کوڕەکەچەڵ لە فۆلکلۆری کوردیدا

کوڕەکەچەڵ لە فۆلکلۆری کوردیدا

ڕانانی: سەردەم

بێگومان هاوشێوەی میللەتان، کوردیش خاوەنی یەکێک لە دێرینترین و مێژوویی ترین ئەدەبە، کە ئەویش ئەدەبی فۆلکلۆرییە، چ بە شێوەی نووسراو، یاخود گێڕانەوە زارەکییەکان کە دەماودەم بۆ قۆناغ و سەردەم و ڕۆژگاری نوێ، لە لایەن پیرمێرد و پیرەژنانەوە، بۆ نەوەکانیان گوازتووەتەوە، ئەوەی لەو چیرۆکە فۆلکلۆرییانەدا دەیانبیستین و دەیانخوێنینەوە، بریتین لە دەربڕین و زنابێکی سادەی ڕۆژانەیی، پاڵەوانی ئەفسانەیی، سەرکێشی و ئەوینداری، هاوکات بەگژداچوونەوەی ستەم و چەوساندنەوە، لە ڕاستیدا ئێمە لە ڕێی ئەو چیرۆکانەوە تێدەگەین کە لە ڕابردوودا مرۆڤی کورد خاوەنی چ خەیاڵێکی قووڵ و فەنتازیا و شێوازگەلێکی گێڕانەوە بووە، کە ئەستەمە گوێگر، یاخود خوێنەر نەگەڕابێتەوە بۆ ئەو کەش و ئەتمۆسفێر و ژینگەیەی کە ڕووداوەکان تێدا ڕوویان داوە، یاخود بە جۆرێک لە جۆرەکان نەبووبێتن بە هاوڕێی پاڵەوان و کارەکتەرانی نێو چیرۆکەکان، بێگومان هەر ئەم ئاستە بەرزەی ئەدەبی فۆلکلۆرییە کە وای کردووە سەرنجی میللەتانی سەردەست و خاوەن پێگە و سەرمایە و هێز، بە لای خۆیاندا ڕابکێشن و ئەوانیش بە چاوی تەماعەوە لەم سەرمایە کولتوورییە گەورەیە بڕوانن و پێستی کوردبوونیان لێ دابماڵن و مۆری خۆیانی لێ بدەن، بەڵام خۆشبەختانە ماوەیەکە لێرە و لەوێ کەسانێکی تایبەتمەند، کە درکیان بە گرنگیی ئەم ئەدەبە کردووە، کەوتونەتەخۆ و لە هەوڵی ساغکردنەوە و هێنانەوەی ئەو چیرۆکانەدان و بەپێی لۆژیکی سەردەمیانە و دەیان بەڵگە و ئەرگۆمێنتی مێژوویی، دەیسەلمێنن کە ئەو چیرۆکانە کوردین و زادەی خەیاڵ و هزری کوردیانەن لە ڕابردوودا، یەکێکیش لەو ناوە دیارانەی نێو حیکایەتە فۆلکلۆرییەکان بریتییە لە (کوڕەکەچەڵ) ئەم کوڕەکەچەڵە لەنێو حیکایەتەکاندا دەیان ڕۆڵی جۆراوجۆری وەک پاڵەوان، سەرکێش، ئەویندار و هەژار و دڵڕەق دەبینێت، بە جۆرێک کە لە یەکێک لە چیرۆکەکاندا بە هۆی ئەوەی دایکە هەژارەکەی ئامادە نییە بچێتە خوازبێنی کچی پاشا، ئەم لێی دەدات و هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکات.

یەکێک لەو کتێبە گرنگانەی لەسەر ئەدەبی فۆلکلۆر و بە دیاریکراوی سەبارەت بە کەسێتیی (کوڕەکەچەڵ)ە، بریتییە لە کتێبی (کوڕەکەچەڵ لە فۆلکلۆری کوردیدا)ئەم کتێبە لە لایەن (ڕێبوار جەمال سەگرمە) نووسراوە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە. ئەم توێژینەوەیە شۆڕ بووەتەوە بۆ ناو لقەکانی ئەدەبیاتی فۆلکلۆر، توێژەر سەرەتا کاری کۆکردنەوەی لەسەر بابەتی کوڕەکەچەڵ لە هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردیدا ئەنجامداوە و بەشێوەیەکی زانستی تۆماری کردوون و لەفەوتان ڕزگاری کردوون، پاشان بەپێی بابەت بۆ ناو لقەکانی ئەدەبی فۆلکلۆری دابەشی کردوون و شیکردنەوە و لێکدانەوەی تێدا ئەنجام داون، هەروەها هەوڵی داوە هەندێک ئەفسانە و چیرۆکی دزراوی کوڕەکەچەڵ لەناو ئەدەبی نەتەوە هاوسێکانەوە بگێڕێتەوە ناو ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی

بابەتی کتێبەکە توێژینەوەیەکی ورد و قووڵە کە زیرەکانە ڕۆچووەتە نێو کەسایەتیی کوڕەکەچەڵ لە فۆلکلۆری کوردیدا، ڕەهەندە جیاجیاکانی ئەم کەسایەتییەمان پێ دەناسێنێت و ئاشنامان دەکات بەو ڕۆڵە جۆراوجۆرانەی ئەم کەسایەتییە لەنێو چیرۆکەکاندا هەیەتی، دواتر ئاشنامان دەکات بە کۆمەڵێک چیرۆکی فۆلکلۆری کە کوڕەکەچ تیایاندا ڕۆڵی سەرەکیی لەنێو ڕووداوەکانیدا دەبینێت، بێگومان ئەو چیرۆکانە و خودی توێژینەوەکەش، هەر وا ئاسان نەهاتوونەتە بەردەست، بەڵکو هەوڵ و ماندوبوونی چەندین ساڵەی (رێبوار جەمال سەگرمە)یە، کە بە ناوچە و دیێهاتە جیاجیاکانی کوردستاندا گەڕاوە و لە ڕێی ژن و پیاوە بەتەمەنەکانەوە، گوێبیستی چیرۆکەکان بووە و ڕیکۆردی کردوون، بۆ هەر یەک لە چیرۆکەکانیش بە شێوەزاری ئەو گوند و ناوچانە دایڕشتوونەتەوە کە چیرۆکەکانیان تێدا گێڕاونەتەوە، ئەمەش لە لایەکەوە چێژێکی زیاتر بە خوێنەر دەبەخشێت، لە لایەکی دیکەوە ئاشنامان دەکات بە چەندین شێوەزاری ناوچەیی کە وردە وردە خەریکە لەنێو دەچن.

بابەتەکانی نوێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: هۆکارەکانی هەڵبژاردنی توێژینەوەکە، سنووری شوێنی توێژینەوەکە، پێکهاتەی توێژینەوەکە، فەرهەنگی توێژینەوەکە، ئەفسانە کەی و لە کوێوە سەری هەڵداوە، کوڕەکەچەڵ لە دنیابینیی ئەفسانەدا، ناوەڕۆکی ڕووداوەکانی کوڕەکەچەڵ، گەلی کورد خاوەنی دوو جۆر ئەدەبە، کەسایەتیی ناو چیرۆکەکان، شێوەزاری چیرۆکەکان، سێوی هیندستان خڕی ناو مستان، ئامۆژگاری مەلا بۆ کچەکەچەڵ… و چەندین ناونیشانی دیکەی خودی توێژینەوەکە و حیکایەتە فۆلکلۆرییەکان، کتێبەکەیان دەوڵەمەند کردوو.

هەر وەک خودی توێژەر لە پێشەکیی کتێبەکەیدا باسی کردووە، گەلی کورد خاوەنی بەرهەمگەلێکی فۆلکلۆریی گەورەیە، بەشی سەرزاری پانتاییەکی گەورەی لەم ئەدەبەدا داگیر کردووە، کە لە سنگی کورددا پارێزراوە: ئەم گەنجینە گەورەیە لە ئەدەب، تا ئێستاش نەیارانی ئەدەبی کورد نەیانتوانیوە دەستی بۆ بەرن، بۆیە بە پارێزراوی ماوەتەوە، لە ئەدەبی سەرزاریی کوردیدا، چەندین کەسایەتیی دیار هەن کە مۆر و نەخشیان لە مێژووی ئەو ئەدەبە داوە، ئەم بەرهەمە توێژینەوەیەکە لەسەر کەسایەتییەکی ئەدەبی فۆلکلۆری کودی، بە ناوی (کوڕەکەچەڵ)ەوە، کە بووە بە کەرەستەی ئەم توێژینەوەیە.

لە بابەتێکی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (کوڕەکەچەڵ لە دنیابینیی ئەفسانەدا (ڕێبوار جەمال سەگرمە) ئەوە دەخاتە ڕوو کە گەلی کورد  بە درێژایی مێژوو، لەناو ئەدەبی فۆلکلۆریی کوردیدا، خاوەنی ئەفسانەگەلێکی زۆرە، بەشێک لەم ئەفسانانە تۆمار کراون و بوونەتە ئەدەبی فۆلکلۆری نووسراو و لە فەوتان ڕزگار کراون، ئەفسانەگەلێکی زۆر ماون کە هێشتا لە سنگی مرۆڤی کورددا پارێزراون: کوڕەکەچەڵ زنجیرە ئەفسانەیەکە لەو  ئەفسانەگەلە، لەم بەرهەمەدا چەند لە تونادا بێت کۆ کراونەتەوە و تۆمار کراون.

بە گشتی لە ڕێی خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە، مرۆڤی کورد بە یەکێک لە گەنجینە دەوڵەمەندەکانی خۆی لە مێژوودا ئاشنا دەبێت و دڵخۆش دەبێت بەوەی باپیران و داپیرانمان، لە ڕابردوودا چۆن ژیانیان بە چیرۆک و گێڕانەوەی حیکایەتەکان جوانتر کردووە، هاوکات بە هۆی توێژینەوەکەی توێژەریشەوە، زانیاریی نوێ و گرنگی ئەوتۆ بەدەدست دێنن سەبارەت بە ئەفسانە و فۆلکلۆر و چیرۆکەکان، کە یارمەتیمان دەدات مێژوو بە جۆرێکی دیکە و بە چاوێکی دیکە ببینین، لەوانەش گرنگتر خودی چیرۆکەکان و کەسێتیی کوڕەکەچەڵە لەنێو چیرۆکاندا، کە خوێنەر بە دوای خۆیدا پەلکێش دەکات بۆ دنیایەکی تەواو ئەفسانەیی.

بەپێی زانیارییەکان، فۆلکلۆر، وشەیەکی لێکدراوە لە دوو وشەی (Folk+Lore) ی ئینگلیزییەوە ھاتووە، کە یەکمیان مانای (خەڵک) یان (گەل) دەگرێتەوە و دووەمیان مانای (چیڕۆک، ژیریی، ھونەر، زانست) دەگرێتەوە، واتە سامان یان کەلەپووری خەڵک، بەم پێیە فۆلکلۆر بە ھەموو ئەو سامان و کەلەپوورە کۆنانە دەڵێن، کە بە درێژایی مێژوو، دەستکرد و بەرھەمی خەڵک بوون و ماونەتەوە، وەک: پاشماوەکانی جلوبەرگی میللی کۆن و ئێستا، ڕایەخ و ھۆکاری تێدا خواردن (قاپ، کاسە، کەوچک) و گەلێک چەشنی پیشەسازی و نەقش و نیگار و جۆری خواردەمەنی و گەلێک شتی تر، کە شەقڵی تایبەتی میللەتێک، لە بەرھەمێکی دەستکرد، یان بەرھەمی بیردا بھێڵێتەوە.

ھەندێک جار لەناو فۆلکلۆردا بەشی بیر، یان بەشی ئەدەب جیا دەکەنەوە و پێی دەڵێن (بەرھەمی سەرزاری خەڵک) ئەو بەرھەمەش ئەوەیە کە بەسەر زارەوەیە، دەماودەم و پشتاوپشت، کوڕ لە باوکەوە، منداڵ لە دایکەوە دەیبیستێت و دەمێنێتەوە، لەبەر ئەمە، ئەدەبی فۆلکلۆر بە بەرھەمی تاقە کەسێک دانانرێت، بەڵکو دەدرێتە پاڵ ھەموو میللەت، بەرھەمێکە کە ھەموو گەل خوڵقاندوویەتی، بەرھەمی فۆلکلۆری شێوەیەکی سادەی وای ھەیە، کە ھەموو خەڵک تێی بگات و شەقڵی تایبەتی ئەو گەلەی پێوەیە .

بەرھەمی فۆلکلۆر ئێجگار زۆر لە ناو خەڵک بڵاوە ، تا کاتی بڵاو بوونەوەی خوێندەواری و شارەزابوونی خەڵک و ڕاھێنانیان لەگەڵ ئەدەبیاتی نوسراودا ، کەم کەس ھەیە شتێک لە فۆلکلۆری گەلەکەی خۆی نەزانێت و لەبەری نەبێت و بە گووتن و گێڕانەوە دەری نەبڕێت.

ئەدەبیاتی فۆلکلۆر لەناو ھەر میللەتێکدا ، چەند بەش و جۆری ھەیە و ئەم بەش و جۆرانە ڕەنگە ھەندێکیان لە فۆلکلۆری ھەموو میللەتدا یا لە فۆلکلۆری چەند میللەتێکدا یەک بن و ڕەنگە ھەندێکیان جیا بن ، لەبەر ئەمە ھەر میللەتە دەتوانێت چەشنەکانی بەرھەمی ئەدەبی فۆلکلۆری خۆی دەست نیشان بکات.