ژنێک هەمیشە دڵی لای جەلالەدینی ڕۆمییە

Loading

ژنێک هەمیشە دڵی لای جەلالەدینی ڕۆمییە

گفتوگۆ لەگەڵ ئەلیف شەفەق دا

ڕانانی: ئیدریس عەلی

یەکێکی دیکە لە کتێبە دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (گفتوگۆ لەگەڵ ئەلیف شەفەق دا) و لە لایەن (عەزیز ڕەووف)ەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم کتێبە بریتییە لە وتووێژێکی فرە ڕەهەند، لەگەڵ ئەو ژنە ڕۆمانووسە تورکییەدا، کە لە ئێستادا یەکێکە لە دەنگە دیار و کۆڵەکە پتەوەکانی ئەدەبی تورکی و لەسەر ئاستی جیهانیشش، بە هۆی وەرگێڕانی ڕۆمانەکانیەوە، بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی دنیا، ناوبانگێکی گەورەی هەیە و جگە لەوەی کە وەک نووسەرێکی کاریگەر ناسراوە، هاوکات وەک کەسێکی فیمینیست، هیومانیزم، سۆفی و ڕۆحانی، هەم نووسین، هەم خاوەنی دونیابینی و تێگەیشتنی قووڵی خۆیەتی، ئەم چەمکانەش بە تەواوی بەسەر ڕۆمان و نووسینەکانیەوە ڕەنگی داوەتەوە، بە دیاریکراویش هەردوو کتێبی (زۆڵەکەی ئیستەنبووڵ و چل ڕێساکەی عەشق) کە تێمای گشتیی یەکێکیان، سەبارەت بە دونیای تەسەوف و عیرفانیی مەولانا و شەمسە، ئەوی دیکەیان سەبارەت بە کوردە، هاوکات بەرگریکارێکی لێبڕاوی مافەکانی مرۆڤ و دوژمنی سیاسەتی جوداخوازی، ئاپارتاید، چەوساندەوەی کەمەنەتەوەییەکان و ڕێزگرتنە لە فرۆڤ لە دەرەوەی چوارچێوەی ئایین و نەتەوە و ڕەگەز و ڕەنگە لە تورکیا، هاوکات لە زۆر هەڵوێستدا، بەرگریی لە کورد و ئەرمەنەکانی تورکیا کردووە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، جگە لە پێشەکییەکی کورتی شاعیر و وەرگێڕ (دلاوەر قەرەداغی) ئەم ناونیشانانەشی لەخۆ گرتووە: ئەلیف شەفەق کێیە؟ چیرۆک و یادەوەریی منداڵی، ژن و خوێندنەوە، چیرۆک و شتە بچووکەکان، ئەدەب و چیرۆک، پۆپۆلیزم خوشکایەتی و مافەکانی ژن، سەردەمی نائومێدی، چل ڕێساکەی عەشق، ئەدەب و عەشق، چیرۆک لە سەردەمی کۆرۆنادا.

بێگومان گرنگیی ئەم جۆرە وتووێژانە لەوەدایە کە دیوی ناوەوە و پنتە پەنهانەکانی ژیانی داهێنەرانمان بۆ ئاشکرا دەکەن، پەردە لەسەر ئەو نهێنیانە هەڵدەماڵن، کە نووسەر لە هیچ کام لە بەرهەمەکانیدا دەستی بۆ نەبردوون و ئاشکرای نەکردوون، پرسیاری ورد و بە سەرنج، وەڵامی قووڵ و فرەلایەنی بەرهەمدەهێنێت، جا ئەگەر بێتو کەسی پرسیارکەر، باکگراوندێکی ڕۆشنبیریی هەبێت و بە وردی و سەرنجەوە، بەرهەمەکانی ئەو کەسەی خوێندبێتەوە کە وتووێژی لەگەڵدا دەکات، یاخود شارەزای ژیان و سترەکچەر و پەیوەندی و دونیای پڕ لە سیحر و نهێنی کەسی بەرامبەری بێت، ئەوا بێ هیچ دوودڵییەک، دەتوانین بڵێین کە ئەو وتووێژە، جگە لە ئاستی چێژبەخشین، لەسەر ئاستی زانیاریش، خەیاڵی خوێنەر دەوڵەمەند دەکات.

بێگومان دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە و وتووێژەکانی نێو کتێبەکە، لە جۆری ئەو کتێبانەن کە خوێنەر دەتوانێت لە هەر کات و قۆناغێکی ژیانیدا، بیخوێنێتەوە و هەر جارە و بەر کۆمەڵێک زانیاری و ڕۆشنبیری و چێژ بکەوێت، چونکە وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێ دا، وتووێژەکە لەگەڵ خانمە ڕۆمانووسێکی بەناوبانگدا ئەنجام دراوە، کە ئێمە پێشتر بە هۆی وەرگێڕانی ڕۆمانەکانییەوە بۆ سەر زمانی کوردی، شارەزای دونیای ئەدەبی و خەیاڵ و تەکنیک و زمانی شیعری و ئەفسوونی گێڕانەوەکانی بووین، بە دیاریکراوی ڕۆمانی (چل ڕێساکەی عەشق) کە دەشێت بە جوانترین ڕۆمانی ئەلیف شەفەق ناوزەد بکرێت.

وتووێژەکە بە شێوەکی گشتی لە یەک بازنەی دیاریکراودا قەتیس نەکراوە، بەڵکو کۆمەڵێک بازنە و قۆناغ و پانتایی فراوانی گرتووەتەوە، هەر لە سەردەم و قۆناغی منداڵییەوە، تا سەرەتاکانی ئەزموونی نووسین و ئاشنابوونی بە کتێب و خوێندنەوە و گەیشتن بە ناوبانگ، ئەلیف لەم کتێبەدا گەلێ نهێنیی ژیانی خۆی ئاشکرا دەکات، باسی ئەو سەردەمە دەکات کە منداڵ بووە بە هۆی جیابوونەوەی دایک و باوکییەوە، لەگەڵ دایکیدا، لە وڵاتی فەڕەنساوە، کە زێدی لەدایکبوونی بووە، گەڕاونەتەوە بۆ تورکیا، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لەگەڵ دایکیدا لە ماڵی داپیرەی منداڵییەکی پڕ لە دەرد و ڕووداو و غەم و تەنیایی و ترسناک ژیاوە، بە هۆی ئەوەی داپیرەی ژنێکی جادوباز و فاڵگرەوە و ترسناک بووە.

لە ڕێی ئەم کتێبەوە خوێنەر ئاشنا دەبێت بەوەی ئەم خانمە داهێنەرە، لە ڕۆژگاری سەختی منداڵیی خۆیدا، ئەو ترس و دڵەڕاوکە و تەنیاییەی کە وەک فۆبیا و مۆتەکە، ئاوقای ڕۆحی بوون، لەنێو لاپەڕەی کتێبەکاندا ڕەواندوونیەتەوە و کتێبی کردووە بە تاکە چارەسەرێک، بۆ خۆ دۆزینەوە و چوونە سەر ڕێچکە ڕاستەقینەکەی ژیان.

ئەلیف شەفەق ڕۆماننووس و نووسەری بە توانای تورکی لەدایکبووی ساڵی 1971ـی وڵاتی فەڕەنسایە، تەمەنی هەرزەکاری لە شاری مەدریدی وڵاتی ئیسپانیا بەسەربردووە، پاشان لەگەڵ دایکی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی تورکیا، کاتێك تەمەنی یەك ساڵان بووە، دایك و باوکی جیابوونەتەوە، دایکی ئەرکی پەروەردە کردنی کەوتووەتە ئەستۆ، هەر بۆیە ناوی دایکی “شەفەق” وەکو پاشگریی ناوەکەی هەڵگرتووە، جیابوونەوەی دایك و باوکی کاردانەوەی زۆری لەسەر کەسایەتی هەبووە، زۆر بە کەسایەتی دایکی سەرسام بووە هەر ئەمەش وایکردووە کە داکۆکیکارێکی سەرسەخت بێت لە مافەکانی ژنان.

یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی “شاراوە” لە ساڵی 1998 بڵاوکردووەتەوە و خەڵاتی ڕۆمی بۆ باشترین بەرهەمی ئەدەبی تورکی پێ بەخشراوە، ڕۆمانی “چاوتێبڕین” خەڵاتی باشترین ڕۆمانی یەکێتیی نووسەرانی تورکی بەدەست هیناوە، لە ساڵی 2000، ئەمانە و چەندین خەڵاتی تری نێوخۆیی و جیهانی گرنگی بەدەست هێناوە، بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دکتۆرای هەیە لە زانستە سیاسییەکان، هەروەها هەڵگری بڕوانامەی ماجستێرە لەسەر جێندەر و ژنان.

“ژنان مەزنترین کەسن بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان” ئەمە وتەی ئەلیف شەفەقە، فێمینیزمە و باوەڕی بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە، بوێرانە لەسەر کێشە و نەهامەتییەکانی ژنان نووسیویەتی و داکۆکی لە مافی ژنان کردووە، بە ڕوونی ئەم چەمکە بە نووسینەکانیەوە دیارە، بابەت و ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی بە زۆری لە چەشنی  عیرفانییەت و سۆفیگەرییە، زۆر کاریگەرە بە مێژووی کۆنی تورکیا.

هەروەها ئەلیف شەفەق باس لەو چینوتوێژانەی کۆمەڵگە دەکات کە ژێردەستە و ستەملێکراون، هەروەکوو لە “ڕۆمانی شەڕەف” کارەکتەرە سەرەکییەکانی نێو ڕۆمانەکە کوردن، هەروەها ڕۆمانی “زۆڵەکەی ئیستەنبوڵ” باس لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان دەکات، هەر بۆیە لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە ڕووبەڕووی دادگا کراوەتەوە و بەرهەڵستی کراوە.

بە گشتی،  ئەلیف شەفەقی ڕۆماننووس، 16کتێبی بڵاوکردووەتەوە، هەشتیان ڕۆمانن، بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و تورکی نووسینەکانی بڵاوکردووەتەوە، بەرهەمەکانی وەرگێڕانی بۆ کراوە و ناوبانگێکی زۆریان هەیە و لە ڕیزی پڕفرۆشترین کتێبەکانی جیهانن.

ڕۆمانی چل ڕێساکەی عەشق

ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی 2009 نووسیوە لە ساڵی 2012 وەرگێڕانی زمانی عەرەبی بۆ کراوە، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لە نێو خوێنەران، ئەم ڕۆمانە، ئەلیف شەفەقی بە جۆرێك ناساند، کە ئێستا ناوی ئەلیف پەیوەستە بەم ڕۆمانەوە، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە عیرفانییەت و سۆفیگەری دەکات، بە بەستنەوەی چیرۆکی سەرەکی ڕۆمانەکە بە دوو سەردەمی جیاواز، یەکێکیان لە ساڵی 2008ـە باس لە چیرۆکی خۆشەویستی نێوان دوو کەسی جیاواز دەکات، دووهەمیان لە سەردەمی سیازدەیەمە باس لە گەشتەکەی جەلالەدینی ڕوومی و شەمسی تەبرێزی دەکات بۆ دۆزینەوە و بەدەستهێنانی خوشەویستی و عیشقی ڕەها.

ڕۆمانی شەڕەف

ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی 2011 نووسیوە، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە چەمکی شەڕەف دەکات لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان، کە چۆن شەڕەف تەنها پەیوەستە بە ژنانەوە، هەروەها باس لە پیاوسالاری و ستەم و زۆرداری پیاوان دەکات.

ڕۆمانی زۆڵەکەی ئیستەنبوڵ

ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی 2006 نووسیوە، ناوبانگی زۆری دەرکردووە و چەندان چاپی لێکراوە، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە ستەمکاری و کوشتاری سەردەمی عوسمانییەکان دەکات دژ بە ئەرمەنییەکان، بەهۆی ئەم ڕۆمانەوە ڕووبەڕووی دادگا کراوەتەوە بە تۆمەتی سووکایەتی کردن بە وڵاتی  تورکیا.

ڕۆمانی کوڕەی شەیدا و مامۆستاکە

ئەم ڕۆمانەی باس لە چیرۆکی خۆشەویستی نێوان کوڕە هیندییەك و مامۆستایەکی تورکی تەلارساز دەکات ناوەڕۆکەکەی بە گشتی باس لە گەڕان بە دوای ڕاستی و عیشق دەکات، هەروەها ئاستەنگەکانی خۆشەویستی وەکوو پێگەی کۆمەڵایەتی و ئاین و نەتەوە دەخاتەڕوو.

هەرسێ کچەکەی حەوا

ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی 2016 نووسیوە، بە شێوەیەکی فەلسەفی و قووڵ باسی چەمکی ئیمان و ئیلحاد و باوەڕ دەکات.

ڕۆمانی هەڵکشان و داکشان

لە ساڵی 2005 ئەم ڕۆمانەی نووسیوە، باس لە پێگە و جیاوازی ژن و پیاو دەکات، بوێرانە کێشە و نەهامەتییەکانی ژنان دەخاتەڕوو، هەروەها داکۆکی لە ماف و ئازادی ژنان دەکات.

شیری ڕەش

ئەم کتێبەی لە ساڵی 2007 نووسیوە، لە چەشنی یادەوەرییە، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە گێڕانەوەی ئەزموونی تایبەتی خۆیەتی لەگەڵ خەمۆکی پاش لە دایکبوونی منداڵەکەی.

گرنگترین بەرهەمەکانی کە وەرگێڕانی کوردییان بۆ کراوە

چل ڕێساکەی عەشق

گوڵی ساردۆنیا

شیری ڕەش

زۆڵەکەی  ئیستەنبووڵ.

شەڕەف

کوڕەی شەیدا و مامۆستاکە

چاوتێبڕین

 

ناردن: