دەربارەی من و مەولانا
دەربارەی من و مەولانا
خوێندنەوەی: سەردەم
قسەکردن لەسەر مەولانا و دنیای تایبەتیی ئەو، ئەمڕۆ پانتاییەکی بەربڵاوی داگیر کردووە، دەتوانین بڵێین گەڕانەوەیەکی زۆر لە تەواوی دنیادا بۆ مەولانا هەیە، بەردەوام کتێب و بەسەرهاتووەکانی وەر دەگێڕدرێن و چاپ دەکرێن و لە ئاستێکی گشتیشدا دەخوێنرێنەوە، بێگومان ئەمە بێ هۆ نییە و دەکرێت ڕیزێک هۆکار لە پشت ئەو ڕووتێکردنەوە هەبێت، بەڵام ڕەنگە لە پێشترینیان ئەوەبێت کە دنیای ئەمڕۆ دنیایەکی تەواو ڕوو بە ماددییە و پشت لە لایەنی ڕۆحی کراوە، بە تایبەت لە کۆمەڵگە و دەوڵەتە پێشکەوتوو و خاوەن پیشەسازییە گەورەکاندا، کە تاک تێیاندا بووە بە برغوویەک لە ماکینە گەورەکەدا و چون ڕۆبۆتێک لە بەیانییەکی زوودا دەچێتە سەر کار و لە ئێوارەیەکی درەنگدا شەکەت شەکەت بە جەستەیەکی نیوەمردوو و داهێزراوەوە دەگەڕێتەوە و کوژاوەیە لە هەموو هەستێک، هەر ئەمە وا دەکات لە شیرازەی خێزان بپچڕێت و پەیوەندییەکان لە ڕواڵەتدا بمێننەوە و بە هاسانییش لە چرکەساتێکدا بڕمێن، کەس نەتوانێت دەردەڵ و ئازارەکانی لەگەڵ کەس باس و بەش بکات، ئینسان لە بازنەیەکی بچووکدا، کە کارە و کار، هەڵبسووڕێ و بجووڵێت، دنیاکەی جیا لەوە هیچی دی نەبێت، ئەمەش وا دەکات لە چیدی نەتوانێت بەرگە بگرێ و دەیان و سەدان پەرچەکرداری توندوتیژانە لەم دۆخە دەکەوێتەوە، وەک ڕۆژانە دەیبینین. لێرەدایە گرنگی مەولانا و دنیای سۆفیگەرانەی ئەو دێتە پێشەوە و لێشاوێک لە لایەنگری بۆ پەیدا دەبن، چونکە ئەوە ئەو دنیایە کە ڕێکوڕاست لە بەرانبەر دنیای ئەمڕۆدا ڕادەوەستێت و دەڵێت: نەخێر! ئینسان ماشێن نییە و خاوەنی سەروەتێکی گەورەتر لەوەیە، ئەویش لایەنی ڕۆحانی و ڕۆحە.
کتێبی “من و مەولانا” لە نووسینی ولیەم چیتیک و ئاوات ئەحمەد سوڵتان لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی، ئەم کتێبە لەو چەشنە کتێبانەیە کە لە هەناوی کۆمەڵگەی ئەورووپیدا لەدایک بووە و بەردەنگی یەکەمینی، خوێنەرە ئەورووپییەکانن. دەتوانین کتێبە بەم جۆرە بناسێنین: کتێبێکی قووڵ و ئارام، کە خوێنەر بە شێوەیەکی خۆڕسکانە بەرەو قووڵایی خۆی پەلکێش دەکات، هاوکات ئارامییەکی ڕۆحی و دەروونی بۆ خوێنەرەکەی دابین دەکات، کە ڕەنگە کەمتر لە بەردەست و خۆشدەستەکانی دەوروبەری وەریبگرێت.
لەو پێشەکییە کورت و بەنرخەدا، کە ئانماری شیمیل بۆ کتێبەکەی نووسیوە، باسێک لەم ڕووکردن و پڕخوێندنەوەی مەولانا هەیە، بەم جۆرە: “لە ئەمەریکای باکوور مەولانا پڕفرۆشترین شاعیرە؛ زۆر گرنگی بە ژیان و سەردەمەکەی دەدرێت. هەر جارە کۆمەڵە هۆنراوەیەکی بڵاو بکرێتەوە، سەرگوزەشتەی ژیانیشی لەگەڵدایە. بە تایبەتی گرنگی بە دیداری مەولانا لەگەڵ “شەمسی تەبرێزی”دا دەدەن. کە سۆفییەکی گەڕۆک بوو، دوای ئەو دیدارە بووە هاوڕێی ئازیزی مەولانا. مەولانا زانایەکی هەتا بڵێی سەنگین بوو، شەریعەت و عەقیدەی بە گرووپێکی بچووکی موردیدان دەگوتەوە، بەڵام هاتنی شەمس مەولانای بۆ کەسێکی تر گۆڕی کە حەزی لە موزیک و سەما و هۆنراوە بوو. سێ ساڵ دوای پەیدابوونی شەمس، کە کەس نەیدەزانی لە کوێوە هاتووە، لەناکاو بزر بوو، هەرگیز جارێکی دیکە نەبینرایەوە. تاسەی مەولەوی بۆ خۆشەویستە دیارنەماوەکەی، کردی بە یەکێک لە مەزنترین شاعیرەکانی جیهان. مەولانا لە هۆنراوەکانیدا شەمسی وەک بەرجەستەبووی عیشقی یەزدانی دادەنا و پێیدا هەڵدەدا، بەوەش ناوی ئەوی بە نەمری هێشتەوە.”
گرنگترین خاڵ سەبارەت بەم کتێبە بتوانرێت بگوترێ ئەوەیە: ئەم کتێبە لە لایەن شەمسی تەبرێزییەوە ئاراستە کراوە، شەمس ڕاستەوخۆ خۆی لە مەولانا دەدوێت، واتا ئەگەر تا ئێستا ئێمە شەمسمان لە ڕێی نەقڵ و بەسەرهاتەکانی مەولاناوە ناسیبێت، ئەمجارە خوێنەری کورد لە بەردەم کتێبێکدایە کە شەمس دەیگێڕێتەوە، ئەم کتێبە دەکرێت ئەم ناوەشی لێ بنرێ: “مەولانا بە گێڕانەوەی شەمسی تەبرێزی”. کتێبەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێک هاتووە، بەم ناوانە: “ساڵەکانم بێ مەولانا”، “ڕێگەم بۆ لای خودا” و “کاتم لەگەڵ مەولانا”. هەر بەشێک لەم بەشانە لە چەند وردەپاژ و سەرەباس پێک هاتوون، شێوەی کتێبەکە هەمان شێوەی کتێبە کۆنەکانی وەک “بایەزیدی بەستامی”، “شیبلی”، “گوڵستان” و “فهی مافیهی” هەیە، واتە لە چیرۆک و حەکایەتی بچووک بچووک پێکهاتووە، هەر چیرۆک و حەکایەتێک دنیای سەربەخۆی خۆی هەیە و لە هەر دانەکیشدا حیکمەتێک و پەندێک پەنهانە. شەمس لەم بەسەرهاتانەدا باس لە وێستگە جیاوازەکانی خۆی دەکات، تاکو ئەوەی دەگات بە مەولانا و پاشتریش لێی جوودا دەبێتەوە، ڕەنگە خودی پەیوەندییەکە و تین و گڕ و گوڕی ئەو ئەڤینە، بە ئێستاشەوە جێی سەرسامی و لەسەر وەستان بێت، پەیوەندییەک کە لە پێکگەیشتندا بە سووتان وەسف کراوە و لە دابڕاندا بە “تاوانێک کە خودا قەت لێی خۆش نابێت” ئاماژەی پێ دراوە.
شەمس لەم مەقالاتانەدا، چ لەوەی کە باسی حاڵ و هەوای خۆی و چ لەوەی باسی سەردەم و زەمانەکەی دەکات، لە زۆر جێدا زمانتیژ و زبرە، لە هەندێک شوێندا جنێو دەدات و قسەی نەشیاو بەم و ئەو دەڵێت، ئەم و ئەویش کەسانی ئاسایی نیین، بەستامی و حەلاجن بە نموونە، بەڵام لە بەرانبەر مەولانادا، بە درێژایی گێڕانەوە و بەسەرهاتەکان، بە زمانێکی نەرم و ستایشئامێز و پڕ لە وەسفی دانسقە دەدوێت، زمانێک هەر دەڵێی لە هاوریشم چێ کراوە، زمانێک کە پڕە لە سەما و سووتان، زمانێک کە وەک کارنەڤاڵێک هەمووان داوەت دەکات بۆ زەوینی هەراوی ئەڤین، بۆ فێرکردنی ئەلفوبێی خۆشویستن و وەفا. بۆ خوێنەرێک کە بەردەوام گوێی لە دەنگ و نەبرەی مەولانا و مەولاناناسان بووە، لەم کتێبەدا گوێی لە شەمس دەبێت، لە پلەی نزیکبوونەوەی لە کۆڕی لە مەولانا، لەو تاسەیەی کە نە لە پێکگەیشتندا کۆتایی دێت و نە لە دابڕاندا دەبڕێتەوە. ئەو دەڵێت: “تۆ ئەو دوورەیت کە نزیکیت.” دەڵێت: “لە دڵەوە بۆ دڵ پەنجەرەیەک هەیە.” دەڵێت: “بە شەوی خۆمم گوت: وەرە دابێ، چونکە مانگەکەم چووەتە ناو جێگە.” دەڵێت: “کە دڵۆپە خوێنت بینی ڕێیەک دەکێشن، دوای بکەوە دەگەیتە لای چاوانم.” دەڵێت: “سەمای ئەهلی خودا نایاب و بێسەنگە، دەڵێیت وەک گەڵایەک بەسەر ئاوەوەن، بەڵام لە ناخیاندا وەک کێون، بگرە سەد هەزار کێون، بەڵام لە دەرەوە وەک زیخن.” ئەمانە مشتێکن لەو مرواریانەی شەمس دەرهەق بە مەولانا دەیانڵێت.
پرسێک دەمێنێتەوە کە دەکرێت لێرەدا ئاراستە بکرێت، بوونی ئەم چەشنە کتێبانە دەتوانێت لە چ ڕوویەوەکە سوودبەخش بێت بۆ دنیای کوردیی ئێمە؟ بێگومان ئێمەیش وەک میللەتی کورد بەشێکین لەو جیهانە ئاڵۆزەی کە هەنووکە هەنگاوی شێتانە و بە هەڵپە دەنێت بۆ هەرچی زیاتر و زیاتری سەرمایە و بەرژەوەندی تاکەکەسییە، ئەو پشێویی و سەرگەردانییەی دنیای داگیر کردووە پشک و پریشکی بەر ئێمەیش کەوتووە و کارایانەش لەناوماندا دێت و دەچێت، ئەمەش وای کردووە کە کۆمەڵێک دۆخی گرژ و ناتەبا و ئاڵۆز بکەونەوە، کە تێکڕا لە خانەی توندوتیژی ڕەمزیی و جەستەییدا بەرجەستە بوون، ڕێژەی تاوان و ژیانێکی ناهەموار و پڕ لە دڵەڕاوکێ، یەخەگیری هەریەکەمان بووە، نادڵنیایی لەوی تر و لە خۆیشمان، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، پەیوەندییە ڕۆحییەکانمان لە ئاستێکی نزم و خراپدایە، ڕۆحی خۆشەویستی و هاریکاری تێماندا بۆ جێیەکی مەترسیدار دابەزیوە، ژیانی خێزانیمان بەرەو هەڵدێر و لێژبوونەوە ملی داگرتووە، بوونی ئەم چەشنە کتێبانە لەم دنیایەدا دەتوانن لە ئاستێکدا کاریگەریی دابنێین، دەشتوانرێت ئەم ئاستە بۆ بەربڵاوتر و بازنەی بەرینتر ئاوەڵا بکرێت، ئەگەر بتوانرێت بچێتە کایە گشتییەکانەوە، گومانی تێدا نییە کە ئەم کتێبانە دەتوانن دەستکاری هەندێ بیرکردنەوەمان بکەن، هەندێک چەوتی و چەوێڵمان بۆ ڕاست و دروست بکەنەوە، لە لایەنی ڕۆحیەوە یارمەتیمان بدەن بەوەی کە تۆ تەنیاوتەنیا بریتی نیت لە جەستە و ورگت، بەڵکوو لایەنێکی گرنگ و داشاراوی تریشت هەیە کە خودی ڕۆحتە، بەڵام کۆی ئەمانە بەو مەرجە دەستەبەر دەبن کە خوێندنەوەکەمان بۆ ئەم کتێبانە تەنیا بە خاتری کاتکوشتن و چێژێکی سەرپێی نەبێت.
کتێبی “من و مەولانا: سەرگوزەشتەی شەمسی تەبرێزی” نووسینی: ولیەم چیتیک و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان، لە دووتوێی ٣٨٠ لاپەڕەدا، لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.