چەند سەرنجێک لە بارەی وەرگێڕانی ڕۆمانی جانتاوە

Loading

نووسینی : شیروان مەحموود محەممەد

 

وەرگێڕانی ڕۆمانی سیرگێی دەڤڵاتەڤ ” جانتا” و بڵاوکردنەوەی لە  دەزگای چاپ و پەخشی ”سەردەم” ەوە، کارێک بوو کە دڵخۆشی کردم، چونکە نووسەرەکەی ناوێکی دیارە لە نێوان ئەو نووسەرە سۆڤێتییانەی لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا ناچاری وڵاتجێهێشتن کران و لە تاراوگە لە کاری داهێنەرانەی خۆیان بەردەوام بوون و لە ئەدەبی ڕووسی سەردەمدا  ناو و پێگەیەکیان بۆ خۆیان مسۆگەرکرد.

ڕۆمانەکەم خوێندەوە و چێژێکی باشم لێبینی و هەستم دەکرد کە وەرگێڕ، کاک سوارە شاکەلی، خۆی لە گەڵ وەرگێڕانەکەیدا ماندوو کردووە. بەڵام من خوویەکی خراپم هەیە، کاتێک شتێکی وەرگێڕاودەبینم، لەو یەک دوو زمانەوەی دەیانزانم، خێرا دەکەومە بەراوردکردنی دەقە وەرگێڕاوەکە لەگەڵ دەقە ئۆریجیناڵەکەدا، زۆربەی جاریش لە ئاکامدا ئاواتەخوازدەبم کە ئەو کارەم نەکردایە، بەڵام خوو بۆیە پێی دەڵێن خوو چونکە یەخەت بەرنادات و هەر دەبێت بیکەیت، جا دەرهەق بەو کارەی کاک سوارە شاکەلیش ئەو بەراوردەم کرد و چەند سەرنجێکم لا درووست بوو کە دەمەوێ بیانخەمە ڕوو، نەک، خوانەخواستە، بە مەبەستی کەمکردنەوە لە بەهای کارەکەی ئەو بەڕێزە بەڵکو بۆ ئەوەی کێشەکانی وەرگێڕان لای هەمووان، بە خۆیشمەوە، بە هێند وەربگیڕێت و کار بۆ وەلانانیان بکرێت، تا بتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە بزووتنەوەیەکی وەرگێڕانی پوخت و باوەڕپێکراومان هەیە. ئەمانەی خوارەوە سەرەنجەکانی منن:

  • ئایا پێویستە وەرگێڕ وشە بەوشەی کارە ئەدەبییەکە وەرگێڕێت؟ بەڕای من بەڵێ! چونکە نووسەر کاتێک وشەیەک یان دێڕێکی نووسیوە بێگومان مەبەستی بووە ئەو دێڕە یان ئەو وشەیە بنووسێت و بۆ منی وەرگێڕ نییە بە پێی بۆچوون و چێژی خۆم هەندێک شت وەلانێم. مادام بڕیارم داوە ئەو کارە وەرگێڕم، دەبێ بە ئەمانەتەوە سەرجەمی بەرهەمەکە بخەمە بەردەستی خوێنەران، ئیتر با ئەوان سەرپشکبن و بڕیاڕبدەن کام وشە و کام دێڕە زیادەیە و درێژدادڕییە.

دەڤڵاتەڤ ئەم ڕۆمانەی، کە باسی ژیانی خۆی لە ڕووسیای سەردەمی سۆڤێت و ژیانی تاراوگەی دەکات و ڕەخنەیەکی توند لە سیستێمی سۆڤێتی دەگرێت، بەدێرە شیعرێکی ئەلیکساندەر بڵۆک دەست پێدەکات:

”تۆ، تەناتەت بەم حاڵەشتەوە ، هۆ ڕووسیاکەی من، لە هەموو شوێنێکی تر ئازیزتری بۆ من”

بەڵام ئەم دێڕە شیعرە لە وەرگێڕانەکەی شاکەلیدا نییە. ئایا لە بیری چووە یان بە پێویستی نەزانیوە؟ یان لەوەش خراپتر وەرگێڕانی ئەو دێڕەی لا زەحمەت بووە؟ ئاخر ئەو دێڕە زۆر گرنگە بۆ دەرخستنی هەڵویستی نووسەر، کە دەیەوێ بڵێ: من ئەگەر چی ڕەخنە لە سیستێمی سیاسی وڵاتەکەشم دەگرم، بەڵام من خاک و زێدی خۆمم خۆشدەوێت، وەک ئەوەی بیەوێ پێشوەختە وەڵامی ئەو تۆمەتانە بداتەوە کە لە لایەن دەسەڵاتداڕانەوە دەخرانە پاڵ کەسانی وەک دەڤڵاتەڤ، کە گوایە لە خاک و نیشتمانی خۆیان دابڕاون و بێدەربەستن بەرامبەر چارەنووسی.

ئەم پەڕاندن و لابردنە هەر دێڕە شیعرەکەی بڵۆکی نەگرتۆتەوە، بەڵکو هەندێک ئاوەڵناویشی گرتۆتەوە کە وا دیارە وەرگێڕ بە پێویستی نەزانیون، ئەوەتا لە دوادێڕی لاپەڕە ١١ و دواتردا، وەرگێڕ دەنووسێت:

” بۆیە توانیم پێڵاوێکی شین و پانتۆڵێکی کابۆی شین و چوار کراس بکڕم” لە کاتێکدا لە دەقە ڕووسییەکە دەگوترێت: ”جووتێ پێڵاوی هاوینەی شین و پانتۆڵێکی کاوبۆی لۆکەی شین و چوارکراسی خامم کڕی”. ڕەنگە کەسێک بڵێت جا بۆ خوێنەر چ جیاوازییەکی هەیە پانتۆڵە کاوبۆیەکە لۆکە بێت یان نایلۆن بێت؟ چ فەرقێک دەکات کراسەکان خام بن یان بازەبن؟ ڕاستە ڕەنگە بۆ خوێنەر و بگرە بۆ وەرگێڕێش جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبێت، بەڵام دیارە دەبێت بۆ خودی نووسەر گرنگ بووبێت، ئەگینا خۆ ئەویش ئەو وەسفانەی نەدەنووسی!

بە هەمان شێوە لە لاپەڕە ١٣ دا وەرگێڕ دەنووسێت:”لەژێر ئەویشەوە کراس و پێڵاودانرابوون بە زەرفی کاغەزەوە، دواتر قەمسەڵەیەکی ناوفەروو”  لە دەقەکەدا دەڵێت: ”لەژێڕ ئەویشەوە کراسێکی پۆپلین و جووتێ پێڵاو کە لە کاغەزەوە پێچرابوون، دواتریش قەمسەڵەیەکی قەیفەی ناوفەروو”

  • یەکێک لەو چاڵ و کەندەڵانەی زۆر جار وەرگێڕ تێیان دەکەوێت ئەوەیە کە وشەیەکی لێ دەبێیت بە وشەیەکی تر تەنیا لە بەر ئەوەی ئەو دوووشەیە لە نووسین و دەنگدا لە یەک دەچن، من لێرەدا چەند نموونەیەک دێنمەوە:

نموونەی یەکەم: لە لاپەڕە ٩دا پاڵەوانی ڕۆمانەکە باسی سەردانی بەشی ڕەگەزنامە دەکات و چۆن تووشی دەبێت بەتووشی بەرپرسێکی مۆنی بیرۆکراتەوە، کە دەڵێ ئەوانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن بۆیان نییە لە سێ جانتا زیاتریان پێبێت، کاتێکیش پاڵەوانی ڕۆمانەکە دەڵێت ئەی چی لە ئوتومبێلە تیژڕەوەکانی بکات، وەرگێڕ لە سەر زاری پاڵەوانەکەوە دەڵێت: ”ئەم بەرپرسە بەبێ ئەوەی سەری هەڵبڕێت پاڵێکی پێوەنام و نێوچاوانی دابەیەکدا و گووتی: بیانفرۆشە …” ڕاستییەکەی لەو دیمەنەدا هیچ جۆرە پاڵپێوەنانێک لە ئارادا نییە، بەڵکو نووسەر گوتوویەتی:”ئەم بەرپرسە بە بێ ئەوەی بچێتە بنج و بناوانی قسەکە، هاتە دەنگ و گوتی: بیانفرۆشە..”

