هێلکەی شووم بەختیار فاڕوق
ناوی کتێب: هێلکەی شووم
نووسینی: میخاییڵ بوڵگاکەف
وەرگێڕانی:مەنسوور تەیفووری
لەبڵاوکراوەی دەزگای سەردەم
ڕۆمانی هێلکەی شووم ڕۆمانێکی زانستیی و سیاسییە، لەنووسینی میخاییل بۆلگاکەفی ڕووسی،هەمان نووسەری ڕۆمانی مامۆستا و مارگەریتا.
ڕۆمانەکە باس لە زانایەک دەکا کە تیشکێکی نوێ دەدۆزێتەوە، کە دەتوانێ دەیان جار جینات و زیادبوونی بۆق و سەرەمێکوتەکان خێراتر بکا.
بەڵام لە سەرووبەندی کاروچالاکییەکانی زاناکە نەخۆشییەک لەگوندی (سارخۆز) بڵاودەبێتەوە کەهەرچی مریشکە کتوپڕ قڕانیان تێ دەکەوێ و دەمرن،بۆیە ڕووسیا دەیهەوێ لەڕێی ئەو تیشکەدۆزراوەی زاناکە ئەو قەیرانە چارەسەربکا و هێلکە لەدەرەوە هاوردە دەکا بۆ ئەو گوندە بۆ ئەوەی بەزوویی هەڵبهێنرێ و قەیرانی نەمانی مریشک و هێلکە لەو شارۆچکەیە چارەسەربکرێ، بەڵام زانستەکە بەهەڵە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و ئەو هێلکە مریشکانەی کەدەبوو بۆ شارۆچکەکە چووبان هێلکەی مریشک نەبوون بەڵکو هی ماری زەبەلاحی ئەناکۆنداو تیمساح و وشترمرخ بوون کەدەبوو ئەو هێلکانە لەبنەڕەتدا بۆ پێرسیکۆفی زانا چووبا و هێلکەی مریشک بۆ شارۆچکەی سارخۆز نێردرابا بەڵام بەهەڵە هێلکەکان دەگۆڕێن.
ئیتر کارەساتەکە لێرەوە دەست پێدەکاو ئەو مارو وشترمرخ و تیمساحانە دەیان هێندەی خۆیان گەورەدەبن و جانەوەری دڕندەی زۆر مەترسیداریان لێ دەردەچێ و لافاوێک لەخوێن و کارەسات دروست دەکەن.
دواتر زاناکەش لەلایەن ئەو خەڵکە توڕەیی کەوایان دەزانی پیرسکۆفی زانا دەستی هەبووە لەپەروەردەکردنی ئەو جانەوەرە سەیرانەوە دەکوژرێ و نووسینگەو شوێنی کارەکەی دەسوتێنرێ ئەمەش پێمان دەڵێ زۆرجار زاناکان باجی کەسانی نەزان دەدەن و دەبنە قوربانی.
لەدواجار ژینگەو کەش و هەوا بووە فریادڕەسی مۆسکۆ لەو مەترسییە گەورەیەی کە تووشی بووبوو بەشێوەیەک ئەو ساڵە سەرماوسۆڵەیەکی بی وێنە بەڕۆکی مۆسکۆ دەگرێ بەجۆرێک پلەکانی گەرمی بۆ خوار هەژدەی ژێر سفر نزم دەبنەوە و ئەمەش وا دەکا ئەو گیانەوەرانە بەرگەی ئەو سەرماوسۆڵەیە نەگرن و هەموویان لە ناوبچن و ڕووسیاش لەو مەترسییە ڕزگاریبێ و قەدەر دەرفەتێکی تری ژیان بەو شارەبدا.
ئەمەی سەرەوە ناوەڕۆک و دیوە ئاشکراکەی ڕۆمانەکەیە بەڵام دیووە نادیارەکەی ئەو ڕۆمانە پێمان دەڵێ ڕەنگە هەندێ لێکۆڵینەوەی وردی زانستی ئەگەر لەژێر چاودێرییەکی توندی ئاسایشیی نەبێ و بەڕاستی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێ ڕەنگە هەندێجار کارەساتی گەورەی لێبکەوێتەوە، ئەوەتا هەر دوێنێ بوو گومان هەبوو لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە دەگوترا ڕەنگە لە تاقیگەکانی وڵاتی چین لەکۆنتڕۆڵ دەرچووبێ و دزەیی کردبێ و ئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە دیتمان چ کارەساتێکی جیهانی خولقاند.
دیوێکی تری ئەو ڕۆمانە لایەنە سیاسیەکەیەتی کەلەسەردەمی ستالین نوسراوە،کە بەپێی سەرچاوەکان ناهەموارترین بارودۆخبووە بۆ نوسەران، ڕەنگە نوسەر لەپشتەوەی ئەم ڕۆمانە توانجێکی لەو دەستەڵاتە دابێت، هاشێوەی ئەوەی سەرەتا ئاڕاستەکانی ئەو دۆزینەوەیە نیەتی خێری هەبووە بەڵام دواتر گۆڕا بۆ کارەسات، بێگومان هەموو دیکتاتۆرەکانیش سەرەتا خۆیان وانیشانداوە و بگرە دژی داگیرکاری و دیکتاتۆری هاتوونەتە سەر پایەی دەستەڵاتداری، بەڵام دواتر خۆیان بوونە بەشێک لە زەلکاوی پیسی تاکڕەوی و بوون بەدکتاتۆر دژی خەڵک ومیللەتی خۆیان.
ئەوەی کەماوە باسی کەم ئەوەیە بەداخەوە ڕۆمانەکە دەکرا وەرگێڕانێکی جوانتری بۆکرابا و لەزۆرشوێن دەیان هەڵەی زەقی سینتاکسی دەبینرێن بەشێوەیەک هەندێ ڕستەو پەرەگراف زیاد لەدووجارم خوێندۆتەوە تا لەماناکەی گەیشتووم.،هیوادارم جەنابی وەرگێڕ لەکارەکانی داهاتوویی وردتربێت.
ـــــــــــــــــــــــــــــــ
