پاش جەنگ، باخەوانی گوڵ

پاش جەنگ، باخەوانی گوڵ

خوێندنەوەی ڕۆمانی “سێ ئەسپ”

خوێندنەوەی: سەردەم

دوو جۆر لە ئەدەبیات سەبارەت بە جەنگ هەن، ئەدەبیاتێکیان ئەوەیە ڕاستەوخۆ کار لەناو جەرگەی جەنگدا دەکات و ئەو وێرانکارییە دەنووسێتەوە، دەچێتە دووتوێی تەقوتۆق و دەنگی تۆپ و فڕەی فڕۆکە و گیزەی گوللە، کەوتنی بەسەریەکدا هەڵچنراوی تەرم و ئاهی بریندار و قوڵپە و خوڕەی خوێنی لەبەرڕۆیشتوو، لە بەرانبەردا ئەدەبیاتێک هەیە لە پەراوێزی جەنگدا کار دەکات، ناچێتە ناو هیچ کام لەو دیمەنە سامناکانەوە، بەڵام بە جۆرێکی تر ڕاماندەکێشێتە ئەو ڕووبەرە تاڵەوە، جۆرێک کە تاریک و بێبنە، ڕەنگە سامناکتر لە جۆری یەکەمیش، بێگومان هەردوو شێوە نووسینەکە قورسن و زەحمەتیی زۆر دەخەنە بەردەم نووسەرەکەیان، ئەمە بەر لەوەی بۆ بابەتەکە بگەڕێتەوە، بۆ کێشەیەکی بنجیتر دەگەڕێتەوە؛ ئەویش نووسینە دەربارەی جەنگ و ئەو کارەساتانەیە لە شەڕ و جەنگ دەکەونەوە، کە بۆ خۆیان بابەتێکی تەواو ئەخلاقی دەبنەوە، بەوەی کە چۆن لەو بارەیەوە بنووسین و ڕەنجی ئەو هەموو خوێنە ڕژاوە هەق بدەین، هاوکات چۆن کارێک نەکەین لە سیما و ڕووخساری جەنگ و شەڕ و کارەسات جوان ببێت و بەوەش مەیل بۆ ئەو دۆخە نائینسانییە خۆش ببێت. دەتوانین نموونەی شێوە نووسینی یەکەم کە ڕاستەوخۆ کامێرای گێڕانەوەیان لە مەیدانی شەڕ و جەنگدا دامەزراندووە، ڕۆمانی “بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە”ی ئێریش ماریا ڕیمارک وەربگرین، بۆ شێوەی دووەمیش کە لە کەناری جەنگدا کار دەکات و یەک دڵۆپەخوێن تێیدا ناڕژێ، ڕۆمانی “ماڵە گەورەکە”ی ئەلڤارۆ سپیدا سامۆدیۆ وەک نموونەی وەربگرین. ڕۆمانەکانی “ئێری دی لۆکا”ش سەر بە شێوەی دووەمن، بەڵام بە کۆمەڵێک تایبەتمەندییەوە، کە لە درێژەی ئەم خوێندنەوەدا هەوڵی ناساندنی یەک لە کارەکانی دەدەین.

تا ئەم ساتەوەختە چوار ڕۆمانی نووسەری ئیتاڵی ئێری دی لۆکا (لە دایکبووی ١٩٥٠) بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاون، بە گشتی لە ڕێی ئەو چوار ڕۆمانەوە خوێنەر تا ڕادەیەک ئاشنای شێوازی نووسینی ئەم نووسەرە دەبێت، ئەو چوار ڕۆمانەش سێیان لە وەرگێڕانی مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیلن، بە ناوەکانی: “چیای خودا، سێ ئەسپ و ڕۆژێک بەر لە بەختەوەری”، “بە ناوی دایک” ڕۆمانەکەی تریەتی، کە وەرگێڕانی خەسرەو مەحموودە. بە گشتی کارەکانی ئێری دی لۆکا کورت و چڕن، شیعرییەتیەکی ناسک و جوان تانوپۆی گێڕانەوەی تەنیوە، منداڵی و مێرمنداڵی، ئەوەی کە بە هەرزەکاری ناسراوە، ئەو تەمەنەیە کە ئێری دی لۆکا گێڕانەوەی لەسەر دادەمەزرێنێ و لەو چاوەوە دەمانباتە ناو دنیا ڕەنگاڵەکەی. ڕستەی ڕوون و دوور لە درێژدادڕی، وەسفی ورد و بەدیقەت، لە خەسڵەتە دیارەکانی ئەم نووسەرەیە. جەنگ و ئەو کارەسانەی لە جەنگ و شەڕ و هاتنە سەر حوکمی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان دەکەونەوە، بە شێوەی لێرەولەوێ، پێشاندانی لە حاڵەتەکاندا، لە نموونەی کارەکانی ئێری دی لۆکان، لۆکا نایەوێ بڵێت جەنگ و کارەساتە خوێناوییەکان بەم جۆرەن، بەڵکو هەوڵ دەدات کاریگەرییەکان لەسەر ژیان و زەین و دەروون و ڕەفتاری کەسەکان پێشان بدات، دەری بخات ئەو ژیانە پەرێشانەی ئەمڕۆ کەسەکان پێوەی دەناڵن، ئەو بێ باوکی و دایکییە، بەر و بەرهەمی کارەساتەکانە، تێکچوونی پەیوەندیی خێزان و کەسەکان پێکەوە، هۆکاری کارەساتە یەک لە دوا یەکەکان لەپشتی وەستاون و ئەوەی کە ناتوانین پەیوەندییەکی تەندروست پێک بهێنین و دروستی بکەین، هۆکارەکەی دوورترە لەم ساتەوەختە و دەبێت بزانین گرفتەکە ڕیشەدارتر لەمڕۆیە.

ڕۆمانی “سێ ئەسپ” کۆی ئەو خەسڵەتانەی هەڵگرتووە، ڕۆمانێکە ورد و چڕ چنراو، بە زمانێکی باڵا و ناوازە دەمانباتە ناخی کەسێتییەک کە لە کارەسات ڕزگاری بووە، کەسێتییەک کە لە پاییزی تەمەندایە و بەڵام بەردەوامە لە ژیان و دەیەوێ هەر چرکەیەک کە لە بەردەمیدا ماوە و دەرفەتی هەناسەدانی هەیە، بژی و هیچ دەرفەتێکی ژیان لەدەست نەدات. ڕۆمانەکە نموونەیەکی جوانە بۆ ورەدان بەو کەسانەی کە چرای ئومێدیان کزە، یان خەریکە دەکوژێتەوە، بە چرپە، خەونئاسا پێت دەڵێت: قەت دەستبەردار مەبە، بژی، عاشق بە، نزیک بە لە گوڵ!

تەمەنی مرۆڤ هاوشێوەی تەمەنی ئەسپە، هەر ئەسپێک نزیکەی بیستوپێنج ساڵ دەژی؛ کە وایە تەمەنی سێ ئەسپ دەکاتە نزیکەی تەمەنی مرۆڤێک. ڕۆمانی «سێ ئەسپ»ی نووسەری ئیتاڵی “ئێری دی لۆکا” لەم خەمڵاندنەوە سەرچاوەی گرتووە؛ پیاوێکی باخەوان لە سێیەمین بڕگەی تەمەنیدایە، یانی سێیەمین ئەسپ؛ پەنجا بۆ حەفتاوپێنج ساڵی. ئەم پیاوە بە نەسەب ئیتاڵییە و یەکێکە لەو کەسانەی لەگەڵ خێزانەکەیدا، سەروەختی شەپۆلی کۆچکردن لە دەیەی چلەکاندا بۆ ئەرژەنتین، لە ئیتاڵیاوە کۆچیان بۆ ئەو وڵاتە کردووە، بەڵام ماوەی دیکتاتۆریەتی دەسەڵات لە ئەرژەنتین (١٩٧٦ – ١٩٨٢)، ژیانێکی پڕ لە ڕەنج و زەحمەت دەبەنە سەر، ژنەکەی زیندانی دەکرێت و لەژێر ئەشکەنجەی جەستەییدا، گیان دەسپێرێت. «سێ ئەسپ» چیرۆکی ئەم پیاوە باخەوانەیە کە بەردەوام سەرقاڵی درەخت و گوڵبەخێوکردنە، پاش ئەوەی بۆ زێدەکەی خۆی گەڕاوەتەوە. لە جێیەکدا دەڵێت: «ئێمە فێری زمانەکان دەبین، بەڵام ناتوانین درەختەکان بخوێنینەوە.» ئەم پیاوە بە هۆی پیشەکەیەوە ژنیک بە ناوی “لیلی” دەناسێت، لیلی ماڵی هەر لەو دەوربەرەیە و ژنێکی تەڕ و دڵنشینە، لیلی ڕۆژێک بانگهێشتی باخەوانە پیرەکە دەکات، تاکو بێت دەستێک بە باخچەی ماڵەکەیدا بهێنێت، بەڵام باخەکە بیانووە و بیانوویەک کە هەر خۆی هەڵگری دنیایەک خەیاڵە بەرەو جوانی و پێکەوەژیان؛ گوڵچنین و گوڵبەخشین سەرەتایە، لەم هاتن و چوونەدا پەیوەندییەک ساز دەبێت، پەیوەندییەک کە تێکەڵەیەکە لە هەموو پەیوەندییەکان.

“سێ ئەسپ” دەوری چەند دەیە لە مێژوو دەکاتەوە، بێ ئەوەی بووبێت بە مێژوو، بە ئیمکانی ڕۆمان لۆی چەند ڕووداو و کارەسات هەڵدەداتەوە، پێشانی دەدات کە کارەسات و جەنگ و دەسەڵاتی سەرکوتکەر چۆن هەوڵی کوژانەوەی چرا گەورەکەی ژیان دەدەن و دەیانەوی خۆر تاریک دابێنن. “سێ ئەسپ” بە هەڵبژرادنی کەسێتییەک و شارەزایەک لە بواری باخداری و زانینی زمانی درەخت و گوڵدا، مانایەک بەو بێماناییە دەدات کە کارەساتەکان بەرهەمیان هێناوە، لەم گوزەرەشەوە دیالۆگێکی ئەڤیندارانە پێک دێت، کە واتایەکی قووڵ و بنچینەیی بە ژیان دەدات، وا دەکات ئینسان پاش لەدەستدانی کەسی ئازیز و خۆشەویستی، بەرگەی ئەو ڕۆژە ڕەشانە بگرێت کە دێن و ئەمیش بە تەنیا ناچارە ڕووبەڕوویان بوەستێتەوە، هاوکات تۆوی هیوایەک، کە زەمەن غەدری لێ کردووە، بژێنێتەوە و سەرلەنوێ گۆرانی بۆ عەشق و جوانی بڵێت.

ئەوەی دەمێنێتەوە قسەیەکە لەسەر وەرگێرانی ئەم ڕۆمانەیە، وەک گوترا مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل سێ ڕۆمانی ئێری دی لۆکای کردووە بە کوردی، دنیای ئەم نووسەرەی ناسیوە، بێگومان خۆشی ویستووە، هەر بۆیە ئەم ڕۆمانە و دووانەکەی تریشی بە زمانێکی جوان و کوردییەکی دەوڵەمەند کردووە بە کوردی. خوێنەر دەتوانێت هەست بەو ڕیتم و جوانکارییە بکات کە لە زمانە وەرگێڕاوەکەدا بەرهەم هاتووەتەوە، ئەو جیا لەو شیعرییەتە قووڵ و ناسکەکەی کە سەرتاپای ڕۆمانەی تەنیوە و بووە پەخشانەشیعرێکی زەریف و ناوازە. زمانی ئەم ڕۆمانە زۆر نزیکە لە هێڵە سەرەکییەکەیەوە، زمانی باڵندە و درەخت و گوڵە، ئەمە تەنیا قسە نییە، بەڵکو خوێنەر سەروەختی خوێندنەوەی ڕۆمانی “سێ ئەسپ” دەتوانێت درک بە ترپە و تمپۆی وشە و ڕستەکان بکات، ترپە و تمپۆیەک کە هەر دەڵێی لەناو باخدا دانیشتوویت.

شیاوی باسە: ڕۆمانی “سێ ئەسپ” لە زمانی عەرەبییەوە کراوە بە کوردی و “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم” ساڵی ٢٠١٦، لە دووتوێی ١١١ لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.