ڕووبەڕوو لە سێبەری چیادا

Loading

پەیوەندیی ئەدەب و سیاسەت وەک پەیوەندیی دڵ و مێشک وایە

ڕانانی: ئیدریس عەلی

یەکێکی تر لە کتێبە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (ڕووبەڕوو لە سێبەری چیادا) ئەم کتێبە پێش ئەوەی باسی ناوەڕۆکەکەی بکەین، گەرەکە ئاماژەیەک بە مێژووەکەی و ئەو دۆخ و هەلومەرجە بکەین، کە تیایدا کتێبەکە هاتە بەرهەم.

بێگومان کتێبی ڕووبەڕوو لە سێبەری چیادا، بەرهەمی سەردەم و قۆناغێکی دیاریکراوە لە شاخ و ژیانی سەختی پێشمەرگایەتی، ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان و شەڕ و کێشە نێوخۆییەکانی ئەودەمی بزووتنەوەی کوردایەتی، چ لە شاخ و چ لە شار، ناکۆکییە نێوخۆییە حیزبییەکان و ملشکاندن و بە دوژمنکردنی براکان لەسەر دەستی یەکتری، هاوکات خەون و ئومێد بە باوەڕ و سەرکەوتن، سیمایەک و تایبەتمەندییەکی دیاری ئەو قۆناغ و سەردەمە بوون کە تیایدا کتێبی (ڕووبەڕوو لە سێبەری چیادا) لەدایک بوو.

ئەم کتێبە بریتییە لە چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژی پێشمەرگە و نووسەر (هەڤاڵ کوێستانی) لەگەڵ شاعیری گەورەی کۆچکردوو (شێرکۆ بێکەس) لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە بەرگەڵوو ئەنجام دراوە، هاوکات بەشێکی کتێبەکەش تەرخان کراوە بۆ ژیاننامە و قسە کردن لەسەر ئەزموونی نووسین و شیعری کە شێرکۆ بێکەس بە پێنووسی خۆی نووسیویەتی، ئەوەی لێرەدا گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بکەین ئەوەیە (هەڤاڵ کوێستانی) لەو دۆخە ناهەموار و پڕ لە کێشەی ژیانی سەختی پێشمەرگایەتیدا، وەک گەنجێکی خوێنەوار و شاعیرێکی جوان، چۆن بیر لەوە دەکاتەوە وتووێژێکی ئەدەبیی سەبارەت بە ئەزموونی شیعری و چەندین بابەت و تەوەری دیکە لەگەڵ شێرکۆ بێکەسدا بکات، ئەمە لە کاتێکدا هەردووکیان لە بارەگای ڕاگەیاندنی ئەوێ دەمێی شۆڕش، پێکەوە کاریان کردووە و شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس، کڵپەی زیاتری بە ئاگری شۆڕش و خوێنی تازەی بە پێشمەرگە دەبەخشی، ئەم کتێبە بەرهەمی وردبینی و خوێندنەوەی گەنجێکی وەک هەڤاڵ کوێستانی ئەوێ ڕۆژێ و ئەزموونی دەوڵەمەندی شیعری و پاشخانی ڕۆشنبیریی شاعیرێکی مەزنی وەک شێرکۆ بێکەسە، خوێنەر پاش تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵە بەسەر چاپکردنی کتێبی ڕووبەڕوو لە سێبەری چیادا، کاتێک پرسیار و وەڵامەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە، هەست دەکات هێشتا وزەی نوێگەری تێدایە و کۆن نەبووە، هەندێک دیدار و گفتوگۆ هەن بۆ ڕۆژگار و قۆناغێکی دیاریکراون و هێزی گەیشتنە سبەینێیان نییە، هەشن بە پاسپۆرتی ئەزموون و مەعریفە، توانای تێپەڕینیان هەیە بە قۆناغ و سەردەمەکانی داهاتوودا، ئەم وتووێژەی نێوان هەڤاڵ کوێستانی و شێرکۆ بێکەس، لە جۆری دووەمە و خوێنەر جگە لەوەی چێژ لە پرسیار و وەڵامەکان دەبینێت، هاوکات وێنەی ئەو ڕۆژگارەشی دێتە پێشچاو کە تیایدا وتووێژەکە ئەنج ام دراوە.

هەڤاڵ کوێستانی خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی بەوە داوە کە پێکەوەژیانی ئەو چەند مانگەی شێرکۆ بێکەس و خۆی، لە بنمیچی ژوورێکی چکۆلەی دامێنی شاخەقووچی بەرگەڵوو، ئەم دیدارەی لێ کەوتەوە: هەموو جارێک پرسیارێک، یان زیاترم بەرەوڕووی دەکردەوە، بەدەم بەبادانی دووکەڵی چەند جگەرەیەکەوە، لە فکران ڕۆدەچوو… بیری لە پرسیارەکان دەکردەوە و وەڵامەکەی بۆ کاتێکی دی هەڵدەگرت… بۆ کاتێک کە من لە ژوورەکەدا نەدەبووم.

هەر لە کورتە پێشەکییەکەی خۆیدا، هەڤاڵ کوێستانی، باسی لەوەش کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەش کە لەدوای پرسیار و وەلامەکان بەجێ مابوون، ئەو پێی باش بوو کورتەیەک لە ئەزموون و شیعری خۆی بخاتە گەڵ دیدارەکە: دوای ٣٦ ساڵ لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکە، من بۆ یەکەم جار کتێبەکەم لە ناو کتێبخانە ئەرشیفییە دەوڵەمەندەکەی (بنکەی ژین)دا بینی، هەستی بینینی کتێبەکە لای من بۆ یەکەم جار، وەک هەستی ئەو باوکە وا بوو کە دوای ٣٦ ساڵان لە دابڕان، منداڵێکی خۆی دەبینێتەوە.

دیارە کاتێک کتێبە لە شاخ لە لایەن یەکێتیی نووسەرانی شاخەوە چاپ کراوە، هەڤاڵ کوێستانی بەهۆی هەڵوێستی سیاسیی و ناکۆکی و کێشە دەروونی و نێوخۆییەکانی ئەو ڕۆژگارەی حیزبەوە، لە سنووری بەرگەڵو نەمابوو و کتێبەکەی بە چاپکراوی نەبینیوە، وەک خۆی باسی کردووە پاش ٣٦ ساڵ لە کتێبخانەی بنکەی ژین کتێبەکەی بینیوەتەوە و پاش خوێندەوە و پێداچوونەوە و چاککردنی هەڵە و ڕێنووس و خاڵبەندی، جارێکی دیکە بە شێواز و دیزاینێکی نوێوە، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، لە ساڵیادی مەرگی شاعیری گەورە (شێرکۆ بێکەس)دا بڵاوکراوەتەوە.

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەشێکی کتێبەکە بریتییە لە ژیاننامە و قسەکردن لەسەر ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەس کە بە پێنووسی خۆی نووسراوە و لەوێدا دەڵێت: لە گەرمەی شەڕوشۆڕ و ئاگربارانی دۆزەخە گەورەکەی جەنگی دووەمی جیهانیدا، لە دوو مایسی ١٩٤٠ دا، لە شاری سلێمانی، گەڕەکی گۆیژە- گاوران لەدایک بووم.

ئیدی لەوێوە زۆر بە وردی باس ژیانی خێزانی و کێشە و ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژگارەمان بۆ دەکات کە  دوای مردنی باوکی، لانەی ژیان و گوزەرانیان شێواوە، پاش ئەوەی لە شاری هەڵەبجەوە دێنەوە بۆ سلێمانی ئەمیان خستۆتە قوتابخانەی (فەیسەڵیە)ی سەرەتایی کوڕانەوە: ژیانی منداڵی و مێردمنداڵی و هەرزەکاریم بریتییە لە زنجیرەیەک ئازار و پەڕاوەزەبوون و نامۆیی و هەژاری و بێدەرەتانی، هەرکاتێک ئاوڕ لەو سەردەمانە دەدەمەوە، بە دەردی شاعیر گوتەنی (تروسکەیان تیا بەدی ناکەم) لەو دەمەدا و تا گەورە بوونی خۆم و هەردوو خوشکەکەیشم یەکێک لەو هاوڕێیە دڵسۆزانەی باوکم، کە زۆر لێی دەپرسینەوە و یارمەتی دەداین و بەتەنگ ژیانمانەوە بوو و سەری دەداین و دڵنەوایی دەکردین، سیاسی و ئەدیبی گەورە (ئیبراهیم ئەحمەد) بوو.

هەر بە پێنووسی شێرکۆ بێکەس خۆی دەیگێڕێتەوە کە ئەو کاتەی مەلیک فەیسەڵی دووەم، سەردانی سلێمانی کردووە، ئەم تازە چووەتە ئامادەیی پیشەسازی، قوتابخانەی پیشەسازیش ئەوکاتە دوا بینای ئەوپەڕی شار بوو: دوای گەیشتنی کەژاوە و ئوتۆمبێلەکەی مەلیک، ئیتر دوابەدوای ئەو ئۆتۆمبێلێکی تر هات بوو بە هەرا و خەڵکەکە خرۆشا و هاواریان دەکرد (بژی مەلیکی کوردستان) جەماوەرەکە شوێن ئۆتۆمبێلەکەی شێخ مەحموودی نەمر کەوتن و بەرەو ژوور بوونەوە، منیش لەگەڵیاندا.

کاتێک خوێنەر دەچێتە نێو وتووێژە هەمنەکلایەنەکەی نێوان هەڤاڵ کوێستانی و شێرکۆ بێکەسەوە، بەر گەلێک پرسیاری هەستیار و گرنگ دەکەوێت و گەلێک وەڵامی بەپێز و کاریگەری دەست دەکەوێت، یەکێک لەو پرسیارانەی کە بە بڕوای من هەمیشەی و ئەزەلییە، ئەو پرسیارەیە کە لەسەر پەیوەندیی نێوان شیعر و سیاسەت دەکرێت، لەم کتێبەدا کتومتهەڤاڵ کوێستانی دەپرسێت: هەر وا بە گشتی پەیوەندیی نێوان شیعر و سیاسەت چۆن دەبینیت؟

لە وەڵامدا شێرکۆ بێکەس دەڵێت: وا بە گشتی ڕەنگە نەتوانم بە وردی دەست بخەمە سەر ئەسڵی مەبەست، لەگەڵ سڵەمینەوەیەکی زۆریشدا ئەگەر بشێ بڵێم: سیاسەت کۆمەڵێ مەفاهیم و بیردۆز و بەرنامەی کار و زانستە و ئەو هونەری بەڕێوەبردن و ڕابەریکردنەیە کە هەر قۆناغ و پلەیەکی مێژوویی بەپێی بارودۆخە کۆمەلایەتیەکەی خۆی، بەپێی بەرژەوەندی و ململانێی چینایەتی، نەتەوایەتی. ڕوانینە گشتی و تایبەتییەکانی پێچەوانە دەکاتەوە، ئەوا بە سڵەمینەوەیەکی زیاتریشەوە دەڵێم: ئەدەبیش بریتییە لە ڕەنگدانەوەی ئیحساسات و هەستی ئەو تاکەکەسانەی کە لە ڕێی زمانی نەتەوەییەوە بەهرەی خود و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و تاقیکردنەوەیان سەرچاوەن بۆ دەربڕینێکی بەرزی هونەری و وجوودە کۆمەڵایەتییەکەش لە بنەڕەتدا دەستنیشانی سیما گشتی و تایبەتییەکانی دەکات، ئەگەر سیاسەت زمانی زانست بێت، ئەوا ئەدەب زمانی هەست و نستە و پەیوەندیی ئەدەب و و سیاسەتیش پەیوەندییەکی دیمانیکی و لەیەکدانەبڕاوە و وەک پەیوەندیی دڵ  ومێشک وایە.

ئەم کورتە نووسینە ناتوانێت دنیا فراوانەکەی ئەم کتێبە بخاتە ڕوو، باشتر وایە خوێنەر خۆی دەست بە خوێندنەوەی بکات، بێگومان ئەم کتێبە ئەزموونێکی جوانە و لێوەی لە گەلێک چەمک و دەستەواژە و بابەتی گشتیی و هەمەلایەن فێر دەبین.

ناردن: