جیهانی دووەم دەسەڵات و دەستڕۆیشتن لە سیستەمی نوێی جیهاندا
جیهانی دووەم
دەسەڵات و دەستڕۆیشتن لە سیستەمی نوێی جیهاندا
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی دیکە لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (جیهانی دووەم دەسەڵات و دەستڕۆیشتن لە سیستەمی نوێی جیهانیدا)بابەتی ئەم کتێبە جیۆپۆلەیتکە و لە لایەن (پاراگ خانا) نووسراوە و نووسەر و وەرگێڕ (هەڵکەوت عەبدوڵڵا) لە عەرەبییەوە بەراورد بە تێکستە ئینگلیزییەکە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بێگومان لە ڕابردوودا کتێبخانەی کوردی سەرچاوەی لەم بابەتە کەم بووە تیایدا، خۆشبەختانە دەتوانین بڵێین لە ئێستادا بە هۆی ئەم کتێبە دەوڵەمەندەوە ئەو بۆشاییە پڕ کراوەتەوە و دەشێت ببێت بە سەرچاوە بۆ چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوە.
سەرەتا دەبێت پشت بەو سەرچاوانە ببەستین کە باس لە جیۆپۆلەتیک دەکەن و پێناسەی دەکەن بۆ مان: جیۆپۆلەتیک لقێکی جوگرافیای سیاسییە، لە “جیۆ” بە واتای زەوی و “پۆلەتیک” بە واتای سیاسەت پێکھاتووە. زاراوەی جیۆپۆلەتیک بۆ یەکەمین جار لەسەر زاری مێژوونووسی بەریتانی (ڕۆدۆلف کیلین) دا ھاتە کایە، پاشان بنەماکانی ئەم زانستە لە لایەن ژەنەڕاڵی ئەڵمانی (کارل ھاوسھۆڤەر)ەوە، داڕێژرا و پەرەی پێ درا. جەنگ جیۆپۆلەتیکی دروست کرد، بۆیە تەنانەت ھێندێ جار جیۆپۆلەتیک بە جەنگ بەراورد دەکرێت.
جیۆپۆلەتیک تایبەتە بە لێکۆڵینەوەی دەوڵەت لە تێڕوانینی سیاسەتەوە، بەڵام وەکو چەمکێکی جێگیر و نەگۆڕ تەماشای دەوڵەت ناکات، وەکو زیندەوەرێکی زیندوو لێی دەڕوانێت. جیۆپۆلەتیک لە گۆشەنیگایەکی نەتەوەیی و زاتییەوە، پەیوەندییە ئاڵوگۆڕەکانی نێوان شوێن و ھەر یەکە لە دیمەنی سروشتیی (زەوی) و دیمەنی مرۆیی (دانیشتوان) و دیمەنی شارستانیی (توانا و تەکنۆلۆجیا) دەکۆڵێتەوە. گەوھەری جیۆپۆلەتیک لێکۆڵینەوەی پەیوەندی سیاسەتی نێودەوڵەتییە لە سایەی ھەلومەرج و پێکھاتە جوگرافییەکاندا. لە ڕاستیشدا جوگرافیا و توخمە جوگرافییەکان کرۆکی تیۆری جیۆپۆلەتیکن. جیۆپۆلەتیک ئەو تیۆرییەیە کە لە ھێزی دەوڵەت پێبەپێی زەوی دەکۆڵێتەوە، یاخود تیۆری گۆڕانکارییە ڕامیارییەکانە بەپێی پەیوەندییان بە زەوییەوە. ڕۆدۆلف کیلین، ئاوا پێناسەی جیۆپۆلەتیک دەکات “زانستێکە لە پەیوەندی نێوان ڕووداوە ڕامیارییەکان و زەوی دەکۆڵێتەوە” بەڵام بە بۆچوونی نیکۆلاس سپایکمانی ئەمریکی، جیۆپۆلەتیک نەخشەدانانە بۆ سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەت لە چوارچێوەی فاکتەرە جوگرافیاییەکاندا. جیۆپۆلەتیک لە گۆشەنیگایەکی تایبەتەوە لە تانوپۆکانی ستراتیج دەکۆڵێتەوە، ئەو پێی وایە ستراتیج فەلسەفەی ھێزە؛ بۆیە زەرورەت یاسا ناناسێت. ھەر لە بەر ئەوەشە جیۆپۆلەتیک گرنگی گەورە بە داواکانی دەوڵەت دەدات لە ڕووی ڕووبەرەوە و ڕووبەری دەوڵەت بۆ پێنج توخمی سەرەکی دابەش دەکات کە بێ دابینکردنی ئەو پێنج توخمە، دەوڵەت ناتوانێت ھەست بە دڵنیایی بکات، ئەوانیش توانای خۆبژیوی، زیندەبوار، بیرۆکەی ھەرێمگیریی، ململانێی نێوان ھێزەکانی ئاو و وشکایی و سنووری ڕامیارییە. ئەگەرچی جیۆپۆلەتیک لە جوگرافیای ڕامیارییەوە سەری ھەڵدا، بەڵام جیاوازی گەورەشیان لە نێواندایە… جیۆپۆلەتیک بە پێچەوانەی جوگرافیای ڕامیارییەوە، ئەوەندەی گرنگی بە بارودۆخ لە پاشەڕۆژ دا دەدات، ھێندە گوێ بە ئەمڕۆ نادات. جیۆپۆلەتیک وێنەی دەوڵەت بەو شێوە دەکێشێت کە پێویستە ببێت، لەکاتێکدا جوگرافیای ڕامیاری لە قەوارەی ئێستای دەوڵەت وەکو ئەوەی ھەیە، دەکۆڵێتەوە.
ھاوسھۆڤەر دەڵێت: جوگرافیای ڕامیاری لە ڕووی ڕووبەرەوە لە دەوڵەت دەکۆڵێتەوە، بەڵام جیۆپۆلەتیک لە ڕووی دەوڵەتەوە لە ڕووبەر دەکۆڵێتەوە،یان جوانتر پێناسەی بکەین جوگرافیای ڕامیاری بریتیە لەو سنورە جوگرافیایەی کە ئێستا ھەیەتی و دەسەڵاتی بەسەرداھەیە،بەڵام جیۆپۆلەتیک بریتیە لەوسنورەجوگرافیایەی کەلەداھاتوو دا دەیبێت دوای ھێلکاری ڕامیاری وپلانە داڕێژراوەکەی،وەک جوگرافیای میسر پێش ھەڵکەندنی نۆکەندی سوێس و دوای ھەڵکەندنی نۆکەندی سوێس کە چەندەگۆڕا،
شەڕی یەکەمی جیھانی بە یەکەم بەخاڵی وەچەرخانی گرنگ دادەنرێت لەو زووەوە زۆرتر لە ئەڵمانیادا بایەخ درا بە جوگرافیای ڕامیاری. (کارل ھاوسھۆڤەر ١٨٦٩-١٩٤٦) بە میراتگری بیری (کیڵن) دادەنرا لە ئەڵمانیادا. ئەگەر کیڵن بە داھێنەری جیۆپۆلەتیک دابنرێت، ئەوا کارل ھاوسھۆڤەر دەبێتە رێنیشاندەری. بیروبۆچوونەکانی ھاوسھۆڤەر ھەتا رادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەریی (بواری جوگرافیای)دا بوو، ئەو پێی وابوو ئەو بوارە کار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەکات. دەوڵەتیش دەبێت فراوان بێت، ئەگینا لەناو دەچێت. بەڕای «کارل ھاوسھۆڤەر» بنەماکانی دەوڵەت خۆی لە چوار لایەنی گرنگی جیۆپۆلەتیکیدا دەبینێتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە: (ژمارەیەکی زۆری دانیشتوان، رێژەی بەرزی لەدایک بوان، یەکیەتیی بەھێز لە نێوان خوێن و خاکی دانیشتوانەکەیدا، ھاوسەنگیی دادپەروەرانە لە نێوان شار و لادێدا.) روودانی جەنگی یەکەمی جیھانی وای کرد لەو ویلایەتە یەگکرتووەکانی ئەمریکا ئەم لقە سەرھەڵبدات و گەشە بکات. حکوومەتی ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر لە جوگرافی زانەکانی ئەمریکیایان راسپارد کە لێکۆڵینەوە بکەن لەسەر گرفتەکانی وڵاتە ئەوروپییەکان ئەمە لە سەرەتادا لەناو (کۆمەڵەی ئەمریکایی) دابوو. دواتر لەناو ئەو ئەندامانەدا بوو لەگەڵ نێردراوەکەی سەرۆک (وڵسن) چوون بۆ کۆنگرەی ئاشتی، ھەرچەندە ئەم جوگرافی زانە ئەمریکاییانە پێشتر رانەھاتبوون لەسەر ئەم جۆرە لێکۆڵینەوە و توێژینەوانە . (بۆمان) پێشەنگی جوگرافیناسەکانی ئەمریکییەکان بوو لەم بوارەدا کتێبەکەی جیھانی نوێ ببووە سەرچاوەی سەرەکی بۆ کێشەکانی دوای جەنگی یەکەم (بۆمان) یەکێک بوو لەو پسپۆرە دەگمەنانەی کەلە دانوستانەکانی دوای جەنگی یەکەم ئامادە بوو راوێژکاری سەرۆک (رۆزفڵت) بێت لە جەنگی دووەمی جیھانیدا. ھەر لەناو ویلایەتە یەگکرتووەکانی ئەمریکادا ژمارەیەکی تر دەرکەوتن وەک (درونت و تیلسی) و (ریتچارد ھارتشۆرن) و (ڤان ڤالکنبرگ) و (نۆرمان پونتس)و کەسانی تر. لەناو ئەورووپا لەگەڵ (ماکنیدەری) بریتانیادا کەسانی دیکە دەرکەوتن وەک (سفیجک)ی یوگسلافی و (دیمارتۆنی) فەرەنسی.
بە گشتی بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: پەیوەندیی ئیمپڕاتۆریانەی دوولایەنە، ڕۆچوونی ڕۆڵی ڕووسی، ئۆکرانیا لە سنوورەوە بۆ بەرد، ڕێگای ئاوریشم و گەمەی مەزن، کازاخستان بەختەوەری فرەهێڵی بۆرییەکانی نەوتە… و چەندین ناونیشان و تەوەری دیکە، کۆی کتێبەکە پێکدەهێنن.
نووسەر لە پێشەکییەکی دوورودرێژ و پڕ لە زانیاریی چڕ و پڕدا، ئاماژەی بەوە داوە کە ئێستا چیتر وشەی ئیمپراتۆرییەت دەستاودەست ناکرێت، چونکە ئەو پێی وایە ئیمپراتۆرییەتەکان میراتێکی ناخۆشەویستی دەستدرێژیکردن و چەوساندنەوەیان پێک هێناوە، کە تووڕ دراوەتە ناو زبڵدانی مێژووەوە: لەبەر ئەوەی دوای دووەمین جەنگی جیهانی، بەریتانیا و فەڕەنسا و پرتوگال، لە ئەفەریقا و ئاسیا دەستبەرداری کۆڵۆنییەکانیا بوون و نەوەدەکانی سەدەی پێشووش، هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤێتیان بەخۆوە بینی.
لە بەشێکی کتێبەکەدا بە نێوە (ڕێڕەوی قەوقاز) نووسەر پێی وایە ناوچەی قەوقاز وەک درێژکراوەیەکی بێ بایەخی ئەنادۆڵ دەردەکەوێت، چونکە پارچە زەوییەکی بەردەڵانییە لە نێوان دەریای ڕەش و دەریای قەزوێندا، کە هەژموونی ئیمپراتۆرییەکانی توکی و ڕووسی و فارسی دەیشارنەوە: لەگەڵ ئەوەشدا مسۆگەر کردنی شادەمارە نوێکانی نەوت بۆ خۆرئاوا: لە دەریای قەزوێن و ئاسیای ناوەڕاستەوە، پێویستی بە کۆڵۆنیکردنی کۆمارە بێدەرەتانەکانی دوای سەردەمی سۆڤێتی هەیە، وەک جۆرجیا و ئەرمینیا و ئازەربایجان.
ئەم کتێبە بە گەلێ زانیاریی نوێ و باس نەکراو ئاشنامان دەکات و پێمان دەڵێت: بێگومان بەشێکی زۆرتری داهاتەکانی ئەوروپا لە ڕێگەی وزەوە لە خۆرهەڵاتی دەریای ڕەشەوە دێت، بە کۆششێکیش کە ناکرێت بشارێتەوە، بە مەبەستی سنووردانان بۆ کاریگەریی ڕووس لە ناوچەکەدا و ژیانەوەی جۆرێک لە هاوڕێیەتی هەر یەکێک لە جۆرجیا، ئۆکرانیا، ئۆسبێکستان، ئازەربایجان و مۆڵدوقیا گرووپێکی دیبلۆماسیی هەرێمایەتییان لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا پێک هێنا.
بە گشتی ئەم کتێبە لە لایەن نووسەرێکەوە نووسراوە کە گەشتی بۆ چەندین وڵات و ناوچە سەرزەمینی پڕ لە نهێنیی و خەزنەی پڕ لە ڕووداوی سیاسی و ململانێی ئابووری و هێز و پێگە و هەیمەنە کردووە، لێرەوە دەگەین بەو یەقینەی کە بەپێی قۆناغە مێژووییەکان و شەڕ و ململانێی و باڵادەستیی هێزەوە، جیۆپۆلەتیکی دونیا گۆڕانی بەسەردا دێت، لێرەدا دەکرێت نموونەی نەوەدەکانی سەدەی بووریی بهێنینەوە کە تیایدا گەورەترین گۆڕانکاری بەسەر هاوکێشە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەکانی دونیادا هات، ئەویش دوای هەرەسهێنانی سۆڤیەتی جاران کە دونیای لە دوو قوتبییەوە گۆڕی بۆ یەک قوتبی، واتە تاکە باڵادەست و سەربازگە لە دنیادا ئەمریکا مایەوە، خۆبەخۆ ئەم گۆڕانکارییە گەوریە کاریگەری لەسەر گەلێ لە وڵاتان دانا لە ڕووی جیۆپۆلەتیکەوە.