هەموو کاتێک دەستی ژنێک پەیدا دەبێت

شیعری یڤگێنی یفتۆشینکۆ

و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

 

 

هەموو کاتێک دەستی ژنێک پەیدا دەبێت،

فێنک ونیان،

بە بەزەیی و بڕێک خۆشەویستیشەوە،

وەک برایەکی خۆی، ئارامییت پێ ببەخشێت.

هەموو کاتێک شانی ژنێک پەیدا دەبێت،

هەناسەی گەرمی خۆتی تیا حەشاردەیت و

سەری پڕنەهامەتیتی لەسەر دانێیت و

خەونە سەرکەشەکانتی لا بە بادەیت.

هەموو کاتێک جووتێ چاوی ژنانە پەیدا دەبێت،

بەدەم هەڵمژینی هەموو ئازارەکانتەوە،

یان هیچ نەبێت بەشێکیانەوە،

مەینەتییەکانی سەرشانت بڕەوێننەوە،

بەڵام دەستێکی ژنانەی وا هەیە

شیرینییەکی تایبەتی تیایە،

کاتێک وەک ئەبەدییەت، وەک چارەنووس

بەر تەوێڵی ئازارچەشتەت دەکەوێ

بەڵام شانێکی ژنانەی وا هەیە

کەس نازانێ لە بەر کام هۆ

نەک بۆ شەوێ،

بۆ هەمیشە هی تۆیە و

ئەوڕاستییەش دەمێکە لات ئاشکرایە

بەڵام جووتێک چاوی ژنانەی واهەیە

هەردەم بە خەمبارییەوە لێت دەڕوانن

ئەو چاوانەش تا دواڕۆژەکانی ژیانت

سۆمای خۆشەویستی و ویژدانت دەبن

کەچی تۆش لامسەرلایی ژیانی خۆت ژیاویت،

ئەو دەستە و

ئەو شانە و

ئەو جووتە چاوانە،

بەس نەبوون بەلاتەوە و پڕیان نەکردۆتەوە چاوت

ئای چەند ناپاکییت لێ کردوون بە درێژایی ژیانت!

ئیتر لەپڕێکدا ساتی سزاوەرگرتنەوەت دێت

” ناپاک!”  باران لەڕووت دەدات و هاوار دەکات

”ناپاک!” چڵ و پۆپی دارستان لە ڕوخسارت دەدەن

”ناپاک!” زایەڵەی ناو دارستان گوێت پڕ دەکات

تۆش ئۆقرەت نامێنێت، ئازاردەچێژیت و خەم داتدەگرێت

ناتوانیت لە هیچ کام لەو ڕەفتارانەی خۆت خۆشبیت.

ئەوسا ،

تەنیا ئەو دەستە بێ گەردە،

هەرچەند سەخت و پڕ ئازاریش بێت،

لێت دەبوورێت،

تەنیا ئەو شانە ماندووە،

ئێستا و بگرە دواتریش، دەتبەخشێت،

تەنیا ئەو چاوە پڕ لە خەمانە،

توانای بەخشینی ئەوەیان هەیە،

کە بەخشینی ئەستەمە.