زانین و دانایی
(٣)
ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
جارێکیان لە فیساگۆراسیان پرسی “تۆ دانایت؟” لەوەڵامدا وتی “نا، من بە دوای داناییدا دەگەڕێم.” هەر ئەم وەڵامە بوو بە یەکەمین پێناسەی فەلسەفە، واتە فەلسەفە لە بنەڕەتدا لێکۆڵینەوەی داناییە، فەیلەسوف کەسێكی دانا نیە، بەڵکو بەدوای داناییدا دەگەڕێت.
بەڵام ئەمە چ مانایەکی هەیە؟ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لای سۆکرات، ئەو پێمان دەڵێت دانایی گەشتێکە سەرەتاکەی لە نەزانییەوە دەستپێدەکات، واتە بۆ ئەوەی بکەویتە سەر ڕێ، دەبێت لە پێشەوە دان بەوەدا بنێیت کە هیچ نازانیت. واتە دانایی پێش ئەوەی هیچ شتێکی تر بێت، دڵنیانەبوونە، گومانکردنە لەوەی پێمانوایە دەیزانین. وتە نێودارەکەی سۆکراتیش لەمەوە هاتووە، کە هەموو جارێک دووبارەی دەکردەوە: بەڵی، قسەی خواوەندان دروستە، کەس لە من داناتر نیە، بەڵام دانایی من لەوەدایە کە دەزانم نازانم، بەڵام ئێوە ئەوەش نازانن…
ئەی زانین چیە؟
زانین کەڵەکەکردن و کۆکردنەوەی فاکت و داتاکانە، تێگەیشتنە لەڕێگای ئەزمونەکان و تاقیکردنەوەکان و هەڵەکردنەکانەوە؛ ڕێکخستن و کۆکردنەوەی داتاکان و بەرهەمهێنانی شتەکانە، بێ ئەوەی بتوانێت حوکمێک بەسەریاندا بدات و چاک و خراپیان لەیەک جیابکاتەوە. لەناو تاقیگەی کیمیادا، هەنگوین و ژاری مار دوو مادەن، قسەیەک لەسەر سودمەندی و بێسودییان لەگۆڕێ نیە، چونکە کیمیا حوکم لەسەر چاکەو خراپە نادات، ئەو بەتەنها لەسەر مادەکان کاردەکات و پەیوەندییەکانی نێوانیان دەدۆزێتەوەەو بەکاریان دەهێنێت.
حوکمدان لەبارەی دروستی و نادروستی، دادپەروەریی و ستەمکاریی، جوانی و ناشرینی، مرۆیی و نامرۆیی.. هتد، ئەمەیان ئەرکی داناییە. بەڵام دانایی بەکۆکردنەوەی فاکتەکان بەدەست نایەت، بەڵکو بە وردبوونەوەو تێڕامانکردن لە ئەزمونەکان لە ناختدا چەکەرە دەکات، جا هی خۆت بن یان ئەوانیتر، لەو ڕووەوە کە چ کاریگەرییەکیان هەیە لەسەر هەڵسوکەوتی ئایندەیی و ئەو بڕیارانەی دواتر پێیان دەگەین.
بەکورتی زانین ئەوەیە بزانین بیابانێک چەند گەورەیە، بەڵام دانایی ئەوەیە کە دەچین بۆ بیابان ئاو لەگەڵ خۆمان ببەین. زانین هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەوەی بەفر چۆن دەبارێت، بەڵام دانایی، ئەزمونکردنی مانای (ساردیی) یە لە بەفردا. دانایی توانای ڕوونکردنەوەو حوکمدانە بەسەر ئەوەدا کە کام لایەنەی زانین دروستە و دەتوانێت بەردەوام بێت، قابیلی ئەوەیە لەژیانی خۆتدا پیادەی بکەیت. دانایی زانینی مانا قووڵەکانی ئەقڵ، خودی زانینە، پرسیارکردنە لەماهییەتی شتەکان. زانین کۆی ئەو زانیارییانەیە کە کۆمانکردوونەتەوە، بەڵام دانایی بریتییە لە پرسیارکردن لەوەی چۆن دەتوانین بزانین و دەتوانین چی بزانین!
زانین لەگەڵ گۆڕانی داتاکاندا دەگۆڕێت، لەگەڵ شیکردنەوەو لێکدانەوەی تازەتردا بۆ ئەو زانیارییانەی بەدەستمان هێناون گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، زۆرجار خۆی بەدرۆ دەخاتەوە، هەندێجاریش بە ئاڕاستەی پێچەوانەدا دەڕوات، بە هەموو ئەمانەش دەوترێت پێشکەوتن و گەشەکردن. بەڵام دانایی وانیە، ئەمیان وردبوونەوەو تێڕامانە لە پرسیارە گەورەکانی وەک: ئێمە کێین؟ دەتوانین چی بزانین؟ چی بکەین؟ ئەم پرسیارانەش هەمیشە هەر لەگەڵماندا دەمێننەوەو جار لەدوای جار دەگەڕێینەوە سەریان، هەموو هەوڵێک بۆ وەڵامدانەوەیان، خۆی لەخۆیدا هەوڵێکی دیکە دەستنیشان دەکات بۆ ئەوەی سەرلەنوێ پرسیارەکان بەرز بکرێنەوە.
زانین شتێکە دەتوانین فێری بین، هەم بە هەوڵی خۆمان و هەم لە ڕێگای ئەوانیترەوە. دەتوانرێت لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بگوێزرێتەوە، لە ناو تۆمار و کتێب و داتابەیز و ئامڕازەکانی تردا دەپارێزرێت و هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بەکاربهێنرێنەوە، یاخود بۆ ئەوەی لەگەڵ زانینە عەمبارکراوەکانی تردا بەراورد بکرێن. بەڵام دانایی هەمیشە پێویستی بە ناخێکی زیندووی وەهایە لەگەڵ تێڕامان و وردبوونەوەی سەختدا ڕاهاتبێت.. دانایی مۆمێکە لە هەموو کەشوهەوایەکدا داناگیرسێت، پێویستیی بە ئارامی و هێوریی و ئازادکردنی ئەندێشە هەیە. ڕێگای بەدەستهێنانی زانین بۆ هەمووان کراوەیە، هەموو کەس دەتوانێت هەر زانینێکی بوێت فێری ببێت و ماوەی دیاریکراو بۆ فێربوون و قاڵبوونەوە تێیدا زانراوەو بەزۆریش دیاریکراوە.
بەڵام ئەزمونی دانایی زۆر سەختە و بەرزی و نزمی و خەمباری و ئازارو ناخۆشی؛ هەروەها ئاسودەیی و کامەرانیی زۆریی تێدایە … هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دانایی هەموو تەمەن دەخایەنێت و سەرەنجامیش جگە لەوەی بۆت دەربکەوێت کە هێشتا پێی نەگەیشتوویت، چارێکت نیە، یاخود هەمیشە هەست دەکەیت هێشتا قۆناغێکی دیکەش ماوە و دەبێت هەوڵی بۆ بدەیت. هەر بۆیە ئەوانەی دەبن بە زانا زۆرن و بوارەکانیشیان جیاجیایە، بەڵام ئێمە بەختمان هەیە لە سەردەمێکدا بژین کە لانیکەم دانایەکی تێدا بێت، ئاسودەش دەبین ئەگەر ئەو دانایە ڕێنیشاندەرمان بێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگای خۆمان بەرەو دانایی.
لێرەدا چیرۆکێکی خۆشم دێتەوە یاد:
خوێندکارێکی زانکۆ لە گوروویەکی هیندیی دەپرسێت: ژیان مانای چیە؟
ئەویش لەکاتێکدا کە کوپی چایەکەی بەرزدەکاتەوە، دەڵێت: ئەم کووپەیە!
خوێندکارەکە بە تووڕەییەوە دەڵێت: من ڕێگایەکی درێژم بڕیوە و ماوەیەکی زۆریش چاوەڕوانم کردووە، تەنها بۆ ئەوەی پێم بڵێیت ‘ئەم کووپەیە!”
گورووەکە لەسەرخۆ پێی دەڵێت: یانی! ڕەنگە ئەم کووپە نەبێت.
وشەی گورو هاومانای (دانا)ی خۆمانە. ئەم چیرۆکە نهێنییەکی زۆر گرنگ ئاشکرا دەکات: گرنگیی هەندێک لە پرسیارەکان لەوەدایە کە هەر وەڵامێکیان پێ بدەینەوە، لە کۆتاییدا دەگەینە لای پرسیارێکی نوێتر و گومان خستنە سەر وەڵامەکانی پێشوو. گوورووی پیر ویستی بە خوێندکارەکە بڵێت: باشتروایە هەوڵ بدەیت لانیکەم وەڵامێکی تایبەتی خۆت بۆ پرسیارەکە بدۆزیتەوە.
وتەیەکی زۆر جوان بەناوی پەیامبەری ئیسلامەوە دەگێڕنەوە: “دانایی لە باوەڕدار بزر بووە، لە هەرکوێ بیدۆزێتەوە مافی خۆیەتی، یان دانایی شتێکە باوەڕدار بەدوایدا دەگەڕێت، لە هەرکوێ دۆزییەوە مافی خۆیەتی. بەڵام جێگای سەرنجە، زۆرێک لە موسوڵمانەکان گومان دەخەنە سەر ئەم وتە جوانەو بە لاوازی دادەنێن! بۆچی وا دەکەن؟ ئەوە پرسیارێکە دەبێت لەخۆیان بکرێت و ئێرە جێگای وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە نیە.
بەهۆی زانینەوە هەوڵ دەدەین لە گەردونەکەمان و لە خودی خۆمان تێبگەین، پەی بە نهێنییەکانیان ببەین. بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە زانین زۆر جار بەهەڵەدا دەچێت، دانایی ئەوەیە جار لەدوای جار تێڕامانەکانمان لەوەی دەیزانین چڕتر بکەینەوە، باشتر بیریان لێ بکەینەوە، تا بتوانین حوکمی باشتریان بەسەردا بدەین. زانایی شتێکی باشە، بەڵام دانایی زۆر لەوە زیاترە کە بەتەنها کۆکردنەوەی زانیارییەکان بێت، بریتیە لە دۆزینەوەی ئەو ڕێگایانەی لێیانەوە دەتوانین زانیارییەکان (بە باشی) بەکاربهێنین.
لە یەکەمین فەیلەسوفەوە (ئاشقی دانایی) تا ئێستا دانایی پەرەی نەسەندووە. دانایی شتێکە لە ناخ و هزری تاکەکەسەکاندا گەشە دەکات، دەبێت بە بیرکردنەوەی ئەوان، لە فەیلەسوفدا دەگاتە لوتکە. فەیلەسوفەکان، داناکان، هەمیشە ئامادەییان هەیە، دەبێت بەردەوام بۆیان بگەڕێینەوەو لە سەرچاوەی داناییەکانیان بخۆینەوە. لەماوەی هەزاران ساڵی ڕابردوودا، دانایی گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، چونکە دانایی پرۆسەیەکە هەمیشە لە سەرەتاوە دەستپێدەکاتەوە. داناکان هەمیشە یەکتریی تەواو دەکەن و دەگەڕێنەوە سەر یەکتریی.
بەڵام یەکەمین زانا، وەک ئەرشێفێک، وەک دەستنیشانکردنی سەرەتایەک، تەنها ناوەکەی و بڕێک زانیاریی بایۆگرافیی بۆ ئێمە جێهێشتووە. زاناکان بەردەوام یەکتریی کورت دەکەنەوە، هەوڵەکانیان بۆ زانین لە جێگایەکدا ڕادەگرن و هەوڵی خۆیان دەست پێدەکەن… پەرەسەندنی زانین لە جێهێشتنی بەردەوامی خۆیدایە. کاتێک شتەکان زانراو بن، دەبینە خاوەنی باوەڕەکان و وەڵامەکان، بەڵام کە نەزانراون، دەبینە خاوەنی گومانەکان و پرسیارەکان. ئێمەش بەردەوام لە جیهانێکدا دەژین کە نەزانراوەکانی هەمیشە زیاتر بوون لە زانراوەکانی، بەهۆی زانینیشەوە بەجێگایەک گەیشتووین کە تا بێت بڕی نەزانراوەکانی زیاتر دەبێت، هەربۆیە کارل پۆپەر دەڵێت “پێشکەوتنی ئێمە بەرەو نەزانینە.” واتە هەمیشە پێویستیمان بەداناییە، هەمیشە پێویستە فەیلەسوف کە ئاشقی داناییە لەناوماندا بژی… گەرچی مێژووی مامەڵەکردنمان لەگەڵ فەیلەسوفدا، وامان پێ ناڵێت.
بۆچی دانایی و زانین بە یەکتریی بەراورد بکەین؟ چونکە لەبنەڕەتدا زانین قسە دەکات، بەڵام دانایی گوێ دەگرێت. زانین وەڵامدانەوەی پرسیارەکانە، بەڵام دانایی پرسیارکردنی بەردەوامە. زانین بە بەردەوامی سەرقاڵی بەرتەسککردنەوەی پانتایی بیرکردنەوەیە، بەڵام دانایی هەمیشە دەیەوێت ئاسۆکانی بیرکردنەوە فراوانتر بکات. زانین هاوکارییت دەکات بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیانت، بەڵام دانایی کۆمەکت دەکات لەوەدا کە بژیت.
هەر یەکە لە دانایی و زانین ڕەوتی دیاریکراوی خۆیان هەیە: دانایی لە گومانەوە دەست پێدەکات و گومانەکانی دەبن بە پرسیارو بیریش لە پرسیارەکان دەکاتەوە و دەست دەکات بە گەڕان و تێڕامان. زانین لەسەر وەڵامەکان کاردەکات و لە ئەنجامدا دەیانگۆڕێت بۆ هەقیقەت و تێگەیشتنەکان، یاسا زانستییەکانیشی لەسەر بناغەی ئەو هەقیقەتانە دادەڕێژێت.