جۆردانۆ برۆنۆ؛ ئاگری عه‌قڵ كه له‌سایه‌ی ڕووناكییه‌كه‌یدا ده‌ژین
و. له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
هاوڵاتیانی ئیتالیا له هه‌مو لایه‌كی وڵاته‌كه‌وه، له گۆڕه‌پانی (كامپۆ دی فیۆری) كه ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستی ڕۆمای پایته‌ختی ئیتالیا، به‌رده‌وام و بێ پچڕان، له ده‌وری په‌یكه‌ره‌كه‌ی جۆردانۆ برۆنۆ كۆده‌بنه‌وه. ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی له هه‌مو كون و قوژبنێكی دونیاوه، دێن بۆ رۆما، له‌ده‌وری په‌یكه‌ره‌كه كۆده‌بنه‌وه و ئاپۆرای ئه‌و خه‌ڵكه‌ی هاتووه، له‌وێدا وێنه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ په‌یكه‌ره‌كه بگرێت، وه‌ستانی بۆ نییه. ئه‌و جه‌ماوه‌ره سه‌ردانی زه‌مه‌نێك ده‌كه‌ن كه به‌سه‌رچووه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا زیندووه و ڕاوه‌ستاوه. وه‌ك چۆن ئه‌وان سه‌یری ده‌كه‌ن، ئه‌میش ئاوا سه‌یریان ده‌كات. دروست ئا له‌م شوێنه‌دا، زانا و بلیمه‌ت و فه‌یله‌سوفی گه‌وره جۆردانۆ برۆنۆ، گڕیان له جه‌سته‌ی به‌ردا و سوتاندیان. ئه‌وه زه‌مه‌نێك بوو، تێیدا عه‌قڵ داستانێكی تۆمار كرد كه هه‌رگیز سڕینه‌وه‌ی بۆ نییه و ئاوانابێت. داستانێك قه‌ڵای چه‌قبه‌ستوویی و جه‌هلی پیرۆزی خاپور كرد. جۆردانۆ برۆنۆ ڕووناكی ئه‌و ئاگره‌یه، كه ڕۆژانه هه‌مو مرۆڤه‌كان، له دونیا پان و به‌رین و تازه‌بووه‌كه‌یاندا، له‌گه‌ڵیدا ده‌ژین.
ئه‌و له هه‌ناوی ته‌له‌فۆنی نۆرماڵ و ئه‌و مۆبایلانه‌یه كه بۆ هه‌ر كوێیه‌ك بڕۆین، له‌گه‌ڵ خۆمان هه‌ڵیده‌گرین، له هه‌ناوی فێنككه‌ره‌وه و كاره‌با و فڕۆكه و شه‌مه‌نده‌فه‌ر و ئامێری ساردكه‌ره‌وه و كۆمپیوته‌ر و ته‌له‌فزیۆن و هه‌مو ده‌رمانه‌كان و ڕێگا قیرتاوكراوه‌كان و ئه‌و كارگه و كارخانانه‌یه كه سه‌رجه‌می ئه‌و كاڵایانه به‌رهه‌مده‌هێنن له‌مڕۆدا مرۆڤ به‌كاریانده‌هێنێت. ئه‌م مرۆڤه ئاگر و ڕووناكییه، ساڵی 1548 له ناوچه‌ی ناپۆلی له ئیتالیا هاتووه‌ته دونیاوه. فه‌لسه‌فه و بیركاری و زانستی ئاینی و ئه‌ده‌بی و گه‌ردونناسی خوێندووه. سه‌ره‌تای ژیانی وه‌ك ڕاهیبێك له دێرێكی كاسۆلیكی ده‌ست پێكردووه. جۆردانۆی گه‌نج، به په‌رۆشه‌وه به‌ره‌و دونیای مه‌عریفه هه‌نگاوی ناوه، له كتێبخانه‌ی دێره‌كه‌دا ژیانی گوزه‌راندووه كه كتێبی یۆنانی و لاتینی و عیبری و عه‌ره‌بی تێدابووه. ڕۆچووه‌ته نێو جیهانی فه‌لسه‌فه‌وه، ئاگاداری به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌فلاتون و سوقرات و ئه‌رستۆ و فه‌یله‌سوفانی عه‌ره‌ب بووه، له پێشه‌وه‌ی هه‌مویان ئیبن ڕوشد و ئیبن سینا و فیكری زانستی و عیبری كۆنی خوێندووه‌ته‌وه.
لێره‌وه عه‌قڵی ئه‌م گه‌نجه، بووه‌ته كێڵگه‌یه‌ك تێیدا تۆوی گومان چه‌كه‌ره‌ی كردووه و ناڵێن باخچه‌یه‌ك، به‌ڵكو دارستانێك له پرسیار له مێشكی‌دا گه‌شه‌ی كردووه. گومان ئه‌و به‌رهه‌مه بووه كه ورده ورده سه‌ری جه‌نجاڵ كردووه و پرسیاره بێشوماره‌كانی ئاراسته‌ی مامۆستاكانی كردووه. ئا لێره‌وه داستانه توولانییه ترسناكه‌كه‌ی له ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی تیۆلۆژیای چه‌قبه‌ستوی كڵێسا، ده‌ست پێده‌كات.
مامۆستاكانی زه‌نگی هه‌ڕه‌شه و ترس و تۆقاندنیان به ڕوویدا به‌رزكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له مێشكی ئه‌ودا بوو، زۆر له هه‌ڕه‌شه و تۆقاندنی ئه‌وان و زه‌نگی بورجی كڵێساكان به‌رزتر بوو. هه‌م كڵێسا و هه‌م مامۆستاكانی، به زمانێكی لاتینی كورت و پوخت پێیانوت: “هێی جۆردانۆ، تۆ به ته‌واوه‌تی هێڵه سوره‌كانی كڵێسات به‌زاندووه”. ئاخر پرسیاره‌كانی عه‌قڵ، جه‌سته بونیاد ده‌نێته‌وه و جۆشوخرۆشێك ده‌به‌خشێت به بیرمه‌نده‌كه، ئیدی هه‌سته‌كانی به هه‌مو ئه‌وه‌ی له ناویدایه، ده‌بێته لقێك و ده‌ڕژێته ناو ڕووباری سه‌ریه‌وه. مێشكه پڕ پرسیاره‌كه‌ی، وا ده‌كات به‌ره‌و ئه‌وروپا بڕوات و له‌وێ به دوای وه‌ڵامی شۆڕشه داگیرساوه‌كه‌ی عه‌قڵیدا بگه‌ڕێت. لێره‌وه پۆشاكی ڕاهیبی فڕێده‌دا و ڕوو ده‌كاته سویسرا، تاكو له‌نزیكه‌وه مه‌زهه‌بی پرۆتستانت بناسێت. به‌و هیوایه‌ی له‌ناو ئه‌و مه‌زهه‌به‌دا، وه‌ڵامگه‌لێكی ده‌ستكه‌وێت و ئاوێك بكات به‌سه‌ر زریانه سوتێنه‌ره‌كه‌ی ناو عه‌قڵێدا. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی هیچی نوێی ده‌ست ناكه‌وێت، سویسرا به‌جێده‌هێڵێت.
دواتر ئه‌م گه‌نجه فه‌له‌كناسه فه‌یله‌سوفه، سه‌ردانی هه‌ر یه‌ك له فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا ده‌كات و ده‌ست ده‌كات به وانه وتنه‌وه. به ده‌نگی به‌زر ڕه‌خنه له میتۆدی قوتابخانه‌ی (سیكولائی) ده‌گرێت و بیروڕاكانی ئه‌رستۆ ده‌رباره‌ی گه‌ردوون، ڕه‌تده‌كاته‌وه و پشتگیری بیروڕا گه‌ردوونییه‌كانی كۆپه‌رنیكۆس ده‌كات كه ده‌ڵێت ئه‌وه زه‌وییه به ده‌وری خۆردا ده‌سوڕێته‌وه. وای ئه‌وه چ گه‌نجێكه، چیدی هیچ شتێكی نه‌ده‌بینی و نه ده‌بیست، ته‌نها به عه‌قڵی خۆی نه‌بێت. ئه‌و به‌ده‌ستی خۆی دار و ته‌خته‌ی ئه‌و ئاگره‌ی كۆكرده‌وه كه دواتر له ڕۆما چاوه‌ڕیی ده‌كات. كڵێسای كاسۆلیكی زۆر به‌خێرایی، كراسی گومڕایی كرد به به‌ردا و كه‌وته ڕاوه‌دونانی. ئه‌م فه‌یله‌سوفه فه‌له‌كناسه، هه‌ر به‌وه وازینه‌هێنا خوێندكاره‌كانی به زاره‌كی فێربكات، به‌ڵكو ده‌ستی كرد به نووسین و له ئه‌ڵمانیا كتێبه‌كه‌ی “فی العلة و المبدا الواحد” بڵاوكرده‌وه. ئه‌م كتێبه دواتر ده‌بێت به گرنگترین سه‌رچاوه بۆ فیكر و دیدگاكانی سپینۆزای فه‌یله‌سوف. جگه له‌وه جۆردانۆ ده‌ستی كرد به لێكدانه‌وه و ڕاڤه‌كردنی تیۆره‌كه‌ی كۆپه‌رنیكۆس و زۆر به توندی هێرشی كرده سه‌ر بیروڕاكانی ئه‌رستۆ، ئه‌و نه‌ك دوژمنایه‌تی خۆی بۆ ئه‌رستۆ نه‌شارده‌وه، بگره ڕقی لێی ده‌بوه‌وه و به قومقومۆكه وه‌سفی ده‌كرد.
جۆردانۆ هه‌ر به‌وه‌وه نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێ شیعر و شانۆگه‌ری بڵاوكرده‌وه، تێیدا گاڵته‌ی به بیروڕاكانی كڵێسا و كاینه‌كان ده‌هات كه دژایه‌تی عه‌قڵ و بیروڕای ئازادیان ده‌كرد. جۆردانۆ كه‌سێكی بوێری هێرشبه‌ر بوو، نه ده‌ترسا و دوودڵ نه‌بوو له ڕاگه‌یاندنی قسه‌یه‌ك و نووسینێك كه باوه‌ڕی پێی هه‌بوو. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمانه، پێشبینی ئه‌وه‌ی كردبوو كۆتاییه‌كه‌ی نزیك بووه‌ته‌وه، له شیعرێكدا كه بڵاویكرده‌وه ده‌ڵیت: ئه‌و زیاتر له خوداوه نزیكتره تا كاهینه‌كان. به شه‌وق و تامه‌زرۆییه‌كی عاقڵانه‌وه، چاوه‌ڕێی بینینی یه‌زدان ده‌كات. ڕۆحی پڕ بوو له هێزی ئیمان به خودا و ئه‌و چاره‌نووسه‌ی كه بۆی دیاریكردووه. ته‌پوتۆزی دوو دڵی و ترسی له كیان و ویژدانی خۆیدا ته‌كاندبوو. سه‌روه‌ختێك هاوڕێیه‌كی كۆنی ئیتالی، په‌یوه‌ندی پێوه ده‌كات و داوای لێ ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی و به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێده‌دات له ڕووی داراییه‌وه یارمه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی پێشكه‌ش ده‌كات و ڕێوڕه‌سمی ئاشتبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پاپا بۆ ڕێكده‌خات. ده‌موده‌ست جۆردانۆ ڕازیده‌بێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆما. ڕاسته‌وخۆ هه‌ر كه دێته‌وه، ده‌ستگیر ده‌كرێت و بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ ده‌خرێته زیندانه‌وه و تێیدا دووچاری قورسترین جۆره‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌بێته‌وه. پاشان له زیندانه‌وه ده‌برێت بۆ بینینی پاپای ڤاتیكان و داوای لێ ده‌كات به ڕاشكاوی په‌شیمانی هه‌مو ئه‌و بیروڕایانه بێت كه به قسه‌كردن یان به نووسین ده‌ریبڕیوون. پاپا له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا. به‌ڵێنی ژیانێكی وای پێده‌دات كه له‌سه‌ره‌وه‌ی خه‌ون و خه‌یاڵه‌وه بێت. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كات و په‌شیمان نه‌بێته‌وه، ئه‌وا ئاگر چاره‌نووسی ده‌بێت و كۆتاییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له ناوجه‌رگه‌ی دڵی ڕۆما و له‌به‌رچاوی ئاپۆرای خه‌ڵك، به زیندوویی ده‌یسوتێنن.
ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی جۆردانۆ و پاپای ڤتیكان، جه‌نگی نێوان دوو سه‌رده‌م و دوو زه‌مه‌ن و بگره دوو چاره‌نووس بوو، سه‌رده‌م و زه‌مه‌نی تاریك و سه‌رده‌م و زه‌مه‌نی ڕووناك. جۆردانۆ له وه‌ڵامه تونده‌كه‌ی بۆ پاپا ده‌ڵێت: “ئه‌ی پاپا، هه‌ر هه‌مو ئه‌وه‌ی وتومه، داهێنانی عه‌قڵی خۆم بووه و خودا پێی به‌خشیوم و هه‌رگیز پاشه‌كشه‌ی لێ ناكه‌م، تۆش چیت له ده‌ست دێت بیكه”. پاپا به خێرایی دادگایه‌كی پشكنین دروست ده‌كات، بڕیاری سوتاندنی جۆردانۆ به زیندوویی، له‌به‌رده‌م ئاپۆرای خه‌ڵك و له ناوه‌ڕاستی ڕۆما ده‌رده‌كات، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی زمانی ده‌بڕن. ئیدی فه‌یله‌سوف و شاعیر و ئه‌دیب و فه‌له‌كناس، به‌ره‌و ناوه‌ڕاستی شاره‌كه ڕاپێچ ده‌كه‌ن، له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێكی زۆردا، حوكمه‌كه‌ی ده‌خوێنرێته‌وه. دوای خوێندنه‌وه‌ی حوكمه‌كه، جۆردانۆ سه‌یرێكی دادوه‌ره‌كانی دادگاكه ده‌كات و په‌نجه‌ی به‌رز ده‌كاته‌وه و به ده‌نگێكی به‌رز و به‌و په‌ڕی ئازایی و بوێرییه‌وه ده‌ڵێت: “ئێوه كه ئه‌م حوكمه، به ناوی یه‌زدانی میهره‌بان و دادپه‌روه‌ره ده‌رده‌كه‌ن، هه‌ست به ترس و تۆقین ده‌كه‌ن، زۆر له‌وه زیاتر كه من هه‌ستی پێده‌كه‌م”، ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی زمانی ببڕن.
دواتر كۆمه‌ڵێ هه‌رچی و په‌رچی، دار و ته‌خته ده‌خه‌نه ژێر ئه‌و ستونه‌ی جۆردانۆی فه‌یله‌سوفی پێوه هه‌ڵواسراوه و به ده‌نگی به‌رز قسه‌ی سوك و ناشرینی پێده‌ڵێن، ئه‌ویش زۆر به هێمنی له‌و ئاپۆرایه ڕاده‌مێنێت و دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، جه‌سته‌ی ده‌بێت به خۆڵه‌مێش. ئا له‌و دیمه‌نه ترسناكه‌دا، زه‌مه‌نێك ده‌سوتێت، سه‌رده‌مێك ده‌ستكاری ده‌كرێت، قه‌ڵایه‌ك ده‌ڕوخێت كه به كۆنكرێت له ده‌وری باخی عه‌قڵی مرۆڤی بیركه‌ره‌وه‌ی داهێنه‌ر دروست كرابوو.
جه‌سته و عه‌قڵی جۆردانۆ برۆنۆ له گۆڕه‌پانی (كامبۆ دی فیۆری)یه‌یه، ئه‌و ئاگری عه‌قڵی داگیرساند كه دواتر ڕووناكی عه‌قڵ، فیكر و فه‌لسه‌فه و زانستی هێنایه به‌رهه‌م و رێگای له‌به‌رده‌م مرۆڤی نوێ به هێزی نوێوه كرده‌وه. پاشان له سه‌ده‌كانی دواتردا، به هه‌زاران فه‌یله‌سوف ده‌ركه‌وتن، تاقیگه و زانكۆكان كرانه‌وه و عه‌قڵ بێ ئه‌وه‌ی شمشێر یان ڕم یا مه‌دفه‌عی هه‌ڵگرتبێت، سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر سیداره و مه‌حره‌قه‌دا به‌ده‌ستهێنا. ئه‌گه‌ر جۆردانۆ برۆنۆی مه‌زن و ئاگر و ڕووناكییه‌كه‌ی نه‌بوایه، ئه‌وا زه‌مه‌نی تاریكی و دواكه‌وتن و ترس تۆقاندن، بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژتر ده‌مایه‌وه. ئه‌وه ئه‌و ئاگره‌یه ئه‌مڕۆ له سایه‌ی ڕووناكییه‌كه‌یدا ده‌ژین.
سه‌رچاوه
عه‌بدولره‌حمان شه‌لقم، الشرق الاوسط، شه‌ممه، 6 ئاب، 2022