دەی ئەو ”پاڵپێوەنانە” شوومە لە کوێوە سەری دەرهێناوە؟ بە ڕای من لەوەوە کە کرداری ”هاتە دەنگ” بەڕووسی ”ئەتکلیکنوڵەس” نزیکە لە کرداری ”ئەتتەڵکنوڵە” كە مانای پاڵپێوەنان دەبەخشێ و وەرگێڕ زۆر لە وشەکە وردنەبۆتەوە و ئەو هەڵەیە ڕوویداوە.

نموونەی دووەم: وەرگێڕ لە لاپەڕە ١٢ دا دەڵێت: ”جانتاکەم خستە سووچێکی دوورەدەستی دۆڵابەکەمەوە، هەر وەکوو خۆی دامنایەوە بەبێ ئەوەی ئەو پەتە سپییەی کە لێم پێچابوو بیکەمەوە”، ڕاستییەکەی نووسەر ناوی هیچ پەتێکی سپی نەهێناوە بەڵکو باسی حەبلی جلهەڵخستن(تەناف) دەکات بەڵام لە بەر ئەوەی گوریس یان حەبلی جلهەڵخستن بە ڕووسی پێیدەگوترێ ”بیلیۆڤایا ڤیریۆڤکە” لە وەرگێڕ بووە بە” بێڵەیا ڤیریۆڤکا” کە ئەمیان ڕاستە واتای پەت، یان گوریسی سپی دەبەخشێ، ئیتر نووسیووییەتی ”پەتی سپی”  لە کاتێکدا نووسەر بەهیچ جۆرێک باسی ڕەنگی ئەو پەتەی نەکردووە.

نموونەی سێیەم: نووسەر، پاش ئەوەی پاڵەوانی ڕۆمانەکەی چاو بە جلەکانی ناو جانتاکەیدا دەگێڕێ، بەم شێوەیە  فەسڵی یەکەم، یان سەرەتای کتێبەکەی، دوایی پێدێنێ: ”ئیدی لێرەدا یادەوەرییەکان، وەک دەگوترێت، وروژمیان هێنا، وا دیاربوو خۆیان لە دووتوێ و لۆچەکانی ئەو شڕکە و پڕکە زەبوونەمداحەشار دابووبێت و ئێستاش وا سەریانکردبووە دەرەوە”.  وەرگێڕ لە لاپەڕە ١٤ دا ئەم بڕگەیەی وا وەرگێڕاوە: ”ئیدی لێرەوە کەوتمە گەڕان بە ناو بیرەوەرییەکانمدا، کە وەک بەفر لە ناو کۆگای بیرەوەوەرییەکانمدا تا ئەو کاتە زیندانی کرابوون و هێدی هێدی دەتوانەوە، لەسەر خۆ دەهاتنە دەرەوە و سەردەمانی کۆنم بیر دەکەوتنەوە” لە خۆمم پرسی دەبێ ئەم بەفر و تواندنەوەیە لە کوێوە سەریهەڵدابێت لە کاتێکدا لە دەقەکەدا باسی شتێکی وانەکراوە؟  بە مەزنەی من کرداری خۆحەشاردان” تاییتسا” کە نووسەر بەکاریهێناوە نزیکە لە کرداری ” تایەت” كە بە مانای ”دەتوێتەوە” دێت وئیتر وەرگێڕ ئەم وشەیەیانی هەڵبژاردووەو بەفرەکەشی بۆ زیاد کردووە.

  • بێگومان وەرگێڕ، بە مەبەستی بەرچاوڕوونی زیاتری خوێنەر، بۆی هەیە هەندێک وشەی ڕوونکەرەوە بخاتە سەر ئەم یان ئەو بڕگەی کارە وەرگێڕاوەکە، بەڵام بەهیچ جۆرێک بۆی نییە لێکدانەوەیەک بێنێتە ئاراوە کە مەبەستی نووسەر نییە.

بۆ نموونە نووسەر، لە فەسڵی دووەمی کتێبەکەیدا و لە سەر زاری پاڵەوانەکەی، ئەم ئەنجامگیرییە دەخاتە ڕوو:

”هەرچی خەڵک هەیە دەکرێ دابەشکرێن بە سەر دوو دەستەدا. ئەوانەی پرسیار دەکەن و ئەوانەی وەڵامدەدەنەوە. واتە ئەوانەی پرسیار ئاڕاستەی خەڵک دەکەن و ئەوانەش کە بە بێزارییەوە مۆن دەبن و وەڵام دەدەنەوە” بەڵام ئەم بڕگەیە لای وەرگێڕ وای لێهاتووە:

”لە جیهاندا دوو جۆر مرۆڤ بوونیان هەیە، ئەو مرۆڤانەی پرسیار ناکەن و ڕاستەوخۆ  هەڵدەستن بە ئەنجامدانی ئەو کارەی کە دەیانەوێت بیکەن و جۆری دووەمیان ئەو کەسانەن لە سەرەتادا پرسیار دەکەن و پاشان ئەوەی لە سەریانە ئەنجامی دەدەن، یان لە وەڵامی پرسیارەکاندا دەموچاو بەیەکدا دەدەن” لە بڕگەکەی نووسەردا باسی هیچ کارئەنجامدانێک نەکراوە، ئەوانەی لەو بڕگەیەدا پرسیار دەکەن سەبارەت بە کارەکانی خۆیان و ئیزنوەرگرتن بۆ ئەنجامدانیان پرسیار ناکەن، بەڵکو لە کونجکۆڵیدا پرسیار سەبارەت کاروباری خەڵکی تر دەکەن. ئەو شەرحەی وەرگێڕ ڕێک ئەوەیە کە پێی دەگوترێت ”بارکردنی دەقی وەرگێڕدراو بە بارێک کە لە خەیاڵی نووسەردا نەبووە”

نموونەیەکی تری بارکردنی دەقی وەرگێڕدراو بە بارێک کە جیاوازە لە مەبەستی نووسەر ئەم بڕگەیە کە نووسەر باسی فرێدی فرۆشیاری شتی قاچاغ و تازە هاوڕێی پاڵەوانەکەمان دەکات و چۆن ئەو بۆ پاساودانی ڕەفتارەکانی خۆی بەم جۆرە دۆخەکە دەفەلسەفێنێت ودەڵێت: ”ئەوەی پێش لە دایکبوونی ئێمە هەبووە خەرەندێکی بێ بنە. ئەوەش کە دوای مردنمان دەبێت هەر خەڕەندێکی بنی بنە. ژیانی ئێمەش دەنکە لمێکە لە دەریای بێپەروای ئەبەدییەتدا. دەبا هیچ نەبێت ئەم چرکە ساتەمان بە دڵتەنگیی و جاڕسیی لە خۆمان تاریک نەکەین! هەوڵبدەین هیچ نەبێت شوختێک لە سەر توێژاڵی سەرەوەی زەمین جێبهێڵین. با خەڵکانی عادەتی و مامناوەندی قایشەکە لە خۆیان توندکەن و ڕایکێشن. لە هەموو حاڵەتێکدا خۆ ئەوانە هیچ نەبەردییەک هەر تۆمار ناکەن. بگرە هیچ جۆرە تاوانێکیش ئەنجام نادەن”

لای وەرگێر ئەم بڕگەیە  لە لاپەڕە ٢٢ دا بەم شێوەیەی خوارەوە دەنوێنێ:

”ژیان پێش لە دایکبوونی ئێمە و پاش مردنمان وەک بنی زەریاکانە و هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نایەت مڕۆڤی ئاسایی وەک ئێمە هەرگیز نەیتوانییوە شتێک بکات کە لە دوای خۆی  شوێنپەنجەی بە جیهانەوە جێبهێڵێت. کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە و هاوکاریمان دەکات تۆزێک چێژ لە ژیان وەربگرین ئەو کارانەن دەبنە سازدانی هەلومەرجی خۆشگوزەرانیمان. هەرچەندە کاری باشیش نەبن، من وەک دڵی ئەو ئاژەڵەم کە بۆتە قوربانی ئاژەڵێکی دڕندە. هەرچەندە تاوانیش نەکەم و بە باشی بژیم هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، ناتوانم کارێکی گەورە ئەنجام بدەم”،  لای نووسەر، فرێد دەیەوێ شوختێک، جێ پەنجەیەک لە سەر توێژاڵی سەرەوەی زەمین جێبهێڵێت، بەڵام لای وەرگێڕ نائومێدە و دەڵێ مرۆڤی ئاسایی هەرگیز نەیتوانیوە لە دوای خۆی جێپەنجەی بە جیهانەوە جێبهێڵێت! جگە لەوەش لە دەقەکەی نووسەردا بە هیچ جۆرێک باسی هیچ جۆرە ئاژەڵێکی دڕندە لە ئارادا نییە!

  • جۆرێکی تر هەڵە هەن کە وەرگێڕ لە خوت و خوڕایی خوێ تێوە دەگلێنێ. باپێکەوە سەیری ئەم نموونەیە بکەین:

پاڵەوانی ڕومانەکە لە باسی ئەوەدا کە بۆچی بەشی زمانەوانیی هەڵبژاردووە کاتێک چۆتە زانکۆ دەڵێت: ”لە جیهاندا زانستی وا هەن کە پێیان دەگوترێ زانستە ورد و دەقیقەکان( نووسەر مەبەستی ئەو زانستانەیە کە ئەنجامگیرییەکانیان قابیلی پێوانەن ـ ش.م.م)، دەی کەواتە دەبێ زانستی نا دەقیقیش هەبن. بەڕای من، زمانەوانی، شوێنی یەکەمی گرتووە لە نێوان زانستە نادەقیقەکاندا. بەو شێوەیەش من بوومە قوتابی بەشی زمانەوانی”

وەرگێڕ لە لاپەڕە ١٥ دا دەنووسێت: ”لەم جیهانەدا زانست دووجۆری هەیە: ئەو زانستەی دروست بنەماکانی دیارە و کاری لە سەر دەکرێت و بەشەکەی دیکەی زانست بەو شێوەیە ورد نییە. وای بۆ دەچم زانستی زمان سەر بەیەکەم کۆمەڵەیە، هەر بۆیە من بووم بە خوێندکار لە ڕاگرایەتی بەشی زمان”  ئەمە ڕێک پێچەوانەی ئەوەیە کە نووسەر نووسیوویەتی و مەبەستێتی!  باشە بۆ؟ دیارە وەرگێر ”شوێنی یەکەمی”  لەگەڵ ”کۆمەڵەی یەکەمدا” لێتێکچووە.

  • هەڵەکردن لە لێکدانەوەی ئەم، یان، ئەو وشەدا ڕێی تێدەچێ و هەموومان مرۆڤین و وەک دەڵێن خواش کارێکمان بەسەردا ناسەپێنێ لە سەرووی توانا و وزەمانەوە بێت، بەڵام تێناگەم بۆ وەرگێڕ لە گواستنەوەی ژمارەکاندا هەڵەی کردووە؟

فرێد کە خەریکە بۆ پاڵەوانی ڕۆمانەکە ڕوونبکاتەوە  بۆچی سەرقاڵی قاچاغفرۆشتنە و ئامادە نییە بۆ مووچەیەکی ٩٠ ڕوبڵیی خۆی داڕزێنێ دەڵێت:” … دەی بابڵێین وا من بە دڕێژایی ژیانم دوو هەزار کاتلێتم خوارد، بیست و پێنج قاتی خۆڵەمێشیی تۆخم کۆن کرد…”  هەرچی وەرگێریشە بەوەوە نەوەستاوە کاتلێتەکەی لێ بکات بە(کاکلێت) بەڵکو  بیست و پێنچ قات جلەکەشی پێ ڕەوا نەبینیوە  و نووسیویەتی: ” ئەوە بە درێژایی هەموو ژیانم توانیم دوو هەزار (کاکلێت)م خوارد، ئەوە پێنج قاتی چاکەت و پانتۆڵی خۆڵەمێشی تێرم لە بەرکرد…”

بێگومان من ناوی ئەو بیست قاتە جلەم نەدەبرد کە وەرگێڕ لە فرێدی گلداوەتەوە، ئەگەر ئەوە تەنیا هەڵەیەکی بووایە لە زانستێکی وا دەقیقی وەک ماتماتیکدا، بەڵام ئەوەتا کاتێک نووسەر لە سەر زاری پاڵەوانی ڕۆمانەکە باسی ئەوەدەکات کە فرۆشتنی گۆرەوی فینلەندی چ قازانجێکی تیا بووە بۆ قاچاغفرۆشەکان دەڵێت:” جووتێک لەو گۆرەوییانە شەش ڕوبڵی دەکرد، لە کاتێکدا بە ٦٠ کەپێیک لای ئەم فینلەندیانە پەیدا دەکرا، واتە لە سەدا نۆسەد قازانجی سافی بوو” بەڵام وەرگێڕ لێرەشدا کەمێک دەستی نووقاندووە و لە لاپەڕە ٢٩ دا دەڵێت: ”جووتێک لەم گۆرەوییانە نرخەکەی شەش ڕوبڵ بوو. لای ئەم ئافرەتانە نرخی هەر جووتێک ٦٠ کەپێک بوو. کەواتە پارەی قازانجکراو لە هەر جووتێک گۆرەویدا دەبوو بە لە%٩٠ . قازانجێکی باش بوو” …

خوێنەری هێژا….

هیوادارم سەرم نەێشاندبیت و دڵی کەسیشم نەرەنجاندبێت…جێگەی داخە کە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی، بە هۆی ئەو بارە ئابوورییە ناهەموارەی تێیدان، ڕەنگە نەتوانن هەموو جارێک کەسێک بدۆزنەوە تا بچێتەوە بە سەر هەر کتێبێکی وەرگێڕدراودا، چونکە ئەو پارەیەی ئەوان دەتوانن بۆ کارێکی وا بیدەن بە لای کەسەکەوە کەمە و بۆ دەزگاکەش یەکجار زۆرە، ئەگەر کۆی ئەو پارەیە حساب بکەین کە دەبێ بۆ پێداچوونەوەی یەک بە یەکی هەموو کتێبە وەرگێڕدراوەکان بیدەن، ئەمە جگە لەوەی ڕەنگە هەموو کاتێک زمانزانێکی وایان بۆ نەدۆزرێتەوە کە لە و کاتەی ئەوان مەبەستیانە، بۆیە پێویستە وەرگێڕەکان خۆیان، وردتر و بەرپرسانەتر کارەکانیان ئەنجامبدەن و تا پێشیان بکرێت سەرنجی یەکتری بۆ ئەو هەڵانە ڕابکێشن کە لە ڕێگای هەمووماندایە، ئەم وتارەی منیش هەر لە سنووری ئەو ئامانجەدایە. دەبێ ئەوەش بڵێم کە لە بەر نەبوونی کات ئەو بەراوردەی من تەنیا ٣٠ پەڕەی سەرەتای ڕۆمانەکەی گرتۆتەوە و حوکم بە سەر تەواوی کارە وەرگێڕاوەکەدا نادات.

ناردن: