به‌ناوبانگترین وه‌رگێڕی ئه‌ده‌بی مۆدرێنی عه‌ره‌بی گه‌نجینه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌كاته‌وه
به‌ناوبانگترین وه‌رگێڕی ئه‌ده‌بی مۆدرێنی عه‌ره‌بی گه‌نجینه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌كاته‌وه
ڕه‌شا ئه‌حمه‌د
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
دێنیس جۆنسۆن ده‌یڤز (1922-2017) یه‌كێكه له‌و وه‌رگێڕانه‌ی زۆرترین خزمه‌تی گه‌وره‌ی پێشكه‌ش به ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی كردووه. ئه‌و به‌درێژایی 70 ساڵ، هه‌وڵیداوه نموونه‌ی ئه‌م ئه‌ده‌به، به‌و په‌ڕی ئه‌مانه‌ت و لێهاتووییه‌وه، بگوازێته‌وه بۆ خوێنه‌ری ئینگلیزی له سه‌رتاپای جیهاندا. به‌رهه‌می هه‌وڵه‌كانی بریتییه له زیاد له 30 به‌رگ له ڕۆمان و كورته چیرۆك و شانۆ و شیعر. هه‌روه‌ها وه‌رگێڕانه پێشوه‌خته‌كه‌ی بۆ ئه‌ده‌بیاتی نه‌جیب مه‌حفوز، ڕێگای خۆشكرد مه‌حفوز خه‌ڵاتی نۆبڵ وه‌ربگرێت.
ده‌یڤز له ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، گۆڤاری “ده‌نگه‌كان/ اصوات”ی بۆ ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی وه‌رگێڕدراو، دامه‌زراند. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئێدوارد سه‌عید، ئاوا وه‌سفی ده‌یڤز ده‌كات: له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، گرنگترین وه‌رگێڕی عه‌ره‌بییه بۆ ئینگلیزی”. هه‌روه‌ها ده‌یڤز ساڵی 2007، خه‌ڵاتی شێخ زاید-ی بۆ كه‌سێتی كه‌لتووری ساڵ، وه‌رگرتووه.
ده‌یڤز له كتێبه‌كه‌یدا “بیره‌وه‌ریه‌كان له وه‌رگێڕاندا- ژیان له‌نێوان دێڕه‌كانی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی” كه به‌م دواییانه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌رگێڕان، له قاهیره بڵاوبووه‌ته‌وه، به شێوه‌یه‌كی پیشه‌یی و مرۆڤانه، بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی و كهوالیسهكانی پشت ئه‌زموونه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه. كتێبه‌كه له‌لایه‌ن د. عفاف عبدالمعطی و پێداچوونه‌وه‌ی مه‌حمود محه‌مه‌د مه‌كی، كراوه به عه‌ره‌بی. كاتی خۆی نه‌جیب مه‌حفوز، ناساندنێكی بۆ كتێبه‌كه له نوسخه ئینگلیزییه‌كه‌یدا كردووه و به “كارێكی سه‌رنجڕاكێش” وه‌سفی كردووه و ئاماژه به‌وه ده‌كات ساڵی 1945، نووسه‌ره‌كه‌ی ناسیوه و پێی سه‌رسام بووه، ئه‌و یه‌كه‌م وه‌رگێڕ بوو، تێكستێكی، كورته چیرۆكێكی وه‌رگێڕاوه بۆ زمانی ئینگلیزی، ئیدی له‌و كاته‌وه، كاری وه‌رگێڕانی بۆ ژماره‌یه‌ك له كتێبه‌كانی كردووه.
نه‌جیب مه‌حفوز باس له‌وه ده‌كات ده‌یڤز، له هه‌مو وه‌رگێڕێكی دی، زیاتر كاری وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی مۆدێرنی عه‌ره‌بی، بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی كردووه. ئه‌و هه‌میشه به دوای نووسه‌رانی تازه‌دا گه‌ڕاوه كه شایه‌نی بایه‌خپێدانن، هه‌وڵێكی زۆری خستبووه‌گه‌ڕ، نه‌ك ته‌نها بۆ وه‌رگێڕانی ڕۆمان و شانۆ و كورته چیرۆك و شیعره‌كانیان، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌وڵیداوه ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ش بۆ ئه‌و وه‌رگێڕانانه بدۆزێته‌وه.
ده‌یڤز له كتێبه‌كه‌یدا، چۆنیه‌تی ده‌ستپێكردنی هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ئه‌دیبانی پێشه‌نگ، ده‌گێڕێته‌وه. له‌وانه ته‌ها حسێن، تۆفیق ئه‌لحه‌كیم، یه‌حیی حه‌قی، نه‌جیب مه‌حفوز، یوسف ئیدریس. جگه له‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی به نه‌وه‌ی دواتره‌وه ده‌گێڕێته‌وه، له نموونه‌ی صنع الله ئیبراهیم، یه‌حیی تاهر عه‌بدوڵلا، محه‌مه‌د ئهلبساطی، محه‌مه‌د به‌راده، زه‌كه‌ریا تامر، سه‌لوی به‌كر. ئه‌و ددان به‌وه‌داده‌نێت كه وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی، له‌لایه‌ن بڵاوكاری/ الناشر ئینگلیز، بایه‌خی پێ‌نادرێت. ته‌نانه‌ت هیچ پهرۆشییهكیان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه وه‌رگێڕدراوه‌كانی نه‌جیب مه‌حفوز نه‌بوو، ته‌نها دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ نه‌بێت. ئاخر بڵاوكارهكان، به پله‌ی سه‌ره‌كی بزنسمانن و حه‌زیان له ریسككردن نییه. به تایبه‌ت بۆ كتێبێك له عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگێڕدرابێت بۆ ئینگلیزی. ئاشكرایه خوێنه‌ری ئینگلیز، هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی هیچ كتێبێكی وه‌رگێڕدراو ناده‌ن و به دوایدا ناگه‌ڕین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له زمانی فهرهنسیشهوه وه‌رگێڕدرابێت بۆ ئینگلیزی. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه، كتێبه‌كه‌ی نووسه‌ری لوبنانی ئه‌مین مه‌علوف-ه، كه به فه‌ره‌نسی ده‌نووسێت. “لیژنه‌ی چوارقۆڵی/ اللجنة الرباعیة” له له‌نده‌ن، مافی ڕۆمانێكی ئه‌مین مه‌علوف-ی كڕی، ئه‌و ڕۆمانه له فه‌ره‌نسا زیاد له یه‌ك ملیۆن دانه‌ی لێفرۆشرا. كه‌چی له چاپه ئینگلیزییه‌كه‌ی، ته‌نها 2000 هه‌زار دانه‌ی لێفرۆشرا.
ئیدریس و مه‌حفوز
ده‌یڤز پێیوایه یوسف ئیدریس كه‌سایه‌تییه‌كی كاریزمییه و نووسه‌رێكی خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی مه‌زنه. هه‌ر بۆیه به‌لایه‌وه سروشتی بوو، یوسف ئیدریس خوازیاری ئه‌وه‌بێت، ئه‌و كاندیده عه‌ره‌به‌كه بێت بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبل. به‌ڵام چه‌ندین فاكته‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی مه‌حفوز بوون، له‌وانه كه‌مترین شت به‌رهه‌مه قه‌به و نائاساییه‌كه‌ی نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌وه بوو مه‌حفوز له بنچینه‌دا، وه‌ك ڕۆمانووسێك، به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانی كه وه‌رگێڕدرابوون بۆ ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی، به ئاسانی به‌رده‌ستبوون.
ده‌یڤز له درێژه‌ی قسه‌كانیدا باس له‌وه ده‌كات یوسف ئیدریس، پێی وتووه ڕۆمانه‌كه‌ی “الحرام” وه‌رگێڕدراوه بۆ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی و زیاد له‌یه‌ك ملیۆن دانه‌ی لێفرۆشراوه. له‌به‌ر ئه‌وه به‌رده‌وام پرسیاری ئه‌وه‌ی ده‌كرد: بۆچی به‌رهه‌مه‌كانی كه وه‌رگێردراون بۆ ئینگلیزی، فرۆشیان نییه؟ هه‌روه‌ها گوزارشتی له‌و نائومێدبوونه‌ی خۆی ده‌كرد كه به‌رهه‌مه‌كانی به زمانی عه‌ره‌بیش، ئه‌و فرۆشهیان نه‌بوو كه خۆی هیوای پێده‌خواست و چاوه‌ڕێی ده‌كرد.
دێنیس ده‌یڤز و نه‌جیب مه‌حفوز
دانه‌ری كتێبه‌كه، هه‌لومه‌رجی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ له‌لایه‌ن نه‌جیب مه‌حفوزه‌وه، ئاشكرا ده‌كات. له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت هاوسه‌ری باڵیۆزی فه‌ره‌نسی له تونس بینیوه؛ كه خانمێكی سویدی بووه و په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی نۆبڵه‌وه هه‌بووه، لێم پرسی ئایا جگه له نه‌جیب مه‌حفوز، نووسه‌رێكی دیكه‌ی عه‌ره‌ب هه‌یه، شایه‌نی كاندید كردنبێت بۆ خه‌ڵاتی نۆبڵ و ناوی له لیسته‌كه‌دا نه‌بێت؟ له‌م ڕووه‌وه به چڕ و پڕی و به درێژیی، گفتوگۆمان له‌سه‌ر خاڵی ئه‌رێنی و نه‌رێنی كاندیده‌كانی دیكه كرد كه ئه‌گه‌ری كاندیدبوونیان هه‌بوو. له‌وانه شاعیری سوری ئه‌دۆنیس. به‌ڵام ئه‌و شاعیرێكی میللی نه‌بوو. هه‌روه‌ها یوسف ئیدریس، به‌رهه‌مه‌كانی وه‌ك پێویست نه‌كرابوون به ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی. ئه‌وه ئه‌و دوو زمانه‌یه كه ئه‌ندامانی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی خه‌ڵاتی نۆبڵ ده‌یزانن. له‌و كات و ساته‌دا، ئه‌لته‌یب ساڵح، ته‌نها ڕۆمانی “وه‌رزی كۆچ به‌ره‌و باكور”ی بڵاوكردبووه‌وه، ڕۆمانه بچووكه‌كه‌ی “زه‌ماوه‌ندی زین” و هه‌ندێك كورته چیرۆكی به زمانی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی له‌به‌رده‌ستدابوون. ئه‌م ژماره كه‌مه‌ش، به‌س نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ره‌كه‌ی كاندید بكرێت بۆ خه‌ڵاته‌كه.
بینینی سه‌یاب و كهنهفانی
سه‌روه‌ختێك دێنیس جۆنسۆن ده‌یڤز، گۆڤاره وه‌رزییه‌كه‌ی “اصوات”ی دامه‌زراند؛ كه تایبه‌ت بوو به ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی وه‌رگێڕدراو. نووسینگه‌ی گۆڤاره‌كه له له‌نده‌ن، بووه وێستگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌دیبه عه‌ره‌به‌كان. له‌وانه شاعیری عێراقی به‌در شاكر ئه‌لسه‌یاب كه له دوا ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نیدا بوو. له یه‌كێك له به‌یانیه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره‌دا، جۆنسۆن له لایه‌ن به‌در شاكر ئه‌لسه‌یاب-ه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی پێده‌گات، تێیدا ده‌ڵێت گه‌یشتوومه‌ته له‌نده‌ن و له ئوتێل “كامبرلاند” دابه‌زیوم كه نزیكه لێته‌وه. جۆنسۆن ده‌ڕوات بۆ لای، ئه‌لسه‌یاب باسی نه‌خۆشییه‌كه‌ی بۆ ده‌كات كه به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت و پێشتر له‌گه‌ڵ پزیشكه‌كانی بێروت و شوێنه‌كانی دیكه، ڕاوێژی زۆری ده‌رباره‌ی كردبوو.
ده‌یڤز ئه‌لسه‌یاب ده‌بات بۆ لای پزیشكه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی. وه‌لێ بیروڕای ئه‌و پزیشكه، هه‌مان بیروڕای پزیشكه‌كانی پێشتر بوو. لێره‌وه ئه‌لسه‌یاب ڕه‌وانه‌ی ئوتێل “میدلسكس” كرا، له‌وێ زنجیره‌یه‌ك پشكنینی ئازاربه‌خش بۆ بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌نجامده‌درێت. دواتر پزیشكه‌كه پێی ده‌ڵێت تووشی ئیفلیجییهك بووه، چاره‌سه‌ری نییه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕبڕه‌ی پشتی هه‌یه. هه‌ر بۆیه چیتر پێویست ناكات له گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی پزیشكی دیكه‌دا، كات و پاره به‌فیڕۆ بدات. به‌در شاكر ئه‌لسه‌یاب ئاماده‌یی و توانای وه‌رگرتنی ئه‌و ڕاستییه قورسه‌ی هه‌بوو، نه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ست به ئومێدی درۆزنانه‌وه بگرێت.
غه‌سان كهنهفانی، یه‌كێك بوو له‌و نووسه‌رانه‌ی، ده‌یڤز له گۆڤاری “اصوت” به‌رهه‌مه‌كانی بۆ بڵاوده‌كرده‌وه. ئیدی له میانه‌ی ئاڵوگۆڕی نامه‌وه، بوون به هاوڕێی یه‌كتر. دوای چه‌ندین ساڵ، بۆ یه‌كه‌مجار له قاهیره و له ئوتێل “كیلۆپاترا” یه‌كتر ده‌بینن. له‌وێدا جۆنسۆن، هاوڕێیه‌كی له‌گه‌ڵ ده‌بێت و به عه‌ره‌بی قسه ده‌كه‌ن، كاتێك ئه‌و دووانه له ڕاڕه‌وی ئوتێله‌كه‌دا ده‌بن، گه‌نجێكی قۆز به‌ره‌و ڕووی دێت و پێی ده‌ڵێت: “تۆ ده‌بێت دێنیس-بیت، من غهسانم”.
ده‌یڤز سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی وه‌رگێڕانی ڕۆمانه به‌ناوبانگه‌كه‌ی ئه‌لته‌یب ساڵح” وه‌رزی كۆچ به‌ره‌و باكور”، باس له‌وه ده‌كات له نێوان ساڵانی 1954-1969 له له‌نده‌ن، نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ی بینیوه كه له له‌نده‌ن ده‌ژیا. هه‌رچه‌نده ئه‌و دووانه، هه‌ردووكیان له به‌شی عه‌ره‌بی “بی بی سی” كاریانكردووه. به‌ڵام هاوڕێی یه‌كتر نه‌بوون. دوای بڵاوكردنه‌وه و وه‌رگێڕانی ژماره‌یه‌ك چیرۆك، ئه‌و ڕۆژه دێت تێیدا ئه‌لته‌یب ساڵح به جۆنسۆن ده‌ڵێت به‌م نزیكانه، ده‌ست به نووسینی ڕۆمانێكی نوێ ده‌كات كه باشتره و هیوای زیاتری له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنێت.
له‌و كات و ساته‌دا، ده‌یڤز مۆڵه‌تی له ئیش وه‌رگرتووه. ئه‌مه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خساندووه، هه‌ر چه‌ند ڕۆژ جارێك، كۆمه‌ڵێك كاغه‌ز له ڕه‌شنووسی به‌رهه‌مه‌كه، به‌ش دوای به‌ش، وه‌ربگرێت. ڕۆمانه‌كه‌ش به‌خێرایی و به ناونیشانی “وه‌رزی كۆچ به‌ره‌و باكور” ته‌واوده‌بێت. ده‌یڤز له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “ته‌قریبه‌ن له هه‌مان كاتدا وهرگێڕانهكهیم ته‌واوكرد، ئه‌لته‌یب ساڵح پرسیاری ده‌رباره‌ی هه‌ندێك پهرهگرفی وروژێنه‌ر ده‌كرد كه له ڕۆمانه‌كه‌دا هاتبوو. به‌ڵام دواجار بڕیار ده‌دات ئه‌و په‌ره‌گرافانه بسریته‌وه. ماوه‌یه‌ك بیر له‌وه ده‌كاته‌وه ئه‌و په‌ره‌گرافانه، له وه‌رگێڕانه ئینگلیزییه‌كه‌دا هه‌بێت. وه‌لێ له كۆتاییدا بڕیار ده‌دات ئه‌و كاره نه‌كات”
دانه‌ری كتێبه‌كه دڵنیایه له‌وه‌ی له نێو كاغه‌زه‌كان و له شوێنێكدا، ئه‌م كۆمه‌ڵه په‌ره‌گرافه سڕاوانهی هه‌یه كه به ده‌ست و خه‌تی ئه‌لته‌یب و له‌سه‌ر چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك نووسراونه‌ته‌وه. ڕه‌نگه ڕۆژێك له ڕۆژان، ئه‌و پهرهگرفه سڕاوانه، ڕێگای خۆیان بۆ ژووری مه‌زادكردن بدۆزنه‌وه، ملیۆنێرێك كه ئاره‌زووی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره شتانه‌ی هه‌یه، به بڕه پاره‌یه‌كی زۆر بیكڕێت.
وه‌رزی كۆچ به‌ره‌و باكور، ساڵی 1969 وه‌رگێڕانه ئینگلیزییه‌كه‌ی بڵاوبوه‌وه و زۆرێك له ڕه‌خنه‌گرانی به‌ریتانیا، ستایشیان كرد. رۆژنامه‌ی “سه‌ندای تایمز” وه‌ك ڕۆمانی ساڵ ده‌ستنیشانی كرد. ده‌یڤز له‌و ڕۆژه‌دا به ڕیكه‌وت له له‌نده‌ن ده‌بێت، بۆ كڕینی نوسخه‌یه‌ك له ڕۆمانه‌كه، له “بیكادیللی” ده‌ڕوات بۆ كتێبخانه‌یه‌ك. ده‌یڤز پێشبینی كردووه كۆمه‌ڵی نوسخه‌ی ڕۆمانه‌كه به ئینگلیزی، له یه‌كێك له په‌نجه‌ره‌كانی كتێبخانه‌كه دانرابێت. سه‌روه‌ختێك پرسیاری كتێبه‌كه له فرۆشیاره‌كه ده‌كات، وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: “ئای گه‌وره‌م… باشه، كتێبه‌كه له خواره‌وه، له ژێرزه‌مینه‌كه ده‌دۆزیته‌وه”. لێره‌دا ده‌یڤز ئه‌م قسه‌یه ده‌كات: “مه‌سه‌له‌كه چوار ده‌یه‌ی خایاند، تا ڕۆمانه‌كه‌ی ئه‌لته‌یب ساڵح، توانی له نهۆمی خواره‌وه‌ی ژێرزه‌مینه‌كه له بیكادیللی، بێته سه‌ره‌وه و لای ده‌زگای بنگۆین، بخرێته ڕیزی كلاسیكیه مۆدێرنه‌كان.

سه‌چاوه
الشرق لاوسط، دوو شه‌ممه، 31 ته‌موز، 2023