کێشەی خراپە/ئازاری ئاژەڵەکان لە هی مرۆڤەکان بەسوێترە
ڕانانی: کامۆ ئارێز ئەحمەد
ئازاری ئاژەڵەکان لە هی مرۆڤەکان بەسوێترە
ئەمە یەکێکە لەو کتێبانەی کە هیوادارم هەموو تاکێکی کورد بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بیخوێننەوە. هاوکات هیوای ئەوەش دەخوازم کە نووسەر و بیرمەندانی دیکەش گرنگی بە پرسە فەلسەفییەکانی نێو ئەم کتێبە بدەن، بەڕاستی پرس و دۆزی گرنگن کە چ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەستن بە خۆشگوزەرانی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی دیکەشەوە.
بێگومان لە هەر بەشێک کۆمەڵێک بابەتی گرنگی وروژاندووە، بەڵام حەز دەکەم باس لە بەشی یەکەمی بکەم بە ناونیشانی سپێشیزیزم، بە کوردی دەشێت پێی بڵێین جۆرگەرایی، ئەم چەمکەش بە کورتی بریتییە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، لەوەی چۆن مرۆڤ سەرداری ئاژەڵەکانە و پلەی لەوان باڵاترە، بەمەش بۆی دەلوێ هێندە بایەخ بۆ ئاژەڵان دانەنێت تەنانەت گەر ئازاریش بچێژن. بەمەش لەم بەشە دڵشاد حەمید دەروێش مەسەلەی مافی ئاژەڵان دەجوڵێنێت.
ڕەنگە زۆر کەس بڵێن و بپرسن، ڕاستییەکەی درخی نەکراوە لە گوتنی ئەمە، کە مافی ئاژەڵان بۆ ئێستای کوردستان چ گرنگییەکی هەیە؟ خۆ لێرە مافی ڕەوای مرۆڤەکان پێشێل دەکرێت، جا کەی وەختی ئەوەیە شتێک کە خۆمان نیمانە جارێ خەمی ئاژەڵانی ئەم وڵاتە بخۆین؟ ڕاستی ئەم هێڵە لە بیرکردنەوە چەوتە. ڕێژەی ئازارچەشتنی ئاژەڵان و ڕادەی ڕێکوپێکی هەوڵی مرۆڤەکانی وڵاتێک بۆ پاراستنی ئاژەڵان لە دەستدرێژی مرۆڤەکان، خۆی لە خۆیدا دەشێت پێوەرێک بێت مافی مرۆڤیشی پێ بپێوین. گەر لە وڵاتێک ئاژەڵەکان بچەوسێنرێنەوە و ئەو ستەمە بە ڕوونی هەستی پێ بکرێت ئەوا دەرخەری ئەوەیە کێشەی قووڵی ئاکاری و کۆمەڵایەتی و سیاسیش لەو شوێنەدا تەراتێنیانە.
خۆم پێم وایە، ئازارچەشتنی ئاژەڵان زۆر لەوەی مرۆڤەکان بەسوێترە. هۆی ئەمەش، بە بۆچوونی من، گرێدراوە بە زانینەوە [knowledge]. گەر تۆ و ئاژەڵێک ڕووبەڕووی زام و ئازار ببنەوە، هەردووکتان سیستەمی دەماریتان واتان لێ دەکات ژان بچێژن، وەلێ جیاوازییەکە ئەوەیە، مرۆڤ دەزانێت ئازار دەچێژێت تەنانەت چەندە هۆ و سەرچاوەی ئەو ئازارە بێمانا بێت، دەتوانێت پەی بەو بێماناییەش ببات، وەلێ ئاژەڵانی بەسەزمان سیستەمی درککردنیان بەو شێوەیەی مرۆڤ پەرەینەسەندووە تاوەکوو بتوانن وەکوو مرۆڤەکان ئامێرگەلێک بن بۆ بەرهەمهێنانی مانا.
ماوەیەک لەمەوبەر کە بیرم لەم دەرئەنجامە دەکردەوە، لە ئەندێشەمدا تاقیکردنەوەیەکی هزریم ئافراند تاوەکوو پاساو بۆ ئەو بیرۆکەیەم بهێنمەوە. تاقیکردنەوە هزرییەکە بەم شێوەیەیە: “بهێنە پێش چاوت تۆ لەلایەن پزیشکێکی دەمارناسی شێتوشورەوە دەڕفێنرێیت، بەهۆی نەشتەرگەرییەکەوە چەند گۆڕانکارییەک لە نێو مێشکتدا دەکات، وات لێ دەکات کە چیتر بە هەمان ئەندازە و وەک مرۆڤەکانی دیکە نەتوانیت واتای دونیای دەوروبەرت لێک بدەیتەوە، چیتر بە هەمان شێوەی مرۆڤەکان پەی بە دونیا نابەیت. وێڕای ئەم گۆڕانکارییە، تۆ هێشتا دەتوانیت هەست بە ئازار بکەیت، وەختێک دارکاریت دەکات یان شۆکی کارەبایی لە جەستەت دەدات دەمارەخانەکان ئاسایی وەک جاران ئاماژە نیورۆنییەکان بە مێشک دەگەینن و مێشکیش شیکاری ئاماژەکان دەکات و بەمەش وەک جاران هەست بە ژان وسوێی زامەکان دەکەیت. ئیدی لە دوای نەشتەرگەرییەکەوە، زانا شێت و سایکۆپاسەکەمان بەردەوام دەبێت لە ئازاردانت بە چەندان مێتۆدی جۆراوجۆر. پرسیارەکە لێرە ئەمەیە: ئایە جەرگبڕتر و بەسوێتر نییە هەست بە ئازارێک بکەیت کە نازانیت کێ و بۆچی ئەو ئازارەت بەسەردا دەهێنێت؟”
ئاڕگۆمێنتەکەی من بۆ بەرسڤی ئەو پرسیارە ئەمەیە: گەر تۆ ئەو بەشانەی مێشکت کە پەیوەستن بە پێدان و درووستکردنی مانا بە ژینگەی دەوروبەر وەک خۆیان بووانایە و دەستیان بۆ نەبرایە، هێشتا بە هەمان ئەندازە هەستت بە ستەمی زانا شێتۆکەکە دەکرد، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە دەزانیت کە تۆ لەلایەن زانایەکی شەڕانگێزەوە فڕێنراویت کە هاوکات سایکۆپاسە. پێم وایە ئەم بیر و هزرانە کە یاوەری تۆی زیندانیکراو دەکەن ئازارەکانت کەمتر دەکەنەوە، مەرج نییە لە ڕووانگەیەکی فیزیکییەوە، وەلێ لە ڕووی دەروونی و کۆگنێتیڤییەوەیە. هەڵبەت، هەرچەندێک مەبەست و نیازی زاناکە بۆ ئازاردانی تۆی قوڕبەسەر خۆی لە خۆیدا بێمانا بێت و پاساوێکی ‘ماقوڵ’ هەڵنەگرێت (با بڵێین وەک تۆڵە، سزادان لە پای کردنی تاوانێت، یان لەوەی بیچمی تۆی بەدڵ نییە)، کەچی هێشتا بەهۆی ئەو بەشانەی مێشکتەوە دەتوانیت هیپۆتێزی جیاواز بەرهەم بهێنیت، کونجکۆڵیت بەردەوام لەسەرپێیە بۆ ئەوەی داتا و زانیاری زیاتر سەبارەت بەو زانا شێتە بدۆزێتەوە، تا هەڵیبهێنیت کە ئەو شێتوشورە بۆ وا دەکات.
ڕاستی دەشتوانم بۆ پشتگیری زیاتری ئاڕگۆمێنتەکەم پەنا ببەمە بەر قوتابخانەی لۆگۆتێراپی هی سایکۆلۆژیستی نەمسایی ڤیکتۆر فڕانکڵ. ئەو دەیگوت “بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئازارچەشتن ئەو ساتە دەوەستێت کە مانایەک دەدۆزینەوە، وەک مانای قوربانی.” ئاژەڵان لەمە بێبەشن. هاوکات، دەبێت لەوەش وریا بین، هەمان هەڵە باوەکە نەکەین، لەوەی دایکۆتۆمییەک درووست بکەین لە نێوان مرۆڤ لەلایەک و ئاژەڵانیش لەلایەک. چونکە هەموو ئاژەڵەکان لە توانا کۆگنێتیڤییەکاندا یەکسان نین. بۆ نموونە، هەندێک جۆری پرایمتەکان تەنانەت دەتوانن فۆڕمێکی ئاخاوتن بە زمانی ئاماژە یان ناسینەوە و بەکارهێنانی سیمبوڵەکان بەکار ببەن. هەندێک لە ئاژەڵەکان خۆیان لە ئاوێنە دەناسنەوە و هەندێکیش ناتوانن. خۆ مرۆڤیش هەر ئاژەڵە، سا بۆیە بوونەوەرەکان هەموو لە ڕادەی مانادرووستکردن و شەنوکەوکردنی هاوشان نین، سا بەم پێیە دەشێت هەندێک لە ئاژەڵان باشتر لەگەڵ ستەمی مرۆڤەکان لە دژیان هەڵبکەن.
بەهەرحاڵ، بیرۆکەکەم هێشتا گەنجە و پێویستم بە گەڕانی زیاتر هەیە تاوەکوو کەلێنەکانی پڕ بکەمەوە. ڕەنگە ئەم ئاڕگۆمێنت و تاقیکردنەوە هزرییەشم هێندە گرنگ نەبێت لە چاو ئەوەی کە چی پاڵی پێوە نام بیر لە شتێکی لەو جۆرە بکەمەوە: ڕۆژانە کە دەچم سەموون بکڕم بۆ نانی بەیانی، سەگ و پشیلە داماو و شەلەکان لە زۆربەی کوچەوکۆڵانەکانی گەڕەک دەبینم. شاراوە نییە بۆ تاکی کورد کە بەردەوام سەگ و پشیلە و تەنانەت بوونەوەرەکانی دیکەش دەبینین کە چۆن لە کوردستاندا دەچەوسێنرێنەوە.
کاتێک ئەم بوونەوەرە بەسەزمانانە دەبینم ئازار دەچێژن، بیرەوەریگەلێکی منداڵیش دێنەوە مێشکم کە چۆن باسکراوە گرووپێک لە گەنج پەیدابووبوون وەختی خۆی ناسرا بوون بە کەرکوژەکان و کەریان هەلاهەلا دەکرد. وەختێک منداڵ بووم جارێک مامێکم هاتەوە و گوتی کە کوڕانی گەڕەک سەگێکیان لە سێدارە داوە. ئیدی تاکەکانی وڵاتەکەمان ئەو دەسەڵاتەی بەرانبەر ئەوانە نیانە دەیانچەوسێننەوە لە ئازاردانی ماڵومنداڵ بەتاڵی دەکەنەوە، ئاژەڵانی داماویش پشکێکیان لەو خۆبەتاڵکردنەوەیە بەر دەکەوێت. هەڵبەت پەروەردەی سەقەتیش هۆیەکی دیکەیە. ئەوەی جێی داخە، داکۆکیکەرانی مافەکانی ئاژەڵانیش دەبنە مایەی گاڵتەجاڕی و نیشانە بۆ توانج و پیلار، لە کاتێکدا ئاسوودەیی-بوونی [well-being] ئاژەڵانی ناوچەیەک کتومت دەرخەرە بۆ ڕەوشت و ئاسوودەیی-بوون و ڕادەی دەستەبەری مافەکانی مرۆڤی ئەو شوێنە.
بەهەرحاڵ، دیسان دەیڵێمەوە کە هیواخوازم ئەم کتێبە گیرفانییە بگات بە هەموو تاکێکی ئەم ناوچەیە.