دەربارەی ڕۆمانی پان ی كنووت هامسون
دەربارەی ڕۆمانی پان ی كنووت هامسون
ڕانانی: ڕاهۆزكامەران
شەوانی هاوین و ئاوی مەنگ و دارستانی خامۆشی بێکۆتایی. نە هیچ هاوارێ، نە هیچ تەپەی پێ بە ڕێگەکاندا، دڵم دەڵێی پڕە لە شەرابی سوور…لە ڕۆمانەکەوە:
“کنووت پدرسۆن” کە دواتر بەهۆی هەڵەیەکی چاپەوە ناوەکەی بۆ ئەبەد دەگۆڕێت بە “کنووت هامسۆن” لە ١٨٥٩ لە خێزانێکی گوندنشینی نەرویج لە دایکبووە، دایکی ناوی “تۆرا پێدەرسۆن_Tora Pedersen”ە.
هامسوون خوێندنێکی پچڕ پچڕ و نا ڕێکخراوی هەبووە، نەیتوانیوە لە ڕێگەی خوێندنەکەیەوە هیچ بەدەست بهێنێت، ساڵێک لێرەو دوان لەوێ خوێندوێتی و هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە، زیاتر کەسێکبووە بەرهەمی ئەزموون و خوێندنەوە و ئەندێشەکانی خۆی، بەشێکی زۆری گەنجی دەربەدەر و برسی بووە، ساڵانێکی زۆر لە نێوان ئەمەریکا و ئەوروپای خۆرهەڵات لە ڕاکردندابووە و دواتریش لە باکوری نەرویج گیرساوەتەوە.
هامسوون بە یەکێک لە پێشەواکانی بزوتنەوەی شەپۆلی هۆش لە ئەدەبدا دادەنرێت، لە ڕێبەرە کاریگەر و یەکەمینەکانی ئەو قۆناغەی ئەدەبی مۆدێرنە، ئەو دەیگوت کە ئامانجی ئەدەبی مۆدێرن دەبێت وردەکارییەکانی ئەقڵی مرۆڤبێت، دەیگوت نووسەران دەبێت وەسفی ” چپەی خوێن و سکاڵای مۆخی ئێسک” بکەن. ئەو نووسەرێکی یەک شێواز نەبوو، لەساڵی ١٩٢٠ دا خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیاتی درایە و ئەویش خەڵاتی نۆبێڵەکەی بەخشی بە گۆبڵز(وەزیری ڕاگەیاندنی هیتلەر) بەمەش هێندەی تر دڵی نەرویجییەکانی لەخۆی زویرکرد، چیرۆکی پەیوەندی هامسوون بە نازییەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی جەنگی جیهانی، کاتێک ئەڵمانیا نەرویج داگیر دەکات، هامسوون بەخۆشەویستییەوە دەربارەی ئەمە ستایش دەکات و دەنووسێت، خۆی وەک لایەنگری نازییەت نیشاندەدات و کاتێکیش هیتلەر دەمرێت، هامسون لە ڕۆژنامەیەکی ناوداری نەرویج، وتاری مردنی دەنووسێت و وەک “پێشەنگی مرۆڤایەتی ناوی دەهێنێت” ئەمەش وەک پەڵەیەک بەمێژووی بیرکردنەوە و هەڵوێستی هامسونەوە ماوەتەوە.
خاڵی سەرنج ڕاکێشی گێڕانەوەی هامسوون ئەو دابەشبوونە ناوەکییەیە بەسەر سروشت و هاوکات دونیای نوێدا ڕودەدات لە کارەکانیدا، ئەو چەند ڕۆمانتیکانە دەگێڕێتەوە، چەند جڵەو بۆ هەست و تێکەڵبوونی ناوەکی شلدەکات هاوکات هێندەش شرۆڤەکارانە، دەربارەی ئەخلاق و ڕێکەوت و بەرەو پێشچوونەکانی ژیانی شار و شارستانیەتەکان، وردەکارانە دەگێڕێتەوە، ئەو چەند وەستایەکی شارەزایە لە دەرون و دونیای ناوەوەی مرۆڤ و چەند کاریگەرە بە دۆستیۆڤسکی هێندەش لە دونیای مادی و شارستانییەتی نوێ و دەرکەوتە نوێیەکانی سەرمایەداری و کاریگەریان بەسەر مرۆڤەوە خوێندکاری مارکسە و شارەزایانە دەنووسێت.
کنوت هامسون لەیەکەم ئەو نووسەرانەیە کە ڕۆمانەکانی لەدەوری “من” دەسوڕێنەوە، من”ێک، بەڕواڵەت ئاسایی، بەڵام لەناوەوە دەوڵەمەند، فرە ڕەهەند، گۆشەگیر و خاوەن تێبینی و سەرنج لەسەر ئەوانیتر. تۆماس گلانی ناو ڕۆمانی “پان” نموونەیەکی دیاری ئەو کاراکتەرانەیە.
***
ڕۆمانی پان لە ڕوانگەیەکەوە چیرۆکێکی خۆشەویستیی پڕ ململانێیە دەربارەی تۆماس گلان و ئێدڤاردای پاکیزە، چیرۆکەکە لە ساڵی ١٨٥٥ لە وڵاتی نەرویج لە هاوینێکدا ڕوودەدات و وەک دوو بەش نووسراوە، بەشی یەکەم کە وادەردەکەوێت، بیرەوەری گلان بێت و بەشی دووەمیش وادیارە لەلایەن بکوژەکەیەوە لە هیندستان نووسراوە.
تۆماس گلان ڕاوچییەکی تەنیایە کە لەگەڵ سەگەکەی ئیزۆپ، دوو بە دوو لە کوخێکدا لەناو دارستانێکدا دەژین، گلان کەسێکی کۆمەڵایەتی نییە و پێی باشترە لە بیابان و دارستانەکاندا، بەڕاوکردن و ڕامان لە چواردەوری کاتەکانی بباتە سەر، ڕۆژەکانی لەگەڵ تفەنگ و سروشت و سەگەکەیدا تێپەڕێنێت، بۆیە بەشە یەکەمینەکانی ڕۆمانەکە، بەڕامان و وردبوونەوە لە سروشت و گیا و باڵدار و هەستکردن بە جوانییەکانی ناوچەکە دوور لە تێکەڵبوون بە خەڵکی دەچێتە پێشەوە، بەقوڵبوونەوە لە زەوی وەک بەرجەستەبوویەکی ئەبەدی و تێکەڵبوو بە وجودی خودی گلان.
کارەکە سەر ڕێژ لە وەسفی شیعری و هاڕمۆنیای بارکراو بە مەزاجییەت و تاکایەتی دەڕواتە پێش، لەناکاو دروستبوونی چەشنێک پەیوەندی کۆمەڵایەتی بۆ گلان لەگەڵ خەڵکانی شارۆچکەیەکی نزیک ئەو کوخەی لێیدەژی، هاو چەشنی ڕاکێشانی ئەنکیدۆ بۆ ناو شارستانی ڕایدەکێشێتە ناو ژیانی کۆمەڵەوە و ساتەکانی پڕدەکات لە دودڵی، ڕاڕایی، هەستگەلی لێکدژ… وای لێدەکات بەشداری ئاهەنگەکانی شەوانە و گەشتەکان بکات، ئەوانی دی بناسێت، لەگەڵیاندا بخوات، بخواتەوە و گفتووگۆ بکات، بەڵام ئەم بەشدارییانە تۆماس گلان خۆشحاڵ ناکەن، بەرکەوتنی ئەو سروشتە کێوی و نا ڕێکخراوەی ئەو، ئەو تەنیاییە دێرین و دەق گرتووەی لەگەڵ ئەوانیتر هەر جارەو دڵشکان و نائومێدییەکی زیاتر لە دەرونیدا دروستدەکات. هەر ئێوارە خوانێک، هەر گەشتێکی بەکۆمەڵ، بەهۆی ئیرەییە زۆرەکەیەوە لە ئێدڤاردای کچی بازرگانەکە، ئێدڤاردا ماک، ئەوکچەی خۆشەویستییەکی ناساز، منداڵانە و پڕ بێنەوبەردە لەنێوانیاندا گەشە دەکات و هیچیشیان لەوی تریان ناگەن. چین چین نائومێدی لەبانی یەک لە ژیانیدا هەڵدەچنێت.
پەیوەندییەکانی تۆماس گلان بەوانیترەوە پەیوەندی شەهوەت ئامێزن، بۆنموونە، ئێڤای ژنی ئاسنگەرەکە، پێویستییەکی قوڵی نەبوونی خۆشەویستی، دەیبەستێتەوە بە تۆماس گلانەوە، هاوچەشنی سۆنیای ناو خاڵەڤانیا بە دکتۆرەوە، شتێک لە فۆڕمی بێ پەنایی، بێ کەسی و تەنیاییەکی قورس…بەڵام بۆ تۆماس گلان، پەیوەندییەکان، پێکەوەبوون و ڕاموسانەکان، هیچ نین بێ لە کات بەسەر بردن و چێژ و چێژ و چێژ.!
لەپاش تێکەڵبوونی زیاتری گلان بە ئێدڤاردا و دروستبوونی چەشنێک پەیوەندی سۆزداری نا ڕێکخراوی پڕ لە بانگێشت و یەکتر ڕەتکردنەوە لە نێوانیاندا، پاشتر هاتنە ناوەوەی دکتۆرئەسترۆڤ بۆ ناو ڕوداوەکان و شەوە ئاهەنگەکان، وروژاندنی گومانی گلان و سەرنج ڕاکێشانی ئێدڤاردا. جۆرێک هەست بەکەمی کردن و پرسی گرنگی چینایەتی دێتە کایەوە، ئەسترۆڤ- دکتۆرە، سەر بە دونیای نوێ و شارستانییە، ئامادەیی ئەو ئاما دەیی زۆر ڕێکاری شارستانیانەیە بۆ مامەڵەکردنی کۆمەڵایەتی، پێچەوانەی تۆماس گلان کە تەواو کێوی و نا ڕێکخراو و شەهوەت پەرستانە لە هەموو شتێک دەڕوانێت، ئەمەش بۆ تۆماس گلان لەبەرامبەر ئێدڤاردا و دکتۆر و پاشتریش بارۆندا سەرهەڵدەدات و هەمان ئەو سێکوچکەیەی ناو خاڵەڤانیا دێتە کایەوە کە خوێنەرانی چێخەف لە خاڵە ڤانیادا لەنێوان، ڤانیا و سۆنیا و یەلینا و دکتۆردا دەیبینن…
ڤانیا دڵی بە یەلیناوەیە، یەلینا ژنێکی مێرددارە(ژنی پرۆفیسۆرە) و هیچ مەیلێکی بۆ ڤانیا نییە، ڕاڕا و دڵ شکاو لەپیری و دڵپیسی مێردەکەی، چەشنێک مەیل و هەست بەنزیکی کردن بۆ دکتۆر جار جار دایدەگرێت و دەیشارێتەوە، دکتۆر عاشقی یەلینایە، سۆنیا عاشقی دکتۆرە و دکتۆر نایبینێت!
لێرەشدا، ئێڤا عاشق، یان پێویستییەکی قوڵ دەیبەستێتەوە بە گلانەوە، گلان خۆشی ناوێت و بەڕونی دیارە کە ئێڤا بۆ ئەو بێ لە پەیوەندییەکی جەستەیی هیچی تر نییە، ئەم عاشقی ئێدڤاردا ماک ە وخۆشەویستییەکەیان هیچ شایەن بە تێگەیشتن نیە، لەولاشەوە تا ڕادەیەک پێوەستی ئێدڤاردا بە دکتۆرەوە دەبینین و ئاوا پەیوەندییەکان لەناو ناکامی و تێنەگەیشتنێکی قوڵدا دێن و دەچن. جیاوازییە چینایەتیە تۆخەکانی نێوان کارەکتەرەکان وهاتنی بارۆن بۆ ناوەوە و بەدەستهێنانی ئێدڤاردا ماک، بەجۆرێک تەواو ئەوە ڕوندەکاتەوە کە هێز و پارە و دەسەڵات، لە دونیای نوێدا هاوکێشەکان یەکلایی دەکەنەوە… کنوت هامسون لە ڕێگەی فەزا سازی و کارەکتەر چنینێکی وردەوە ئەمەی ئێجگار باڵا نیشانداوە.
***
ناونیشانی ڕۆمانەکە،”پان” تەواو پێوەستە بە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی تۆماس گلانەوە، کلیلێکی گرنگە بۆ ڕونتر بینینی دیوە پەنهانەکەی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە، گلان. پان لە میسیۆلۆجیای یۆناندا خواوەندی دەر و دەشت و کێوی بوونە و بە سروشتە کێوی و ڕاوچییەکەی، مەیلە زۆرەکەی بۆ ژن و دوورکەوتنەوەی لە قەرەباڵخی ناسراوە، لە سەرچاوەکاندا بە کوڕی هێرمس ناو هێنراوە و ناسنامەی دایکیشی بابەتی ناکۆکی بووە و لە زۆر سەرچاوەدا پێنێلۆپ بە دایکی دادەنرێت، پان لەبری ئەوەی لەگەڵ خواوەندەکان لە ئۆڵۆمپیوس نیشتەجێ بێت، ڕۆژەکانی لە دارستانەکانی ئەرکادیا بەتەنیا و لەناو کێوەکاندا بەسەردەبات، نزیکی لەگەڵ دیۆنسیۆس هەبووە و پێکەوە شەرابیان خواردووەتەوە، عاشقی سێرنێکس بووە، لە ئەڤینی ئەودا فلوتی ژەنیوە، ئەو تا ئێستاش وەک مێتافۆڕێکی گرنگی پێش شارستانییەت و خۆدانە دەست ڕۆتین و بەندو باوی کولتوور بەکاردەهێنرێت، هامسونیش لە هۆشیاری قوڵی خۆیەوە ناوی ئەوی وەک تابلۆیەک بە دیواری پێشەوەی ڕۆمانەکەیدا هەڵواسیوە و لە پێشچاوی خوێنەراندا وەک پێشگۆییەک دایناوە.
ڕۆمانەکە لەلایەن وەرگێڕ و فلوتژەنێکی جوانی کوردەوە “هاودەم ساڵح جاف” ەوە کراوە بەکوردی، کوردییەکی ڕەوان و بێ گرێ و دەزگای دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
ڕۆمانی “پان” کورت، سەخت، شاکارێکی پڕ هەست و دڵشکانە، کارەکە بە هێواشی و وردییەکی لە ڕادە بەدەرەوە نووسراوە، هەموو شتێک تیایدا ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەیەکی زۆر لە سروشت، لە ئاکار و خووە دەرونییەکانی مرۆڤ لە لایەن نووسەرەوە و ئەمەش وای لە کارەکە کردووە، قورسبێت لە یەک ڕەهەندەوە خوێندنەوەی بۆبکرێت و پێویستی بە بینینێکی گشتگیرتر هەیە بۆ ڕۆمان و ئەدەبیات. من پێشنیاری خوێندنەوەی ئەم شاکارەتان بۆ دەکەم.