ڕامانێک لە دەفتەرەشیعری “تاقانە یار”ی دڵسۆز حەمە
ژنێکی ڕۆح پینە
ڕامانێک لە دەفتەرەشیعری “تاقانە یار”ی دڵسۆز حەمە
خوێندنەوەی: سەردەم
لە شیعری نوێی کوردیدا کۆمەڵێک دەنگی ژنانە هەن، کە دەتوانن نوێنەرایەتیی ئەدەبیاتی کوردی بکەن لە بازنەی دەرەوەدا، ئەم دەنگانە وێڕای ئەوەی توانیویانە لە ئاستێکی بەرزیی شیعرییدا تەعبیر لە خەم و ئازاری ئینسانیبوونی خۆیان و دەنگی کپکراوی ڕۆحیی و جەستەیی بکەن، هاوکات توانیویانە بەشدارییەکی کارایانەشیان هەبێت لە ڕەوتی بەرەو پێشبردنی دۆزی ژناندا، لەگەڵ چالاکییە دەستەجەمعی و ڕێکخراوییەکاندا، بەڵام دەنگی ئەمان و داکۆکی ئەمان شتێکە لە کایەی فەرهەنگ و زمان و شیعردا، شتێکە هێندەی لەگەڵ جوانیناناسانەی ژنانەدا سەروکاری هەیە، هێندە ناپەرژێتە سەر ئاکت و جووڵەی شەقام و کۆمەڵگە و ماڵ، ئەم ڕەوتە فەرهەنگییە دەستکاریی جێیەکی تری بیرکردنەوەی نێرسالارییانە دەکات، بە ئاراستەیەکی تردا کار دەکات و داکۆکییەکەی پانتاییەکی تر دەگرێتەوە، بێگومان ئەم شۆڕشە لە زماندا، لە پانتایی بیرکردنەوەدا، ئەگەر لە هەمان ئاستی ئەو بەرگریانەدا نەبێت کە لە چوارچێوەی فێمنیستدا جێکەوتە دەبن، ئەوا کەمتر نییە. یەکێک لە دەنگە زوڵاڵ و شیعرییەکانی ئەم پانتاییە، دڵسۆز حەمەیە.
دڵسۆز حەمە یەک لە دەنگە دیارەکانی نێو شیعری کوردییە، کە خاوەنی دەنگ و ڕەنگی خۆیەتی، شیعری ئەو لەو جۆرە شیعرانەیە کە لە چەقی ژیان و شتەکانی دەوروبەرەوە هەڵدەقووڵێت، ڕوانینێکە بە قووڵایی شتە ساکارەکاندا و دەرکێشانی شیعریەت لێیان، هەڵبەت بە نیگای ژنێکەوە. هەر ئەمەش کارێکی کردووە کە شیعری دڵسۆز هەڵگری جۆرێک خەم و نیگەرانی بێت کە هاوکات شەخسی و نوێ بێت، هاوکات بتوانێت بەشداریی ئەزموونی کۆییش بکات، بیگومان کۆی ئەم دنیا شیعرییە لەسەر دوو ستوونی گرنگ ڕاوەستاوە، یەکەم زمانێکی پوختەی شیعری و دووەم دنیابینییەکی بەرینی شاعیرانە. زمانی دڵسۆز حەمە زمانێکی ڕۆژانەییە، لە وردەشتەکانی چواردەوەری و کەسە نزیکەکانی دەدوێ، زمانێکە نزیک بە زمانی کۆڵان و شەقام، بەڵام بێ ئەوەی بهێڵێت ئاستی ئەم زمانە هەرزان و نزم بکەوێتەوە، بەردەوام ڕایەڵێک لە چەشنی ئاوریشم دەیبەستێتەوە بە شیعرەوە، دەیگەڕێنێتەوە بۆ ناو ئەو پانتاییە ئیستاتیکییەی کە هەڵگری جۆرێک لە ئەفسوون و ناوازەییە. خاڵی دووەم دنیابینیی پشت دەقەکانی دڵسۆز حەمەیە، ئەمە نوختەیەکی گرنگە لەگەڵ ئەوەدا کە دەقەکانی دڵسۆز حەمە لە دیاردە و دەرکەوتە سادەکانی دەوروبەری خۆیەتی، لەو کەسانەیە کە ڕاستەوخۆ ئەم بەرکەوتنی هەیە لەگەڵیان، بەڵام کۆی ئەم بیرۆکە نزیکانە قووڵاییەک و دنیابینییەکی بەرین لە پشتیانەوە ئامادەیی هەیە، بەو واتایەی لەوە ترازاون کە هەر لەو ڕووبەرە بچووک و نزیکەدا بخوێنرێنەوە، بەڵکو سنووری دەربڕین و بڵاوبوونەوەیان ئاسمانێکی بەرین و هەراوە، ئەمەیش ڕاستەوخۆ بۆ باکگراوندی پشت دەقەکان دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەی سادە و ساکار وەدیار دەکەون، هاوکات قووڵ و توێ توێشن.
دەفتەرەشیعری “تاقانە یار” کە ساڵی ٢٠١٢ لە “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم” چاپ و بڵاو کراوەتەوە، لەو دەفتەرەشیعرانەیە کە پڕە لە داهێنان و دەنگی ژنانەیی شیعر، ئەم دەفتەرەشیعرە گەشت و ڕوانینی شاعیرێکە کە بەر لەوەی کاڵا بە باڵای خەمەکانیدا بکات، دەزانێت شیعر چییە، دەزانێت فۆرم بۆ خەمەکانی بدۆزێتەوە، دەزانێت جێی شیاو بۆ دەربڕینی ئازارەکانی، جیا لە شیعر، هیچ ژانرێکی تر نییە. ئەو زمانەی کە دڵسۆز حەمە لەم دەفتەرەشیعرەدا بەکاری دەهێنێت، زمانێک تژیی لە بزۆزی و جووڵە، لە کەروێشکەی بازبازێنی وشە و دەربڕین لە سیاقی ناسکترین وێنەی شیعریی ژنانەدا، هەر دەڵێیت بە کردنەوەی ئەم دەفتەرەشیعرە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی، لە ژوورێکی ژنانەداین، کە پڕ پڕە لە هەموو ئەو شتانەی ژنانەیی ئەو ژنە دەسەلمێنن.
دیوانی “تاقانە یار” لە دوازدە دەقی شیعریی پێک هاتووە، ناوی دەقەکان بەپێی ڕیزبەندییان، بەم جۆرەیە: “ئەو پیاوەی من، سەفەر، ئەم ژنانە، موبەق، کورتەنامە، کورتەنامە، کورتەنامە، فەرهەنگی دڵتەنگی، خۆم، تاقانە یار، ئەسیر و وێنەکانی ژنێتی”. ئەگەرچی هەریەک لەم دەقانە دنیای سەربەخۆی خۆیان هەیە، بەڵام کۆمەڵێک وردەئەستێرەی ڕژاو لە هەریەکەیاندا هەیە کە دەتوانین وەک خاڵی هاوبەش و پێکەوەگرێدراو بیانبینین. ئێمە لە “تاقانە یار”دا ژنێک دەبینین تا ئەوپەڕی عاشقبوون، عاشقە، حەز و ویستە بچکۆلەکانی خۆی بەیان دەکات، لە نیگەرانییەکانی دەدوێت، لەو پیاوەی کە خۆشی دەوێت و هاوخەمیەتی.
دەتوانین لە دوو ڕوانگەوە لە دەفتەرەشیعری “تاقانە یار” بڕوانین، یەکەمیان ئەم کتێبە بچکۆلەیە دەکرێت وەک مانیڤێستۆیەک بۆ دۆخی ئەڤین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەماشا بکرێت، بە گشتی لەم بارەیەوە وێنایەک دەدات بە دەستەوە کە تەعبیرە لە دۆخی ژن لە کۆمەڵگەی پیاوسالارییدا، بە تایبەتیش لەو دەمەیدا کە ئەم ژنە دەیەوێت ئەزموونی عەشق لەگەڵ ئەو پیاوەدا بکات کە خۆشی دەوێت، بەڵام نەریت و کۆمەڵگە و پیاوانی وانەی ئایین و ئەخلاق لە بەردەم ئەم عەشقەدا ڕاست دەبنەوە و دەبنە ڕێگر و بەرگر، لە باشترین حاڵەتیشدا بە مەرگێکی حەتمی ژنە کۆتایی دێت. دیارە ئەم گوتارە بە چەندان شێوە و ئاست دەربڕاوە، بەڵام دڵسۆز حەمە لە ڕێی شیعرەوە دێت ئەم گوتارە لە بۆتەی شیعریەتدا ئاراستە دەکات، بەردەنگ لە گوزەری دەنگی خەمگینانە و ژنانەی شاعیرەکەیەوە دەگات بەو غەدرە مێژووییە کە ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ کولتوور، بۆ ئەو عەقڵیەتەی کە هەمیشە لە دابەشکردنی شتەکاندایە بەسەر ڕەش و سپیدا، سپی پیاوە و ڕەشیش ژن، وەک بەخت و چانس.
نموونەی شیعریی:
لە خاکی فەرامۆشیدا
خاکی پەنجەرە دڵتەنگەکان
بە کوێدا بفڕێت تەماشام
بۆنی هەور و
بۆنی ئەستێرە و سێوەکان تاقیکاتەوە
لە پێچێکدا شمشێرەکان تیرۆری نەکەن خەیاڵم
لە کاتێکدا دیوار و شۆستە و شەقام و
چەتری چاوەڕوانی پاسەکانیش پیاوانەیە (ل ٨٧)
نموونەیەکی تر:
پیاوی ڕۆژهەڵاتی:
ئەوەی لەگەڵ مەمکێکی شەرمن و حەپەساوی
ئەم ڕۆژهەڵاتە ترساوەدا
توندڕەوە… موحافیزکارە… مڕومۆچ
لە هەمبەر مەمکێکی چاوکراوەی
سەر بە دەرەوە و ئازادی ڕۆژئاوادا
تا سەر ئەژنۆ دەچەمێتەوە
لێبووردەیە… لیبراڵە… عاشقە زۆر زۆر. (ل ٧١)
***
خاڵی دووەم کە جێی ئاماژەبۆکردنە، ئیرۆتیکایە لە دەفتەرەشیعری “تاقانە یار”دا؛ دڵسۆز حەمە لەم دیوانەدا بێ ئەوەی سنووری نێوان ئیرۆتیکا و پۆرنۆ ببەزێنێت، لە ئاستێکی هونەریی بەرزدا، جەستەی ژنانە بەرجەستە دەکات، جوانییەکانی مێینەیی دەر دەخات، لەبری ئەوەی خودسانسۆزی بەسەر دەربڕین و وێنە شیعرییەکانەوە بکات، دێت لە هەوڵی دۆزینەوەی فۆرمێکی گونجاو و ناسکدا، ئەو بەشە شاراوە و حەرامانەی جەستە کە دین و کولتوور بڤەی لەسەر داناون، ئاشکرا دەکات و دەنووسێتەوە، بانگێشتی ئەو پیاوە دەکات کە خەونی پێوە دەبینێت، کە حەز دەکات ماچی بکات و لە بەردەمیدا وەک ئاو ڕووت بێتەوە. “تاقانە یار” دەنگی ڕەسەنی ژنێکی شاعیرە، کە فریوی جورئەت و ئازایەتیی پیاوسالاری تێپەڕاندووە و خۆیەتی، دەنگی ناخی خۆی لە ڕێی شیعرەوە دەگەیەنێت.
نموونەی شیعریی:
کە لێرە نیت
جلی ناو کەنتۆرەکەم و عەتر و ماکیاج و
ستیان و جلە زۆر زۆر تەنکەکەم
نە ڕەنگیان پێوە دەمێنێ
نە بۆنی خۆش
دڵم بە هیچ ناکرێتەوە. (ل ٩)
نموونەیەکی تر:
زنجیرەکەم بترازێنە
گوارە و موستیلە و بازنگ و
تەوقەی قژم لێکەرەوە
ژنێتیم ئەو کتێبەیە
تا نەیکەیتەوە نازانی
چی نووسراوە. (ل ٤٥)
نموونەی تر:
لە ماڵێدا
ستیان لەبەر ناکەم
بە پێی پەتی دەسووڕێمەوە
بۆیە هەر دەرگای ماڵم ترازان
دوو کەروێشکی سپیی بچووک
لە پێڵاوەکانمەوە ڕادەکەن
دوو کۆتری سپیش لە ملی بلووزەکەمەوە
دەدەن لە شەقەی باڵ و
لە ماڵەکەمدا دێن و دەچن. (ل ٩٥)