سەدرەدین عارف نوێکاری چیرۆکی کوردی

Loading

سەدرەدین عارف

نوێکاری چیرۆکی کوردی

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا، دەیەی شەستەکانی سەدەی بیست، دەیەیەکە کە بێدەنگی و خامۆشی باڵای بەسەردا گرتووە و دایپۆشیوە، لەم دەیەیەدا سەرجەم ژانرە ئەدەبییەکان دەگەنە داخران و بنبەست، نووسەران لە دۆخێکی کوژانەوە و پەراوێزییدا ژیانی ئەدەبییان تێدەپەڕێنن، هیچ داهێنراو و زیادکراوێکیان نییە، تاکوتەرا و لێرەولەوێ چەند دەنگێکی کز دەبیستین و دەبینین، وەک تر دەڵێی خۆڵەمێشی مردووی بە سەردا کراوە. دیارە بۆ وەها کەش و قەیرانێک دەبێت چاو لەو بارودۆخە بکەین کە لەو کاتەدا لەگەڕ بووە، ئەویش لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و… دیکەی لایەنەکانەوە، ئەو دەیەیە دۆخی کورد لە بار و زرووفێکی ناهاوسەنگدا بوو، تەقریبەن تاقانە و بێکەس کەوتبوو، پشت لە خواست و هیواکانی کرابوو، شەڕێکی ڕاگەیاندبوو، یان بڵێین چووبووە شەڕێکەوە ئەنجامەکەی ڕوون بوو کە شکست بوو، قەوارەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێک ترازابوون، هەرچی کەناڵ و دەلاقەیەک کە پێشتر هەبوون بۆ بڵاوکردنەوە و خستنەڕوی بەرهەمە ئەدەبییەکان، لە چەشنی کتێب و ڕۆژنامە گۆڤار و بوارەکانی بینراو و بیستراو، یان بەتەواوی نەمابوون و لەگۆڕنرابوون، یاخود هێندە خراپ و دەستپێنەگەیشتوو بوون، کە لە ئاستی گشتی و بەربڵاودا نەدەدیتران، ئاشکراشە کە بواری ئەدەبی و فەرهەنگی لە کوردستان پەیوەندییەکی زۆری بە کایەی ڕۆژنامەگەرییەوە هەیە، هەر لە ڕێی ئەو کایەیەوە ئەدەبیات بە سەرجەم لقەکانیەوە گەشەی بەرچاوی کردووە، لە هەر قۆناغێکیشدا کایەی ڕۆژنامەگەری لە کزی داوە، خۆبەخۆ بواری ئەدەبیاتیش داکشاوە و پاشەکشەی بەرچاوی کردووە. ئەمەش ئەو وێنا گشتییەیە کە لەو قۆناغ و دەیەیەدا دەبێتە مۆرک و ناسینەوەی، هاوکات کاریگەریی قووڵ و درێژماوە، جێدەهێڵێت.

سەردرەدین عارف ڕێک لەو دەیەیەدا و بە دروستی لە نیوەی دوومی دەیەی شەستەکاندا دێتە کایەی ئەدەبیاتەوە، لە هەردوو لقی چیرۆک و وەرگێڕاندا، لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو کاتەدا چەند کاری ئەدەبی بڵاو کردووەتەوە، هەر لە سەرەتاوە ئەم نووسەرە دەنگێکی هێمن و نەرم بووە، دوور بووە لە ژاوەژاو و قەرەباڵغی، بە ئارامی کاری کردووە و نووسیویەتی، هیچ پەلە و هەڵەی بڵاوکردنەوەی نەبووە، هاوکات کەمی نووسیوە، هێندە کەم، کە بە درێژایی تەمەنی ئەدەبی، تەنیا “٩” چیرۆکی نووسیوە و بڵاوی کردووەتەوە، هەرگیزیش بیری لەوە نەکردووەتەوە کە چیرۆکەکانی کۆ بکاتەوە و لە دووتوێی کتێبێکدا چاپیان بکات، تا ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨دا لە لایەن نووسەر و ئەریشفیست “سابیر ڕەشید”ەوە سەرجەم چیرۆکەکانی، کە پەرتەوازە و لێرەولەوێن، کۆ دەکرێنەوە و لە کتێبێکدا چاپ و بڵاو دەکرێنەوە، بەو کارە گرنگ و بایەخدارە، سابیر ڕەشید دەنگێکی گرنگی دەیەیەی شەستەکان لە لەبیرچوونەوە و فەرامۆشی دەپارێزێت و لە کتێبخانەی کوردیدا جێگیری دەکات. کتێبەکە لە “١١٥” لاپەڕە پێکهاتووە و “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم” بڵاوی کردووەتەوە.

***

سەدرەدین عارف کێیە؟

سەدرەدین عارف عومەر، ساڵی ١٩٤٠ لە کەرکووک لەدایک بووە. قوتابخانەی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە کەرکووک تەواو کردووە. ساڵی ١٩٦٢ چووەتە بەشی ئینگلیزیی لە کۆلێژی ئاداب، زانکۆی بەغداد، لەوساوە بەشی زۆری خوێندنەوەی بووە بە زمانی ئینگلیزی. لە پۆلی دووەمی زانکۆ بووە، کە یەکەم کاری وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی کردووە، ئەویش چیرۆکێکی “میخائیل زۆشچینکە” بوو، لە ڕۆژنامەی “اللواء” بڵاو کرایەوە. دواییش ڕۆژنامەکە داخرا. لە پۆلی سێی زانکۆ بووە چیرۆکێکی “هاینریش بۆڵ”ی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و بڵاوی کردووەتەوە. ساڵی ١٩٦٦ کۆلێژ تەواو دەکات و هەر لەم ساڵەدا لە ڕۆژنامەی “صوت العرب” بە وەرگێڕ دامەرزاوە. ساڵی ١٩٦٧ لە دووزخورماتوو بە مامۆستا دامەزراوە. لە ساڵانی حەفتاکاندا لەگەڵ لەتیف حامید بەرزنجی لە کەرکووک پێکەوە مامۆستا بوون. لە ساڵی ١٩٦٧وە دەستی کردووە بە چیرۆکنووسین و چیرۆکەکانی لە ڕۆژنامەکانی: “برایی و هاوکاری”، گۆڤارەکانی: “بەیان، تووتن و ڕامان” بڵاو کردوونەتەوە. تاکو ئێستا چەندان لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی دەربارەی چیرۆکەکانی نووسراون. ساڵی ١٩٧٢ هاتووەتە سلێمانی. چیرۆکی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە و لەبەر ئەوەی ئەرشیفی نەبووە و بابەتەکانی خۆی هەڵنەگرتوون، بەرهەمە وەرگێڕاوەکانی کۆ نەکراوەتەوە. چەند ساڵێک وەک شارەزای زمانی ئینگلیزی لە “دەزگای سەردەم” کاری کردووە. بەداخەوە لە (١/٨/٢٠٢٠) کۆچی دوایی کردووە.

***

سەرەتای کتێبەکە پێشەکییەکی کورتی نووسەر “سابیر ڕەشید”ە، تێیدا باس لە کەڵکەڵە و خولیای خۆی بۆ دنیای ئەرشیف دەکات و ئەم کارەش لە درێژەی ئەو پڕۆژە گەورەیەدا دادەنێت، کە ساڵانێکە دەستی داوەتێ و بڕیاریشە لە داهاتوودا درێژەی ببێت. دواتر سەرجەم هەر نۆ چیرۆکەکەی سەدرەدین عارف بەپێی ڕیزبەندی نووسین و بڵاوکردنەوەیان، دانراوەتەوە، زۆر گرنگە خوێنەر بەر لەوەی بچێتە سەر بەشەکانی دواتر، کە تاووتوێکردنی چیرۆکەکان و پێگەی سەدرەدین عارفە لەناو مێژووی چیرۆکی کوردیدا، بۆ خۆی بە وردی چیرۆکەکان بخوێنێتەوە و بکەوێتە هەڵسەنگاندن و بەراوردی لایەنی هونەریی ئەم چیرۆکانە و ئەو چیرۆکانەی لەو کاتەدا نووسراون، بێگومان ناتوانین بڵێین ئەم چیرۆکانەی سەدرەدین عارف لە باشترین چیرۆکەکانی سەردەمی خۆیین، بەڵام بێگومان دەتوانین بڵێین ئەم چیرۆکانە چیرۆکی جیاواز و تایبەتن، چ لەو زەمانە و چ لە ئێستاشدا، ئەمەش بۆ ئاگایی نووسەری ئەو چیرۆکانە دەگەڕێتەوە کە لە هونەریی چیرۆکنووسیندا هەیبووە و بەوپەڕی وردەکارییەوە، هەوڵی داوە لە میانی نووسینەوە و بەرهەمهێنانەوەی چیرۆکەکانیدا سوودیان لێ وەربگرێت، بێگومان زمانزانینی سەدرەدین عارف لە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزیدا، کە دوو سەرچاوەی زووڵاڵ و ڕوونی مەعریفی ئەم نووسەرە بوون، هاوکارییان کردووە لە ڕێی ئەو دەقانەی لەو دوو زمانەوە بەردەستی کەوتوون، خوێندوونی و سوودی لێ وەرگرتوون، بە تایبەت کە هەر لە سەرەتای خولیای خوێندنەوەیدا عاشقی چیرۆک بووە و چیرۆکی گەورەچیرۆکنووسانی وەرگێڕاوە. پاشتر کە خۆی دەستی کردووە بە چیرۆکنووسین توانیویەتی لەو ڕووبەرەی وا کاری تێدا کردووە، جێدەست و خەسڵەتی خۆی بنەخشێنێت، ڕەنگە زیادەگۆیی نەبێت بڵێین ئەگەر سەدرەدین عارف بەو نەفەس و گوڕوتینەی سەرەتایەوە لەسەر چیرۆکنووسین بەردەوام بوایە، ئێستا جیا لەوەی خاوەنی خەرمانێک کۆچیرۆک و کتێب دەبووین، هاوکات یەکێک دەبوو لەو ناوانەی کە نەک نەناسراو، بەڵکوو بە ناوبردنی مێژووی چیرۆکی کوردی، قامکی بۆ ڕادەکێشراو و ناوی دەبردرا، بەڵام بەداخەوە ئەمە وا نەکەوتەوە، بەڵکوو ئەم نووسەرە هێند دابڕا و لە نووسینی دەقی خۆی دوور کەوتەوە، کە بە تەواوی لە بیر کرا، ئەگەر ئەو هەوڵ خەمخۆرییەی سابیر ڕەشید نەبا، بێگومان ناوی سەدرەدین عارف بۆ هەمیشە نەبیستراو دەمایەوە، بە تایبەت لە لایەن نەوەی نوێی خوێنەران و ئەدیبانەوە.

***

بیبلۆگرافیای چیرۆکەکانی سەدرەدین عارف

١/ کوێرەڕێیەکی ژیان – ڕۆژنامەی برایی – ژ/٨٢ – ٢٢/٧/١٩٦٧

٢/ ڕازێک – ڕۆژنامەی برایی – ژ/٢٤٦ – ٢٦/٣/١٩٦٨

٣/ تاکەی ئەم شەوە – ڕۆژنامەی برایی – ژ/٢٤٧ – ٢٧/٣/١٩٦٧

٤/ ڕاستیی مەسەلەکە – ڕۆژنامەی برایی – ژ/٣٣٢ – ٢٧/٧/١٩٦٨

٥/ ڕێبوار و ڕێگە – ڕۆژنامەی هاوکاری – ژ/٩ – ١٣/٣/١٩٧٠

٦/ باڵی شەوگار – گوڤاری تووتن – ژ/٤ – ١٩٧٠

٧/ گەشتێک – گۆڤاری بەیان – ژ/٥ – ١٩٧١

٨/ سێگۆشەی باسێکی کۆن – ڕۆژنامەی هاوکاری – ژ/١١ – ٢٧/٣/١٩٧١

٩/ شۆڕبوونەوە – گۆڤاری ڕامان – ژ/١٣ – ٥/٧/١٩٩٧

***

بەشێکی تر لە کتێبەکە، کە بەشێکی گرنگ و جددیی ئەم کتێبەیە، لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان و هەمەلایەنە لە مێژووی چیرۆکی کوردی و وەستان و چڕبوونەوە لەسەر ئەو قۆناغە و ڕۆڵی نووسەرانی کورد و بە تایبەت نووسەرانی کەرکووک، هەر لەوێوە دێتە سەر سەدرەدین عارف وەک چیرۆکنووس و وەرگێڕێکی خەڵکی کەرکووک، لە گوزەری چیرۆکەکانییەوە کە لەو سەردەمەدا بڵاوی کردوونەتەوە، جێگە و پێگەی ئەم نووسەرە دەستنشان دەکات، هاوکات بە شیکارکردن و وردبوونەوە لە لایەنە هونەرییەکانی چیرۆک، هەوڵ دەدات خوێنەر بباتە ناو وردەکاریی دنیای چیرۆکەکانەوە و ئەو تایبەتمەندییانە دەر بخات کە بوونەتە هۆی “نوێکاری” ئەم چیرۆکنووسە کەمنووسە لەناو بازنەی چیرۆکنووسانی سەدەمەکەی خۆیدا. دواتریش لە بەشێکی “ئەنجام”دا دەگاتە ئەم کۆبەندە: “چیرۆکەکانی سەدرەدین عارف هەموویان لە کەشوهەوایەکی ساف و بێگەرد پەروەردە بوون و دیوارێکیان لەگەڵ چیرۆکی ئاسایی نەوەی پێش خۆی دروست کردووە، هەموویان پڕاوپڕن لە تەکنیکی نوێ و ڕاڤەی زیاتریش بەخۆوە هەڵدەگرن، دیارە ئەو جیا لە چیرۆکنووسە هاودەمە نوێکارەکانی دیکەشی، بە تایبەتی لەگەڵ (لەتیف حامید بەرزنجی و ئەحمەد شاکەلی)دا زیاتر لێکتر نزیک دەبنەوە و هەرسێکیان کۆڵەگەیەکی پتەوی نوێکاری لە دەیەی حەفتاکانی چیرۆکی کوردیدا پێک دەهێنن. بەڵام سەدرەدین عارف لە ڕووی دەق و بڵاوکردنەوەوە پێش ئەو دوو چیرۆکنووسە دەکەوێ و لە ساڵانی (١٩٦٧ – ١٩٦٨) پێش حەفتاکان تۆماری نوێکاریی خۆی کردووە و لەمەش زیاتر هەڵدەگرێ خوێندنەوەی دیکەی بۆ بکرێت.”

ناردن: