دەوری ڕۆشنبیر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا
ڕامین جهانبگلو
لە فارسییەوە: ڕێبین هەردی
ئێمە لە دنیای ئەمڕۆ و بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕووبەڕووی سەردەمێکی سەخت و ئاڵۆز بوینەتەوە، و بێگومان ڕۆشنبیران دەتوانن دەوروێکی گرنگیان لە کامڵکردنی ئایندەی ئەم ناوچەیەدا هەبێت. یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەگەڕێتەوە بۆ بێ توانایی ڕۆشنبیرانی ئەم ناوچەیەی جیهان، لە کێشانی وێینایەکی گونجاو بۆ ئەوەی هەیە. ئایا دەبێت ڕۆشنبیرانی ئەم ناوچەیە لە جیهان تەنیا بە پسپۆرانێک بزانین کە چالاکی لە فەزای تەکنۆ فلیک و سەنتەریزم بازاڕیدا دەکەن، و چالاکیەکانیان تەنیا بە گۆڕانی هەلومەرجی سیاسی و ئابوری گۆڕانی بەسەردا دێت؟ یان دەبێت وەک کۆمەڵێک سۆبژێکتی سەربەخۆ تەماشایان بکەین کە هۆگری هەقیقەتن و بە ژیان لەناو هەقیقەت و خەبات لە پێناوی هەقیقەت لەبەرامبەر درۆدا، بیرکردنەوە و بۆچونەکانی خۆیان بۆ گفتوگۆکانی فەزای گشتی زیاد دەکەن؟.
بە بڕوای من ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی ئەم مەسەلەیە ببنەوە و ئەو ئەنجامانەی بۆ ئاشتی و ئاسایش پێویستن، بەدەست بێنن. بیناکردنی ئەمجۆرە ئاشتی و ئاسایشە تەنیا لەڕێگەی بوونی وەرزێکی تازەی ڕۆشنبیرانەوە مومکینە، کە پرسیاری بنەڕەتی و سەرەکی بوروژێنن و شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە هەلومەرجی ناوچەکە بەدەستەوە بدەن، نەک ئامادەبوونی ڕۆشنبیرانێک کە سەرجەم خەمی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی ئایدۆلۆژی بەکار دێنن، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش خەڵک بۆ توندوتیژی بانگهێشت دەکەن.
ماوەیەکی زۆر فەزای ڕۆشنبیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئامادەبوونی رۆشنبیرانێکەوە کە خۆیان جێگیر کردبوو، و خۆیان بە پێوەر و خەسڵەتە وشکەکانی ئایدۆلۆژیەکانی وەک مارکسیزم-لینینزم سپاردبوو، زیانی بەرکەووتووە. لە ئەنجامدا ئەم ڕۆشنبیرانە لەگەڵ ئەوەشدا کە سەرقاڵی هەلومەرجی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوون، بەڵام خیانەتیان لە پێگە و جێگەی ئەنتۆلۆجی خۆیان کرد، و بەگشتی تەفسیرێکیان بۆ واقعە سیاسیەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش دەکرد کە لەگەڵ ئامانجە ئایدۆلۆژیەکانیاندا یەکی دەگرتەوە. رۆشنبیران بە بوون بە نوێنەری نەوەیەکی هەڵخەڵەتێنراو کە ئارەزووی گۆڕانکاریان هەبوو، هاوکاری بڵاوبوونەوەی پەیامی ئایدۆلۆژیان (بەهەر شێوەیەکی بووە) لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە. بە دەربڕینێکی دی حیزبە سیاسیەکان سوودیان لە ڕۆشنبیران بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی ڕێکخراوەیی و باڵادەستی سیاسی خۆیان وەردەگرت. لەڕاستیدا ئەو کاتەی ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هاوکار و هاوڕێی دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان نەبوون، بەو باوەڕە دەگەیشتن کە دەتوانن جیهان وەک هەمەکیەک تێبگەن و بەکردەیەکی شۆڕشگێڕانە و ئایدۆلۆژیانە بیگۆڕن. ڕۆشنبیران گۆڕان بۆ کۆمەڵێک گەمەکەری کۆمەڵایەتی پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی کە باوەڕی بەهەمەکی هەیە، ئەو شتەی بۆ نەوە جیاوازەکانی ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵات گرنگی هەبوو، بەدەستهێنانی ڕاهێنانی بەرپرسیارێتی نەبوو، بەڵکو جۆرێک تەکنەلۆژیای دەسەڵات بوو. خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ماوەیەکی زۆر بەدوای سیمایەکی ڕزگارکەردا دەگەڕا بۆ چارەسەری پرسەکانی، و هیچ کاتێک بەدوای سیستەمێکی ئەخلاقی و ئەرکە سەرەکیەکانیەوە نەبووە. کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژایی چەندان دەیە خاوەن فەزایەکی بەد و گەندەڵ بوون.
ئەو گۆڕانکاریە مێژوویانەی لە ساڵەکانی کۆتای جەنگی جیهانی دووهەمەوە تا هەنوکە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویداوە، لەژێر کاریگەری شێوە جیاوازەکانی دۆگماتیزمی فکریدا بووە. ڕابەڕانی تەکنۆکراتیک و سەربازیانەی دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جۆرێک کلتوری لۆکاڵی دواکەوتوو، بەکارهێنانی توندوتیژیەکی دڕندەئاسایان پەیڕەو کردووە. ڕۆشنبیران لە دەیەکانی ڕابردوودا لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا لەبری ئەوەی وەک ڕەخنەگرانی سەربەخۆ لە دەسەڵات و ئالانگاری بانگەشەکانی ڕابەران کاربکەن، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش گۆڕان بۆ بکەری تەسلیمبوو بە دەوڵەت و بەرژەوەندیە گروپی و حیزبیەکان. ئەم پاشەکشێیەی ڕۆشنبیران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بیری فیلمی پارێزگارانەی دروستکراوی برتۆلۆچیم دەخاتەوە، و بۆ ماوەیەکی زۆر نەمتوانی ئەم وێنەیە لە بیرم دەرکەم. ئەم فیلمە بەشێوەیەکی پێکەوەگرێدراو واقعیەتی شتێکی پیشان دەدایەوە کە لە ڕووداندا بوو،. ج شتێک منی بەشێوەیەکی هیپنۆتیزمی بۆ ئەم فلیمە ڕاکێشا؟ ئەو تراژیدیایەی ڕوویدەدا چی بوو؟ درامای پاڵەوانی ئەم فیلمە چی بوو؟ فیلمی پارێزگاریکار بۆ من نموونەی ناوەڕۆکی چیرۆکی ((رۆشنبیر و دەسەڵاتە))ە. ڕۆشنبیر لە ئەنجامی گوشاری هەلومەرج دەکەوێتە سازشکردن لەگەڵ دەسەڵاتدا و دەبێت بە کارەکتەرێکی پارێزگاریکار. ئەم دۆخە بۆ ڕۆشنبیر تراژیدیە. چونکە ڕۆشنبیر قوربانی دەکرێت، بۆ ئەوەی دەسەڵات باڵادەست بێت و سەرکەوێت. لە لایەکەوە رۆشنبیر ناتوانێت خۆی لە دەسەڵات لابدات، بەڵام لەلایەکی دیەوە ناتوانێت وەک دەسەڵاتداران چاوەڕێی دەکەن، خۆی بەدەستەوە بدات. بەبڕوای من مەسەلەکە لێرەدا دەگۆڕێت بۆ ململانێی بیرکردنەوە و دەسەڵات. بەپێچەوانەی وێنای باڵادەستەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەسەڵات هەمیشە بەناوی کەسێکی تایبەتەوە خۆی دەرناخات. دەسەڵات دەتوانێت لەڕێگەی جەماوەر و باوەڕەکانیانەوە خۆی دەربخات. لەبەرئەوە لەڕاستیدا دەبێت ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ژیان، خۆیان لە پەیوەستبوون بە ستەمکاری سەلیقەی جەماوەرەوە بە دوور بگرن. زۆرکات ڕۆشنبیران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆیان بە جەماوەرەوە گرێدەدەن، بەڵام دەشێت ئەم جەماوەرە تووشی هەڵە بن، وەک چۆن لە زوربەی کاتەکاندا وایە.
چالاکی ڕۆشنبیری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا ماهیەتێکی سیاسی نیە، بەڵکو خەباتێکی بەردەوامە لەبەرامبەر شتێکدا کە میشیل دوسترۆ ناوی ناوە ((بڕوای سەپێنراو)). ڕۆشنبیرێک کە لە فەزای گشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا چالاکە، دەبێت وەک ڕەخنەگر و دەرخەری ئەم (بڕوا سەپێنراوە) کار بکات و ناوەڕۆکێکی تازە بە گووتاری فەزای گشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ببەخشێت. ئەم ئارەزووە بۆ گفتوگۆی ڕەخنەگرانە، لەبری چالاکی ئایدۆلۆژی، لەوەدا دەردەکەوێت کە ئیدوارد سەعید ناوی دەنێت ((گووتنی ڕاستی لەبەردەم دەسەڵاتدا)). دەبێت ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەیشتن بەم مەبەستە، هەڵوێستی خۆیان لەدەرەوەی جەماوەرەکان پێناس بکەن و بەشێوەیەکی تەواو بنەڕەتیانە، چەمکی ((فەزای گشتی)) بخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەم ڕۆشنبیرانە تەنیا لەکاتێکدا دەتوانن هەنگاو بەرەو ئەمە بنێن، کە سەربەخۆی خۆیان بپارێزن و لەڕووبەڕووبونەوەی گەمەکەرانی سەرەکی کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەک دەوڵەت و دەسەڵاتە حیزبیەکان کە بانگەشەی ئەوە دەکەن مافی پاوانکردنی ئەخلاقی گشتی و فەزای گشتیان هەیە، پابەند و وەفادار بمێننەوە بۆ بە بنەما و باوەرەکانی خۆیان. لەبەرئەوە ڕۆشنبیران بەیەک وشە دەبێت ستانداردی ئەخلاقی تازە بۆ دەربڕین و گفتوگۆی گشتی لە فەزای گشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا درووست بکەن.
ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەرکاتێک بیانەوێت ئەمجۆرە ستانداردانە درووست بکەن، دەکەونە ئالانگاری لەگەڵ نەریتە کلتووریە لۆکاڵیەکان کە خۆیان بەشێکن لێی. لەسەر ململانێی نێوان نەریت و مۆدێرنە دنیایەک ململانێ و دید هەیە کە دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزبوونی گفتوگۆ ڕۆشنبیریەکان لە فەزای گشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. بێگومان ئەم دۆخە هاوکاتی لێکئاڵانی بیروڕا خۆرهەڵاتی و ڕۆژئاواییەکان دەبێت، دەکرێت بونیادە مێژوویەکانی شارستانێتی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بدۆزرێتەوە. لەسەر ئەم بناغەیە سروشتیە کە ڕۆشنبیرانی ئەم ناوچەیەی جیهان هەوڵبدەن بناغەکانی بیرکردنەوەی خۆیان لەسەر بناغەی کلتووری نەتەوەیی بونیاد بنێن. بەڵام سروشتی تر لەمە ئەوەیە بیرکردنەوەی ئەم ڕۆشنبیرانە لەڕێی زیاد لە کلتورێکەوە دەوڵەمەند بکرێت. ئەمجۆرە کلتوورە ڕۆشنبیریە خەریکە لەبەرچاوماندا درووست دەبێت، و بەشێوەیەکی سەرکەوتوو لەناو نەوەی تازەی ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبۆتەوە و گەشە دەکات. بێگومان کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی کێشەی سەیر و ئەستەم بوونەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو هەڵبژاردنانەی لەبەردەستیاندایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە زۆر کەمە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەم هەڵبژاردنانە بەهۆی کەسانێکەوە تاوتوێ و ڕێک بخرێت، کە تێگەیشتنێکی درووستیان بۆ مانای بیری ڕەخنەگرانە و هەلومەرجەکانی بوونی هەیە، بۆ ئەوەی ڕۆشنبیران بتوانن لەم ڕێگەیەوە هەم لە بواری کاری خۆیاندا بەسەربەخۆ بمێننەوە، و هەم بەپێی هەلومەرج هاوکاری ڕێکخستنەوەی سیاسەتێکی تازە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکەن. بەهاو بایەخی کارێکی وا تەنیا پەیوەندی بە بەشداریکردن لە هونەری ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگادا نیە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆزینەوەیەش کە ئەم هونەرە خۆی کەموکوڕی جدی هەیە. ئەم میکانیزمە ڕەخنەگرانەیە وەک دیدێکی فەلسەفی بۆ پێکهاتەی سیاسی، لەبەرامبەر پێکهاتەی ئایدۆلۆژی و هەروەها لەبەرامبەر گوتاری ناڕەخنەگرانەی سیاسەتە حیزبیەکاندا درووست دەبێت. دەکرێت ئەم سیاسەتە ڕۆشنگەرە وەک سیاسەتی گومانکارانە لەبارە و لەبەرامبەر دیدە ئایدۆلۆژی و نافەلسەفیەکاندا تەفسیر بکرێت. بە دەربڕینێکی دی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆشنبیری ڕەخنەگر خاوەن هوشیاریەکی تاکەکەسیە کە عەقڵی سیاسی دەخاتە ژێر پرسایرەوە، ئەم قسەیە بەو مانایەیە کە ڕۆشنبیر بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کارکردن بە ڕەخنەگرتن دەبێت بەردەوام ئەخلاق و جوانناسی پێشتر لە سیاسەت دابنێت، ئەم دۆخە هێشتا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا نەهاتۆتە دی. بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و هەستی جوانی هێشتا وەک پێش سیاسەت دەخرێتە روو. ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانن لە گرنگی ئەنتۆلۆجیانای چەمکی بەرپرسیارێتی تێبگەن. ئەوان هێشتا ئاگایان لەوە نیە کە تەنیا جەمسەری سەرەکی کردەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەرپرسیارێتی ئەخلاقیە. بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر شتێکدا کە لەسەرو خێزان، کارو نیشتیمانەوەیە. ئەم بەرپرسیارێتیە لەبەرامبەر ڕەوتی مێژوودایە، واتە جێگەیەک کە سەرجەم کارەکانمان بەشێوەیەکی فەرامۆشنەکراو تۆمار دەکرێن. جێگەیەک کە ئەم کارانە وەک پێویست هەڵدەسەنگێنرێن. لەو شوێنەدا کە ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بتوانن ڕووداوەکان لە ڕوانگەی مێژووی خۆیانەوە ببینن، دەکرێت باسی نیشانەکانی مرۆڤ دۆستی بهێنرێتە ئاراوە، کە لە داننان بەو ئازار و ڕەنجانەدا کورت دەبێتەوە کە بەسەر قوربانیانی ئەم بەشەی جیهاندا سەپێنراوە.
لێرەوەو لەبەرئەوەی ڕۆشنبیران بەرپرسن بەرامبەر بە قوربانیان و ئەو گروپەی خەڵک کە ناتوانن دەنگی خۆیان بە گوێی کەس بگەیەنن، دەبێت بەدوای دروستکردنی بەهاو ستانداردی هەمەکیەوە بن بۆ فۆرمەلەکردنی سیاسەتێکی مرۆڤدۆۆستانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم قسەیە بەو مانایەیە کە تێگەیشتنی ئێمە بۆ چالاکی سیاسی ڕۆشنبیران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەو پرسیارەوە گرێدراوە کە چ شتێک دژی درۆ و ناڕاستیە؟ و چۆن دەستیشمان بەوە دەگات کە دژی ناڕاستی و درۆیە؟. بێگومان ئەگەر ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەوی لەو دروشمانە بکەن کە مژدەی ێۆتۆپیایەکی نزیک دەدات، ناتوانن لەناو ئەم هەقیقەتەدا و بۆ ئەم هەقیقەتە بژین و خەبات بکەن. لەبەرئەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێویستمان پێیەتی، دروشم نیە، بەڵکو قوڵبونەوەی فەلسەفی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە کە بتوانێت هوشیاری ڕەخنەگرانەمان بەرەو جۆرێک پرۆژەی ڕۆشنگەری پاڵ پێوە نێت، نەک تێڕوانینێک کە ببێتە هۆی بە دوژمنکردنی ئەوی دی تر.
بە دوژمن دانانی ئەوی دی، بڕوابوونە بەو بیرۆکەیەی تاکەکان، کلتوورەکان و نەتەوەکان بوونی جیا لەیەکن و هەر کلتوورێک بەرامبەر بەو تاکانەی پەیوەست نین پێوەی، سیستەمێکی داخراوە. ئەمە بۆچونێکی ڕاست نیە و دەبێت رۆشنبیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕەخنەی بکەن. ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەریەکێک لە ئێمە تاکەکەسێکی چەند کلتووری و تێکەڵەیەکی مێژووین لە چەندان دیدی جیاواز. لێرەوە شوناسێکی بەتەواوی تورکی یان عەرەبی یان ئێرانی بوونی نیە. هەموو شوناسەکان بەرهەمی پێکەوە ژیان و تێکەڵی کلتوورەکانین. لەبەرئەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئیسلامی نیە، بەڵکو یەهودی و مەسیحیشە، عەرەبی نیە، بەڵکو تورکەکان و ئێرانیەکانیش بەشداری گرنگیان تیایدا هەیە. جیاکاری و دابەشکاری یەکێک لە دەرئەنجامە تاڵەکانی میراتەکانی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزمە لە ناوچەکە و جیهاندا. ئەگەر ئێمە نەتوانین باسی ((ئێمە)) بکەین، ئەوا چیدی شتێک نامێنێتەوە بەناوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئاشتیخوازەوە. بەدیهاتنی ئامانجەکانمان نەک تەنیا بەستراوە بە تێگێشتنی ئەو ڕاستیەی کە چەند پێویستمان بە یەکدیە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو واقعیەتەی کە تاچ ڕادەیەک جیهان پێویستی بە ((ئێمە)) وەک هاوڵاتیانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. ئەمە بەرپرسیارێتی هاوبەشی هەموو عەرەبەکان، ئێرانیەکان، تورکەکان و یەهودیەکانە کە بۆ نەتەوەکانی دی بسەلمێنن ئەم وێنایە ڕاستە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەستدەکەم خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕای گفتگۆ و ئاڵوگۆری دۆستانەی بیروڕاکان، گوێ لەیەکدی ناگرن. ئەوان یان لە دۆخی کۆیلەیەتیدان یان لە دۆخی لوتبەرزی نەتەوەیی و خۆ بەزلزانیدان. بە ئاشکرا دەبێت ئەوە خاڵە دیاریبکەین کە هەردوو ئەم حاڵەتە ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر وەڵامدەرەوەی قەیرانەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بن. کۆمەڵێک کڵێشە و تێزی کۆرتهێن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا باڵادەستن، کە بەگشتی پیربوون و توشی داڕزانی مانایی بوون. ڕێک ئەمە ئەو شوێنەیە کە ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن وەک ڕۆشنگەرانی ڕەخنەگر و قەیران سازی فەلسەفی بێنە مەیدانەوە. لێرەدا دەوری ڕۆشنبیران ئاشکراکردنی درۆ و ناڕاستیەکان و خەباتکردنەوە بۆ هەقیقەت. هەقیقەتێک کە بە پێچەوانەی وێنای سۆفیستەکانی پۆستمۆدێرنەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا قاڵبێکی رەها نیە، بەڵکو ئاسۆیەکی بێسنوورە کە بەردەوام لەدیدە ئایدۆلۆژی و ڕەهاگەرەکانەوە دوورە. پرسیارکردنی فەلسەفی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هاوکاتە لەگەڵ پرسیارکردن لەبارەی شوناس و ئەوی دیەوە. ئەوەی ئێمە چۆن بیر لە خۆمان و ئەوانی دی دەکەینەوە، پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بەو پرسیارەوە هەیە کە تاچ ئەندازەیەک درۆ لەگەڵ خۆمان و ئەوی دی دەکەین. تا چ ئەندازەیەک ئەوەی لەبارەی خۆمانەوە دەیزانین هەقیقەتە و تا چ ئەندازەیەک هەقیقەتی ئەوی دی دەناسین؟.
ئەم پرسیارکردنانە نەک تەنیا ئەرکی ڕۆشنبیرانە، بەڵکو بەرپرسیارێتی هەموو هاوڵاتیانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە. لەگەڵ ئەمەشدا هەندێکجار دەبێت ڕۆشنبیران زیاتر لە هاوڵاتیان سەروکاریان لەگەڵ دید و چەمکە فکری و فەلسەفیەکاندا هەبێت، و بەرگری لە کۆمەڵێک چەمک بکەن لەسەرو بەرژەوەندیە شەخسی و تایبەتیەکانەوە. ئەرکی ڕۆشنبیرانی ئەمڕۆی خۆرهەلاتی ناوەڕاست دەربڕین و بەرگریکردنە لە بیرکردنەوە. بەرگریکردن لە بیرکردنەوە لە بواری گشتیدا و خەبات بۆ گەڕان بەدوای هەقیقەتدا کە تەنیا لەڕێگەی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و ئازایەتی بیرکردنەوەوە مومکینە. ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە درۆشمە کانتیەکەی sapere aude (( ئازایەتی ئەوەت تیا بێت بیر بکەیتەوە)) وەک دروشمی ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بخرێتە ڕوو.
سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