وه‌رگێڕه‌كان هۆكاری وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه ئاشكرا ده‌كه‌ن
وه‌رگێڕه‌كان هۆكاری وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه ئاشكرا ده‌كه‌ن
ئایا وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه، پردی په‌یوه‌ندی نێوان زمانه‌كانه یان خیانه‌ته له تێكسته ئه‌سڵییه‌كان؟
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
ستایشێكی زۆری وه‌رگێڕان و وه‌رگێڕه‌كان و ئه‌و هه‌وڵه زۆرانه ده‌كرێت، كه وایانكردووه به ئاسانی ئه‌ده‌ب و زانست و به‌رهه‌می نووسه‌رانی زمانه‌كانی دیكه، بخوێنرێنه‌وه و چێژیان لێوه‌ربگیرێت. هه‌روه‌ها هه‌میشه گله‌یی و گازه‌نده له‌و وه‌رگێڕانانه ده‌كرێت؛ كه نه‌یانتوانیوه هیچ شتێك پێشكه‌ش بكه‌ن، جگه له به‌فیڕۆدانی هه‌وڵ و توانای وه‌شانخانه‌كان و خوێنه‌ران نه‌بێت. له‌م ڕووه‌وه وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه، گفتوگۆ و مشتومڕی زۆری خستووه‌ته‌وه. زۆرجار كتێبێكی وه‌رگێڕدراو؛ كه له زمانی ئه‌سڵییه‌وه وه‌رنه‌گێردرابێت، سڵی لێده‌كرێته‌وه و به چاوێكی گوماناوی لێی ده‌ڕوانرێت. هه‌روه‌ها پرسیاری ئه‌وه ده‌كرێت بۆچی ئه‌م كتێبه له زمانی دووه‌مه‌وه وه‌رگێڕدراوه؟ له كاتێكدا وه‌رگێڕ هه‌یه ده‌توانێت له زمانه ئه‌سڵیه‌كه‌یه‌وه وه‌ریبگێڕێت.
سه‌روه‌ختێك چه‌ندین وه‌رگێڕ، ژماره‌یه‌كی زۆر به‌رهه‌میان له زمانی دووه‌مه‌وه وه‌رگێڕاوه و وه‌رگێڕانه‌كانیشیان زۆرباش و ئاست به‌رز بووه. هه‌ر بۆیه ئه‌و سڵكردنه‌وه و گومانه‌ی، له‌وه‌ی هه‌مو وه‌رگێڕانه‌كان له زمانی دووه‌مه‌وه خراپه، ڕاست نییه و جۆرێك له ناحه‌قی تێدایه. به‌ڵام له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا، ئایا باشی و ئاست به‌رزی وه‌رگێڕانه‌كان، په‌یوه‌سته به وه‌رگێڕه‌كه‌وه؟ یان په‌یوه‌سته به زمانی كتێبه ئه‌سڵیه‌كه‌وه؟ ئه‌ی ئاخۆ هۆكاری ئه‌وه چییه وه‌رگێڕه‌كان، ناچارن هه‌ندێك به‌رهه‌م، له زمانی دووه‌مه‌وه وه‌ربگێڕن، نه‌ك له زمانی ئه‌سڵی به‌رهه‌مه‌كه‌وه؟ ئایا خراپی ئه‌وه له چیدایه؟
ئه‌وه كۆمه‌ڵێ پرسیاره و ده‌رگا له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێ پرسیاری دیكه‌شدا ده‌كاته‌وه. به‌ڵام واقیعی وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه، به‌و ئه‌ندازه‌یه خراپ نییه. چونكه خوێنه‌رێكی زۆر هه‌یه، متمانه‌یان به ناوی وه‌رگێڕه‌كه هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و زمانه له‌به‌رچاو بگرن كه به‌رهه‌مه‌كه‌ی لێیه‌وه وه‌رگێڕاوه، سا له زمانی ئه‌سڵییه‌وه بێت یان له زمانی دووه‌مه‌وه بێت. بۆ ئه‌م حاڵه‌ته نمونه‌ی زۆر هه‌یه كه ده‌كرێ په‌نای بۆ ببرێت، له‌وانه وه‌رگێڕانه‌كانی شاعیری كۆچكردووی لوبنان “به‌سام حه‌جار”ه، كه به‌رهه‌مێكی زۆری ئه‌ده‌بی یابانی له زمانی فه‌ره‌نسییه‌وه وه‌رگێڕاوه. یان وه‌رگێڕانه‌كانی “سامی ئه‌لده‌روبی” بۆ هه‌ردوو ئه‌دیبی ڕوسی دیستۆفیسكی و تۆڵستۆی له زمانی فه‌ره‌نسییه‌وه، هه‌روه‌ها وه‌رگێر”مه‌مدوح عه‌دوان” كه هاوڕێی سامی ئه‌لده‌روبییه و به‌رهه‌مه‌كانی شاعیری یۆنانی كازانتزاكی له ئینگلیزییه‌وه كردووه به عه‌ره‌بی. ئێمه له‌م ڕاپۆرته‌دا، هه‌وڵده‌ده‌ین وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه بده‌ینه‌وه، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی میوانداری دوو وه‌رگێڕی گه‌نج كه هه‌ردووكیان شاعیرن و به پله‌ی یه‌كه‌م خوێنه‌رن.
هه‌ڵه‌ی كوشنده
خانمه شاعیر و وه‌رگێڕ “نور ته‌لاڵ نه‌صره- له‌دایكبووی ساڵی 1987، پێیوایه وه‌رگێڕان ناوه‌ندێكی كه‌لتوری نێوان گه‌لانه. ئه‌م خانمه وه‌رگێڕه، پێیوایه ئه‌م ناوه‌نده كه‌لتورییه، له هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه هه‌بووه و ده‌روازه‌یه‌ك بووه بۆ ناسینی كه‌لتوره‌كانی دیكه و چاره‌سه‌رێكی باشیش بووه بۆ ئه‌و كێشانه‌ی به درێژیی سه‌ده‌كان له نێوان شارستانییه‌ته‌كاندا له ئارادا بووه. نور له درێژه‌ی قسه‌كانیدا به ماڵپه‌ڕی جه‌زیره نێت-ی وتووه، دوای ئه‌وه، وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه په‌یدا بووه، واته وه‌رگێڕانی وه‌رگێڕان هاتووه و بووه‌ته پردێكی به‌هێزی نێوان كه‌لتوری گه‌لان. ڕه‌نگه زۆر كه‌س ئاگاداری ئه‌وه نه‌بن كه بۆ نمونه، ئیبن ئه‌لموقه‌فع، له سه‌رده‌می عه‌باسییكان، (حیكایه‌ته‌كانی كه‌لیله و دیمنا) كه خۆی له بنه‌ڕه‌تدا به زمانی هیندی نووسراوه، له فارسییه‌وه كردوویه‌تی به عه‌ره‌بی.
نور كه وه‌رگێڕی كتێبی (ئه‌ده‌بی ئیتالی)یه، ده‌ڵێت ئه‌م جۆره له وه‌رگێڕان، كه‌س ناتوانێت نكوڵی له گرنگی و كاریگه‌رییه‌كانی، به‌سه‌ر كه‌لتوری عه‌ره‌بییه‌وه بكات. كه‌واته، خوێنه‌ر مافی ئه‌وه‌ی نییه، به پاساوی ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه له زمانی دووه‌مه‌وه وه‌رگێڕدراوه، هه‌وڵ و ماندووبوونه‌كانی وه‌رگێڕ به سوك سه‌یر بكات و نادیده‌ی بگرێت. ئاخر زۆرجار وه‌رگێڕانی وه‌رگێڕێكی كارامه‌و شاره‌زا له زمانی دووه‌مه‌وه، زۆر باشتره له وه‌رگێڕانی هه‌مان به‌رهه‌م له زمانی ئه‌سڵییه‌وه. له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه زۆرجار وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه، كاره‌ساتی خولقاندووه، نور له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت ئه‌و هه‌ڵه زۆر و كوشندانه‌ی كه له وه‌رگێڕانه‌كاندا ده‌یخوێنمه‌وه، به‌شی هه‌ره زۆریان وه‌رگێڕانه‌كه له زمانی ئه‌سڵییه‌وه‌یه. جگه له‌وه نور كه خاوه‌نی كۆمه‌ڵه شیعری (دیوارێكی نه‌گه‌یه‌نه‌ر بۆ ده‌نگ)ه، ئه‌و هه‌ڵه كوشندانه‌ی كه له وه‌رگێڕانی زمانی ئه‌سڵی ده‌قه‌كه‌وه ده‌كرێت، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕ به شێوه‌یه‌كی باش له ده‌قه ئه‌سڵیه‌كه تێنه‌گه‌شتووه و نه‌یتوانیوه په‌ی به درز و كه‌لێنه‌كانی ده‌قه‌كه به‌رێت.
كارامه‌یی وه‌رگێڕ
كه‌واته له تێڕوانینی نوره-ه‌وه، كێشه‌كه له‌وه‌دا نییه وه‌رگێڕانه‌كه له زمانی ئه‌سڵییه‌وه‌یه یان له زمانی دووه‌مه‌وه‌یه. به‌ڵكو له كارامه‌یی و ئه‌مانه‌تی وه‌رگێڕه‌وه‌یه. لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه، وشه‌ی ئه‌مانه‌ت، له به‌رامبه‌ر وشه‌ی خیانه‌ت به‌كاربێنم. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ومه ناو تۆمه‌ته كلاسیكییه‌وه: خیانه‌تی وه‌رگێڕان. من مه‌به‌ستم له ئه‌مانه‌تی وه‌رگێڕ، ئه‌وه‌یه وه‌رگێڕ په‌ی به ڕه‌هه‌نده‌كانی تێكسته‌كه به‌رێت، پێداچوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی بۆ بكات، هه‌وڵی پێویستی بۆ بخاته‌گه‌ڕ، ئه‌گه‌ر بتوانێت، وه‌رگێڕانه‌كه كه له زمانی دووه‌مه‌وه‌یه، له‌گه‌ڵ زمانه ئه‌سڵییه، به‌راورد بكات. ئه‌م خانمه وه‌رگێڕه، سه‌باره‌ت به فه‌زڵ و چاكه‌ی وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه، له‌سه‌ر خودی خۆی و له‌سه‌ر خوێنه‌ر، ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه نه‌بوایه، ئه‌وا له‌م سه‌رده‌مه نوێیه‌دا، بێبه‌ش ده‌بووین له كۆمه‌ڵێ شاكاری مه‌زن، وه‌ك وه‌رگێڕانه‌كانی سامی ئه‌لده‌روبی بۆ به‌رهه‌مه‌كانی دیستۆفیسكی له فه‌ره‌نسییه‌وه كه خۆی له 18 به‌رگدا ده‌بینێته‌وه. یان وه‌رگێڕانه‌كه‌ی محه‌مه‌د عید ئیبراهیم بۆ رۆمانی “جۆستین”ی مارگیز دی ساد، ئه‌ڵبه‌ته له‌م ڕووه‌وه، نمونه‌گه‌لێكی زۆری هه‌یه كه هه‌ریه‌كه‌یان به‌های تایبه‌تی خۆی هه‌یه”. به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاماندا، بۆچی وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه، هه‌ر ماوه و بره‌وی هه‌یه؟ بۆچی وه‌رگێڕمان بۆ هه‌مو زمانه‌كان نییه؟ ئه‌ی ئێمه له كاروانی كه‌لتووریماندا، له نێوان گه‌لانی دیكه‌دا، گه‌یشتووین به كوێ؟ نور ئاوا وه‌ڵام ده‌داته‌وه: “پێویسته ددان به‌وه‌دا بنێین كه وه‌شانخانه و ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه عه‌ره‌بییه‌كان، كه‌مته‌رخه‌م بوون له‌وه‌ی هاوشانی بزاوتی ڕۆشنبیریی هه‌نگاو بنێن، به تایبه‌ت ڕه‌وتی وه‌رگێڕان، ئه‌م ڕه‌وته ته‌نها فۆكسی له‌سه‌ر زمانه سه‌ره‌كییه‌كانه (ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی) و زمانه گرنگه‌كانی دیكه‌ی پشتگوێ خستووه. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕه‌كان، ئاوڕ له زمانه‌كانی دیكه نه‌ده‌نه‌وه و حه‌ماسه‌ت و په‌رۆشییان بۆ ئه‌و زمانانه‌ی دیكه نه‌بێت. هه‌ر بۆ نمونه، له جیهانی عه‌ره‌بیدا، چه‌ند ناوێكی دیاریكراومان هه‌یه كه له زمانی ئیتالی و ڕوسییه‌وه، كاری وه‌رگێڕان ده‌كه‌ن. له به‌رامبه‌ردا سه‌دان وه‌رگێڕمان هه‌یه، له زمانی ئینگلیزییه‌وه به‌رهه‌مه‌كان وه‌رده‌گێڕن. هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه، ته‌نها فۆكس ده‌خه‌نه سه‌ر جوگرافیایه‌كی دیاریكراو.
هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی
شاعیر و وه‌رگێڕی میسری “مه‌یسه‌ر سه‌ڵاحئه‌دین” له دایكبووی ساڵی 1979، پێیوایه مرۆڤ له ساته‌وه‌ختی داهێنانی زمانه‌وه، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه په‌یوه‌ندی به‌وی دیكه‌وه بكات و لێی تێبگات و كارلێكی له‌گه‌ڵدا بكات. به‌ڵام زمان وه‌ك چۆن پردێكی په‌یوه‌ندییه، له هه‌مان كاتدا جیاوازی نێوان زمانه‌كان، به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌یه له نێوان كه‌لتوره جیاوازه‌كان. لێره‌وه گرنگی و بایه‌خی وه‌رگێڕان، وه‌ك كلیلێكی سه‌ره‌كی بۆ لێكتێگه‌شتن و په‌یوه‌ندیكردن، ده‌رده‌كه‌وێت. مه‌یسه‌ر كه وه‌رگێڕی كتێبی “نامه‌كانی ستیڤان زڤایج”ه، پێیوایه وه‌رگێڕان، له‌سه‌ر هه‌مو ئاسته‌كانی ژیانی پیشه‌یی و زانستی و ته‌كنه‌لۆژی و ئه‌ده‌بی و داهێنان، هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی بووه له گواسته‌وه‌ی شاره‌زایی و ئه‌زمونی نێوان گه‌لان.
له‌م ڕووه‌وه ده‌ڵێت: “به درێژایی مێژوو، ڕۆڵی وه‌رگێڕه‌كان، له به‌ستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا مرۆییه جیاوازه‌كان به‌یه‌كتری، هیچی كه‌متر نه‌بووه له ڕۆڵێ موبه‌شیره‌كان و هه‌ڵگرانی خاوه‌ن په‌یام و گواستنه‌وه‌ی مه‌عریفه و بڵاوكردنه‌وه‌ی هونه‌ر و ستاتیكای جوانی”. ئه‌م وه‌رگیڕه سه‌باره‌ت به فره جۆری كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كان و زیادبوونی ئامرازه تازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن، ده‌ڵێت: ” له ئێستادا، خوێندنه‌وه‌ی كاره ئه‌ده‌بییه‌كان و په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ تێكسته شیعرییه‌كان و یاداشته‌كانی ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندان له ته‌واوی سه‌رتاپای جیهان و له‌هه‌مو زمانه جیاوازه‌كانه‌وه، بووه‌ته داواكارییه‌كی هه‌نوكه‌یی و پێویستییه‌كی به په‌له”.
ونبوونی مانا
لای ئه‌م وه‌رگێڕه، تا بێت وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه، گرنگی زیاتر ده‌بێت و وه‌ك بژارده‌یه‌كی پێویست لێی ده‌ڕوانێت، چونكه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: “به‌هۆی كه‌می و ده‌گمه‌نی زۆرێك له زمانه‌كان و سه‌ختی دۆزینه‌وه‌ی وه‌رگێڕ كه به هه‌ستێكی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و كارامه‌یی گونجاوه‌وه، بتوانێت له‌و زمانه كه‌م و ده‌گمه‌نانه‌وه، كاری وه‌رگێڕان بكات، پێویستمان به‌وه‌یه له زمانی دووه‌مه‌وه ئه‌و كاره بكه‌ین”. سه‌باره‌ت به مه‌ترسییه‌كانی وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه، خاوه‌نی شانۆنامه‌ی (له‌دایكبوونی ئاده‌م) ده‌ڵێت: “ناتوانین نكوڵی له‌وه بكه‌ین كه كۆی پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان، مه‌ترسیداره و زۆرجار مانا، له نێوان زمانه ئه‌سڵییه‌كه و ئه‌و زمانه‌ی بۆی وه‌رده‌گێڕدرێت، ونده‌بێت، سا ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕانه‌كه له زمانی دووه‌مه‌وه بێت یان ته‌نانه‌ت راسته‌وخۆ له زمانه ئه‌سڵییه‌كه‌وه بێت”.
ئه‌و له درێژه‌ی قسه‌كانیدا باس له‌وه ده‌كات، زۆرجار ئه‌م كێشه و گرفتانه، هۆكاره‌كه‌ی بۆ “جیاوازی تاكایه‌یتی نێوان وه‌رگێڕه‌كان ده‌گه‌ڕیته‌وه و هه‌ندێكیان توانای ئه‌وه‌یان نییه له تێكسته‌كه تێبگه‌ن و به قووڵاییه‌كه‌یدا بڕۆنه خواره‌وه”. ئه‌و پێیوایه ئه‌م كێشه و گرفتانه ئه‌و كاته زیاتر ده‌بن كه: “بازنه‌یه‌كی زیاده ده‌كه‌وێته نێوان زمانه ئه‌سڵییه‌كه و ئه‌و زمانه‌ی دیكه كه كاره‌كه‌ی بۆ وه‌رگێڕدراوه، ئه‌مه وا ده‌كات ئه‌گه‌ری ونبوونی مانا و ڕوودانی هه‌ڵه زۆرتربێت”.
سه‌باره‌ت به ئه‌زمونی خۆی له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه، خاوه‌نی دیوانی (ژماره نهێنییه‌كان) ده‌ڵێت: “من نكوڵی له‌وه ناكه‌م وه‌ك وه‌رگێڕ، ئه‌زمونی وه‌رگێڕانم له زمانی دووه‌مه‌وه هه‌یه، من ددان به‌وه‌دا ده‌نێم هه‌ستم به ترسناكییه‌كی گه‌وره ده‌كرد، ئه‌م هه‌ستكردنه‌م ناچاری كردم، بۆ پێداچوونه‌وه و وردبوونه‌وه‌ی زیاتر و په‌یداكردنی شاره‌زایی زۆرتر له كه‌لتوری زمانه ئه‌سڵییه‌كه، هه‌وڵ و توانایه‌كی زۆرتر بخه‌مه‌گه‌ڕ و شه‌رح و په‌راوێزی زۆری بۆ دابنێم”. سه‌رباری هه‌مو ئه‌وانه، باس له‌وه ده‌كات كه كاتێكی باشی ته‌رخانكردووه بۆ خوێندنه‌وه‌ی نووسه‌ری تێكسته‌كه و شێوازی نووسینی و ژیاننامه‌كه‌ی و ئاخۆ ئه‌و كاره‌ی ئه‌م وه‌ریده‌گێڕێت، تا چه‌ند لای نووسه‌ره‌كه‌ی، جێگای بایه‌خ و گرنگی پێدانی بووه. له‌م ڕووه‌وه ده‌ڵێت: “هه‌وڵده‌ده‌م هه‌ندێك چاوپێكه‌وتنی ڕۆژنامه‌وانی نووسه‌ره‌كه‌م ده‌ستكه‌وێت، یان دیداره ته‌له‌فزیۆنییه‌كانی كه تێیدا نووسه‌ره‌كه باس له فه‌لسه‌فه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی و فه‌لسه‌فه‌ی ئیشكردنه‌كه‌ی ده‌كات. ئه‌مه‌ش له پێناو تێگه‌شتنی باشتر له كاره‌كه و چوونه ژووره‌وه بۆ قووڵاییه‌كه‌ی”.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م وه‌رگیڕه پێیوایه، هه‌مو ئه‌و هه‌وڵ و ماندووبوونه: “گرنتی ئه‌وه ناكات ئه‌نجامی كاره‌كه زۆرباش بێت و هه‌موان لێی ڕازیبن”. هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ خودی پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. چونكه: “وه‌رگێڕان وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی داهێنه‌رانه، مۆركێكی تایبه‌تی هه‌یه و سه‌ركێشییه‌كه له هه‌مو حاڵه‌تێكدا ئه‌نجامه‌كه‌ی گره‌نتی نییه. وه‌رگێڕ ده‌بێت به ئیراده و ڕاستگۆیی و ماندووبوون، خۆی پڕ چه‌ك كردبێت”.
ڕۆمانی خانمه نووسه‌ری فلیپینی فیجی كامبیلان(هه‌مو دوورگه‌كانم ته‌نهان)، له‌لایه‌ن ئه‌م وه‌رگێڕه‌وه كراوه به عه‌ره‌بی، ئه‌و پێیوایه تاقه خۆشی و دڵنه‌واییه‌ك كه هه‌بێت ئه‌مه‌یه: “تێكسته داهێنه‌ر و هونه‌رییه ناوازه و به‌ناوبانگه‌كان، خوێنه‌ران له باره‌ی مانا و ئاماژه و ناوه‌رۆكی تێكسته‌كانه‌وه، جیاوازن. ئه‌گه‌رچی به زمانی ئه‌سڵیش بیخوێننه‌وه، یان هه‌ڵگری هه‌مان شوناسی نووسه‌ره‌كه بن و هه‌مان زمانی دایك-یان هه‌بێت. ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ڕاسته‌قینه، بابه‌تێكی مشتومڕئامێزه و ده‌رگاكانی سه‌رسوڕمان و پرسیاركردن ده‌كاته‌وه. مشت‌ومڕ و باسكردن ده‌رباره تێكسته جوانه‌كان، خاڵی نییه له جیاوازی بیروڕا و به‌ریه‌ككه‌وتن”.
سه‌رچاوه
عارف حه‌مزه، الجزیره نیت، 16-7-2022