چەند سەرنجێک دەربارەی ئێزیدییەکانی تورکیا
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێب باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە لەگەڵ کۆمەڵێک کتێبی دیکەی تازەی جۆراوجۆردا، بڕیارە لە ڕۆژی 17/11/2022 لە پێشانگای ێودەوڵەتیی کتێب، لە شاری سلێمانی بخرێنە ڕوو، کتێبی (چەند سەرنجێک دەربارەی ئێزیدییەکانی تورکیایە، بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، مێژوویی و سیاسین و لە لایەن خۆرهەڵاتناسی ناوداری ڕووس (کارتسۆڤ یوری سێرگێیڤیچ)ەوە، نووسراوە و (سوارە شاکەلی) ڕاستەوخۆ لە زمانی ڕووسییەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
بە پێی زانیارییەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، (کارتسۆڤ) ساڵی ١٨٧٩ نێردراوە بۆ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تاوەکو بەشدار بێت لە خزمەتی دیبلۆماسیدا، هەر وەکو خۆیشی ئاماژەی پێ کردووە، لە کتێبی (حەوت ساڵ خزمەتکردن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا) نووسیویەتی: لە پاییزی ساڵی ١٨٧٩ فەرمانی دەستبەکار بوونم وەک یاریدەدەری قونسوڵ لە کۆنستەنتینۆپڵ دەرچوو، هەرچەندە کارەکەم ئەرکێکی دیبلۆماسی نەبوو، بەڵام مووچەکەم سێ هەزار ڕۆبڵ بوو لە ساڵێکدا، ئەم پارەیە بۆ ئەو کاتەی من گەلێ زۆر بوو.
ئەم ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسییە. ساڵی ١٨٨٦ وەک یاریدەدەری قونسوڵی موسڵ دەستبەکار بووە، دواتر پلەی بەرز کراوەتەوە بۆ قونسوڵ لە فەلەستین، پاشان وەک ئەندامی دەستگای هەواڵگیریی دیبلۆماسی لە سربیا دەستبەکار بووە.
هەر پێی ئەو زانیاریانەی لە نێو دووتوێی ئەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو، ئەم ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسیە خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی ڕامیاری و مێژووییە کە بریتین لە:چەند سەرنجێک دەربارەی ئێزیدییەکانی تورکیا تەفلیس، ڕێکخستنەوەی کاروباری بازرگانی سوڤێلکی، حەوت ساڵ خزمەتکردن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، سیاسەتی دەرەوە وەک بەشێک لە سامانی میللی، ئەرکەکانی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا تیۆریای سیاسەتی دەرەوە و بەکارهێنانی لە لایەن ڕووسیاوە، دیبلۆماسییەت لە پشت پەردەوە، هۆکارەکانی هەڵگیرساندنی جەنگی ١٨١٢، سێبەری ڕابردوو.
لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا بە ناوی (ئەفسانە و بیروبۆچوونەکان دەربارەی بیروباوەڕی ئایینی ئێزیدی و ناوەڕۆک و جەوهەری ئەم ئایینە) تیشک خراوەتە سەر ئەوەی ڕەچەڵەک و بیروباوەڕی ئایینی ئێزیدی، تەنها چیرۆک و ڕا و سەرنج لە بەردەستدان، بونیادنەری ئەم بیروباوەڕە بۆ (شێخ عادی)ی خەڵکی هەکاری دەگەڕێننەوە، کە باوکی ناوی موسافیرە، ئەو بە سەرکردایەتی هاوبیرەکانی هێرشی کردووەتە سەر دێری کریستانییەکان بە ناوی یوحەنای پیرۆز لە لالش: ئەوانەی بیروبۆچوونیان جیاوازە لەگەڵ ئەو بیروبۆچوونەی، کە ڕەچەڵەکی ئێزیدی دەگەڕێننەوە سەر خەلیفە یەزد، باسێکی دیکە دەگێڕنەوە. لە نێوان حسێنی کوڕی عەلی خەلیفەی موسڵمانان و یەزدی کوڕی معاویەدا لەپێناو بەدەستهێنانی کورسیی دەسەڵاتدا جەنگ بەرپا بووە.
هەر لەم بەشەدا دانەری کتێبەکە کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ دەخاتە ڕوو و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە زەردەشت لە وڵاتی فارسەوە هاتووە بۆ گوندی بەعشیق، کە دوانزە فرسەخێک لە شاری موسڵەوە دوورە و گۆڕەکەی هەر لەوێیە، ئێزیدییەکان (حەسەن) بە (فێخدۆشیم) ناو دەبەن، لەبارەی ئەم زەردەشتەوە حیکایەتی زۆر هەیە و دەڵێن: سێ پیری مەزن و دانا، لە پەیمانی نوێدا، ناویان هاتووە، شاگردی زەردەشت بوون و هەر بە بڕیاری زەردەشتیش چوونەتە (بەیت لەحم) بۆ کڕنووش کردنی ڕزگارکەر(مەبەست عیسای مەسیحە.)
لە بەشێکی دیکەدا بە ناونیشانی (ئەفسانە و بۆچوونەکان دەربارەی ئەوەی پاش تۆفان چی ڕووی دا؟) ئەم ڕۆژهەڵاتناسە باس لەوە دەکات کە ئایینی ئێزیدی قبووڵی ناکات هیچ کەسێک بێتە سەر بڕواکەیان، واتە یاساغ کراوە ببیت بە ئێزیدی، دەبێت بە ئێزیدی هاتبیتە دونیاوە، بەڵام چینەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی تێکەڵ و پێکەڵی بوون، ئەگەر نوح ئێزدانیی بووبێت، کەواتە وەچەکانی ئادەم لەناو چوون: زۆرێک لەو ئێزیدیانەی کە تا ئەو کاتە بڕوای ئایینی خۆیان دەشاردەوە، لەو کاتەوە باوەڕی ئایینی خۆیان ئاشکرا دەکەن، خەڵکی نیشتەجێی ناوچە شاخاوییەکانی (دورزی) ویستیان ببنە پەیڕەوکەری ئایینەکەی یەزد، بەڵام یەزد ئەوانی قبووڵ نەکرد، تا ببنە پەیڕەوکەر و شوێنکەوتەی ئایینەکەی، یەزد لە دیمەشق سێسەد ساڵ ژیاوە، مەلەک تاوس ڕاستەوخۆ لەگەڵ خۆیدا بردوویەتی بۆ ئاسمان.
هەر لەم کتێبەدا و لە بەشێکدا بە ناوی (پێکهاتەی ناوخۆیی چینەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی) ئەوە خراوەتە ڕوو کە ئێزیدییەکان لەو کۆمەڵانەن، کە پێویست ناکات خۆیان هەوڵ بدەن نەوەی کۆمەڵێک بهێننە پێشەوە، بەڵکو باوەڕەکەیان هەموو ئەم پرسەیان یەکلایی کردووەتەوە، بڕوایان بە میرزا بەگی بیریانە، کە ڕەچەڵەکی دەچێتەوە سەر ئێزدا: بەم شێوەیە دەسەڵاتی ئەرستۆکراتی بنەماڵەکەیان بە ڕەچەڵەک دەچێتەوە سەر شەش مەلیکی خواوەندی.
بە پێی ئەو زانیارییە مێژووییانەی تاوەکو ئێستا لەبەردەستدان، هەندێك لە توێژەران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە ناوی “ئیزیدییەكان” لە ناوی “یەزیدی كوڕی معاویە”وە هاتووە، بیگومان بەڵگەیان هەیە و کاتێ كێشە لە نێوان بەرەی “عەلی كوڕی ئەبوتاڵب” و “معاویەی كوڕی ئەبو سفیان” دروست بوو، كاتێ دەسەڵات كەوتە دەست معاویە، دوای ٢٠ ساڵ معاویە مرد و یەزید دەسەڵاتی گرتە دەست. لە ئەنجامی فراوانكردنی دەسەڵاتی عەرەب لە ڕێگەی ئایینی ئیسلامەوە، یەزید بۆ كوردستان پەلی هاوێشت و زۆربەی ناوچەكانی فەتح كرد. بەهۆی ئاووهەوا و سروشتی كوردستان یەزید بڕیاریدا لە كوردستان بمێنێتەوە و نیشتەجێ بێت. لە ئاكامی ئەو فەتحەدا، خەڵكی كوردستان ئامادە نەبوون خۆیان بە دەستەوە بدەن، بۆیە لەگەڵ سوپای یەزید شكان و چەندان ژن و كچیان وەكوو كەنیزەك و غەنیمە كەوتە دەست، ئێزیدییەكان نەوەی یەزیدی كوڕی معاوییەن.
ئێزیدی خاوەنی ئایینێكی تایبەتن و زۆربەی ئێزیدییەكانی جیهان، لە باشووری كوردستانن، لە دەڤەری شێخانی نێوان موسڵ، پارێزگای دھۆك و دەڤەری شنگالی سەر سنووری سووریادا دەژین. ئێزیدی لە ناوچەی تریشدا دەژین، ئێزیدییەكی زۆر هەڵهاتن بۆ ئەرمەنستان و گورجستان لە سەدەی ١٩ و ٢٠دا لە دەست چەوساندنەوەی ئایینیان لەلایەن ئەو توركە عوسمانی و كوردە سونیانەی, كە دەیانویست بیان كەن بە موسڵمان. یەزیدیەكانیش توشی گەلەكوژی و قەڵاچۆكردن هاتن لەگەڵ ئەرمەنەكان, لە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا. ئەمەش وایكرد كە زۆرینەیان هەڵبێن بۆ ئەو بەشەی ئەرمەنستان, كە لەژێر دەستی ڕووسیادا بوو. یەكەمین خوێندنگای ئێزیدی لە ئەرمەنستان كرایەوە لە ١٩٢٠.
بەهۆی ئەو گرژیە ڕەگەزییەی, كە لە ئەنجامی شەڕ لەگەڵ ئازەربایجاندا دروست بوو، ئێزیدییەكان پێوەندییەكانی بە كوردە موسوڵمانە هەڵهاتووەكانەوە هەڵوەشاندەوە و پاشگەز بوونەوە، هەوڵیاندا خۆیان وەك نەتەوەیەكی جیا دامەزرێنن. ئێزیدییەكان هاونیشتیمانی بوونی خۆیان وەك ئەرمەنستانییەك نیشاندا لە شەڕی ناگۆرنۆ-قەرەباغدا, كە زۆریان مردن لە خزمەتی سەربازیدا. بەپێی سەرژمێری ٢٠٠١، نزیكەی ٤٠،٦٢٠ ئێزیدی لە ئەرمەنستان هەن. ڕاپۆڕتەكان لەسەر پێوەندی نێوان ئێزیدییەكان و حكومەتی ئەرمەنیدا جۆراوجۆر بوون. بەپێی ڕاپۆرتێكی ٢٠٠٤ی بەڕێوەبەرایەتی دۆخی مافی مرۆڤی ئەمەریكی، ئێزیدییەكان هەراسانكراون لە ئەرمەنستان. ڕێژەیەكی بەرز لە منداڵی ئێزیدی ناچن بۆ خوێندنگە بەهۆی نەبوونی و نەبوونی مامۆستا, كە بە زمانی دایكیان بدوێ. بەپێی ڕاپۆرتێكی ٢٠٠٧ی بەڕێوەبەرایەتی دۆخی مافی مرۆڤی ئەمەریكی، “سەرۆكی ئێزیدییەكان ناڕەزایی ئەوەیان نەبوو, كە پۆلیس و لێپرسراوانی ناوخۆیی كۆمەڵگاكەیان دەچەوسێننەوە، وەك لە ساڵانی پێشودا ڕویدابوو”.
شایانی باسە بە درێژایی مێژوو، ئێزیدییەکان ٧٢ جار تووشی کوشتن و هێرشی کۆکوژی بوونەتەوە، بە هۆی ئەمەشەوە ئێزیدییەکان لە وڵاتەکانی دیکە بڵاوبوونەتەوە و زۆرێکیان بە ناوچەکاندا بڵاوەیان کردووە، و بەو هۆیەشەوە گەلێکی داخراون و لەنێو خۆیاندا کۆکن و هەمیشە پێکەوەن، لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە هێرش کرایە سەریان و سەدان کەسیان کوژران و هەزارانیان لە شەنگال ئاوارەبوون و زۆرێک لە کچەکانیش وەک کاڵا فرۆشران لە بازاڕەکانی مووسڵ و سووریا.
ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی بچووکی کتێبەکە، بە یوام خوێنەر خۆی لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بێبەش نەکات، چوونکە لە ڕووی ڕەهەندی سیاسی و مێژووییەوە، گەلێ زانیاری بەسوود و ناوازەی تێدایە.