چەند سەرنجێک لە مۆنۆدرامای تابلۆکانی ماریا
فڕینی کۆمەڵێک قەلەڕەش بەسەر کێڵگەیەک گەنمدا
چەند سەرنجێک لە مۆنۆدرامای تابلۆکانی ماریا
خوێندنەوەی: سەردەم
جەنگ هیچ کات ڕەوا نەبووە، هەمیشە وێرانەیەکی بە شوێن خویدا هێناوە کە چەندان ساڵ برینەکانی بە تەڕی و ئازارەکانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە، یەکێک لەو جەنگانەی کە لە ڕووی زیان و وێرانکارییەوە لە پاش جەنگی جیهانی دووەم ئاماژەی بۆ دەکرێ، جەنگی خوێناوی نێوان سلۆڤینیا، بۆسنێ و هێرسۆگڤینا و کراواتیایە، ئەم جەنگە لە ماوەی نێوان ١٩٩١ تاکو ١٩٩٥ درێژەی کێشا، لەو جەنگەدا چەندین ماڵ و گوند و شوێنە سەرەکییەکان و ئاسەوارە دێرینە گرنگەکانی ئەو شارانەی بەشدار بوون و هێرشی هاوبەش و جودایان کردووەتە سەر یەکتری، خاپوور بوون. هەزاران کەس بێسەروشوێن بوون، هەزارانی دیکەش لەبەر پاکتاوی نەژادی نەتەوەیی و هەڵگری شوناس و ناسنامەی جیاواز، لە نێوان خۆیاندا کوشتارێکی زۆریان کرد؛ بە ناوی دین و پاککردنەوەی نەژادەوە یەکتریان کوشت و خوێنیان ڕژان و شارەکانیان خاپوور کردن. لەم جەنگە خوێناوییەشدا وەک هەموو جەنگەکانی تر، ژن و منداڵ قوربانیی یەکەم بوون. ئەم مۆنۆدرامایە دەربارەی ئەو جەنگەیە، بە شێوەیەکی زۆر تراژیدی لە ڕێی گێڕانەوەی ڕووداوەکانەوە دەمانباتە سەر ئەو جەنگە ماڵوێرانەکەرە و نەهامەتییەکانی ئینسان بە دەستی ئینسانەوە، دەگێڕێتەوە.
سەرەتا ڕەنگە ئەم پرسیارە یەخەمان پێ بگرێت و پرسیارێکی تەواو بەجێش بێت: مۆنۆدراما چییە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەتوانێت یارمەتیمان بدات لە تێگەێستنی هەندێ سەرەداو و ئاڵۆزی لە دەقی تابلۆکانی ماریادا. مۆنۆدراما، واتە “شانۆگەری تاکەکەسی، تا ئێستا زۆرێک لە شانۆکاران، لەسەر پێناسەی ئەم جۆرە درامایە بۆچوونیان جیاوازە، بەڵام بۆچوونی زۆرێک لە شانۆکاران وایە، کە مۆنۆدراما بریتییە لە یەک دەنگ و لە یەک ئەکتەر. زۆربەی نووسەرانی شانۆگەری، بیرۆکەی سەرەکییان لەسەر چەندین کەسایەتی بونیاد دەنێن، کە لە نێوان خۆیاندا دیالۆگ دەکەن، بەڵام لە دەقی مۆنۆدرامادا پشت بە یەک کەس دەبەسترێت لە ڕێگەی چەندین دیالۆگی ناوەوەی و دەرکی ڕۆڵەکە بەرجەستە دەکرێت. لێرەدا زەحمەتی و ئاستەنگ بۆ نووسەر دورست دەبێت، بەتایبەتی کاتێک دەکەونە گێرانەوە بۆ ئەوەی بیرۆکەکە بگات بە وەرگر. دەقی مۆنۆدراما پێویستی بە دەرهێنەرێکی بە توانا و لێهاتوو هەیە، بۆ ئەوەی لە دەقی مۆنۆدرامای گێرانەوە دەرباز بێت، چونکە بینەر تووشی وەرز بوون دەبێت. بۆیە دەبێ دەرهێنەر لە ڕووی دەرهێنانەوە خاوەن تێڕامانی تایبەت بە خۆی بێت کاتێک هەڵسوکەوت لەگەڵ یەک ئەکتەر دەکات لە ڕێگەی جەستەی ئەکتەر بە هاوکاری ئیکسسوارت و دیکۆر و ڕووناکی لەگەڵ دروستکردنی سینۆگرافیایەکی گونجاو بۆ کارەکە. ئەکتەر لە نواندنی مۆنۆدرامادا لە کرداری شانۆییدا بە هۆی نەبوونی ئەکتەرێکی تر پێویستی بە سەرجەم کەرەستەکانی خۆی دەبێت، وەکو دەنگ و جووڵە و سۆز و گرژی. بۆ ئەوەی بوونی خۆی لەسەر تەختەی شانۆی بسەلمێنێت و چێژ و باوەڕ بە بینەر ببخەشێت، بۆ گەیشتن بە لووتکەی داهێنان، لە هەمان کاتدا، نابێت ئەزموونی ئەکتەریش لەبیر بکرێت، چونکە فاکتەرەرێکی گرنگە بۆ سەرکەوتنی نواندنەکەی.” (١)
چیرۆکی ئەم مۆنۆدرامایە باس لە کچ و دایکێک دەکات، هەڵبەت بەپێی ڕەوتی بەرەوپێشچوونی ڕووداو و تەنگژە و قەیرانەکانەکان کەسانی تریش بە ڕۆڵ و قسە و بەسەرهاتی خۆیانەوە دێنە ناوەوە، بەڵام ڕووناکیی تەواو لەسەر دایکە و کچەکەیەتی لە جەنگەی جەنگدا، دایکەکە ناوی ماریایە و کچەکەشی لوچیا، تەواوی گێڕانەوە و ڕووداوەکان لە ژووری نەخۆشخانەیەکدا بەیان دەکرێن لە لایەن دایکەوە، کات پاشنیوەڕۆی ڕۆژێکی مانگی گوڵانی ساڵی ١٩٩٢. بەپێی ئەو ڕێکەوتە، هێشتا جەنگ لە دەرەوەی ئەم نەخۆشخانەیە بەردەوامە و درێژەی هەیە، ئەوانەشی کە لەم نەخۆسخانەیەدان قوربانییە یەکەمینەکانی ئەو جەنگە بەرپێنەگیراو و وەحشەتناکەن کە وا هەموو شتێکی کردووەتە دەستەچیلەی ئاگرە گەورە و هەڵئایساوەکەی. هەر کارەکتەرێک لەم مۆنۆدرامایەدا دەردەکەوێت، بە ڕۆحێکی کۆڵبوو و دەروونێکی شێواوەوە دێتە بەر دیدە و دەبیسترێت، چیرۆکی ئەم کچ و دایکە گوشراوەی کۆی هەموو نەهامەتییەکان وەک ئیسفنج هەڵدەمژێت، ئەوەی بەسەر ئەو دووانە دێت شایەتیدانە لەسەر ئەو کارەساتە جەرگبڕەی کە ئەو جەنگە خوێناوییە هەموو جێیەک و شوێنێکی گرتووەتەوە. سەرەتای تابلۆکانی ماریا بە دیالۆگێک دەست پێ دەکات لە نێوان دکتۆرێک و کەسێکی تردا، دواتر سەرەداوەکانی ئەم دیالۆگە ڕوون دەبنەوە، دکتۆرەکە داوا لە کەسە دەکات، کە هەمان ماریای دایکە، کاغەزێک واژوو بکات، بەوەی کە منداڵە تازەلەدایکبووەکە، کە منداڵی کچەکەی خۆیەتی، واتە هەمان لوچیا، ببەخشێت بە کەسان و لایەنانێک، یان ئەگەر بیەوێ خۆی هەڵیبگرێتەوە، چونکە ئەو تەنیا و تاقە کەسی ئەو منداڵەیە. ئێستا با هەوڵ بدەین بە فراوانتر چیرۆکەکە و دیمەنەکان ببینین. جەنگ هەڵگیرساوە و هەر خەڵکە و لە هەموو جێیەکەوە دەگیرێت و دەکوژرێت، سەربازەکان ڕەحم بە هیچ کەسێک ناکەن، هەر شتێک بێتە ڕێیان لەناوی دەبەن، یان بە خراپترین شێوە ئەتکی دەکەن و ئاسەواری برینێکی هەمیشەیی لە جەستە و ڕۆحیدا دەچێنن. لوچیا و ماریاش لەم ڕەشبگیرییە دەربازیان نابێت، لوچیا وێڕای کوژرانی خۆشەویستەکەی، دواجار لە لایەن سەبازەکانەوە بە قێزەونترین شێوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر و دووگیان دەبێت، دایکیشی بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی هەمان دۆخی قێزەون دەبێتەوە، بەڵام بە هۆکاری هەڵکشانی تەمەن، دووگیان نابێت. ئەو دۆخەی ماریای دایک بەسەرهاتە تاڵەکانی تێدا دەگێڕێتەوە، ئەو کاتەیە کە هەموو ئەم شتانە ڕوویان داوە، کچەکەی لە ژوورێکی تری هەمان نەخۆشخانە بەسەر منداڵەکەیەوە گیانی دەرچووە، خۆیشی لە دۆخێکدایە کە چیدی ئومێدێکی نەماوە و هەرچی ترووسکەیەک کە هەیبێت، لەدەستی داون. لەم ژوورەی نەخۆشخانەدا تەنیا شتێک کە بتوانێت بیکات، کێشانی تابلۆیە، تابلۆگەلێک کە ئاڵۆز و لێڵن بە ڕەنگی ڕەش و سوور، دکتۆرەکەی بەردەوام هانی دەدات کە تابلۆ بکێشێت، بە کێشانی تابلۆ تەعبیر لەو دۆخە شێواوەی خۆی بکات و بەوەش یاریدەی خۆی بدات لە تێپەڕبوونی تاڵایی و ڕەشایی ڕۆژەکان و کارەساتەکان. ئێمە لەپاڵ ئەو تابلۆ ئەبستراکتانەی ماریا دەیانکێشێت، کۆمەڵێکی بەرچاو تابلۆی تریش دەبینین، تابلۆگەلێک کە زۆر زۆر ترسناکترن لەو تابلۆیانەی بە ڕەنگ و فڵچە دەیاننەخشێنێت، ئەو تابلۆیە ئەوانەن کە لەبەر خۆیەوە دەیانگێڕێتەوە و وەک وشە و ڕستەی نووسراو بەژێر چاوی ئێمەدا تێدەپەڕن، هەر گێڕانەوەیەک لە زاری ماریاوە تابلۆیەک لەو جەنگە دەکێشێت، تابلۆیەک کە پڕە لە هاوار و قیژە و بێدادی، بە هەردوو جۆرە تابلۆکەش ئێمە دەکەوینە بەردەم تابلۆ گشتییەکەی جەنگ و لە میراتی ئەو جەنگە بێڕەحمە تێدەگەین. لە جێیەکدا ماریا ئاماژە بۆ ڤانکوخ و تابلۆیەکی دەدات، تابلۆی قەلەڕەشەکان کە بەسەر کێڵگەیەکی گەنمدا دەفڕن، هێنانی ئەم تابلۆیە لەخۆڕا نییە، بەڵکو دەتوانێت وێنایەکی تەواو ترسناک بەرجەستە بکات لەو جەنگە، کە سەربازەکان وەک قەلەڕەش دەدەن بەسەر شارەکاندا و چاو و سەری ئینسانەکان هەڵدەکۆڵن.
لیدیا شۆیەرمان هۆداک نووسەری مۆنۆدرامای تابلۆکانی ماریا، نووسەرێکی کرواتییە، دەقەکەی ١٩٩٥ بڵاو کردووەتەوە و بۆ سەر چەندان زمانی جیهانی وەرگێڕاوە، شانۆکار و وەرگێڕ فرمێسک مستەفا ئەم مۆنۆدرامایەی لە زمانی ئەڵمانییەوە کردووە بە کوردی، لە پێشەکییەکی کورت و چڕ و پێویستدا، کۆمەڵێک لایەنی گرنگی ئەو جەنگە و هێڵی ئەم مۆنۆدرامایەی ڕوون کردووەتەوە، هاوکات باس لە یادەوەریی خۆی لەگەڵ ئەم دەقە تراژییەدا کردووە، دەقەکە ئەگەرچی کورت و چڕ و پوختە، بەڵام هەژێنەر و بزوێنەرە، دەقەکە بە پێشەکیی وەرگێریشەوە ٧١ لاپەڕەیە و لە دانیشتنێکدا دەخوێنرێتەوە، بەڵام خوێنەر پاش خوێندنەوەی تووشی تاسان و هەیەجانێکی قووڵ و توند دەکات، کە ڕەنگە تا ماوەیەکیش بۆ هەر جێیەک بچێت، ئەو دیمەنانە بێنەوە بەرچاو و زەینی.
خاڵێکی گرنگ دەمێنێتەوە کە دەکرێت بکرێت بە پرسیارێک و لە بوتیقا و جوانیناسانەی دەقەکەی بکەین، ئەویش ئەمەیە: بۆچی ئەم چیرۆکە بە “مۆنۆدراما” نووسراوە؟ ئایا ئەگەر گوێ لە خودی دەقەکە بگرین دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارەمان بداتەوە؟ بێگومان. چۆن؟ تابلۆکانی ماریا دەنگی ناخن، ئەو گێڕانەوە و بەسەرهاتانەن کە ئینسان شەرم دەکات لە بەردەم کەسانی تردا بەدەنگیان بێنێت و بە ئاشکرا بیانڵێت، بۆیە تەنیا ئەگەری ئازادکردنی ئەم مۆتەکەی ڕووداوانە ئەوەیە کە ئینسان لەگەڵ خۆی و بۆ خۆی و لە ناخی خۆیدا بیانگێڕێتەوە و بیانڵێت، مۆنۆدراما دەستەبەری ئەم شەرم و شکۆیە دەکات، نایەڵێت کەسێتییەکە بشکێتەوە لە بەردەوام ئەوانی تردا، ئەو دەدوێت بەڵام بۆ خۆی، لەگەڵ خۆیدا، کەوایە ئەم هەڵبژاردنە تەواو لە جێی خۆیدایە کە ئەم ماجەرایە لە قاڵبی مۆنۆدرامادا بنووسرێتەوە، ئەگەر چیرۆک یان ڕۆمان بوایە، ئەوا باشترین قاڵب بۆی، هەر مۆنۆلۆگ دەبوو، بێگومان لە شانۆشدا مۆنۆدرامامان هەیە و بەمەش دەروویەک لە کەسێتیی ئەم درامایە کراوەتەوە.
کتێبی مۆنۆدرامای تابلۆکانی ماریا لە نووسینی نووسەری کرواتیی لیدیا شۆیەرمان هۆداک، وەرگێڕانی لە زمانی ئەڵمانییەوە بۆ کوردی: فرمێسک مستەفا، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بۆ ساڵی ٢٠٢٣.
(١): توانستی ئەکتەر لە نواندنی مۆنۆدرامادا، نووسینی: کامەران حاجی ئەلیاس.