ڕانانی پردی نێوان دوو کولتوور
نیگا و ئەزموونی ڕۆماننووسێک لە گفتوگۆدا
ڕانانی “پردی نێوان دوو کولتوور
خوێندنەوەی: سەردەم
ئەمڕۆ بۆ خوێنەرانی کوردزمان، خۆشبەختییەکی لەڕادەبەدەرە کە تەماشای کتبخانەی کورد بکەن و سەرجەم کتێبەکانی نووسەری تورک و جیهانی و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و دەیان خەڵاتی تر؛ ئۆرهان پاموک بە کوردی دەبینن و لەبەر دەستیاندان. دیارە ئەوەش یەک لە دەگمەنترین ڕووداوەکانە کە نووسەرێکی جددی و تایبەت کۆکارەکەی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕابن و هاوکات خوێندنەوەی هەلێکی ناوازەیە بۆ ئاشنابوون بە دنیای نووسەرێک و ئەو ئەزموونە داهێنەرەی کە لەمڕۆدا جیهان چاوی لەسەریەتی و ئەویش بە هەناسە و وزەی خۆیەوە بەردەوامە و دەنووسێت. ئۆرهان پاموک بە کوردی و لە ڕێی چەند وەرگێڕێکەوە، کارەکانی لە زمانی سەرەکیی خۆیەوە، زمانی تورکی، بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاون، ئەم کتێبەی بەردەستمان نوێترین کتێبی وەرگێڕاوی پاموکە بۆ کوردی، لە لایەن عەزیز ڕەئووفە، لە زمانی ئینگلیزییەوە. لەم ڕانانەدا هەوڵ دەدەین لە میانی گفتوگۆکانەوە بچینە ناو پانتایی ئەم ئەزموونە گرنگەی ئەدەبیات و لەوێشەوە گرنگیی کتێبەکە دەربخەین.
سەرەتا ئەگەر لە ناونیشانی کتێبەوە دەست پێ بکەین، ئەم ناونیشانە “پردی نێوان دوو کولتوور” دەقیق ناونیشان و شوناسێکی بەرجەستەی ئۆرهان پاموکە، پاموک چ لە ڕۆمانە گەورە و گرنگەکانیدا، چ لە وتار و سیمینار و گفتوگۆکانیدا بەردەوام ڕۆڵی ئەو پردە دەبینێت کە دەبێتە ڕایەڵ و پەیوەندییەکی پڕ لە قەیران و ئاڵۆزی نێوان دوو کولتوور، دوو شارستانی گەورە و دوو لێکدژی و هەڵکردنی پێکەوەیی مێژوویی، کولتووریی، سیاسی و فەرهەنگی، ئەوانیش ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوان. پاموک توخکەرەوەی ئەم هێڵەیە، کار لەو نێوانەدا دەکات، هەڵبەت لە ڕێگەی ئەدەبیاتەوە، لە ڕێگەی ژانرێکی گرنگی وەک ڕۆمانەوە. لەم گفتوگۆیانەدا، ئۆرهان پاموک بە وردی لەو دوو کولتوورە دەدوێت، لە لێک نەگەیشتنیان، لە پێک گەیشتنیان و لەو ململانێیە دێرینەی ئەم دوو شارستانیەتە هەڵگرین، پاموک بۆ خۆی سەر بە ڕۆژهەڵاتە، میراتی دەوڵەتی عوسمانی و ئەتاتورک و تورکیای ئەمڕۆ لەپشتیەوە ڕاوەستاون، ئەو وێڕای ڕەخنەی لە میراتەکەی خۆی، هاوکات بە لایەنە جوان و داهێنەرانەکەشیەوە دەنازێت، هەوڵ دەدات هەردوو لایەنەکەی لە ڕۆمانەکانیدا پێشان بدات، هاوکات چاوی لە ڕۆژئاوا و دنیای مۆدێرنی ئەو کولتوورەشە، ئاگاداری ئەو مێژووەیە کە چۆن سەدە و ساڵەکانی بڕیوە و گەیشتووە ئەمڕۆ، پاموک نایەوێت ئەو جیاوازییە کولتوورییەی نێوان ئەم دوو شارستانییەتە بسڕێتەوە، هەوڵیش نادات هیچ کام لەو دوو کولتوورە وەک کولتووری باش و چاک بناسێتنێت و ئەوی تریشیان بە ڕەش و تاریک، چون دەزانێت هەردووکیان لایەنی گەش و لێڵیان هەیە، بەڵکو هەوڵ دەدات دیالۆگێک لە نێوانیان دامەزرێنێت، دیالۆگێک کە ببێتە کەناڵێک بۆ تێگەیشتن و پێکەوە ژیان، لای ئۆرهان پاموک ئەو کەناڵە هیچ نییە جگە لە ئەدەبیات.
کتێبەکە بە پێشەکییەکی وەرگێڕ و نووسەر بەکر شوانی دەست پێ دەکات، شوانی کە پێشتر چەند دانە لە کارە گرنگ و گەورەکانی ئۆرهان پاموکی بە زمانێکی شیرین و وەرگێڕانێکی سەرکەوتووەوە کردوون بە کوردی، لەم پێشەکییەدا بە وردی گەشتێک بە ژیان و بەرهەمی دنیای ئورهان پاموکدا دەکات، پێشەکییەکە هێندە لە جێی خۆیدایە، کە دەتوانین بڵێین ئەگەر خوێنەر هیچ کتێبێکی پاموکیشی نەخوێندبێتەوە، لە ڕێی خوێندنەوەی ئەو پێشەکییەوە سەرەتایەکی پتەوی لەگەڵ ئەو نووسەرە بۆ دادەمەزرێت، تێدەگات لە پاموک لە کوێوە هاتووە و ئێستا لە کوێدا ڕاوەستاوە و گەیشتووەتە چ نوختەیەک. بەکر شوانیی وەرگێڕی ڕۆمانەکانی “بەفر، من ناوم سوورە، قەڵای سپی، مۆزەخانەی پاکیزەیی و کتێبی ڕۆماننووسی سادە و ڕۆماننووسی بیرکەوە”ی ئۆرهان پاموک، هەر بەتەنیا وەرگێڕ نییە، بەڵکو خوێندنەوەی ورد و قووڵی بۆ ئەو دنیایەی پاموک و ئەزموونەکەی هەیە، لە وتارێکدا وەک کنجکۆڵێک، کاریگەریی “بیرەوەرییەکان”ی مووسا عەنتەر لەسەر ڕۆمانی “بەفر” دەستنیشان دەکات، سەرەڕای چەندین جار نووسین و وەرگێڕان لە پاموک، یەکێکیشە لەو وەرگێڕانەی سەرەتایەکی دەستپێشخەرانەی هەبوو لە ناسین و هێنانی ئەم نووسەرە بۆ ناو دنیای کوردی. بەو پێشەکییەی بۆ ئەم کۆدیدارەی نووسیوە، دەتوانین ئەو عەشقەی شوانی بۆ پاموک ببینینەوە.
ئەم کتێبە لە قەوارەیەکی مامناوەندیدا، لەم گفتوگۆیانە پێک هاتووە: “ڕۆمان و نووسین، گەڕانەوە بۆ سەرەتاکان، دەستکردن بە نووسینی ڕۆمان، لەبارەی کتێبەوە، سەبارەت بە کتێبی ڕەش، سەبارەت بە کورد و گەریلا، سەبارەت بە ڕۆمانی بەفر، لەنێوان دوو سەردەمدا، هەمیشە لێرە، لە ئەستەمبوڵ، بەرەو ئەورووپا، ڕۆمان و تۆپی پێ، سەبارەت بە مۆزەخانەی پاکیزەیی، پردی نێوان دوو کولتوور، ڕۆماننووس وەک نووسەری ناسیاسی، سەمەرەیەک لە سەرمدا، گفتوگۆ لە ڕێی تەلەفۆنەوە، شانازیی ئەدەبی تورکی، شەوانی تاعوون، ئۆکرانیا و پۆتن و ڕۆژئاوا”، وەک دەردەکەوێت تەواوی تەوەرەکانی ئەم کۆدیدارە دوانن لە ئەزموونێکی سەرتاپای ئۆرهان پاموک، کە لە کرۆکدا بەناو وردەکارییەکان و ڕیشانەکاندا دەگەڕێن، لە پرسی ڕۆمان و ڕۆماننووسینەوە بۆ نیگای دنیای سیاسەتی لە جیهان و بە تایبەت لە تورکیای ئەمڕۆ و کورد و کەمە نەتەوایەتییەکانی ناو تورکیا و پرسی چوون و بوون بە ئەندامی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا، تا دەگات بە پرسە هەنووکەییەکانی وەک شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین، ئازادیی ڕادەبڕین و گەریلا و… نیگای ئۆرهان پاموک نیگای ئەدیبێکە بە شوێن ئازادی و سەربەخۆییدا، ئەو لە وڵاتێکدایە ڕۆژانە مافەکانی مرۆڤ تێیدا پێشێل دەکرێن، ئەو وەک مرۆڤێک و نووسەرێک، ناتوانێت چاو لەو بێدادییانە دابخات، بۆیە دەبینین بەردەوام ئامادەیی هەیە، چ وەک کەسێک لە ڕیزی خۆپیشاندەراندا، چ بە نووسین و لێدوان، لە کۆی ئەم دیدارانەدا، لە هەر جێیەکدا پرسیار بێتە سەر ئەو بابەتە هەستیارە سیاسییانەی ئەمڕۆی تورکیا و جیهان، بە ڕوونی و ئاشکرایی بۆچوونی سەربەستانە خۆی دەڵێت و باکی بە هیچ لایەنێک و کەسایەتییەک نییە، لەخۆڕا نییە کە چەندین جار ڕاپێچی دادگا و زیندان و ئەشکەنجەی دەروونی کراوەتەوە. سەبارەت بە کوردەکان و ئەو کەمە نەتەوەییانەی لەژێر دەسەڵاتی تورکیان، ئۆرهان پاموک بە ئاشکرا لایەنگری کردوون و پشتگیریان بووە، ئەوەش لە ئێستا و ئەمڕۆدا نییە، بەڵکو مێژووییەکی درێژی هەیە، ئەو کاتەی کۆڕەوەکەی ١٩٩١ دەبێت، ئۆرهان پاموک دەچێتە لای ئەو کوردانەی کە ئاوارەی ئەو بەشە دەبن، لەوێ ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل دەربارەیان دەنووسێت و لە ڕۆژنامەی جمهوریەتدا بڵاوی دەکاتەوە، بە وردی ئەو دۆخە بەیان دەکات کە کوردەکانی تێکەوتوون و ئاوارە بوون.
یەکێکی تر لەو پرسانەی کە تانوپۆی ئەم گفتوگۆیانەی تەنیوە، پرسی سوننەت و مۆدێرنە، پێشتر لە وتارێکی گرنگ و بەجێدا، نووسەر و ڕۆماننووس بەختیار عەلی بە وردی لەو پرسە ئاڵۆزە لای ئۆرهان پاموک دواوە و نووسیویەتی، ڕەنگە لێرەدا هیچ پێویست بە دووبارەکردنەوەی ئەو بۆچوونانە نەکات، بەڵام لە میانی گفتوگۆکانەوە دەتوانین چەند ڕاستییەک بدەین بە دەستەوە، ئۆرهان پاموک بەردەوام جەختی ئەو دووە دەکاتەوە، سوننەت وەک دنیایەکی نەریتی و مۆدێرینیش وەک دنیایەکی ئەمڕۆیی، دیسان ئەم دووە دەخاتەوە ناو هاوکێشە گەورەکەی خۆی، کە هاوکێشەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە، لە دیدە گشتییەکەدا ڕۆژئاوا وەک نوێنەری دنیای مۆدێرن خۆی ناساندووە و ڕۆژهەڵاتیش وەک دنیای سوننەت و نەریتی، بەرکەوتنی ئەم دوو دنیایە بەر یەکتردا، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی شتێکی نوێ، ئۆرهان پاموک لە پڕۆژە گەورەکانیدا کە ڕۆمانەکانین، بەردەوام سەرقاڵی کارکردنە لە نێوان ئەم دوو تایپە لە بیرکردنەوە، بە جۆرێکی تر دەتوانین بڵێین پاموک لە هەناوی ئەم دوو تایپەدا لە ڕێکردن و بونیادناندایە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئۆرهان پاموک لە نێوان سنووری دوو خەرەنددا ڕاوەستاوە، یەکەمیان ڕۆژهەڵاتە (سوننەت) ئەوی تریان ڕۆژئاوایە (مۆدێرن). بێگومان خوێندنەوەی بەرهەکانی ئۆرهان پاموک، چ ڕۆمان، یان نووسین و گفتوگۆکانی، هێجگار گرنگ و بە بایەخن، بە تایبەت بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی و تایبەتتریش ئێمەی کورد، پاموک لە ڕێی پڕۆژە ئەدەبییەکەیەوە یارمەتیمان دەدات لە وێنە گەورەکە بگەین، کە جیهانی ڕۆژهەڵات و بە دیاریکراوی ئیسلامییە، ئیتر لە هەموو ڕووەکانەوە، هاوکات نیگای پاموک بە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتدا ناوەستێ، ئەو سنوورە جیهانییەکان دەبڕێ و دنیایەکی کراوە بەسەر خوێنەردا واڵا دەکات. لەخۆڕا نییە ئەمڕۆ پاموک وەک نووسەرێکی جیهانی دەناسرێت و دەخوێنرێتەوە.