گفتوگۆی کابرای سەرخۆش لە گەڵ شەیتانە بەئاگاکەدا
نووسینی : ئەنتۆن پاڤڵەڤیچ چێخەف
و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد
کارمەندی پێشووی بەڕێوەبەرایەتی ئازووقە و، ئێستاکە خانەنشینکراوی پلەی دەیەم، ڵەخماتەڤ، لە پاڵ مێزی نانخواردنەکەی ماڵەوەیان دانیشتبوو، پیاڵەی شانزەیەمی هەڵدەدا و بیری لە برایەتی و یەکسانی و ئازادی دەکردەوە. لە پڕ لە پشت گڵۆپەکەوە شەیتانێکی بچکۆلە (١) سەری لێ دەرهێنا… تکایە با خانمانی خوێنەر نەترسن. خۆتان دەزانن شەیتانی بچکۆلە چییە؟ ئەوە لاوێکی سەروقەڵافەت لە بەردڵانە، کە خاوەن ڕوخسارێکی وەک پۆستاڵ ڕەش و دووچاوی سووری داگیرساوە و لە گەڵ ئەوەشدا کە ژنی نییە دووشاخ لە تەوقی سەری ڕوواوە، قژی لە سەر تەرزی کاپول(٢) داهێنراوە، لەشیبە تووکێکی سەوز داپۆشراوە و بۆن سەگی لێ دێت. کلکێک بە کۆتایی پشتییەوە شۆڕبۆتەوە. لە جێگای پەنجە تەنیا نینۆکە درێژەکانی دەبینرێت و لاقی، لە بری پێ، بە سم کۆتایی هاتووە.
ڵەخماتەف کە چاوی بەو شەیتانە بچکۆلەیە کەوت کەمێک شڵەژا، بەڵام دوایی کە بیری کەوتەوە ئەو شەیتانەسەوزانە هەر ئەو خووە قۆڕەیان هەیە خۆیان پیشانی کەسانی سەرخۆش بدەن، ئارام بووەوە و کەوتە قسەکردن لە گەڵیدا:
–لە گەڵ کێدا ئەم شەرەفی گفتوگوکردنەم پێبەخشراوە؟- ڵەخماتەف ڕووی پرسیاری کردە ئەو میوانە بانگهێشتنەکراوە.
شەیتانە بچکۆلەکە کەمێک پەشۆکاو چاوی داپچڕی
–دە ئێوە شەرم مەکەن- ڵەخماتەف کەوتەوە دوواندنی میوانەکە – وەرنە پێشەوە، من کابرایەکم حوکمی پێشوەختە بەسەر کەسدا نادەم، بۆیە دەتوانن بەوپەڕی ڕەهاییەوە قسەی دڵی خۆتانم لا بکەن، بڵێن، بزانم ئێوە کێن؟
شەیتانە بچکۆلەکە بە کەمێک دوودڵییەوە خۆی لە ڵەخماتەف بردە پێشەوە و کلکی خستە ناوگەڵییەوە و کەمێک چەمییەوە و خۆی پێشکەشکرد: من شەیتانە بچکۆلەم، کارمەندی ئەرکە تایبەتییەکانم لای جەنابی بەڕێوەبەری دۆزەخ، ڕێزدار ئیبلیس!
–بیستوومە، بیستوومە، ناویم بیستووە. مایەی خۆشیمە، فەرموون دانیشن، نافەرموون کەمێک ڤۆدکام لەگەڵ نۆشکەن؟ زۆر خۆشحاڵم بە ناسینتان، باشە ئێوە چ کارەن؟
شەیتانە بچکۆلەکە هێندەی تر پەشۆکا.
–ڕاستتان دەوێت من ئەرکێکی دەستنیشانکراوی ئەوتۆم نییە – شەیتانە بچکۆلەکە وەڵامی دایەوە و لە شڵەژاویشدا کەوتە کۆکەکردن و لووتی لە لاپەڕەیەکی گۆڤاری ڕێبووسدا (٣) شاردەوە و کەوتە فنگکردن- ڕاستە جاران ئەرک و کاری دیاریکراومان هەبوو. ئێمە خەڵکمان لە خشتەدەبرد، لەسەر ڕێی ڕاستی و چاکە هەڵماندەخزاننە سەر ڕێی خراپە و بەدکاری، ئێستاش بەینی خۆمان بێت و ناشکوری نەبێت، هێندەی پوولێکی قەڵبیششتێک نەماوە بە ناوی ڕێی چاکە، تا ئێمە پێی خەڵکیی لێ هەڵخزێنین. جگە لەوەش ئێستا خەڵکەکە لە ئێمە زۆرزانتریان لێ دەرچووە. دەفەرموون، وەک دەگوترێ، بزانم ئێوە کەسێکیانم بۆ هەڵخەڵەتێنن، هەموویان زانکۆیان خوێندووە، هەرچی زانستە فێری بوون و لە هەزار ئاویان داوە! ئاخر من چۆن لەخشتەتان ببەم وواتان لێبکەم کە ڕۆبڵێک بدزن، لە کاتێکدا ئێوە بە بێ منیش دنیایەک ڕۆبڵتان لووش داوە؟
–ئەم قسەیەتان ڕاستە. بەڵام خۆ دەبێت ئێوە خەریکی کاروکردەیەک بن؟
–بەڵێ، لەپیشەکەی جارانمان هەر ناوەکەی ماوەتەوە. ڕاستە ئێمە سەرباری هەمووشتێکیش هەندێ کار هەر ڕادەپەڕێنین…جاروبار خانمانی خواپێداو لە خشتە دەبەین، کوڕوکاڵ فریودەدەین شیعر بنووسن، بازرگانە دەوڵەمەند و سەرخۆشەکان وا لێدەکەین ئاوێنەی باڕ و ڕیستورانەکان وردوخاشکەن. بەڵام هەرچی بواری سیاسەت و ئەدەب و زانستەکانیشە ئێمە خۆمانی لە قەرەنادەین، چونکە ئێمە هەڕیان لە بڕیان ناکەینەوە و سەریان لێدەرناکەین.
زۆرمان ئیستا لەگەڵ گۆڤاری ڕێبوس دا هاوکاری دەکەن. هی وامان هەیە هەر دۆزەخی بەجهێشتووە و گواستوویەتییەوە لای مرۆڤەکان. جا ئەو شەیتانە خانەنشینانە هەر کە تێکەڵاوی مرۆڤەکان بوون، زوو هاوسەرگیرییان لە گەڵ ژنە بازرگان وپارەدارەکاندا پێکهێناوە و ئیستاکە ژیانێکی تا بڵێی خۆش دەژیین. هەندێکیان خەریکی کاری پارێزەریین، هەندێکی تریان خەریکی گۆڤاردەرکردنن و کەسانێکی بە دەست وکردەن و تابڵێی ڕێزلێگیراویشن!
–بمبەخشن ، بۆ ئەم پرسیارەم ،کە ڕەنگە کەمێکیش نابەجێ بێت ، بەڵام ئێوە بۆ بژێویتان چی وەردەگرن؟
–ئێمە ژیانمان هەر وەکوو جارانە- شەیتانە بچکۆلەکە وەڵامی دایەوە-ژمارەی کارمەندانمان کەم نەکراوەتەوە… خانووبەرە و ڕووناکی و گەرمی ماڵ هەر لەسەر خاوەن کارەکەیە، هەرچی موچەش بێت ناماندرێتێ، چونکە وای دادەنێن کە ئێمە لەخزمەت زیادەین و جگە لەوەش کاری شەیتانێتی کارێکی تەشریفاتییە…ڕاست و ڕەوان پێتان بڵێم، ژیان زۆر سەخت بووە، هەر قەستە دەسڕێک داخەین و بکەوینە سواڵ… ماڵی مرۆڤەکان ئاوابێت فێری بەرتیلخواردنیان کردووین، ئەگینا دەمێک بوو فەوتابووین … ئیتر ژیانمان ئێستاکە هەر لەسەر ئەو دەستکەوتانەیە… کەمێک ئازووقە دەگەێنینە گوناهکاران و لەو بەینەدا قەپاڵی خۆمان دەگرین… هەرچی ئیبلیسیشە پیر بووە وهەر بە ڕێوەیە بچێ سەیری نمایشەکانی تسووکی (٤) بکات و سەری ناپەرژێتە سەر حیساب و کیتابکردن.
ڵەخماتەڤ پێکێک ڤۆدگای بۆ شەیتان تێکرد، ئەویش یەکسەر هەڵیدا وئیترزمانی قسەی کرایەوە. هەرچی نهێنییەکانی دۆزەخە بۆ ڵەخماتەفی باسکرد و بەدەم گریانەوە زووخاوی دڵی خۆی هەڵڕشت و، وا چوو بە دڵی ڵەخماتەڤا کە داوەتی کرد بۆ نووستن لای ئەو بمێنێتەوە. ئەو شەوە شەیتانە بچکۆلەکە لەسەر کوورەکە نووست و تابەیانی هەر وڕێنەی دەکرد. دەمەو بەیان ئیتردیار نەما و خۆی ونکرد.
وەرگێڕ:
(1)ئەنتۆن چێخەف لەم چیرۆکەدا سێ وشە بەکاردەهێنێت کە هەرسێکیان لای ئێمە بە شەیتان تەرجەمەدەکرێت: چۆرت، دیاڤوڵ و ساتەن. ئەو دووانەی کوتایی لە هەندێک زمانی ئەوروپی تریشدا بە هەمان مانا بەکاردێن. من، بۆ ئەوەی خوێنەر لەنێوان شەیتانی کارمەند و شەیتانی گەورەدا سەری لێتێک نەچێت، وشەی شەیتانی بچکۆلەم بۆ شەیتانە کارمەندەکە بەکارهێناوە و وشەی ئیبلیسیشم بۆ شەیتانی سەرەکی بەکارهێناوە
(2)تەرزی کاپوول جۆرە تەسریحەیەکی قژی پیاوانە بووە کە بۆ ڕێزلێنانی گورانیبێژی فەرەنسی ڤیکتۆر کاپوول(١٨٣٩- ١٩٢٤) ئەو ناوەی لێنراوە وهێڵی شانەکردن لە ناوەڕاستی سەردابووە و قژەکەش بەهەردوولادا داهێنراوە و بەسەر ناوچەواندا هاتۆتەخوارێ
(3)ڕێبووس: گوڤارێک بووە کە تایبەت بووە بە پرسە ڕۆحانییەکان و جادووگەری و شتی وا و پێدەچی کە چێخەف زۆر بە دڵی نەبووبێت و مایەی گاڵتەپێکردنی بووبێت
(4)ڤێرجینیا تسووکی خانمە سەماکەرێکی بالێتی ئیتاڵی بووە(١٨٤٧-١٩٣٠) لە ڕووسیادا ناوبانگێکی زۆری هەبووە.