چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ منیر ئه‌لمه‌لائیكه
چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ منیر ئه‌لمه‌لائیكه
منیر ئه‌لمه‌لائیكه: نازك ئه‌لمه‌لائیكه سمفۆنیایه‌كی مۆسیقی بوو، زایه‌ڵه‌ی له هه‌مو شوێنێكی ماڵه‌كه‌مان ده‌نگی ده‌دایه‌وه.
دوبه‌ی: سازدانی چاوپێكه‌وتنه‌كه شاكر نوری
و له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
ته‌نها رێكه‌وت هه‌نگاوه‌كانی منی به‌ره‌و شوقه‌كه‌ی مونیر ئه‌لمه‌لائیكه برد كه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی گاردیان له دوبه‌ی. مونیر خاڵی گه‌وره‌ی نازك ئه‌لمه‌لائیكه‌ی شاعیره كه له‌م ڕۆژانه‌دا، یادی سه‌د ساڵه‌ی له‌دایكبوونییه‌تی. هاوڕێكه‌م رۆژنامه‌نووسی لوبنانی ئیبراهیم توتنچی، ئه‌و بوو پێی وتم خاڵی نازك ئه‌لمه‌لائیكه لێره له دوبه‌یه، مونیر-یش له‌م ساڵدا، یادی سه‌د ساڵه‌ی له‌دایكبوونیه‌تی. به‌م جۆره یه‌كه‌م سه‌ردانم بۆ لای مونیر ده‌ستپێكرد، پاشان سه‌ردانه‌كانم بۆلای دووباره كرده‌وه، له ئه‌نجامی ئه‌م سه‌ردانانه‌مدا، یاداشته‌كانیم بینی، هه‌روه‌ها ئه‌لبومی وێنه خێزانه‌ییه‌كانیم بینی كه له‌گه‌ڵ نازك ئه‌لمه‌لائیكه گرتبوونی. بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌م پیاوه كه ته‌مه‌نی له‌سه‌رو سه‌د ساڵه‌وه‌یه، هێشتا خاوه‌نی یاده‌وه‌رییه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده و به پیته و له سلكی دیبلۆماسیدا وه‌ك وه‌زیفه، كۆمه‌ڵێ پۆستی باڵای وه‌رگرتووه. یاده‌وه‌رییه‌كانی پڕیه‌تی له به‌سه‌رهاتی خۆش و ناخۆش. مونیر له‌م چاوپێكه‌وتنه سنوردار و تایبه‌ته‌دا، باس له كچه‌زاكه‌ی ده‌كات كه پێشه‌نگی شیعر نوێ بوو.
-سه‌ره‌تا، مانای نازناوی ئه‌لمه‌لائیكه چییه كه خێزانه‌كه‌تان هه‌ڵگریه‌تی؟
*ئێمه پێشتر هه‌ڵگری نازناوی چه‌له‌بی بووین، ئه‌مه له ساڵی 1760 و له سه‌رده‌می حوكمڕانی والی به‌غدا عه‌لی پاشا بوو، ئه‌م والییه زۆر په‌رۆشی ئاشتكردنه‌وه‌ی نێوان سونه و شیعه بووه، جارێك له مزگه‌وتی ئه‌بو حه‌نیفه و جارێكی دی له مزگه‌وتی كازمییه نوێژی كردووه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی نێوان هه‌ردوو تائیفه‌كه ڕابگرێت. له‌و رۆژگاره‌دا والی به‌غدا، واته حاكمی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی له سنوری توركیاوه درێر ده‌بوه‌وه تاكو سنوری به‌حرێن. ئه‌و ده‌هات له دیوه‌خانه‌كه‌ی ئێمه داده‌نیشت، ئه‌م دیوه‌خانه تایبه‌ت بوو به میوانه‌كان و هی پێنجه‌م باپیرم بوو، حاجی محمود و حاجی محه‌مه‌د كه برا بوون، منداڵه‌كانی حاجی عبدئه‌لمه‌هدی ده‌روێش.
هه‌مو خانووه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، دیوه‌خانێكی تایبه‌تی بۆ میوان هه‌بوو، ئه‌مه یه‌كێك بوو له نه‌ریتی خانووه‌كانی به‌غدا. والی كاتێك به ڕێگایه‌كی سه‌خت و به په‌ڕینه‌وه به‌سه‌ر پرده كۆنه‌كه به سواری ئه‌سپ و عاره‌بانه، ده‌هات بۆ كازمییه، خۆی ده‌گه‌یانده لای ئێمه و له دیوه‌خانه‌كه‌ی ئێمه‌دا داده‌نیشت. لێره‌وه هاوڕێیه‌تی له نیوان والی و باوكمدا دروست بوو. به‌م شێوه‌یه له ساڵی 1865، واته له ڕۆژگاری حوكمی مه‌دحه‌ت پاشا، به فه‌رمانێك كه له خودی والی-یه‌وه ده‌رچوو بوو، نازناوی ئێمه بوو به چه‌له‌بی. له‌و سه‌رده‌مه‌دا دراوسێیه‌كمان هه‌بوو، هاوڕێی باوكم و شاعیر بوو، وه‌ك ستایش، له وه‌سف ئێمه ئه‌م دوو دێڕه‌ی بۆ نووسین:
بيت تجاذبه التحدث بالوما فكأن مَنْ فيه ملائكة السما
وازدان بالأدب الرفيع وقد سما ولكاد فيه الصمتُ أن يتكلما
لێره‌وه ده‌رودراوسێ، به‌رده‌وام ئه‌م قسه‌یه‌یان ده‌وته‌وه: ماڵی چه‌له‌بی مه‌لائیكه‌ی لێیه! به‌م شێوه‌یه ورده ورده خه‌ڵكی ناویان لێناین ماڵی مه‌لائیكه، كه‌چی ماڵی عه‌بدا‌لجه‌باری مامم، نازناوه‌كه‌یان هه‌ر به چه‌له‌بی مایه‌وه. دوای ئه‌وه نازناوی (ئه‌لمه‌لائیكه)مان بۆ بیست نه‌وه، هێنایه ناو شه‌جه‌ره‌ی خێزانه‌كه‌وه و به فه‌رمی تۆمارمان كرد.
–ئاشكرایه نازك ئه‌لمه‌لائیكه له خێزانێكی ڕۆشنبیر له‌دایك بووه، ئایا ده‌توانیت باسی ئه‌و ژینگه‌یه‌مان بۆ بكه‌یت كه نازك تێیدا گه‌وره بووه؟
*به‌ڵی وایه، نازك له خێزانێكی ڕۆشنبیر له‌دایك بووه، سه‌لما عبدا‌لڕه‌زاقی دایكی كه ده‌كاته خوشكی من، به ناوه ئه‌ده‌بییه‌كه‌یه‌وه “دایكی نزار ئه‌لمه‌لائیكه” له گۆڤار و ڕۆژنامه عێراقییه‌كاندا، شیعری بڵاوده‌كرده‌وه. سادق ئه‌لمه‌لائیكه‌ی باوكی، له‌دوای خۆی كۆمه‌ڵێ به‌رهه‌می به‌جێهێشتووه، له هه‌مویان گرنگتر “دائرة معارف الناس” بوو كه له بیست به‌رگ پێكهاتووه. به‌م شێوه‌یه نازك له ماڵه‌كه‌دا، چاوه‌كانی به‌سه‌ر كتێبخانه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندا كرده‌وه.
-له عێراقدا “نازك” ناوێكی سه‌یر و نامۆیه، ئه‌گه‌ر یاده‌وه‌ریت یارمه‌تیت ده‌دات، چۆن ئه‌و ناوه‌ی لێ‌نرا؟
*باوكی ئه‌و ناوه‌ی بۆ هه‌ڵبژارد، ئه‌مه‌ش وه‌ك خۆشه‌ویستییه‌ك بۆ خانمه شۆڕشگێڕی سوری “نازك ئه‌لعابد” كه له ساڵی 1923- واته هه‌مان ساڵی له دایكبوونی نازك ئه‌لمه‌لائیكه- ڕابه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕه سورییه‌كانی كردووه دژ به سوپای داگیركه‌ری فه‌ره‌نسی.
-بۆچی نازك ئه‌لمه‌لائیكه عێراقی به‌جێهێشت، ئایا له‌و باره‌یه‌وه هیچ هۆكارێكی تایبه‌ت هه‌یه؟
*ئاشكرایه نازك له زانكۆی به‌غداد پاشان زانكۆی به‌سره و دواتر زانكۆی كوێت، وانه‌ی وتوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌ی ساڵێك له بێروت ژیاوه، دواتر له ده‌رئه‌نجامی جه‌نگی یه‌كه‌می كه‌نداو له ساڵی 1990، ڕۆشت بۆ قاهیره و پێی باش بوو له‌وێ بمێنێته‌وه و تا كاتی مردنه‌كه‌شی هه‌ر له‌وێ مایه‌وه. له میسر ڕێزلێنانی بۆ كرا، ئه‌وه بوو ساڵی 1999 ناوه‌ندی ئۆپرای میسر، به بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی نیو سه‌ده به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی شیعری ئازاد/ شعر الحر له نیشتیمانی عه‌ره‌بی، ئاهه‌نگێكی تایبه‌تیان بۆ نازك سازكرد. به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه نازك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا نه‌خۆش بوو، نه‌یتوانی ئاماده‌ی ئاهه‌نگه‌كه بێت، هه‌ر بۆیه هاوسه‌ره‌كه‌ی دكتۆر عه‌بدالمه‌هدی مه‌حبوبه، له بری نازك ئاماده‌ی ئاهه‌نگه‌كه بوو. لێره‌دا شایه‌نی ئه‌وه‌یه بڵێین نازك یه‌ك كوڕی هه‌بوو، ناوی به‌ڕاق عه‌بدالمه‌هدی محبوبه‌یه.
-ئایا تۆ له یه‌ك خانوودا له‌گه‌ڵ نازك مه‌لائیكه‌ی شاعیر ژیاویت؟
*به‌ڵێ، له ماڵی ئێمه و به‌پێی كات و ڕه‌خساندنی بارودۆخ، پێكه‌وه ژیاوین. من و ئه‌و هه‌ردووكمان له یه‌ك ساڵدا له‌دایك بووین، ساڵی 1923، وه‌لێ ئه‌و نزیكه‌ی سێ مانگێك له من گه‌وره‌تره. ئێمه ئه‌م سێ كه‌سه: من و نازك ئه‌لمه‌لائیكه و دكتۆر نزار ئه‌لمه‌لائیكه‌ی برام كه ساڵێك له نازك گه‌وره‌تره، پێكه‌وه ده‌ژیاین و تا ساڵی 1929 له خانوونی خێزانه گه‌وره‌كه‌مان ماینه‌وه. دوای ئه‌وه نازك گواستییه‌وه بۆ ماڵه تازه‌كه‌یان له كه‌ڕاده. به‌ڵام ئێمه ساڵی 1938 ئه‌و خانووه‌مان به‌جێهێشت، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له پێناو دروستكرنی ڕێگا و بان، ده‌ستی به‌سه‌ر خانووه‌كه‌دا گرت. ئیدی دوای ئه‌وه له ماڵه‌كه‌یان له كه‌ڕاده، یه‌كترمان ده‌بینی.
-ئایا حه‌ز و ئاره‌زووی نازك بۆ شیعر، له ته‌مه‌نێكی زووه‌وه ده‌ركه‌وت؟
*به‌ڵێ، بیرمه ئه‌و منداڵ بوو، به شێوه‌زاری باو/ اللهجة الدارجة، شیعرێكی به‌سه‌ر دراوسێكه‌ماندا نووسی كه كچێكی ببوو، له‌وێدا نازك ته‌مه‌نی ده ساڵ بوو، شیعره‌كه‌ی بۆ گۆرانی ده‌گونجا: “اليوم نرجس جابت بنت في السلة، عيني يا نرجوزة حضّري الملا”
نازك تا بڵێی هه‌ستیار بوو، بایه‌خی به ئاژه‌ڵه‌كان ده‌ده‌دا، هه‌ر له منداڵییه‌وه پشیله‌ی خۆشده‌ویست.
-ئایا بیرته چی ده‌خوێنده‌وه و سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانی چی بوو؟
* سادق ئه‌لمه‌لائیكه‌ی باوكی، مامۆستای ناوه‌ندی بوو، كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو، ئێمه‌ش له ماڵی خۆمان له گه‌ڕه‌كی “ئه‌لعاقولیه” كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌مان هه‌بوو. به‌ڵام یه‌كێك له مامه‌كانم، خراپ هه‌ڵسوكه‌وتی كرد و كتێبخانه‌كه‌ی ئێمه‌ی به 250 لیره‌ی زێڕ فرۆشت، له‌و ڕۆژگاره‌دا به‌و بڕه پاره‌یه، ده‌كرا سێ خانوو بكڕیت. ئه‌وه‌ی زۆر سه‌یر و عه‌جیبه، من به‌م چاوانه‌ی خۆم، هه‌ندێك له‌و كتێبانه‌م له مۆزه‌خانه‌ی ڤاتیكان بینی و ناوی حاجی جواد عه‌بدالڕه‌زاقی له‌سه‌ر نووسرابوون، واته مامم. له نێو ئه‌و كتێبانه‌دا ژماره‌یه‌ك ده‌ستنووسی گرانبه‌ها و كتێبی كۆنی تایبه‌ت به شیعر و ئه‌ده‌ب و مێژوو هه‌بوو. به‌م هۆیه‌وه ئێمه گه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره‌مان له‌ده‌ستدا كه به پاره ناكڕدرێت. له‌و سه‌رده‌مه‌دا كتێبخانه‌ی خێزانه‌كه له‌به‌رده‌ست نازك دا بوو.
-خوێندن و فێربوونی چۆن بوو؟
*نازك له كه‌ڕاده خوێندنی سه‌ره‌تایی ته‌واو كرد، پاشان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ڕاده قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی تیانه‌بوو، بۆیه هات بۆ ئه‌لعاقولیه و چووه خوێندنگای ناوه‌ندی كچان و له‌گه‌ڵ ئێمه له ماڵه گه‌وره‌كه‌دا ده‌ژیا. باوكی له ناوه‌ندی مامۆستا بوو، له كۆتایی هه‌مو هه‌فته‌یه‌كدا، ڕۆژانی پێنج شه‌ممه، ده‌هات بۆ ماڵی ئیمه، نازك-ی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌برده‌وه. پێكه‌وه له ڕووباری دیجله، سواری “ماتۆڕی ئاو” ده‌بوون، پاشان داده‌به‌زین و به پێ ده‌ڕۆشتنه‌وه بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆیان، ئه‌وه له ساڵی 1934 بوو. هه‌مو ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌م له پرۆژه‌ی كتێبه‌كه‌مدا: (بیره‌وه‌رییه‌كانی به‌غدادییه‌ك له سه‌د ساڵدا) نووسیوه كه به‌م نزیكانه بڵاوده‌بێته‌وه. دواتر كاتێك نازك له ساڵی 1944، خانه‌ی مامۆستایان ته‌واو ده‌كات، ده‌ڕوات بۆ په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان به‌شی مۆسیقا، ساڵی 1949 ئه‌وێش ته‌واو ده‌كات. ساڵی 1959 له زانكۆی ویسكۆنسن- مادیسۆن له ئه‌مریكا، بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری به‌ده‌ست ده‌هێنێت. ئینجا وه‌ك ئه‌وه‌ی زانراوه، له زانكۆی به‌غداد و زانكۆی به‌سره و پاشان له زانكۆی كوێت، ده‌بێت به مامۆستا.
-ئایا له‌و رۆژگاره‌دا كه‌س هه‌بوو دژ به شیعره‌كانی نازك ئه‌لمه‌لائیكه بێت، چ له‌لایه‌ن شاعیرانه‌وه یان له‌لایه‌ن ده‌زگا ڕۆشنبیرییه‌كانه‌وه؟
*ئه‌وه‌ی باوه ئه‌وه‌یه نازك ئه‌لمه‌لائیكه، به نووسینی شیعری ئازاد كه كێش/ وزنی نییه، ده‌ستی پێكردووه. له واقیعدا ئه‌وه وا نییه. چونكه شیعره‌كانی كێشیان هه‌بوو، به‌ڵام دێڕی شیعری ته‌قلیدی تێك‌شكاند. له‌به‌ر ئه‌وه شاعیره كلاسیكییه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره، هێرشێكی تووندیان كرده‌سه‌ر. وه‌لێ نازك پابه‌ندبوو به‌و هێڵه‌ی له‌سه‌ری ده‌ڕۆشت و ده‌ستبه‌رداری ئه‌و بژارده‌یه‌ی نه‌بوو كه بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ی شیعر گرتبویه‌به‌ر. ئه‌ڵبه‌ته هه‌موان دژی بوون، ته‌نانه‌ت حكومه‌تیش دژی بوو، چونكه حكومه‌ت پێوابوو شیعری نازك، جۆرێكه له تووندڕه‌وی دژ به كه‌له‌پوری شیعری كه ته‌مه‌نی هه‌زار ساڵه. من پێموایه ئه‌و به قه‌سیده‌ی (كۆلێرا) كه ساڵی 1947 بڵاوكراوه‌ته‌وه، ده‌ستپێكی شیعری ئازادی دامه‌زراند.
-به‌ڵام نازك له‌و فه‌تره زه‌مه‌نییه‌دا شعیری ئازدی نووسی كه زۆر نزیكه له‌و فه‌تره‌یه‌ی به‌در شاكر ئه‌لسه‌یباب و دوو له هاوڕێكانی به‌ده‌ر كه بریتین له شازل ئه‌لتاقه و عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لبه‌یاتی، شیعریان ده‌نووسی، ئایا له دیدی تۆوه نازك پێشه‌نگه؟
*به‌لای ئێمه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تۆ له پرسیاره‌كه‌تدا ئاماژه‌ت بۆ كردووه، نازك له‌م بواره‌دا پێشه‌نگه. چونكه ڕۆژنامه‌كان و ڕای گشتی و شاعیره كلاسیكییه‌كان، هێرشیان كرده سه‌ر، ئێمه پێشبینی شتێكی له‌و جۆره‌مان نه‌ده‌كرد. له‌وانه‌یه له‌و ڕۆژگاره‌دا سه‌یر بووه، ئافره‌تێك یاسا باوه‌كانی شیعر تێكبشكێنیت، ئاخر له‌و سه‌رده‌مه‌دا شیعری ستوونی/ عه‌مودی، به‌و پێیه‌ی به‌شێكه له كه‌له‌پور، پیرۆز بوو. وه‌لێ نازك شیعری ئینگلیزی زۆر ده‌خوێنده‌وه و كه‌وتبووه ژێر كاریگه‌رییه‌كه‌یه‌وه. په‌یوه‌ندی نازك به ئینگلیزییه‌وه چیرۆكێكی سه‌یر و سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه.
-چۆن؟
*مامۆستاكه‌ی له قوتابخانه، هه‌ستی كردبوو نازك له زمانی ئینگلیزی زۆر پێشكه‌وتووه و یه‌كه‌می پۆله‌كه‌ی بووه. له‌به‌ر ئه‌وه پێشنیاری كردووه له‌لایه‌ن ئاژانستی گه‌شه‌ی ئه‌مریكاوه، بۆ ماوه‌ی ساڵێكی ته‌واو بنێردرێت بۆ ئه‌مریكا، تاكو زمانی ئینگلیزی بخوێنێت و شاره‌زایی له زانكۆكانی ئه‌مریكا په‌یدا بكات. ئه‌وه بوو نازك ساڵی 1950 گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌غداد. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌وڵیدا له زانكۆ دامه‌زرێت، به‌ڵام وه‌زیری مه‌عاریفی ئه‌و كات “خه‌لیل ئه‌لكنه” ڕازی نه‌بوو دایمه‌زرێنێت. ناچار من به شه‌خسی هاتمه ناو باسه‌كه‌وه، له‌و ڕۆژگاره‌دا من له‌گه‌ڵ وه‌زیری كشتوكاڵ “عبدالرسول ئه‌لخاڵسی” كارم ده‌كرد، هه‌ر بۆیه داوام لێ كرد، لای وه‌زیری مه‌عارف شتێك بۆ دامه‌زراندنی نازك بكات. وه‌لێ هیچی نه‌كرد، چونكه پێی وتم ئه‌م پیاوه-وه‌زیری مه‌عاریف- زۆر قیرسیچمه و كه‌له‌ڕه‌قه.
لێ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی كه ڕوویدا، وایكرد “منیر ئه‌لقازی” به وه‌كاله‌ت ببێت به وه‌زیری مه‌عاریف، منیر خۆی مامۆستای زانكۆ بوو، لێره‌وه جارێكی دی داوام له وه‌زیری كشتوكاڵ كرده‌وه، لای وه‌زیره تازه‌كه‌ی مه‌عاریف، شتێك بۆ دامه‌زراندنی نازك بكات، ئه‌ویش ڕازی بوو نازك له كتێبخانه‌ی زانكۆ دامه‌زرێنێت و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكی ئافره‌تیشی وه‌ك یاریده‌ده‌ر هه‌بوو، به‌م جۆره نازك ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی خوێنده‌وه‌ی بۆ ڕه‌خسا. وه‌لێ نازك به‌و پۆسته ڕازی نه‌بوو، هه‌ر بۆیه دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حسابی حكومه‌ت بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ ده‌رفه‌تی خوێندنی بۆ ڕه‌خسا، بڕیاریدا بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌مریكا و له‌وێ بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری به‌ده‌ستبێنێت. پاشان گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌غداد و ده‌موده‌ست له زانكۆ وه‌ك مامۆستا دایانمه‌زراند.
-باسی په‌یوه‌ندییه گه‌رموگوڕه‌كه‌ی خۆتمان له‌گه‌ڵ نازك ئه‌لمه‌لائیكه بۆ بكه.
-نازك ئه‌لمه‌لائیكه به یاده‌وه‌ری منه‌وه په‌یوه‌سته، چونكه هه‌ردووكمان له یه‌ك ته‌مه‌ندا بووین. تا ئێستاش نرخ و به‌ها و پێگه‌ی ئه‌و له ویژدانمدا، گرنگی و بایه‌خێكی گه‌وره‌ی هه‌یه. چونكه من له‌ودا، ئافره‌تێكم بینی خاوه‌نی هه‌ستیارییه‌كی هێجگار به‌رزه، ڕێز له‌وانی دیكه ده‌نێت و گوێیان لێ ده‌گرێت، خوێنده‌وارێكی گه‌وره‌یه و دانیشتنه‌كانی به زانیاری و ڕۆشنبیرییه فراوانه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كرد. زۆرباشم له‌بیره، ئێمه هه‌مومان تا دره‌نگانێكی شه‌و گفتوگۆمان ده‌كرد، هوشاری و ئاستی تێگه‌شتنی ئه‌و، له هی هه‌مومان پێشكه‌وتووتر بوو، چونكه ئه‌و زۆری ده‌خوێنده‌وه. گرنگی به به‌رنامه‌یه‌كی شیعری ده‌دا كه له ڕادیۆی میسر په‌خشده‌كرا، ئه‌و میسری زۆر خۆده‌ویست، گۆڤار و ڕۆژنامه و كتێبه‌كانی میسری هه‌بوو. هه‌میشه دواهه‌مین هه‌واڵه‌كانی میسری بۆ ده‌هێناین، ئه‌گه‌رچی زۆر گرنگی به سیاسه‌ت نه‌ده‌دا.
به زمانێكی ڕوون و پوخت و جوان قسه‌ی ده‌كرد. ڕوخسارێكی گه‌ش و خه‌نده‌ئامێزی هه‌بوو، پڕ بوو له خۆشه‌ویستی ژیان و مه‌عریفه. ده‌توانم بڵێم نازك ئه‌لمه‌لائیكه، سه‌مفۆنیایه‌كی مۆسیقی بوو، زایه‌ڵه‌ی له هه‌مو شوێنێكی ماڵه‌كه‌مان ده‌نگی ده‌دایه‌وه. تا ئێستاش گوێم له ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و مۆسیقایه‌یه كه هه‌رگیز لێم جیانابێته‌وه: شیعره‌كانی، ده‌نگی و ئاوازه‌كانی. هه‌ر له منداڵییه‌وه، كۆمه‌ڵێ یاده‌وه‌ری زۆرم له‌گه‌ڵ نازك و خوشك و براكانی دیكه‌ی هه‌یه. نازك كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هه‌مومان هه‌بوو، ئه‌و بوو خۆشه‌ویستی زمانی عه‌ره‌بی له ده‌روونی ئێمه‌دا چاند، چونكه خاوه‌نی زه‌خیره‌یه‌كی زمانه‌وانی هێجگار گه‌وره بوو، وایكرد له كرۆك و قوڵایی زمانی عه‌ره‌بی نزیك ببینه‌وه، هه‌مو ئه‌وه‌ش له میانه‌ی ئه‌و پرسیار و پێشبڕكێیانه بوو كه ده‌رباره‌ی مانای وشه‌كان له‌گه‌ڵمان ئه‌نجامی ده‌دا؟
*ئه‌و شۆكه چی بوو كه نازك ئه‌لمه‌لائیكه له ژیانی خۆیدا، به‌ده‌ستییه‌وه ناڵاندوویه‌تی؟
-ده‌توانم بڵێم مردنی دایكی بوو، نازك هاوه‌ڵی دایكی كرد بۆ له‌نده‌ن و خه‌م ڕووخاری داگرتبوو، من ئه‌و كاته له له‌نده‌ن بووم، له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌م “محسن ئه‌لجه‌زائیری”كه كونسوڵی عێرق بوو، له فڕۆكه‌خانه پێشوازیمان له هه‌ردووكیان كرد. ئامبوڵانسی فریاگوزاریش چاوه‌ڕێی ده‌كردن، ڕاسته‌وخۆ هه‌ردووكیانی برد بۆ نه‌خۆشخانه، چونكه دایكی تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ببوو. دایكی دوای نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه، له بێهۆشییه‌كه‌ی به‌ئاگانه‌هاته‌وه. ئه‌مه بۆ نازك شۆكێكی زۆر گه‌وره بوو، چونكه په‌یوه‌ندی نێوانیان زۆر گه‌رموگوڕ بوو، پڕ بوو له هه‌ست و سۆز و ئولفه‌ت. پاشان ساڵی 1935 ڕێوڕه‌سمی ناشتنه‌كه‌یمان له له‌نده‌ن ڕێكخست. نازك هێنده شانازی به دایكییه‌وه ده‌كرد، ئه‌و دیوانه شیعره‌ی چاپكرد كه دایكی نووسیبووی. ئاخر دایكی نازك “سه‌لما عبدالڕه‌زاق ئه‌لمه‌لائیكه” ئه‌ویش شاعیر بوو.
-واته ئێوه خانه‌واده‌یه‌كی شاعیرن، كێی تر له خانه‌واده‌كه‌تان شاعیر بوو؟
* براكه‌م “عبدالساحب” دیوانێكی شیعری هه‌یه، خوشكه‌كه‌م “دایكی نزار” دیوانێكی شیعری هه‌یه، دایكم شاعیر بوو، شیعرێكی نووسی له سه‌د دێر پێكهاتبوو، باسی ئه‌و سه‌ردنه‌كه‌ی كردووه كه له به‌غداده‌وه ڕۆشتووه بۆ مه‌ككه. براكه‌ی دیكه‌م “جمیل ئه‌لمه‌لائیكه” كه له كۆلێژی ئه‌ندازایاری مامۆستا بوو، ئه‌ویش شاعیره و هۆڵێك به ناوی ئه‌وه‌وه ناونراوه. یه‌كێك له‌و یادگارییه خۆشانه‌ی له‌یادمه، ئه‌وه‌یه سه‌فیری ئوسترلیا له به‌غداد، له كونسوڵخانه‌كه‌دا، یه‌كێك له هۆڵه‌كانی ناو نابوو نازك ئه‌لمه‌لائیكه.
-چۆن چۆنی هه‌واڵی مردنه‌كه‌یت وه‌رگرت كه به ته‌نها له میسر مردووه؟
*هه‌واڵێكی تا بڵێی ناخۆش و پڕ خه‌فه‌ت بوو. نازك نه‌خۆش كه‌وتبوو، شا حسێن خه‌رجی چاره‌سه‌ركردنی له ئه‌رده‌ن گرته ئه‌ستۆی خۆی. كاتێك سه‌دام حسێن ئه‌وه ده‌بیسێت، ڕایگه‌یاند خه‌رجی چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ی ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی. به‌ڵام شا حسێن ئه‌وه‌ی ڕه‌تكرده‌وه. مردنه‌كه‌ی له قووڵایی ناخمه‌وه، خه‌فه‌تباری كردم، چونكه من نه‌متوانی ئاماده‌ی ڕێوڕه‌سمی ناشتنه‌كه‌ی بم. ته‌نانه‌ت نازك به مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی “هادی محبوبه”ی نه‌زانی كه سه‌رۆكی زانكۆی به‌سره بوو، چونكه ئه‌و كات نازك زۆر شه‌كه‌ت و ماندبوو بوو، به باش نه‌زانرا ئه‌و هه‌واڵه ناخۆش و خه‌مباره‌ی پێ بووترێت، چونكه له‌وه ده‌ترسان له‌به‌ر خراپی باری ته‌ندروستی، به‌رگه‌ی هه‌واڵه‌كه نه‌گرێت. سه‌روه‌ختێك نازك كۆچی دوایی ده‌كات، نوری ئه‌لمالكی داوا ده‌كات ته‌رمه‌كه‌ی له قاهیره‌وه بهێنرێته‌وه، وه‌لێ حكومه‌تی میسر به‌و داوایه ڕازی نه‌بوو، سالێ 2007 له گۆڕستانێكی تایبه‌ت به خێزانه‌كه كه ده‌كه‌وێته خۆرئاوای قاهیره، ته‌رمه‌كه‌ی له‌وێ به‌خاك ده‌سپێرن، نازك له ته‌مه‌نی 83 ساڵیدا كۆچی دوایی ده‌كات.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، یه‌ك شه‌ممه، 23 نیسانی 2023