بۆیه دزی ناكه‌یت، چونكه ده‌ترسیت له‌كاتی دزیكردنه‌كه‌دا، به به‌ڵگه‌ی ته‌واوه‌تییه‌وه ببینرێیت و ده‌ستگیر بكرێت. هه‌ر له‌به‌ر هه‌مان هۆكار، درۆ و گزی و فزی ناكه‌یت. خۆ ئه‌گه‌ر ترسی گرتن نه‌بوایه، ئه‌وا هه‌مو ئه‌و كاره به‌د و دزێوانهت ئه‌نجامده‌دا.
با گریمانه‌ی ئه‌وه دانێین تۆ كڵاوی خۆشاردنهوهت هه‌یه، هه‌ر كه له سه‌رت نا، له‌به‌رچاو ونده‌بیت و نابینرێیت. ئایا دوای ئه‌وه وه‌ك كه‌سێكی به ئه‌خلاق ده‌مێنیته‌وه؟ ئایا ئه‌و زێڕ و زیوه گرانبه‌هایه‌ی له گۆڕه‌پانی “ڤاندۆم” له پاریس دانراوه، نای دزیت و پێشكه‌شی خۆشه‌ویسته نازدارهكهتی ناكه‌یت؟ ئازیزه‌كه‌م سه‌یركه چیم بۆ هێناوێت: ئه‌و موستیله‌یه نرخه‌كه‌ی یه‌ك ملیۆن دۆلاره و له‌به‌ر خاتری چاوه‌كانت كڕیومه! وای سوپاس، سوپاس خۆشه‌ویسته‌كه‌م، ئه‌م هه‌مو پاره‌ت له كوێ بوو؟ هذا من فضل ربی. ئاخر تۆ كاڵه‌ك خۆری یان بێستان ڕنی، خۆ كوێرایت دانه‌هاتووه!
به‌ڵام ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قۆناغی ههرزهكاریمان به خێرایی ساڵی ڕووناكی تێپه‌ڕاندووه، رێگه‌مان بده‌ن بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كرۆكی بابه‌ته‌كه و ئه‌م پرسیاره بخه‌ینه‌ڕوو: ئه‌گه‌ر ئه‌و كڵاوه ئهفوسناوییهم هه‌بوایه، ئایا له شه‌قامی شانزئهلیزێی به‌ناوبانگ، گرانبه‌هاترین پۆشاك و جونترین كراسم نه‌ده‌دزی، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك فلس بده‌م؟ له‌وانه‌یه هه‌مو كتێبخانه‌كانی گه‌ڕه‌كی لاتینی-م حه‌په‌لوش بكردایه، به جانتای به تاڵ و حهتاڵهوه، خۆم ده‌كرد به ژووردا و له‌وسه‌ره‌وه و له پێش چاوی هه‌موان و بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك كه‌س بمبینێت، به جانتای پڕ له كتێبه‌وه ده‌هاتمه ده‌ره‌وه. واو ژیان چه‌ند ئاسانه! ژیان چه‌ند خۆشه! سه‌دان كتێبی فه‌لسه‌فی و سیاسی هه‌یه، تا ئێستا نه‌مخوێندوونه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی محه‌مه‌د عابد جابری، پێش كۆچكردنی به ئاه و حه‌سره‌ته‌وه وای وت.
له‌وانه‌یه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه، شانێك یان دوو شان له‌م زه‌لامه بده‌م، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌موچاویم به‌دڵ نییه. ڕه‌نگه تۆڵه له دۆسته كۆنه‌كه‌م بكه‌مه‌وه و به هه‌مو هێز و قووه‌تم چه‌پۆكێكی پیابكێشم، چونكه خیانه‌تی لێكردم و له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه‌دا ڕۆشت. له‌وانه‌یه و له‌وانه‌یه و له‌وانه‌یه.
به‌م شێوه‌یه ده‌بینن مه‌سه‌له‌ی ئه‌خلاق، زۆر له‌وه ئاڵۆزتره كه ئێمه لێی تێگه‌شتووین. ئێمه بۆیه وه‌ك كه‌سانی به ئه‌خلاق ده‌مێنینه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ترسین له‌به‌رده‌م ئه‌وانی دیكه‌دا، كهشفببین و له به‌رده‌م هه‌مواندا شان و شكۆمان له‌ده‌ست بده‌ین و سومعه‌مان له‌كه‌دار ببێت. ئه‌مه با مه‌سه‌له‌ی غه‌رامه و سزادان و گرتن و زیندانی كردن، له‌ولاوه بووه‌ستێت. وه‌لێ ئه‌مه ئه‌خلاق نییه. ئه‌خلاق ئه‌وه‌یه تۆ كاری چاكه بكه‌یت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زت له كاری چاكه‌یه و كاری چاكه‌ت خۆشده‌وێت. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وانی دیكه ده‌ترسیت، یان ده‌ته‌وێت خێر و پاداشتت بۆ بنووسرێت یان له ترسی ئه‌وه‌ی سزا نه‌درێیت.
له جیهانی پێشكه‌وتوودا، نه دزی ده‌كه‌ن، نه درۆ و نه له مه‌وعید دواده‌كه‌ون، چونكه ویژدانیان له‌سه‌ر سه‌ریانه و چاودێریان ده‌كات. ئه‌وان پێویستیان به‌وه نییه پۆلیس له‌سه‌ر سه‌ریان ڕاوه‌ستێت، تاكو ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، ته‌نها ویژدانی خۆیان به‌سیانه. ویژدانیان پۆلیس و ئاسایشه. هه‌ر بۆیه دواجار ئا به‌م شێوه‌یه گه‌یشتمه پێناسه‌كردنی ئه‌خلاق. مرۆڤی به ئه‌خلاق، ئه‌و مرۆڤه‌یه كه ویژدانی خۆی تاقه پۆلیسێكه كه له‌سه‌ر سه‌ری ڕاوه‌ستابێت. ئه‌مه جگه له‌و وێنه جوان و به‌ڕێزه‌ی له‌سه‌ر خودی خۆی دروستی ده‌كات. ئاخر ئایا دوای ئه‌وه‌ی دزی ده‌كه‌یت و ده‌بیت به دز، ده‌كرێت ڕێز له خۆت بگریت؟
له وڵاتانی پێشكه‌وتوودا، كه‌س له‌سه‌ر شه‌قام و له شوێنی هه‌ڵه ناپه‌ڕێته‌وه و له ترافیك لایت نادات. چونكه ڕێزگرتنی یاسا و سیستم، كرۆكی ئه‌خلاقی شارستانییه. من ئه‌مه‌م له وڵاتانی زۆر پێشكه‌وتووی باكوری ئه‌وروپادا بینیوه. جارێكیان له شاری میونخ ویستم ئه‌وه بكه‌م، به ترسه‌وه سه‌یریان كردم، ده‌موده‌ست په‌شیمان بوومه‌وه و گه‌ڕامه‌وه بۆ دواوه. ئیدی ئا له‌وێدا، له هۆكاری پێشكه‌وتنی وڵاتانی ئه‌وروپی و دواكه‌وتنی وڵاتانی خۆهه‌ڵاتی تێگه‌شتم. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی زۆر جێگای سه‌رسوڕمانی منه، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه: ئه‌گه‌رچی ئه‌وان به‌شی هه‌ره زۆریان، باوه‌ڕدار نین و سروت و ڕێوڕه‌سمه‌كان جێبه‌جێ ناكه‌ن، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گزی و فێڵ و فه‌ره‌ج و درۆ ناكه‌ن، له كاره‌كانیاندا ئه‌ركی سه‌رشانیان پشتگوێ ناخه‌ن. لای هه‌موان كار شتێكی پیرۆزه و هاوڵاتی، پێویسته له‌سه‌ری به باشترین شێوه جێبه‌جێی بكات. كرێكار یان جوتیار یا خۆڵڕێژ یان سه‌رۆك كۆمار یا مامۆستا یان پزیشك… هتد، هه‌ر هه‌مویان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌مته‌رخه‌می نواندن له جێبه‌جێ كردنی ئه‌رك و مهوعیدهكاندا، شه‌رمه‌زارییه یان عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. ئیدی چ ترسێكت له میلله‌تی له‌م شێوه‌یه هه‌یه.
هه‌نوكه مادام له قسهكردنهكهماندا گه‌یشتووین به‌م خاڵه، با بزانین فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كانی خۆرئاوا، چۆن و به شێوه‌یه‌ك، قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌خلاق كردووه؟ ئاشكرایه ئه‌وان به‌خێوكه‌ر و په‌روه‌رده‌كاره گه‌وره‌كانی گه‌لانی ئه‌وروپان، دوای پێغه‌مبه‌ره‌كان، فه‌یله‌سوفه‌كان ڕابه‌ری گه‌لانن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بوونایه، ئه‌م هه‌مو گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنه ڕووینه‌ده‌دا. ئه‌وه‌ی هه‌موان له‌سه‌ری كۆك و هاوڕان، ئه‌وه‌یه گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوفی ئه‌خلاق له خۆرئاوا ئیمانوێل كانت-ه. هه‌روه‌ها ئاشكرایه كانت ته‌نها یه‌ك وێنه‌ی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی داناوه، ئه‌ویش وێنه‌ی ژان ژاك ڕۆسۆیه كه له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه، به مامۆستا و قدوه‌ی خۆی زانیوه. كانت زۆر سه‌رسام بوو به رۆسۆ و به ئیسحاق نیوتن. بۆچی؟ چونكه “نیوتن یاساكانی جیهانی سروشتی دۆزییه‌وه و ژان ژاك رۆسۆ یاساكانی جیهانی ئه‌خلاقی یان ئینسانی دۆزییه‌وه”. ڕوون و ئاشكرایه ڕۆسۆ، زۆر به تووندی سه‌رزه‌نشی خۆی ده‌كرد و هیچ به‌زه‌ییه‌كی به‌خۆیدا نه‌ده‌هاته‌وه، بگره ئه‌گه‌ر پێویستی بكردایه، (زه‌وی به خۆی پاكده‌كرده‌وه). ویژادنه ئهخلاقییهكهی تا بڵێی به‌هێز بوو. بڕۆن كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (دانپێدانانه‌كان) بخوێننه‌وه. كانت به درێژایی ژیانی، هه‌مو ڕۆژێك، دوای نیوه‌ڕ و له كاتژمێرێكی دیاریكراودا، بۆ پیاسه‌یه‌كی دوور و درێژ، له ماڵ هاتووه‌ته ده‌ره‌وه. هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری ئه‌م هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یه نه‌بووه، به ڕاده‌یه‌ك هه‌ر كه له به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وت، خه‌ڵكی كاتژمێره‌كانی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م هاتنه ده‌ره‌وه‌یه قورمیش ده‌كرد.
كانت به درێژایی ته‌مه‌نه توولانییه‌كه‌ی، ته‌نها دوو جار ده‌ستبه‌رداری ئه‌و مه‌وعیدی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یه‌ی بووه، یه‌كه‌مجاریان ئه‌و كاته بوو كه له ساڵی 1762، كتێبه‌كه‌ی ڕۆسۆ ده‌رباره‌ی په‌روه‌رده‌وه (ئه‌میل) بڵاوكرایه‌وه. دووهمجاریان ئه‌و كاته بوو كه شۆڕشی فه‌ره‌نسی له ساڵی 1789 ده‌ستی پێكرد. كانت له هه‌ر دوو حاڵه‌ته‌كه‌دا، ڕاسته‌وخۆ رۆشتووه بۆ كتێبخانه و كۆشكی فرۆشتنی ڕۆژنامه‌كان، بۆ زانینی هه‌واڵه‌كان و كڕینی ئه‌م كتێبه به‌نرخه‌ی فه‌یله‌سوفه به‌ناوبانگه‌كه‌ی سویسرا. ئایا ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه ده‌رچوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبێكی نایاب و بلیمه‌تانه، له ڕووی گرنگی و بایه‌خدانه‌وه، هاوشانی ڕووداوێكی سیاسی زه‌به‌لاحه، یان ته‌نانه‌ت هاوشانی بومه‌له‌رزه‌یه‌كی سیاسییه له چه‌شنی شۆڕشی فه‌ره‌نسی؟ بۆ نا؟ هه‌رچۆنێك بێت ئه‌مه‌ی دووهه‌م به‌رهه‌می ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مه. ئه‌گه‌ر فیكری رۆسۆ نه‌بوایه، شۆڕشی فه‌ره‌نسیش نه‌ده‌بوو. ئا له‌به‌ر ئه‌وه بوو، وێنه‌كانی رۆسۆ، به رۆژی ڕووناك له شه‌قامه‌كانی پاریس، له‌به‌رده‌م خه‌ڵكدا به‌رز ده‌كرانه‌وه. هیچ شۆڕشێكی ڕزگاریخوازی، بێ شۆڕشێكی ڕۆشنگه‌ری كه پێشتر له ئارادا بووه و ڕێگای بۆ خۆشكردووه، بوونی نییه. ئه‌مه‌یه به شێوه‌یه‌كی دوور و درێژ له‌و كتێبه‌مدا باسم كردووه كه دار المدی به‌م ناونیشانه بڵاویكردووه‌ته‌وه: بۆچی جیهانی عه‌ره‌بی ده‌سووتێ؟
كانت ده‌ڵێت پێش خوێندنه‌وه‌ی فیكری رۆسۆ، بایه‌خێكی زۆری به ڕووكاره ده‌ره‌كییه‌كان داوه. ئه‌و پێیوابووه ڕۆشنبیران و خوێنه‌واران و خاوه‌ن پله و ناودرهكان، به شێوه‌یه‌كی سروشتی، له خه‌ڵكانی خاكی یان خه‌ڵكانی ساده و نه‌خوێنده‌وار، باشترن. به‌ڵام دواتر بۆی ده‌ركه‌وتووه، جوتیار و وه‌رزێر یان مرۆڤی ساده و خاكی، ڕه‌نگه له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه، زۆر باشتربێت له هه‌ڵگرانی به‌رزترین بڕوانامه. دروست ئا له‌و كات و ساته‌دا، ده‌ركی به‌وه كردووه جیاوازی له نێوان زانست و ئه‌خلاق دا هه‌یه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی لێی تێگه‌شتووین، په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆتۆماتیكی له نێوان زانست و ئه‌خلاق دا نییه. رێك وایه، ده‌كرێت ده‌رچووی زانكۆی سۆربۆن و ئۆكسفۆرد و هارفارد بیت، كه‌چی له‌سه‌ر ئاستی شه‌خسی، وه‌ك كه‌سێكی ئوسوڵی هه‌لپه‌رست بمێنیته‌وه. له ڕووی ئه‌خلاقی مرۆڤانه‌وه، وه‌ك كه‌سێكی خراپ و به‌دكار بمێنیته‌وه. خهڵكنێك هه‌یه، تا زانست زیاتر و زۆرتر بزانن، فڕوفێڵ و تهڵهكهبازیان زیاتر و زۆرتر ده‌بێت. له‌م ڕووه‌وه “ڕابلیه” پێش كانت له‌وه ئاگاداری كردووینه‌ته‌وه و له وته‌یه‌كی به‌ناوبانگدا ده‌ڵێت: “زانست به بێ ویژدان، وێرانبوونی رۆحه”. لێره‌وه ئه‌خلاق یان ده‌ستپاكی و نه‌زاهه‌تی شه‌خسی، یه‌كه‌مین شته و پێش هه‌مو شتێكه. ده‌كرێت خزمه‌تكاره‌كه‌ی ماڵه‌وه، له ڕووی ئه‌خلاقی مرۆڤانه‌وه، زۆر باشتر بێت له گه‌وره‌ترین ڕۆشنبیر. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بوو، كانت له بوون دا (الوجود)، ئیراده‌ی چاكه و خێرخوازی به گرنگترین شت زانیوه. ئاخر خه‌ڵكانێك هه‌یه خاوه‌نی ئیراده‌یه‌كی باش و نیه‌تێكی پاك و ڕاستگۆیانه‌یه، خه‌ڵكانێكیش هه‌یه به مانای ته‌واوی وشه‌كه به‌دكار و خراپه. تا زانست و بڕوانامه‌كه‌یان زیاتر و به‌رزتر بێت، به‌دكاری و خراپه‌كارییان زیاتر ده‌بێت. ئه‌ڵبه‌ته په‌نجه‌كانی ده‌ستی مرۆڤ هه‌مویان وه‌ك یه‌ك نین.
فه‌یله‌سوفی هاوچه‌رخ “ئه‌ندرێ كۆنت سبۆنڤێل” ئه‌م وته جوانانه ده‌ڵیت: “كاتێك ئێمه به ڕه‌فتاری شه‌ڕانگێزانه‌ی قێزه‌ون، ناڕه‌حه‌ت و قه‌ڵس ده‌بین، هه‌روه‌ها به هۆكاری تائیفی یان ڕه‌گه‌زپه‌رستی، سوكایه‌تی به‌وانی دیكه ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌وا ئێمه بۆیه وا ده‌كه‌ین، تاكو پارێزگاری له كۆمه‌ڵگا و شارستانییه‌ت و كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌كان بكه‌ین”.
ئاشكرایه هه‌مو مرۆڤێك كه‌رامه‌تی هه‌یه، چ سه‌ر به كه‌مینه بێت یان زۆرینه، پێویسته به‌و پێیه‌ی مرۆڤه، ڕێز له كه‌رامه‌تی بگیرێت، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر مرۆڤێكی باش و ڕاستگۆ بوو. لێره‌وه باشه و چاكه‌ی ناوه‌كی پێش هه‌مو شتێك دێت، ئه‌و پێوه‌ری سه‌ره‌كی و بنچینه‌ییه. ڕه‌نگه كه‌سێكی بیانی هه‌بێت، به ته‌واوی نامۆ بێت به ئێمه، به‌ڵام مرۆڤێكی باش و چاكه‌كاره، له‌وانه‌شه كه‌سێك هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌مان باوه‌ڕ و مه‌زهه‌بی ئێمه‌یه و له گۆشت و خوێنمانه، به‌ڵام مرۆڤێكی به‌د و به‌دكاره، ئایا ئه‌م دووانه، له‌سه‌ر هه‌مان ئاست دایانبنێین؟ ئایا ئێمه ته‌سلیمی ده‌مارگیری و تائیفه‌گه‌ری ببین؟ هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو كانت فێری كردین و ئه‌و داڕێژه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌خلاقی گه‌ردوونییه. ئاخر ئه‌خلاق یا ئه‌وه‌تا به‌سه‌ر هه‌مواندا جێبه‌جێ ده‌كرێت یان ئه‌وه‌تا ئه‌خلاق نییه.
بۆ نمونه ئه‌گه‌ر هه‌مو خه‌ڵك درۆ بكه‌ن، چیتر كه‌س بڕوا به‌وی دیكه ناكات، ئیدی له‌و كات و ساته‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا تێكده‌چێت و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و مامه‌ڵه‌كردنی نێوان مرۆڤه‌كان، ده‌بێت به مه‌حاڵ یان هیچ مانایه‌كی نامێنێت. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌مو خه‌ڵك دز بێت و دزی بكات، ئیدی له‌و كاته‌دا شتێك به ناوی موڵكایه‌تی تایبه‌ت نامێنێت و خۆشگوزه‌رانی بۆ هیچ كه‌س نابێت و ئه‌سڵه‌ن هیچ سه‌روه‌ت و سامانێكیش له ئارادا نابێت تاكو بدزرێت. ئێ دروست ئا له‌و كات و ساته‌دا، ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته دۆزه‌خ و كه‌س به‌رگه‌ی ناگرێت. ئه‌گه‌ر خه‌ڵك هه‌مو تف له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ڕۆبكهن و پیسی بكه‌ن، شار پڕ ده‌بێت له پیسی و بۆگه‌نی. فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كه‌ی ڕۆشنگه‌ری شتیكی ئاوامان پێده‌ڵیت: چاكه له پێناوی چاكه بكه. چاكه بكه، چونكه خێر و كاری خێرخوازیت خۆشده‌وێت و شه‌یدای ڕاست و ڕاستگۆیت. وه‌لێ قورئانی پیرۆز پێش كانت، ئه‌خلاقی گه‌ردوونی دامه‌زراندووه، ئه‌ویش له‌م دوو ئایه‌ته پیرۆزهدایه: «فمن يعمل مثقال ذرة خيراً يره. ومن يعمل مثقال ذرة شراً يره». ئه‌وه‌ی مسقاڵه زه‌ڕه‌یه‌ك چاكه بكات چاكه‌ی دێته ڕێ، ئه‌وه‌شی مسقاڵه زه‌ڕه‌یه‌ك خراپه بكات خراپه‌ی دێته ڕێ. ئا لێره‌دا ئه‌خلاقی ڕاست و دروست و كۆی دادپه‌روه‌ری یه‌زدانی به‌رجه‌سته ده‌بێت. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م ئاوازه، شازاده‌ی شاعیران “ئه‌حمه‌د شه‌وقی” له دێڕه شیعرێكی به‌ناوبانگدا ده‌ڵێت:
گه‌لان به ئه‌خلاقیانه‌وه ماون
ئه‌گه‌ر ئه‌خلاقیان نه‌ما ئه‌وان نه‌ماون
سه‌رچاوه: الشرق الاوسط، سێ شه‌ممه، 5 ته‌موز، 2022.