زانین و باوەڕ

Loading

زانین و باوەڕ

ئاوات ئەحمەد سوڵتان

 

بەیانییەکیان لەکاتێکدا کچە گەورەکەمم دەبرد بۆ سەر کارەکەی، ڕادیۆی ئوتومبیلەکەم کردەوە و لە کەناڵێکی ئیسلامییەوە دەنگێک هات: “بۆ ئەو کەسەی قوربانی دەکات، باشتر وایە نینۆکی نەکات‌و قژی نەبڕێت….” لەناکاو کچەکەم پرسی:

  • – بۆچی دەبێت وا بکەن؟

ڕادیۆکەم کوژاندەوەو کەمێک بیرم کردەوە: “لەم چەند خولەکەی ڕێگادا، ئەمەی چۆن بۆ ڕوون بکەمەوە.” لەناکاو وتم:

  • – تۆ دەزانیت بنەڕەتی ئایین خۆی هەستکردنی مرۆڤەکانە بەوەی لە گەردوندا بەتەنها نین، بەڵکو پشتیوان و یارمەتیدەری نادیاریان هەیە؟ یان بە جۆرێکی دیکە بیڵێم: خوازیارن کە هێزێک یان زیاتری گەردوونی هەبێت و لەکاتی لێقەوماندا فریایان بکەوێت!
  • – مەبەستت چیە؟
  • – مرۆڤەکان بوونەوەری زۆر سەیرن، نە کەڵبەیان هەیە گازی پێ بگرن (وەک گورگ)، نە توانای ڕاکردنیان هەیە (وەک ئاسک)، نە دەفڕن، نە بۆنکردنیان بەهێزە….. بەکورتی ئامڕازەکانی خۆپاراستن‌و هێرشکردنیان زۆر کەم و لاوازە.

کەمێک بێدەنگ بوو، وادیاربوو بیری لە قسەکانم دەکردەوە، پاشان وتی:

  • – بەڵام لەجیاتی ئەو توانایانە، مرۆڤەکان ئەقڵیان هەیە … دەتوانن بیربکەنەوە و خۆیان لە مەترسی ڕزگار بکەن، چارەسەری گرفتەکانیان بکەن.
  • – ئەمە ڕاستە، بەڵام گرفتەکە لە خودی ئەقڵدایە!
  • – چۆن؟
  • – یەکەم، ئەقڵ یەکسەر دەرەنجامەکان نادات بەدەستەوە، وەک چۆن گورگێک قەپاڵ لە نێچیرەکەی دەگرێت و دەیخات، یان مەلێک دەفڕێت و خۆی لە مەترسی دەرباز دەکات … بەڵکو ماوەیەکی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی کاری خۆی بکات و بگاتە ئامانجەکانی. دووهەم، ئەقڵ بە یەک ئاڕاستەدا کارناکات، بەڵکو زۆرجار ئاڕاستەی خۆی دەگۆڕێت، یان بە چەند ئاڕاستەیەکدا دەڕوات‌و دەرەنجامی جیاجیاو بگرە ناکۆکیش دەدات بە دەستەوە (وەک ئەو هەموو تێڕوانین و بیرکردنەوەو پێڕەوو مەزهەب و ئایینە جۆراوجۆرانەو ئەو هەموو فەلسەفە جیاجیایانەی دەیانبینین). سێهەمیش ئەقڵ لای هەموو مرۆڤەکان وەک یەک نیە، بەڵکو لە کەسێکەوە بۆ کەسێک و تەمەنێکەوە بۆ تەمەنێک دەگۆڕێت، لەژێر کاریگەریی بوارەکانی ڕۆشنبیریی ‌و کەلتورو سەردەمەکاندایە.
  • – بەڵام ئەمە چ پەیوەندییەکی بە نینۆک و قژەوە هەیە؟
  • – هەیەتی! ئەم یەکێک لە کارەکانی ئەقڵ، کە سەردەمانێکی زۆر پێوەی خەریک بووە، ئەوەیە گەیشتە ئەو بڕوایەی کە مرۆڤەکان هەروا بە سادەیی لە دارستان جێنەهێڵدراون بۆ ئەوەی دڕندەو درنجەکان بیانکەنە نێچیری خۆیان، بەڵکو خاوەن و سەرپەرشتیارو پارێزەریان هەیە..
  • – مەبەستت خواوەندە؟
  • – یان خواوەندەکان… سەرەتا ئەم خواوەندانە مرۆڤ بوون، وەک لای فیرعەونەکان، پاشان ئاژەڵ، دیاردەی سروشتی، تۆتەم بوون، وەک لای دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ئەمریکاو ئوسترالیا، دواتر بت بوون وەک لای دانیشتوانی عەرەبستانی سعودی پێش پەیدابوونی ئیسلام … ڕەنگە ڕیزبەندییەکە بەوجۆرە نەبێت‌و پاش و پێشیان تێدا بکرێت، بەڵام ئەوە زۆر بۆ قسەکانی ئێمە گرنگ نیە.
  • – تا ئێستا نازانم مەبەستت چیە!
  • – بۆت ڕوون دەکەمەوە… ئایینەکان هەموویان بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاسمانین!
  • – چۆن؟
  • – هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان چاویان لە ئاسمانە و بەهیوان فریادڕەسەکان لەوێوە بێن و فریایان بکەون و لەو حاڵەتە ناخۆشانەی تێیان دەکەون، ڕزگاریان بکەن. ئەگەر سەرنج بدەیت گەلێک چیرۆکی لەمجۆرەمان هەن: کەسێک دووچاری مەترسییەک دەبێت، بۆ نموونە دەکەوێتە چاڵێکی قووڵەوەو ناتوانێت بێتە دەرەوە. لەناکاو پەرجوویەک ڕوودەدات، واتە شتێک دەقەومێت کە دەبێتە هۆی ڕزگاربوونی، وەک هاتنی گیانەوەرێک تا دەستی پێوە بگرێت و بێتە دەرەوە، یان ڕووداوێکی سروشتی کە ئەنجامەکەی ڕزگاربوونێت.”
  • – ئەویش کە هاتە دەرەوە، وا هەست دەکات هێزێکی لە ڕادەبەدەر فریای کەوتووەو پرسیاری ئەوەی لا دروست دەبێت کە ئەو هێزە چیە؟ دەیەوێت بیدۆزێتەوە تا سوپاس و ستایشی بکات. باشترین جێگاش کە بۆی بگەڕێت، دەرەوەی سروشتە، یانی بابڵێین ئاسمان. ئەمە مەبەستەکەی تۆیە؟
  • – بەڵێ! ئیتر لەگەڵ تێپەڕینی کات و زۆربوونی ئەم چیرۆکانەدا، بناغەکانی ئایین دادەڕێژرێت. بەڵام با واز لەم داستانە بهێنین، چونکە زۆر دەخایەنێت.
  • – باشە.
  • – ئایینە ئاسمانییەکان بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیون، بۆ نموونە: خوای جوولەکە دێتە سەر کێوی سینا و موسای پەیامبەر بانگ دەکات بۆ لای خۆی. خوای مەسیحییەکان دێتە سەر زەوی و ماوەیەک لەناو مرۆڤەکاندا دەمێنێتەوە بەرلەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئاسمان.
  • – هەربۆیە مەسیحییەکان هاوار لە خواکەیان دەکەن و دەڵێن “ئەی ئەو باوکەمان کە لە ئاسمانە.”
  • – وایە. بەڵام لە ئیسلامدا، خواوەند لە هەموو سیفەتێکی مرۆیی‌و زەمینی داماڵرا، بوو بە شتێک کە خۆشیان نازانن چیەو لە جێگایەکە کە بە باشی نازانن کوێیە.
  • – ئەمە ڕاستە! ئەمانیش زیاتر هەر چاویان لە ئاسمانە.
  • – ئەوەی سەیرە، لە کتێبی پیرۆزی موسوڵماناندا (لەگەڵ سەرنجی ئەوەی قورئان لە شەریعەتی ئیسلامدا پیرۆز نیە، بەڵکو خاوێنە) ئاماژە بۆ ژمارەیەک ئەندامی خودا کراوە، وەک دەست، چاو، قاچ … هتد. هەروەها کۆمەڵێک هەستی مرۆییشی پێدراوە، وەک پێکەنین، تووڕە بوون … هتد ئەمانەش کێشەیەکی زۆری لەنێوان مەزهەبەکانی ئەم دینەدا دروست کردووە. بەڵام با لەسەر ئەمە نەڕۆین، چونکە بە هەزار ڕێچکەدا لقی لێ دەبێتەوە.
  • – باشە.
  • – دیارە مرۆڤەکان دەبێت پەیوەندیی لەگەڵ ئەم خواوەندانەدا بگرن، بەحوکمی ئەوەی ئەوانە بەردەست نین و ناتوانن پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ساز بکەن، ناچارن پەیوەندیکردنەکە ببەنە ئاستێکی هێماییەوە..
  • – دەتەوێت بڵێیت ئیتر ئەو پەیوەندییە ئەقڵانی نیە، ناتوانین بە بیرکردنەوەی ئەقڵیی لە وردەکارییەکانی ورد ببینەوە؟
  • – ڕێک وایە! بەڵام خودی پرسیارەکە خۆی نیشانەی زرنگی و چالاکیی ئەقڵی تۆیە.. چونکە ئەم مومارەسەیە زۆر دەمێکە دەکرێت و کاری پێ مەیسەر کراوەو بەدەگمەن کەسێک پرسیوێتی “بۆچی؟”
  • – ئەمەش دەمانباتەوە بۆ لای گفتوگۆکانی پێشووترمان کە ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی پرسیارکردن سەرەتای فەلسەفاندنە….
  • – با نەچینەوە بۆ ئەوێ! ئەمجۆرە مومارەسە هێماییانە لەگەڵ خواوەنددا، لەچوارچێوەی پەیمانێکدایە کە مرۆڤەکان بە خودای دەدەن و ئەویش بەڵێنی پاراستن و ئاگاداربوونیان دەدات… واتە مەسەلەکە هەر هەمان مەسەلەی فەرمانڕەواو فەرمانڕەواییکراوانە… بەڵام لێرەدا فەرمانڕەوایەکمان هەیە (پرسیاری لێ ناکرێت کە چی دەکات!)
  • – …
  • – واتە لە ئاییندا ئەقڵ بەجێگایەک دەگات کە دژی خۆی دەوەستێتەوە، میکانیزمەکانی کارکردن لەخۆی زەوت دەکات، سەرەکیترینیشیان بیرکردنەوەیە.
  • – دەتەوێت بڵێیت ئایین ڕێگە لە بیرکردنەوە دەگرێت؟
  • – نەک هەموو بیرکردنەوەیەک، تۆ دەتوانیت لە ئاییندا بیر لە گەورەیی خودا بکەیتەوە، لە قەشەنگی دەسکردەکانی، لە جوانیی سیستمەکەی…. هتد. هەتا بەم ئاڕاستەیەدا بیربکەیتەوە، تۆ کێشەت نیە. هەروەها دەتوانیت بیر لە بیرنەکردنەوە بکەیتەوە، هەمیشە وەها گریمانە بکەیت کە لەبری تۆ بیرکەرەوەیەکی باڵا لەوێیە کە بیرت بۆ دەکاتەوە، لێرەش هەموو تەمەنی خۆت بە پاساودانی ئەو بیرۆکە باڵایەوە سەرف بکەیت و جار لەدوای جار بیرکردنەوەیەک بەرهەم بهێنیت کە پێشتر بیری لێکراوەتەوە.
  • – بەڵام ئەمە بیرکردنەوە نیە، یان ئەمە بیرکردنەوەیە لەشتێک کە خۆی پێشتر بڕیاری لەسەردراوە، ئەمە تەنها دووبارەکردنەوەیە، جوینەوەیە…
  • – بەڵام هەرئەوەندەی بە ئاڕاستەی پێچەوانەدا بیرت کردەوە، ئیتر توانای ڕاوەستانت نامێنێت. تۆ بڕوانە پرسیارکردن لەسەر نینۆک نەکردن و قژ نەبڕین بۆ کوێمان دەبات؟
  • – بۆ کوێ؟
  • – بۆ ئەو جێگایەی بپرسین: بۆچی قوربانی بکەین؟ بۆ کێی بکەین؟ ئەوەی بۆی دەکەین چیە؟
  • – ئەمەش مەترسیدارە..
  • – هەر مەترسیدارو بەس! بەڵکو کۆتاییەکەی بە دادگاکانی پشکنین، یان (ئیقامە حوجە) و حەدو سزا… دەگات.
  • – خەریکە دەمترسێنیت!
  • – نا، دەمەوێت بڵێم کە مرۆڤی باوەڕدار پێویستی بە زانین نیە، بۆیە تووشی ئەم کێشانە نابێت. ئەو توانایەکی زۆر سەیری هەیە بۆ بیرنەکردنەوە، بۆ خوبواردن و خۆدزینەوە لەهەر شتێک کە گومانی لا دروست دەکات. بەهەمانشێوە توانایەکی زۆر سەرسوڕهێنەری هەیە بۆ گونجاندنی هەموو شتەکان لەگەڵ ئەو ئاڕاستەیەدا کە ئەو بیری پێ دەکاتەوە.
  • – بەهەمانشێوەش ئەوەی زانایە کاری بە باوەڕ نیە، دەتەوێت ئەمە بڵێێت؟
  • – ڕێک وایە.. ڕەنگە ئەمە گەورەترین جیاوازیی بێت لەنێوان باوەڕو زانستدا، واتە زانست توانایەکی زۆری هەیە بۆ بەدرۆخستنەوەی خۆی، هەر ئەمەشە هۆی پێشکەوتنی، بەڵام باوەڕ هەموو توانای خۆی بەکاردەهێنیت بۆ ئەوەی جار لەدوای جار جەخت لەسەر هەقیقەتە دێرینەکانی خۆی بکاتەوەو هەرگیز ئامادە نیە سازشیان لەبارەوە بکات. هەرئەمەشە هۆی چەقبەستنی باوەڕ لە خاڵێکداو خولانەوەی لەناو بازنەیەکداو پیرۆزکردنی هەقیقەتەکانی خۆی.
  • – قسەکانت زۆر ڕوون نین!
  • – کاتێک زاناکان (هەقیقەت!) ێکی نوێ دەدۆزنەوە، بەدوای بەڵگە و پاساودا ناگەڕێن بۆ ئەوەی جەختی لەسەر بکەن و دروستییەکەی بسەلمێنن.
  • – ئەی چی دەکەن؟
  • – هەر یەکسەر هەنگاوێک لێی دوور دەکەونەوە و دەست دەکەن بە ڕەخنەگرتن و هەڵسەنگاندن، بە هەموو توانای خۆیانەوە هەوڵ دەدەن ناتەواوییەکانی بدۆزنەوە و هەمواری بکەن و پێشی بخەن.
  • – جا ئەمە کەی هەقیقەتە کە ئەوانەی لەگەڵ بکرێت؟
  • – بەڵێ، هەقیقەتی زانستیی گرفتی زۆرە، بەردەوام پێویستیی بە پێداچوونەوە و نوێکردنەوە هەیە. هەر ئەمەشە هۆی پێشکەوتنی بەردەوامی زانست. دەزانی بۆچی؟
  • – نا.
  • – چونکە هەڵەی زانا زۆرجار کوشندەیە، بەڵام هەڵەی باوەڕدار زیاتر لە ئەستۆی خۆیەتی، گەرچی کە هەڵەی تاکەکان کۆدەکەینەوە، لە کۆتاییدا کۆمەڵگایەکی چەقبەستوومان دەبێت کە توانای پێکەوەهەڵکردنی لەگەڵ هزر و بۆچوونی جیاوازدا نابێت. ئەمەش بناغەی دامەزراندنی سیستمی تۆتالیتاریزمە؛ ئەگەر پێتخۆش بوو جارێکی تر باسی ئەمە دەکەین.
  • – زۆریشم پێخۆشە.
  • – سەرنج بدە، ئایین لەناو چوارچێوەیەکدا خۆی قەتیس کردووە و دەوری خۆی بە دنیایەک قەدەغە و حەرامکراو بینیوە، وەک ئەوەی نینۆک نەکات و قژی نەبڕێت، بۆ ئەوەی قوربانییەکەی لە لایەن پەروەردگارەوە پەسەند بکرێت.
  • – …
  • – لە کۆتاییدا دەگەینە ئەوەی مرۆڤی باوەڕدار توانایەکی زۆری هەیە بۆ بیرنەکردنەوە، بۆ تێنەگەیشتن، هەروەها بۆ فێرنەبوونیش. باوەڕدار هەرگیز پرسیاری وەک ئەوەی تۆ بە مێشکیدا نایەت.

 

***

لێرەدا گەیشتینە شوێنی کارەکەی و ناچاربووین کۆتایی بە گفتوگۆکەمان بهێنین

ناردن: