له‌مڕۆدا شاعیری عه‌ره‌ب چ ئه‌ركێكی له‌سه‌ره؟ (تێبینی: ئه‌م نووسینه بۆ شاعیری كوردیش ڕاسته. و.ك)
له‌مڕۆدا شاعیری عه‌ره‌ب چ ئه‌ركێكی له‌سه‌ره؟
(تێبینی: ئه‌م نووسینه بۆ شاعیری كوردیش ڕاسته. و.ك)
له مانگی ئازای هه‌موو ساڵێكدا، به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی شیعره‌وه، ڤیستیڤاڵ ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌روه‌ها له هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی، به بۆنه‌ی شیعر و شاعیران، كۆڕ و سیمینار سازده‌كرێت. زۆرجار ئه‌م ڤیستیڤاڵ و سیمینارانه، مۆركێكی فه‌رمی یان نیمچه فه‌رمی وه‌رده‌گرن. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م ڤیستیڤاڵ و سیمینارانه دێن و ته‌واوده‌بن، بێ ئه‌وه‌ی هیچ كاریگه‌رییه‌كی گرنگ له ژیانی ڕۆشنبیریی وڵات‌دا جێبهێڵن، ئاخر ئه‌و كۆڕ و سیمینارانه، خستنه‌ڕووی پرسیاری ڕاسته‌قینه ده‌رباره‌ی شیعر فه‌رامۆش ده‌كه‌ن. هه‌رچی په‌یوه‌ندی به ئه‌ركی شاعیره‌وه هه‌یه، له‌مڕۆكه‌ی جیهانی عه‌ره‌بیدا؛ كه له خراپترین دۆخدا ده‌ژی و به مه‌ترسیدارترین وه‌رچه‌رخان و توندترین قه‌یراندا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌وا ئه‌ركی شاعیر ته‌نها ئه‌وه‌یه له‌م بۆنانه‌دا، له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا كه ڕۆژ دوای ڕۆژ، تابێت ژماره‌یان كه‌مده‌بێته‌وه، شیعره‌كانی بخوێنێته‌وه.
له ڕاستیدا دیاریكردنی ئه‌ركی شاعیری عه‌ره‌ب له‌مڕۆدا (بێگومان ئه‌ركی شاعیری كوردیش-و.ك)، وادیاره پرسێكی سه‌ره‌كی بێت، به‌تایبه‌ت پێده‌چێت كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بییه‌كان، به‌هۆی زاڵبوون و هه‌ژمونی گوتاری فێدهمێنیتاڵیزمی توندڕه‌و و دیماگۆگی، له‌سه‌ر عه‌قڵ و ڕۆح، شیعر ڕه‌تبكه‌نه‌وه. به‌جۆرێك ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه بۆ ئه‌و گوتاره ده‌كه‌ن، بوونه‌ته خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی زه‌به‌لاح و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه كۆنترۆڵی ڕێژه‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكیان كردووه. ئا له‌به‌ر ئه‌وه، شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی بگات به‌و خه‌ڵكه و كاریگه‌ری له‌سه‌ریان هه‌بێت، زه‌حمه‌تییه‌كی زۆر ده‌بینێت. ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره به چنگێكی پۆڵاین، سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی داگیركردووه، هه‌ر بۆیه هیچ ده‌ربازبوونێك بۆ ئه‌و كه‌سانه نییه كه سه‌یری ئه‌و كه‌ناڵانه ده‌كه‌ن.
ڕه‌نگه له‌مڕۆدا شاعیری عه‌ره‌ب، له جاران زیاتر هه‌تیوتر بێت، چونكه وادیاره له هه‌موو لایه‌كه‌وه، به هێزی نه‌یار و دوژمنكارانه، ده‌وره دراوه. به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئامرازه تازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن، جیهانی داگیر كردووه و ژیانی فیكری و داهێنانیان كردووه به شتیكی ڕووكه‌ش و بلاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می كرچ و كاڵ و ئاست نزم، له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان په‌ره‌ی سه‌ندووه. ڕاسته له‌و قۆناغانه‌ی كه نیشانه‌كانی تازه‌گه‌ریی ده‌ركه‌وتوون، پرسی كه‌له‌پور، زیاد له جارێك خراوه‌ته‌ڕوو، چ له‌سه‌ر ئاستی په‌خشان یان له‌سه‌ر ئاستی شیعر. به‌ڵام سه‌رله‌نوێ خستنهوهڕووی كه‌له‌پور و قسه‌كردن له‌باره‌یه‌وه، بووه‌ته مه‌سه‌له‌یه‌كی هه‌نووكه‌یی و پێویست. چونكه ئه‌م كه‌له‌پوره، جارێكی دی ته‌مومژ دایگرتووه و به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه، به‌م پێیه كه‌له‌پورێكی دواكه‌وتووی به‌سه‌ریه‌كدا كه‌ڵه‌كه‌بووه له ئارادایه، ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می داڕمانیشدا كه نزیكه‌ی حه‌وت سه‌ده‌ی خایاندووه، وێنه‌ی نه‌بووه. ئه‌ڵبه‌ته كه‌لتوری عه‌ره‌بی، له سه‌ده‌كانی داڕماندا، هیچ كارێكی فیكری یان داهێنه‌رانه‌ی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه كه شایه‌نی گرنگی پێدانبێت. وه‌لێ ئێمه ده‌زانین گه‌وره شاعیرانی تازه‌گه‌ر له سه‌ده‌ی بیستدا، مامه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌رێنییان له‌گه‌ڵ كه‌له‌پوری ئه‌ده‌بی و شیعری و فیكریدا كردووه و ته‌پوتۆزی له‌بیرچوونه‌وه و پشتگوێخستنیان لێ ته‌كاندووه و بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌ك له سه‌رچاوه‌كانی تازه‌بوونه‌وه. ئا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه توانییان كاری گرنگ و داهێنه‌رانه و ڕه‌سه‌ن بنووسن.
به‌ڵام زۆرینه‌ی شاعیره نوێیه‌كان كه سه‌ر به قه‌سیده‌ی په‌خشانه شیعرن، به شێوه‌یه‌ك له بێڕێزی و سوكایهتییهوه، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م كهلتورهدا كردووه و ده‌كه‌ن. ئه‌وانه له‌و بڕوایه‌دان، ئاگاداربوونه خێراكهیان بۆ ئه‌زمونه جیاوازه‌كانی شیعری نوێی خۆرئاوا و خوێندنه‌وه‌یان بۆ وه‌رگێڕانه‌كان كه زۆرجار وه‌رگێڕانێكی خراپه، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ببن به تازه‌گه‌ر. ئه‌وان لێره‌دا ده‌كه‌ونه ناو هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كوشنده‌وه. ئاخر تازه‌بوونه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه، له‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆحه كه‌لتوری و فه‌رهه‌نگییه‌وه دێت كه شاعیر ئینتیمای بۆی هه‌یه. لێره‌وه كاریگه‌ری ده‌ره‌كی ئه‌رێنی نابێت، ته‌نها ئه‌و كاته نه‌بێت كه ئه‌م شاعیر یان ئه‌و شاعیر، خۆراكی له كه‌له‌پور و كه‌لتوری خۆی وه‌رگرتبێت. له‌وانه‌وه هێنده خۆی پڕ چه‌ك كردبێت، بتوانێت پارێزگاری له ڕه‌سه‌نایه‌تی و تاكایه‌تی خۆی بكات.
ئه‌ڵبه‌ته مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌له‌پور، ته‌نها به مانای خوێندنه‌وه‌ی و پشكنینی نایه‌ت. به‌ڵكو كه‌له‌پور پێویستی به پرۆسه‌ی (ڕزگاركردن) و (پاكردنه‌وه)یه، پێویستی به‌وه‌یه ڕه‌ونه‌ق و ڕووناكییه‌كه‌ی بۆ بگه‌ڕێته‌وه كه له ده‌ستیداوه، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی كه‌له‌پوری تاریكبین، بووه به مه‌رجه‌عی سه‌ره‌كی و به‌ناوی كه‌له‌پوری ڕه‌سه‌نه‌وه، توندڕه‌وه‌كان پاساو بۆ كوشتن و سه‌ربڕین و سوتاندنی كتێب و ڕه‌جمكردنی ئافره‌ت و له‌سێداره‌دانی شاعیران و بیرمه‌ندان ده‌هێننه‌وه و یاسای بۆ ده‌رده‌كه‌ن. به‌ڵام هه‌مو ئه‌مانه پێویستیان به ئازایه‌تی و وه‌ك هێرمان مێلڤیل ده‌ڵێت پێویستیان به “بوێری وجودی” هه‌یه، تاكو هێز بۆ “زیندویی شیعری” بگه‌ڕێته‌وه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر واقیع هه‌بێت، واقعێكی چه‌قبه‌ستووی پڕ له نه‌هامه‌تی و هه‌ژاری مه‌عریفی. هه‌روه‌ها نوێگه‌ری به‌مانای ئه‌وه نایه‌ت ئه‌م یان ئه‌و “شانازی” به‌وه‌وه بكات شاعیرێكه حه‌زی له “یاریكردن به وشه”یه و فۆرم و ناوه‌رۆكی نوێ داده‌هێنێت. بگره له‌سه‌ریه‌تی كار بكات بۆ “سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی ژیان” وه‌ك ئه‌وه‌ی نیتچه ده‌ڵێت.
ئه‌ڵبه‌ته شیعر بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به “بای به‌هێز” به گوزارشته‌كه‌ی ڕه‌خنه‌گر و شاعیری سكۆتله‌ندی كینێس وایت، ئه‌مه‌ش ته‌نها ئه‌و كاته به‌دیدێت كه شاعیر، له‌سه‌ریه‌تی دژی هه‌مو ئه‌و شتانه شیعر بنووسێت كه ئاماژه‌ن بۆ چه‌قبه‌ستن و جێگیریی و تێپه‌ڕاندنی هه‌مو به‌ربه‌سته‌كانی دژ به ئازادی. ئاخر خۆ شاعیر فهرمنبهر نییه تاكو پابه‌ندبێت به یاسا و ڕێساكانی كاره‌كه‌یه‌وه، هه‌روه‌ها شاعیر سه‌رۆكی خێزان نییه كه ناچاره ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر به خێزانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات. به‌ڵكو شاعیر وه‌ك سوریالیست بنیامین پێرێت ده‌ڵێت “سهركێشێكه/ موغامرێكه ڕوبه‌ڕووی مه‌ترسی بێ سنور و بێ كۆتایی ده‌بێته‌وه”. جگه له‌وه په‌یوه‌ندی شاعیر به زمانه‌وه، ئه‌وه تێده‌په‌ڕێنێت كه پێیده‌وترێت “یاریكردن به وشه”، بگره ئه‌م په‌یوه‌ندییه، داوا له شاعیر ده‌كات زۆر له‌وه زیاتر بڕوات، واته ڕۆچوونه نێو تاریكی و نهێنییه‌كانی زمان، بۆ ده‌رهێنانی مروارییه شاراوه‌كان و هه‌مو شتێكی جوان و قه‌شه‌نگ و هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی له‌ژێر خۆڵه‌مێشی ئاگره گڕگرتووهكهیدا شاردراونه‌ته‌وه. خۆ شاعیر كه‌سێكی قسه‌خۆش نییه، یان فه‌رمانبه‌رێكی به‌ڕێز نییه كه “وشه گونجاوه‌كان هه‌ڵده‌بژێرێت”، بگره شاعیر دڕنده‌یه‌كی شێته و ناترسێت له‌وه‌ی ڕۆبچێته نێو قووڵایی زمانه‌وه، بۆ تێكدان و وێرانكردنی ئه‌وه‌ی به‌سه‌رچووه و مردووه و دووباره‌یه.
شاعیر به پێچه‌وانه‌ی پیاوی ئاینی؛ كه خه‌ڵكی بۆ دونیاكه‌ی دیكه ده‌نێرێت، دونیایه‌ك له‌وانه‌یه له‌م دونیایه‌ی ئێره باشتر و بهڕهحمتربێت، شاعیر خۆی له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م دونیایه‌دا ده‌بینێته‌وه كه تێیدا ده‌ژی. وه‌لێ به پێچه‌وانه‌ی پیاوی ئاینییه‌وه كه له دونیای سه‌ر زه‌وی به‌ره‌و دونیاكه‌ی دی ڕاده‌كات، شاعیر هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و واقیعه ده‌دات كه تێیدا ده‌جووڵێت و له‌وانه‌یه واقیعێكی زاڵم و دڵڕه‌ق و پڕ نه‌هامه‌تی بێت، بۆ ئه‌مه‌ش پشت به خه‌یاڵدانی شیعری ده‌به‌ستێت. هه‌روه‌ها پشت به “ئیراده‌ی خه‌لاق” ده‌به‌ستێت كه نیتچه قسه‌ی له‌باره‌وه كردووه. چونكه ژیان به‌لای ئه‌وه‌وه مانای نییه، ته‌نها ئه‌و كاته نه‌بێت كه “ژیانێكی تایبه‌ت به خۆی دروست كردووه”. هه‌روه‌ها شاعیر واقیع ڕه‌تده‌كاته‌وه، چونكه وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕامبۆ ده‌ڵێت واقیع “ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی تێدا نییه”، یان وه‌ك ئه‌وه‌ی هیگڵ ده‌ڵێت واقیع “جیهانی مردووه‌كانه”، واته جیهانی تهوهزهلهكان و نهزانهكانه كه له په‌راوێزی واقیعی ژیاندا ده‌ژین.
ئه‌ڵبه‌ته شاعیر بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ بیرۆکەکاندا ناکات کە پیاوی ئایینی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و بە “پیرۆز”یان دەزانێت و گوایه پێویستیان به لێكدانه‌وه و تێفكرین و ڕه‌خنه‌لێگرتن نییه، بگره ئه‌و ده‌یه‌وێت “یه‌كه‌م به‌ره‌به‌یان” بۆ فیكر بگه‌ڕێنێته‌وه، واته بیكات به شله‌یه‌كی هه‌ڵقوڵاو، وه‌ك سوكی و ئاسانی په‌پوله بگوێزرێته‌وه و هه‌میشه كراوه‌بێت، نه‌ك ته‌نها به‌سه‌ر ئێستادا، به‌ڵكو به‌سه‌ر داهاتووشدا كراوه‌بێت. ئه‌ی ئه‌وه نییه ڕامبۆ وتوویه‌تی شاعیر “خهونبینێكی مه‌زنه”. له‌وانه‌یه شاعیر به‌وه تۆمه‌تبار بكرێت كه “بوونه‌وه‌رێكی نا كۆمه‌ڵایه‌تییه”، واته حه‌زی له ته‌نهایی و گۆشه‌گیرییه و ده‌یه‌وێت هه‌ر خۆی به تاقی ته‌نها بژی. ڕه‌نگه شاعیر به ڕاستی وابێت. به‌ڵام له‌سه‌ریه‌تی له میانه‌ی شیعره‌كانی و هه‌ڵوێسته فكرییهكانییهوه، ئه‌وه بسه‌لمێنێت كه حه‌ز و ئاره‌زووی بۆ ته‌نهایی و گۆشه‌گیری، هه‌رگیز به مانای پاشه‌كشه و گوێنه‌دان به كێشه و پرسه‌كانی كۆمه‌ڵگا نایه‌ت. بگره شاعیر له هه‌مان ئێستادا ژیانێكی “ڕاسته‌وخۆ و قووڵتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر له ژیانی خه‌ڵكانی ئاسایی” ده‌ژی. له‌وانه‌یه كینێس وایت له‌سه‌ر حه‌ق بێت كه له نووسینێكیدا وتوویه‌تی: “ئه‌گه‌ر ژیان له په‌راوێزدا، له ده‌رئه‌نجامی نه‌گونجان بێت له‌گه‌ڵ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی یان به‌هۆی كێشه‌یه‌كی ده‌روونییه‌وه بێت، ئه‌وا له‌وانه‌یه به‌ڵگه‌ش بێت بۆ توانای ژیانێكی قووڵتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر و داهێنه‌رتر”.
بلیس ساندهری سویسری، هاوڕایه له‌گه‌ڵ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی كینێس وایت و ده‌ڵێت: “هونه‌رمه‌ندان له په‌راوێزی ژیانی مرۆڤایه‌تیدا ده‌ژین، له‌به‌ر ئه‌وه هونه‌رمه‌ندان یا ئه‌وه‌تا زۆر مه‌زنن یا ئه‌وه‌تا زۆر بچوكن”.
له‌وانه‌یه شاعیر له‌لایه‌ن ئه‌و حیزبانه‌ی به خۆیان ده‌ڵێن پێشكه‌وتووخواز و شۆڕشگێڕ، به “كۆنه‌په‌رست” یان به “بۆرجوازی بچوك” تۆمه‌تبار بكرێت. ئا له‌م حاڵه‌ته‌دا، له‌سه‌ر شاعیر پێویسته وه‌ڵامی ئه‌و تۆمه‌ته بداته‌وه، وه‌ك چۆن ڕۆماننووس ئیلیۆ ڤیتۆڕینی Elio Vittorini، له نامه‌یه‌كدا بۆ ڕابه‌ری حیزبی شوعی ئیتالی “تولیاتی” نووسیویه‌تی و ده‌ڵێت: ” ئه‌و كه‌لتوره به سیاسه‌ت داده‌نریت كه جه‌ماوه‌ر هه‌ڵده‌سوڕێنێت و له‌گه‌ڵ ئاستی جه‌ماوه‌ردا گونجاوه و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ده‌ته‌قێته‌وه. به‌ڵام كه‌لتوری ڕاسته‌قینه، ئه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ هیچ كارێكی ڕاسته‌وخۆدا یه‌كناگرێته‌وه و ده‌زانێت له ڕێگه‌ی پرسیار و گه‌ڕانی هه‌میشه‌ییه‌وه، چۆن چۆنی به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات”. ئیلیۆ له هه‌مان نامه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: “نووسه‌ری شۆڕشگێر، واته ئه‌و نووسه‌ره‌ی له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه كه توانیویه‌تی له به‌رهه‌مه‌كانیدا، پێداویستییه شۆڕشگێڕییه‌كان به‌رجه‌سته بكات كه جیاوازه له‌و پێداویستیانه‌ی په‌یوه‌ستن به سیاسه‌ته‌وه. ئه‌و جۆره له پێداویستی، مۆركێكی ناوخۆیی، نهێنی هه‌یه و له ناخی مرۆڤدا شاراونه‌ته‌وه، ئه‌وه ته‌نها نووسه‌ره ده‌توانێت ئاشكرایان بكات و به رێگای تایبه‌ت به‌خۆی ڕوناكیان ده‌كاته‌وه”. ئه‌مه مانای وایه له‌سه‌ر شاعیر پێویسته “شۆڕشگێڕ” بێت نه‌ك “سیاسی”.
نووسینی: حه‌سونه ئهلمصباحی
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
سه‌رچاوه: الشرق الاوسط، چوار شه‌ممه، 22 ئازار، 2023.