ژیان و بەرهەم و پەیوەندییەکانی ڤۆڵتێر
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە باش و دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (ڤۆڵتێر ژیان و بەرهەم و پەیوەندییەکانی) کە لە لایەن کۆمەڵێک نووسەری جیهانییەوە نووسراون و هەورامان وریا قانع وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم کتێبە شۆڕبوونەوەیەکی ورد و قووڵە بە ژیان و ئەزموون و هزری فەلسەفیانەی گەورە فەیلەسووفی فەڕەنسی (ڤۆڵتێر) دا، هاوکات لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا، هەندێک لە وتە بەنێوبانگەکانی ڤۆڵتێر دانراوە، بە گشتی دەتوانین بڵێین ڕۆحی ڤۆڵتێر لەم کتێبەدا بەرجەستە بووە، دید و بۆچونە فیکری و فەلسەفییەکانی ئەو بۆ ئایین و دەسەڵات و کۆمەڵگە، بەشێکی بنچینەیی ئەم کتێبە پێک دەهێنن.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: ڤۆڵتێر ئەو پیاوەی نەیتوانی بەبێ نووسین بژی، ڤۆڵتێر و تاراوگە ئینگلیزییەکەی، نامەکانی ڤۆڵتێر و پاشا فرێدریکی دووەم، کارەساتی لیشبۆنە لە نێوان ڤۆڵتێر و ڕۆسۆدا، هەڵوێستی ڤۆڵتێرلەمەڕ ئیسلام، ڤۆڵتێر و مەسەلەی یانسیبەکە بەرهەمەکانی ڤۆڵتێر و چەندین ناونیشانی دیکە.
لەم کتێبەدا ئەوە خراوەتە ڕوو کە مێژوونووسانی ئەدەب، نازناوی (فەیلەسووفی ڕۆشنگەرییان) بە ڤۆڵتێر بەخشی، چونکە بە بۆچوونی ئەوان ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە دژایەتی کردنی فیکری دەمارگیری و چەقبەستووی سەردەمەکەیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم فەیلسووفە، تا ئەو کاتەی لە ژیاندا بوو، ڕێزی لێ نەگیرا: بگرە لەبەر ئەوەی ڕەخنەی توندی لە خراپەکارییەکانی سەردەمەکەی دەگرت، لە لایەن هەردوو دەسەڵتی کڵێسا و کۆشکەوە دژایەتی دەکرا و کەسێکی بێزراو بوو.
لە یەکێک لە وتارەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەدا بە ناوی (ناوە خوازراوەکەی) ئاماژە بۆ ئەوە دراوە کە پەیوەندیی نێوان ڤۆڵتێر و باوکی پەیوەندییەکی باش و تەندروست نەبووە، باس لەوەش کراوە کە ئەم کوڕ و باوکە دوو تیێڕوانین و دوو دیدی جیاوازیان بۆ ژیان و بۆ چۆنیەتی ڕیکخستنی مرۆڤ بۆ ژیانی خۆی هەبووە، هەریەکەیان بە جۆرێک بیری لە خۆی و ئایندەی خۆی کردووەتەوە، بە تایبەت ڤۆڵتێر کە هەرگیزنەیدەویست حەز و ویستی باوکی جێبەجێ بکات و ببێت بە یاساناس و پارێزەر: ڤۆڵتێر لەبەر ئەوەی خاوەنی بوێرییەکی لەڕادەبەدەر و زمانێکی تەنزئامێز بوو، زۆر جار بەوە تۆمەتبار دەکرا کە گەنجەکان و ڕای گشتی بە لا ڕێدا دەبات و سووکایەتی بە ئایین دەکات، ئەوەش تۆمەتێکی حازربەدەستی هەموو سیستمێکی سیاسیی ستەمکارە و چەکێکی هەرزانە بە دەست پیاوانی ئایینییەوە.
لە یەکێکی دیکە لە وتارەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەدا بە نێوی (ڤۆڵتێر و تاراوگە ئینگلیزییەکەی)دا، ئاماژ بۆ ئەوە کراوە کە ناکرێت باس لە فیکر و دیدی ڕۆشنگەرانی ڤۆڵتێر بکەین ئەگەر قسە لەسەر ڕۆێشتنە ناچارییەکەی بۆ ئینگلتەرە نەکەین کە نزیکەی سێ ساڵی خایاندووە: هەموو ئەوانەی لە ئەدەب و هەڵوێستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ڤۆڵتێر دەکۆڵنەوە و بەرهەمەکانی هەڵدەسەنگێنن، کۆکن لەسەر ئەوەی سێ ساڵی تاراوگەی ئینگلتەرە، قۆناغێکی یەکلاکەرەوەیە لە ژیانی فیکریی ڤۆڵتێردا، تەنانەت هەندێک لە شارەزایانی ژیانی ئەم کەڵە نووسەرە لەو باوەڕەدان ئەگەر ڤۆڵتێر نەڕۆیشتایە بۆ ئینگلتەرە، ئەوا ئەو ڤۆڵتێرەی ئێستای لێ دەرنەدەچوو، کە هەنووکە دەیناسین.
ئەم ناساندنە کورتە، تەنها هەوڵێکە بۆ تیشک ستنە سەر لایەنێکی کەمی ئەم کتێبە گرنگە، دەکرێت خوێنەری ژیر و وریا خۆی بیخوێنێتەوە پەیی بە قوڵایی و ڕەهەندی زیاتر ببات، چونکە ئەم کتێبە گەلێک گشتگیرە و هیچ لایەنێکی هزری و کۆمەڵایەتی و فەلسەفیی ڤۆڵتێر نەماوە تیشک نەخرابێتە سەری.
فرانسوا ماریی ئەرۆیت، کە بە نازناوی ڤۆڵتێر ناسراوە، لەدایکبووی ٢١ی تشرینی دووەمی ١٦٩٤ە و ٣٠ی ئایاری ١٧٧٨ کۆچی دوایی کردووە، ڤۆڵتێر، ڕووناکبیر، نووسەر، مێژوونووس و فەیلەسووفێکی فەڕەنسی بوو، ئەو بە ڕەخنەکانی لە مەسیحییەت، بە تایبەت کاتۆلیک، ناوبانگی دەرکردبوو، ھەروەھا پارێزەرێکی لێبڕاو بووە لە مافەکانی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ئایین و جیاکردنەوەی کڵێسا لە دەوڵەت.
ئەو یەکێک بووە لەو فەیلەسووفانەی پێداگریی لە مافی تاک کردووە و دژایەتی تەواوی مەسیح و بڕوای مەسیحییەتی کردووە، بەڵام کەسێکی بڕوادار بووە و بڕوای بە خودا هەبووە، ڤۆڵتێر دەسەڵاتی ئەوان و پادشاکانی چەرخی ناوەڕاستی بە پەرداخێک بیرە ناساندووە.
ڤۆڵتێر لە ژیانی تایبەتیی خۆیدا، سەرەڕای کتێب و وتار، خاوەنی گەلێک نامەی تایبەتییە، کە کۆی گشتییەکەی زیاترە لە ٢١ هەزار نامە. کەسایەتیی ڤۆلتێر لە ڕێگەی ئەو نامانەی کە نووسیویەتی، بە شێوەیەکی باشتر شرۆڤە دەکرێتەوە و دەناسرێت. هەندێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە؛ وزە و کراوەیی بۆ گۆڕان، سەرنج نەدانە سەر بنەما ئەخلاقییەکان و بە بڕیاربوون بۆ گەورە کردنەوە و دوانە ئاخاوتن بۆ هەڵهاتن لە ڕەخنەی دوژمنان، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەوە.
لە ناو ژمارەیەكی زۆر لە فەیلەسووفەكانی ئەو سەردەمە، ڤۆلتێر، بە یەكێك لە بیریارە مەزنەكانی سەردەمی ڕۆشنگەری دادەنرێت. كاتێك ناوی ئەو فەیلەسووفە دێت، ڕاستەوخۆ ناوێكی تر دیتە بیرمان ئەویش (کاندید)ە (رۆمانێكی تەنزئامێزە) و لە ماوەی ڕابردوودا ئم ڕۆمانە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، كە بە یەكێك لە سەركەوتووترین كتێبەكانی جیهان دادەنرێت و ئەوە پیشان دەدات كە ڤۆلتێر نووسەرێكی ڕۆشنگەر بووە.
لەگەڵ ئەوەشدا هەموو نووسینەكانی ڤۆلتێر، كاركردنە لەسەر ڕەتكردنەوەی: دەسەڵاتی ڕەها، دڵڕەقی مرۆڤ، جیاكاری، شەڕ و … چەندان بابەتی تر. سەرەڕای ناوەڕۆكی نووسینەكانی بەكار بردنی (زمانی هەجوو=ساتیر) لە لایەن ڤۆلتێرەوە، بە یەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی ئەو فەیلەسووفە دادەنرێت، كە بە هۆیەوە توانی سەرنجی خەڵكی بۆ لای خۆی ڕابكێشێت.
ڤۆڵتێر پێی وا بوو، لۆجیک، بیرکردنەوەی ستاندەرد و ڕێکخراو، دەکرێت جێبەجێ بکرێن، بەسەر تەواوی بوارەکان و چالاکییەکانی مرۆڤدا، ئەم تێگەیشتنە هانی بەرپرسانی زۆربەی بوارەکانی داوە، هزر و بیرۆکەکانیان، تەنانەت دوای ئەزموونێکی درێژ لە ناڕەحەتی، وەک هەریەک لە فەیلەسووفانی پێش خۆی، ڤۆڵتێر لەژێر کاریگەریی ژمارەیەک فەیلەسووفی پێش خۆیدا لەسەر بووە، ئەوانەی ڤۆڵتێر پێیان سەرسام بووە، بریتین لە (نیوتن و لۆک) ڤۆڵتێر حەزی لەو تیۆرانە نەبووە، کە ئەزموون و تێبینیکردن، پشتڕاست کراونەتەوە، لەبەر ئەم هۆیە خۆی تیۆری دادەنا. هاوشێوەی مۆنتسیکۆ، ڤۆڵتێر سەرسام بووە بە دامەزراوەکانی بەریتانیا، هەروەها سەرسام بووە بە یاسای لێبوردنی بەریتانی.
ڤۆڵتێر ئاماژەی بەوە داوە، کە بەریتانیا سوودی لە فرەیی وەرگرتووە، بە بۆچوونی ئەو ئەگەر بەریتانیا خاوەنی یەک ئایین بوایە، ئەوە هەر بە ستەمکاری دەمایەوە. هەروەها ئەگەر بەریتانیا خاوەنی دوو ئایین بووایە، ئەوە هەردوو ئایین دەستیان دەنایە بینەقاقای یەکتر، بەڵام بە هۆی بوونی زیاتر لە ٣٠ ئایین، بەریتانیا بووەتە وڵاتی خۆشی و لە خۆشیدا دەژیێت. هەر وەک چۆن ڕووحی یۆنان بە خۆشی ژیاوە.
ڤۆڵتێر دژی هەموو جۆرە کۆیلایەتییەک بووە، هیواخواز بووە دەسەڵاتداران حوکمی خەڵک بکەن و بە شێوەیەکی تۆلێڕانس بەرژەوەندی خەڵکی بخەنە پێش بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە.