خۆزگە ڕاستییەکان هێندە تاڵ نەدەبوون
ڕانانی: سەردەم
لە ڕاستیدا ئەو گۆڕانکارییە خێرا و چاوەڕواننەکراوانەی لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس و لەسێدارەدانی سەدام حسێن و دار و دەستەکەی هاتنە نێو ژیان و کۆمەڵگەی عیراق و کوردستانەوە، دەرگایەکی بە ڕووی هاتنەئارای گەلێ ڕۆژنامە و گۆڤار و میدیای جیاجیا کردەوە، لەو نێوندەدا گەلێ نووسەر بە وتار و بابەتەکانیان کەوتە شرۆڤەی ڕووداو و پێشهاتەکان، هەندێک لەو وتارانە بۆ ساتەوەختێکی دیاریکراو بوون، هێز و وزەی ئەوەیان نەبوو بگەنە ڕۆژگاری ئەمڕۆ، بەڵام تیاشیاندا بوو هێند بە وردی و بەرمەبنای مەعریفە و ڕۆشنبیری و هزرێکی هێند فرە ڕەهەند و هەمەلایەنەوە دەیاننووسی، کە ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێین نەک بۆ ئێستای کۆمەڵگە، بەڵکو بۆ داهاتوویەکی دوورتریش بەشی ئەوە ڕۆشناییان پێیە کە وەڵام بە هەندێک پرس و ترس و دڵەڕاوکەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونیی تاکی کورد بدەنەوە، بێگومان ئەم کتێبە (خۆزگە ڕاستییەکان هێندە تاڵ نەدەبوون) کە لە لایەن خاتوو (سروە نوری ئەزیز)ەوە نووسراوە، یەکێک لەو نموونە باشانەی کە دەکرێت بڵێین وتارەکانی نێو کتێبەکە، وێڕای مێژووی نووسینیان لەسەر ڕووداو و پێشهات و کێشە نێوخۆیی و ئیقلمییەکان، هێشتا وزەی ئەوەیان تێدایە بەرچاوڕوونیەک بن بۆ خوێنەر و هاوکات بەڵگەیەکی مۆرکراو بن بۆ ئەوەی نەوەی ئێستا و داهاتوو بزانن لە ڕۆژگاری دوای ڕووخاندنی بەعسدا چی گوزەراوە؟ ڕووداو و ئاریشەکان چی بوون؟ بنەما و ئایدیای ئەو هێزانە چی بوون کە هاتنە نێو گۆڕەپانی پڕ لە فەوزا و جەنجاڵی سیاسی عیراقەوە، توندوتیژییەکان و جیاوازییە تایفی و نەتەوەیی و خێڵەکی و مەزهەبییەکان لە چ ئاستێکدا بوون و گەیشتن بە کوێ؟
بە کورتی دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە کۆکراوەی ئەو وتارانەن کە زۆرینەیان لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری عێراقدا، واتە ساڵی ٢٠٠٣ نووسراون، ئەو کاتەی کە تۆوی خۆزگەو هیواو ئاواتەکان بۆ کۆمەلگەیەکی دیموکراسی چینرابوو، لە چاوەڕوانیی دەرکەوتنی خونچە و گوڵەگەکاندا، هەنگاومان بۆ پێشەوە دەنا، هەروەک نووسەر خۆی ئاماژەی پێ داوە وتارەکان لە کاتی خۆیدا لە ڕۆژنامەکانی باشووری کوردستان بڵاوکراونەتەوە.
بە گشتی بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبی (خۆزگە ڕاستییەکان هێندە تاڵ نەدەبوون) پێکهاتوون لە (کاتێک مێژوو دووبارە دەبێتەوە، کوردە فەیلییەکان و جوولەکەکانی ئەوروپا، گپتەپە لە ئەنفالی چواردا بوو، ڕاستییە تاڵەکان، چەند یادەوەرییەک و سوپای دەوڵەتی عێراق، پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی ڕواندا، ڕۆژی کوردستان لە شەوەزەنگی ڕۆژهەڵات، تاوانبارانی جەنگ لە کوێن؟ فیدراڵی کەمترین مافە بۆ کود لەمڕۆدا، ئایا زمانی کوردیش زمانی فەرمییە؟) و چەندین ناونیشانی دیکە.
