بۆنی گواڤا؛ گفتوگۆ لەگەڵ گابرێل گارسیا مارکیزدا

ڕانانی: سیامەند هادی

وەک ئاگادارین کۆمەڵێک چاوپێکەوتن لەگەڵ (گابرێل گارسیا مارکیز)دا کراون، کە هەندێک لەو چاوپێکەوتنانە وەک خۆی دەڵێت ئاگای لێ نەبووە، واتا ڕۆژنلامەنووسێک خۆی پرسیاری داناوە و هەر خۆشی لەبری مارکیز وەڵامی داوەوتەوە. ئەگەر ئەو گفتوگۆیانەمان خوێندبێتەوە، بەتەواوی هەست بەوە دەکەین کە لەناو هەموو ئەو گفتوگۆیانەدا (بۆنی گواڤا) یەکێک لە گرنگترین ئەو گفتوگۆیانە کە لەگەڵ مارکیزدا کرابێت، چونکە هەموو ئەو شتانەی گفتوگۆیەکی سەرکەوتوو دەخوڵقێنن، لەو گفتوگۆیەدا ڕەچاو کراون.

دەتوانین پاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە، هەست بەوە بکەین کە بەتەنها وەڵامەکانی مارکیز نەبوونەتە مەرجی سەرەکی سەرکەوتنی گفتوگۆکە، بەڵکو بەشێکی گەورەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکخستن و نووسین و پرسیاری ئەو کەسەی گفتوگۆکەی ئەنجام داوە. (پلینیۆ ئەپولیۆ مێندۆزا) ئەو ڕۆژنامەنووس و نووسەرە کۆڵۆمبییەیە کە گفتوگۆکەی لەگەڵ مارکیزدا کردووە. مێندۆزا ڕۆژنامونووسێکی زۆر بەناوبانگی ئەمەریکای لاتینە و چەند ڕۆمانێکیشی نووسیوە، هاوڕێی تەمەنی مارکیز بووە، هەربۆیە جگە لە توانای خۆی وەک ڕۆژنامەنووسێک، ئاگاداری ڕوانین و بەرهەم و ژیانی تایبەتی مارکیز بووە. لەم گفتوگۆیەدا مێندۆزا دەزانێت بە چ شێوەیەک سەرەتای گفتوگۆ لەسەر بابەتێک دابمەزرێنێت و لە چ کاتێکدا پرسیار بکات.

ئەم کتێبە بەسەر چواردە فەسڵدا دابەش کراوە، کە هەندێک فەسڵ بە نووسینی مێندۆزا و هەندێک فەسڵیش لە ڕێگەی چەند پرسیارێکەوە بەشەکانی گفتوگۆکەیان پێکەوە بەستووەتەوە. فەسڵەکانیش بریتین لە (بنەچە، خێزان، پیشە، پەروەردەی ئەدەبی، خوێندنەوە، کارەکانی، چاوەڕوانی، سەد ساڵ تەنیایی، پاییزی باوکسالار، ئێستا، بیرەوەری، ژن، خورافات و ڕاڕایی، ناوبانگ). کاتێک تەواوی بەشەکان دەخوینیتەوە، کۆمەڵێک زانیاریت لەسەر ژیان و بەرهەم و ڕوانین و تایبەتمەندیی نووسینی مارکیزت بۆ ئاشکرا دەبێت، ئەوەش هونەری گفتوگۆیەکی سەرکەوتووە، کە بتوانێت کۆمەڵێک ئامانج لەناو خۆیدا کۆبکاتەوە. سەرەڕای ئەوەی جیاکردنەوەی ئەو بەشانە چێژێکی تایبەتی بۆ خوێنەر فەراهەم کردووە، چونکە لە هەر بەشێکدا خوێنەر بەکۆکراوەیی و پوختی زانیاری تەواو لەسەر بابەتێکی دیاریکراو وەردەگرێت.

بایەخی ئەم گفتوگۆیە بەتەنها ئەوە نییە کە گفتوگۆیەکی درێژە و لە کتێبێکدا چاپ کراوە، بەڵکو ئەو بایەخە لە چۆنێتی پرسیارکردن و بەڕێوەچوونی کەشی گفتوگۆکە و وەڵامەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. هەربۆیە دوای تەواوکردنی کتێبەکە، خوێنەر وا هەست دەکات کە چەند چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مارکیزدا خوێندووەتەوە. بە کورتی دەتوانین سەرکەوتنی ئەم گفتوگۆیە بۆ چەند لایەنێک بگەڕێنینەوە. یەکێک لەو لایەنانە ئەو کەسەیە کە گفتوگۆکەی لەگەڵدا دەکرێت، کە ئەویش مارکیزە. نووسەرێکی ساحیر و بیرتیژ و بەسەلیقە و بەئەزموون، کە توانوێتی بە باشترین شێوە سوود لە تەواوی ئەو شتانە وەربگرێت کە لە دەوروبەری بوون. ئەو دەیزانی کە چۆن جادوو لە خوێنەر بکات، کچێک لەگەڵ متیلەکاندا دەفڕێت بۆ ئاسمان، دیکتاتۆرێک دەریا دەفرۆشێت و ئەوانەی دەیکڕن دەریاکە وەک قاڵب پارچەپارچە دەکەن و بە هەموو شتەکانی ناوییەوە دەیبەن، کچێک پاش چەندین ساڵ لە مردنی کاتێک تەرمەکەی دەردەهێنن پرچی چەندین مەتر درێژ بووە، کەسێک دوای چەند ساڵیک لە مردنی ڕۆحەکەی دەگەڕێتەوە و قسە لەگەڵ کەسانی زیندوو دەکات، مناڵێک لەدایک دەبێت کە کلکی بەرازی پێوەیە. ئەوانەی و چەندین ڕووداوی لەو شێوەیە لە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەدا دەبینین، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگەیە ئەوەیە کە ئەم نووسەرە لە خستنەڕووی ئەو شتانەدا بەتەواوی بڕوامان پێ دەهێنێت کە هەموو ئەوانەی ئەو دەیڵێت ڕاستییە. هەربۆیە خوێندنەوەی گفتوگۆی ئەم نووسەرە چێژێکی تایبەتی هەیە و خوێنەر بە عەشقەوە دوای ئەزموونی نووسەرێکی لەم شێوەیە دەکەوێت.

لایەنێکی دیکەی گرنگیی ئەم کتێبە لەوەدایە کە پرسیاری زۆر ورد و بە ئامانج لەم گفتوگۆیەدا خراونەتەڕوو، بەو مانایەی ئەم کتێبە گفتوگۆ نییە لەپێناوی گفتوگۆدا، بەڵکو مەبەستی گفتوگۆکە بەدواداچوونی ژیان و ڕوانینی نووسەرێکە، بۆ ئەوەی هێڵی کارکردن و ئەزموونی ئەو نووسەرە بۆ خوێنەر ئاشکرا بکرێت. هەربۆیە خوێنەر دەتوانێت دوای خوێندنەوەی ئەم گفتوگۆیە، ئەوەی لەلا ئاشکرا ببێت کە چۆن نووسەرێکی وەک مارکیز توانیوێتی سوود لە ژیانی تایبەتی خۆی و کەسانەی دەوروبەر و کولتووری میللەتەکەی وەربگرێت و لە بەرهەمەکانیدا بەشێوەیەکی هونەریی کاریان لەسەر بکات. کە چۆن کاتێک بیرۆکەی ڕۆمانێکی لەلا گەڵاڵە بووە، ئارامی گرتووە و پەلەی نەکردووە لە نووسینیدا، بەڵکو بۆ ماوەی چەند ساڵێک بیری لەوە کردووەتەوە کە بە چ شێوەیەک ئەو دەقە بنووسێت.

بەشێوەیەکی گشتی خوێندنەوەی گفتوگۆ چێژێکی تایبەتی هەیە بۆ خوێنەر، بەتایبەتی ئەگەر ئەو گفتوگۆیە وەک ئەم کتێبە گفتوگۆکردن بێت لەگەڵ نووسەرێکی گەورەی وەک مارکیزدا و لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکی بەسەلیقەی وەک مێندۆزاشەوە ئەنجام درابێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، خۆشبەخاتانە ئەم کتێبە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا و بە سەلیقە (ڕەووف بێگەرد)ەوە کراوە بە کوردی، هەربۆیە پێویستە خوێنەران هەوڵ بدەن خۆیان لە چێژ و زانیاری و ئەزموونی ئەو نووسەرە بێبەش نەکەن و ئەم کتێبە بخوێننەوە.

* بۆنی گواڤا.. گفتوگۆ لەگەڵ گابرێل گارسیا مارکیزدا، وەرگێڕانی: ڕەووف بێگەرد، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠٢٢.

* گۆڤاری (گەلاوێژی نوێ) ژمارە (٦٩- ٧٠)- ٢٠٢٢.