دەربارەی کتێبی وێنەی جووڵاو
دەربارەی کتێبی وێنەی جووڵاو
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (وێنەی جووڵاو) بابەتی ئەم کتێبە توێژینەوەیە سەبارەت بە سینەما و لە لایەن د. دڵشاد مستەفا، نووسراوە.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: وێنەی جووڵاو وەک هێزێکی بەهەژموون لە دنیای ئێمەدا، یادەوەریی برین هەوڵێک بۆ هێنانەگۆی پانتاییەکی نادیار، کلیلە وشە: یادەوەریی، پانتایی نادیار، سینەما، بێدەنگی، سینەما، سینەمای سێیەم و قەیرانی شوناس، هەوڵەکانی فیلمسازی کورد، لەنێوان ئەفسوونی ئەدەب و فەنتازیای سینەمادا، هەوڵێک بۆ شیکاریی ڕەگەز و بنەما سەرەکییەکانی و بەرگوزارکردنی دنیای کوردی.
سەبارەت بە گرنگیی توێژینەوەکە، د. دڵشاد مستەفا، باس لەوە دەکات کە گرنگیی ئەم توێژینەوەیە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە لە چەمکی شوناس دەکۆڵێتەوە و گرنگی شوناسی کولتووری لە مەسەلەکانی بە جیهانبووندا ڕون دەکاتەوە و سینەما وەک ئەو چەترە دەبینێت کە دەتوانێ نەتەوە بێدەوڵەتەکان بەرێتە نێو ئاپۆرا نێودەوڵەتییەکانەوە و لەژێر هەژموونی نەتەوە سەردەستەکان دەربازیان بکات: بە مانایەکی تر بەشداری سینەما لە دروستکردنی شوناسی کولتووری بۆ جیهانی سێیەم و ئەو نەتەوانەی فیلمسازییان لەژێر ناوی سینەمای سێیەمدا کۆ دەبێتەوە، لەنێو ئەو نەتەوانەدا کورد بە نموونە وەرگیراوە کە لەمڕۆدا خۆی و قوربانی و مەسەلە پەیوەندیدارە سیاسییەکانی بووەتە سەرباسی نێوەندە جیهانییەکان، بەڵام ئەو تا هەنووکە شوناسی سیاسی لەگەڵ خۆی بردووە.
داجار ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەم توێژینەوەیە دەریچەیەکە بۆ دۆزینەوەی جۆرێکی تر لە شوناس لە ڕێی پێگەی گرنگی سینەماوە: گرنگیی ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە کە تا ئێستا کاری لەم شێوەیە لە نێوەندی ئەکادیمیی و ڕووناکبیریی کوردیدا پێشکەش نەکراوە و کەم تا زۆر ئەم چەمکانە بە شاراوەیی و دوور لە توێژینەوەی زانستی ماونەتەوە.
ناوبراو لەم کتێبەدا ئەوە دەخاتە ڕوو کە سینەما و شوناس دوانەیەکی تا ڕادەیەک لەیەکچوون و لە هەندێک دۆخیشدو وەک دوو کۆنسێپتی جیاواز و دوور لە یەک دەردەکەون، تێزی شوناس بەبەردام تێزێکی ئاڵۆز و تەمومژاویی بووە و لە زۆر دۆخدا دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ڕەگوڕیشە و ڕابردوو: شوناس پێیەکی لەناو ئێستا و پێیەکی لەنێو مێژوودایە، مێژوو بەو مانایە نا کە تەنها کەڵەکەبوونی ڕوودا و چیرۆکەکانی ڕابردوو بێت، بەڵکو وەک کەڵەکەبووی ڕەگەزەکانی هۆشیاریی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و هونەری و بەشداریی ئەکتیڤانەی لە بنیانتنانی کاراکتەری کۆمەڵایەتیدا.
وەک خودی د، دڵشاد مستەفا لە دەستپێکی کتێبەکەدا ئاماژەی پێ کردووە، سینەما ئەو هونەرە هەرە مەزنەی دنیای بە ئەفسوونی خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، لە هەموو گۆشەکانی جیهان بزاوتی جۆراوجۆر و تەوژمی جیاوازی لەسەر بنەمای نەخشاندنی فۆرم یان هێڵێکی هزریی دروستبووە و هەر یەک لەوانە لەنێو گوتاری خۆیاندا کاری جیددیان کردووە، سینەما نەتەوەکانی بەپێی ئەو کرانەوەی لە هزر و کایەی ڕووناکبیریی ئەواندا هەیە توێژینەوەی زۆر و شیکاریی زانستیانە بەرهەم هاتووە، بە شێوەیەک بوار بۆ ناسینی زۆرینەی تەوژمە سینەماییەکان ڕەخساوە: لە بەرامبەر ئەوەدا دنیای ئیمە دنیایەکی خاڵییە لە توێژینەوەی زانستی و هەوڵی جیددی بۆ ڕاڤەکردنی دۆخی فیلمسازی، بەڵگەنەویستە بە وتاری ڕۆژنامەنووسی و شیکاریی لامسەلایی شتێکی ئەوتۆمان لەو نێوندەدا بۆ بەرهەم نایەت، یاهن هۆشیارییەکی مەبەستگەرا و توانامان دەست ناکەوێت کە دنیای فیلمسازی بخاتە سەر کەڵکەڵەی بیرکردنەوەیەکی جیاواز.
دانەری ئەم کتێبە لە بابەتێکیدا بە ناوی (وێنەی جووڵاو وەک هیزێکی بەهەژموون لە دنیای ئێمەدا) ئەوەی خستووەتە ڕوو کە لە هەموو کات و سەردەمێکدا مرۆڤەکان سەرقاڵی دۆزینەوەی نوێن، نوێیەک بتوانێت لە لایەک وەک ڕاچەنین بە ڕووی ئەوەی ڕابوورد دەربکەوێت و لە لایەکی تریش بناغە بێت بۆ بنیاتنانی زیاتر لە داهاتوودا. هاوکات باس لەوەش دەکات کە کایە ژیارییەکانی وەک ئەدەب و هونەر لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا جووڵەی خۆیان دەکەن، لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمەنیشدا لە هەوڵی خۆ گونجاندندا دەبن لەگەڵ ئەو سەردەمەی تێیدا دەژین، هەڵبەتە لە دید و ڕاڤەیەکی مارکسستیانەوە بۆ ئەو دۆخە بڕوانین دەبێت بچینەوە سەر ئەوەی کە گۆڕانکاری ژێرخان لەگەڵ خۆی گۆرانکاری سەرخان دەهێنێ و ڕەوتی مێژوو لە جووڵە ناکەوێت .
هەر لەو بابەتەدا د. دڵشاد مستەفا دەڵێت:
لە گەشەکردنی پەیوەندییەکانی مرۆڤ و وێنە و بە تایبەتی لەم سەردەمە نوێیەدا، کارکردن لەسەر وێنە و هەژموون و ماناکانی وای کردوە زۆر لایەنی جیاوازی وێنە بۆ پانتایی و ڕووبەری جیاواز بانگهێشت بکرێت و مامەڵەی جۆراوجۆری لەگەڵدا بکرێت، لە زۆر دۆخدا وا قسەی لەسەر دەکرێت کە وێنە لە بنەچەدا جۆرێکە لە هێما، واتە هیچ کات ناتوانێت سەد دەر سەدی حەقیقەتی شتەکان بێت، بەڵکو ڕوویەکی تری حەقیقەتە لە رێگەی گوزارشتکردن لەوەی لە بەردەمیدا دەگوزەرێ و هەوڵ دەدات هەندێک دراوی هونەری و ڕەهەندی ئیستاتیکی دەربارەی ئەو واقیعە دەربخات کە لە چوارچێوەیەکدا پێشەکەشی بینەری دەکات.
ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لەو بیریارانەی لەم بوارەدا بەشدارییەکی گرنگ دەکەن (جان بۆدریار) بە هێز و ڕوانینێکی جیاوازەوە دەردەکەوێت. ئەو وا دەبینیێت کە گەر شارستانییەتی خۆرئاوا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، شوێنگەیەکی بڵندی بە وێنە بەخشیوە و وەک نێوەندێکی گرنگی مەعریفە مەمەڵەی لەگەڵ کردبێت، ئەوا لە ئێستادا و بە هۆی ئەو پێگەیەیەوە کە وێنە داگیری کردووە، واقیع بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پشت ئەو وێنەیەوە حەشار دراوە و هێز و هەژموونی ئەو وێنەیە زیادی کردووە کە وەک لاساییکەرەوەی واقیع لێی دەڕوانرێت: بە جۆرێک لە جیهانێکی پڕ لە وێنەی ناڕەسەندا دەژین، ئەم تێزەی بۆدریار ترسی دروستبوونی واقعێکی گریمانکراوە لە وێنەدا، واقیعێک کە بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت جێ بە واقیعە ڕاستەقینەکە لێژ بکات و جێی بگرێتەوە، دەخولقێنێ و بە ئاگامان دەهێنێتەوە لەوەی گەر ئەو نێوەندە فرە هەستەوەرە بە بێ هۆشیارییەکی مەبەستگەرا بەکار بێت، دەتوانێت چ کارەساتێک بخولقێنێ. بەو مانایەی ماس میدیا و سینەما وەک فاکتەری بەهێزی ناوی دەتوانێ واقیعێکمان لە ڕێی وێنەی گریمانکراوەوە بەسەردا بسەپێنێ کە ڕاستەقینەکە نییە و وێنەیەکی تەڵخ و شێواوی ئەوە.