لە ڕۆشنبیری دینیەوە بۆ ڕۆشنبیری نادینی
لە ڕۆشنبیری دینیەوە بۆ ڕۆشنبیری نادینی
رامین جیهانبگلو
وەرگێڕانی: رێبین هەردی
بەشی یەکەم
– بەندە بێ پێشەکی بەو بابەتە دەست پێدەکەم کە بڕواموایە شێوازی گفتوگۆی سوقڕاتی هێشتاش دەگمەنترین جۆری گفتوگۆیە لە مێژووی بیرکردنەوەدا، و لەهەمانکاتدا بەرهەمهێنەرترین شێوەی گفتوگۆیە. من بانگەشەی ئەوە ناکەم دەتوانم کارەکەی ئەو ئەنجام بدەم، بەڵام حەز دەکەم گفتوگۆی ئێستامان بەشێوەی گفتوگۆی سوقراتی ئەنجام بدەین و لێی نزیک بینەوە.
ڕێگەم بدەن باسەکەمان لەبارەی ڕۆشنبیریەوە لەسەربنەمای گفتوگۆی سوقراتی لەوێوە دەست پێبکەم کە کاتێک لە پزیشکێک دەپرسم چ کاڕێک ئەنجام دەدات؟ دەڵێت دەرمانی ئەو نەخۆشانە دەکات کە جەستەیان کێشەیەکی هەیە. ڕۆژنامەنووسیش لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت، من هەواڵ و ڕاپۆرت ئامادە دەکەم، محامی یان مامۆستای زانکۆش لەسەر هەمان بنەما وەڵامی خۆیان دەدەنەوە. بە کورتی هەر گروپێک چالاکیەکی تایبەت بە گونجاو لەگەڵ پسپۆریەکەدا ئەنجام دەدات. هەمان پرسیار دەشێت بۆ ڕۆشنبیریش بکرێت، کە یەکەم ڕۆشنبیر چ کارێک دەکات، تا لەسەر بنەمای کارەکەی ماهیەتەکەی پێناس بکەین. دوهەم ئایا ڕۆشنبیر دەتوانێت بەهەمان شێوەی کە ڕۆشنبیرە پزیشک، محامی، ڕۆژنامەنووس، وەرزشکار، پیشەیی و…هتد بێت؟
– منیش لە سوقراتەوە دەست پێدەکەم. چونکە ڕەنگە بەمانایەک لە ماناکان سوقرات یەکەم ڕۆشنبیری مێژوو بێت، دیارە نەک ڕۆشنبیر بەمانا مۆدێرنەکەی وشەکە. وەک دەزانن مەسەلەی سەرەکی سوقرات درووستکردنی ڕۆح بوو، کە پێی دەگووت ماێۆتیک. ڕەنگە یەکێک لە کارەکانی ڕۆشنبیر درووستکردنی ڕۆح بێت. من خۆم بڕوام وایە لەڕاستیدا ڕۆشنبیر ویژدانی بەخەبەری کۆمەڵگایە، و دەبێت هەمیشەش وا بێت. بەخەبەر لەبەرئەوەی ڕۆشنبیر هەمیشە هوشیارە بەکار و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە کۆمەڵگا. وەک چۆن سوقڕات لە ئەسینا، تەنانەت ئەسینای دیموکراتی سەردەمی بریکلیس، ویژدانێکی بەخەبەر بوو، ئەم بەخەبەربوونەشی بووە هۆی ئەوەی جامە ژەهرەکە بخواتەوە. بەڵام بۆ وەڵامی پرسیارەکەتان حەز دەکەم بڵێم کە بەڵێ محامی و پزیشک و ڕۆژنامەنووسیش دەتوانن ڕۆشنبیر بن. لە مێژووی فەلسەفەدا کەسانی وەک برکلی، هیوم و سپینۆزا دەبینین کە پیشەی لەمجۆرەیان هەبووە. بۆ نموونە سپینۆزا بۆ گۆزەرانی ژیان، لەپاڵ کاری فەلسەفیدا لەنزی پاک دەکردەوە، و لەپاڵ ئەو ئێشەدا کە هەیبوو، فەیلەسوفێکی پلە یەک بوو. لە مێژووی سەدەی بیستیشدا ژمارەیەکی زۆری ڕۆشنبیرانی ئەوروپی دەبینین کە لە پاڵ کاری پیشەی خۆیاندا، کاری ڕۆشنبیری دەکەن. کەوابوو دەکرێت ڕۆشنبیر بیت و پێشەیەکی دیشت هەبێت. تەنیا دەبێت کاتت بۆ هەردوو کارەکە هەبێت. واتە گەر پزیشکێکیت کە کارتان دەرمانکردنە و دەتانەوێت ڕۆشنبیریش بن، دەبێت بۆ درووستکردنی ڕۆحیش کە هەمان کاری ڕۆشنبیریە، کاتتان هەبێت.
من بڕوام وایە ڕۆشنبیر بەوردی بەدوای هەقیقەتدا دەگەڕێت و کارەکەی ژیانە لەناو هەقیقەت و بۆ هەقیقەت. لەبەرئەوە گەر دەیەوێت کارە ڕۆشنبیریەکەی بەرپرسیارانە ئەنجام بدات، ناچارە هەمیشە مەسەلەی هەقیقەت و گەڕان بەدوای هەقیقەتدا لەبەرچاو بگرێت. جەخت لەوە دەکەم هەقیقەت ڕەنگێکی سیاسی نیە، لەڕاستیدا هەقیقەت پرسیارێکی فەلسەفیە لەبارەی مرۆڤ، ژیان، مردن و زۆر مەسەلەی ترەوە و پرسیارکردنە. ڕاستە هەندێکجار ڕۆشنبیران ئایدۆلۆژیست بوون و هەندێکجاریش ڕۆشنبیر، بەڵام هەر کاتێک زیاتر بەدوای هەقیقەتدا بگەڕێت، زۆرتر لە ڕۆشنبیری نزیک دەبیتەوە، هەرچی زیاتریش بەرەو ئایدۆلۆژیا بڕۆیت، لە رۆشنبیری دوور دەکەوێتەوە. لەبەرئەوەی ئایدۆلۆژیستەکان هەمیشە بڕوایان بە هەقیقەتی ڕەها هەیە، گەڕان بۆ هەقیقەت لە شوێنێکدا دەوەستێنن، و دەڵێن ئیدی بە ئامانجەکانمان گەیشتین، لەبەرئەوە لەم چوارچێوەیەدا بیر دەکەینەوە و کار دەکەین، و ئێستا ئیدی کاری پراکتیکی و عەمەلی دەکەین. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە چوارچێوەیەکی بۆ خۆی نیە، نموونە بەناوبانگەکەی لە مێژووی فکردا ئالبێرت کامۆیە. ئالبێرت کامۆ بیریارێکی گەڕۆکە بەدوای هەقیقەتدا، جیاوازیەکەشی لەگەڵ ژان پۆل سارتەردا دەگەڕێتەوە بۆ ئەمە. کامۆ ڕەخنەی لە سارتەر هەیە کە بۆچی خۆی لە چوارچێوەیەکدا لە قاڵب دەدات، جا چ بەرگری بێت لە حیزبی کۆمنیست یان بەرگری بێت لە سۆڤیەت و کوبا. ڕۆشنبیر بۆ ئەوەی بتوانێت پرسیاری زیاتر بکات، دەبێت لەمانە سەروتر بڕوات. کەوابوو بەبڕوای من مەسەلەی هەقیقەتە کە لە پەیوەندیەکی تەنگاوتەنگدایە لەگەڵ بەرپرسیارێتیدا.
– بە بڕوای من ئەو خاڵانەی باستکرد جێگەی پرسیاری زیاترە کە هەوڵئەدەم لێتانی بکەم. گووتان ڕۆشنبیر لە ڕاستیدا ویژدانی بەخەبەری کۆمەڵگای خۆیەتی و لەهەمانکاتدا هوشیارە بەو کارەی ئەنجامی دەدات. ئەگەر وا بڵێین لەڕاستیدا پانتایەکی زۆرمان بۆ ڕۆشنبیر داناوە. چیدی بەدەربڕینێک ڕۆشنبیر پۆلێک نیە لەپاڵ پۆلەکانی دیدا کە لە کۆمەڵگادا چالاکی دەکەن. بە دەربڕینی ئەرستۆیی پێناسی بابەتێک یان ماهیەتێکی دەرەکی دەبێت کۆکەرەوەی تاکەکان و قەدەغەکەری بێگانەکان بێت. لەکاتێکدا بە بڕوای من پێناسەکەی ئێوە قەدەغەی بێگانەکان ناکات. بەو مانایەی زۆرکەسی بەناو نارۆشنبیر لەژێر چەتری ڕۆشنبیردا جێگەیان دەبێتەوە. هەست ناکەن مانای گشتی ڕۆشنبیر سەڕەڕای ئەوەی مومکینە لە ڕووی جیاوازەوە لەناو کەسی جۆراوجۆردا دەربکەوێت، بەڵام بەمانا تایبەتیەکەی خۆی پۆلێکی تایبەتە؟
– زۆر بڕوام بە وشەی پۆل یان چین نیە و حەزیش ناکەم بۆ ڕۆشنبیر سوودی لێ وەربگرم. بەڵام وتەزایەک کە لە ڕۆشنبیری نزیکترە و باشتر ڕوونی دەکاتەوە و پێناسی دەکات، ئەوەیە ڕۆشنبیران بۆ گواستنەوەی زانیاریەکان و فکر و پێشنیارکردنی پرسیاری فەلسەفی- کە من ئاماژەم بۆ کرد- سوود لە چ ئامراز و هۆکارێک وەردەگرن. بە بڕوای من ئامرازەکان هەمیشە عەقڵین و هیچ کاتێک دڵ یان باوەڕی (ئیمانی) نین. جیاوازی ڕۆشنبیر و دیندار لەمەدایە کە دوهەمیان بە دڵ و بە باوەڕ کار دەکات، و ئەو مەسەلەیەی پێش ڕۆشنبیربوون هەیەتی، مەسەلەی باوەڕێتی. بە وتەی باسکاڵ دڵ بۆ خۆی بەهانە و هۆی وایە هەیە کە عەقڵ تێبنیان ناکات. ئەمەش ڕێک مەسەلەی باوەڕە. باسکاڵ وەک بیریارێک پەنجە دەخاتە سەر باوەڕ لەبەرامبەر عەقڵدا. بەڵام ئێوە بیریارێکی وەک کانت لەبەرامبەر باسکاڵدا لەبەرچاو بگرن، کاری کانت بەتەواوی کارێکی عەقڵیە. هەروەها ڕۆشنبیرانی سەدەی بیستەم وەک هایدگەر، هوسرل، کامۆ و سارتەر کارەکانیان عەقڵیە.
– تەفسیرەکەی ئێوە ڕەنگە لە بیرکردنەوەی فەلسەفەی مەسیحی یان دینی مەسیحیدا جێگەیەکی هەبێت، بەڵام ئایا جیاکردنەوەی تەواوی عەقڵ و باوەڕ لە بیرکردنەوەی ئیسلامیدا، کە باوەڕ بەتەواوی لەسەر بناغەی زانین و عەقڵانیەت و عەقڵ و باوەڕ بە دوو باڵ دادەنێت کە پێکەوەن و بەیەکەوە دەفڕن، چ جێگەیەکی هەیە؟
– بەڵێ، لە مۆدێرنەدا، بەڵێ.
– بەڵام نەک لە بیرکردنەوەی ئیسلامی کۆمەڵگای دینی ئێمەدا. خاڵێکی دی لە قسەکانی ئێوەدا بە بیرمدا هات ئەوەیە ئێوە ئاماژەتان بۆ ئەو پۆلێنکردنە کرد کە ڕەنگە ڕۆشنبیر دینیی یان بەدەربڕینێک ئایدۆلۆژییان نائیدۆلۆژی بێت. واتە جیاکەرەوەی ئێوە لە ڕۆشنبیریدا سەرو ئایدلۆژی بوون یان نا ئایدۆلۆژی بوونە. بەڵام من دەمەوێت بڵێم کاتێک باسی ڕۆشنبیر و بەتایبەتی ڕۆشنبیری دینی دەکەین کە جێگەی سەرنجی منە، ناکرێت ئەو حوکمە بدرێت کە ئەو ڕۆشنبیرانەی بیرکردنەوەی دینیان هەیە، بەناچار بیرکردنەوەی ئایدۆلۆژیان هەیە. واتە دیسان دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان ڕۆشنبیری دینی و ڕۆشنبیرێک کە ئایدۆلۆژییە یان نیە. لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەو ڕوانینە هەیە کە ڕۆشنبیری دینی بەناچار ئایدۆلوژیشە. لەکاتێکدا کەسانێکمان هەن ڕۆشنبیری دینین، بەڵام ئایدۆلۆژی نین. لە کۆمەڵگای ئێمەدا کەسانێک کە ڕۆشنبیری دینی و بەپێی تەفسیرەکەی ئێوە بۆ ڕۆشنبیریتان کرد- واتە ئەوەی بەردەوام بەدوای هەقیقەتدا دەگەڕێت و خۆی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا سنووردار ناکات- بۆ ئەوانیش ڕاستە. واتە هیچ ناکۆکیەکی تیا نیە کەسێک رۆشنبیری دینی بێت،و لەهەمانکاتدا ئەو تەفسیرەی ئێوە بۆ ڕۆشنبیری دەکەن، بۆ ئەوانیش ڕاست بێت. بۆ نموونە کەسانێک کە بڕوایان بە خوێندنەوەی جیاواز بۆ دەقە دینی و نادینیەکان هەیە، شوناسی دینی خۆیان بەشێوەیەک ڕوون دەکەنەوە، کە زۆر جیاواز نیە لە پێناسی ئێوە بۆ ڕۆشنبیری نادینی. لێرەوە لە باسکردنی خوێندنەوە جیاوازەکانی بۆ هەر دەقێک و لەوانەش بۆ دەقە دینیەکان، دەستی ڕۆشنبیری دینی تەواو کراوەیە بۆ ئەوەی لەناو ئەو پۆلەدا بێت کە ئێوە وەک ڕۆشنبیری ڕەها باسی دەکەن.
– لەگەڵ بۆچونەکەتدا نیم. بەبڕوای من لەبنەڕەتدا ڕۆشنبیری دینی دژیەکە. چونکە وەک بەردەوام دوبارەم کردۆتەوە شتێک نیە ناوی وێنەکێشی دینی، مێژوونووسی دینی یان تەکنۆکراتی دینی بێت. ڕۆشنبیری وتەزایەکە و دینیش وتەزایەکی دی. تەماشاکە! ئەو مەسەلانەی لە دیندا باسددەکرێت بریتیە لە هیوا، ئاخیرەت، پەیوەندی مرۆڤ بە خودا و باوەڕ، بەڵام ئەو مەسەلانەی لە ڕۆشنبیریدا باس دەکرێت بەرپرسیارێتی، عەقڵ و بورهانە.
-ئەمانە لە دین جیا نین، چونکە دینداریش ڕێک ئەم شتانە لە خۆ دەگرێت.
– جیا نین، بەڵام لەوێ چەند کێشەیەک دێتە پێشەوە. تەماشاکە من پرسیار لە خۆم دەکەم بۆ ئەمانە ناوی خۆیان ناوە ڕۆشنبیری دینی؟ ئەگەر دەیانەوێت ڕۆشنبیری ڕەها بن، بڵێن ڕۆشنبیری ڕەها – ئیدی بۆ دەڵێن ڕۆشنبیری دینی؟
– ڕێگر چیە کە ئەوان شوناسی ڕۆشنبیری دینی خۆیان بەجۆرێک بکەن، کە لە چوارچێوەی پێناسی ئێوەدا بۆ ڕۆشنبیری ڕەها جێگەیان بێتەوە.
– بەداخەوە لەو چوارچێوەیەدا جێگەیان نابێتەوە. چونکە گەڕان بۆ هەقیقەت لای ئەوان سنووردارە.
– مەرج نیە. ئەوان دەڵێن ئێمە خوێندنەوەی جیاواز، بۆ نموونە بۆ دینی ئیسلام دەکەین. واتە لە زیهنی خۆیاندا خوێندنەوەیەکی سیتسماتیکیان بە بونیادێکی دیاریکراو بۆ ئیسلام هەیە.
– نا. بابەتی خوێندنەوەی جیاواز با بمێنێت، بەڵام ئەو مەسەلەیەی لە پلەی یەک و پێش مەسەلەی عەقڵ و بورهان لای ئەوان گرنگە، مەسەلەی دین و باوەڕە.
– نا. یەکێک لە مەسەلەکانیان دینە و لای ئەوان ئەمەش پێش عەقڵ و بورهان نیە.
– تەماشاکە! جیاوازی سەرەکی لەنێوان ڕۆشنبیری دینی و کەسێک وەک کانت ئەوەیە، کانت لە عەقڵی پەتیەوە دەست پێدەکات و دەڵێت من دەبێت جێگەیەک بۆ باوەڕ بدۆزمەوە، بەڵام ئەمانە لە باوەڕەوە دەست پێدەکەن و دەڵێن جێگەیەک بۆ عەقڵی پەتی بدۆزینەوە.
– ڕۆشنبیری دینی لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەڵگەی ڕاستی جیاوازی هەیە. لەڕاستیدا ڕۆشنبیری دینی بەپێی ئەو بنەما جیاوازەی بڕوای پێیەتی، بەڵگەی ڕاستی جۆراجۆری دەبێت. دیارە یەکێک لە بەڵگەی ڕاستیەکانی ئەوەیە ڕۆشنبیری دینی لە باوەڕەوە دەست پێدەکات و بە عەقڵ دەگات. بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕۆشنبیرانێکی دینیش هەن کە لە عەقڵەوە دەست پێدەکەن و بە باوەڕ دەگەن، و هەندێک تەنانەت بە باوەڕیش ناگەن. لەبەرئەوە بۆ دەبێت ڕۆشنبیری دینی کورت کەینەوە بۆ یەک بەڵگەی ڕاستی یان وەک ڕۆشنبیری ئایدۆلۆژی پۆلینی بکەین؟
– نا من کورتی ناکەمەوە بۆ ڕۆشنبیری ئایدۆلۆژی. ڕۆشنبیری ئایدۆلۆژی شتێکە و ڕۆشنبیری دینی شتێکی دی. ئەوەی ڕۆشنبیری ئایدۆلۆژی دەیڵێت ڕوونترە. من بە ڕۆشنبیری ئایدۆلۆژی دەڵێم ڕۆشنبیری پرکرۆستی. واتە وەک ئەو چەتە ێۆنانیەی خەڵکی لەسەر سیسەمە بەناوبانگەکەی دەخەواند، ئەگەر دڕێژتر بوایە لە سیسەمەکە، لەسەرو خوار کورتی دەکردەوە، و ئەگەر کورتر بوایە، ڕایدەکێشا بۆ ئەوەی بەقەد سیسەمەکەی لێبێت. لەڕاستیدا ڕۆشنبیری ئایدۆلۆژی ڕۆشنبیرێکە دەیەوێت هەموو شتێک بە ئایدۆلۆژیاکەی خۆی بپێوێت، واتە سەبەتەیەک چەمک بەدەستەوە دەگرێت، و بەناو کۆمەڵگای ئێراندا دەڕوات و دەڵێت ئەمە وردە برۆژاوزیە، ئەمە بۆرژوازیە، ئەمە پرۆلیتاریایە، ئەمە دزێوە و ئەمیان دزێو نیەو …
– بنەماکانی ڕۆشنبیرانی دین چونیەک نین. بۆ نموونە بنەماکانی شەریعەتی وەک گروپێکی ڕۆشنبیرانی دینی، جیاوازی گرنگیان لەگەڵ بنەماکانی هەندێک لە ڕۆشنبیرانی دینی هاوچەرخدا هەیە. تەنانەت ڕۆشنبیرانی دینی هاوچەرخی کۆمەڵگای ئێمەش خاوەن بنەمای چونیەک نین، گەرچی چەند ڕەهەندێکی چونیەکیشیان هەبێت. بەکورتی یەکێک لە گروپەکانی ڕۆشنبیری دینی ئەمکارە ئەنجام دەدەن کە گووتتان، نەک هەموو گروپەکانی ڕۆشنبیرانی دینی.
– نا. ئەوەی گوتم سەبارەت بە ڕۆشنبیرانی ئایدۆلۆژی بوو.
– ڕێگەم بدەن کەمێک بگەڕینەوە بۆ دواوە، ئەگەرچی هێشتا وەڵامی پرسیاری یەکەمم وەرنەگرتووە. لە بیرکردنەوەی دینی ئێمەدا باوەڕ و بیرکردنەوە بە درێژایی بەیەکەوەن، لەبنەڕەتدا بەمانایەک باوەڕ لەسەر بناغەی زانین دامەزراوە. کەوابوو هیچ ناکۆکیەک نیە گەر گروپێک لە ڕۆشنبیران بە گونجاو لەگەڵ لۆژیکی بیرکردنەوەی ئیسلامیدا، ڕێگەی خۆیان بە زانین دەست پێبکەن و بە دینداری بگەن.
– بەڵێ، لەڕاستیدا مەبەستی منیش هەرئەمە بوو کە ڕۆشنبیری دینی مەرج نیە ڕۆشنبیری پرۆکروستی وەک ئایدۆلۆژیستەکانی چەپ بێت لە حیزبی کۆمنیستدا، بەڵام بە بڕوای من لەنێوان کەسێکدا کە دەڵێت ڕۆشنبیری دینیە و ڕۆشنبیرێک کە هیچ پاشگرێک بۆ خۆدی دانانێت، ئەو جیاوازیە هەیە کە کاتێک ڕۆشنبیرێک پاشگری دینی بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت، دەیەوێت کارەکە بۆ خۆی یان لە زیهنی گشتیدا سنووردار بکات. ئەگینا چ پێویست دەکات بڵێت ڕۆشنبیری دینم. بۆ دەیەوێت هێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان خۆی و ئەوانی دیدا درووست بکات؟ من هێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان خۆم و موجتەهد شبستەری یان موحسن کەدیوەردا نابینم، هەر لەبەرئەمەش ڕێزێکی زۆرم بۆیان هەیە. ئەوان لەو بوارانەدا کار دەکەن کە گرنگی پێدەدەن -کەلام، هیرۆمنتیکی کەلامی یان مێژووی دینەکان-، ئێمەش لەو بوارانە کار دەکەین کە گرنگن لای ئێمە. بەهەرحاڵ وەک گووتم کاری ڕۆشنبیری پرسیارکردنی فەلسەفیە، و ئەمەشە دەبێتە هۆی درووستبوونی قەیران، واتە دەبێتە هۆی جیابوونەوە لە کۆمەڵگا و لە ئاستە کۆمەڵایەتی-سیاسیەکاندا. وەک چۆن لە ێۆنانی دێرنیدا ئەو فەیلەسوفانەی مەسەلەی ئەخلاق یان فەلسەفەی ئەخلاقیان خستەڕوو، لەگەڵیدا مەسەلەی سیاسیشیان هێنایە پێشێ، ئەوەی ئێمە چۆن بەیەکەوە بژین، وەک هاوڵاتی چ بەرپرسیارێتیەکمان بەرامبەر بەیەک هەیە، و ڕۆشنبیر دەبێت لەم ئاستەدا کار بکات. کەوابوو من هیچ هۆیەک نابینم ڕۆشنبیر پاشگری دینی بۆ خۆی دابنێت.
– مەگەر زاراوەی وەک ڕۆشنبیری چەپ و ڕۆشنبیری سوشیالیست، ڕۆشنبیری لیبڕالیست و هاوشێوەکانی بەکار ناهێنرێت؟ چ کێشەیەکە گەر پاشگری دینیش بەم مانا تایبەتیە بەکار بهێنن؟
– ئەوان ئایدۆلۆژین، ڕێک لەبەرئەوەش ئەو پاشگرە بۆ خۆیان دادەنێن، کەت ڕۆشنبیرێکی دینیە؟ هەرگیز. بۆچی کەسێکی وەک پۆل ڕیکۆر خۆی بە رۆشنبیری دینی ناونانێت، لەکاتێکدا ئەو بیریارێکی پرۆتستانتە کە باوەڕی هەیە، ڕۆشنبیر و فەیلەسوفێکە کە مەسەلەکانی هیرمۆنتیکی لا گرنگە. وەک دەزانن لەبارەی ئەنجیل و تەوراتەوە کاری کردووە. ڕیکۆر هەمیشە دەڵێت کاتێک کاری فەلسە دەیانەوێت ئایدۆلۆژی بن. ئەو ڕۆشنبیرەی پاشگر بۆ خۆی دادەنێت، دەیەوێت کارەکەی سنووردار بکات. ڕەنگە ڕۆشنبیرێکی وەک ڕیمۆن ئارۆن بڵێت ڕۆشنبیرێکی لیبڕاڵە، یان کەسێکی وەک پیرس بڵێت لیبڕاڵ پراگماتیزمە، بەڵام ئەوان کارەکانیان لە چوارچێوەی ئەم وشەیەداسنووردار ناکەن. دەڵێن بژاردەی کۆمەڵایەتی و سیاسیان ئەمەیە، نەک ئەوەی کاری ڕۆشنبیریان کورت بێتەوە بۆ ئەم ئاڕاستانە. هایدگەر نموونەیەکی بەرجەستەی ئەم حاڵەتەیە. ئەو لە قۆناغێکی زۆر کورتدا بەرگری لە نازیزم دەکات، بەڵام ئایا ئەو پرسیارەی هایدگەر دەیکات، لەرووی فەلسەفیەوە سنووردارە؟ ئایا هایدگەر دەڵێفی دەکات، باوەڕی دەخاتە ئەولاوە، چونکە مەسەلەکەی پرسیارکردنی فەلسەفیە. من ئەم بابەتەم لێ پرسیووە و لە نووسینەکانیشیدا ئەمە دەبینرێت. زۆرێک لە بیریاران و فەیلەسوفانی دینی سەدەی بیستەم، لەوانە بوونگەراکانی وەک یاسپرس، گابرێل مارسێل ئەم دیدەیان هەیە. ڕۆشنبیری ڕەسەن بەمجۆرەیە. بەبڕوای من مەسەلەی باوەڕ بەتەواوی مەسەلەیەکی دەروونیە، و لێرەدایە کە من خۆم لەکەسانی وەک گاندی و تاگوور بەنزیکتر دەزانم . چونکە ئەوان هەمیشە لەبارەی دەنگی دەروونیەوە قسە دەکەن، و کاتێک دەیانەوێت باسی باوەڕ بکەن، دەڵێن باوەر مەسەلەیەکی تاکەکەسیە، و مەسەلەی فەلسەفە و ڕۆشنبیریی مەسەلەیەکی دەرەکیە، مەسەلەی عەقڵ و بورهانە. ئەوە گرنگە کە ئێوە چۆن مەسەلەکان شیدەکەنەوە. لەبەرئەوە نابێت ئەم مەسەلانە تێکەڵ بەیەک بکەین. کاتێک ئەم دوانە تێکەڵ بەیەک دەکەن، مەترسی ئایدۆلۆژی بوون زۆر زیاتر دەبێت. ئەگەر ناچارن پاشگرێک بۆ خۆتان دانێن، و بڵێن ناتوانن لەم سنوورە زیار بڕۆن، لەم حاڵەتەدا چەند بشتانەوێت زیاتر بڕۆن، ئەوانی دی هەستدەکەن ناتوانن زیاتر بڕۆن.