داعش له تێڕوانینی هیگڵ و فه‌لسه‌فه‌ی مێژوودا
نووسینی: هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
بۆچی فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كان له مێژوودا ده‌رده‌كه‌ون؟ ئه‌ی بۆچی له ئه‌وروپا ده‌ركه‌وتن و له جیهانی عه‌ره‌بی یان ئیسلامی ده‌رنه‌كه‌وتن؟ دیكارت یه‌كه‌مین فه‌یله‌سوفی گه‌وره بوو كه له ئه‌وروپا و له میانه‌ی سه‌ده‌ی حه‌ڤده ده‌ركه‌وت. وه‌ك ئاشكرایه دیكارت فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی داخست و ده‌ستپێكی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنی هێنایه‌ئاراوه. دواتر و له كۆتایی هه‌مان سه‌ده‌دا، سپینۆزا قوتابییه‌كه‌ی دیكارت دێت. هه‌روه‌ها لایبنتز و مالبرانش خاوه‌نی كتێبی (گه‌ڕان به دوای حه‌قیقه‌تدا) دێن. پاشان له سه‌ده‌ی هه‌ژده، فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كانی رۆشنگه‌ریی ده‌رده‌كه‌ون، له نمونه‌ی ڤۆڵتێر و دیدرۆ و رۆسۆ و كانت… هتد. پاشان له سه‌ده‌ی نۆزده، كۆمه‌ڵێ فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی دیكه ده‌رده‌كه‌ون، له نمونه‌ی هیگڵ و ماركس و فرۆید و نیتچه…هتد. له سه‌ده‌ی بیست هه‌ندێك فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی دیكه ده‌رده‌كه‌ون، له سه‌رووی هه‌مویانه‌وه هایدگه‌ر و كارل پۆپه‌ر و فنگشتیاین و هابرماس كه تا ئێستاش له ژیاندایه و ته‌مه‌نی له‌سه‌رو نه‌وه‌د ساڵه‌وه‌یه.
ئه‌و پرسیاره‌ی لێره‌دا ده‌خرێته‌ڕوو، ئه‌مه‌یه: بۆچی تاقه بیریارێكی گه‌وره‌ی عه‌ره‌بی یان موسڵمان ده‌رنه‌كه‌وتووه؟ دواهه‌مین فه‌یله‌سوف كه ده‌ركه‌وتبێت ئیبن ڕوشد بوو، ئه‌و له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی دوانزه و له ساڵی 1198 كۆچی دوایی كردووه. ئیبن ڕوشد چه‌نده فه‌یله‌سوف بوو، بگره ڕه‌نگه له‌وه‌ش زیاتر كه‌سێكی فه‌قیهی تیۆلۆژیش بوو. سه‌ر به پانتایی عه‌قڵی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بوو، نه‌ك ئه‌و پنتاییه‌ی كه مۆدێرنه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یهێنێت. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه مۆدێرنه‌ی ڕۆشنگه‌ریی، ده‌ستكردی فه‌یله‌سوفه‌كانی خۆرئاوایه نه‌ك خۆرهه‌ڵات، جیهانی عه‌ره‌بیش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی پێوه نییه. به درێژایی 400 یان 500 ساڵ، ئه‌وروپا نیشتیمانی فه‌لسه‌فه بووه، هه‌روه‌ها نیشتیمانی زانست بووه به مانا فیزیایی و ماتماتیك و بایه‌لۆژییه‌كه‌ی وشه‌كه. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، ئه‌وروپا بۆڕی جیهانی ئیسلامی داوه‌ته‌وه و له‌دوای خۆیه‌وه به چه‌ندین ساڵی ڕووناكی به‌جێیهێشتووه.
هه‌نوكه با ئیستێك له‌سه‌ر چه‌ند وێستگه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی گه‌وره بكه‌ین، یه‌كه‌مین وێستگه كانت-ه كه دوای دیكارت، دامه‌زرێنه‌ری مۆدێرنه‌ی فه‌لسه‌فییه به پله‌ی نایاب. كتێبه‌كه‌ی كانت (ڕه‌خنه له عه‌قڵی په‌تی) كه ساڵی 1781 بڵاوكراوه‌ته‌وه، مێژووی فه‌لسه‌فه بۆ دوو به‌ش دابه‌ش ده‌كات: پێش ده‌ركه‌وتنی كتێبه‌كه و دوای ده‌ركه‌وتنی. سه‌روه‌ختێك كتێبه‌كه بۆ یه‌كه‌مجار بڵاوده‌بێته‌وه، پڕ پڕ بووه له زاراوه‌ی ناڕوون و ئاڵۆز و زۆر قورس. هه‌ر بۆیه گرنگی و بایه‌خ و مه‌زنی كتێبه‌كه، ورده ورده ده‌رده‌كه‌وێت. له ڕاستیدا كانت ده‌یویست سنورێك بۆ ئه‌و دوو ڕه‌وته فه‌لسه‌فییه دابنێت كه له سه‌رده‌مه‌كه‌یدا به‌ربڵاوبوون: ڕه‌وتی دۆگمای میتافیزیكی كه خاوه‌نی یه‌قینی ڕه‌ها بوو، هیچ جۆره گفتوگۆیه‌كی قبووڵ نه‌بوو. له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی گومانگه‌رایی كه متمانه و باوه‌ڕی به هیچ شتیك نه‌بوو. ئه‌م دوو ڕه‌وته، دوای ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵێ پرسیاری میتافیزیكی غه‌یبانی كه هیچ سودێكیان نه‌بوو، ڕۆچووبوونه ناو گفتوگۆیه‌كی نه‌زۆكی بێبه‌رهه‌مه‌وه، شكست و فه‌شه‌لی خۆیان سه‌لماندبوو.
دروست ئا له‌و كات و ساته‌دا، كانت ده‌رده‌كه‌وێت تاكو ئاسۆیه‌كی نوێ بۆ فه‌لسه‌فه بكاته‌وه، تاكو وا له فه‌لسه‌فه بكات سودی بۆ پێشكه‌وتنی ڕه‌گه‌زی مرۆڤایه‌تی هه‌بێت. مه‌زنی و گرنگی ئه‌م فه‌یله‌سوفه ئا لێره‌دایه. كانت پێیوابوو ئه‌و شته سه‌ره‌كییه‌ی كه له‌سه‌رده‌مه‌كه‌یدا ڕووده‌دات، بریتییه له پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی زانستی سروشتی فیزیایی بیركاری: واته زانستی نیوتن كه له‌سه‌ر ئه‌زموون و دۆزینه‌وه‌ی یاساكان ڕاوه‌ستابوو، ئه‌و یاسایانه‌ی گه‌ردوونی له‌سه‌ر دروستكراوه، به‌تایبه‌ت یاسای ڕاكێشان. لێره‌وه دوای ده‌ركه‌وتنی زانستی نیوتن، ئێمه چیتر ناتوانین به شێوه‌یه‌كی میتافیزیك- واته غه‌یبانی، ده‌م له فه‌لسه‌فه‌وه وه‌ربده‌ین. كه‌واته له‌م چركه‌ساته به‌دواوه، فه‌لسه‌فه پێویسته بیركردنه‌وه بێت ده‌رباره‌ی زانست و ده‌رئه‌نجام و مه‌نهه‌جه‌كانی زانست، نه‌ك خولانه‌وه‌یه‌ك بێت له بازنه‌یه‌كی به‌تاڵی میتافیزیكا و پرته‌وبۆڵه‌ی به‌تاڵ و حه‌تاڵ كه پشت به هیچ شتێكی هه‌ستپێكراو یان ده‌ستلێدراو/ مه‌لموس نابه‌ستێت. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه، ئێمه چیتر ناتوانین له خۆمانه‌وه هه‌مو قسه‌یه‌ك بكه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی گشتی گوتاری فه‌لسه‌فی، پێشتر ئه‌نجامیده‌دا. به‌ڵكو پێویسته قسه‌ی فه‌لسه‌فه، كۆكبێت له‌گه‌ڵ قسه‌ی زانست، چونكه ئه‌وه ته‌نها قسه‌ی زانسته كه باوه‌ڕپێكراوه و یه‌قینی هه‌یه و تاقیكراوه‌ته‌وه. به مانایه‌كی دی، چیتر ئه‌و قۆناغه كۆتایی هات كه تێیدا هه‌مو شتێكمان له‌سه‌ر هیچ شتێك ده‌ووت، یان هیچ شتێكمان له‌سه‌ر هه‌مو شتێك ده‌ووت.
كانت (1724-1804) له كایه‌ی فه‌لسه‌فه‌دا، شۆڕشێكی كۆپه‌رنیكۆسی به‌رپاكرد، زۆر له‌و شۆڕشه ده‌چوو كه كۆپه‌رنیكۆس له كایه‌ی زانستی گه‌ردووندا به‌رپایكردبوو. وه‌ك چۆن كۆپه‌رنیكۆس وتی زه‌وی به‌ده‌وری خۆردا ده‌سوڕێته‌وه، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌وا كانت-یش وتی پێویسته فه‌لسه‌فه به‌ده‌وری زانستی ئه‌زمونگه‌ریدا بخولێته‌وه، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌ڵبه‌ته زانستی فیزیا- بیركاری كه یاساكانی سروشت ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌و بنه‌مای مه‌عریفه‌یه و هه‌ر ئه‌ویشه ده‌توانێت نهێنییه‌كانی گه‌ردوون بدۆزێته‌وه.
دووه‌م وێستگه‌ی گه‌وره له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا، بێگومان بریتییه له هیگڵ (1770-1830) كه ڕاسته‌وخۆ دوای كانت دێت. ئه‌وه هێگڵ بوو پێی وتین فه‌لسه‌فه واته گرتنی واقیع له میانه‌ی فیكره‌وه. مه‌به‌ست له‌و وته‌یه ئه‌مه‌یه كه فه‌لسه‌فه، واته چاره‌سه‌ركردنی كێشه سه‌خت و ئاڵۆزه‌كه‌ی واقیع. به‌ڵام ئایا په‌یوه‌ندی تیۆلۆژیا/ لاهوت (یان زانستی ئاین) به فه‌لسه‌فه‌وه چییه؟ ئه‌ی چۆن چۆنی ده‌توانین نێوانیان چاكبكه‌ینه‌وه؟ لاهوتییه مه‌سیحییه‌كان و موسڵمانانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، ده‌یانوت حه‌قیقه‌تی ڕه‌های ئاین، ناكۆكه له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌ته بچووكه‌كان یان ناكۆكه له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌ته نا یه‌قینییه‌كانی عه‌قڵ. بگره به چاوێكی سوك سه‌یری حه‌قیقه‌ته‌كانی ئه‌م دونیا فانی و ڕاگوزه‌ره‌یان ده‌كرد.
من باوكم پێی ده‌وتم: هه‌مو زانستی دونیا، له‌به‌رده‌م زانستی ئیلاهیدا یان له‌به‌رده‌م زانستی ته‌جویدا، نرخی تورێكی قوڕاویان نییه. هه‌ر بۆیه پێویست به‌وه ناكات سه‌فه‌ر بكه‌یت بۆ پاریس و به‌دوای وه‌هم و گومڕایدا ڕابكه‌یت، ئه‌مه با ڕاكردن به دوای خانمه شۆخ و شه‌نگه‌كان و سۆزانییه‌كان، له‌ولاوه بووه‌ستێت. باوكم له‌و بڕوایه‌دا بوو، خاوه‌نی حه‌قیقه‌تی ڕه‌هایه كه هیچ حه‌قیقه‌تێكی دیكه دوای ئه‌و نییه. هه‌مو شێخ و مه‌لاكان له‌و باوه‌ڕه‌دان. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، شێخ و مه‌لاكانی سه‌ڵته‌نه‌تی عوسمانی، ئه‌وانه‌یان كه به‌درێژایی 400 ساڵی ڕه‌به‌ق، حوكمی ئێمه‌یان كردووه، به‌چاوێكی سوك سه‌یری زانستی دونیایی و ئه‌زمونگه‌رییان كردووه و پێیانوابوو ئه‌و زانسته، هیچ نرخ و به‌هایه‌كی نییه. بگره ئه‌وه ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر تواناكانی یه‌زدان و وه‌رگێڕانی ئه‌و جۆره زانسته‌یان قه‌ده‌غه‌كرد، ته‌نها ڕێگه‌یاندا یه‌ك كتێبی پزیشكی كاری وه‌رگێڕانی بۆ بكرێت، چونكه سوڵتان به نه‌خۆشییه‌كی سێكسی نه‌خۆش كه‌وتبوو. بۆچی گرنگی به‌م هه‌مو تڕوهاته بدرێت كه له یه‌زدان دوورمان ده‌خاته‌وه؟ پاشان سه‌روه‌ختێك به ئاگا هاتینه‌وه، ئه‌و دواكه‌وتنه مه‌ترسیدار و ترسناكه‌ما بینی كه له ئه‌وروپامان جیاده‌كاته‌وه.
جگه له‌وه فه‌یله‌سوف، ده‌توانێت له ئاینده‌دا، په‌ی به جووڵه‌ی مێژوو ببات. واته پێشبینی ئه‌وه ده‌كات كه دوای بیست یان په‌نجا یا سه‌د ساڵ یان زیاتر چی ڕووده‌دات. ژان ژاك رۆسۆ لانی كه‌م به سی ساڵ، پێش به‌رپابوونی شۆڕشی فه‌ره‌نسی، پێشبینی به‌رپابوونی كردبوو. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمانه، ئه‌وه‌یه ڕۆسۆ به چه‌ندین په‌ره‌گرافی زۆر ورد و ده‌قیق، پێشبینی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی كردبوو. كانت له كتێبه‌كه‌یدا “ئاشتی هه‌میشه‌یی نێوان نه‌ته‌وه‌كان”، لانی كه‌م 150 ساڵ پێش ده‌ركه‌وتنی ڕاسته‌قینه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌و پێشبینی ده‌ركه‌وتنی كردبوو. دروستكردنی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌رێز “ودرۆ وێڵسۆن” بوو كه زۆر سه‌رسام بووه به كانت. نیتچه لانی كه‌م به نیو سه‌ده پێش به‌رپابوونی جه‌نگی جیهانی له ئه‌وروپا، پێشبینی به‌رپابوونی كردووه. ئه‌مه له كاتێكدا بوو ئه‌وروپا، له گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتن و سه‌قامگیریدا بووه، هیچ شتێك له ئارادا نه‌بووه پێشبینی ئه‌وه بكات كه ئه‌وروپا وه‌ك بومه‌له‌رزه و گڕكان ده‌ته‌قێته‌وه. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كان، هه‌ستی شه‌شه‌میان هه‌یه و ئه‌و شته ده‌بینن كه به چاوی ئاسایی نابینرێت. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، قورسه له مێژوودا بیرمه‌ندێكی ڕاسته‌قینه ده‌ركه‌وێت. هه‌مو ڕۆژێك فه‌یله‌سوفێكی گه‌وره ده‌رناكه‌وێت! ده‌ركه‌وتنی فه‌یله‌سوفی گه‌وره، هه‌ڵه‌یه‌كه له هه‌ڵه‌كانی ڕۆژگار.
هیگڵ ده‌ڵێت: مێژوو به ته‌واوه‌تی عه‌قڵانییه، ئه‌گه‌رچی له مێژوودا هه‌ندێك دیارده‌ی خڵه‌تێنه‌ر هه‌یه پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌ڵێت. هه‌مو دیارده ناعه‌قڵانییه هه‌ڵچووه‌كان و ده‌ركه‌وته فه‌وزه‌وییه‌كان و ڕووداوه تاوانكارییه‌كان كه له‌وانه‌یه له مێژوودا ڕووبده‌ن، دیارده‌ی خڵه‌تێنه‌رن. هیگڵ له توانایدا هه‌بوو، ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌كی عه‌قڵانی شیكردنه‌وه بۆ “داعش” بكات! كاتێك من به شه‌خسی پرسیارم لێ‌كرد، ئه‌و به پیتی درشت پێی وتم: “داعش” وا ده‌كات جووڵه‌ی مێژوو لای ئێوه خێراتر بێت. “داعش” گه‌وره‌ترین خزمه‌تی به رۆشنگه‌ری عه‌ره‌بی ئیسلامی گه‌یاندووه، بێ ئه‌وه‌ی پێی بزانێت و بێ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت. تاریكییه‌كانی داعش و وه‌حشیگه‌راییه‌كه‌ی داعش و قه‌سابخانه‌كانی داعش، په‌رچه‌كردارێكی هێجگار گه‌وره‌ی پێچه‌وانه دێنێته ئاراوه و ده‌بێته هۆی ڕیشه‌كێشكردنی “داعش” و سه‌رجه‌م ده‌سته خوشكه‌كانی. بگره نه‌ك به ته‌نها ڕیشه‌كێشكردنی “داعش”ی لێده‌كه‌وێته‌وه. به‌ڵكو ده‌بێته هۆی ڕیشه‌كێشكردنی سه‌رجه‌م فیكری ئوسوڵێ تاریكبین كه نزیكه‌ی هه‌زار ساڵه كۆنترۆڵی ئێوه‌ی كردووه و گه‌رای داناوه.
دواتر هیگڵ له‌سه‌ر وته‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌م په‌ره‌گرافه جوانه ده‌ڵێت: ده‌زانم ناكرێت تێگه‌شتنی تاریكبین بۆ ئاین تێپه‌ڕێنرێت، پێش ئه‌وه‌ی به ناویدا گوزه‌ر نه‌كه‌یت و به ئاگره‌كه‌ی نه‌سوتێیت. له ئه‌وروپای لای ئێمه، هه‌ر ئه‌وه بوو ڕوویدا. له ئێستادا و له‌م چركه‌ساته داعشییه‌دا، هه‌ر ئه‌وه‌یه كه لای ئێوه‌ش ڕووده‌دات. لێره‌وه “داعش” گه‌وره‌ترین به‌خته بۆ فیكری عه‌ره‌بی. ئه‌ی عه‌ره‌ب، بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆتان بزانن، “داعش” گه‌وره‌ترین خزمه‌تی پێشكه‌ش كردوون. ئه‌گه‌ر كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی نه‌بووایه كه پێشتر وێنه‌ی نه‌بووه، ئه‌وا نه‌تانده‌توانی سه‌باره‌ت به كه‌له‌پوری ئاینیتان، یه‌ك پرسیار چییه بیكه‌ن. هه‌روه‌ها رۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بیش نه‌یده‌توانی یه‌ك هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه بنێت. ئه‌مه‌یه من به زاراوه‌یه‌كی به‌ناوبانگ ناوم لێناوه و سه‌ره‌خولێی بۆ عه‌قڵ ناوه‌ته‌وه: فێڵی عه‌قڵ له مێژوودا! به‌ڵام ئه‌م فێڵه له پێناو چاكه‌یه نه‌ك له پێناو خراپه.
خاڵی كۆتایی: فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كان له نمونه‌ی دیكارت یان رۆسۆ یا كانت یان هیگل یا نیتچه… هتد، بریتین له ده‌ركه‌وته‌كان/ ظهورات له مێژوودا. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌وان، زۆر ده‌گمه‌نن و له هه‌مو سه‌ده‌یه‌كدا یان له دوو سه‌ده‌دا به په‌نجه‌كانی یه‌ك ده‌ست ده‌ژمێردرێن. هه‌ر كه فه‌یله‌سوفێكی گه‌وره ده‌رده‌كه‌وێت، خه‌ڵكی هه‌ست ده‌كه‌ن شتێك ڕوویداوه، ئاسۆ داخراوه‌كان كراونه‌ته‌وه، گرێكه‌ی مێژوو چاره‌سه‌ر كراوه، نهێنییه‌كانی ڕه‌ویوه‌ته‌وه و ئاشكرا بووه. ئا به‌م شێوه‌یه، مێژوو دوای كاتێكی دوور و درێژ له قه‌یران، هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسوده هه‌ڵده‌مژیت. بۆ نمونه ئه‌ڵمانه‌كان سه‌روه‌ختێك كانت له‌ناویاندا ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ستیان به‌وه كردووه و هێوربوونه‌ته‌وه و دڵنیایی دایگرتوون. ئه‌وان زانیان گه‌یشتوون به حه‌قیقه‌تی شاراوه و به‌و میتۆده فه‌لسه‌فییه ره‌سه‌نه‌ی به‌ره‌و ڕێگای ڕزگاری ده‌یانبات. ئه‌وان چیتر له ئاینده‌ی خۆیان نه‌ده‌ترسان. ده‌كرێت سه‌باره‌ت به دیكارت لای فه‌ره‌نسییه‌كان هه‌مان شت بڵێین كه كتێبه ڕزگاربه‌خشه‌كه‌ی پێشكه‌ش كردن: “وتارێك ده‌رباره‌ی میتۆد”. دیكارت پاڵه‌وانێكی ڕاسته‌قینه بوو، به ته‌نها فه‌ره‌نسای ڕزگار نه‌كرد، به‌ڵكو هه‌مو ئه‌وروپای ڕزگاركرد. ده‌كرێت هه‌مان شت بۆ هیگڵ-یش بووترێت.
هه‌رچی عه‌ره‌به، ئه‌وا نه ده‌ركه‌وتنه‌كان-ی هه‌یه و نه هیچ شتێكی دیكه. حاڵی حازر یه‌ك بیرمه‌ند نییه، له‌وه‌ی له ئێستادا ڕووده‌دات تێبگات: واته له قووڵایی قووڵاییه‌وه چی ڕووده‌دات. هه‌مومان به ده‌وری خۆماندا خوولده‌خۆین و له بازنه‌یه‌كی به‌تاڵی بزربوودا ده‌سوڕێینه‌وه. ئه‌گه‌ر هیگڵ نه‌بوایه، له هیچ شتیك تێنه‌ده‌گه‌یشتین. هه‌مومان به‌ده‌ست سه‌رده‌مێكی شێواوه‌وه په‌له‌قاژێمانه. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، ئێمه كه‌سایه‌تی فیكریمان نییه، ناڵێم به قه‌باره‌ی دیكارت یان ژان ژاك رۆسۆ یا كنت یان هیگڵ یا نیتچه، ئه‌مه مه‌حاڵه، به‌ڵكو به قه‌باره‌ی قوتابییه‌كانیان یان لانی كه‌م به قه‌باره‌ی قوتابی قوتابییه‌كانیان!
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، سێ شه‌ممه، ا تشرینی دووه‌م، 2022