شانۆی کلاسیک بۆ منداڵانی کورد
خوێندنەوەی: سەردەم
“منداڵ” و “منداڵیی” لە بێنازترین کایەکانی دنیای ئێمەن، ئێمەی کورد. هەڵبەت دەکرێت دواپێچ و گەزی تەمەنیش، واتە “پیری” بەم بێنازییە زیاد بکرێ، بەڵام کتێبەکەی بەردەستمان ڕووی بە دنیای منداڵانە و ئەو دنیا ناسکە دەدوێنێت.
کتێبی “شانۆی کلاسیک بۆ منداڵانی کورد” لە وەرگێڕان و ئامادەکردنی چیرۆکنووس و وەرگێڕی بە سەلیقە “فاروق هۆمەر”ە، فاروق هۆمەر ساڵانێکە چ بە نووسین و چ بە وەگێڕان، لە هەردوو بواری چیرۆک و شانۆدا خزمەت دەکات و جێدەستی دیارە. لەم کتێبەدا چەپکێک دەقی شانۆیی پێشکەش بە منداڵانی کورد دەکات، لە دەستپێکی ئەم کتێبەدا فاروق هۆمەر دەنووسێت: “ئەم کورتەشانۆیانەی لەم کتێبەدا دەیانخوێنیتەوە، لە گەلێک سەرچاوەی جیاوازەوە هێنراون و هەندێکیان چیرۆک بوون و خۆم کردوومن بە شانۆ، هەندێکیان بۆ خۆیان شانۆ بوون و بە گەلێک شێوازی جیاواز و لە لایەن گەلێک نووسەرانی جیاوازەوە هەبوون. من جارێکی دی بە جۆرێک دامڕشتوونەتەوە، کە بۆ منداڵانی کورد بگونجێن. […] ئەو شانۆییانەی ئێرە بە جۆرێک ڕەچاو کراون، کە بۆ قۆناغە جیاوازەکانی منداڵ بگونجێن، هەر لە قۆناغی پێش چوونە قوتابخانە، تاکو سەرەتاکانی قۆناغی سەرەتایی و بەرەو سەرەوە و مێردمنداڵیش.”
کتێبەکە لە سێ بەش و چوار پارچە پێک هاتووە، لە هەر سێ بەشەکەدا چەندان کورتەشانۆ هاتوون، هەریەک لە پارچەکانیش لەژێر ناونیشانی “ئەو کورتەشانۆییانەی سێ منداڵ ڕۆڵی تێدا دەبینن”، “ئەو کورتەشانۆییانەی چوار منداڵ ڕۆڵی تێدا دەبینن”، “ئەو کورتەشانۆییانەی پێنج منداڵ ڕۆڵی تێدا دەبینن” و “ئەو کورتەشانۆییانەی شەش منداڵ ڕۆڵی تێدا دەبینن”، لەژێر هەر پارچەیەکیشدا چەند نمونەی کورتەشانۆ هەن. بە گشتی دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە هێجگار دەوڵەمەندە، ژمارەیەکی زۆر کورتەشانۆی لەخۆ گرتووە، کە دەتوانرێت لە ڕێی ڕاهێنان و خوێندنەوەوە، خزمەتی گەورە بە دنیای منداڵان بکات.
لێرەدا سێ خاڵ دەستنیشان دەکەین کە پێویستە لە ئەدەبیاتی منداڵدا ڕەچاو بکرێن و هەریەک لەم خاڵانەش لەم کتێبەدا، بەوپەڕی ئاگایانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.
یەک: زمان لە شانۆی منداڵاندا
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی نووسین بۆ منداڵان، بێگومان زمانە، نووسەر دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەربڕین و کەرەستە زمانییەکاندا بکات، ئەمە بۆ سەرجەم ئەو بوارانە ڕاستن کە بۆ منداڵ دەنووسرێن، چ شیعر، شانۆ، چیرۆک، سروود، ئۆپەرێت، تا دەگات بە زانست و بوارەکانی دیکەش. فەرهەنگی زمان لای منداڵ سنووردار و بەرتەسکە، توانای تێدەگەیشتنی لە ئاستێکی دیاریکراودایە و کردنەوەی کۆد و ڕەمزەکان زەحمەت و قورسن، نووسەرانی ئەدەبیاتی منداڵان پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵە بن، زمان لە ئاستێکی ئاڵۆز و میتافۆری و گەمەی زمانەوانیدا بەکار نەبەن، بەڵکو حسابی ئەوە بکەن کە ئەم کارە بۆ منداڵە نەک گەورە، نووسەر دەبێت لە زمانێکی بەرز و ئەدەبییەوە بۆ ئاستێک لە زمانی منداڵ دابەزێت، تا گرفتی لێک تێنەگەیشتن ساز نەبێت، ئەمە تەنانەت لەو دەقانەشدا کە گەورەساڵان تێیدا کارەکتەرن و قسە لەگەڵ منداڵان دەکەن، دەبێت ئەو نوختەیە بپارێزرێت، بەو واتایەی نووسەر بتوانێت بچێتە بەرگی منداڵانەوە و لە زاری ئەوانەوە دنیاکەیان پێشان بە خۆیان بداتەوە و هاوکات هاوکاریان بێت لە ڕۆنانی دنیایەکی باشتر و ڕەنگاڵەییتر. لەم کتێبەدا چەندان نموونە و دەقی شانۆیی هەن کە وەرگێڕ و ئامادەکار توانیویەتی سەرکەوتووانە ئەو ئیمکانە لە زمانە لە زمانی کوردیدا بدۆزێتەوە و خەسڵەتەکەی لای منداڵ ببینێتەوە، بۆ نموونە، با پێکەوە ئەم دیالۆگە کورتە بخوێنینەوە:
داپیرە: نەشمیل! نەشمیل! ئەوە تۆی گەڕایتەوە!
نەشمیل: ئەوە منم داپیرە.
داپیرە: بۆچی ئەوەندە زۆرت پێ چوو؟
نەشمیل: من لەناو دارستانەکە زۆرم پێ چوو، ئای داپیرە من زەنبیلە تووەکەیشم لەوێ بیر چوو.
داپیرە: گوێی مەدەرێ. دەتوانین پێکەوە بەیانی بڕۆین و بیهێنینەوە. من دڵم خەریک بوو بکەوێتە خوارەوە. خاڵت پێی گوتم دوێنێ گورگی لەناو دارستانەکەدا بە دوو چاوی خۆی دیوە. من هەر دەمگوت تۆ بڵێی ئەمڕۆ نەشمیلی من تووشی گورگ بووبێ! ئەگەر گورگی تووش بووبێ ئەوا پارچەی لێ ناهێڵێتەوە.
نەشمیل: ئۆی داپیرە! من دەزانم هەموو گورگەکان کیژۆڵە بچکۆلەکان ناخۆن.
دوو: خەیاڵ لە ئەدەبیاتی منداڵاندا
خەیاڵ و بەگەڕخستنی خەیاڵ، کۆڵەکەی ئەدەبیاتی منداڵانە. خەیاڵ لە دەقی منداڵانەدا دەبێت هاندەر و بزوێنەر بێت، وا بکات منداڵ بەرەو وێناکردنی بەرزەفڕ ببات، خەیاڵێک کە هەڵقوڵاوی دنیاکەی خۆی بێت و لە کەرەستە و شتە ڕۆژانەییەکانی بەردەستی خۆیەوە سەرچاوە بگرێت. خەیاڵ لە ئەدەبیاتی منداڵدا بەو واتایەیە کە لە شتە ئاشناکانەوە باز بەرەو نائاشنا و فەنتازیا ببرێت، هاوکات بە جۆرێکیش بێت کە منداڵ بتوانێت لە مێشک و بیرگەی خۆیدا بەرجەستەی بکاتەوە. لە هەورێک پاسیکیل و لە دارستانێک درەختی جووڵاو و لە بێشیەکدا ژیانێکی هەمەئاهەنگی پێکەوەیی ئادەمی و ئاژەڵی و… ئەم دەقە شانۆییانەی لەم کتێبەدا هاتوون هێجگار خەیاڵبزوێن و سەرنجڕاکێشن، لە کەرەستە سادەکانی دەوروپشتی منداڵ دەیان وێنەی خەیاڵی بەرزەفڕانە نوێندراوەتەوە، لێرەدا نموونەیەک لەو دەیان نموونە وەردەگرین.
گورگ: بەیانیت باش کڵاوسوور.
کڵاوسوور: بەیانیت باش گورگ.
گورگ: بەم بەیانییە زووە بە نیازی بۆ کوێ بڕۆیت؟
کڵاوسوور: دەڕۆم بۆ ماڵی داپیرە.
گورگ: ئەی لەناو زەنبیلەکەی دەستت چیت هەڵگرتووە؟
کڵاوسوور: داپیرەم زۆر ناساغە، پارچەیەک کێک و شووشەیەک شەربەتی بۆ دەبەم. دایکم تایبەت بۆ ئەوی دروست کردووە تا بە خێرایی چاک بێتەوە.
گورگ: داپیرە لە کوێ دەژیی، کڵاوسوور؟
کڵاوسوور: ماڵی داپیرە نیو سەعات لێرەوە دوورە، ماڵەکەی لای سێ داربەڕووە گەورەکەوەیە. بەو سێ داربەڕووە گەورانەدا هەر کەس بیەوێ ماڵەکەی دەناسێتەوە.
سێ: سروشت و ئاژەڵ لە ئەدەبیاتی منداڵاندا
پەیوەندی منداڵ لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی دەوروبەری، پەیوەندییەکی جیاواز و تایبەتە، ئەو هەمان تەماشای گەورەیەکی نییە بۆ دەوروبەر، بەڵکو بە جۆرێکی منداڵانە و هاوسۆزیی دەیانبینێت. سروشت و ئاژەڵ لەو دوو دانەیەن کە منداڵان لە ڕووبەڕووبوونەوەیاندا دڵخۆش و سەرسام دەبن، جارێک وەک هاوڕێ و جارێک وەک کەرەستە و جارێکیش وەک بەشێک لە خۆیان لێیان دەڕوانن. لە ئەدەبیاتی منداڵاندا ئاژەڵ گفتوگۆ دەکەن و منداڵان دەدوێنن، ڕووبار و جۆگە و دارستان و باخچە و دەشتایی و شاخ و گردەکان نموونەی دیاری سروشتی کوردستانن، چۆلەکە و مشک و بۆق و ڕێوی و بووکی دەریا و مریشک و کەروێشک و مانگا و… درەخت و باڵندە دەبنە ڕێنوێن و دەستی خەیاڵی منداڵ دەگرن و دوو دوور دەیبەن. دنیای زیندەوەران و ئاژەڵانن، کە منداڵان پێیان خۆشە گەمەیان لەگەڵدا بکەن و خاوەندارێتییان هەبێت. لە ئەدەبیاتی منداڵاندا هەریەک لە سروشت و ئاژەڵان پێگە و جێگەیەکی بەرچاویان هەیە، لەم ئەدەبیاتەدا ڕووبار هەڵدەبەزێتەوە و گیا گلەیی دەکات و بەفر دیاری دەبەخشێتەوە، کەروێشک قسە دەکات و چۆلەکە گۆرانی دەڵێت و بەراز سەما دەکات و کەرکەدەن دەردەدڵی هەیە و فیلیش ئۆپێرا دەخوێنێت. هەر لە ڕێی دیالۆگ و بەگەڕخستنی ئاژەڵ و سروشتەوە ڕۆحێکی هاوبەشانە و هاریکاریانە لای منداڵان دەردەخرێ، کە هەڵگری ئایدیای پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە یەکدییە، هاوکات رۆحێکی بەرزی پەروەردەییشە، کە منداڵ فێر دەکات ئازاری سروشت و ئاژەڵان نەدات، لە کاتێکدا ڕوونە کە لە دنیای ئێمەدا بە چ چاوێک و دەستێکی بێبەزییانەوە زیان بەو دووە دەگەنرێت. زۆربەی زۆری شانۆکانی دووتوێی ئەم کتێبە لە زاری ئاژەڵ و باڵندە و دارستان و دەشتایی و باخچەوە نووسراون، دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە دنیای ئەفسووناوی سێینەی منداڵ، سروشت و ئاژەڵ/باڵندەکانە.
شوێن: ناو دارستان.
فیل: ئازیزم، دەبێ هەرچی زووە یەکێک بدۆزینەوە.
پڵنگ: یەک چی؟
فیل: چیرۆکبێژێک بۆ پاشای گیانداران. ئەو داوای چیرۆکبێژێکی کردووە، کە یەک لە دوای یەک و بێ ماندووبوون و وەستان چیرۆکی بۆ بگێڕێتەوە. لە ڕاستیدا کارێکی نەکردەیە.
حوشتر: بەڵێ، بەڵێ، ئەگەر چیرۆکبێژێکی وای بۆ پەیدا نەکەین ئەوا هەموومان دەکوژێت.
پڵنگ: بەڵێ شێر پاشای گیاندارانە. هەرچی ئەو بڵێ ئەوا گەڕانەوەی بۆ نییە. نازانم دەبێ چی بکەین.
فیل: پاشا هەر کاتێک بیەوێ کەسێک بکوژێ، کەس ناتوانێ ڕێی لێ بگرێت.
ڕێوی: با کەمێک بیری لێ بکەینەوە.
(وچانێک)
ڕێوی: دۆزیمەوە. بڕۆن بە پادشا بڵێن چیرۆکبێژێکی باشیان بە ویستی خۆی بۆ دۆزیوەتەوە.
***
بەو پێیەی شانۆ کردەی جووڵەیە لە جەستە و دەنگدا و دنیای منداڵانیش پڕجووڵە و هەرایە، بۆیە شانۆ یەک لە ژانرە نزیک و لەبەردڵانەکانی منداڵە، کەناڵێکە دەتوانرێت ڕۆڵێکی پەروەردەیی بگڕێت و هەر لە تەمەنێکی زۆر کەمەوە بخرێتە بەرنامەی ڕۆژانەی زارۆکان. سوودوەرگرتن لەم کتێبە دەکرێ لە چەندان ڕێگەوە بێت، بۆ نموونە بە شێوەی کردەنی نمایش لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە و کازیوەکاندا بە شێوەی گرووپ و پۆل، بە سەرپەرشتی مامۆستایانی هونەر، دەست بکرێ بە دانانی دیکۆر و جلوبەرگی تایبەت، تەنانەت دەکرێت لە کۆڵان ماڵەکانیشدا بە بەشداری دایک و باوک و خوشک و برای گەورە، کەشێکی شانۆگێڕیانە بۆ منداڵان ساز بکرێ، بەمەش هەم یارمەتیی دەدرێن دنیا ناسکەکەی خۆیان بژین، هەم وزە و توانایشان کەشف دەکرێ و پەرەی پێ دەدرێ.