سەلمان ڕوشدی؛ ئایەتی شەیتانی و ئازادیی نووسەر

Loading

نووسینی: ئورهان پاموک
و. لە سویدییەوە: هیوا قادر

نووسینێکی ئورهان پاموک لەسەر سەلمان ڕوشدی دوای ئەوەی کە ڕۆمانی ئایەتە شەیتانیەکانی بڵاوکردەوە. چونکە هەموو ئەوانەی قسە بە سەلمان ڕوشدی دەڵێن ئەوانەن کە ڕۆمانەکەیان نەخوێندووەتەوە و خوێنەری ئەدەبیات نین. ئەم ڕانانن و خوێندنەوە کورتەی ئورهان پاموک، نەخشەی گشتی ڕۆمانەکە پیشان دەدات.
– هیوا قادر

هەر لە سەرنجی یەکەمەوە بۆ ئەم ڕۆمانە تێئەگەیت هەموو ئەوەی هەیە، تەنها دەستکردی فەنتازیای نووسەرێکە کە ڕیالیزمی سیحریی بە هەموو فێڵەکانییەوە بەکارهێناوە بۆ ئەوەی سەرنجی خوێنەران ڕابکێشێت: ڕۆمانەکە ڕووداوەکانی لە شاری بۆمبای و لەندەندا ڕووئەدەن، شاری یەکەم کە تیایدا گەورەبووە و دووهەمیش کە بووەتە مەنفای نووسەرەکە. ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە لە وڵاتانی وەک هیندستان و پاکستان و زۆر وڵاتانی ئیسلامیی تر قەدەغەکراون. هەروەها هێندەی ئەو قەدەغەکردنە خەڵکی ناڕەزاییان هەم بەرامبەر ڕۆمانەکە و نووسەرەکەی دەربڕیوە، هەم بەرامبەر ئەو وڵاتانەشی کە ئەم ڕۆمانەیان تیادا فرۆشراوە. ئەو کتێبفرۆشییانەی ئەم کتێبەیان ئەفرۆشت، هەڕەشەیان لێ ئەکرا، بوکەڵەی لە شێوە دروستکراوی نووسەرەکە لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا ئەسووتێنرا، خومەینی پاداشتێکی گەورەی لەسەر کوشتنی نووسەرەکەی دانابوو. هەندێک پێیان وا بوو ئەبێت سەلمان ڕوشدی تا لە ژیاندا ماوە خۆی بشارێتەوە، هەندێکی تریش پێیان وا بوو بۆ ئەوەی بتوانێت بێتەوە ناو خەڵکی، ئەبێت نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕوخساری بکات. چی کەناڵی تەلەفزیۆنیی دنیا هەبوو هەموو شتێکیان ئەکرد، تەنها بۆ ئەوەی بتوانن پەخشێکی ڕاستەوخۆ لەسەر گەڕان بەدوای ئەم نووسەرەدا بکەن، هەروەها ئەگەری ئەوە پیشان بدەن کە کەی و چۆن پیاوکوژێک دێت و پەلاماری ئەدات و ئەیکوژێت، لە هەمان کاتیشدا گفتوگۆ لەسەر ئازادیی بیروڕا و ئەو سنوورانەی کە فەنتازیای نووسەر نابێت بیانبڕێت، ئەکرا. بۆ یەکێکی وەکو منیش کە لە وڵاتێکی ئیسلامیدا ئەژیم و زۆرینەی جار ئازادیی بیروڕا سنووردارە، تەنانەت لەسەر خودی ئیسلامیش، بۆیە ئەمتوانی هەم لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ڕووداوە بم و هەم لە ڕێی ڕاگەیاندنەکانی دنیاشەوە ئاگاداری هەواڵەکان بم.
من ناڵێم کەس گرنگی بەم مەسەلەیە نادات، بەڵام هەروەک لە ئێراندا ڕووی دا، ئەوەی دژی ئەو ڕۆمانە بوو، ئەوانە بوون کە ئەم ڕۆمانەیان نەخوێندبووەوە، ئەو کەسانەش بەو چەشنە ناڕەزاییان دەرئەبڕی، ئەو کەسانەن هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕۆمانێک ناخوێننەوە؛ ئەو وەزارەتەی پەیوەندیی بە پرسی دینییەوە هەبوو بە پەلە کۆبوونەوەیەکی سازکرد تا بزانێت ئەمە چەند کێشەیەکی دینیی خولقاندووە، ئیمامەکان کە هەرگیز ڕۆمان ناخوێننەوە خوتبەیان لە بەردەمی حەشاماتێکدا ئەدا کە هەرگیز ڕۆمان ناخوێننەوە، پڕۆفیسۆرەکانیش کە هەرگیز ڕۆمان ناخوێننەوە ئەم ڕۆمانەیان تێکەڵ بە مەسەلەی دینی کرد، هەروەها ڕۆژنامەکان کە زیاتر لە هەموو ئەوانی تر جێگەی پێکەنین بوون، لە لاپەڕەی یەکەمیاندا ئەیاننووسی: ئایە ئەبێت ئەو بکوژرێت یان نا؟
ڕۆمانی “ئایەت شەیتانی”ی سەلمان ڕوشدی، وەک ڕۆمانەکەی تری “منداڵانی نیوەشەو” کاریگەریی گەورەی ئەو شێوازەی پیشان دا کە پێی ئەوترێت ڕیالیزمی سیحری. باشترین نموونەی ئەم ڕۆمانانە زیاتر لاسایکردنەوەی ئەو شێوازەیە کە سەرچاوەکەی زیاتر ئەگەڕێتەوە بۆ ڕابێلایس، وەک لای گۆنتەر گراس لە “تەپڵی تەنەکە”دا، هەروەها لای گابرێل گارسیا مارکیز لە “سەد ساڵ تەنهایی”دا. ئەو نووسەرەی بەم شێوازە ئەنووسێت، پێویست ناکات دنیای ڕۆمانەکانی ببەستێتەوە بە یاسا و ڕێسای ژیانی واقعییەوە؛ لەم جۆرە ڕۆمانانەدا ئاژەڵەکان ئەتوانن قسەبکەن، ئینسانەکان بفڕن، مردووەکان زیندووببنەوە، خێو و جنۆکە دووبەدوو قۆڵ بە قۆڵی یەکتریدا بکەن و بڕۆن، هەموو شتێک ژیانی تێدابێت و لە کەشوهەوایەکی بان سروشتیدا بژین. لە ئایەت شەیتانیدا کەسایەتیی یەکەمی ڕۆمانەکە شەڕ لەگەڵ خێو و جنۆکە و شەیتاندا ئەکات و ئەبێت بە بزن، بەڵام لە هەمان کاتدا سەلمان ڕوشدی دوو چیرۆکی تێکهەڵکێش لە ڕێگەی مێژوویەکی واقعی دوو ئینسانی بە ئینگلیزکراو ئەگێڕێتەوە کە لە بۆمبایەوە دێن بۆ لەندەن.
جوبرەئیل فریشتە ئەکتەرە و لە شارێکی وەک بۆمبایدا ژیاوە کە لە ئیستەنبوڵ ئەچێت، ئەم پیاوە لە ڕێگەی ڕۆڵبینینی خودایەکی هیندی کە لە فیلمی “یەشیلچانی” تورکی ئەچێت ناوبانگی دەرکردووە. سەلادین سەمچە کەسی دووهەمی ئەم ڕۆمانەیە و زۆر لە سەلمان ڕوشدی ئەچێت، ڕەگوڕیشەیەکی “ئیسلام”ی هەیە و باوکی بەجێهێشتووە، بازرگانێکی خواپێداوە، “هیندییەکی بەئینگلیزبووە، وەک سەلمان ڕوشدی ئەڵێت” لە بۆمبایەوە نێردراوە بۆ لەندەن بۆ ئەوەی بخوێنێت. ئەو فڕۆکەیەی کە ئەمانی پێدێن، سەر بە کۆمپانیای “ئەیر ئیندیا”یە “سەلمان ڕوشدی بە گاڵتەوە ناوی ناوە کۆمپانیای بوستان”، فڕۆکەکە لە ئاسماندا لە لایەن تیرۆرستێکی سیغەوە دەستی بەسەردا ئەگیرێت، ناچارئەکرێت بنیشێتەوە، لەگەڵ دووبارە هەستانەوەیدا نزیک بە فڕۆکەخانەی لەندەن ئەتەقێتەوە. هەموو سەرنشینەکانی فڕۆکەکە ئەمردن، بەڵام ئەم دوو پیاوە، وەک موجیزەیەکی چاوەڕوانکراو، وەک دوو کەسایەتیی ناو ڕووداوی ڕۆمانە ناسراوەکانی قەفقاس، شیک و ڕێکوپێك لە وەرزێکی زستاندا دائەبەزنە سەر زەوییەکی تەڕوتوشی بەریتانیا، بەڵام سەلادین شەمچە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بە لمۆز و قاچی تووکاوییەوە بووە بە بزن. جوبرەئیل فریشتەش لەتاو بینینی سەلادین کە وای لێهاتووە، ڕائەکات، ئەم هیچ گۆڕانێک بەسەر سیمایدا نەهاتووە، بەڵام لە ڕووی دەروونییەوە گۆڕاوە: تووشی بزڕکان و شێتی بووە و بەپێی ناوەکەی خۆی پێی وایە بووەتە جوبرەئیل کە قورئانی بۆ پێغەمبەر هێناوە. “وەک ئیلوین دیوین لە ڕۆمانەکەدا ئەیگێڕێتەوە” لەو کەنارەی بەریتانیاوە ئەم دوو پاڵەوانە ملی ڕێ ئەگرن بەرەو لەندەن.
سەفەری ئەم دوانە ئەبێتە گێڕانەوەی چیرۆکی هیندییەک و پاکستانییەکی کۆچکردووی ناو لەندەن.
هەردوو کەسایەتیی ڕۆمانەکە وەک دوانەیەک گۆڕانیان بەسەردا دێت و لە نێوان ڕق و خۆشەویستی بۆ یەکتری گا باشن و گا خراپ، ئەوەی وا ئەکات ئەم دوانە زۆر سەرنجڕاکێش بن، ئەو سەرکێشیانەی ڕیالیزمی سیحری نییە کە لەگەڵیان ئەکرێت، بەڵکە ڕۆمانەکە لەسەر ئەو لایەنانەی تر دروستبووە، وەک چنینی خەیاڵاتی ڕابردوو، یادەوەری، گۆڕانەکان و هەندێک لە مێژوو، بەڵام ئەو مێژووە، مێژووی ئەوان نییە، بەڵکە ئەو گێڕانەوە و پیشاندانانە لەو شتانەی ترەوە سەرچاوەی گرتووە “بۆ نموونە ڕەخنە لە بناغەی سیاسەتی مارگرێت تاتشەر” ئەگیرێت، ئەمەش سەرنجی خوێنەران ڕائەکێشێت. لە ئاستی فۆرم و بابەتدا ئەم ڕۆمانە بە یەکێک لە هەرە ڕۆمانە سەرکەوتووەکانی ئەم ساڵانەی دوای دائەنرێت. ئەوەی زیاتر لە گێڕانەوەکانی سەلادین شەمچە و جوبرەئیل فریشتە سەرنجی منی ڕاکێشا، مێژووی منداڵیی ئەم دوو کەسایەتییە بوو لە بۆمبای، ئەو مێژووەی بە میتۆلۆژیای ئیسلامی موتوربەکراوە. “ڕوشدی بەراورد بەو نووسەرانەی تر کە بە زمانی جیاواز تر لە زمانی دایک ئەنووسن، وەک ناباکۆف و گابرێلا ئینفەنتا، عاشقی وشەی زۆر جوان و دانسقەیە”. ڕوشدی لەگەڵ گیڕانەوەی کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکانیدا، خۆی بەدوور ئەگرێت لەو موسڵمانبوونەی منداڵێتیی خۆی لەناو وڵاتە هەژارەکەیدا، لێرەدا خوێنەر ئەبێتە شاهیدی ئەو گۆڕانانەی بەسەر ڕوشدیدا هاتوون لە ئاستی زمان و کولتووردا کە دواتر توڕەبوونیان بەرهەم هێناوە. سەلادین دوای ساڵانێکی زۆر ژیان لەبەریتانیا ئەگەڕێتەوە بۆ لای جەنگیزی باوکی، لە دیمەنێکی دووبارەبوودا باوکی بە تووڕەییەوە پێی ئەڵێت: “تۆ ئەگەر وڵاتت بۆ ئەوە بەجێ هێشتبێت تا ڕقت لە خەڵکەکەت بێت، ئەوا جگە لە ڕق، هیچ شتێکی تر چاوەڕوانت ناکات!
لەگەڵ فەتوای کوشتنەکەی خومەینیدا، ژمارەی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ زمانەکانی تر زیاتر و زیاتر بوو.
لەم خاڵەدا ڕوو ئەکەمە هەموان کە شاهیدی کوشتنەکەی “توران دورسون”ن کە لەسەر کارکردنی لەناو قورئاندا کوژرا: ئایە هەڕەشەی کوشتن لە سەلمان ڕوشدیش چەندە واقعییە.

ناردن: