دەربارەی ڕۆمانی تواوە
دەربارەی ڕۆمانی تواوە
خوێندنەوەی: سەردەم
ڕۆمانی “تواوە” لە نووسینی نووسەری هاوچەرخ و دیاری فارس، “عەباس مەعرووفی”یە، ئەم ڕۆمانە بە وەرگێڕان و زمانێکی ناوازە، لە لایەن “ڤیدا قادری”یەوە لە فارسییەوە کراوە بە کوردی، چاپکراوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لە ساڵی ٢٠١٧دا.
ئەم ڕۆمانە چیرۆکێک لە پشتییەوە هەیە، خوێندنەوە و لێدوان دەربارەی، بێ خۆبواردن و نەدیوگرتنی لەو چیرۆکە، ڕەنگە کەم بێنێت و خوێندنەوە و لێدوانێکی تێروتەسەل نەبێت. چیرۆکەکە بەم جۆرەیە: ڕۆمانی “تواوە” لە کارە سەرەتاییەکانی عەباس مەعرووفییە، عەباس سەرەتای هەنگاو و هەوڵە ئەدەبییەکانی بووە، ئەو کاتە لە ئێران ژیاوە، ڕۆمانەکەی لە ساڵی ١٩٨٣دا نووسیوە و بە زەوق و شەوقێکی گەنجانەوە دەستنووسەکەی داوە بە بڵاوکراوەی “نوێ” لە تاران کە بۆی چاپ بکەن، بەڵام چاپ نابێت، لەبەر ئەوە نا کە ڕۆمانێکی لاواز و بێپێز بێت، بەڵکو لەبەر خودی ناوەڕۆکەکەی، کە تەواو سیاسییە و بۆ ئەوکاتی ئێران مەترسیدار لە هەر کارێکی دژەحوکمەت بووە، بەمەش چارەنووسی ڕۆمانە تاکو بیستوشەش ساڵ دواتر بە دەستنووسی دەمێنێتەوە، لە ماڵی باوکی مەعرووفی، لەناو دەیان کاری تردا. لە سەفەرێکدا بۆ بەرلین، دایکی عەباس مەعرووفی، لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێک دەستنووس بۆ کوڕەکەی دەباتەوە، کە هەموویان مێژوویان کۆنە، ئەمە لە ساڵی ٢٠٠٩دا، لێرەوەیە دەروو و ڕووناکی لەم ڕۆمانە دەکرێتەوە و عەباس دەینێرێتەوە چاپخانە و ئەمجارە چاپ دەبێت.
کەواتە ڕۆمانی “تواوە” باسی چی دەکات کە وا ئەم چیرۆکە خەمگینەی هەڵگرتووە؟
“تواوە” ڕۆمانێکە سەر بە ئەدەبیاتی زیندان، زیندانی ئێران و دەورانی شا و ڕاوی چەپەکان لەناو تاران و سەرجەم شار و شوێنەکان، ئەم ڕۆمانە لە ڕێی کارەکتەری “ناسر ئەسفاری” تەمەن سیوشەش ساڵی نووسەر و مامۆستاوە دەگێڕدرێتەوە، ناسر ژنی هەیە دوو منداڵی چکۆلەش، بە هۆکارێکی نادیار، کە دواتر دەر دەکەوێ هەڵەیەکە لە هەڵە کوشندە و باوەکانی ئەوکاتی ئێران، دەگیرێت و سێ ساڵ لە تووناوتوونی زیندان و لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی تاقەتپڕووکێی جەستەیی و ڕۆحیدا، تێدەپەڕێنێ، بە جۆرێک کە دواتر ئازاد دەکرێت، لە جەستەیەکی تێکشکاو و نیوەمردوودا دەگەڕێتەوە بۆ لای ژن و منداڵەکانی، جەستەیەک کە دەڵێیت نەک سێ ساڵ، بەڵکە سی ساڵ پیر بووە!
ڕۆمانی “تواوە” بە گوتەی نووسەرەکەی، عەباس مەعرووفی: «بیرەوەری و خەیاڵەکانی منە سەبارەت بە کەشێک، کە تێیدا هەناسەم داوە و ژیاوم. چیرۆکی نووسەرێک کە لەژێر ئەشکەنجە و لێپێچینەوەدا ناچار دەبێت چیرۆک دابڕێژێت. دواجار لەناو چیرۆکەکانی خۆیدا ون دەبێت. بەرهەمی کار و تێکۆشانی داستانی منە لە سەردەمی لاویەتیدا، کە دەبوایە هەر ئەو کاتە بڵاو بێتەوە، ڕەخنەی لێ بگیرابایە و کاریگەریی هەبوایە لەسەر کار و ڕەوتی ئەدەبیی، ئەدەبی من.
بەڵام ئێمە کەسانێکین کە کات و شوێنمان تێک چووە. نازانین کێ و بۆچی و لە کوێین؟»
لەم پاراگرافەوە دەتوانین بچینە ناو ناوەڕۆکی ڕۆمانی “تواوە”وە، ئەم ڕۆمانە لەو چەشنانەیە کە لە هەناوی سەردەم و ڕۆژگاری خۆیانەوە هەڵدەقووڵێن، چاو و نیگایان بڕیوتە ڕۆژە تاریک و لێڵەکانی خۆیان، ناتوانن نەبینن، ناتوانن نەگێڕنەوە و شایەتی لەسەر زەمان و زەمینێک نەدەن کە هەناسەی تێدا دەکێشن و ژیانی هەرڕۆژەیان هەلا هەلا دەکات. لە زۆرێک لەو یادداشت و بیرەوەرییانەی دەربارەی سەردەمی شا نووسراون باس لە زیندانەکان کراوە، کەسانێک کە هەر خۆیان ئەزموونی ئەو جۆرە ژیانەیان کردووە، لەو ترس و تۆقاندنە دواون و نووسیویانە، کە تەنانەت هەناسەدانیش تێیدا زەحمەت و بە ئازار بووە، ڕزگاربوون لێی، کارێکی نزیک بە مەحاڵ بووە. بەشی زۆری ئەو زیندانیانە کەسانی چەپ بوون، کە سەر بە ڕەوت و حیزبە چەپەکانی ئەو کاتە بوون، کەسانێکی تریش بێ ئەوەی کە هیچ پەیوەندییان بە ڕەوتی چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە هەبێت، هەر لەبەر ئەوەی ڕەنگە سووکەگومانێکیان لەسەر بووبێت، یان خۆشیان پێیاندا نەهاتبێت و وەک مەترسییەک بینیبێتیان، گیراون و چارەنووسیان لەپاڵ هەزاران زیندانی تردا، مەرگ بووە. ڕۆمانی “تواوە” لە هەناوی ئەو ڕۆژگار و سەردەمەدا نووسراوە، باس لەو مەترسییە دەکات کە سادەترین کەسەکانیش هەیانبووە کە ڕەنگە هەر ڕۆژێک، یان شەوێکی درەنگ، لە دەرگایان بدرێ و هەر بە جلی خەوەوە، ببرێنە زیندان و جارێکی دی نە کەسوکاریان ببینینەوە، نە دنیای ڕۆشن.
عەباس مەعرووفی لە ڕێی کارەکتەری ناسر ئەسفارییەوە وێنای چینێک دەدات بە دەستەوە، کە چینی ڕۆشنبیران و نووسەرانە لەو خولە قەیراناوییەدا، بۆ کەسانێک کە شارەزای ئەو خولە و بە تایبەت ژیانی نووسەری ڕۆمانی “تواوە”ن، دەزانن ناسر ئەسفاری جگە لە عەباس مەعرووفی کەسی تر نییە. عەباس مەعرووفی خۆی ئەزموونی چەند ساڵ زیندانی هەیە لە زیندانەکانی شادا، بە چڕی هەموو جۆرە ئازار و ئەشکەنجەکانی تاقی کردووەتەوە، شایەتی سەدان زیندانی هاوەڵیەتی کە نووسەر و مامۆستا و ڕۆشنبیر بوون، لە نزیکەوە وەحشەتناکیی ئەشکەنجەی ئەوێی دیوە، لە نزیکەوە گوێی لە جنێو و سووکایەتی جەللادەکانی ئەوێ بووە بەرانبەر بە زیندانییەکان، لە نزیکەوە کەوتنی ئینسانی بینیوە، شێتبوونیان، کوشتنیان. “تواوە” لەمانە دەدوێت، بە قووڵی ڕۆ دەچێتە ئەم پانتاییە ترسناکەوە، لە “تکەی ئاوێک” دەدوێ، لە بنمیچەوە دێتە خوارەوە و زیندانی هەراسان دەکات و تووشی کابووس و شیزۆفرینیای دەکات، لەوەی کە چۆن زیندانی لە نەبوونی تاوانێک کە نەیکردووە، لەژێر زەبر و لێپێچینەوەدا، دەکەوێتە گومان لە خۆی و دواتریش سەر دەگاتە ڕاستییەک، کە بەڵێ، هەموو ئەو شتانەی ئەوان دەیڵێن لەسەر ئەم، دروستن و کردوونی. “تواوە” چیرۆکی بەچۆکداهاتن و شکانی کەرامەتی زیندانییە لە بەردەم زیندانباندا.
ڕۆمانی “تواوە” لە ڕووی لایەنی هونەرییەوە، دەتوانین هەندێ خاڵ دەست بخەین، سەرەتا ئێمە خوێنەری کارەکانی دواتری عەباس مەعرووفین، دەتوانین بە ئاشکرا و بەرچاوانە ئەو جیاوازییانە ببینینەوە کە لە نێوان ئەم ڕۆمانە و ڕۆمانەکانی پاشتریدا هەن. ڕۆمانی “تواوە” خەتێکی ڕاستەوڕاستی گێڕانەوەی گرتووە، لە نوختەیەکەوە، کە ژووری لێکۆڵینەوەی زیندانە بە دوو کورسی و مێزێکەوە، دەست پێ دەکات و بە بەربوونی ناسر ئەسفاری کۆتایی دێت، لەم نێوانەدا و جاروبار لە مەتنی گێڕانەوەدا، فلاشباک و مەنەلۆگ دێنە ناو بازنەی ڕووداو و بەسەرهاتووەکانەوە، بەڵام بە گشتی ئێمە لەگەڵ گێڕانەوەیەکی خەتیدا ڕووبەڕووین، کە خوێنەر دەتوانێت سەرەتاکەی و ناوەندەکەی و کۆتاییەکەی لەبەر چاوی خۆیدا ڕێک و دابنێت، بەڵام پاشتر، بۆ نموونە لە ڕۆمانێکی وەک “فەرەیدوون سێ کوڕی هەبوو”، یان ڕۆمانی “تەواو تایبەت” ئەم شێوازە لە گێڕانەوە جێدەهێڵرێت و زەمەن و تەقویمی کات، تێکوپێک دەدرێن، سەرچڵی لە تەکنیک و ناباوی لە وەسف و زماندا دەگاتە جێیەک کە خوێنەر دەبێت بە وریاییەکی ئەوتۆوە بەرەو ڕوویان بوەستێتەوە. لەگەڵ ئەو جیاوازییانەشدا “تواوە” ئیمزا و قەڵەمی مەعرووفییە، لەم ڕۆمانەدا ئەگەرچی کەمتر ئەو ڕیسکە هونەریانە هەن، بەڵام بە شێوەی مۆتیڤ و هێڵی کاڵ، لێرەولەوێ دەبینرێن، تەنانەت ئەگەر بمانەوێ لەگەڵ ئەو ڕۆمانانەی لەو کاتەدا نووسراون و چاپ بوون، واتا دەیەی ١٩٨٠ بە دواوە، دەبینین “تواوە” لە باری گێڕانەوە و بەگەڕخستنی هونەری ڕۆمانەوە، لە زۆریان جیاوازتر و جددیترە. بێگومان هەلی چاپکردنی ڕۆمانەکە پاش زیاتر لە چارەکەسەدەیەک و دووبارەخوێندنەوەی لە ئێستادا، ئەو ڕاستییە زیاتر دەردەخات کە ڕۆمانی “تواوە” ڕۆمانێکە جیاواز و جددی، بۆ ئێستاش دەتوانێت بەشداری کارای هەبێت، چ بە ناوەڕۆک چ بە لایەنی هونەری، بێ هیچ دوودڵییەک ئەمەش خەسڵەتی هەموو ئەدەبیاتێکی گرنگ و بایەخدارە.