ئەگەر ئەمە مرۆڤ بێت
ڕانانی: سەردەم
یەکێکیتر لە کتێبە باش و دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (ئەگەر ئەمە مرۆڤ بێت) ئەم کتێبە چیرۆکی تراژیدی و مەرگەساتی هەزاران جولەکە دەگێڕیتەوە کە بە دەست نازییەکانی ئەڵمانیاوە چێشتوویانە و لە ژوورەکانی گازدا خنکێنراون، یاخود لەژێر باری سەختی کاری تاقەتپڕوکێن و برسێتی و سەرمادا، لە جەستەیان تەنیا کۆمەڵێک ئێسکەپەیکەر ماوەتەوە.
ڕووداوەکانی ئەم کتێبە واقیعین و لە لایەن یەکێک لە دەربازبوانی ئەو جینۆسایدەوە نووسراوەتەوە بە ناوی (پریمۆ لێڤی) و لە لایەن وەرگێڕی بە سەلیقە (سەیوان محەمەد) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لە ڕاستیدا ئەم وەرگێڕە پێشتر کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی هاوشێوە بەپێزی کردووە بە کوردی، من وای بۆ دەچم هیچکام لەو کتێبانەی دیکە، هێندەی کتێبی (ئەگەر ئەمە مرۆڤ بێت) کاری تێ نەکردووە و لە ساتەوەختی وەرگێڕانیدا نەیهەژاندووە، چونکە ئەو منداڵی سەردەمی ئەنفال و جەنگ و جینۆسایدی کوردە، بە دیاریکراوی لە ناوچەی گەرمیان، پێم وایە یەکێک لەو هۆکارانەی وای لە (سەیوان محەمەد) کردووە ئەم کتێبە وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی، خودی قەبارەی گەورەی جینۆسایدەکەیە و تێگەیشتنییەتی لە ئاکامە مەترسیدارەکانی، بۆیە هاتووە ئەم حیکایەتە تراژیدییەی کورداندووە… وەرگێڕی ئەم کتێبە ئاماژەی بەوەش داوە کە پریمۆ لێڤی، بە نیگای تیژیەوە لە تۆمارکردنی ڕووداوەکانی تاریکترین دۆزەخی سەدەی بیستەم، زۆر جار بە دانتی بەراورد دەکرێت. وەک دانتی، وێنەی پانۆرامایی دۆزەخەکەی خۆیمان بۆ دەکێشێت، بە وریاییەوە جوگرافیا و یاسا و ڕێساکانی دەخاتە ڕوو و بە بایەخێکی گەورەوە دانیشتوانی ئەم دۆزەخە مرۆڤکردە بەسەر دەکاتەوە. لەناو حەشاماتی لە بن نەهاتووی نغرۆبواندا، چیرۆکی ئەو ژمارە کەمەی ڕزگاربوانمان بۆ دەگێڕێتەوە کە چەشنی کارەکتەرەکانی دانتی تێکەڵەیەکن لە کەسانی جێی بەزەیی و کەسانی تۆقێنەر، کە هەریەکە و وێنەی هەمان ئەو ڕۆحە سەرگەردانانەی دانتی، چیرۆک یان ڕەفتاری تایبەتی خۆی هەیە، کە یارمەتیدەریانە لە گەرووی ئەم ماشێنی مەرگەدا بە زیندوویی بمێننەوە. چیرۆکەکانیان پێمان دەڵێت رزگاربوان نە باشترین و نە بلیمەتترینی بەندکراوەکان بوون، بەڵکو هەریەکە و ڕێکەوت هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساندبوون فێڵێک بدۆزنەوە و لە ڕێگەیەوە درێژە بە مانەوەیان بدەن.
«ئەگەر ئەمە مرۆڤ بێت» سەربوردەی تایبەتمەندییە لە مێژینەکەی مرۆڤە کە: ستەمکارییە، چیرۆکی دەعجانیبوونی مرۆڤە بە کاریگەریی بەڵای ئایدیۆلۆژیا، گێڕانەوەی باسی تاوانە ترسناکەکانی دەرەنجامی گەمژەیی ڕەگەزی پاک و باڵایە، دەرحەق بە هەر ئەوێکی تر کە بڕیاری دابێت نەهێڵێت لە ئەو بچێت.
“ئەگەر ئەمە مرۆڤ بێت” یەکێکە لە کتێبە جوان و خەمگینەکانی ئەدەبیاتی ئیتاڵیی سەدەی بیستەم. یادداشتە ڕۆمانێکی (پریمۆ لێڤی) نووسەرە کە یەکێک بوو لە ڕزگاربوانی کامپی بونا- مۆنۆڤیتزی سەر بە کۆمەڵە کامپی ئاوشڤیتز. لێڤی، سەربوردەی ڕۆژگاری ژێردەستەیی و ستەمی حوکمی نازییەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە، دەمێک نازیزم و فاشیزم ئایدیۆلۆژیای زاڵ و دەسەڵاتداری ئەوروپا بوون و جیهانێکیان خولقاند کە جێگەی هیچ ڕەنگێکی تری تێدا نەدەبووەوە.
ئەم جۆرە لە ئەدەبیات بۆ ئێمە گرنگە، چونکە ئێمەش هەتا ئەمڕۆ لە لایەک قوربانیی دەستی دونیابینیی فاشیستییانەی نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەرین و مێژووی دوور و نزیکیشمان پڕە لە کارەسات و تاوانی تۆقێنەر، کە فەرامۆش کردنیان و جێهێشتنیان لە سەردابی لە بیرچوونەوەدا مەترسیی گەورەتر لەسەر ئێستا و داهاتوومان دروست دەکات، لە لایەکی تریشەوە تەوژمێکی مەترسیداری تاکڕەنگ و بێباوەڕ بە جیاوازی و فرەیی وا خەریکە بە تەواوی سەردەکێشێ و هەموو شتێک لە دوو بەرەی ڕەش و سپیدا پۆلێن دەکات و هەر ڕەنگێکی تر بە زیادە و ناپێویست لە قەڵەم دەدات.
لێرەوە وەرگێڕانی ئەم جۆرە دەقانە دەبێت دەلاقەیەک بێت تا تێبگەین ئێمەیش لە کوێین و بە چیدا تێپەڕیوین و دەکرێت چی لەپێشماندا بێت.
لە ڕاستیدا ڕووداوەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، بۆ سەرەتای ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە ئەو کات (لێڤی) واتە دانەری ئەم کتێبە، گەنجێکی تەمەن بیستوچوار ساڵان بووە، لەگەڵ نزیکەی 650 کەسدا لە جووەکانی باکووری ئیتاڵیا، لە لایەن نازییەکانی ئەڵمانیاوە بەرەو ئاوشیڤیتیز دەگوێزرێنەوە، کاتێک دەگەنە ئەوێ، ئیدی ژن و منداڵ و پیر و گەنج لێک جودا دەکرێنەوە، ئەوانەی خودان لەشێکی پتەو و بەهێز، ڕووبەڕووی سەختترین کاری زۆرەملێ دەکرێنەوە، ئەوانی دیکەش دەخرێنە ژووری گاز و بە کۆمەڵ دەیانخنکێنن، نووسەری ئەم کتێبە، کە خۆی شایەتحاڵێکی زیندووی ئەوێ ڕۆژگار و ئەوێ ڕووداو و مەرگەساتە بووە، لە ئەگەری چەندین جار مردن ڕزگاری دەبێت و بە ڕێکەوت پای ناخزێتە نێو چاڵە تاریکەکانی مەرگەوە، ئەو مایەوە لە ژیاندا تا بە بەشەرییەتی سەر گۆی زەوی بڵێ لە کامپەکانی مەرگ و ژوورە ترسناکەکانی خنکاندندا چی گوزەراوە، مایەوە تا بۆمان بگێڕێتەوە جەنگ چەند ڕووخسارێکی ناشرینی هەیە و چۆن مرۆڤ دەکات بە دڕەندە و بەها و ئەخلاق و جوانییەکان دادەماڵێت.
بە گشتی ئەم کتێبە بۆ خوێنەری کورد ئێجگار گرنگە، چونکە خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ ڕووداوەکانیدا هەیە، بە تایبەت کە کوردیش جینۆساید کراوە و بەشێک بووە لەو نەخشە دۆزەخییەی بۆ قڕکردنی مرۆڤ کێشراوە و بە چاوی خۆی ئەو مەرگەساتەی بینیوە، کە جووەکان لەسەر دەستی نازییەکان چێشتوویانە، بەڵام ڕەنگە ئێمە هێشتا نەمانتوانی بێت مێژووی تراژیدی و چیرۆکە غەمگینەکان و حیکایەتی خوێن لێ چۆڕاوی جینۆساید وەک خۆی، بەڵام لە فۆڕمێکی هونەریدا بگێڕینەوە و ئێمەش دەنگی غەمگینیی خۆمان و چیرۆکی زیندەبەچاڵ کردن، ئەنفال و کیمیاباران، بگەیەنین بە گوێی دونیادا،.
بێگومان ئەم کتێبە ڕاستەوخۆ دەچێتە چوارچێوەی ئەدەبی جینۆسایدەوە، گرنگیی ئەم فۆڕمە لە ئەدەب و گێڕانەوە لەوەدایە کە تۆماری ڕۆژگارێکی ترسناکمان بۆ دەکات و گۆشەیەکی تر لە مێژوو و سەرزەمینێکی دیکەی بە سووتماک کراومان پیشان دەدات، یەکێک لە کۆڵەکە بنچینەییەکانی ئەم ئەدەبە، بوونی گێڕەڕەوەیەکە وەک شایەتحاڵ و بینەرێکی بەرجەستە و ئازارچەشتوو.