ئەو حەکایەتانەی نەنە دەیانگێڕێتەوە
ئەو حەکایەتانەی نەنە دەیانگێڕێتەوە
سەرنجێک لەسەر “نەنە پەریزادم گێڕایەوە”
خوێندنەوەی: سەردەم
ئەدەبی زارەکی گەلان، بە تایبەت ئەدەبیاتی داستان، لە گەنجینە بە نرخەکانی میللەتانن، کە تێیدا یەکەمین ڕەگەزە بنچینەییەکانی ئەو میللەت و گەلانەی تێدا ڕۆ نراوە و لێیەوە ڕسکاوە، ئەدەبی زارەکی سەرەتایە، ئەم ئەدەبیاتە تاکو ئەوەی گەیشتووە بە ئەدەبیاتی نووسراو و مشتوماڵکراو، ڕێیەکی درێژی چەند سەدەیی بڕیوە، لە درێژەی ئەو ماوە زەمەنییەدا ئەم داستان و بەیتە زارەکییانە بەسەر زار و دەماودەم و سینگاوسینگ هاتوون و چاخەکانیان بڕیوە و گەیشتوونەتە ئێمە، کە ئەمڕۆ لە بەردەم کۆمپیوتەرێکدا دانیشتووین لەبارەیانەوە دەنووسین و لێکۆڵینەوە دەکەین. وردبوونەوە لەم ئەدەبیاتە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتنێکی بەرفراوان لە نەریتی گەلان و ئەو خەسڵەتە کۆنانەیان کە دەشێت لەمڕۆشدا بە فۆرمی جودا، درێژەیان هەبێت. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین لەمەڕ یەکێک لەو کتێبە گرنگانە بدوێین کە بەم دواییانە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاو کراوەتەوە، ئەو کتێبەش ناوی “نەنە پەریزادم گێڕایەوە”یە، کە هەردوو نووسەر گێرد مانێ و ئاننێ ڤێننێ شیلدە کۆیان کردووتەوە و نووسیویانە، هاوکات هەردوو نووسەر و وەرگێڕی کورد: بەختیار ئەمین و ئەمجەد شاکەلی لە سویدییەوە کردوویانە بە کوردی.
لە “پێشەکی” ئەم کتێبەدا، کە هەردوو وەرگێڕ نووسیویانە، هاتووە: “ئەم کۆمەڵە داستانە، بریتییە لە بیستوچوار داستان. دە داستانی ئاسیایی، هەشتی ئەورووپایی، چواری ئەفریقایی، یەک دانەی ئەمەریکای لاتین و یەک دانەشی هیی ئەسکیمۆیە. وێڕای پەرش و بڵاویی جوگرافی، داستانەکان تا ڕادەیەک هاوبەشن و نوێنەرایەتیی کەلەپوور و فەرهەنگی هاوبەشی گەلانی گێتی دەکەن. کتێبەکە بۆ یەکەم جار لە زمانی نۆروێژییەوە کراوەتە سویدی و ساڵی ١٩٨٠ چاپ کراوە و بڵاو کراوەتەوە. ئێمەیش هاوین و پاییزی ١٩٨٦ لە زمانی سویدییەوە وەرمانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئەوەمان لە بیر بووە و زانیومانە وەرگێڕان لە زمانی ڕەسەنەوە کارێکی چاکتر و پەسەندترە، بەڵام ئێمە هەڵبەتە بۆ خۆمان زمانانی ڕەسەنی ئەو داستانانە، کە زۆر جیاوازن، نازانین. هەر بۆیەشە پەنامان بردووەتە بەر زمانی سویدی. لە وەرگێڕانەکەدا گرنگیمان بە بەکارهێنانی وشە و بێژە و زاراوەی جیاوازی زمانی کوردی داوە و هیواشمان لەوەدا زێدەتر نزیکبوونەوەی دیالێکتە جیاوازەکانی زمانەکەمان و دەوڵەمەندکردنی گەنجینەی زمان و ئاشناکردنی زارۆک و لاوانی کوردە بە زمانەکەمان. ئومێدەوارین بەم کارە چکۆلەیە سووچێکی ئەو کەلێنە مەزنەی ئەدەبی هەژاری زارۆکی کوردمان پڕ کردبێتەوە. بە پێویستیشمان زانی فەرهەنگۆکێکی چکۆلە بۆ واتە و شیکردنەوەی بێژەکان چێ بکەین. لە ساڵی ٢٠٢٢دا، واتە: دوای سیوشەش ساڵان و دوای گەڕانێکی زۆر، ڕەشنووسی وەرگێڕانە کوردییەکەمان پەیدا کرد و پێویستی بە پێداچوونەوەیەک دەکرد. ئیدی لە پڕۆسێسی پێداچوونەوە و ئامادەکردنی کوردییەکەیدا بۆ پەخشکردنی وەک کتێب، هاوڕێیەکی چالاک و ڕۆحسووک، کاک زاهیری عەبەڕەش، دڵسۆزانە کۆمەکی پێ کردین و هاوبەشی ماندووبوونمان بوو، کۆڵێک سوپاسی دەکەین و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین.”
ئەوە باشترین و پوختترین ناساندنی کتێبەکەیە لە لایەن خودی وەرگێڕانەکەیانەوە. بەڵام ئەم کتێبە خاوەنی ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەندە، پڕە لە قووڵایی خەیاڵ و فەنتازیای ناسک، دەتوانێت خوێنەر لە هەر ئاست و تەمەنێکدا بێت، بەو پانتاییە بەرینەدا بەرێت و ئاشنای بکات بە کۆمەڵێک داب و ڕەفتار و تایبەمەندی ئەو گەل و میللەتە جیاوازانە. ئەگەر بمانەوێت لە پەیوەندیدا بە داستانی گەلانی ترەوە ئەم داستانانە تەماشا بکەین، بۆ نموونە بە تایبەت لە پەیوەندیدا بە داستانی فۆلکلۆری کوردییەوە بیانخوێنینەوە، دەبینین زۆر ڕەگەز و ڕوانین و ئایدیا لەم داستانانەدا هەن کە لە داستانە کوردییەکانیشدا هاوبەشن، ئەمە بێئەوەی کە کاریگەری نزیک و دوور لە نەقڵی ئەو داستانانەدا ڕووی دابێت، بەڵکوو ئەمە خەسڵەتێکی هاوبەشی مرۆڤایەتییە، کە لە سەرەتاوە جۆرێک ژیان و ڕوانین و کۆمەڵێک دابونەریت باو و لە برەودا بوون، کە بوون بە خاڵی کۆکەرەوەی سەرجەم گەلە جیاوازەکان، ژیانی سادە و ڕۆژانەیی خەڵکی، لەناو خانووی گڵین و نزمدا، لەگەڵ ئەو سروشتە خەمڵیوەدا، لەناو گوند و پێدەشتەکاندا، لەو خاڵە دیارانەن کە تێیدا جۆرێک لە هاوبەشییان پێک هێناوە، لە یەکخستنی ژیانی ئەو گەل و زمانە جیاوازانەدا. ململانێکان لە کۆندا زۆر پێک دەچن، ململانێی خێر و شەڕ، ململانێی سروشت و هێزە نادیارەکان، ململانێی کەسەکان لەسەر ڕووبەرێکی چکۆلە و شتی سادە و… بێگومان کۆی ئەو شێوە ژیانە لە ناوەڕۆکی داستانەکاندا ڕەنگی داوەتەوە و ئەوەش بووە بەو ڕەگەزە هاوبەشەی لە سەجەمیاندا دەتوانین بیدۆزینەوە.
خاڵێکی تر کە لە ناوونیشانەکەشدا هاتووە، ناوی “نەنە”یە، نەنەکان بەردەوام سەرچاوەی داستان و حەکایەتەکانن، ئەمە خاڵێکی سەرنجبزوێنە لەم کتێبەدا، لە کۆی هەر بیستوچوار داستانەکە، داستانێک نییە کە ناوونیشانی کتێبەکەی هەڵگرتبێت، واتە ناوونیشانی هیچ کام لە داستانەکان “نەنە پەریزادم گێڕایەوە” نییە، بەڵام خوێنەر هەر داستانێک لەم داستانانە دەخوێنێتەوە، هەست دەکات نەنەیەک لە بەردەمیدا دانیشتووە و بە کاوەخۆ و زمانێکی شیرین داستانەکەی بۆ دەگێڕێتەوە.
ناوی داستانەکان ئەمانەن: “ئەو کەڵەشێرەی خۆی فێری هێلکەکردن کرد، گوودبراند، خەیاڵپڵاو، جاڵجاڵۆکەی فێڵباز، ڕێوی و ماسییەکان، پیاوە پیرەکە، ماسییە زێڕینەکە، چیکیبۆ و قازەکە، زەماوەندی جرج، داپیرە و چنگ، سەنجار – ژنێکی زیرەک، کیسەڵ و کەروێشک، چما کەللەی کیسەڵ شەقار شەقارە؟، لە بەسەرهاتەکانی مەلا نەسرەدین، قەلەڕەش و کونەپەپوو، هەسارە گەشەی گەلاوێژ، چەقەڵ و ماریشۆک، ئاسکێلاد و دێوە دە پێشبڕکێی خواردندا، کناچە و مانگ، دوو هاوڕێی چینی، مێکوت و بکوت!، جرج و وشتر، شادۆتی بابمۆ و چوار براکە.” وەک لە ناوونیشانەکانیشدا دەبینین، ئاژەڵ و دنیای باڵندەکان پانتاییەکی گەورەی ئەم داستانانەن، خوێنەر کاتێک داستانەکان دەخوێنێتەوە وردتر درک بەو دنیایە دەکات، ئەمەش بۆ خۆی جەختکەرەوەی ئەو هاوبەشییە گەورەیە لە سەرجەم داستانی گەلاندا، کە لە زمانی ئاژەڵان و فڕندانەوە بەسەرهاتەکان دەگێڕدرێنەوە و حیکمەتی باش و خراپ پێشان دەدرێت. نموونەی هەرە بەرجەستە و نایاب لە بەگەڕخستنی ئەو دنیایەدا، “کلیلە و دمنە”ی نووسەری هیندی بەیدەبایە، کە لەمڕۆدا بووە بە دەقێکت جیهانی و بۆ کۆی زمانە زیندووەکانی گەلان وەرگێڕدراوە.
نوختەیەک کە جێی لەسەر وەستانە، گرنگی ئەم داستانەنەیە بۆ ئەدەبی نوێ و مۆدێرن، ڕەنگە ئەمە بۆ هەندێ جێی سەرنج بێت، بەڵام ئەمە سەلماوە کە ئەدەبیاتی زارەکی و داستانەکان بنەمایەکی سەرەکین بۆ ئەدەبی مۆدێرن، زۆرێک لە ئەدەبیاتی گێڕانەوەی نوێ، بە تایبەت لە ئەمەریکای لاتین و وڵاتانی ئەورووپا، بە گەڕانەوە بۆ ئەو میراتە دەوڵەمەندەی داستان، نووسراون و دەنووسرێن، واتە نووسەران سەرلەنوێ دەگەڕێنەوە بۆ داستانە فۆلکلۆرییەکان و هەوڵ دەدەن پردێک لەو نێوانەدا، نێوانی دنیای کۆن و سوننەتی لەگەڵ دنیای مۆدێرن و پیشەسازی دروست بکەن، لە لێکدانی ئەو دوو دنیایەدا شتێکی نوێتر بەرهەم بهێنن، کە هاوکات ئەمڕۆیی بێت و تاموبۆنی کۆنیش بدات، نووسەرێکی وەک بۆرخیس نموونەی ئەو هەوڵە سەرکەوتووەیە لە چێکردنەوەی ئەو پردەدا، گاربرێل گارسیا مارکیز نموونەیەکی درەوەشاوەی تری ناو ئەو کایە فراوانەیە، مارکیز بە گەڕانەوە بۆ داستانەکانی نەتەوەکەی خۆی، بە گەڕانەوە بۆ ئەو حەکایەتانەی بە منداڵی لە لایەن گەورەکانی بنەماڵەکەیەوە بۆی کراون، بە تایبەت نەنەی، ڕۆمانێکی گەورە و شاکارێکی ئەدەبی وەک “سەد ساڵ تەنیایی” دەنووسێت. بێگومان کەم نین لە چەشنی ئەو ڕۆمان و چیرۆکانەی سەرچاوەکەیان گەڕانەوەیە بۆ ئەدەبیاتی زارەکی، لە نموونەی ڕۆمانی کوردی، دەتوانین ئاماژە بە “گوڵی شۆڕان”ی عەتا نەهایی و چەندانی تر بدەین.