هانا ئارنێت و سیاسەتی مۆدێرن
و. ڕێبین هەردی
هەندێکجار بیر دەکەمەوە، هەندێکجار هەم
پۆل ڤالێری
١. ژیان، بیر
هانا ئارنێت سەرنجڕاکێشترین و وتوێژئامێزترین بیریاری سەدەی بیستەمە. لەنێوا بیریارانی سەدەی بیستەمدا کەمتر بیریارێک وەک ئارنێت چەمکە تەقلیدەکانی فەلسەفی سیاسی تاوتوێ و ڕەخنە کردووە. لەگەڵ ئەمەشدا ئەستەمە ئارنێت بە ئەندامی قوتانخانەیەکی فکری تازە بزانرێت، و یان تەنانەت ناونیشانی سیاسی وەک لیبڕاڵ، مارکسیست، پارێزگار یان ئەنارشیستی لێبنرێت. لەبەرئەوە خوێنەر بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ئارنێت، توانای دیاریکردنی هێڵێکی سیاسی تایبەت بەوی نیە. جێگەی سەرنجە ئارنێت لەهەندێک لە نووسینەکانی خۆیدا بەرگری لە دیموکراسی شورایی دەکات، لەهەندێک شوێنی دیدا دەمانگەڕێنێتەوە بۆ بیریارانی پارێزگاری وەک ئادمۆند برک. بەمشێوەیە هەندێکجار گرنگی بە دەستکەوتەکانی مۆدێرنە دەدات و هەندێکجاریش وەک یەکێک لە ڕەخنەگرانی مۆدێرنە لەپاڵ بیریارانی پۆستمۆدێرندا دەوەستێت. بەڵام ئارنێت بەهەر ناونیشانێک بێت، بیریارێکە کە لەسەرجەم نووسین و وتار و گفتوگۆکانیدا، گرنگی بە دوو چەمکی سیاسەت و فەلسەفە دەدات، و سات بە سات ژیانی خۆی بۆ تێگەیشتن لەم دوو چەمکە تەرخان دەکات. هانا ئارنێت لەکتێبەکەی خۆیدا لەژێر ناونیشانی ((نەریتی شارەوە))(The Jew as a Pariah) ئاماژە بۆ پەیوەندی نێوان سیاسەت و فەلسەفە دەکات و دەنوسێت: ((من سەر بە ناوەندی فەیلەسوفانم…پیشەی من تیورەی سیاسیە…من چەند ساڵ پێشتر لە ٢٧ فبرایر ١٩٣٣ بەتەواوی وازم لەفەلسەفە هێنا و ڕوومکردە لێکۆڵینەوە لەبارەی سیاسەتەوە..لەم ساتە بەدواوە بوو کە هەستی بەرپرسیارێتی لەمندا زیندوو بۆوە، و هەموو ئەو شتانەی پەیوەندی بە مەسەلەی سیاسیەوە هەبوو ، بوو بەچارەنووسێکی شەخسی بۆ من)). بەسەرنجدان لەم قسەیەی ئارنێت دەکرێت ئەو ئەنجامگیریە بکەین کە ڕووداوە مێژوویەکانی وەک نازیزم و ستالینیزم، ئارنێتیان لە جیهانی فەلسەفەوە بەرەو دنیای سیاسەت برد. لەڕاستیدا ئارنێت لەزوربەی بەرهەمەکانیدا تاوتوێی فەلسەفە وەک هۆکاری سەرەکی شۆڕبوونەوەی مۆدێرنە بۆ باوەشی ئایدۆلۆژیا تۆتالیتاریەکانی سەدەی بیسەتم دەکات. بەڵام جێگەی سەرسوڕمان نیە کەلەهەمانکاتدا تەنیا ڕێگەی خەبات دژ بەم مەترسیە بە بیرکردنەوەی فەلسەفی دەزانێت. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش دوا کتێبی ئارنێت کەناوی ((ژیانی فکر))ە(The Life of the Mind) و لە دوو بەرگدا چاپکراوە، لەڕاستیدا هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی سێ چەمکی گرنگی بیر ، ئیرادەو داوەری و پەیوەندی گشتی ئەم سێانە بە پایە و بناغەی ژیانی مرۆڤەکان واتە فەزای گشتیەوە. بەداخەوە مەرگی هانا ئارنێت لە ٤ دیسمبری ١٩٧٥ بووە هۆی ئەوەی بەرگی سێهەم بە ناتەواوی بمێنێتەوە، بەڵام ئارنێت لە وانەکانی خۆیدا لە زەمینەی فەلسەفەی سیاسی کانتدا (کە پاشتر وەک کتێبێک کەوتە بەردەست خوێنەران) چەندانجار دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی داوەری و گرنگیەکەی. بە دەربڕینێکی دی ئارنێت لە کۆتایی تەمەنیدا هەوڵدەدات تا بە یارمەتی فەلسەفەی سیاسی کانت، خۆی فەلسەفەیەکی تازە دابهێنێت. لەبەرئەوە ئامانجی ئارنێت لە ڕێکخستنی فەلسەفەیەکی لەمشێوەیە، بیرکردنەوە نیە لەبارەی کۆمەڵگایەکی ێۆتۆپی تازەوە، بەڵکو بەشێوەیەکی ئاسایی ئامانج لە بیرکردنەوە و بەرهەمەکانی ئارنێتدا، خستنەڕووی پرسیارگەلێکە لەبارەی ماهیەتی سیاسەت و چۆنێتی ژیانی سیاسی مرۆڤەکان.
٢. مۆدێرنە و دابڕان لەگەڵ نەریتدا
دەکرێت بەخوێندنەوەیەکی ورد و قوڵ بۆ بەرهەمەکانی ئارنێت، بەو ئەنجامە بگەین کە ئامانجی ئارنێت لە بیرکردنەوە لەبارەی چەمکی سیاسی و باسکردنی پەیوەندی نێوان تاکەکەس و فەزای گشتی، ((بونیادنانەوەی دیاردەناسیانەی ماهیەتی ژیانی سیاسی))ە. لێرەدا دەکرێت بە وردی کاریگەری فەلسەفەی مارتین هایدگەر و بەتایبەتی کتێبی ((بوون و زەمان)) بەسەر بیرکردنەوەی سیاسی ئارنێتدا ببینرێت. بیرکردنەوەکانی ئارنێت لە زۆر ڕوەوە لە قۆناغی یەکەمی فەلسەفەی هایدگەرەوە نزیکە، و ئەمەش تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی زانکۆیی تایبەتی ئەم دوو بیریارە، بەڵکو زۆرتر لەبەر ئەو چوارچێوە میتۆدۆلجیەیە کە هاوئاهەنگی بەبیرکردنەوەی ئارنێت دەبەخشێت. یەکێک لە سیما نزیکەکانی بیرکردنەوەی ئارنێت لەگەڵ فەلسەفەی هایدگەر ڕەخنەگرتنێتی لەدیدی ئامێریانەی مۆدێرن و باڵادەستی بەسەر جیهاندا. ئارنێت خەسڵەتی مۆدێرنە بە دابڕان لە نەریت دەزانێت، و بەبڕوای ئارنێت ئەم دابڕانە پەیوەندی بە ڕابردووە گۆڕیوە. هەر لەبەرئەمە ئارنێت بە هوشیاری تەواو لە چۆنێتی ئەم دابڕانە، بەدوای ڕزگارکردنی پەیوەندی مرۆڤە مۆدێرنەکانەوەیە بە ڕابردوەوە. بەدەربرینێکی دی ئارنێت هەوڵدەدات بە بیرکەوتنەوەی ڕابردوو، پەیوەستبوونی ڕابردوو و هەنوکە درووست بکات. ئەم هەوڵەی ئارنێت بۆ خوێندنەوەی ڕابردوو و درووستکردنی پردێکی پەیوەندی لەنێوان ڕابردوو و هەنوکەدا، بە مەبەستی ڕزگارکردنی ئەو ڕەگەزانەی ڕابردووی مرۆڤە لە فەرامۆشی کە بۆ هەنوکەی مۆدێرنەکان ڕەهەندێکی هەنوکەیی و ئەمڕۆیی هەیە. ئارنێت خۆی ئەم هەوڵەی بە ئیلهام وەرگرتن لە ڤاڵتەر بنیامین، بە چالاکی سەرچڵی گەڕۆکی مرواریەک دەشوبهێنێت کە کەوتۆتە بن دەریاوە، بۆ ئەوەی جوانترین و سەرسوڕهێنەرتین شت لەگەڵ خۆیدا بهێنتەوە بۆ وشکایی. دەکرێت ڕامانی فەلسەفی هانا ئارنێت لەبارەی سیاسەت لە قۆناغی ێۆنان و ڕۆمی دێرین، لەپەیوەندی بەم مەسەلەیە تاوتوێ بکرێت. ئارنێت لەمبارەیەوە دەنوسێت: ((من پێویستی گەڕانەوەم بۆ سەردەمی دێرین وەک شۆڕشگێڕەکانی سەدەی هەژدەهەم هەست پێدەکرد)). ئەوەی ئەسینا فێری ئارنێتی دەکات، شێوەی بیرکردنەوەیە لە سیاسەت، و ئەوەی لە ئەزموونی ڕۆمیەکانیشەوە بەدەستی دێنێت، شێوەی دیدێتی بۆ دوو چەمکی دەسەڵاتدارێتی و نەریت. لە دیدی ئارنێتەوە ڕۆمیەکان بەپێچەوانەی ئەسینیەکانەوە، بونیادی سیاسەتیان بە شتێکی پیرۆز دەزانی. لەبەرئەوە لە جیهانبینی ڕۆمیەکاندا پاراستن و مانەوەی بونیادی سیاسەت لەڕێگەی دوو چەمکی دەسەڵاتدارێتی و نەریتەوە ئەنجام دەدرا. بۆ نموونە بۆ مێژوونوسانی وەک پولۆبیوس ئامانجی پەروەردە تێگەیاندنی پلە و بەهای نەوەکانی پێشوو بوو بە مناڵان. بە گووتەی ئارنێت مۆدێرنە بە دابڕان لە نەریت، چەمکی دەسەڵاتدارێتیشی توشی قەیران کردووە، چونکە لەناوجیهانی گەورەکاندا بەرپرسیارێتی فەزایەک لە ئەستۆ ناگرن کە مناڵان تیایدا پەروەردە دەکرێن. لەدیدی ئارنێتەوە یەکێکی تر لە پێشهاتەکانی جیهانی مۆدێرن، جیابوونەوەی نێوان بیرکردنەوە و واقعیەتە. بەدەربڕینێکی دی واقعیەت چیدی لە ئاوێنەی بیرکردنەوەدا دەرناکەوێت و هەر لەبەرئەمەش پەیوەندی بیرکردنەوە بە ڕووداوەوە دەپچڕێت. کەوابوو ئەرکی فەیلەسوف سەرلەنوێ بیرکردنەوەیە لە ڕووداو، واتە درووستکردنی تەوەرەی فکریە بۆ ڕێکخستنی مانای سیاسەت. لەم دۆخەدا نەبێت ئازادی و دیموکراسی لەبەرامبەر شێوە سیاسیە تۆتالیتاریەکانی مۆدێرندا، لەبەردەم مەترسی لەناوچوندایە. لەبەرئەوە ئارنێت بە جەختکردن لە دابڕانێک کە لەجیهانی مۆدێرندا لەگەڵ نەریتدا ڕوویداوە، خۆی بە دابڕانێک دەگات کە هەوڵدەدات بە ماوەوەرگرتن لە نەریتی فەلسەفەی سیاسی، دیدێکی تازە بۆ سیاسەت بونیاد بنێت.
جیابوونەوەی ئارنێت لە مامۆستاکەی مارتین هایدگەر لە سەرەتاکانی ساڵەکانی ١٩٣٠دا بەهۆی ئەندامێتی لە حیزبی نازیدا، وەک دابڕانی ئارنێتە لە نابەرپرسیاری فەلسەفە لەبەردەم باڵاگرتنی مرۆڤ لە جیهانی مۆدێرندا. لە دیدی ئارنێتەوە هایدگەر فەیلەسوفێکە کە پشت دەکاتە جیهان و لەبری تێرامان و وردبوونەوە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، وەک تاڵیس سەیری ئەستێرەکان دەکات، و بە کەوتنە ناو چاڵەوە، هەمان چارەنووسی ئەوی دەبێت. بەدەربڕینێکی دی بۆ ئارنێت هایدگەر نموونەی مەترسیەکە کە فەلسەفە دەتوانێت بۆ سیاسەتی درووست بکات. ئارنێت مەترسیەکی جۆرێکی تر لەلایەن فەیلەسوفێکی وەک ئەفڵاتۆنەوە دەبینێت، کە بە پێچەوانەی هایدگەرەوە لە جیهان دەڕوانێت، بەڵام بە بێ بەها و بێ بایەخی دەزانێت، و هەوڵدەدات لەم جیهانە جێگەیەک بۆ ژیانی فەیلەسوفان درووست بکات. بەمشێوەیە ئەفڵاتۆن جیهانی دیاردە و هەستی ڕەمزەکان و دەرکەوتەکانی دەخاتە ژێر دەسەڵاتی هەقیقەتی باڵاوە، کە هەموو کەس توانای ناسینی نیە. لێرەوە ئارنێت ئەو ئەنجامگیریە دەکات کە ئەفڵاتۆن بەجۆرێک لە جۆرەکان سیاسەت واتە جیهانی دیارەکان بە نۆکەر و کۆیلەی فەلسەفە و فەیلەسوفان دەزانێت، و بە پێچەوانەی ئاراستەی دیموکراسی ئەسینی کە لەسەر بنەمای بیروڕا و باوەڕی[2] هاوڵاتیان دامەزراوە، نەریتی بیرکردنەوەیەکی سیاسی تازە بونیاد دەنێت. بە قسەی ئارنێت ئەفڵاتۆن بونیادنەری درۆیەکی گەورەیە، کە مێژووی بیرکردنەوەی سیاسی ڕۆژئاوای درووستکردووە، کە ئەویش دیاریکردنی دوو چەمکی حکومەت و یاسادانانە وەک ئامانجی سەرەکی فەلسەفەی سیاسی. جێگەی سەرنجە هانا ئارنێت بێ ئاماژەکردن بۆ شیکردنەوەی کارل پۆپەر بۆ ئەفڵاتۆن لە کتێبی کۆمەڵگای کراوە و ودوژمنەکانیدا، بەهەمان دەرئەنجام دەگات کە یەکێک لە هۆکانی سەرکەوتنی تۆتالیتاریزم لەسەردەمی مۆدێرندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نەریتە فەلسەفە سیاسیەی بە ئەفلاتۆن دەست پێدەکات. ئارنێت بە شیکردنەوەی تۆتالیتاریزم وەک دیاردەیەک کە خاوەن (مێژوویەکی ترسناکە) کە دابڕاوە لەسەرجەم نەریتەکان، بەو ئەنجامگیریە دەگات کە دەبێت پێناسێیکی تازە بۆ سیاسەت بدۆزینەوە. ئارنێت سیاسەت بە (جیهانی دیاردەکان) و (جیهانی هاوبەش) پێناس دەکات کە دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی مرۆڤەکان لەیەکدی. لە دیدی ئارنێتەوە لەم جیهانە هاوبەشەدا تێڕوانینی جۆراجۆر وجیاواز هەیە، کە هیچیان ناتوانن لەڕووی ئەنتۆلۆجیەوە ببنە جێگرەوەی یەکدی. هەرلەبەرئەمە ئارنێت فرەیی بەبەشێکی گرنگی ژیانی مرۆڤایەتی دەزانێت. ئارنێت لەکتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی دۆخی مرۆیی[3] خەسڵەتی ئەم فرەییە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا بەمشێوەیە وەسف دەکات:((مرۆڤەکان، نەک مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی و لەجیهاندا دەژین)). بە بڕوای ئارنێت (فرەیی مرۆیی مەرجی پێویستی (گوتار) و(کردار)ی مرۆییە کە خاوەن دوو خەسڵەتە: یەکسانی و جیاوازی)). چونکە ((گەر مرۆڤەکان یەکسان نەبن، ناتوانن لەیەک بگەن و ئەگەر لەیەکیش جیاواز نەبن، ئەوا پێویستیان بە گوتار و کردارێک نیە بۆ تیێگەیاندی ئەویدی لە خود)). کەوابوو لە بیرکردنەوەی ئارنێتدا دنیای مرۆڤەکان سنووری کرداری پەیوەندیە، کە تیایدا گوتار پێویستی کردار و کرداریش پێویستی گوتارمان بیردەخاتەوە. لێرەدا دەکرێت کاریگەری وێنەی ئەرستۆیی بۆ مرۆڤ لە بیرکردنەوەی ئارنێتدا ببینرێت. کاتێک ئارنێت باسی جیهانی هاوبەشی مرۆڤەکان دەکات، مەبەستی لە bios politikos واتە ((ژیانی سیاسی)) ئەرستۆییە، و ئاماژەیە بۆ مرۆڤێک کە هەم بەدوای گوتارەوەیە و هەم بە دوای کردارەوە. لێرەدا ئارنێت بیرهێنەرەوەی چەمکی ئەرستۆیی ((Zoon logon echon)) ە کە بەمانای بوونەوەرێکی زیندووی عاقڵ و قسەکەرە، کە سوود لە گوتار و عەقڵ، لەباشترین ڕەفتارە سیاسیەکانیدا وەردەگرێت. ئارنێت خۆی بڕوای وایە گوتار خۆی جۆرێک کردارە، چونکە ئێمە دەتوانین بە زمان مانا بە کردارەکانمان ببەخشین. بەمشێوەیە مرۆڤەکان بە قسەکردن و کرداری شوناسە تایبەتیەکانیان خۆیان لە فەزای گشتیدا ئاشکرا دەکەن.
٣- کرداری سیاسی و جیهانی فرەیی
دەکرێت لە گرنگیدانی ئارنێتەوە بۆ دوو چەمکی کردار و گوتار و دەوریان لە فۆرمەلەکردنی فەزای گشتی مرۆڤەکاندا، ئەم ئەنجامگیریە بکەین کە ئامانجی ئارنێت لە بیرکردنەوە لەبارەی سیاسەتەوە، ئامادەکردنی هەلومەرجی ئەنتۆلۆجی ئەزموونی سیاسیە. لەڕاستیدا ئارنێت هەوڵدەدات بۆ ئەوەی ڕەهەندی جۆراوجۆری کرداری مرۆیی بەشێوەیەکی دیاردەناسیانە بونیاد بنێتەوە. واتە بە دەربڕینێک میتۆدی هوسرلی (گەڕانەوە بۆ خودی شتەکان)) لەبارەی ((بوونی سیاسیەوە)) بەکاردەهێنێت. لێرەوە ئەوەی ئارنێت ناوی دەنێت vita activa واتە ((ژیانی پراکتیکی)) و لەبەرامبەر چەمکی vita contemplativa واتە (ژیانی تیوری)) بەکاری دێنێت، سەرجەم ڕەهەند و شێوەکانی هەبوونێتی مرۆڤ دەگرێتەوە. ئارنێت لە درێژەی ڕەخنەکانی خۆیدا لە نەریتی فەلسەفەی سیاسی ڕۆژئاوا بڕوای وایە ئەم نەریتە ژیانی پراکتیکی vita activa فەرامۆش کردووە، وبەردەوام گرنگی بە ژیانی تیوری vita contemplativa) داوە. بە سەرنجدان لەو خاڵەی ئارنێت دەرکەوتەی ژیانی پراکتیکی مرۆڤ لە سێ چەمکدا شیدەکاتەوە: ((کار)) (labour)، ((بەرهەمهێنان)) (work) و ((کردار)) (action). لەڕاستیدا((کار)) فەزایەکە مرۆڤەکان بۆ بەردەوامی و مانەوەی نەوەکان تیایدا ڕادەوەستن. هەر لەبەرئەمە ((کار)) پرۆسەیەکی بێ کۆتاییە کە بۆ مانەوەی ژیان پێویستە. کەوابوو ((کار)) لەڕاستیدا چالاکیەکە گونجاوە لەگەڵ پێداویستیە بێۆلۆژیکیەکانی مرۆڤدا، و هەر لەبەرئەمەش ئارنێت ئەم شێوەیەی دۆخی مرۆڤ و ژیانی پراکتیکی مرۆڤ بە وشەی لاتینی animal laborans وەسف دەکات. لەدیدی ئارنێتەوە کرێکار (labourer) مرۆڤێکی زەحمەتکێشە کە لە دۆخی کۆیلایەتیدا دەژی، لەبەرئەوە ئارنێت لەگەڵ مارکسدا نیە بۆ ئایدیالکردنی دوو چەنکی ((کار)) و ((کرێکار)) . بەهەمان شێوە ئارنێت بەو تەفسیرە تازەیەی بۆ بونیادی دەوڵەتشاری ئەسینی دەیکات، بەو ئەنجامە دەگات کە (کار) هەمیشە بە وتەزایەک زانراوە لە دەرەوەی فەزای گشتی، لەڕاستیدا ڕژێمە سەرمایەداری و کۆمنیستیەکان بوون ئەم چەمکەیان بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ، لەفەزای تایبەتیەوە، هێنایانە ناو فەزای گشتیەوە
. بەڵام لە دیدی ئارنێتەوە ئەوەی مۆدێرنەکان ناوی دەنێن فەزای تایبەتی، و ئەسینیەکان وەک oikos یان فەزای ماڵ باسیان دەکرد ( کە فەزایەکی دروستکراوە و بەدەستی مرۆڤەکان دروستکراوە)، دەرئەنجامی وتەزای ((کار)) نیە، بەڵکو بەرهەمی ((بەرهەمهێنانە) (work)، کە شێوەیەکی دوهەمی ژیانی پراکتیکی شتەکان لەگەڵ خۆیدا دێنێت. (بەرهەمهێنان) بە پێچەوانەی ((کار))ەوە، بەشێکە لە ڕەهەندی ناسروشتی مرۆڤ، کە داهێنانی جیهانی شتەکانی بەدوادا دێت. ێۆنانی دێرین بۆ وەسفی چەمکی ((بەرهەمهێنان))، سوودیان لە دوو چەمکی techne و poiesis وەردەگرت، کە مەبەست لێی داهێنانی بونیادە درووستکراوەکانە، کە دنیایەک لە دەرەوەی دنیای سروشتی درووست دەکات. لێرەوە ئارنێت بۆ وەسفی کەسێکی بەرهەمهێن، دەستەواژەی لاتینی homo faber بەکار دێنێت. هۆمۆ فابێر یان مرۆڤی درووستکەر و بەرهەمێنەر وەک مرۆڤێکە کە دیوارەکانی دەوڵەتشار (polis) درووست دەکات، و فەزای مرۆیی لە فەزای سروشتی جیا دەکاتەوە. بە بڕوای ئارنێت نموونە کۆمەڵایەتیەکانی هۆمۆ فابێر تەلارسازان، پێشەگەران، هونەرمەندان و یاسادانەرانن. لەمانە هەندێکیان فەزای تایبەتی نەخشەڕێژ دەکەن و هەندێکیان یاسای دەوڵەتشار. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش ((بەرهەمهێنان)) بە پێچەوانەی ((کار))ەوە، ڕەهەندێکی تایبەتی نیە، بەڵکو لە فەزای گشتیدا دەخرێتە ڕوو. بەمشێوەیە ((بەرهەمهێنان)) بە پێچەوانەی ((کارەوە)) چالاکیەکە مرۆڤەکان ناکاتە نۆکەر و کۆیلەی خۆی. چونکە ئەوە مرۆڤەکانن کە لە کۆمەڵگادا ڕکێفی ((بەرهەمهێنانیان)) لە دەستدایە. کەوابوو لە ((بەرهەمهێناندا)) ئازادیە کە لە ((کاردا)) نیە. ڕەنگە هەر لەبەرئەمە ئارنێت چەمکی ((بەرهەمهێنان)) لە فەزای سیاسیەوە بە نزیکتر دەزانێت، چونکە بە قسەی ئارنێت مرۆڤەکان لە ڕێگەی بەرهەمهێنانەوە، دەزگا و فەزا گشتیەکان درووست دەکەن، کە خۆیان چالاکی تیا دەکەن. لەڕاستیدا هۆمۆ فابێر بە هەبوونی وێنەیەکی زیهنی لەوەی بەرهەم دێت، ((هاوکات خاوەن ئازادی بەرهەمهێنان و ئازادی وێرانکاریە)). هەر لەبەرئەمە ئارنێت هۆمۆ فابێر بە دەرکەتەی فەرمانڕەوایی توندی مرۆڤ بەسەر سروشتدا دەزانێت. بەمشێوەیە لەکاتێکدا کرێکار کۆیلە و نۆکەری زەرورەتەکانی ژیانە، مرۆڤی بەرهەمهێنە، باڵادەسەتی خۆی بەسەر سروشتدا بە دەربڕی مەزنێتی خۆی ئەژمار دەکات. بەڵام نە ((کار)) نە ((بەرهەمهێنان)) هیچیان پێویستی ئازادی مرۆڤ دەستەبەر ناکەن. لە دیدی ئارنێتەوە تەنیا ڕەهەندێکی ((ژیانی پراکتیکی)) کە ئازادی مرۆڤ دەستەبەر دەکات، کردارە. کردار بە قسەی ئارنێت بەرزترین و گەشەسەندووترین شێوەی ژیانی پراکتیکی مرۆڤە. مرۆڤ لە کرداری خۆیدا قابلیەتی دەستپێکردنەوەی سەرلەنوێی ژیانی پراکتیکی دەدۆزێتەوە. لەڕاستیدا ئەم دەستپێکردنە دوبارەیە ئیمکانێکی بێ کۆتاییە کە کردار بە مرۆڤەکانی دەبەخشێت. ئارنێت دەنووسێت: ((مرۆڤ ئازادە، چونکە ئەو خۆی دەستپێکە)). لێرەوە ئامانجی سیاسەت بە کۆتای گەیاندنی ئامانجەکان نیە، بەڵکو چالاکیەکە کە هیچکات تەواو نابێت، و بەردەوام لە قۆناغی دەستپێکردندایە. ئارنێت بە ئیلهام وەرگرتن لەو ڕستەیەی ئەگوستینی قەدیس لە کتێبی ((شاری خودا)دا کە دەڵێت: ((مرۆڤ درووستکرا، بۆ ئەوەی دەستپێکردنێک بێت)) (initium ut esset creatus est homo)، هەر دەستپێکردن و سەرەتایەک وەک چاوکردنەوەی ساوایەکی تازە دەبینێت. بە دەربڕینێکی دی ئارنێت بڕوای وایە مرۆڤ ئازادە، چونکە مرۆڤ خۆی بە پێناسە دەستپێک و سەرەتایە. کەوابوو دەکرێت ئەو ئەنجامگیریە بکرێت، کە ئامانجی سیاسەت بە کۆتای گەیاندنی ئامانجەکان نیە. چونکە سیاسەت چالاکیەکە هەرگیز تەواو نابێت، بەردوام لە قۆناغی دەستپێکردندایە، و ئەگەر مرۆڤ لە ڕەهەندی ((کار))دا نۆکەر و کۆیلەی هاوڕەگەزی خۆیەتی، و لە ((بەرهەمهێناندا)) نامۆیە بە سروشت، لەبری ئەمە لە ڕەهەندی کرداردا دەچێتە ناو جیهانی فرەییەوە، چونکە لەگەڵ مرۆڤەکانی دیدا لەفەزای گشتیدا بەشدار دەبێت. لێرەوە لەدیدی ئارنێتەوە (کردار) بەپێچەوانەی (کار)ەوە چەمکێکی گشتیە، چونکە ڕاهێنانێکە کە لەجیهانی فرەییدا و هاودەم لەگەڵ مرۆڤەکانی دیدا ڕوودەدات. بە دەربڕینێکی دی چەمکی کردار و بکەری کردار هەردووکیان لەپەیوەندی ڕاستەوخۆدا بە چەمکی فرەیی مرۆڤەوە، مانای خۆیان بەدەست دێنن. مرۆڤ لەم قۆناغەدا لە (ژیانی پراکتیکی) (vita active) خۆی نە animal laborans ە و نە homo faber، بەڵکو بە گووتەی ئەرستۆ زۆئن پۆلۆتیکە (Zoon politikon)، واتە بوونەوەرێکی زیندووە کە بۆ ژیان و چالاکی لە کۆمەڵگای سیاسیدا درووستکراوە. بە گووتەی ئارنێت هۆی ئەنتۆلۆجی ئەم ژیانە سیاسیە، ئازادیە و بواری ئەزموونکردنیشی کردارە. بەهەمان شێوە دوو خەسڵەتی کرداری مرۆیی، ئازادی و فرەییە. لێرەوە کردار بەدیهاتنی ئازادیە وەک دەستپێکی تازە، واتە بە ئاراستەی داهێنانی ڕەهەندێکی نوێ لە جیهاندا. لێرەوە هەرجارێک مرۆڤەکان ئەم ڕەهەندە نوێیە بە کرداری خۆیان دادەهێنن، ڕێک وەک ئەوە وایە سەرلەنوێ لەدایک ببنەوە. سەرنجی ئارنێت بۆ دیاردەی ((شۆڕش)) و ئەو شیکردنەوەیەی لە کتێبەکەیدا بۆ شۆڕشی فەرەنسی و ئەمەریکای دەکات، هەر لەم ئاراستەیەدایە.
٤- شۆرش و تۆتالیتاریزم
بە قسەی ئارنێت ((شۆڕشەکان تەنیا ڕووداوی سیاسین کە ئێمە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ چەمکی (دەستپێک و سەرەتا)دا دەرگیر دەکەن)). چونکە هەر شۆڕشێک هەوڵێکە بۆ درووستکردنی فەزایەکی سیاسی تازە. ئارنێت خەسڵەتی شۆڕشە مۆدێرنەکانی وەک شۆڕشی فەرەنسا و ئەمەریکا لە ئەزموونکردنی ئەو توانا سیاسیانەدا دەبینێت کە بە ئاراستەی درووستکردنی فەزای ئازادی درووست دەبن. لەگەڵ ئەمەشدا ئارنێت بڕوای وایە شۆرشی فەڕەنسی و شۆڕشی ئەمەریکی هیچیان نەیانتوانیووە فەزایەکی ئازادی بەردەوام درووست بکەن، کە تیایدا بڕیارەکان بە دەستەجەمعی بدرێن. ئارنێت شکستی شۆڕشی فەڕەنسی لە خستنەڕووی مەسەلەی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی لەڕێگەی دەزگا سیاسیەکانەوە دەبنینێت. بەبڕوای ئارنێت هەوڵی شۆڕشگێڕە فەڕەنسیەکان بۆ چارەسەری مەسەلە کۆمەڵایەتیەکان، دەبێتە هۆی لاوازبوون و شکستی دەزگا سیاسیەکان. دەکرێت دەرکەوتی ئەم شکستە لە ڕستە بەناوبانگەکەی سن ژۆستی شۆڕشگێری بەناوبانگی ئەو قۆناغەدا ببینین کە دەڵێت: (( فەقیرەکان هێزی زەوین)). بە دەربڕینێکی دی لە دیدی ئارنێتەوە بابەتی سەرەکی شۆڕشی فەڕەنسا، مەسەلەی خۆشبەختیە، نەک چەمکی ئازادی. بە قسەی ئارنێت شۆڕشگێڕە ئەمەریکیەکان لەم چارەنووسە پاڕێزراو بوون، چونکە شۆڕشی ئەمەریکا بە شۆڕشێک بۆ نان دەستی پێنەکرد، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی سیاسی. لە دیدی ئارنێتەوە دەکرێت ئەو مۆدێلەی ئازادی سیاسی کە باوانی شۆڕشی ئەمەریکا بەدوایەوە بوون، لە چەمکی isonomia یان یەکسانی لەبەرامبەر یاسای سەردەمی ئەسینای دێریندا بدۆزینەوە. هەر لەبەرئەمە ئارنێت شۆڕشی ئەمەریکا وەک ئەزموونێکی نوێ تاوتوێدەکات، چونکە بەقسەی ئارنێت ئەم شۆڕشە بناغەکانی دیموکراسی مۆدێرنی دامەزراند. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئارنێت چەندان ڕەخنەی لە شێوازی کاردکردنی دیموکراسی ئەمەریکی هەیە. لە دیدی ئارنێتەوە هاوڵاتی ئەمەریکی لەگەڵ سوودوەرگرتن لە مافە فەردیەکان و هەبوونی ئاسایشی پێویست لەبەرامبەر هەڕەشەی هەرجۆرە دەسەڵاتخوازیەکی ستەمکارانە، ئەگەری ڕاهێنانی تەواوی توانا سیاسیەکانی نادۆزێتەوە. ئارنێت باشترین نموونەی ئەم دۆخە لە مەسەلەی واترگێتدا دەبینێت، کە بەبڕوای ئارنێت شێوەیەکی گەندەڵی سیاسیە کە هەڕەشە لە دیموکراسی دەکات. وەک دەبینین ئارنێت لە دابڕانی تەواودایە لەگەڵ نەریتی دیموکراسی بە نێوەندگیری. دەکرێت ڕەخنەی ئارنێت لە لیبرالیزمی سیاسی لەپەیوەندیەکی ڕاستەوخۆدا ببینن لەگەڵ ڕەخنەگرتنی لە مۆدێرنە. لە دیدی ئارنێتەوە یەکێک لە خەسڵەتەکانی جیهانی مۆدێرن باڵادەستی مەسەلە تایبەتیەکانە بەسەر مەسەلەی گشتیدا. بە قسەی ئارنێت مۆدێرنە زۆرتر سەرنجی مرۆڤەکان بەرەو چەمکی ((ژیان)) پاڵ پێوە دەنێت، و چەمکی ((جیهان)) مانای سیاسی خۆی لەدەست دەدات. ئەم لەناوچوونەی فەزای گشتی لە قۆناغی مۆدێرندا، واتە داڕمانی فەزایەک کە لەسەردەمی دێریندا مرۆڤەکان تیایدا شوناسی خۆیان تیا دەدۆزیەوە و نەریتەکان تیایدا سەرلەنوێ بەرهەم دەهاتنەوە. سەردەمی مۆدێرن بە پێچەوانەی سەردەمی دێرینەوە، ئەوە بەهاکانی مرۆڤی کرێکار یان animal laborans ە کە لەبەرامبەر بەهاکانی وەک ئازادی و فرەییدا بۆ سەرجەم کۆمەڵگا پێشکەش دەکرێن. بەمشێوەیە ئامانجێکی تری چالاکی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، لە فەزای گشتیدا نیە، بەڵکو دابینکردن و زەمانەتی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانە. لێرەوە ئارنێت بڕوای وایە کۆمەڵگای مۆدێرن کۆمەڵگایەکی جەماوەرییە، واتە کۆمەڵگایەک کە لەو مرۆڤانە پێکهاتووە کە بەدوای جیهانێکی هاوبەشەوە نین. کەوابوو لە دیدی ئارنێتەوە کۆمەڵگای مۆدێرن لە تاکەکەسە بێ ڕەگوڕیشە و ڕوکەش بینانە درووست بوووە، کە بەدوای پێداویستیە ئاژەڵیەکانی خۆیانەوەن. ئەم تاکەکەسانە بە نامۆبوون لە جیهان، هێزی داوەری، هەستی گشتی و بێلایەنی خۆیان لەدەست دەدەن، و پاشان بەرەو بێ مانایی دەڕۆن. لە ئەنجامدا ئەمانە لەبەرامبەر دوو دیاردەیەدا دەوەستن: سەرەتا هەستی ئازادی خۆیان لەدەست دەدەن، و پاشان بەرەو بێ مانایی دەڕۆن. لێرەدا ئارنێت بەراوردێک لەنێوان هاوڵاتیان کۆمەڵگای مۆدێرن و هاوڵاتیانی کۆمەڵگای دێرنیدا دەکات، و بەو ئەنجامە دەگات ئەوەی مانای بە هاوڵاتیانی کۆمەڵگای دێرین دەبەخشی، هەستی واقعیبوونێک بوو کە خاوەنی بوون. ئەم واقعیبوونە دەبووە هۆی ئەوەی هاوڵاتیانی دەوڵەتشارەکانی ئەسینا و ڕۆمای دێرین، هەست بە جیهانی هاوبەشی خۆیان وەک ماڵی خۆیان بکەن. چونکە ئەم جیهانە هاوبەشە، فەزایەکی گشتی بوو کە ئەم تاکەکەسانە دەیانتوانی بەهۆی ئەوانی دیەوە ببینرێن و گوێیان لێ بگیرێت. لەبەرئەوە بۆ ئارنێت بینران و بیستران تەنیا لە چوارچێوەی فرەیی مرۆڤدا مومکینە. لەو شوێنەدا کە ئەم چوارچێوەیە لەناوچوو، مرۆڤەکان دەبن بە بوونەوەرانی بێ مانا و دەبن بەباشترین ڕەگەزەکان بۆ سیستەمە تۆتالیتارەکان.
لە دیدی ئارنێتەوە هۆی ئەنتۆلۆجی ئۆردوگاکانی مەرگی نازیەکان و کۆلاگەکانی ستالین، نەمانی فرەیی مرۆیی و کورتبوونەوەی مرۆڤەکانە بۆ یەکجۆر مرۆڤ (Homo Sovieticus یاHomo Nazismus). بەدەربڕینێکی دی تۆتالیتاریزم تاکێتی مرۆڤەکان ووردوخاش دەکات و تا ئاستی هیچ بوون دایاندەبەزێنێت، تا ئەو ڕادەیەی کە چیدی هیچکەس چیدی نەبینرێت و نەبیسترێت. لێرەوە لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت هەمووان و لە هەموو جێگەیەکدا بەشێوەیی جەماوەری ملێۆنی ئامادەن، بەڵام لە ڕاستیدا هیچکەس لەهیچ شوێنێکدا ئامادەبوونی واقعی نیە. بەمشێوەیە هەمووان لە بەدبەختی و نەگبەتیدالەگەڵ یەک هاوبەش و یەکسانن، بەڵام هیچ جیهانێکی هاوبەش بوونی نیە، کە تیایدا مرۆڤەکان تاکێتی خۆیان لە فرەیی بیروڕاکاندا بەدەستبهێنن. دەکرێت باشترین دەربڕی ئەم دۆخە، لەو ڕستە بەناوبانگەی مارچلۆ ماستویانیدا لە فلیمی (ڕۆژێکی تایبەتی ئەتورا سکۆلا) دا ببینین کە دەڵێت: (( ئەوە کرێچیەکەی نهۆمی شەشەم نیە کە دژی فاشیزمە، بەڵکو ئەوە فاشیزمە کە دژی کرێچەکەی نهۆمی شەشەمە)).
دەکرێت بە وردبونەوەیەکی میتۆدیانە لە بەرهەمەکانی ئارنێت، ئەو ئەنجامگریە بکرێت کە گرنگیدانی بە ئایدۆلۆژیا تۆتالیتاریەکانی سەدەی بیست و پرۆژەی شیکردنەوەیان لە کتێبی (سەرچاوەکانی تۆتالیتاریزم)دا، لەڕاستیدا درێژکردنەوەی لێکۆڵینەوەکانێتی لەبارەی سیاسەتی مۆدێرنەوە. لە دیدی ئارنێتەوە نازیزم و ستالینیزم شێوەی تازە و ترسناکی ژیانی سیاسی مۆدێرنە، کە بۆیەکەمجارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەردەکەون، لەبەرئەوە بیریارانی وەک ئەرستۆ و مۆنتیسیکۆ توانای پێشبینکردنی ئەم شێوە تازە و ترسناکەیان نەبوو. ئەوەی وەک دیاردەیەکی تازە لە سیستەمە تۆتالیتارەکاندا دەردەکەوێت، سوودوەرگرتنی ئەم ڕژێمانەیە لە ڕەگەزی (تیرۆر). بە گووتەی ئارنێت مەسەلە لەوەدایە لەمشێوە ڕژێمە سیاسیانەدا، چیدی تیرۆر ئامرازێک نیە بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە دیکتاتۆریەکان، بەڵکو ((تیرۆر)) خۆی بەشێکە لە بونیادی سیاسی کۆمەڵگا. لەبەرئەوە لەمجۆرە بونیادانەدا هاوڵاتیان لەیەکدی دەترسن، و ئێمە ڕوبەڕووی قەیرانی هاوڵاتین. لەدیدی ئارنێتەوە ئەم قەیرانی هاوڵاتیە، هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی بیرکردنەوەدا، چونکە فەزایەکی وا جێگەیەک بۆ گفتوگۆ ناهێڵێتەوە. بە قسەی ئارنێت لەو ڕوەوە کە فکر خۆی مەسەلەیەکی گفتوگۆییە ( چونکە لەناو جیهانی هاوبەشی مرۆڤەکاندا مانا وەردەگرێت)، لەبەرئەوە کۆتای گفتوگۆ، وەک کۆتای بیرکردنەوەیە. لەبەرئەوەی بیرکردنەوە توانای ئەوە بە مرۆڤەکان دەبەخشێت داوەری لەبارەی ((خراپ))ەوە بکەن، کەوابوو بیرنەکردنەوە توانای خەباتکردن دژی خراپەیان لێدەگرێت. بەدەربڕینێکی دی ئەگەر بیرکردنەوە گەڕانە بەدوای مانا بوون و پرسیارکردن لەبارەی جیهان و لەبارەی بەرپرسیارێتی مرۆیی لە جیهاندا، کەوابوو پرسیارنەکردن نابەپرسیارێتی تاکەکەسی لەگەڵ خۆی دێنێت. بە قسەی ئارنێت دەکرێت ئەم دۆخە لە بوونی کەسایەتیەکی وەک ئادۆلف ئایشمانی تاوانباری نازیدا ببینرێت، کە خۆی دەرکەوتەی (ئیبتزالی خراپە)یە. سوودوەرگرتنی ئارنێت لە وشەی (ئیبتزال) و پەیوەندی بە چەمکی (خراپە)وە، بریتیە نیە لە کەم بایەخدان بە بەرپرسیارێتی ئایشمان لە ئامادەکاری و کرداری تاوانەکانی نازیەکاندا لە بەندیخانەکانی مەرگدا. لەدیدی ئارنێتەوە ((ئیبتزالی خراپە) خەسڵەتی تاکەکەسێکە کە بەتەواوی توانای بیرکردنەوە و داوەری لەبارەی کارەکانی خۆیەوە لەدەستداوە. ئارنێت بڕوای وایە ((یەکێک لە گەورەترین تاوانەکان بیرنەکردنەوەیە)). لەبەرئەوە ئایشمان لەدیدی ئارنێتەوە نە یاگۆ Iago یە نە ماکبێس Macbeth. لەڕاستیدا ئایشمان تاکەکەسێکە گفتوگۆی دەروونی لەگەڵ ویژدانی خۆی لەدەستداوە، و ئەم نەبوونی گفتوگۆیەش بۆتە هۆی ئاگادارنەبوون لە بوونی (خراپە). ئارنێت لە کتێبەکی خۆیدا (ئایشمەن لە ئورشەلیم) کە بووە هۆی ئەوەی ڕەخنەیەکی زۆری ئاراستە بکرێت، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئایشمەن کەسێکە پەیڕەوی لە فەرمانەکان دەکات، و هەلی ئەوە بە خۆی نادات بیر لە کردارەکانی بکاتەوە. ڕەنگە هەر لەبەرئەمە ئەو کوشتنی یەهودیەکان لە ئاشفێتز وەک هەر فەرمانێکی تری بیرۆکراتیانە تەماشا دەکات. جۆلیا کریستۆڤا نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبیی فەڕەنسی لە کتێبکدا لەژێر ناونیشانی (هانا ئارنێت) ئاماژە بۆ ئەم مەسەلەیە دەکات کە ئایشمان لەو کاتەدا کە لە چاوەڕوانی دادگایکردندا، لە زینداندا بوو، ئامادە نەبوو کتێبی لۆلیتای نووسینی نابۆکۆف بخوێنێتەوە، چونکە لولیتای بە کتێبێکی نا ئەخلاقی و خراپ دەزانی.
٥- خراپە لە مێژوودا و هێزی داوەری:
گرنگیدانی ئارنێت بە کەسایەتی ئایشمن و کارەساتەکانی تۆتالیتاریزمی نازی، زۆرتر بەمەبەستی درووستکردنی پەیوەندیەکی فکری لەنێوان هەلومەرجی سیاسی مۆدێرن و ژیانی زیهنی تاکەکەسی مۆدێرنە. هەرلەبەرئەمە ئارنێت لە وتارێکدا لەژێر ناونیشانی (تێگەیشتن و سیاسەت) دەنوسێت: ((ئەگەر ئێمە دەمانەوێت ئەم گۆی زەویە وەک ماڵی ئێمە بێت…دەبێت گفتوگۆیەکی بێ کۆتای لەگەڵ جەوهەری تۆتالیتاریزمدا بکەین، بە گووتەی ئارنێت دڕندەی تۆتالیتار لە سەدەی بیستدا دەرکەوتی ئەم مەسەلە سادەیەیە کە سروشتی مرۆیی تەنیا مرۆییە و هیچی دی، واتە مرۆڤ تەنیا توانای بوون بە مرۆڤی هەیە. لە دیدی ئارنێتەوە بۆ بەمرۆڤ بوون و مرۆڤ بوون، دەبێت لە چوارچێوەی جیهانێکی هاوبەشدا بژین، و ئەزموونە مێژوویەکانیش فێرمان دەکەن ئەم جیهانە هاوبەشە، جیهانێکی تێکشکێنەرە. ڕەنگە هەر لەبەرئەمە بێت ئارنێت لە کۆنفڕانسێکدا لەساڵی ١٩٧٢ لە شاری تۆرینتۆ ئاماژە بۆ ئەم بابەتە دەکات((کە لەهەر یەکێکماندا ئایشمانێک هەیە). دەکرێت مانای ئەم ڕستەیەی ئارنێت لەپەیوەندیدا بەجەختکردنی لە مەرگی بیرکردنەوە لە ڕژێمی تۆتالیتاریدا تاوتوێ بکەین. ئارنێت بڕوای وایە مەرگی بیرکردنەوە، بەمانای مەرگی ژیانە و لێرەدا ڕستە بەناوبانگەکەی میتافیزیکی ئەرستۆ دەهێنێتەوە کە دەڵێت: ((کردار بیرکردنەوەی ژیانە)). کەوابوو ئارنێت هاوڕای ئەرستۆیە کە ژیانی مرۆڤ هیچ نیە جگە لە بەشداری لە فەزای سیاسی هاوبەشی مرۆڤەکاندا. بەدەربڕینێکی تر بۆ مرۆڤ بوون، هەبوون بەس نیە، بەڵکو گرنگ پەیوەستبوونە بە فەزایەکەوە کە تیایدا مرۆڤایەتی تاکەکەس مانای لێوە وەردەگرێت. بە گووتەی مارسل پرۆست لەکتێبی گەڕان بەدوای زەمەنی بەسەرچوودا ((پرسیارەکە بوون یان نەبوون نیە، بەڵکو پەیوەستبوون یان پەیوەستنەبوونە)). بە دەربڕینێکی دی هۆکاری مرۆڤبوونی مرۆڤەکان ئەوەیە کە هەر تاکێک بیرۆکەی مرۆڤایەتی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. لە دیدی ئارنێتەوە ئەگەر ئومێدێک بە کرداری مرۆیی و ئازادی هەبێت، لەبەرئەوەیە مرۆڤایەتی بەردەوام وەک ئامانجێکی باڵا لەناو ئاسۆی بیرکردنەوەماندایە. بەمشێوەیە ئەگەر لە چەند قۆناعێکی مێژوویدا سەرجەم تاکەکانی مرۆڤیش تووشی شێتی و سەرلێتێکچوونی فکری ببن، ئەوا دیسان دەکرێت بیر لە چەمکی ((مرۆڤایەتی)) بکرێتەوە، چونکە بەقسەی ئارنێت مرۆڤایەتی وەک قابلیەتێکە بۆ ((گەشەپێدانی زیهن)). بۆ ئارنێت ئەم قابلیەتە لە بونیادی زماندا دەردەکەوێت، چونکە زمان ئامرازێکە بۆ پەیوەندی و درووستکردنی هەستی گشتی. کەوابوو تەنانەت گەر قەبوڵیبکەین تاکەکانی کۆمەڵگا دەتوانن هەموویان دەسەڵاتی داوەری سیاسی خۆیان لە دەستبدەن، و تووشی شێتی و سەرلێشێوان بن، دیسان دەکرێت لەگەڵ ئارنێتدا بەو ئەنجامە بگەین، کە زمان تووشی شێتی نابێ. لەبەرئەوە لەقۆناغێکدا کە هەموو شت لەناوچووە، و پێدەچێت هیچ جێگەی ئومێدێک نەما بێت، زمان وەک دوا پەناگای میتافیزیکی مرۆڤایەتی، مژدەی دۆخێکی تازە دەدات. لە دیدی ئارنێتەوە زمان وەک گێڕانەوەی مانای واقعی، کرداری مرۆڤەکان دەگێڕێتەوە. وشەکان و کرداەکان تەنیا کاتێک بیر دەمێننەوە و فەرامۆش ناکرێن، کە بەهۆی گێڕانەوەکانەوە بۆ هەمووان بگێڕێتەوە.
هەرلەبەرئەمە ئارنێت بڕوای وایە هەموو کۆمەڵگایەکی سیاسی، خۆی کۆمەڵگایەکی بیرەوەریە. بەدەربڕینێکی دی لەپاڵ هەر گەمەکەرێکی سیاسیدا گێڕەرەوەیەک هەیە، و لەبەرامبەر گێڕەرەوەی هەر کۆمەڵگایەک کە یادەوەری هەیە، ڕوداوەکان حەکایەتەکان دەیگێڕنەوە. لەو شوێنەی گێڕانەوە نیە، مێژووش نیە. کەوابوو کاتێک ئایدۆلۆژیا دەبێتە ئەڵتەڕناتیڤی گێڕانەوە، مێژووش دەمرێت، چونکە چیدی ڕووداوێک نامێنێت بۆ ئەوە بگێڕێتەوە. بەمشێوەیە حەکایەتی سیاسی، یادەوەری دەستەجەمعی کۆمەڵگا ڕێکدەخات. لەکاتی نەبوونی ئەم حەکایەتەدا کردار و گوتاری تاکەکانی کۆمەڵگا، توشی بێ مانایی دەبن. لە دیدی ئارنێتەوە یەکێک لەو مەترسیانەی هەڕەشە لە کلتووری مۆدێرن دەکات، مەترسی فەرامۆشیە. ئارنێت لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی لەنێوان ڕابردوو و ئایندەدا دەنووسێت: ((تراژیدیا ئەو کاتە دەستی پێکرد…کە چیدی زیهنێک بۆ بەمیرات مانەوە، بۆ پرسیارکردن، بۆ بیرکردنەوە و بۆ بیرهێنانەوە نەماوەتەوە)). لەبەرامبەر ئەمجۆرە قەیرانەدا ئارنێت خۆی وەک دوا گێڕەرەوەی سەدەی بیستەم، بانگهێشتمان دەکات گوێ لە گێڕانەوەکەی ئەو بگرین، لەبارەی ژیانی گشتی مرۆڤەکان و جیهانێکی هاوبەش کە مانا بە بیروڕا و کردارەکانمان دەبەخشێت. گێڕانەوە لای ئارنێت جۆرێک بیرکردنەوەیە و بیرکردنەوەش جۆرێکە لە بەرگریکردن. بە دەربڕینێکی دی ئارنێت لەسەروو سەرجەم تراژیدیا مرۆییەکانەوە، دیسان ڕوو لە بیرکردنەوە دەکات، بۆ ئەوەی جارێکی دی (ئەگەری دەرکەوتن بە هەقیقەت) بدات.
سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤
[1] – ۱. روزنامه همشهری، ٥ و ۸ دیماه ۱۳۸۱ (سخنرانی در خانه هنرمندان ایران، دی ۱۳۸۱).
[2] – doxei
[3] – The Human Condition