لە ڕۆشنبیری دینیەوە بۆ ڕۆشنبیری نادینی
لە ڕۆشنبیری دینیەوە بۆ ڕۆشنبیری نادینی
رامین جیهانبگلو
وەرگێڕانی: رێبین هەردی
بەشی دووەم
– ئایا ئێوە بۆ ئەو ڕۆشنبیرەی باسیدەکەن، سەرچاوەی زانین دادەنێن؟ بەدەربڕینێکی دی دەمەوێت بڵێم دەکرێت لە گوشەنیگایەکی دیەوە سەیری پێناسی ڕۆشنبیری دینی بکرێت. واتە ڕۆشنبیرێک کە پێگەیەکی تایبەت بۆ دین وەک داوەرێک و وەک سەرچاوەیەکی زانینی گرنگ دادەنێت. بەڵام با واز لەم تەفسیرەش بهێنین. بەبڕوای ئێوە سەرچاوەکانی زانینی ڕۆشنبیر چیە؟
– ئەو جۆرە ڕۆشنبیریەی من بڕوام پێیەتی، ڕۆشنبیرێک کە دەتوانێت ئەمڕۆ لە ئێراندا سەرپێ کەوێت، ڕۆشنبیریی نەوەی چوارهەمی ڕۆشنبیرانە. جۆرێک ڕۆشنبیری لەسەر بنەمای گفتوگۆیە و بنەمای ئەم گفتوگۆیەش بنەمایەکی عەقڵیە. ئەو پرسیارەی ئەم نەوەیە لە خۆی دەکات ئەوەیە ئێمە چۆن دەتوانین لەگەڵ نوێنەرانی جیاوازی ڕۆشنبیریی لە کۆمەڵگای ئێراندا، گفتوگۆ بکەین؟ دەبێت بناغەی فەلسەفی ئەم گفتوگۆیە شتێک بێت کە دەتوانین ناوی بنێن هیومانیزمی میتافیزیکی، واتە فەلسەفەیەک کە بڕوای بەوە هەیە دەکرێت لەسەرو ئایدۆلۆژیەکانەوە، مەسەلەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، مەسەلەی ئەخلاقی گشتی و لەمانەش گرنگتر مەسەلەی تاکگەری دیموکراتی (نەک تاکگەری خۆ پەستانە) باسبکرێت. گەر لەم گوشە نیگایەوە تەماشای مەسەلەی ڕۆشنبیری بکرێت، گفتۆگۆش مانای دەبێت. لەبەرئەوەی ئەم ڕۆشنبیرە بەدوای هەقیقەتدا دەگەڕێت و بەدوای ئەوەوەیە بۆ هەقیقەت و لەناو هەقیقەتدا بژی، بڕوای بەوە نیە خۆی هەقیقەتی ڕەهای لایە، بڕوای بەوەیە بۆ ئەم هەقیقەتە لەگەڵ کەسانی دی ڕاوێژ بکات، یان لەڕاستیدا هاوبەش بێت. بە بڕوای من هاوبەش بوون جۆرێک ئەخلاقی مەدەنیە، و ئەم مەدەنیەتەش بناغە و بنەمای ئەو گفتوگۆیەیە
– من لای خۆمەوە جیاکاری دەکەم لەنێوان سەرچاوەکانی زانین و شێوازی بەدەستهێنانی زانین. ئەمەتان پێ ڕاستە یان نا؟ من زۆرتر گفتوگۆ بە شێوازێک دەزانم بۆ بە دەستهێنانی زانین، تاکو بە سەرچاوەیەکی زانین. پرسیارەکەی من ڕێک ئەوەیە سەرچاوەکانی زانینی ڕۆشنبیر لە دیدی ئێوەوە چیە؟ دەکرێت بەشێوەیەکی گشتی بگووترێت بۆ نموونە زانستی تازە یەکێکە لە سەرچاوەکان. یان عەقڵی ڕەخنەگرانە لە سەرچاوەکانی زانینە، گەرچی دەکرێت شێوازیی ڕەخنەگرانەش وەک شێوازێکی زانین ڕەچاو بکرێت.
– من هەمیشە لەبارەی کۆمەڵگای ئێرانیەوە دەڵێم ئێمە نرخمان بۆ عەقڵئامێری لە عەقڵی ڕەخنەگرانە زیاتر داناوە. ئەگەر نرخ بۆ عەقڵی ڕەخنەگرانە دابنێن، دەتوانین بە ڕۆشنبیری گفتوگۆیی بگەین. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە. لەسیستەمی زیهنی مۆدێرندا هەردوو ئەم ڕەهەندە بوونیان هەیە، بەڵام ڕۆشنبیرانی ئێمە تا ئێستا زۆرتر گرنگیان بە عەقڵئامێری چ لە ڕوانگەی ڕخنەوە و چ لە روانگەی تەنکنۆکراتیەوە داوە، کەمتر گرنگیان بە عەقڵی ڕەخنەگرانە داوە. لەکاتێکدا سەرجەم مەسەلەکانی ڕۆشنبیری مۆدێرن لەسەر بناغەی عەقڵی ڕەخنەگرانە دامەزراوە. هەرچەندە دەکرێت ئەم بنەمایە بگەڕێنرێتەوە بۆ زەمەنی سوقرات، بەڵام بەهەرحاڵ لە کێشەی دریفۆس بەدواوە، ڕۆشنبیری مۆدێرن چووە ناو بواری سیاسەت و کۆمەڵگاوە. عەقڵی ڕەخنەگرانەیە کە ڕێگە دەدات ئێوە بتوانن سەرجەم لایەنە نێگەتیڤەکانی عەقڵ ئامێری بخەنە ژێر پرسیارەوە، تەنانەت عەقڵی ڕەخنەگرانەیە دەتوانێت بەردەوام خۆشی بخاتە ژێر پرسیارەوە. چونکە قەیران درووستکەرە، واتە جیاکاری دەکات، و گومان درووست دەکات، و خەسڵەتی جوڵە بەرەو پێشەوەی هەمیشە لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. مۆدێرنە ڕێک ئەمەیە. لەڕاستیدا گەر بتوانین عەقڵی ڕەخنەگرانە لە ڕێگەی نووسین و لێکۆڵینەوەکانەوە لە ئیراندا جێگیر بکەین، و گرنگیەکی زیاتری پێبدەین، بۆ کۆمەڵگایەک کە مۆدێلەکانی تەنیا ئەندازیاران و دکتۆرەکانن، واتە بەدەربڕینێکی دی تەکنۆکراتەکانن، ئەوا ئەو فەزا گفتوگۆییە پێویستە ئامادە دەکرێت. لەم دۆخەدا هەریەک لە ئێمە لەهەر پێگەیەکداین، باشتر دەتوانین بەیەوەکەوە گفتوگۆ بکەین، و بەدەرئەنجامی باشتر دەگەین، ئەو دەرئەنجامانەی توندوتیژی تێدا نیە، و ئەمەش شتێکە هێواش هێواش پراکتیکی دەبێت. من هەمیشە لە نووسینەکانمدا سەرنج لە بابەتێکی زۆر دەدەم، کە ئەویش خۆپارستنە لە توندوتیژی.
خۆپارستن لە توندوتیژی شتێک نیە بە ئاسانی بەدەست بێت. دەبێت لەڕووی فەلسەفی و فکریەوە تێبکۆشین بۆ گەیشتن پێی. بە بڕوای من گفتوگۆ بە درووستکردنی جۆرێک مەدەنیەتی کۆمەڵایەتی ئێمە بەرەو خۆپارێزی لە توندوتیژی دەبات، و بەوەیەکی تازەی ڕۆشنبیرانی ئێرانیش دەتوانن ئەمکارە بکەن. بەتایبەتی بە سەرنجدان لەوەی ئێمە لە ئێراندا لە قۆناغی دوای ئایدۆلۆژیداین، و لەڕاستیدا نەوەی چوارهەمی ڕۆشنبیرانی ئێرانی نەوەیەکە کە بە قوڵی مەسەلەکان دەبینێت نەک بە ڕوکەشی، مەسەلەکانی لەبنەڕەتدا دروشمبازی نیە. ئەوان لە نووسینەکانیاندا نایانەوێت دروشم بدەن. بە من دەڵێن کە زۆر خۆشبینم بەرامبەر بەم نەوەیە، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە هاوکات جۆرێک بەدبینی کلتووری لەم نەوەیەدا هەیە، ئەگەری ئەوە هەیە جۆرێک خۆشبینی پراکتیکیش بەدوای خۆیدا بێنێت.
– ئەگەر دین یەکێک لە سەرچاوەکانی زانینی ڕۆشنبیریی بێت، لەپاڵ سەرچاوەکانی تری زانیندا کە ناوت هێنان، ئایا ناتوانین ئەمجۆرە ڕۆشنبیریە ناوی بنێین ڕۆشنبیری دینی؟ ڕۆشنبیری دینی کە دینیەکەی تەواو هاوئاهەنگە لەگەڵ عەقڵی ڕەخنەگرانەدا. یەکێک لەو قسە کورتانەی کە زۆر پڕ مانایە و دەگەرێتەوە بۆ حەزرەتی مەسیح (ع) دەڵێت: (( ڕەخنەگری قسە بن)). ئەمە ڕێک دەربڕینی حەزرەتی مەسیحە کە یەکێک لە هاوەڵەکان (ع) دەیهێنێتەوە و دەیسەلمێنێت. واتە زۆر خەڵکی ڕەخنەگر بن. وەک دەزانن لەنێوان ((ڕەخنەی قسەکردن))، و ((ڕەخنەگری قسە)) جیاوازیەکی باریک هەیە، و مەسیح نەیفەرموو ڕەخنەی قسەکردن بن، بەڵکو گوتی ڕەخنەگری قسە بن. لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا کاتێک وشەیەک لەسەر وەزنی (فعال) دێت، پڕی و توندی دەگەیەنێت. لێرەوە مانای ئەم قسەیە ئەوەیە زۆر ڕەخنەگری قسە بن، و ئەم قسەیەش بەتەواوی لە بیرکردنەوەی ئیسلامی ئێمەدا قەبوڵ کراوە. بە سەرنجدان لەم بابەتە ئەوە دینە پێشنیاری لەمجۆرە دەکات، و عەقڵ بەیەکێک لە داوەر و تەرازووەکان دەزانێت کە دەبێت شتەکانی دی پێ بپێوین. بەڵام لەپاڵیدا دینیش هەم بەیەکێک لەسەرچاوەکان و هەم بەیەکێک لە داوەرەکان دەناسێنێت. بەبڕوای ئێوە کێشەیەک هەیە گەر ئێمە لەم چوارچێوەیەدا سەیری ڕۆشنبیری دینی بکەین؟ ڕۆشنبیرێک کە یەکێک لەسەرچاوەکانی زانینی دینە. ئەویش نەک دینێک کە لەبەرامبەر عەقڵی ڕەخنەگر و زانیندا وەستاوە، بەو ڕوانینە کانتیەی کە ناسین بخەینە لاوە و جێگەیەک بۆ باوەڕ بکەینەوە، بەڵکو دینێک کە دین لە باوەشی زانیندا لەبەرچاو دەگرێت. واتە ئەو دوالیزمەی لەهەندێک فەلسەفەکاندا یان کەلام و ئیلاهیاتی مەسیحیدا هەیە، لێرەدا بەهیچ شێوەیەک نیە. ئایا ئێوە کێشەتان لەگەڵ ئەم تەفسیرەدا هەیە؟
– نا کێشەیەک نابینم. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ ئەم هێڵکاریەدا نیم. هۆکەشی ئەوەیە بە بڕوای من دین یەکێک لە ڕەهەندەکانی شارستانێتیەکی زۆر گرنگ و لە بناغەکانی زانینە. ئێوە ناتوانن دین لە فەلسەفە جیابکەنەوە. واتە کەسێک کە کاری فەلسەفی و پرسیاری فەلسەفی دەکات، بەردەوام بەر دین دەکەوێت. لەبەرئەوە پرسیارکردن هەمیشە تیایدا ڕەهەندێکی مەعریفی هەیە. لەبەرئەوە لەم پرسیارکردنەدا هەمیشە ڕەهەندی زانینی دین بۆ ڕۆشنبیر گرنگە. من تەنیا لەگەڵ ئەوەدا نیم پاشگری دینی بۆ ڕۆشنبیر بەکاربهێنرێت. وەک پۆل تیلیچ دەڵێت ((دین بناغەی کلتوورە)). ئەگەر وایە، ئەوا ڕۆشنبیر کلتوور درووستکەرە و لەگەڵ کلتووردا دەستوپەنجە نەرم دەکات. لەبەرئەوە ڕۆشنبیر ناتوانێت دین بخاتە لاوە و لەبنەڕەتدا ئەمکارە گەمژانەیە، و یەکێک لە نیگەرانیەکانی من بۆ زۆرێک لە کۆمەڵگاکان و لەوانەش بۆ ئێران ئەوەیە، ڕۆژێک وتەزای دین بخرێتە لاوە و لە دیدێکی فەلسەفیەوە باس نەکرێت، و وابزانن چیدی دین مەسەلەیەک نیە. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی سیاسی بۆ دین. لەکاتێکدا دین تەنیا سیاسی نیە، بەڵکو دین مەسەلەیەکی شارستانیە. چۆن دەکرێت مەسەلەی مەعنەویەت و شتی پیرۆز بە بێ هوشیار بوون بە دین و دینەکان بخرێتە ڕوو. من ئەو قسەیەی ئاندرێ مالرۆم بیردەکەوێتەوە کە دەڵێت سەدەی بیستویەک یان سەدەی مەعنەویەت دەبێت، یان بوونی نامێنێت. سەدەی بیست ویەک، دەبێت سەدەیەک بێت کە گرنگی بە مەعنەویەت بدات. ئێمە ناتوانین مەعنەویەت بخەینە لاوە. مەعنەویەت بەشێکی سەرەکی ژیانی مرۆڤە و جەمسەرێکی بنەڕەتیە لە ڕۆشنبیریدا. کام ڕۆشنبیر هەیە بڵێت هیچ نرخێک بە مەعنەویەت نادات و مەعنەویەت لای مەسەلەیەک نیە.
– لەو ڕوانگەیەی قسەی لێوە دەکەن، ڕۆشنبیر لێکۆڵینەوە لەبارەی دینەوە وەک ئۆبژێکتێک دەکات و پەیوەندیەک بە دین و وتەزا دینیەکانەوە درووست دەکات. بەڵام لەم حاڵەتەدا یا ئەناتۆمی دین وەک ئۆبژێکتێک دەکات، یان بەلایەنی زۆرەوە سوود لە دین بۆ کلتوورسازی و مەبەستەکانی خۆی وەردەگرێت. بەڵام من لەم ڕوانگەیەوە سەیری ئەم بابەتە ناکەم. هەرچەند ئەوەم قەبوڵە دەکرێت ئەمە شێوازێکی مامەڵەکردن بێت لەگەڵ دیندا، بەڵام ئەوەی من زۆر جەختی لێدەکەم ئەوەیە، دەکرێت دین هەم بە چاوی سەرچاوەیەکی زانین و هەم بە چاوی یەک داوەر تەماشا بکرێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری دین بکەین، ڕۆشنبیری دەکرێت لەپاڵ عەقڵی ڕەخنەگرانە، لەپاڵ سوودوەرگرتن لە مێژوو، و لەپاڵ سوودوەرگرتن لە سروشت، سودیش لە دین وەک سەرچاوە و داوەرێک وەربگیرێت. چ کێشەیەکە گەر بڵێین لەم حاڵەتەدا دەکرێت پاشگری دینی بەشێوەیەکی مەعقول بۆ ڕۆشنبیر بەکار بهێنرێت؟
– کێشەی هەیە. چونکە بە بڕوای من دین سەرچاوەیەکی زانینە بۆ هەموو ڕۆشنبیران، بێ ئەوەی ڕۆشنبیری دینی بێت. مەگەر دین بۆ کانت سەرچاوەیەکی زانین نەبوو، ئایا دەکرێت ئەخلاقی کانتی بێ دین باسبکرێت؟. وەڵامەکە نەخێرە، و لەبنەڕەتدا خودی کانتیش شتی وا ناکات. بەڵام کانت فەیلەسوفێکی دینی نیە، پاشگری دینی بۆ خۆی دانانێت.
– لەڕاستیدا کانت ئەخلاق بە پێشەکیەک دەزانێت بۆ گەیشتن بە دین. واتە لە دینەوە بە ئەخلاق ناگات، بەڵکو لە ئەخلاقەوە بە دین دەگات.
– بەڵێ، بەڵام ئەو حوکمە ئەخلاقیانەی دایدەنێت، کاتێک دەڵێت ئەم حوکمانە دەبێت گەردوونی بێت….
– ئەم حوکمە ئەخلاقیانە لە سەرچاوەی دینەوە وەرناگرێت، لەڕووی سەرچاوەوە تەواو نادینیە.
– بەڵێ، بەڵام نموونە دەهێنێتەوە کە…
– مەگەر بەشێوەیەکی تراندنستاڵی نایخاتەڕوو؟ لەم حاڵەتدا چۆن دەکرێت بگوترێت دین سەرچاوەیەکی زانینە لای کانت؟
– یەکێک لەو نموونانەی بۆ ئێمە زۆر بەرجەستەیە و زۆر ئەمڕۆییە، ئەوە نابێت ئەوی دی بکوژیت، ئەمە حوکمێکی ئەخلاقیە، بەڵام لە دینیشدا هاتووە.
– بەڵام کانت ئەمە بە شێوەیەکی دینی ناخاتەڕوو، بەشێوەیەکی تراندنستاڵی دەیخاتە ڕوو، کانت ناڵێت لەبەرئەوە دین گوتوێتی نابێت کەس بکوژرێت.
– ڕێک وایە. بەڵام سەرچاوەی دین دەتوانێت لێرەدا سەرچاوەیەکی زانینی کانت بێت، گەرچی ئەنجامەکانی ئەنجامێکی عەقڵانی یان فەلسەفیە.
-لە مەسەلە سەرەکیەکە دوور نەکەوینەوە. کەوابوو قەبوڵی دەکەن ڕۆشنبریرێک کە سوود لە دین وەک سەرچاوەیەکی زانین وەردەگرێت، و پاشگری دینییش بۆ خۆی دادەنێت، هەر لەبەرئەم سوودوەرگرتنە لە دین، دەکرێت ناوی بنێین ڕۆشنبیری دینی؟
– بۆ ئێوە ئەوەندە سوورن ئەم پاشگرە بەسەر ڕۆشنبیردا بسەپێین. بەبڕوای من ئەم کارە جۆرێک هێڵکاری سیاسی و هیچ پاساوێکی نیە.
– من لەسەر بناغەی واقعی دەرەکی وا دەڵێم. بە وتەی فەیلەسوفانی ئەرستۆیی وەک چاودێرێکی واقعی دەرەکی دەڵێم ڕۆشنبیران لە دنیای دەرەکیدا هەن کە سوود لەدین وەک سەرچاوەی زانین و داوەر وەردەگرن، لەبەرئەوە دەکرێت لەپاڵ لقەکانی تر ڕۆشنبیریدا بە ڕۆشنبیری دینی ئەژمێر بکرێن.
– بۆچی ئێمە لە ئێراندا گرفتاری ئەم دژیەکیە بین. کاتێک لەسەدەکانی سەدەی بیستدا بیریارانێک هەن وەک مارتین بویەر، لڤیناس….
– بە بڕوای من دەربڕینی ((ڕۆشنبیری دینی)) مەرج نیە دژیەکی بێت. بەڵکو دەکرێت زۆر ماقوڵ و قابیلی بەرگری عەقڵانی بێت.
– بیریارانی وەک مارتین بۆیەر و لڤیناس دین بەسەرچاوەیەکی زانینی خۆیان دادەنێن، بەڵام خۆیان ناو نانێن ڕۆشنبیری دینی، بۆچی ئێمە لە ئێران ڕۆشنبیری دینیمان هەبێت؟
– بۆ ئێمە دەبێت چاوەڕوان بین ئەوان زاراوەی ڕۆشنبیری دینی بەکار بهێنن، بۆ ئەوەی ئێمەش موڵەتی بەکارهێنانی ئەم زاراوەیەمان هەبێت؟
– نە، چاوەڕێ ناکەین. من سوورم لەسەر ئەوەی ئەم مەسەلەیە لێرەدا سیاسیە.
– ڕەنگە سوودی سیاسی لێ وەربگیرێت. من نکوڵی لەم ئەگەر ناکەم. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نیم بڵێین ئەم ناونانە لەسەر بناغەی جۆرێک هەڵوێستی سیاسی ئەنجام دراوە؟
– ئەمە لەو ڕوەوە دەڵێم کە خۆیان وەک ڕۆشنبیری دینی دەناسێنن و دەیانەوێت خۆیان لە کۆمەڵێکی دی جیا بکەنەوە. قسەی من ئەوەیە لەو گفتوگۆیەی من لایەنگریم، پێویست ناکات خۆمان جیا بکەینەوە. مەسەلەی هەموومان یەک شتە، هەموومان لەگەڵ یەکدا لە گفتوگۆداین.
– ئایا سەرچاوەکانیشمان یەک شتە؟ ئایا داوەریەکانمان یەک شتە؟
– بەڵێ. دەشێت سەرچاوە و داوەریەکانیشمان یەک شت بێت. خۆتان دەڵێن داوەرەکان، ناڵێن یەک داوەر. بۆ نموونە گەر من بمەوێت لەگەڵ موجتەهد شبستری گفتوگۆ بکەم، ئەگەر بابەتی گفتوگۆکەمان مێژووی دینەکان بێت، من لە دیدی خۆمەوە قسە دەکەم و ئەویش لە دیدی خۆیەوە. مەرج نیە ئەو بەخۆی بڵێت ڕۆشنبیری دینی، بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ مندا لەبارەی مەسەلەی باوەڕ یان دینەوە گفتوگۆ بکات. ئێمە بە ئاسانی دەتوانین ئەمکارە بکەین. من ناڵێم ئێمە لاسایی ڕۆژئاوا بکەینەوە، دەڵێیم کاتێک لە ڕۆژئاوا کە فەلسەفەکەی لە مۆدێرنەدا زۆر پێشکەوتووترە لە ئێمە، ئەمە ڕووی نەداوە، کەوابوو چ پێویست دەکات ئێمە ئەم پۆلێنکردنە بکەین. کاتێک کەسانی وەک لڤیناس و یاسپرس دەیانەوێت لەگەڵ کەسانی وەک کاسیرەر و هادیگەر و ژان پۆل سارتەردا گفتوگۆ بکەن، ناڵێن ئێمە ڕۆشنبیری دینین و لەبەرئەوە لەمڕوەوە ئەم هێڵکاریە دەکەین. لە کۆنفڕانسە نێونەتەوەیەکانیشدا بێ ئەم هێلکاریە پێکەوە لەبارەی وتەزا فەلسەفیەکانەوە گفتوگۆ دەکەن. بەهەرحاڵ بە بڕوای من ئەوەی هەر دەبێت ڕۆشنبیری دینیمان هەبێت، هەم زیان بە خودی ڕۆشنبیر و هەم بە خودی دین دەگەیەنێت.
– من ناڵێم هەر دەبێت ڕۆشنبیری دینیمان هەبێت. من دەڵێم بە تێبینیکردنی ئەوەی هەندێک لە ڕۆشنبیرانی ئێمە دین وەک سەرچاوە و داوەر بەکار دەهێنن، چ کێشەیەکی تیایە ئێمە ناونیشانی ڕۆشنبیری دینی بۆ ئەمانە بەکار بهێنین. ئێوە دەڵێن گەر ئێمە بمانەوێت سوود لە پاشگری دینی وەربگرین، تووشی دژیەکی دەبین، من دەڵێم هیچ دژیەکیەک نابینم. وەک چۆن کەسانی دی سەرچاوەی زانینی جیاواز و داوەری جیاوازی زانینیان هەیە، ڕۆشنبیری دینیش یەکێک لە داوەرەکانی دینە. -دیارە لێرەدا هەقم بەسەر ئەوەوە نیە هەندێک لە ڕۆشنبیرانی دینی کە دین تەفسیر دەکەن، دواجار بۆ دین هیچ نرخێک بۆ دینی وەحی دەمێنێتەوە-ڕۆشنبیری دینیگەر سەرچاوە و داوەری دین بێت، بۆ دەبێت بڵێن زاراووەی ڕۆشنبیری دینی دژیەکیە؟ دژیەکی لە کوێدایە؟ دیسان دوبارەی دەکەمەوە و جەخت لەوە دەکەم، کە ئەو عەقڵانیەتیەی لە دامێنی دیندا پەروەردە دەکرێت، تەواو هاوئاهەنگە لەگەڵ دیندا، جیایە لەو عەقڵانیەتیەی کە لەسەر بناعەکەی عەقڵی مۆدێرن ناتوانێت لەگەڵیدا ڕێک بکەوێت، و کانت ناچار دەبێت ئەو ڕێکەوتنە ئەنجام بدار و بڵێت زانین دەخەمە لاوە، بۆ ئەوەی جێگەیەک بۆ باوەڕ بکەمەوە.
– وانیە. عەقڵی مۆدێرن لەگەڵ دین و دینداریدا ڕێک دەکەوێت. من دیسان نموونەی پۆل ڕیکۆر دەهێنمەوە. ئەو بیریارێکی مۆدێرنە و کار بە عەقڵی مۆدێرن دەکات. بەڵام لەگەڵ دینیشدا ڕێک دەکەوێت، وانیە؟
– جۆری ڕێکەوتنیان زۆر جیاوازە.
– شێوەی ڕێکەوتنیان جیاوازە، ڕێک لەبەرئەوەی مەسەلەکی ئەوان بە سیاسی نەبووە. لە ئێراندا مەسەلەی ڕۆشنبیری دینی تاڕادەیەک بە سیاسی بووە و ئەمەش باری ڕۆشنبیری دینی گران دەکات و هەمیشە پاشگری دینی لەبەردەم ڕۆشنبیریدا بەرجەستەتر دەکات. بە بڕوای من وا باشترە ئەو کەسانەت ناوی خۆیان دەنێن ڕۆشنبیری دینی، کاری ڕۆشنبیریان لە کاری دینیان زۆرتر بێت. واتە زۆرتر لە بواری ڕۆشنبیریدا بجوڵێن و ڕەفتار بکەن، و زۆرتر لەم ڕێگەیەوە بەجیهانی بن نەک لەڕێگەی دینداریەوە، ڕێک وەک کەسانی هاوچەشنی شایگان. دینداری ئەمانە زۆر جێگەی ڕەزە، بەڵام ئەوەی بیانەوێت زۆرتر جەخت لە پاشگری دینی بکەن، لای من کێشەیە. بە بڕوای من وەک چۆن وێنەکێشی دینی یان مۆسقازانی دینی یان پیانیستی دینیمان نیە، ڕشنبیری دینیش چەمکێکی مەعقول نیە، و زۆر کۆمێدیە کە دەربڕی دینی لێرەدا بەکار بهێنین.
– کاتێک ئێوە دەڵێن ئەرکی ڕشنبیر بەرهەمهێنانی ڕۆحە، چ کێشەیەکی ثێدایە ڕۆشنبیرانێک کە ژێرخانی بیرکردنەوەیان دینیە، ئەم چالاکیەیەی بەرهەمهێنانی ڕۆح و دۆزینەەی هەقیقەت ئەنجام بدات، بۆ نموونە شەریعەتی ئەگەرچی دیدێکی ئایدۆلۆژیان بۆ دین هەیە، بەڵام وەک ڕۆشنبیری دینی ئەژمار ناکرێت.
-تەماشاکە! من لە دیدی ئایدۆلۆژیەوە ئەمە ناڵێم و ڕۆشنبیری بوونی ئەمانە ڕەد ناکەمەوە. ئەوەی لای من دژیەکیە ئەوەیە بۆچی دەبێت ئەم پاشگرە دینیە بەکار بهێنین، بۆچی سوور بین لەسەرئەوەی ئەم بەرهەمهێنانی ڕۆحە تەنیا لە چوارچێوەی دینیدا ئەنجام بدرێت؟ دیارە سەرچاوەکانی زانین بەجێگەی خۆی مەسەلەیەک نیە. بەڵام کاتێک بتانەوێت ئەم بەرهەمهێنانی ڕۆحە بەم شێوەیە ئەنجام بدرێت، ئەواو ئەوی دی تەنیا بە دیدێکی دینیانەی خۆتانەوە دەبینن. ئەو تەنیا وەک بابەتێکی باوەڕ سەیر دەکەن، نەک وەک بابەتێکی عەقڵی.
– وا نیە، بەهیچ شێوەیەک وانیە.
– ڕەنگە وا نەبێت، بەڵام ناتوانرێت وا بگوترێت کە مەرجە وا نەبێت.
– ڕەنگە لە ڕووی عەقڵیشەوە ئەمانە بخرێنە ڕوو، بەڵام لەم دۆخەدا دەبێت پاشگری دین هەڵبگیرێت. وەک گووتم ئەم پاشگرە کێشە بۆ ئەو بواری گفتوگۆیە دروست دەکات کە دەبێت لەنێوان ڕۆشنبیرانی ئەمڕۆی ئێراندا هەبێت. ئەگەر بڕیارە ئەم بوارەی گفتوگۆیە بوونی هەبێت، دەبێت هێڵکاری لەمجۆرە بخرێتە لاوە. ئەگینا ئێمە دیسان بەرامبەر بەیەک سەنگەر دەگرین، و ئەمەش ڕاست نیە. ئەوەی نەوەی چوارهەمی ڕۆشنبیرانی ئێران لە نەوەکانی پێشوو جیا دەکاتەوە، ئەوەیە ئەم نەوەیە نایەوێت ئەمجۆرە هێڵکاریانە قەبوڵ بکات.