بە بۆچوونی نووسەر دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق و نەمانی بەعس، هەرێمی کوردستان دەکرا ببێت بە هەرێمێکی بەرهەمهێنەر و ئاوەدان، نەک کۆمەڵگەیەکی تەنها بەکاربەر و ببێتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵای وڵاتانی دراوسێ و ئابووریەکەشی پابەندی سیاسەتی تورکیا و ئێران بێت، ئەوانیش بە ویستی خۆیان کەی بیانەوێت قەیرانی ئابوری لەسەر ئەم هەرێمە دروست بکەن: لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانەوە، گوند و شار و شارۆچکەی کوردستان بە عەرەب دەکرێن، سنووری جوگرافیای باشووری کوردستان بە بەردەوام تەسکتر دەبێتەوە، ئەو ناوچانەشی کە ڕژێمی سەدام حسێن فریای بە عەرەبکردنی نەکەوت، لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمەوە لەساڵی ٢٠٠٣ دا، بەهۆکاری هەڵەی سیاسەتی حکومەتی کوردستانەوە زۆر بە ئاسانی بە عەرەب دەکرێن.
لە یەکێک لە وتارەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە نێوی (کاتێک مێژوو دووبارە دەبێتەوە کە هیچی لێوە فێر نەبووین) خاتوو (سروە نووری) باس لەوە دەکات کە ڕووداوەکان و دەنگ و باسەکان دوای ساڵی ٢٠٠٣ی عێراق و کوردستان دەمانباتەوە بۆ ڕووداوە تاڵەکانی نێو مێژووی خوێناوی نەتەوەکەمان و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات دەنگدان لەسەر یاسای ٢٤ی پارێزگاکان، لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کەرکوک و خانەقین و چەندین ناوچەی دیکەی کوردستان، بە بەردەوامی بە عەرەبکردنی ناوچە دابڕێنراوەکان و گەیشتنە ئەنجامێکی پۆزەتیڤ لەسەر زۆر پرسی گرنگ و سەرەکی لەگەڵ حکومەتی بەغداد، گومان لە نیەت و مەبەستی دەسەڵاتدارانی بەغدا دروست دەکات.
جینۆسایدی گەلی کورد و گەلی تونسی، یەکێکی دیکەیە لە وتارە باش و بەپێزەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە، نووسەر لەو وتارەدا پێی وایە ئەگەر مێژووی باشووری کوردستان بکرێت بە چەند قۆناغێک لەکاتی دروستکردنی دەوڵەتی عێراقەوە ساڵی ١٩٢٣، دەکرێت بوترێت ساڵانی ١٩٧٥ تا ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کورد لە ساڵی ١٩٩١ بە تاریکیرین سەردەم لە مێژووی شەوەزەنگی ئەو حەفتا ساڵەی چەوساندنەوە و لەناوبردنی گەلی کورددا دادەنرێت: ئەو ساڵانەی ڕژێمی بەغدا، سیاسەتی ئەنفالی نەتەوەی کورد و وێرانکردنی کوردستانی کردبووە بەرنامەی یەکەمی دەسەڵاتەکەی، دەوڵەتی عێراق کۆمەڵگەیەک نەبوو لە پشێوی و ناسەقامگیریدا بێت، بەڵکو هەموو کارێکی دەوڵەتی بەعس بە پلان و بەرنامە بەڕێوەدەچوو، عێراق کۆمەڵگەیەکی هەرەمی بوو، هەموو فەرمانێک لە سەرەوە بەبێ هەڵوێست وەرگرتن جێبەجێ دەکرا، هەر بۆیە لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا کوشتنی زیاتر لە دوو سەد هەزار کورد، بووە ڕاستییەکی تاڵ و زامێک کە هەرگیز ساڕێژ نەبوو.
لە یەکێکی دیکە لە وتارەکانی نێو دووتوێی کتێبی (خۆزگە ڕاستییەکان هێندە تاڵ نەدەبوون) بە نێوی (پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی ڕواندا، ئەفریقای باشوور و کوردستان) نووسەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا، نەتەوەی کورد لە لایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم دەوڵەتە چەوسێنراوەتەوە و خاکی وێران کراوەوە و ڕۆڵەکانی ڕاپێچی زیندان کراون، کەم نەتەوە هەیە لە جیهاندا هێندەی نەتەوەی کورد مێژووەکەی خوێناوی بێت، نووسەر هەر لەم وتارەدا پێشی وایە کە زۆر ئاساییە کە خەڵکی کوردستان هەمیشە بە گومانەوە لە بڕیارەکانی بەغدا بڕوانن، چونکە خاوەنی ئەو مێژووە تاڵەیە: کاتی ئەوە هاتووە پەرلەمانی عێراق یاسایەک بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و پرۆسەی ئاشتەوای دەربکات، ئەرکی ئەم کارە دەکەوێتە سەرشانی نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، حکومەتی عێراق دەبێت کار بۆ دروستبوونی کۆمیسیۆنێکی ئاشتەوایی بکات و هەموو بوارێک بڕەخسێنێت کە ئەم کۆمیسۆنە بە سەربەستی کار بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و ئاشکراکردنی تاوانباران بکەن، ئەم ڕاستییە چەند تاڵ و سەخت بێت، دەبێت ئەمڕۆ کاری بۆ بکرێت، نەک لە دواڕۆژدا ببێت بە کێشەیەک بۆ نەوەی داهاتوو.
وەک ئەوی لەم وتارە و زۆربەی وتارەکانی دیکەی نێو دووتوێی کتێبەکەدا دیارە، نووسەر زۆر بە وردی و وشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ پێشهات و ڕووداوەکاندا کردووە، تەنانەت پێشبینی بۆ ئەوەش کردووە کە ئەگەر بێت و لەو ساتەوەختەدا کێشەکان چارەسەر نەکرێن، ئەوا لە دواڕۆژدا بۆ نەوەی نوێ دەبێت بە کێشە و سەرئێشە، خوێنەر کاتێک وتارەکانی نێو ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە، لە پەرۆشی و خەمخۆری نووسەرەکەی تێدەگات، بە تایبەت کە لەو ڕۆژگارە پڕ لە ڕووداوە خێرا و چاوەڕواننەکراوەدا، درکی بە سەختی ڕۆژگارەکە و دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەی کردووە، هەر بۆیە لە وتارەکانیدا هەم هۆشداری دەدات بە حوکمڕانانی کورد و نوێنەرانی گەل لە پەرلەمان، هەم لە بەرچاوڕوونی و پەرۆشی و خەمخۆری نووسەرەکەی تێدەگات، بە تایبەت کە لەو ڕۆژگارە پڕ لە ڕووداوە خێرا و چاوەڕواننەکراوەدا، درکی بە سەختی ڕۆژگارەکە و دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەی کردووە، هەر بۆیە لە وتارەکانیدا هەم هۆشداری دەدات بە حوکمڕانانی کورد و نوێنەرانی گەل لە پەرلەمان، هەم بەرچاوڕوونی و پێشنیازیان بۆ دەخاتە بەرچاو، بیگومان ئەگەر لە ساتی خۆیدا و بە دیاریکراوی دونیای دوای ساڵی ٢٠٠٣، فەرمانڕەوایانی هەرێمی کوردستان گوێیان لەم جۆرە دەنگە پەرۆش و دڵسۆزانە بگرتایە کە بە هۆی نووسینەوە دەگەیەنرانە بەر چاوی حوکمڕانان، ئەوا ئێستا هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئارامی و سیاسی و ئابووریی گەلێک باشتر دەبوو لەوەی کە ئێستا هەیە.